• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
February 23, 2020

ڕانانى ئاییندەیى ژمارە (١) ى ساڵى٢٠٢٠

ئایندەی عێراق و هەرێم لە گێژاوی پرسە هەنووکەییەکاندا

– ڕانانی ئاینده‌یی ژمارە (١)

– توێژەران: د.یوسف گۆران، د.ئومێد رفیق فتاح، د.عابد خالد رسول، د.هەردى مهدى میکە

– سلێمانى – هەرێمى کوردستان

– شوبات ٢٠٢٠

سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی

 

پێرستى تەوەرەکان

تەوەری یەکەم: خۆپیشاندانەکانی عێراق؛ هۆکاری ڕەوا و کۆتاییەکی نادیار

تەوەری دووەم: پێکهێنانەوەى حکومەتى عێراقى

تەوەری سێیەم: هه‌رێمی سوننه ‌و ئاینده‌ی فیدراڵییه‌تی عێراق

تەوەری چوارەم: كشاندنه‌وەی هێزه‌كانی ئه‌مريكا له‌ عێراق

سەرەتا

لە ئێستادا عێراق و ناوچەکە، بە تونێلێکی نادیاری سیاسییدا گوزەر دەکات، گۆڕاوە ناوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان جێکەوتەی کاریگەر لەسەر ئێستا و ئایندەی ناوجەکە جێدەهێڵن، بەڵام گرنگترین ڕووداوی سیاسیی هەنووکەیی چوار تەوەر و فاکتەری بەرجەستەن، کە لە سیاسەتی کورتمەودا و دوورمەودادا ڕۆڵ دەگێڕن، ئەوانیش: خۆپیشاندان، پێکهێنانی حکومەت، بیرۆکەی هەرێمی سوننەنشین و ئەگەری کشاندنەوەی ئەمریکان. لەم ڕانانە سیاسییەدا، هەر چوار فاکتەرە ئاماژەپیدراوەکان لە ڕوانگەی واقیع، توانستە تیۆری و کردەییەکان و سیناریۆ ئایندەییەکانی ناو هاوکێشە زیندووەکان شرۆڤەکراون و خراونەتەڕو. لە سەرجەمیشیاندا ڕۆڵ و پێگەی هەرێم لە هەر تەوەرێکدا بە هەند گیراوە و گریمانە و ئایندەی مامەڵەی سیاسی هەرێمی کوردستانی تێدا شرۆڤە کراوە، چونکە هەرێمی کوردستان لەم دۆخەدا هەم هەل و هەڕەشەی لەبەردەمدایە، هەم کارتێکەر و کارتێکراوە. یەکلەدوایەکی چوار تەوەری سەرەکیی ڕانانەکەش بە جۆرێک ڕیزکراون، کە وەک دەزوویەکی سیاسی یەکتریان بەدوای یەکدا ڕاکێشا، کە کاریگەر و کارتێکەری یەکتربوون، سەرەتا بە خۆپیشاندانەکان دەستی پێکرد، پاشان سەرۆکوەزیران ناچارکرا دەستلەکاربکێشێتەوە، هەر بەدوای ئەم ڕووداوانەدا هەردوو پرسی هەرێمی سوننەنشین و کشانەوەی ئەمریکاش وەک دوو پرسی کاریگەر زیندووبوونەوە.

تەوەری یەکەم: خۆپیشاندانەکانی عێراق؛ هۆکاری ڕەوا و کۆتاییەکی نادیار

 دەستپێکی خۆپیشاندانی تشرینی ٢٠١٩ی بەغدا و ناوچەعەرەبییەکانی عێراق، ڕەونەقی دا بە گوتارێکی نوێی سیاسیی. درووشمی مەدەنی، سەروو مەزهەبیی، دژەگەندەڵی، دژەئێرانی خۆپیشاندانەکان لە خۆپیشاندانە ئاراستەکراوەکانی دیکەی پاش ٢٠٠٣ی عێراق جیاکردەوە. هاوکات کاریگەریی لەسەر دەرخستنی ڕوخسار و بەسەرچوویی جۆری بەڕێوەبردن توێژی باوی پرۆسەی سیاسیی هەبوو. خۆپیشاندان بەرهەمی کردەوەی ١٧ساڵی ڕابردووی ئاراستەکارانی پرۆسەی سیاسیی عیراقە، کە عێراق و پێگەکەیان لاواز و خەڵکی عێراقیشیان ڕووبەڕووی نەهامەتی کردوەتەوە.

ئاراستەکارانی خۆپیشاندانی عێراق، بریتیین لە چالاکوانی مەدەنی، میدیاکاران، ڕۆشنبیران و ئەو سیاسیی و حزبیانەشن کە لە ڕابردوودا سودمەند نەبوون، بەڵام خۆپیشاندەرانی مەیدانیی بریتیین لە دانەمەزراو، دەرچووان و خوێندکارانن، جیا لەوەش باڵی سەدریی نیوەبەنیوە بە پێی تویتی ڕێبەرەکەیان(سەدر) دەچن و دەکشێنەوە.

هۆکاری ڕیشەیی خۆپیشاندەن دەکرێت کورت بکرێتەوە لە: گەندەڵی، هەژاریی، خراپی خزمەتگوزاریی بنەڕەتی، گەندەڵیی، دابەشبوونی تەیەفی ومەزهەبیی بە جۆرێک دابەشکردنی عێراقی لە واقیع نزیککردووتەوە، تیرۆر، میلیشیای تایەفی، باڵادەستیی هەژموونی ئێران بەسەر عێراقەوە. ڕاستییەکەی ئامار و ئاماژە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخراوەکان نیشادەری ڕاستینەی هۆکارەکانن، لە خۆڕا نییە خەڵک بە تایبەت شیعەمەزهەبەکان نیگەران، تووڕە، ڕەتکەرەوە و ڕادیکاڵن.

تائێستا زیانی مرۆیی خۆپیشاندەران: زیاتر لە ٧٥٠ کوژراوە، کە ٧٧ یان چالاکوان ومیدیایین، لەگەڵ ٢٢٠٠٠ بریندار،  بەڵام خۆپیشاندان بەردەوامە وچەند دەستکەوتێکی دیاریشی هەبووە، وەک:

١- هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.

