• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 14, 2024

فیقهی پێكەوەژیان نامسوڵمانان لە كۆمەڵگەی ئیسلامیدا

ڕانانی: ئلیاس تاهیر

(فقه التعايش) غير المسلمين في المجتمع الاسلامي صفوفهم و واجباتهم لە نووسینی نووسەری بەناوبانگی ئێرانی (روح الله الشريعتى)يه، کە عەلی دەهر جەزائیری کردوویەتی بە عەرەبی. نووسەر لە 1968 لە ئەردستانی ئێران لە دایک بووە، لە ژیانی ئەکادیمیدا دوو بواری گرنگی کۆ کردووەتەوە، یەکەمیان خوێندن لە حەوزەی زانستی کە زانستەکانی شەرعی و فیقهی تێدا دەخوێنرێت، لەگەڵ گرنگیدان بە زانستە سیاسییەکان، دووەمیان خوێندنی بەشی یاسا و بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا لەم بوارەدا لە پسپۆڕی یاسای گشتی نێودەوڵەتی (القانون الدولی العام). بەم هۆکارە نووسەر مەیدانی نووسین و گرنگیدانی بە بوارەکانی یاسا و شەریعەت لە زۆر کاتدا بەیەکەوە بەستووە و کتێب و توێژینەوەی زۆری بەردەست خستووە.

پێکەوەژیان وەک یەکێک لە گرنگترین بوارەکانی گرنگی پێدان لە لایەن هەموو ئایینەکانەوە، پێگەیەکی گرنگ لە بابەتە سەرەکی و ئامادەکانی ڕۆژانەی ئەم ئایینانە داگیر دەکات، چونکە دەکرێت، بڵێن پێکەوەژیان دەبێتە چەقی فەلسەفە و هۆکاری دابەزینی ئایین و دانانی پەیڕەوی بۆ ژیانی مرۆڤ لەلایەن ئەم ئایینانە.

لەبەر ئەمەیە نووسەر لە دووتوێی ئەم پەرتووکەدا بە شێوەیەکی زۆر ورد باس لە پێکەوەژیانی نێوان موسڵمانان و شوێنکەوتوانی ئایینەکانی تر دەکات لە کۆمەڵگەیەکی موسڵماندا، مافیان دیاری دەکات و ئەرکەکانیان ڕوون دەکاتەوە، لە پێشەکی ئەم پەرتووکەدا بە هەندێک پرسیاری گرنگ دەستی پێ کردووە، گونجاوە بڵێین نووسەر هەر لە سەرەتاوە ویستویەتی ڕێگەی سەلماندنی گرنگیدانی ئایینی ئیسلام بە پێکەوەژیان بچەسپێنێت، کە پرسیویەتی ئایا لەو هەزار و چوار سەد ساڵەی تەمەنی ئیسلام کامە کۆمەڵکوژی کردووە دژی کەمینەکان، یان ئایینەکانی تر بە هۆی جیاوازی ئایینەوە؟ لە چ کاتێکی مێژوودا ئەمە تۆمار کراوە؟ ئایا ئەو پاراستنەی کە موسڵمانان لە خۆیان کردووە بەرامبەر هێرشی دوژمنانیان لە کاتی هێرشکردنە سەریان، دەکرێت بە کوشتار و کۆمەڵکوژی بناسێنرێت؟ زۆرێک لەم پرسیارانەی کە نووسەر بە ڕوونی تێیدا بە دیوێکی تر و بە ناڕاستەوخۆ وتویەتی کە ئایینی ئیسلام ئایینی پێکەوەژیانە زیاتر لەوەی بەرنامە و بڕیاری کوشتن و لەناوبردنی ئایین و کەمینەکانی تر بێت.

لەم پەرتووکەدا نووسەر بە گرنگیدان بە لایەنەکانی (فیقهی، مافی شیکردنەوە، مێژوو، گێڕانەوە، بەدواداچوون) هەوڵی شیکردنەوەی داوە بۆ ڕوونکردنەوەی بنەما گرنگەکانی پێکەوەژیان.

نووسەر لە کتێبەکەدا دابەشکاری کردووە بۆ چوار بەش و پاشکۆیەک، کە هەر بەشێک بە شێوەیەکی ڕوون و ورد پێشەکی و ناوەرۆک و دەرەنجامیشی هەیە، هەموو بەیەکەوە تەواوکەری بیر و تێگەیشتنی نووسەرە بۆ بابەتی پێکەوەژیان.

لە بەشی یەکەمی ئەم پەرتووکەدا نووسەر هەوڵی داوە چەمک و بابەتە گشتییەکانی پەیوەست بە پێکەوەژیان ڕوون بکاتەوە، کە دابەش کراوە بۆ دوو تەوەری سەرەکی.

