• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 15, 2022

ڕاگەیاندن لە ئێراندا پێشینە، وابەستەیی و سانسۆر

د.هەردی مەهدی میکە

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:- وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٢) كانونی دووه‌می ٢٠٢٢.

میدیا بەگشتی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بەپێی دەستووری ئێران و یاسا بەرکارەکانی، بەتەواوی پێویستە تۆمارکراو و پابەند و لەبەر ڕۆشنایی سیاسەتی کولتووریی دەوڵەتدا (نەک حکومەت) بەڕێوە بچێت، لەوەش زیاتر هەرسێ جۆری نووسراو و بینراو و بیستراو، ڕاستەوخۆ لە چوارچێوەی دەزگایەکدا ڕێک خراون و سەر بە ماڵی ڕابەری و ڕاستەوخۆ ڕابەری ئێران، بەڕێوەبەرەکەی دیاری دەکات. تەنانەت یەک تەلەڤزیۆن و ڕادیۆی سەربەخۆ و ئەهلی و حزبی لە نێوخۆی وڵاتدا بوونی نییە، لەوەش زیاتر پەیج و ئەکاونتی کەسایەتی و گرووپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش پێویستە لە چوارچێوەی یاسای بەرکاری ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە بەڕێوە بچن و مۆڵەت وەربگرن.

پرسیارە سەرەکییەکانی ئەم بابەتە: پێشینەی مێژوویی دامەزراندنی میدیای نووسراو و بینراو و بیستراو چۆنە؟ ڕەوشی میدیا بەپێی دەستوور و یاسای ئێران چۆن ڕێک خراوە؟ ئەو ڕەخنانە چین لە ڕەوتی ڕاگەیاندن دەگیرێن لەو وڵاتەدا؟

پێشینەی ڕاگەیاندن

ڕاگەیاندنی پێشین (ڕۆژنامە، ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن) لە ئێرانی نوێ و هاوچەرخدا، مێژوویەکی تا ڕادەیەک درێژیان هەیە، سەرەتا بە ڕۆژنامە و پاشان ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن دەستی پێ کرد، هەرسێ جۆرە باوەکەشی لە سەرەتای دامەزراندنیاندا بە جۆرێک قەرزاری ڕۆژئاواییەکانن:

١. ڕۆژنامە: یەکەمین ڕۆژنامە لە ئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژنامەی “کاغذ اخبار” (پەڕاوی هەواڵ)، کە میرزا سالحی شیرازی لە سەردەمی محەمەد شای قاجاردا لە ساڵی ١٨٣٧دا دایمەزراند. میرزا یەکێک بوو لەو چوار خوێندکارەی کە بۆ خوێندن لە ئەورووپا (بەریتانیا) لە ساڵی ١٨١٥دا نێردران و کە گەڕایەوە؛ ئەم ڕۆژنامەیەی بۆ مەملەکەتی قاجار دامەزراند[1]. بەڵام بیرمان نەچێت کە بەکارهێنانی وشەی “روزنامە” (ڕۆژنامە) مێژووەکەی بۆ سەردەمی بوەیهیییەکانی قۆناغی خەلافەتی عەباسی و “صاحب بن عباد” دەگەڕێتەوە، کە ئێرانی ئەمڕۆش بەشێکی قەڵەمڕەوییەکەیان بووە، بەڵام بە واتای دەفتەری ڕۆژانەی بیرەوەری و یاداشت هاتووە و بە واتا هاوچەرخەکەی؛ دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم[2].