٢- بڕینی جیاوگەکانی پەرلەمانتاران.

٣- دەستپێلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیران.

٤- هێنانەسەر هێڵی ١٦ باڵیۆزی وڵاتان بۆ ئیدانەی حکومەتی عێراقی و مافی ڕەوای خۆپیشاندەران.

٥- ڕەتکردنەوەی چەندین کاندیدی سیاسیی تەوژمە باوەکان.

٦- ناچارکردنی کوتلەکان بە ڕازیبوون بە کاندیدکردنی ‘محەمەد عەللاوی’ بۆ پێکهێنانی حکومەت.

بەڵام هیچ یەکێک لەم ئەنجامانە، ناتوانن گرانتی هوودەکانی خۆپیشاندەران بن، چونکە لەپەنای ئەم دەستکەوتانەدا، دەکرێت دووبارە لایەنە سیاسییەکان نەرمەبڕانە لە ڕێی کوتلە پەرلەمانییەکانیانەوە، خۆیان بخزێننە نێو حکومەتی داهاتوو و تەنانەت لە نێو ڕاڤەی دێڕەکانی یاسای نوێی هەڵبژاردنیشەوە، جارێکی تر بڕیاردەری ڕاستەقینە بن.

ڕاستە خۆپیشاندان تا ئێستا توانیوویەتی بیچەسپێنێت کە چی ناوێت، بەڵام یەکدەنگ نەبووە لەسەر ئەوەی چی دەوێت و کاندیدەکانی کامانەن؟! بۆیە کێشە ناوەکییەکان لە نێو ئاراستەکارانی خۆپیشاندانەکاندا ئامانجی کۆتایی ڕووەو نادیار ئاراستەکردووە: لەوانەش نەبوونی سەرکردایەتی و هەماهەنگی ناوەندیی سەرجەم مەیدانەکان، جیاوازی دیدگای هەڵسوڕێنەران لەسەر بنەمای ئەولەویەتی داوکارییەکان، کە زەقترینیان پەیوەندیدارە بە کاندیکردنی محەمەد عەللاوی-ەوە، کە دوو ئاراستەی لای خۆپیشاندەران لە نێوان پەسەند و پەسەندنەکردندا سازاندووە. بەشێکی خۆپیشاندەران پێیانوایە پێویستە کاندیدانی سەرۆکوەزیر و وەزیرانی “ئازاد، سەربەخۆی بێپێشینە”بن، ئەم داواکارییەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە و جۆرێک لە بێهوودەگەراییە لە واقیعی ئێستادا.

گەرچی عەللاوی باس لەوەدەکات کە کاری جێبەجێکردنی داواکاریی خۆپیشاندەرانە، بۆیە بەدیوێکی­تردا ڕادیکاڵیی خۆپیشاندەر ڕەنگە خزمەتی کەمکردنەوەی فشاری لایەنەکان بێت، چونکە ڕایەک دەڵێت: تا ڕادیکاڵییەتی خۆپیشاندان سست بێت هەڵوێستی عەلاوی لە دانوستانەکان لاوازتر دەبێت.

سیناریۆکان

ئایندەی خۆپیشاندان، ڕاستەوخۆ بەستراوە بە پرسی پێکهێنانی حکومەت و ڕێکارەکانی بۆ بەجێهێنانی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران، سیناریۆکانی بەردەم خۆپیشاندان لە دوو سیناریۆدا دەکرێت کورتبکرێنەوە:

١- حکومەتێک بە خواستی خۆپیشاندەران پێکدێت و ڕێکارەکانی بەجێهێنانی داواکارییەکان دەگرێتەبەر، کە ئەمە ئەستەمە و هەلی بەردەم کابینەی عەللاوی هێندە کاریگەر نییە ئەم سیناریۆیە بۆ خۆپیشاندەر جێبەجێبکات، لە باشترین حاڵەتیدا ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی نوێ و کۆتاییهێنان بە هەژموون و فشاری کوتلەکان دەکات، خۆی بە کابینە و پەرلەمانی تازەهەڵبژێردراو دەسپێرێت.

٢- کۆتایی خۆپیشاندان، یان سستکردن و لەتکردنی، سیناریۆیەکی بەهێزە، بەتایبەت لەلایەک ڕای خۆپیشاندەران جیایی تێکەوتووە، لەلایەکیترەوە، هێزە باوەکان، خۆیان ڕێکدەخەنەوە و لەڕیگەی پەرلەمانەوە حکومەت و ئەجێنداکەی ناچار دەکەن بگەڕێتەوە سەر نەریتە باوەکانی حوکم کردن لە پشکپشکێنە و تەوافوقی کوتلەکان. لە کۆتایی ئەم ڕەوتەشدا لە ڕێگەی لەتکردنی خۆپیشاندان، سەرکوتکاریی میلیشیاکان و ماندووبوون و بێهوودەکردنی خۆپیشاندان، مەیدانەکان سست یان چۆڵدەکات.

کورد و سوننە و خۆپیشاندان

ئێستا خۆپیشاندان نیگای لەسەر ئەجێندا و کاندیدەکانی عەللاوییە، بەڵام هۆکاری بابەتی وا دەکات کاریگەریی لەسەر داهاتووی خۆپیشاندان جێبهێڵێت، بەتایبەت هەڵوێستی سوننە و کوردستان بۆ حکومەتی چاوەڕوانکراو، جێکەوتەیان دەبێت لە پێکانی ئامانجەکانی.

سوننە و کورد بە تێبینیەوە، لەگەڵ داواکاریی خۆپیشانداندان، بەڵام لەگەڵ ئالیەتە ڕادیکاڵەکانیاندا نین، هەردووکیان ترسیان لە گەڕانەوەی سیستمی ناوەندگەرێتی و تاکڕەویی هەیە. خۆپیشاندەرانیش دەرکی ئەوەیان کردووە، کە بەبێ کورد و سووننە ناتوانن لەم دۆخە تێپەڕن.

