• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 14, 2024

د. مەهدی قادر: هزری میانەڕەوی ئایینی گەورەترین خزمەت بە پێکەوەژیان دەکات

گفتوگۆی: ئیدریس سیوەیلی

لەم گفتوگۆیەدا، د. مەهدی قادر مامۆستا لە كۆلێجی زانستە ئیسلامییەكان، تیشك دەخاتە سەر پێكەوەژیان لە دیدی ئایینە جیاوازەكان و دەڵێت “تێڕوانینی ئایینەکان بۆ پێکەوەژیان جیاواز و ڕێژەییە”، دەربارەی گرنگی و میكانیزمی قوڵكردنەوەی پێكەوەژیان چەندین پێشنیار دەخاتەڕوو، ئاماژە بەوە دەكات كە پێویستە گرنگی بدرێت بە دەنگی نەرم و میانەڕەو و تەفسیری زانستی بۆ دەقە ئایینییەکان.

ئایینناسی: مەبەست لە پێکەوەژیانی ئایینی چییە؟

 د. مەهدی قادر: پێکەوەژیانی ئایینی واتە پێکەوەژیانکردنی شوێنکەوتوانی ئایينە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بە هاوبەشی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و قبوڵکردنی جیاوازی و ئازادی ئایینی و کارکردنی هاوبەش لەپێناو بەرپاکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتى و ئارامی لە نێوان مرۆڤەکاندا، بە ئامانجی یەکترناسین و گفتوگۆ و بڵاوکردنەوەی خێر و خۆشی لە نێوان هەڵگرانی ئایینەکاندا بێ جیاوازى. پێکەوەژیان بریتییە لە ئاشتبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ خۆی، لەگەڵ برای باوەڕداری، لەگەڵ باوەڕدارانی ئایینەکانی دیکە، بەڵکو لەگەڵ مرۆڤایەتیدا.

پێکەوەژیانی ئایینی لە زمانی عەرەبیدا پێی دەوترێت (التعایش الدیني)، ئەم چەمکە لە قورئانی پیرۆزدا نەهاتووە، بەڵام پایەکانی پێکەوەژیان ئایینی باس کراوە، وەک ئازادی ئایینی و پیرۆزی ژیانی مرۆڤ و کەرامەتى مرۆڤ و گفتوگۆی نێوان ئایینەکان (وجادلهم بالتي هي أحسن) و (التعاون على البر والتقوى)، وبرایەتی نێوان مرۆڤەکان و چەندین چەمک و بنەمای تر.

ئایینناسی: ئایینەکان بە گشتی و ئیسلام بە تایبەت چۆن دەڕوانێتە پێکەوەژیان؟

د. مەهدی قادر: تێڕوانینی ئایینەکان بۆ پێکەوەژیان جیاواز و ڕێژەییە، لە ڕووی جۆرێتیشەوە جیاوازە، چونکە بابەتی پێکەوەژیان هەڵوێستێکی بەڵگەیی ئایینییە، واتە دەبێت پێکەوەژیان وەک هەڵوێستی مرۆڤ جیا بکەینەوە لە پێکەوەژیان لە ڕوانگەی دەقی پیرۆز و ئایینەکەوە.

زۆر جار شوێنکەوتوانی ئایینێک بانگەشەی پێکەوەژیان دەکەن، بەڵام دەقە پیرۆزەکانی ئایینەکەیان ڕێگە بە پێکەوەژیان نادەن، دان بە ئازادی ئایینی و کەرامەتی مرۆڤەکانی دیکەدا نانێت، ئەمەش گرفتە، بۆ نموونە ئایینی یەهودی هەڵوێستی بەرامبەر دەرەوەی خۆی زۆربەی کات نێگەتیڤە، بڕوای بە ئازادی ئایینی نییە، هەر کەسێک جوو نەبێت کەرامەتێکی نییە، تەنانەت ژیان و ماڵ و نامووسی پارێزراو نییە. بە تایبەت ئەگەر لە ڕوانگەی دەقەکانی تەلموودەوە سەیری بکەين، بەڵام ئایینی مەسیحی تا ڕادەیەکی زۆر بڕوای بە بنەماکانی پێکەوەژیان هەیە، بۆ نموونە دەقەکانی ئینجیل بە ڕێزەوە باسی مرۆڤ دەکات، ئەگەر مەسیحیش نەبێت، تەنانەت داوا دەکات کە دوژمنەکانتان خۆشبوێت، ئەو کەسانە پیرۆز بکەن کە نەفرەتتان لێدەکەن، نزا بکەن بۆ ئەو کەسانەی کە دەتانچەوسێننەوە.

هەڵبەت ئەمە مانای ئەوە نییە کە لە مەسیحیەتدا دەقی پیرۆز نەبێت باسی جەنگ و نەفرەت لە خراپەکاران و پیاوانی ئایینی لاری یەهودی بکات، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئایینی مەسیحی کراوەتر و ئاشتیخوازترە لە ئایینی یەهودی. چەندین هۆکاری جیاواز هەیە کە یەهودییەکان خۆیان بە گەلی هەڵبژاردەی خودا بزانن و گەلانی تریش بە خزمەتکار. ئایینی مەسیحی و یەهودی زۆر کەم باسی ئازادی ئایینی و گفتوگۆی نێوان ئایینەکانیان کردووە.  ئایینی مەسیحی لە ساڵی 1962 – 1965 گفتوگۆی ئایینەکانی ڕێگە پێدا.