٢. ڕادیۆ: گەر لە ڕۆژنامەگەریدا ئێران قەرزاری ئەزموونی بەریتانیا بێت، ئەوا لە ڕادیۆدا قەرزاری ئەڵمانیایە. یەکەمین دەزگای تۆمارکردنی دەنگ لە ساڵی ١٩٢٧دا، وەزیرێکی ئەڵمانی پێشکەشی ڕەزا شای پەهلەویی کرد. شا فەرمانی کرد ئەو دەزگایە لە پەرلەماندا جێگیر بکەن تا گوێی لە گفتوگۆکانی پەرلەمانتاران بێت، نەک بەرنامە بۆ هاونیشتمانییەکانی پێشکەش بکات! ساڵێک پاش ئەوەش، سەرتیپ زاهیدی ئامێرێکی ڕادیۆیی پێشکەشی شارەوانیی ڕەشت کرد. تا گەیشتە ئەوەی ساڵی ١٩٢٩، پڕۆژەیاسای بڵاوکردنەوەی هەواڵ و دەنگ پێشکەشی پەرلەمان کرا و ئەوەش یەکەمین یاسای تایبەت بە میدیایە لە ئێراندا. هەوڵێکی ئەهلی بوو کە میرزا حسێنی دیبا پێشکەشی کرد بۆ وەرگرتنی  دامەزراندنی ڕادیۆ، گەرچی ئەم یاسایە بۆ ساڵێک مۆڵەتی دابوویە خاوەنی پڕۆژەکە و کردەیی نەکرا و ڕادیۆش (وەک پەخشکەر) دانەمەزرا، بەڵام هەمان ساڵ، کڕینی ئامێری ڕادیۆ و دانانی لە ماڵەکاندا ڕێی پێ درا، بە مەرجێک داواکاری بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەرز بکرێتەوە و مۆڵەتپێدراو بێت. ساڵی (١٩٣٨)یش یەکێک لە ئاشوورییەکان (جیمس قهرمانیان) پێشنیاری ئەوەی دایە شا تا دەزگایەکی ڕادیۆی سەرانسەری لە وڵاتدا دابمەزرێنێت، بەڵام هەموو ئەم هەنگاوانە کردەیی نەبوون، تا ئەوەی ساڵی 1940 ڕادیۆ لە ئێراندا ئیفتیتاح کرا[3]. ساڵیک پاش ئەوەش، فەرمانگەی بانگەشە دامەزرا و پاشان ناوەکەی گۆڕدرا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی زانیاری و ڕادیۆ[4].

٣. تەلەڤزیۆن: مێژووی هاتنەناوەوەی تەلەڤزیۆنیش بۆ یەکەم جار دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٦، ئەوکات گەنجێک بە ناوی “کارزونی”، خەڵکی ئەسفەهان، کە لە بواری دەرهێنانی سینەماییدا لە دەرەوەی وڵات خوێندبووی، بیری لەوە کردەوە و هەوڵێکی زۆری دا لە ئێراندا دەزگایەکی پەخشی تەلەڤزیۆن دابمەزرێنێت، بەڵام هەوڵەکانی سەری نەگرت. گەرچی هەر لەو دەیەیەدا دامەزراندنی دەزگای ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن پێشنیار کرا، بەڵام ئەمەش کرداری بەشوێنەوە نەبوو، تا ئەوەی کەسێک بە ناوی حەبیبوڵا سابیت پێشنیاری دامەزراندنی تەلەڤزیۆنێکی لە ساڵی ١٩٥٨ (١٣٣٧ش) دایە پەرلەمان و پەسەندی کرد، بەم شێوەیە یەکەمین یاسای تایبەت بە تەلەڤزیۆنیش لە ئێراندا دەرچوو. ڕۆژی 3ی ئۆکتۆبەری ١٩٥٨، یەکەمین تەلەڤزیۆن بە ناوی “تەلەڤزیۆنی ئێران” دەستی بە پەخش کرد و ڕۆژانە چوار کاتژمێر هەبوو. ساڵی (١٩٦٦)یش یەکەمین تەلەڤزیۆنی نیشتمانی-دەوڵەتی وەک پەخشی ئەزموونی دەستی بە کار کرد[5].

ڕاگەیاندن و سانسۆر لە ئێرانی ئێستادا

بواری ڕاگەیاندن کە لەژێر ناوی “صدا و سیما”دا (دەنگ و ڕەنگ) لە دەستووری ئێراندا بەشی دوانزەیەم و مادەی ١٧٥ی بۆ تەرخان کراوە، پێشتر ئەم بڕگەیە ناوی “میدیای گشتی یان گرووپی بوو”، بەڵام لە هەموارکردنەوەی دەستووردا گۆڕدرا بۆ “سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامیی ئێران”[6].