لەگەڵ بوونی نیگەرانییەکان بەرامبەر خۆپیشاندان، بەڵام هەلی سیاسیی لەبار بۆ کوردستان هاتۆتەئاراوە:

سوننە لەپەنای داواکاریی چاکسازیی خۆپیشانداندا دوو مەرامیان کردۆتە دەسکەلا: کەمکردنەوەی هەژموونی مەزهەبی بەسەر حکومەتەوە، شەراکەتی ڕاستەقینە و دروستکردنی هەرێمێکی سوونە. هەرچی کوردیشە ئەوا دیسان پاراستنی مافە دەستوورییەکان، ناوچەی دابڕێنراو و هاوبەشیکردنی ڕاستەقینەیە.

ئەم داواکارییانەی سوننە و کورد جیا لەوەی دەکرێت بکرێنە بەشێک لە ئەجێندای کارنامەی حکومەت، بشکرێنە پێشمەرجی بەدەمەوەچوونی خۆپیشاندەران و هەر لایەنێکی تریش، دەکرێت بە یەک پاکێج کارییان لەسەر بکرێت و دۆخێكی براوە-براوە-براوە بەدەستبهێنرێت و دۆخی سێکوچکەی تەوافوقی “بە ئەپدەیتکراوی” وەک زامن بگەڕێتەوە نێو پرۆسەی سیاسیی عێراق.

جیالەوەش، پەناگەی ئارامی هەڵسوڕێنەرانی خۆپیشاندان هەولێر و سلێمانییە، زۆرجاریش هەرێم بە هاندانیان تۆمەتبارکراوە. بۆیە دەکرێت سوود لەو نەرمەهێزەش لە ئاراستەی دانوستاندنی پێکهێنانی حکومەت وەربگیرێت.

 

تەوەری دووەم: پێکهێنانەوەى حکومەتى عێراقى

      پاش دوو مانگ لە دەستپێلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران (عادل عەبدولمەهدی) سەرکۆماری عێراق (بەرهەم صالح) لە بارودۆخێکى دژواردا و پاش ڕەتکردنەوەى چەندین پاڵێوراوی­تر لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، سەرەتاى شوباتى٢٠٢٠، (محەمەد تۆفیق عەللاوی) بۆ پێکهێنانەوەى حکومەت ڕاسپارد. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: عەللاوى لەم ئەرکەدا سەرکەوتوو دەبێت؟ دەکرێت کورد چى بکات؟ بۆ وەڵامێکی شایستە، باشترە ڕەچاوى ئەو پێودانگانە (محددات) بکەین کە لە سایەیدا عەللاوى هەوڵى پێکهێنانى کابینەکەى دەدات:

١. پێودانگە دەستوورییەکان

کاتێک ئەنجومەنى نوێنەران دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمهدی پەسەندکرد، داواى لە سەرۆک کۆمار کرد بەپێى مادەى ٧٦ی دەستورى عێراقى٢٠٠٥، پاڵێوراوێک بۆ پێکهێنانەوەى حکومەت ڕابسپێرێت، بەپێى ناوەرۆکى ئەم مادەیەش “پێویستە سەرۆک وەزیرانى نوێ لەماوەى ٣٠ ڕۆژدا لە ڕۆژی ڕاسپاردنییەوە ناوی وەزیرەکانى دیاریبکات، ئەگەر نەیتوانى کابینەکەی پێکبهێنێت یان متمانەی بەدەستنەهێنا، ئەوا لە هەردوو حاڵەتدا سەرکۆمار کەسێکی­تر ڕادەسپێرێت تا لەماوەی ١٥ ڕۆژدا حکومەت پێکبهینێت. لە ڕوانگەی ئەم پێدراوانەوە دەکرێت پێشبینى ئەم سیناریۆیانە بکرێت:

أ- ئەگەر عەللاوى توانى کابینەکەی پێکەوەبنێت ومتمانەى ئەنجومەنى نوێنەران بەدەستبهێنێت، ئەوا لەباشترین دۆخدا هەنگاوێک کە بتوانێت هەڵیبگرێت زەمینەسازکردنە بۆ “هەڵبژاردنى پیشوەخت”.

ب- ئەگەر عەللاوى سەرکەوتوونەبوو، سەختە کەسێکی دی ڕابسپێردرێت ولەماوەی ١٥ ڕۆژیشدا کابینە پێکبهێنێت و هەلی سەرکەوتنى لە عەللاوى باشتربێت! بۆیە تاکە دەرچەى گونجاو، هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنی نوێنەرانە کە دەشێت بەپێى مادەى ٦٤ى دەستور، لەسەر داواى سێیەکی ئەندامان یان لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیران و بەڕەزامەندی سەرۆک کۆمار، بە دەنگى زۆرینەی ڕەهای ئەندامەکانی هەڵبوەشێتەوە، ئەوکات پێویستە سەرکۆمار داوا لە حکومەتى پێشووبکات بکات لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا زەمینەسازى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات.

ج- ئەگەر سەرۆکوەزیرانى دەستلەکارکێشاوە، وەک خۆى ڕایگەیاندووە، لەحاڵەتى شکستخواردنى عەللاوی-دا ئامادەنەبوو (دواى ٣٠ ڕۆژەکە) لە پۆستەکەیدا بەردەوام بێت، لەم حاڵەتەدا پۆستەکەى بە چۆڵ(خلو) دادەنرێت و سەرکۆمار (بەپێى مادەى ٨١ى دەستور) جێگاکەی دەگرێتەوە، کە دەبێت لەماوەى ١٥ڕۆژدا سەرۆک وەزیرانێکی­تر ڕابسپێردرێت تا بەپێى مادەی ٧٦، حکومەتێکى نوێ پێکبهێنێتەوە.