هیچ ئایینێک بە ئەندازەی ئيسلام بڕوای بە پێکەوەژیان نییە، دەقەکانی قورئانی پیرۆز و فەرموودە لە دەیان لایەنەوە کاریان کردووە بۆ داڕشتنی بنەماکانی پێکەوەژیان و خاڵە هاوبەشەکان و گفتوگۆ و لێبوردەی و ئازادی ئایينیی، تەنانەت قورئانی پیرۆز دەسەڵاتی نەداوە بە پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) كە زۆر لە هیچ کەسێک بکات بۆ باوەڕهێنان (لست عليهم بمسيطر)، (وما على الرسول إلا البلاغ). ئایینی ئیسلام تیۆرياى پێکەوەژیانی لەسەر چەند بنەمایەك داناوە، ئەوانیش:

یەکەم: داڕشتنی بناغەکانی پێکەوەژیانی ئایینی، وەک:

1 – ئازادی ئایینی: (لاَ إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ) (البقرة: 256) و پەرستشە ئايینیەكان.

2 – پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان جا هەر ئایینێکی هەبێت: (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ) (الإسراء: 70).

3 – پاراستنی ژیانی مرۆڤ  بێ جیاوازی ئایینی: (مَن قَتَلَ نَفْساً بِغَيْرِ نَفْسٍ) (المائدة: 32).

4 – برايەتی ئادەمی (هەمووتان كوڕی ئادەم و حەوان)، (يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُواْ رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُم مِّن نَّفْسٍ وَاحِدَةٍ وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا وَبَثَّ مِنْهُمَا رِجَالاً كَثِيراً وَنِسَاء) (النساء: 1).

5 – داننان بە جیاوازی ئایینیدا (وَلَوْ شَاء رَبُّكَ لآمَنَ مَن فِي الأَرْضِ كُلُّهُمْ جَمِيعاً أَفَأَنتَ تُكْرِهُ النَّاسَ حَتَّى يَكُونُواْ مُؤْمِنِينَ) (يونس: 99).

6 – تەنیا خودا مافی هەیە دادوەری بكات لە نێوان ئایینەكاندا: (إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَالَّذِينَ هَادُوا وَالصَّابِئِينَ وَالنَّصَارَى وَالْمَجُوسَ وَالَّذِينَ أَشْرَكُوا إِنَّ اللَّهَ يَفْصِلُ بَيْنَهُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ إِنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ) (الحج: 17).

دووەم: هاریكاری و کاری هاوبەش:

ئایینی ئیسلام بڕوای بە هاریکاری و کاری هاوبەش هەیە لەگەڵ ئەوانی تردا، کارکردن لەسەر خاڵە هاوبەشەکان، پێکەوەیی و هەرەوەزی لەو شتانەی چاکە و خێرن، لێبوردن و چاوپۆشی بەرامبەر جیاوازییەکان، بۆ نموونە:

1 – گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەسەر خاڵە هاوبەشەکان:  (قُلْ يَا أَهْلَ الْكِتَابِ تَعَالَوْاْ إِلَى كَلَمَةٍ سَوَاء بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمْ أَلاَّ نَعْبُدَ إِلاَّ اللّهَ وَلاَ نُشْرِكَ بِهِ شَيْئاً…) (آل عمران: 64)، ئەم ئایەتە داوای گفتوگۆ و حیواری ئایینی دەکات، پاشان کۆبوونەوە لەسەر (كَلَمَةٍ سَوَاء)، کە خاڵی هاوبەشی نێوان ئایینەکانە وەک خواپەرستی …

2 – کاری پێکەوەیی لەسەر خێر (وَتَعَاوَنُواْ عَلَى الْبرِّ وَالتَّقْوَى وَلاَ تَعَاوَنُواْ عَلَى الإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ) (المائدة: 2). (البر) ئەوەندە فراوانە هەموو کارێک دەگرێتەوە كە چاکەی خەڵکی تێدا بێت.

3 – دەستووری مەدینە كە پێغەمبەری ئیسلام بە هاریکاری موشرکین و یەهودی مەدینە نووسیەوە، داوای کاری هاوبەش و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و ژیان و ژیار و سەروماڵی هەموان دەكات.

سێهەم: بەهێزكردن و پتەوكردنی پێكەوەژیان:

ئیسلام بە کرداری ژینگەیەکی لەبار دەڕەخسێنێت بۆ پێکەوەژیانی ئایینی، هەر بەوە ناوەستێت کە بناغەکانی پێکەوەژیان دابنێت و هاریکاری ئایینی بکات، بەڵکو لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە بەشداری تەواو بە پێکهاتە ئایینییەکانی دیکە دەکات لە کۆمەڵگەدا، لەوانە:

1 – کاسە دراوسێیەتی: هیچ شتێک بە قەد ئەوە مرۆڤ دڵخۆش ناکات کە دراوسێکەی هاوبەشی خۆشی و ناخۆشییەکانی بێت. لە سەردان و بەشداریی خوانی یەکتر ئەم هەستە قووڵتر دەبێتەوە. خودا ڕێگەی داوە موسڵمان نانی مەسیحی و جوولەکە بخوات. پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت) خۆی و هاوەڵەکانی لەسەر خوانی ژنێکی جوولەکە کۆبوونەوە دوای خەیبەر. هاوەڵان لە خێزانەکانیان دەپرسی: ئایا خواردنتان بەشی دراوسێ جووەکە ناردووە؟  ئەم کاسە دراوسێتییە مانای زۆر گەورەی کۆمەڵایەتی هەیە.

2 – هاوسەرگیری و خزمایەتی: خوای گەورە ڕێگەی داوە ئافرەتانی مەسیحی و جوو ببنە هاوسەری پیاوی موسڵمان. زانایانی ئیسلام وەک ئیمامی ئەحمەد و ئیمامی مالیک ڕایان وایە هاوسەرەکە هەموو مافێکی ئەنجامدانی دروشمە ئایینیەکانی خۆی هەیە و ئازادە لەسەر ئایینی خۆی بمێنێتەوە.