ئەم مادەیە سەرەتاکەی وا هاتووە کە ڕا و باوەڕ ئازادە و پێویستە دەسەتەبەر بێت، بەڵام مەرجداری کردووە بەوەی کە پێویستە لە چوارچێوی پێوەرە ئیسلامییەکان (مەبەستی پێوەرەکانی شیعەی دوانزە ئیمامییە کە مەزهەبی فەرمی دەوڵەتە بەپێی دەستوور) و بەرژەوەندییەکانی وڵاتدا بێت (دیارە لە پێشدا سەدا و سیما مەبەست ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامە بوو، بەڵام هەنووکە سەرجەم بوارەکانی میدیا لەخۆ دەگرێت و تەنانەت هەور و پانتایی گریمانەیی ئینتەرنێتیش دەگرێتە خۆ). هەر بەپێی ئەم مادەیە، دانان و لادانی سەرۆکی دەزگاکە لە دەسەڵاتەکانی ڕێبەردایە و ئەنجوومەنێکی بۆ پێک دەهێنرێت کە لە نوێنەرەکانی سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان پێک دێت و چاودێریی ئەم دەزگایە دەکەن، سیاسەتی گشتی و ڕێکخستنی دەزگاکە و چاودێریکردنیشی بە یاسایەک لە پەرلەمانەوە ڕێک دەخرێت، هەر بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دەزگاکە (مادەی حەوت) ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە دەبێت: موسوڵمانێکی پابەند بێت، باوەڕی بە (ولی فقیە) هەبێت، ئاگای لە سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوە و بابەتی ڕۆژ هەبێت، پێشینەی پاک بێت و… تاد. هەروەها بەپێی یاسای پێڕەویی دەزگای ڕاگەیاندن (صدا و سیما) (مادەی نۆ)، ئامانجەکەی ئاوا دیاری کراوە: کە “دەزگا ی ڕاگەیاندن وەک زانکۆیەکی گشتی بڵاوکردنەوەی کولتووری ئیسلامییە، پێویستە ژینگەیەک بۆ تەزکیەی نەفس و فێربوونی ئینسان و گەشەکردنی فەزیلەتە ئەخلاقییەکان دروست بکات و خێرایی ببەخشێ بە هەنگاوەکانی تەواوکردنی شۆڕشی ئیسلامی لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەش لە چوارچێوەی بەرنامەی ڕێنمایی، هەواڵی و سەرگەرمی پەرە پێ بدرێت[7]“.

لێرەوە دەردەکەوێت ئەو بنەما و پێوەرە هاوچەرخە جیهانییانەی کە میدیای ئازاد و وڵاتانی دیموکرات لەسەری دەڕۆن، جیاواز و پێچەوانەیە لەگەڵ یاسا بەرکارەکانی ڕاگەیاندن لە ئێراندا و پەیامەکانی کارکردنی، دوو دنیای جیاوازن و ئامانجی میدیا لە ئێراندا زیاتر ئامرازێکە بۆ پەرەپێدانی ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتی فەرمی و بنەماکانی شۆڕش و مەزهەب.

پاش شۆڕشی ١٩٧٩ و بەر لە هەموارکردنەوەی دەستوور، دەزگای میدیای ئێران لەژێر سەرپەرشتیی هەرسێ دەسەڵاتدا (جێبەجێکردن، پەرلەمان و دادوەری) بوو، کە تا ڕادەیەک کرانەوە و ڕەنگاوڕەنگیی تێدا بەدی دەکرا، بەڵام بە هەموارکردنەوەی دەستوور (١٩٨٩)، دەسەڵات و وابەستەیی دەزگای ڕاگەیاندن خرایە سەر دەسەڵاتەکانی ڕێبەر و وابەستە کرا بە سیاسەت و ڕێنمایی و باوەڕەکانی ئەو دەزگایەوە[8].