٢. پێودانگە سیاسییەکان

مەبەست لەم پێودانگانە، کۆى ئەو فاکتە سیاسییانەیە کە بەردەوام (لە دواى٢٠٠٣وە)، تەحەکومیان بە هەر پرۆسەیەکى پێکهێنانى حکومەتەوە لە عێراقدا کردووە، کە حکومەتەکەى (عەلاوی)یش لە کاریگەرییان بەدەرنابێت:

أ- پێودانگە ناوخۆییەکان: بە پلەى یەکەم پەرتەوازەیی پێکهاتەى ئەنجومەنی نوێنەرانە، کە قەبارەى هیچ فراکسیۆنێک (١٦%)ى کۆى ئەندامانەکانی تێناپەڕێنێت، کە ڕەنگدانەوەی فرەیی پێکهاتە ئیتنییەکانی عێراقە، وێڕای جیاوازی بیروڕا و بەرژەوەندی فراکسیۆن ولایەنەکان. لەسایەى ئەم پەرتەوازەییەدا هەر سەرۆکوەزیرانێکى نوێ لەپیناو مسۆگەرکردنى متمانە بۆ کابینەکەى ناچارە پەنا بۆ دەنگى زیاتر لە فراکسیۆنێک ببات، بەردەوامبوونى کابینەکەش (کەحکومەتى ئیئتلافیى دەبێت) بە پەسەندکردنى مەرجەکانى فراکسیۆن و پێکهاتانەوە پەیوەست دەبێت. لەپەنای ئەمەشدا، لە ئێستادا “خۆپیشاندانى تشرین” ڕەهەندێکی­ترى ناوخۆیى کاریگەرە و فشارێکى هەنووکەیى لەسەر ئاڕاستەى پرۆسەى پێکهێنانى هەر کابینەیەک دەبێت.

ب- پێودانگە دەرەکییەکان: بە پلەى یەکەم دەستێوەردانى ڕاستەوخۆ و هەژموونى ناڕاستەوخۆى هێز و ئەکتەرە نێودەوڵەتى و هەرێمایەتیەکانە لە پرۆسەى پێکهێنانى حکومەتدا، هەلایەک فشاردەکات تا قازانج و بەرژەوەندییەکانى خۆی یەکلابکاتەوە، بە تایبەت (وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و ئێران)، کە عێراق پێگەیەکی گرنگی ململانێی نێوانیانە.

لە سایەى ئەم پێودانگە سیاسیانەدا دەکرێت (لە هەوڵەکانی عەللاوی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی) دوو نەخشەڕێگا پێشینی بکرێت:

١- نەخشەڕێگایەکى ئەزموونکراو: بەهەمان شێوەى کابینەکانى پێشوو بۆ مسۆگەرکردنى متمانەى زۆرینەى ڕەهای ئەنجومەنى نوێنەران، پەنا بۆ دانانى وەزیرەکان لە نێو سەران، ئەندامانى فراکسیۆن وقەوارە تەقلیدییەکان ببات، لەگەڵ ڕەچاوکردنى هاوسەنگى نێوان پێکهاتە سەرەکیەکان (شیعە، سوننە، کورد) بەپێى بنەماى پشکپشکێنە (محاصصە)، بەمەش پێناچێت هەلی بەردەوامبوونى لە کابینەى پیشوو باشتر بێت، بەتایبەت کە مەرجێکى خۆپیشاندەرانە کە نابێت کابینەکە لە کەسانى نێو ئەو قەوارانە و لەسەر بنچینەى پشکپشکێنە پێکبهێنرێت.

٢- نەخشەڕێگایەکى نوێ: بێ ڕەچاوکردنى ڕەزامەندى فراکسیۆنە تەقلیدییەکان و خواستى پێکهاتەکان، عەللاوى، وەزیرەکانى لە کەسانى سەربەخۆ وبێلایەن هەڵبژێرێت، بەمەش هەرچەندە ئەگەرى بەدەستێهێنانى متمانەى ئەنجومەنى نوێنەران مسۆگەرناکات، بەڵام دەشێت بە کێشکردنى پیشتیوانى خۆپیشاندەران فشار لەسەر زۆرینەى فراکسیۆنە شیعییەکان دروست بکات تا متمانە بە کابینەکەى ببەخشن.

بەگشتى ڕەنگە نەخشە ڕێگاى دووەم هەلی جێبەجێبوونى زیاتربێت، چونکە ڕێگە دەدات دۆخەکە بۆ قۆناغێکى ڕاگوزەر هێوربکاتەوە، ئەمەش لەلایەک سەرکەوتنێکى هێمایی بۆ خۆپیشاندەرانە، لەلایەکی­تر بوار بە فراکسیۆن و قەوارە باوە هەژمووندارەکان دەدات تا ماوەیەک (لانیکەم ساڵێک یان زیاتر)، تەمەنى ئەنجومەنى نوێنەران درێژە پێبدەن و تەمەنێکی زیاتریش بە دەستکەوتەکانیان بدەن.

لەکۆتاییدا، عەللاوى بە هەرکام لەو نەخشەڕێگایانەى سەرەوە لە پێکهێنانى کابینەکەیدا سەرکەوتووبێت، ئەوا گەورەترین کارێک بتوانیت ئەنجامی بدات، بریتییە لە زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنى پیشوەختی نوێنەران، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەوەش نەتوانێت ئەوا ئەگەری دوو سیناریۆ هەیە:

أ- دریژەپێدانى ئەم خولەى ئێستا تا کۆتایى، بە هێورکردنەوەى خۆپیشاندانەکان یان سەرکوتکردنیان لەڕێگەی میلیشیای کوتلەکان.

ب- قوڵبوونەوەى قەیرانەکان و لەگرێژنەدەرچوونى دۆخەکە بەرەو پەشێوی و توندوتیژى بەشێوەیەک دۆخەکە لە کۆنترۆڵى هێزەکانى ئێستادا نەمێنێت.

لە هەموو ئەگەرەکاندا، پێدەچێت تەمەنى کابینەکەى عەللاوى کورتخایەن بێت، بۆیە باشترە کورد بایەخ بە وەرگرتنى پۆستەکان نەدات بەڵکو لەو قۆناغە ڕاگوزەر (انتقالی)یەدا، هەوڵى هێورکردنەوەى دۆخەکە بدات، تا بتوانێت لە داهاتوودا (بەپێى ئەو ڕۆڵە پۆزەتیفەى کە لاى خۆپیشاندەران و قەوارەکاریگەرەکان جێى دەستخۆشى دەبێت)، بەڵێنی بەدیهینانى هەندێک لە ئامانجەکانى لە پرسی ناوچە جیناکۆکەکان، بەشەبودجە، پێشمەرگە و مەسەلەى وزە وەدەست بخات.