3 – مامەڵەی بازرگانی: ئەمەش ڕێگەیەکی ترە بۆ تێکەڵاویی و پێكەوەژیانی ئایینی مرۆڤی موسڵمان لەگەڵ شوێنکەوتوانی ئایینەکانی دیکە. پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خوای لەسەر بێت) خۆی کڕین و فرۆشتنی لەگەڵ جوولەکەکانی مەدینە کردووە،

4 – سەردانی نەخۆش و بەشداری پرسەی مردووەکانیان. هەروەها دروستە بەشداری پرسە و ماتەمینی و ناخۆشییەکانیان بکرێت و دوعای بەرەکەتیان بۆ بکرێت لە ماڵ و مناڵدا.

5 – دراوسێیەتی باش: بە گوێرەی دەستووری مەدینە جولەکەکان ئوممەتێک بوون لەگەڵ موسڵمانان، واجبە لەسەر مرۆڤی موسڵمان ئەرکی دراوسێیەتی باش بەجێ بهێنێت، وەک سڵاوکردن، پاراستنی سەر و ماڵ و نامووسیان، بەشداریکردنی خۆشی و ناخۆشییان، دادپەروەری لە ڕەفتاردا.

6 – یارمەتیدانی هەژاران و بەخشینیان لە جزیە: مرۆڤی موسڵمان زەکات لە ماڵەکەی دەردەکات و بەشداریی پاراستنی وڵاتیش دەکات بە خزمەتی سەربازیی، بەڵام ئەهلی کیتاب لە خزمەتی سەربازیی بەخشراون لە بەرامبەردا جزیە دەدەن. هەر چوار مەزهەبەکە لەسەر ئەو ڕایەن کە ژن و منداڵ و شێت جزیەیان لەسەر نییە، تەنانەت هەژارەکانیش نەک لە جزیە دەبەخشرێن بەڵكو لە بەیتولماڵ یارمەتی دارایی دەدرێن.

7 – پاراستنی پەرستگاکانیان: گرنگترین ڕێگەی کرداری پێکەوەژیانی ئایینی پاراستنی موقەددەساتی شوێنکەوتوانی ئایینەکانی ترە، ئەمەش فەرمانی خودایە وەک دەفەرمووێت: (وَلَوْلَا دَفْعُ اللَّهِ النَّاسَ بَعْضَهُم بِبَعْضٍ لَّهُدِّمَتْ صَوَامِعُ وَبِيَعٌ وَصَلَوَاتٌ وَمَسَاجِدُ يُذْكَرُ فِيهَا اسْمُ اللَّهِ كَثِيراً) (الحج: 40)، خوای میهرەبان پاراستنی (صەوامیع) و (بیع) و (صلوات)ی خستۆتە پێش (مساجد). گرنگترین بەندی ڕێککەوتننامەی پێغەمبەری ئیسلام لە لەگەڵ مەسیحییەکانی نەجران و ئیمامی عومەر لەگەڵ مەسیحەکانی قودس، کە ناسراوە بە (العهدە العمریة) بریتییە لە پاراستنی کەنیسە و سەربەخۆیی ئایینی.

8 – سەردانیان لە پەرستگاکانیان: بە ئامانجی تۆخکردنەوەی پەیوەندییەکان و پێکەوەژیانی ئایینی، پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت) سەردانی (مدارس)ی یەهودیەكانی کردووە.

9 – ڕێککەوتننامەی ئاشتی: پێشتریش ئاماژەم پێدا پێغەمبەری ئیسلام و خەلیفەکانی ڕاشیدین ڕێککەوتننامەیان کردووە لەگەڵ جووەکانی مەدینە و مەسیحییەکانی نەجران و قودس و چەندین ڕێککەوتننامەی تر. ئامانج لەو ڕێکكەوتننامانە پاراستنی پەیوەندی ئاشتیانەی نێوان ئایینەکانە.

10 – پێدانی پۆستی سیاسی و ئیداری لە وڵاتدا: بۆ گەشەپێدانی زیاتری پێکەوەژیانی ئایینی.

لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی مێژووی ئیسلامیدا مەسیحی و جووەکان چەندین پۆستی باڵایان پێدراوە لەناو خیلافەت و ئەمارەتە ئیسلامییەکاندا، ئادەم متز لە کتێبی (شارستانیەتی ئیسلامی لە سەدەی چوارەمی هیجری)دا دەڵێت: دەتوانین بڵێین مەسیحییەکان بوون کە فەرمانڕەوای جیهانی ئیسلامیان دەکرد، وەزارەتی ئابووری تایبەت بوو بە مەسیحەکان لە دەوڵەتی ئەمەویدا. لە دکتۆرا نامەکەمدا ناوی زۆربەی ئەو وەزیر و کاربەدەستانەم باس کردووە. نووسەری مەسیحی کمیل حشیمە لە پێشەکی کتێبی (وزراء النصرانیة وکتابها فی الإسلام) دەنووسێت: دەتوانین نزیکەی 300 وەزیر و کاربەدەست و ئەفسەر و پلەدار بژمێرین لە مێژووی ئیسلامیدا.

سەرەڕای دەیان ڕێگەی تری گشتی، وەک دادپەروەری کۆمەڵایەتی، یەکسانی لە بەردەمی یاسا، کڕین و فرۆشتن و موڵکیەتی تایبەت و پاراستنیان لە ستەمی ناوخۆیی و پارێزگارییان لە هێرشی دەرەکی.

هەموو ئەم خاڵانە و چەندین ڕێگەی تر بە کرداری بەهای پێکەوەژیانی ئایینی لە ئیسلامدا قووڵ کردووەتەوە و زۆر لە پێش ئایینەکانی ترەوەیە، بەڵکو هیچ سیستەمێکی سیاسی و دەوڵەتی مۆدێرن بەم شێوەیە پێکەوەژیانی ئایینی نەکردووە بە کولتووری گشتی و فەرمانی خودایی.