بارەگای سەرەکیی دەزگای ڕاگەیاندنی فەرمی ئێران، هەنووکە لە شەقامی وەلیعەسری تارانی پایتەختە و دەکەوێتە باکووری شاری تارانەوە و نزیکەی ١٢٠ هێکتار زەویی بۆ دابین کراوە. جیا لەمەش، لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەشدا لق و نووسینگە و دەزگای لێ بووەتەوە و هەر پارێزگایەکیش نووسینگە و تەلەڤزیۆنێک و ڕادیۆیەکی تایبەت بە خۆی هەیە و ئامراز و دەسەڵاتیان دراوەتێ و دەستبەکارن. سەرجەمیان سەر بە دەزگا گشتییەکەی تارانن و هەر بۆ نموونە؛ زیاتر لە ٣٥ کەناڵی تەلەڤزیۆنی لە پارێزگاکان و شارەکاندا هەیە و هەمان ئەندازە و زیاتریش ڕادیۆی هەیە. هاوکات چەندین تۆڕی ئینتەرنێتی و سایت و پەیج و… و دەزگای وەشاندن و ئینتەرنێتی و… تاد؛ بەڕێوە دەبات[9].

جیا لەمەش، لە دەرەوەی ئێرانیش چەندین لق و کەناڵی ئاسمانی و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و سایت و… ی لێ بووەتەوە و سەرجەمیان ڕووماڵی سیاسەتی کولتووری و هەژموونی دەوڵەتی ئێران دەکەن، وەک: کەناڵەکانی سەحەر بە زمانەکانی کوردی و ئوردوو و فەرەنسی و ئازەری، کەناڵەکانی جامی جەمی دەرەوە، ئای فیلمەکانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی، کەوسەری عەرەبی، ئەلعالەمی عەرەبی، پرێس تی ڤیی ئینگلیزی و هیسپان تی ڤیی ئیسپانی… تاد و ڕادیۆکانی دەرەوەی وەک: شەش ڕادیۆ (١ تا ٦) بە زمانی عەرەبی، نەدای ئیسلامیی ئینگلیزی و ڕووسی و تورکی و فەرەنسی و… تاد، ڕادیۆی دەری بە فارسی دەری، ڕادیۆی سەدای ئاشنا بۆ ئەورووپا و ئەمەریکا و ئاسیا.

دەزگای ڕاگەیاندن لە ئێراندا زانکۆیەکی تایبەت و چەندین کۆلێژ و پەیمانگای هونەریی بۆ کراوەتەوە (زانکۆی دەنگ و ڕەنگ)، کە کادیری بوارەکە پەروەردە دەکەن و بە پشتگیریی تایبەت و پێوەری خۆیان وەردەگیرێن، نەک بە ئارەزوومەندانە و بە نمرە.

لە ڕووی سەرچاوەی داراییەوە، زۆرینەی خەرجییەکانی لەسەر بودجەی گشتی تەرخان دەکرێت و بەشێکی دیکەشی لە ڕێگەی ڕیکلام، پشکداری لە: پارەی بەشدارانی کارەبا، پارەی بواری وەرزش، پشک لە فرۆشتنی ئامێرەکانی تەلەڤزیۆن، پشکدار لە دەرامەتی ڕۆژنامەکان، دەزگاکانی وەشاندن، گۆڤار و بڵاوکراوەکان، دەرامەتی چەندین کۆمپانیای میدیایی وەک سرووش و سیما چوب و… تاد؛ دەست دەخرێت.

سانسۆری میدیایی لە ئێراندا

ئەوەی لە مێژووی ڕاگەیاندنی ئێراندا تێبینی دەکرێت، سەرجەم هەوڵە یەکەمینەکانی دامەزراندن و وەشاندنی دەزگای میدیایی سەرەتا هەوڵی ئەهلی و کەسایەتی بوون، بەڵام لە کۆتاییدا دەوڵەت دەستی بەسەردا گرتوون و نەک ئەوەی میدیای دەوڵەتی بەهێزتر بێت، بەڵکوو سەرجەم میدیاکان پێویستە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بن. تێبینییەکی دیکەی نێو بواری ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن لە ئێراندا ئەوەیە، هاوتا لەگەڵ هەوڵە سەرەتاییەکانی پەرەپێدانی میدیادا، مێژووی سانسۆر و داخستن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانیش پەرەسەندوو بووە و ئەمەش تەنها پەیوەست نییە بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەڵکوو وەک نەریتێکی دێرینی دەوڵەتە ئێرانییەکانە و هەر لە دەوڵەتی قاجارەوە تا پەهلەوی و دەوڵەتی هەنووکەیی دەزگا سانسۆرییەکانی میدیا؛ زۆر کاریگەرترن لە دەزگا وەشێنەرەکانی.