 

تەوەری سێیەم: هه‌رێمی سوننه ‌و ئاینده‌ی فیدراڵییه‌تی عێراق

      دامه‌زراندنی عێراق (ساڵی١٩٢١)، وه‌ك ده‌وڵه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌مای ناوەندگەرێتی سیاسی، كارگێڕی و باڵاده‌ستی پێكهاته‌یه‌ك داڕێژراوه‌. ده‌وڵه‌تی ناوەندی نه‌یویست و نه‌یتوانی پێكهاته‌كانی­تر (به‌ تایبه‌ت كورد و شیعه)،‌ له‌ خۆبگرێت. به‌م شێوه‌یه‌ داڕشتنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای فیدراڵی (پاش٢٠٠٣) بژارده‌یه‌كی گونجاو بوو بۆ وڵاتێكی فره‌پێکهاتە. ده‌ستوری٢٠٠٥ی عێراق سه‌رباری جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ فیدڕاڵییه‌تی ده‌وڵه‌ت، ئەم دەوڵەتە به‌ پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كانی ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی، هێشتا ناته‌واو‌(ناقص)ه و پێویسته‌ بۆ مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ جێگیرتر و په‌ره‌ی زیاتری پێبدرێت.

بیرۆكه‌ی هه‌رێمی سوننه‌: هۆكار وگرفته‌كان

هەر‌چه‌نده‌ له‌كاتی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری٢٠٠٥ و پاشتریش زۆرینەی سوننه‌ دژی فیدڕاڵیه‌ت وبیرۆكه‌ی هه‌رێم بوون، به‌ڵام له‌ ئێستادا به‌شێكیان به‌شێوه‌یه‌كی­تر بیری لێده‌كه‌نه‌وه‌.

 ره‌نگه هه‌ستكردن به‌ په‌راوێزكەوتنی ئابوری و كارگێری و هه‌ڕه‌شی ئاسایشیی، پێویستی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پایته‌خت له‌ ناوچه‌كانیان، پاڵپشتی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی سێ هۆكاری سەرەکی بیركردنه‌وه‌ی عەرەبە سوننه‌كان بێ له‌ “هه‌ڕێمی سوننه”‌.

 له‌لایه‌كی­تره‌وه‌ زۆربه‌ی پارێزگاره‌ سوننه‌ نشینه‌كان دراوسێی هه‌رێمی كوردستانن، به‌راوردكردنی ئه‌زمونی كوردستان له‌روی ئاوه‌دانی، خزمه‌تگوزاری، ئاسایش و په‌یوه‌ندییه‌ هەرێمایەتی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كان دیاره‌ جێی به‌راورد نه‌بووه‌، بۆیه ‌ده‌كرێت ئه‌م مۆدێله‌ش پاڵنه‌رێكی­تریان بێت بۆ بیركردنه‌وه‌ لە هه‌رێمێكی سوننی تا لەڕووی ئابوری، ئاوه‌دانی، ئاسایشیی وپه‌یوه‌ندی ده‌ره‌كییان نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆبن و رۆڵێكی زیاتر له‌هاوكێشه‌ هەرێمایەتییەکاندا بگێڕن.

دروستكردنی هه‌رێمێكی تایبه‌ت به‌ سوننه‌ بێ كێشه‌ نیه‌، لە ‌گرنترینیان:

١- یه‌كده‌نگنه‌بونی سوننه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی هه‌رێمه‌كه‌، پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان وسه‌ركرده‌كانیان (له‌به‌ر چه‌ندین هۆكاری جیاواز) ڕادەی‌ مه‌یلیان بۆ به‌هه‌رێمبوون جیاوازە.

٢- له‌ڕووی جیۆپۆله‌تیكی ودیمۆگرافییه‌وه،‌ سەختە‌‌ هه‌رێمێكی سوننی له‌سه‌ر بنه‌مای تایفی پێکبهێنرێت. پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان، جگه‌ له‌ ئه‌نبار، له‌روی دانیشتوانه‌وه‌ هۆمۆجین نین، كورد به‌شێكی زۆری پارێزگای موسڵ پێكدەهێنێت، بوونی شیعه ‌و كورد له‌ سه‌ڵاحه‌ددین و دیاله‌، هه‌روه‌ها پەیوەستی جوگرافی، کارگێڕی، ڕێگاوبان وئابوری ئه‌م چوار پارێزگایه‌ له‌ ئێستادا ئه‌سته‌مه‌.

٣- له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ سوننه‌كان جگه‌ له‌ كێشه ‌ناوخۆییه‌كانیان و جیاوازی پێكهاته‌ی دیموگرافی، كۆمه‌ڵایه‌تی و پێگه‌ی ئابووریی، كێشه‌ی دیکەیان له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆیان هه‌یه‌، له‌لایه‌ك قورسە‌ شیعه‌كان به‌گشتی هه‌رێمێكی یه‌كگرتووی سوننه‌ پەسەند بکەن، به‌ تایبه‌ت گه‌ر مۆركێكی سیاسی هه‌بێت. هه‌ستیاری جوگرافیایی سوننه‌كان له‌ سنورەکانی سوریا، ئوردن، عەرەبستان و ئێران كێشه‌كه‌ بۆ به‌غدا قورستر ده‌كات. لێره‌دا ململانێی ئێستای ئه‌مریكا وئێران له‌عێراق ئه‌وه‌نده‌ی تر كێشه‌ی هه‌رێمی سوننه‌ ئاڵۆز ده‌كات و ڕه‌هه‌ندی ستراتیژی، نێوده‌وڵه‌تی وئاسایشیی بۆ دروست ده‌كات.

٤- له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌، هه‌رێمی سوننه‌ داهاتێكی ئه‌وتۆی نییه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ پاڵپشت بكرێت، گه‌ر سوننه‌كان سه‌رچاوه‌ی­دیکەی داهات بۆ هه‌رێمه‌كه‌یان دابین نه‌كه‌ن، ئه‌سته‌مه‌ به‌غدا بەبێ مه‌رجی سیاسی، پشتگیریی دارایی عادیلانه‌یان بكات، به‌تایبه‌ت ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كان به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ ئێستا وێرانكراوه‌ و پێویستی به‌ هاوكاری ئابووریی زۆر هه‌یه‌.