ئایینناسی: باشووری کوردستان کۆمەڵگەیەکی فرە ئایینییە، پێکەوەژیانی ئایینی چ جێکەوتەیەکی لەسەر جێدەهێڵێت؟

د. مەهدی قادر: بە ڕاشکاوی دەبێت بڵێم فرە ئایینی و فرە نەتەوەیی بۆ خاکێکی بێ دەوڵەتی وەکو باشووری کوردستان باش نییە، هەڵبەت ئەم قسەیە لە ڕووی جیۆسیاسییەوە دەکەم، چونکە باشترین شت بۆ گەلی بێ دەوڵەت ئەوەیە کە یەک ئایین و یەک کتێبی پیرۆز و یەک دیالێکتی ئاخاوتن و نووسینی هەبێت، ئەمە دەوڵەتبوون ئاسانتر دەکات. بە ڕای من داتاشینی ئایین و نەتەوەی زۆر بۆ باشووری کوردستان کارێکی ژیرانەی سیاسی نییە، بەڵام ئێستا باشووری کوردستان فرە ئایین و نەتەوەیە.

بۆیە ئەگەر پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی نەبێتە تەونێکی کۆمەڵایەتی، مەترسیی گەورە لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، ئێمە تەنیا یەک هەڵبژاردەمان هەیە، ئەویش پێکەوەژیانی ئایینی و قبوڵکردنی جیاوازییە ئایینی و نەتەوەیی و ئەتنییە جیاوازەکانە: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوباً وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا..) (الحجرات: 13)، یەکترناسین ئامانجە. دەتوانرێت ڕەنگ و بۆی جیاواز ببەخشێت بە باشووری کوردستان، دەکرێت بکرێتە کەناڵێکی گەورەی ئاڵوگۆڕی کولتووری و ئەزموونی ئایینی و بنەما شارستانییەکان، هەر هەنگاوێکی پێچەوانەی ئەمە ئاشتی کۆمەڵایەتی باشووری کوردستان تێک دەدات، پێویستە پێکهاتە ئایینییەکان ئیستفزازی یەکتر نەکەن، ڕێزی ئایینی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بگرن کە ئیسلامە.

ئایینناسی: کەم نین ئەو دەنگانەی لە مزگەوت و سۆشیال میدیاوە، لە ڕێگەی وتار و فەتواوە بانگەشەی حەقیقەتی ڕەها دەکەن، دژ بە پێکەوەژیان دەدوێن و توندڕەوی بڵاو دەکەنەوە، ئەمە چ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دروست دەکات؟

د. مەهدی قادر: بە ڕای من یاسایەکی بنەڕەتییە کە دەبێت ماف بە هەر کەس و گرووپێک بدەین خۆی بە ڕاستترین بزانێت، ئەمە شتێکی نۆرماڵە، هیچ ئایین و ئایینزایەک نییە خۆی بە ڕاستی ڕەها نەزانێت، ئەگەر خۆی بە ڕاست نەزانیایە بانگەشەی بۆ نەدەکرد، بە ڕای من ناکرێت و نابێت مرۆڤ شوێن ئایین و بیر و باوەڕێک بکەوێت کە بە ڕاستی نازانێت، بەڵکو عەقیدە و بیر و باوەڕی باوی هەر ئایینێک ئەوەیە: خۆم ڕاستم ئەوانی تر هەڵەن، خۆم حەقم ئەوانی تر باتڵن. بەلام هەر ئەو کاتەی کە خۆت پێ ڕاستە و ئەوانی دیت پێ هەڵە و باتڵە، لەم کاتەدا دەبێت بڕیار بدەیت لەگەڵ ئەو باتڵ و هەڵەیەدا هەڵ بکەیت، لەگەڵی بژیت، چونکە خودا ڕێگەی داوە مرۆڤەکان ئازاد بن و لەو ئایین و بیر و باوەڕەی کە هەڵیدەبژێرن.

خۆ ئەگەر خودا بیویستایە هەموو خەڵکی لەسەر یەک دین و باوەڕ کۆ بکاتەوە، ئەوە بۆ خودا زۆر ئاسان بوو، بەڵام خودا لەبری زۆر لێکردن ئازادی ئایینی و ئیختیاری بە مرۆڤ بەخشیوە، بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە، چاکە و حەق هەڵدەبژێرێت یان خراپە و باتڵ، لە واقیعدا خەڵک فرە ئایین و فرە عەقیدەیە و خودا بە جیاوازی دروستی کردوون، بۆیە ئەگەر بانگخوازێک، زانایەکی ئایینی ئایینەکەی خۆی پێ ڕاست و ڕەها بێت زۆر ئاساییە، بەڵام نائاساییە دژی ئازادی ئایینی بێت، دژی پێکەوەژیان بێت، چونکە ئەم دوو بەهایە لە قورئانی پیرۆز و ڕەفتاری پێغەمبەری ئیسلامدا ڕوون کراوەتەوە و جێبەجێ کراوە، مەگەر خودا بە باتڵی قوڕەیش نافەرموێت: (لکم دینکم)؟ مەگەر پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) لە مزگەوتی خۆی لە مەدینە پێشوازی لە مەسیحییەکانی نەجران نەکرد؟ ماوەی چل ڕۆژ خزمەتی نەکردن؟ هەر ئەوان بوون دەیانگوت عیسا کوڕی خودایە، لە خاچ دراوە، گۆشتی بەراز و عارەقیان پێ حەڵاڵ بوو! بەڵام پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) گفتوگۆی لەگەڵ کردن، بۆی ڕوونکردنەوە، بەڵگەکانیان لاوازە لەسەر عەقیدەیان بەرامبەر عیسا (علیه السلام): (إِنَّ مَثَلَ عِيسَى عِندَ اللّهِ كَمَثَلِ آدَمَ …) (آل عمران: 59).