گەرچی بەپێی دەستووری ئێران لە مادەی (٢٤)دا هاتووە کە “بڵاوکراوە و چاپکراوەکان لە دەربڕیندا ئازادن، مەگەر ئەوەی کە زیان بە بنەماکانی ئیسلام یاخود مافە گشتییەکان بگەیەنن[10]“، بەڵام هەر لەو دەستوورەدا و بەپێی مادەی ١١٠ کە تایبەتە بە دەسەڵاتەکانی ڕێبەری باڵاوە، لە بڕگەی “ج”دا دەسەڵاتی دانان و لادان و قبووڵی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی دەزگای دەنگ و ڕەنگ (ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و… تاد – صدا و سیما)ی داوەتە “ڕابەری باوەڕدارانی جیهان” (ڕابەری ئێران)[11] و بەپێی هەردوو یاسای بەڕێوەبردن و پێڕەوی “صدا و سیما”ی ئێرانیش مەرجەکانی بەڕێوەبەرانی و سەرپەرشتیارانی و پەیامەکانی بە ئایدۆلۆژیا و مەزهەب کاریگەرن و مەرجی کاری میدیاییە.

زۆرترین ڕەخنەیەک لەم دەزگایە دەگیرێت، لە لایەک ئایدۆلۆژیبوونیەتی کە دەربڕی ڕای لایەنێک و ئاراستەیەکی سیاسییە و بەتایبەت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ئەمە بەڕوونی دەردەکەوێت، لە لایەکی دیکەوە لەخۆگری دەنگی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکانی جگە لە شیعە نییە، بۆ نموونە؛ لە بانگدانەوە تا دەگاتە پەخشی بەرنامەکان، زیاتر بەرنامەی ئایینیی شیعەگەراییە و لە ڕووی زمانیشەوە زمانی فەرمی فارسییە و زمانەکان (کوردی، عەرەبی، بەلوچی و ئازەری) و مەزهەبەکانی دیکە (سوننە و ئایینەکانی وەک مەسیحی و جوو و زەردەشتی) فەرامۆش کراون و لە چەند بەرنامەیەکی کولتووری و هونەریدا نەبێت؛ بواری پەخشیان نییە.

لەگەڵ ئەمانەشدا، ئەوەی ئەم دەزگایەی پێ دەناسرێتەوە، سانسۆرە بەردەوامەکانیەتی لەسەر بەرهەم و هاوکارەکانی، ئەم سانسۆرەش خۆی لە سانسۆری سیاسی، ئایینی، مەزهەبی، ئەخلاقی، جلوبەرگ و کەلامیدا دەبینێتەوە. سانسۆرچی لە وەرزش و هونەری مناڵانەوە تا سیاسەت ڕۆڵ دەگێڕێت، تەنانەت هێندە کارایە کە ڕەنگی جلوبەرگ و جۆری جلوبەرگی زنجیرە کارتۆنییە بیانییەکانی مناڵانیش دەگۆڕێت، بە جۆرێک جاری وا هەبووە دوو کاراکتەری عاشقی یەکتر لە کارتۆنێکی مناڵاندا وەک خوشک و برا نمایش کراون، ئەمەش بە بیانووی ناشەرعیی پەیوەندیی هاوڕێیەتیی کچ و کوڕ لە مەزهەبی شیعەدا. لە بواری وەرزشیشدا بۆ نموونە؛ سروودی نیشتمانیی ئەمەریکا پەخش ناکرێت (لە یارییەکانی ئێران و ئەمەریکا). لە بواری هونەرییشدا، زۆرینەی هونەرمەندانی ئێرانیی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بەرهەمەکان و وێنەیان ڕێگەی پەخشکردنی نادرێت و هەر ئەمەش وای کردووە بەشێکی دیکەی هونەرمەندانیش بایکۆتی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆی فەرمی وڵاتیان کردووە. لە ڕووی ڕۆژنامەگەرییشەوە، تۆماری داخستنی ڕۆژنامەکان بە هۆی حاڵەتی سیاسی و نەتەوەیی و مەزهەبییەوە؛ لیستێکی درێژە و لێرەدا بوار نییە بخرێنە ڕوو.