٥- له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ گەرچی هه‌موو پارێزگایه‌ك یان چه‌ند پارێزگایه‌ك ده‌توانن له‌ هه‌رێمێكدا خۆ ڕێكبخه‌ن، به‌ڵام له‌ پراكتیكدا ئه‌سته‌مه،‌ چونكه لانیکەم لە ئێستادا بەهۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و به‌هۆی حكومه‌تی كاربه‌رێكه‌رەوە، له‌ڕووی یاساییەوە درووستكردنی هه‌رێمێكی سوننه‌ به‌پێی یاسای پێكهێنانی هه‌رێمه‌كان مه‌حاڵه‌، هه‌ر حكومه‌تێكیش له‌م دۆخه‌دا بێتەكایه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ پەسەند بكات.

كورد و هه‌رێمی سوننه‌: هەل و كێشه‌كانی

بوونی هه‌رێمێكی سوننه،‌ هەلێک ده‌خاته‌ به‌رده‌م كورد‌، چه‌سپاندنی فیدراڵیه‌تی عێراق به‌پێکهاتنی هه‌رێمی دووه‌م، نیگه‌رانی كورد له‌ناجێگیریی وناكامڵی فیدراڵییه‌ت كه‌مده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانیش ده‌بێت بۆ داواكاری هه‌رێمه‌كان له‌نێو حكومه‌تی فیدڕاڵدا، به‌مه‌ش كورد ده‌توانێت رۆڵێكی فراوانتر له‌به‌غدا بگێڕێت و له‌چه‌ندین كێشه‌ی ده‌ستوری وه‌ك ئه‌نجومه‌نی فیدڕاڵی(دووه‌م)، پشك وده‌سه‌ڵاته‌ دارایی، ده‌ره‌كیی و ئاسایشییەکان پاڵپشتی یه‌كتربن.

  به‌ڵام سه‌رباری لایه‌نه‌ ئه‌رێنییه‌كانی هه‌رێمی سوننه‌نشین، مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌دابڕاوه‌كان كێشه‌ی سه‌ره‌كی كوردو هه‌رێمی سوننه‌ ده‌بێت. سوننه‌كان گه‌ر بیانه‌‌وێ سه‌قامگیری سیاسیی-كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دیبێنن، پێویسته‌ كێشه‌ی سنور له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی كوردستان وشیعه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، ناوچه‌ كور‌دنشینه‌كانی كه‌ركوك، موسڵ، سه‌ڵاحه‌دین ودیاله لای كورد، هه‌روه‌ها ناوچه‌ شیعه‌نشینه‌كانی سه‌ڵاحه‌دین، دیاله ‌وئه‌نبار لای شیعه‌ كێشه ‌وبه‌ربه‌ستی راسته‌قینه‌ی پێکهاتنی هه‌رێمی سوننه‌ی یه‌كگرتووه‌.‌

سیناریۆكان

١- مانەوه‌ی دۆخی ئێستا؛ په‌رته‌‌‌وازه‌یی سوننه‌ و نه‌بوونی سه‌ركردایه‌تی، گوتارێكی به‌هێز و یه‌كگرتو و دابه‌شبونیان به‌سه‌ر چه‌ندین ئاراستە و لایه‌نی ناوخۆیی و کاریگه‌ری ده‌ره‌كیدا، ره‌نگه‌ وابكات ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ته‌نها له‌سه‌ر كاغه‌ز بمێنێته‌وه‌ دۆخی ئێستا وه‌ك خۆی به‌رده‌وام بێت.

٢- دروستبونی هه‌رێمێكی سوننە له‌یه‌ك پارێزگا؛ به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندی پارێزگایه‌ك، ئاسانی رێوشێنه‌ یاساییه‌كه‌ی، كه‌می كێشه‌ سیاسیه‌كانی تایبه‌ت به‌سنوری كارگێڕی و بوونی پاڵپشتی ده‌ره‌كی، دوور نیه‌ یه‌كێك له‌و پارێزگایانه‌ خۆی وه‌ك هه‌رێمێكی سوننه‌ رێكبخاتەوە( ئه‌نبار له‌ پێشه‌وه‌و پاشان موسڵ).

٣- فراوانكردنی ده‌سه‌ڵاتی پارێزگاكان؛ بۆ رێگه‌گرتن له‌ته‌شه‌نه‌سەندنی مه‌یلی خۆبه‌هه‌رێمكردن ومانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌پایته‌خت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی فیدڕاڵدایه‌ ده‌سه‌ڵاتی زیاتر(به‌تایبه‌ت كارگێڕی و دارایی)، بداته‌ پارێزگا سوننه‌كان. بۆیه‌ له‌ئه‌گه‌ری یه‌كده‌نگنه‌بوونی گوتاری سوننه‌كان وئاماده‌یی حكومه‌تی به‌غدا بۆ فراوانكردنی ده‌سه‌ڵاته‌ ناسیاسییه‌كان ره‌نگه‌ جۆرێك له‌فیدڕالییه‌تی ئابووری، له‌سه‌ر بنه‌مای پارێزگاكان دروست ببێت.

٤- پێکهێنانی هه‌رێمێكی سوننه‌ی یه‌كگرتوو؛ هه‌رچه‌نده‌ له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار، پێکهاتنی ئه‌م هه‌رێمه‌ سەختە، به‌ڵام مه‌حاڵیش نیه‌، ده‌كرێت هه‌رێمەکە‌ جیا له ‌كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای مافه‌ ئابوری وئه‌منییه‌كان دابرێژرێت. هه‌روه‌ها دورنیه‌ دوای پێکهێنانی هه‌رێمێك له‌پارێزگایه‌كی سونه‌دا دواتر بۆ چه‌ندین پارێزگای دیکە په‌لبهاوێژێت. به‌ڵام زۆر له‌م ئه‌گه‌رانه‌ په‌یوه‌ستن به‌ ئاینده‌ی ململانێی ئه‌مریكا-ئێران له‌عێراق و توانای مانۆڕی سیاسیی سه‌ركرده‌كانی سوننه‌ وپاڵپشتی ناوخۆیی و ده‌ره‌كییەوە.