جیاوازی نەبووەتە ڕێگر و نابێت ببێتە ڕێگر بە دروشمی: (َإِنَّا أَوْ إِيَّاكُمْ لَعَلَى هُدًى أَوْ فِي ضَلَالٍ مُّبِينٍ) (سبأ: 24)، خۆی بە لاوە ڕاستترینە، بەڵام لە هەمان کاتدا زوبانی گفتوگۆ و بانگەوازی نەرمە، لە هەرێمی کوردستان دەنگی زاڵ و زوڵاڵ دەنگی حیوار و پێکەوەژیانە، موسڵمان وەک دۆستێکی نزیک مامەڵە لە تەک ئەوی تردا دەکات، سوپاس بۆ خوا ئەو دەنگە زبر و گڕانە کەمینەن.

لە جیهانی ئەمڕۆشدا سێ تەیاری فیکری هەیە بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەوانی تر:

یەکەم: ڕەوتی ڕاستی ڕەها: کە پێی وایە تەنیا ئایینەکەی خۆی ڕاستە و ئایینەکانی تر باتڵن، تەنیا شوێنکەوتوانی ئەم دینەش دەچنە بەهەشتەوە، هەرسێ ئایینە ئاسمانییەکە، بەڵکو زۆربەی هەرە زۆری ئایینەکانی دیکەش ئەم بانگەشەیە دەکەن.

دووەم: ڕەوتی ڕاستی گشتگیر و ڕزگاری بۆ هەموان: ئەم ڕەوتە پێیوایە یەک ئایین ڕاستە، بەڵام شوێنکەوتوانی ئایینەکانی تریش دەکرێت خوا ڕزگاریان بکات و بچنە بەهەشتەوە.

لەوانەیە ئەم دەنگە لەناو هەندێک ئەدەبیاتی ئیسلامدا هەبێت کە دەڵێت: کەسانێک کە تەبلیغی دینیان پێ نەگەیشتووە (البلاغ المبین) و ئیقامە حوجەیان لەسەر نەکراوە، حوکمیان لای خودایە و دەکرێت ڕزگار ببن (وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّى نَبْعَثَ رَسُولاً) (الإسراء: 15).

ڕەوتی سێیەم: فرە ئایینی و یەک ئایینی: ئەم ڕەوتە پێیوایە هەموو ئایینەکان ڕاستن، یان بەشێکی زۆر ڕاستییان تێدایە و شوێنکەوتوانیان بێگومان دەچنە بەهەشتەوە.

لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا ئەوانەی باوەڕیان بە (وەحدة الأدیان) هەیە، وەک (حەلاج: 309هـ) و (ئیبن عەرەبی: 638هـ)، بە جۆرێک لە جۆرەکان چارەسەری فرە ئایینییان کردووە، یان وتوویانە مەزهەبی ئەوان هەموو ئایین و مەزهەبەکان لە خۆیدا کۆدەکاتەوە و هەموان ڕزگاریان دەبێت. هەڵبەت هەر سێ ڕەوتەکە بۆ بیروبۆچوونەکانیان بەڵگەی ئایینی و عەقڵیان هێناوەتەوە، هەڵسەنگاندن و ڕانانی ئەم بۆچوونانە بابەتێکی ترە و بۆ ئەم شوێن و کاتە ناگونجێت.

بەڵام ئەوەی گرنگە بیڵێم: هەر سێ ڕەوتەکە باوەڕیان بە پێکەوەژیان هەیە، بۆیە ئەو دەنگانەی دژی پێکەوەژیانن پێشی هەموو شتێک دژی بنەما ئایینییەکانن، بێگومان هەر چەندە کەمینەن دەتوانن ئاشتی کۆمەڵایەتی تێکبدەن، لەم نێوەندەدا پێویستە زۆر سوپاسی ڕۆڵی زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بکەین کە زۆرینەی ڕەهایان بانگەشە دەکەن بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و مینبەری مزگەوتەکانیان کردووەتە هەوێنی تەبایی، و پاشان بانگەشە بۆ حەقانیەتی ئیسلام دەکەن بە بەڵگەی عەقڵی و نەقڵی و مافی خۆشیانە.

ئایینناسی: هەندێک گرووپ بە پاساوی دۆستایەتی و دوژمنایەتی (الولاء والبراء) دژی پێکەوەژیان دەوەستن، سەرنجی بەڕێزتان لەو بارەیەوە چییە؟

د. مەهدی قادر: وەلائ و بەڕاء واتە: خۆشویستنی ئیسلام و موسڵمانان و سەرخستن و پشتیوانییان، ڕقبوونەوە لە کوفر و کافران و خۆبەریکردن لێیان. ئەم هەڵوێستە دژ نییە لەگەڵ پێکەوەژیانی ئایینی، واتە لەگەڵ ئەوانی تر پێکەوە دەژین و پابەندی دەبین بە بیری وەلائ و بەڕائەوە، پێکەوەژیان کرداری ڕۆژانەیە ( ولاء و براء) هەڵوێستێکی دەروونییە و لە دڵدایە زیاتر.

ئەم بابەتی (ولاء و براء)ە بابەتێکی فیقهییە زیاتر لەوەی عەقیدەیی بێت، بەگوێرەی سەردەم و کات و بەرامبەرەکان دەگۆڕێت، پێویستە مرۆڤی موسڵمان هەمیشە موسڵمانی خۆشبوێت، دینەکەی خۆی سەربخات، هەرگیز کافران زاڵ نەکات بە سەر ئیسلام و موسڵماناندا. لە کاتی جەنگی سارد و گەرمدا لە بەرەی موسڵمانان بێت، پابەند بێت بە عەقیدە و بیروباوەڕی خۆیەوە، تەنازول نەکات لە بنەما ئایینییەکانی، بەڵکو پابەند بێت بە حەڵاڵ و حەرام، شوێنگۆڕکێیان پێ نەکات، دەستبەرداری بانگەواز و هیدایەتی خەڵکی نابێت، ئەمە (ولاء و براء)ە، هیچ کام لەو هەڵوێست و بیرکردنەوانە دژ نییە لەگەڵ پێکەوەژیان.