لە نموونەی سیاسییشدا، بۆ دە ساڵ زیاتر وێنەی سەرۆکی هەندێ وڵات لە لیستی پەخشنەکردندا بووە و تەنها بە نووسین ڕووماڵ کراوە، وەک وێنەی جۆرج بوشی سەرۆکی ئەمەریکا. لە ئاستی نێوخۆشدا، بۆ نموونە دەنگ و ڕەنگی خاتەمی، مووسەوی، کەروبی و… تاد، زیاتر لە هەشت ساڵ قەدەغە بوو لە هەر دەزگایەکی میدیایی دەوڵەتیدا پەخش بکرێن[12].

ڕەخنەگرانی پسپۆڕ؛ ڕەفتاری دەزگای سانسۆر بە نەپاراستنی مافی بەرهەمهێنەر و نووسەر و تەنانەت مافی بینەریش دەزانن، کە هەم چەواشەکارانەیە و دژە ئازادییە و هەم مافی خەڵکی دیکەی پێشێل کردووە. ئەوان لەو باوەڕەدان دەزگای ڕاگەیاندنی فەرمی دەکرێت لە بنچینەدا بەرهەمەکان پەخش نەکات، نەک ئەوەی بەو شێوەیە پەخش بکات کە زۆر کات بەرهەم و کارەکتەرەکان لە سیاقی بەرهەمەکەدا ڕێ ون کراون و ناناسرێنەوە.

پەراوێز و سەرچاوەکان:

 

 

[1] . مهدی احمدی (١٣٩٨): میرزاصالح شیرازی و تاسیس نخستین روزنامە در ایران، IRNA: https://bit.ly/3oaQOLV .

[2] . سایت نقشبند (١٣٨٨): نيم نگاهی به تاريخ پيدايش روزنامه در ايران، سایت نقشبند: http://naghshband.blogfa.com/post/72 .

[3] . بڕوانە: حسین محبوب اردکانی (١٣٩٠): تاریخ موسسات تمدنی جدید در ایران، ج٣، انتشارات دانشگاه تهران، صص٧٥-٧٦.

[4] . داریوش رحمانیان (١٣٩١): ایران بین دو کودتا، انتشارات سمت، ص٢٤٧.

[5] . تاریخ تلویزیون در جهان و ایران:  https://mihankalaa.com/blog/historial-de-tv/ .

[6] . قانون اساسی، جمهوری اسلامی ایران، ١٣٩٥. مجموعه قانون اساسی جمهوری اسلامی ایران، جمع آوری:  معاونت حقوقی ریاست جمهوری، اداره چاپ و انتشار معاونت تدوین، تنقیح و انتشار قوانین و مقررات. تهران، مادەی ١٧٥.

[7] . بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: “مادەی ١٧٥ی دەستووری ئێران”، “یاسای بەڕێوەبردنی ‘صدا و سیما’ی جمهوری اسلامی https://rc.majlis.ir/fa/law/show/90104?keyword=%D8%B5%D8%AF%D8%A7+%D8%B3%DB%8C%D9%85%D8%A7 ” و “یاسای اساسنامە سازمان صدا و سیمای جمهوری اسلامی: https://rc.majlis.ir/fa/law/show/90402 “.

[8] . بڕوانە: قانون اساسی, جمهوری اسلامی ایران، (١٣٩٥): همان.

[9] . تابناک (١٤٠٠): سازمان صدا و سیمای جمهوری اسلامی ایران: https://bit.ly/3z1IzW6 .

[10] . معاونت حقوقی ریاست جمهوری (١٣٩٥): مجموعە قانون اساسی ج. ا. ایران، چاپ چهارم، تهران، ص٤٨.

[11] .  همان، ص٩٩.

[12] . پایان ممنوع التصویری خاتمی در تلویزیون ایران (٢٠١٦): https://bit.ly/32CDozL .

 

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٢) کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ .

Send this to a friend