 

تەوەری چوارەم: كشاندنه‌وەی هێزه‌كانی ئه‌مريكا له‌ عێراق

بڕيارى كوشتنى قاسم سلێمانى و ئه‌بومەهدى موهه‌نديس، راسته‌وخۆ دواى ئه‌و زنجيره‌ ڕووداوه‌ خێرايانه‌ هات كه‌ عێراق له‌ماوه‌يه‌كى كورتدا به‌خۆيه‌وه‌ بينى، وه‌ك زنجيره‌يه‌ك ڕووداوى پەیوەست په‌يوه‌ندى و كاريگه‌رييان له‌سه‌ر يه‌كتر جێهێشت، هێرشه‌ مووشه‌كيەکانی حيزبوڵای عێراقی بۆسه‌ر بنكه‌ى سه‌ربازى ئه‌مريكا له‌ بنكه‌ى كه‌ى وه‌ن(K1) له‌ كه‌ركوك و كوژران و برينداربوونى چه‌ند سه‌ربازێك، پەرچه‌كردارى ئه‌مريكا و هێرشه‌كانى بۆ سه‌ر بنكه‌كانى حيزبوڵا له‌ سنورى سوريا، هێرشكردنه‌ سه‌ر باڵێۆزخانەی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئه‌مريكا له‌ ناوچه‌ى سه‌وزى به‌غدا (وه‌ك په‌رچه‌كردارێكی‌ تۆڵەسێنی كرده‌ سه‌ربازييه‌كان)، ڕێره‌وى ڕووداوه‌كان و ململانێی ئه‌مريكا و ئێرانی به‌ره‌و توندوتيژى ئاراستە کرد، ئه‌م دۆخه‌ واى كرد‌ په‌رله‌مانى عێراق(کوتلە شیعەکان)، له‌ 5ى کانوونی دووەم2020، بڕيارێكى “ناپابەندی” ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد بۆ‌ ده‌ركردنى هێزه‌ بيانيه‌كان له‌ عێراق، هه‌رچه‌نده‌ بوونى هێزه‌ بيانييه‌كان له‌ عێراق ، له‌ ناو ئه‌وانيشدا هێزه‌كانى ئه‌مريكا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پرۆسه‌ى ڕزگارکردنی عێراق لەدەستی ڕژێـمی بەعس له‌ نۆى نيسانى 2003، بەڵام له‌ ساڵى 2008حكومه‌تى عێراق ‘رێكکه‌وتنى ئاسايش’ى له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا ئيمزاكرد و بەو پێیە هێزه‌كانى ئه‌مريكا له‌ ساڵى 2008 تا 2011 زۆربه‌ى هێزه‌كانى له‌سه‌رده‌مى ئۆبامادا له‌ عێراق كشانده‌وه‌.

بوونی هێزی ئەمریکا لە ئێستادا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 2014 و مەترسیی داعش و بەتایبەت نزیکبوونەوەی داعش لە بەغدای پایتەخت، عێراق له‌ ڕێگه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وەوە‌ داواى له‌ نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان كرد،  هاوكارى سه‌ربازى بكات، ئه‌م داواكارييه‌ و مه‌ترسيیه‌كان له‌سه‌ر ئاسايشى جيهان، بووه‌ هۆى پێکهێنانی هاوپه‌يمانێتییەکی نێوده‌وڵه‌تى به‌سه‌رۆكايه‌تى ئه‌مريكا و بەشداریی 66 دوڵه‌تی­تر.

سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا دواى ڕووداوه‌كانى كوژرانى سوله‌يمانی

 گرنگترين ئامرازه‌كانى  ئيدراكى سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا له‌ به‌ ئامانجگرتنى سوله‌يمانى بريتيه له‌ئامرازى ‘گه‌مارۆدان و رێگه‌ گرتن له‌ فراوانخوازى’ی ئێران، كه‌ سوله‌يمانى له‌ ناوچه‌كه‌دا جوڵێنه‌رو ئاراستەکاری بوو. گەرچی‌ به‌ِشێك له‌ شرۆڤەکانی سياسه‌تى ده‌رەکیى ئه‌مريكا سه‌رده‌مى ترەمپیان به‌ناجێگير و پەشێوی ناودەبرد، به‌ڵام وا دەردەکەوێت له‌ بڕياری لەناوبردنی سوله‌يمانیدا، ورد ئامانجی پێکابێت و فراوانخوازى ئێرانی و پرۆئێرانییەکانی له‌ ناوچه‌كه‌ گه‌مارۆ دابێت.

سیناریۆ و بژارده‌كانى  ئه‌مريكا

ئه‌مريكا له‌ دواى ئه‌م ڕووداوانه‌ و بژارده‌ سنووردارەکانی (به‌ تايبه‌تى له‌ ئێستادا کە نه‌ياره‌كانى زۆرترن)، ركابه‌ره‌كانيشى له‌ عێرا ق و سوريا بێورنگ سەختگیرتر دەبن، بژارده‌كانى ئه‌مريكاى كه‌متر كردۆته‌وه‌، گرنگترینیان ئەمانەن‌:

1ـ دووباره‌ بڵاوەپێكردنه‌وه‌ى هێزه‌كانى  ئه‌مريكا( اعادة الانتشار)، ئه‌مريكا  ١٣ بنكه‌ى سه‌ربازى له‌ عێراقدا هه‌يه‌، پاش بەئامانجگرتنى هێزكانی، پێويسته‌ واشنتۆن ڕەنگە جارێكى­تر کۆی هێزه‌كانى له‌ ڕووى جۆرایەتییەوە ( شه‌ركه‌ر ، تايبه‌ت ، پارێزه‌ر، راوێژكار، راهێنه‌ر ) بەسەر له‌ چوار بنكه‌دا دابه‌ش بكاته‌وه‌، باشترين بژارده‌ش هه‌ريه‌ك له‌ بنكه‌كانى ‘فرۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر، كه‌ركوك، عەینولئه‌سه‌د و فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غدا’ن، هه‌روه‌ها دامه‌زراندنى سيسته‌مى به‌رگرى ‘پاتريۆت’ و دووریش نییە ژماره‌ى سه‌رباز، ڕاگرتنى ڕاهينان و راوێژکارانی لە عێراق کەمبکاتەوە.