(براء) بریتییە لە ڕقبوونەوە لە کوفر، بەڵام یەکسان نییە بە دژایەتی کافر. چونکە دژایەتی موسڵمان بۆ کافر لەبەر کوفر نییە، بەڵکو لەبەر دوژمنایەتی و دەستدرێژی و هێرشیەتی بۆ سەر موسڵمانان، پاشان ئەم پێکەوەژیانە لەگەڵ پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگەی خۆتە، نەک کوفری دەرەوەی سنووری دەوڵەت و خاک.

ئێستا وەک سەرەتای ئیسلام نییە کە (دار الاسلام) و (دار الکفر) جیاواز بن، ئێستا جیهان هەمووی (دار الدعوة)یە، (دار الکفر) نەماوە بەمانا تەقلیدییەکەی جاران، هیچ وڵاتێکی ئەوروپی و ڕۆژئاوایی نییە کە موسڵمانی تێدا نەبێت. هەرچەندە پێکەوەژیان ڕووی لە دەرەوەی سنووری دەوڵەتی خۆت نییە، بەڵکو کرداری ڕۆژانەیە لەگەڵ پێکهاتەی شارەکە و گەڕەکەکەی خۆت.

ئەم هاونیشتمانییە – جا مەسیحی بێت یان یەزیدی یان جوو یان یارسان و زەردەشتی – بازنەی هاووڵاتی بوون و دراوسێیەتی و هاوزمانی و مرۆڤایەتی و بەرژەوەندی هاوبەشی کۆمان دەکاتەوە.

(البراء) لە کاتی جەنگدا دەردەکەوێت نەک ڕاگەیاندنی ڕق لە ئەوانی تر. تەنانەت ئەگەر ڕقیش داوا کراو بێت ڕقە لە کوفر نەک لە کافر؟ دەکرێت خۆشت نەوێت، بەڵام بە ئاشتی لەگەڵیدا بژیت، بەڵکو واجبکراوە موسڵمان ئەوانی تر بیپارێزیت لە موسڵمانێکی ستەمکار. کەواتە بابەتی (ولاء و براء) بەو ڕەهاییە نییە، پێویستە ئایاتی ئەم بابەتە لە شوێنی خۆی و سنووری دیاریکراوی خۆیدا بە کار بێت.

ئەم بابەتە زیاتر لە کاتی جەنگ و پاراستنی یەکڕیزی موسڵمانان کارا دەبێت، بۆیە ڕق لە ئەوانی تر زۆر سنووردارە ئەگەر هەشبێت ئاشکرا ناکرێت، بەڵکو لوتف و نەرم و نیانی ئاشکرا دەکرێت لەگەڵ موخالەفەکردنیان لە دین و ڕەفتاریاندا، ئەمە (براء)ەتە بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی بەرامبەرەوە (مقیدة).

خودا ڕێگەی داوە پیاوێکی موسڵمان هاوسەرەکەی ئەهلی کیتاب بێت، ئایا دەبێت ڕقی لە ژنەکەی بێت؟ دەبێت دوژمنایەتی بکات؟ نەخێر، بەڵکو هاوسەرگیری لەسەر بنەمای خۆشەویستی دروست دەبێت، تەنانەت بەگوێرەی فەتوای ئیمامی مالیک و ئیمامی ئەحمەد، ژنەکەی دەتوانێت بچێت بۆ کەنیسە و گۆشتی بەراز بخوات و خاچیش بکاتە ملی، ئەمە هەڵوێستی گەورەی زانایانی ئیسلامە.

خۆ ناکرێت ئەوان لە ئیمامی ئەحمەد و ئیمامی مالیک لە ئیسلام زیاتر تێگەیشتبین، ئەو (10) خاڵەی پێشتر باسم کرد هەڵوێستی فەرمی ئیسلام و موسڵمانانە و دژی عەقیدەی (وەلاء و بەراء)یش نەبووە و نییە، هاوەڵان چۆن کاسە دراوسێیەتییان لەگەڵ جوولەکەدا کردووە؟ لەوانەیە خۆشی نەویستبێت، بەڵام جوان لەگەڵیدا ژیاوە، بۆچی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) لەم هەموو موسڵمانە دەوڵەمەندە قەرزی لە کابرایەکی جوولەکە کردووە؟

(البراء) لە ئەوانی تر تەنیا کرداری دڵە (لکم موالاتهم باللسان دون القلب) (تفسیر الجلالین)، لە کاتی جەنگدا دەبێتە دابڕانی کرداریی، لە جەنگیشدا ئاشتیخواز و شەڕخواز جیا دەکرێتەوە، لەوانەیە ئەم عەداوەتەی ئەمڕۆ سبەینێ بگۆڕێت بۆ پێکەوەژیان و مەوەدە، بۆیە زیادەڕەوی لە (البراء)دا ئەنجامی خراپی دەبێت بۆ بانگەواز و هیدایەتی ئەوانی تر.

دیقەتم داوە ئەوانەی بەناوی (البراءة) هێرش دەکەنە سەر پێکهاتەکانی تر، وەلائیان بۆ موسڵمانانیش زۆر لاوازە، زۆر کات دوژمنایەتی موسڵمانانی دەرەوەی ڕەوتی خۆی دەكات، لە کاتێکدا خۆشویستنی موسڵمان و سەرخستنی واجبە و بە عەقیدەی (الولاء) موتڵەقە و پێویستە هەموو کات پشتیوانی موسڵمان بکات.

