• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 14, 2024

پێكەوەژیان

ئامادەکردنى: وەرنامەى ئایینناسی

پێکەوەژیان لە ڕووی زمانەوانییەوە لە دوو وشە پێک دێت، یەکەمیان پێکەوەیی کە واتای بە یەکەوە بوون دەگەیەنێت لە هەمان شوێن و هەمان کاتدا، وشەی دووەم ژیانە کە مانای درێژەدان و بەردەوامیە بە ئەو پێکەوەبوونە، بەم شێوەیە مانای چەمکی پێکەوەژیان بریتییە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک لە خەڵک (هاووڵاتییان) لە شوێنێکی دیاریکراو کە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ژیان وەک مانەوە و هاوکاری و بەرژەوەندی هاوبەش پێکەوەی بەستوون و بەیەکەوە دەژین، بێ گوێدان بە جیاوازی ئایین یاخود هەر بیروباوەڕێکی تایبەتی و جیاواز کە بوونی هەبێت .

هەروەها پێکەوە ژیان واتای پەیوەندییەکی هاوبەشە لە نێوان دوو لایەن یان زیاتر، سەرەڕای هەبوونی جیاوازی لە نێوانیان بە هۆی ئایین یاخود لایەنگری و بیرکردنەوەی تایبەت، کە تێیدا دانپێدانانی یەکتر و قبووڵکردنی بەرامبەر خاڵی گرنگ و دیاری ئەم پەیوەندییە.

پێکەوەژیان لەسەر چەند بنەمایەکی سەرەکی دادەمەزرێت، یەکەمیان چەسپاندنی بیروباوەڕی یەکتر قبووڵکردنە کە زیاتر پەیوەندی بە پێگەیاندنی تاک هەیە لە کۆمەڵگادا، دەبێت وەک کولتوورێک لە ناخ و هەستی تاکەکانی کۆمەڵگە دروست بکرێت، دووەمیان دروستکردنی پێکهێنانی بەرژەوەندی هاوبەشە لە ژیانی ڕۆژانەدا کە تاکەکان بە یەکەوە دەبەستێت، سێیەمیان هەبوونی ڕێسا و یاسای گشتییە لە کۆمەڵگادا کە دەبێتە سەرچاوەی دامەزراندنی ژیانی پێکەوەیی و چاودێری وردی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان.

پێکەوەژیان لە ئایینی ئیسلامدا لە بنەڕەتدا بە تێڕوانین لە مرۆڤبوون دەست پێ دەکات و بە داڕنینی مرۆڤ لە هەر بیروباوەڕێک کە هەیە، گرنگی و پلەوپایەی مرۆڤ وەک خودی خۆی کراوەتە بنەمای پێکەوەبوون و یەکتر قبووڵکردن، واتە جەخت کراوەتەوە لەسەر گرنگیدان بە کەسێتی مرۆڤەکان بۆ مامەڵەی ڕۆژانە پێش ئەوەی سەیری ئایین و بیروباوەڕ بکرێت.

گرنگیدان بە بەهێزکردنی سۆز و هەستی مرۆڤ بۆ وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی ژیان و کاری هاوبەش و پێگەیشتن لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ڕامیاری هۆکاری سەرەکی بوون و برەودانن بە پێکەوەژیان و ڕێگای دامەزراندنی بنەماکانی دەست پێکردن و چەسپاندن و بەردەوام بوونی ئەم پێکەوە بوونەن .

لە پێکەوەژیاندا تەنها یەک کۆمەڵگە و هەبوونی یاسا لەو کۆمەڵگەیەدا مەرج نین بۆ چەسپاندن یاخود دروستبوونی ئەم پێکەوەبوونە، بەڵکو لایەنەکانی هەست و سۆز بۆ یەکتر و هەبوونی باوەڕ بە گرنگی بەرامبەر و پێویستی هاوکاری و ڕێزی خودی مرۆڤەکان لە ژیاندا، مەرجە سەرەکییەکانی پێکەوەژیانی ڕاستەقینەن لە کۆمەڵگادا و بنەمای بەردەوام بوونی دادەڕێژێت.

Send this to a friend