2ـ هه‌ڵبژاردنى رۆژئاواى عێراق، به‌ دياريكراوى پارێزگاى ئه‌نبار وبه‌ هێزكردنى بنكه‌كانى و پاراستنى هێزه‌كانى ئه‌مريكا و به‌ده‌ستهێنانى پشتگيریى پێكهاته‌ى سوننه‌.

3ـ گواستنه‌وه‌ى هه‌موو بنكه‌و باره‌گا سه‌ربازييه‌كانى هێزه‌كانى بو هه‌رێمى كوردستان و جێگیردکردنیان له‌ هه‌رێمى كوردستان.

4ـ كشاندنه‌وه‌ى هه‌موو هێزه‌كانى ئه‌مريكا له‌ عێراق و سه‌پاندنى سزاى ئابووریی به‌سه‌ر عێراقدا و كشاندنه‌وه‌ى عێراق له‌ هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژ به‌ داعش، له‌م دۆخه‌دا زياتر عێراق پشت ئه‌ستور بێت به‌ هێزه‌كانى ناتۆ و جێگه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مريكا بگرێته‌وه‌.

 ئه‌م بژاردانه‌  له‌به‌رده‌م ئه‌مريكادان، به‌ڵام بژارده‌ى هه‌ره‌ به‌ هێز ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌مريكا دوباره‌ بڵاوەپێكردنه‌وه‌ى هێزه‌كانى  ئه‌نجام بدات،.بژارده‌ى ناوچه‌ى سوننه‌و كوردستان بۆ هێزه‌كانى پارێزراوتره، به‌ڵام بۆ پاریزگاری باشتری به‌رژوه‌ندييه‌ ئابورييه‌كان و سەرچاوەکانی ووزه‌، هه‌موو عێراق بۆ ئه‌مريكا گرنگ ‌و ستراتيژيتره‌. ئەڵبەت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان هاوسه‌نگى له‌ نێوان به‌رژەوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا و فشار و به‌رژە‌وه‌ندييه‌كانى ئێران رابگرێت، بژارده‌ى يه‌كه‌م بۆ كوردستان باشتره‌.

کورد و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا

پێنجی کانوونی دووەم،  ئەوکاتەی په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگى له‌سەر پڕۆژه‌بڕيارى دەركردنى هێزه‌ بيانييه‌كان دا، هه‌موو فراكسیۆنه‌ كوردييه‌كان به‌ شێوه‌يه‌كى يه‌کگرتوو بەشداریکردنیان بایکۆت کرد، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ناوه‌نده سیاسییەکانی شيعەشدا كاردانه‌وه‌ى نه‌رێنى لێكه‌وته‌وه، لەگەڵ ئەوەشدا حكومه‌ت و سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم به‌ فه‌رمى ڕايانگه‌ياند كە هێشتا مەترسيى ئاسایشیی له‌ سه‌رعێراق و هه‌رێمى هه‌يه‌ و‌ مانه‌وه‌ى هێزه‌ بیانییەکان پێويستە.

كوردستان (به‌لايه‌نى كه‌مەوە) ده‌بێت له‌ دوو ڕوانگەوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گە‌ڵ ئه‌م پرسەدا‌ بكات، لايه‌نى ئاسایشی، كه‌ تێیدا ئه‌مريكا وه‌كو هێزێكى پاڵپشتى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت، لايه‌نى دووه‌م بابه‌تى پشتگيریی سياسی بۆ كوردستان. به‌شێكی دیار له‌ سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ی ئه‌مريكا پێشنيارى مانه‌وه‌ى هێزه‌كانی وڵاتەکەیان لە هەرێمی کوردستان دەکەن، بەوپێودانگەی كوردستان شوێنێكى پارێزراوترە، له‌لايه‌كى­تره‌وه‌ كورد هاوپه‌يمانێكى بەردەوامی ئه‌مريكايە و تاراده‌يه‌ك كيانێكى سياسيیە و ده‌كرێت مانەوەی ئه‌مريكيه‌كان بۆ ماوەیەکی درێژتر مسۆگەر بکات، ره‌نگە‌ دورمه‌ودا ئه‌م كيانە، بكرێتە ده‌وڵه‌ت و ئه‌مريكاش پشتیوانی بكات، به‌ڵام ئه‌م بژارده‌يه‌ له‌به‌رده‌م دوو ئاڵنگاریی گه‌وره‌دايه‌: یەکەم ناوخۆيی، چونکە دوور نييه‌ حكومه‌تى عێراق و شيعەی سیاسی‌، بير له‌ هه‌ڵپه‌ساردنى په‌يوه‌ندييه‌كان و گرتنى هه‌موو ده‌رچەسياسیی و ئابورييه‌كان بكاته‌وه‌، وه‌كو چۆن له‌ دواى ئه‌نجامدانى ريفراندۆمى ساڵى 2017، به‌رامبه‌ر به‌ هەرێم کردی و تەنانەت رێگه‌ى ئاسمانيشى به‌سه‌ركوردستاندا داخست.

ئاڵنگارى دووه‌م، فشارى هه‌رێمی(اقلیمی) بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان به‌ تايبه‌تى ئێران، بۆ كوردستان راگرتنى هاوسه‌نگى له‌ نێوان به‌رژە‌وه‌ندييه‌ دژبه‌يه‌كه‌كانى ئه‌مريكا و ئێران كارێكى ئاسان نيه‌، به‌ تايبه‌ت كه‌ ئێران خاكى هه‌رێمى كوردستان بە قوڵایی ستراتيژى و سه‌ربازى خۆى دەزانێت.

 PDFڕانانى-ئایندەیی-ژمارە-1-کوردى

PDFقراءات-مستقبلية-1-عربي

Futuristic Readings No.1 -English

Send this to a friend