بە هەڵە ئایەتەکان دادەبەزێنرێتە سەر واقیعێکی تازە، کە جیاواز لەو واقیعەی کە ئایەتەکانی (الولاء والبڕاء)ی تێدا دابەزیوە، کە زیاتر باس لە کاتی هیجرەتی موسڵمانان و جەنگی بەدر و ئوحود و ئەو خزمایەتییەی لە نێوان موهاجیرین و موشریكینی قوڕەیشدا هەبوو، بەشێکی تریشی پەیوەندی هەیە بە هەڵوێستی دوژمنکارانەی جوولەکەوە لە دوای جەنگی بەنی قوڕەیزەوە. نابێت ئەم ڕووداوە تایبەتیانە گشتاندنیان بۆ بکرێت.

ئایینناسی:  بەربەستەکانی بەردەم پێکەوەژیان چین؟ بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان؟

د. مەهدی قادر: لە هەرێمی کوردستان بەربەست نییە، بەڵکو چەند ئاڵنگارییەک هەیە پێویستە ڕووبەڕوویان ببینەوە بە شێوەیەکی ژیرانە.

یەکێک لە ئاڵنگارییەکان ئەو دەنگە زبر و نەشازانەن کە لە سۆشیال میدیا و پەیج و هەندێک لە مینبەرەوە دەیەوێت پێکەوەژیان تێک بدات، ئەو کەسانە لە هەردوو بەری موسڵمان و پێکهاتەکان پێویستە ئاگادار بکرێنەوە و لێدوان و قسە و وتاریان سنووردار بکرێت.

یەکێکی تر لە ئاڵنگارییەکان تێکەڵکردنی ئەجێندای سیاسی ناوخۆیی و دەرەوەیە بە ئامانجی پێکهاتە و ڕەوتە ئایینییەکان، بە ڕاستی نابێت هیچ دەستێکی سیاسی تێکەڵ بە گوتاری پێکهاتەكان بکرێت، بەکارنەهێنرێن بۆ شێواندنی تەونی کۆمەڵایەتی ئایینی کوردستان، هەڵەیە زۆرینە و کەمینە بەهەند وەرنەگیرێت لە یاسا و بەها کۆمەڵایەتییەکاندا.

ڕێز نەگرتنی پیرۆزییەکان بەناوی ئازادییەوە ئاڵنگارییەکی گەورەیە و دەبێت هەڵگری هەر ئایینێک ئەوە بزانێت سنووری ئازادی هەر یەکێکیان لەو شوێنەدا کۆتایی پێ دێت کە سنووری ئازادی ئەوی تر دەست پێ دەکات.

یەکێکی تر لە ئاڵنگارییەکان خەڵكانی ناشایستە و نامەسئوول بەناوی دین و پێکهاتەوە لێدوان و قسەی گەورەتر دەکەن لە خۆیان، کە لە خودی ئایینەکە و بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردەواری جێگەی نابێتەوە، بۆیە دەبێت بە هەموان ئاڵنگارییەکان تێپەڕێنین.

ئایینناسی: بە بڕوای بەڕێزتان چی بكرێت بۆ ڕێگری لە بیری نامۆ و ناتەبا بە پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان؟

د. مەهدی قادر: بە ڕای بەندە هەر دەنگێک دژی پێکەوەژیان بێت گفتوگۆی لەگەڵ بکرێت و تێبگەیەنرێت کە پێکەوەژیان بەهایەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی پیرۆزە، دژایەتیکردنی پێکەوەژیان ئاشتی کۆمەڵایەتی تێکدەدات، خزمەت بە گەشە و مانەوەی هیچ ئایینێک ناکات، کەس سوودمەند نابێت لە نەمانی پێکەوەژیان.

 ئەو گوتارانەی کە هاندەری کەراهیەت و توندوتیژی و دابڕان و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و بێباوەڕی و لادانی گەنجان و ناشیرینکردنی پیرۆزییە ئایینیە جیاوازەکانن، پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆوە ڕاست بکرێنەوە، ئەگەرنا یاسا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە وەستاندنیان.

پێویست ناکات مایک لە بەردەم هەموو کەسێکدا دابنرێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمێک چاودێری بکرێن. لە بەرامبەردا گرنگی بدرێت بە دەنگی نەرم و گەشەپێدانی بیری میانەڕەوی و تەفسیری زانستی بۆ دەقە ئایینییەکان و لێدوان و گوتاری ئایینی بدرێتە خەڵکی شایستە و خوێندەوار و شارەزا لە ئایین، جا خاوەنی هەر ئایین و ئایینزایەک بێت.

ئایینناسی: چۆن بتوانرێت پێكەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان قووڵ بکرێتەوە و بەدی بێت؟

د. مەهدی قادر: پێکەوەژیان پرۆسەیە و پێویستە وەك پرۆژەیەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسی و ڕاگەیاندن کاری لەسەر بکرێت. کە دەڵێم پرۆسەیە واتە دەبێت کاری بەردەوامی ڕۆژانەی بۆ بکرێت، بە هەڵمەتێکی ڕۆژ و دوو ڕۆژ، بە کەسێک و دوو کەس، بە لایەنێک لەگەڵ لایەنێک دژ گەشە ناکات، بەرپرسیارێتییەکی دەستەجەمعییە پێویست دەكات هەموو پێکهاتە ئایینی و كەسایەتییە ڕۆشنبیری و مامۆستایانی زانکۆ و ڕاگەیاندن تێیدا بەشدار بن، بەڕای موتەوازعی بەندە لە چەندین کەناڵەوە دەتوانین کار بکەین بۆ قوڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئایینی، وەک: پەرەپێدانی هزری میانەڕەوی و کاری هاوبەشی ئایینی.

هزری میانەڕەوی ئایینی گەورەترین خزمەت بە پێکەوەژیان دەکات، پێویستە لە ڕێگەی هەموو کەناڵە گونجاوەکانەوە کار بکرێت بۆ پەرەپێدانی لە ڕێگەی ئایینداری ڕاست، پرۆگرامی خوێندن، زانکۆ، مینبەری مزگەوت، میدیا، دامەزراندنی سەنتەرەکانی حیوار و پێکەوەژیان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ژووری پەیوەندی نێوان ئایینەکان، کۆنگرە و کۆنفرانسی ساڵانەی نێوان ئایینەکان و دەیان کەناڵی تر، هەر یەکێک لەم خاڵانە پرۆژەی دەوێت.

دەکرێت سەنتەری تایبەت دابمەزرێت بۆ پەرەپێدانی هزری میانەڕەوی لە زانکۆکانی کوردستان، پێم وایە ئێستا هەنگاوی جددی بۆ نراوە، هەروەها دروستکردنی سەنتەر و پەیمانگا و ئینستیتیۆ بۆ پەرەپێدانی پێکەوەژیانی ئایینی و قووڵکردنەوەی تەبایی کۆمەڵایەتی.

– ئایینداری ڕاستەقینە، بەوەی ئایین لە دەستی خەڵکانی ڕەسەن و زانا و خوێندەواردا بێت، مینبەر بدرێت بە کەسانی خاوەن زانست و حیکمەت، پێکهاتە ئایینییەکانی کوردستان، وتەبێژ و نوێنەری فەرمییان هەبێت بۆ لێدوان و گفتوگۆی ڕۆژنامەوانی، هەر کەس لە خۆیەوە خۆی نەکات بە دەمڕاست و نوێنەری ئایین و لێدوانی نابەرپرسانە بدات.

لێرەوە ڕۆڵی دەزگا فەرمییەکانی وەک وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتی پێکهاتە ئایینییەکان و یەکێتی زانایان دێتە پێشەوە، بە ڕێنمایی پەیوەندی نێوان ئایینەکان ڕێکبخەن و نوێنەری شایستە بۆ پێکهاتەکان دیاری بکەن، کە خاوەنی حیکمەت و دانایی و دڵسۆزی بێت. دەکرێت پەرلەمانی کوردستانی یاسای پێکهاتە ئایینی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکان وەک پرۆژەی هاوبەش دەربکات.

– پرۆگرامی خوێندن: پەروەردەی تاک لە قوتابخانەکان هەر لە بنەڕەتییەوە تا ئامادەیی و پاشان لە زانکۆ لە ڕێگەی پڕۆگرامی خوێندن و ڕاهێنان لەسەر پێکەوەژیان ڕۆڵێکی گەورەی دەبێت لە قوڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئایینی، دەکرێت پڕۆگرامی تایبەت لەلایەن لیژنەی پسپۆڕ بۆ ئەم بوارە دابنرێت.

– مزگەوت: هیچ دام و دەزگایەکی ئەم وڵاتە بە ئەندازەی مزگەوت کاریگەری نییە لەسەر ئاراستەکردنی عەقڵی تاکی کوردی، زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕۆڵێکی ئیجابی و شەرەفمەندانەیان لە بواری پێکەوەژیاندا گێڕاوە، ئەوەی پێویستە زانایانی ئایینی خولی تایبەتیان بۆ بکرێتەوە لەسەر پێکەوەژیان و لە ڕووی زانستییەوە دەوڵەمەند بکرێن.

– پێکهاتە ئایینییەکان خۆیان دەبێت ڕۆڵی بەرپرسانە و دڵسۆزانە بگێڕن بۆ خزمەتی پێکەوەژیان، بەرپرسانە مامەڵە بکەن، ڕێز لە ئایینی زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردستان بگرن، بەشێک بن لە تەبایی و ڕێگە نەدەن خەڵکانی نابەرپرس بە ناوی ئەوانەوە لێدوانی کەراهیەت و سووکایەتی بڵاو بکاتەوە، ڕێگە نەدەن لە ڕووی سیاسییەوە بە کار بهێنرێن، یان ببنە بەشێک لە ئەجێندای سیاسی حیزب و لایەنە سیاسی و ئایینییەکان.

– دروستکردنی ژووری هاوبەش: بە ڕای من یەکێکە لە کاریگەرترین فاکتەرەکانی قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان ، پەیوەندی و سەردانی بەردەوام لە نێوان موسڵمانان و ئەوانی تردا، بەردەوامی گفتوگۆی ئایینی و ڕاگۆڕینەوە و ڕاوێژ لە بابەتە هاوبەشەکاندا، ئیحتیواکردنی ئەو کێشە و ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی هەردوولا دەبنەوە، ئەنجامدانی چالاکی هاوبەش و بەشداری کردن لە بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان.

– میدیا: دەزگاکانی ڕاگەیاندن، سۆشیال میدیا، دەتوانن گەورەترین ڕۆڵ بگێڕن لە ئاشتی و تەباییدا، بە پێچەوانەشەوە دەتوانن پێکەوەژیان تێک بدەن، بۆیە پێویستە لە هەموو کەناڵەکان بەرنامە و پرۆگرامی تایبەت هەبێت بە پێکەوەژیان و حیواری ئەدیان. میوانداریی کەسانی شارەزا و ئاشتیخواز بکەن، لە پێناو لایک و کۆمێنت و ڤیو، خەڵکانی توندڕەوی هیچ ئایینێک بانگهێشت نەکەن، ئێمە بە جیاوازییەوە جوانین، بەڵام نابێت جیاکاری بکەین. من خۆم پێ ڕاستە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەم کە تۆش تەعبیر لە ئازادی خۆت بکەیت لە چوارچێوەی بەها ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان.

Send this to a friend