لە تەوەرەی یەکەمدا نووسەر دابەشکاری کردووە بۆ ئەوانەی باوەڕیان بە ئایینی ئیسلام نەهێناوە بۆ دوو دەستە، یەکەمیان ئەو بێباوەڕانەی کە هاووڵاتین، واتە نیشتەجێی ژێر دەسەڵاتی موسڵمانانن، دووەمیان بێباوەڕانی دەرەکی، ئەوانە دەگرێتەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی دەژین.

ئەوەی پەیوەندی بە بێباوەڕانی دەرەکی هەیە، دەکرێت بە دوو بەشەوە، لە ڕووی مامەڵە لەگەڵکردن، ئەوانەی کە پەیماننامەیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی دەبێت، یاخود دژایەتی نەکەن، ئەوانە بە پێی هەندێک بنەما و ڕێوشوێن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و بە شێوەیەکی ئاسایی دەردەکەوێت، بەڵام ئەو بێباوەڕانەی دژایەتی موسڵمانان بکەن ئەوا بە گشتی هیچ پاراستنێکیان نییە و زۆر کات توندوتیژی جێگەی پەیوەندی دەگرێتەوە.

بەڵام بێباوەڕانی نیشتەجێی دەوڵەتی ئیسلامی جۆری پەیوەندی و مامەڵەیان جیاوازە، کە ئەمانیش دەکرێن بە دوو دەستە، یەکەمیان خاوەن (ئایینە ئاسمانییەکان) (أهل الذمة)، دووەمیان پەنادراوان (المستأمنین)، سەبارەت بە توێژی یەکەمیان، کە بریتین لە خاوەن کتێبە ئاسمانییەکان بە پێی گرێبەستێک بە پێدانی سەرانە بە دەسەڵاتی ئیسلامی پێکەوە لەگەڵ موسڵمانان دەژین و مافی هاووڵاتیبوونیان بە دەست دەهێنن، بەڵام دەستەی دووەم کە کتێبی ئاسمانیان نییە، یا هەرچەندە نووسەر وردتر شی کردووەتەوە و باسی کردووە، بەڵام پوختەی تێڕوانینی ئەمەیە کە ئەوانیش دەتوانن بە هەر جۆرێک گرێبەست لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی پێکەوەژیان هەڵبژێرن و مافی هاووڵاتیبوون بە دەست بهێنن، نووسەر لەم تەوەرەدا بەڵگە و بابەتی زۆری خستووەتەڕوو بۆ سەلماندنی هەبوونی باوەڕی پێکەوەژیان لە لای موسڵمانان لەگەڵ هەموو ئایین و ئایینزاکانی تری ناو کۆمەڵگە بە مەرجێک هەبوونی پەیماننامە و ڕێککەوتنی ڕوون و ئاشکرا لە نێوان هەردوولا کە گرنگترین خاڵ تێیدا دژایەتی نەکردنی ئایینی ئیسلامە، یاخود شکاندنی بنەما سەرەکییەکانی لە کۆمەڵگەدا. هەروەها نووسەر لەم بەشەدا گرنگی زۆری داوە بە تیۆری یەکسانکردن و وشەی (أهل الذمە) و (المستأمنین) بە چەمکی هاووڵاتیبوون بە مانا و مەبەستە نوێیەکەی لە سەردەمی ئێستادا، کە نووسەر پێی وایە لە کۆتاییدا هەموو بە گشتی دەبنەوە هاووڵاتی و یەکسانن لە بەردەم یاسا و لەناو کۆمەڵگەدا.

لە تەوەری دووەمی ئەم پەرتووکەدا، نووسەر باس لە بابەتی بنەما دەرەکییەکانی پەیوەندی نێوان موسڵمانان و خاوەن ئایین و بیروڕا جیاوازەکان دەکات، لە شەش بنەمای سەرەکیدا کۆیان دەکاتەوە، کە هەموو ئەم بنەمایانە تێڕوانینی دینی ئیسلامن بۆ جۆری پەیوەندی بە ئایینەکانی ترەوە و وەک نووسەر پێداگری کردووە، دەبێت بەرپرسانی موسڵمانان و دەسەڵاتداران پێوەی پێویست بن، بنەماکانیش بەم شێوە ڕێکخراوە .

بنەمای یەکەم: ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتداری بە سەر موسڵماناندا، مەبەست لەم بنەمایە ئەوەیە کە لە کاتێکدا موسڵمانان شوێنکەوتوانی ئایینەکانی تر بەیەکەوە دەژین لە یەک کۆمەڵگەدا و تێیاندا موسڵمانان دەسەڵاتیان هەیە، نابێت غەیری موسڵمانان دەسەڵات و بە پرسیاریەتی سەرپەرشتیاریان هەبێت لەسەر موسڵمانان، دەبێت ئەمە ڕەچاو بکرێت لە هەموو بوارەکانی مامەڵە و گرێبەستێکی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، سیاسی، دادوەری، سەربازیش، هەر یاسا و ڕێککەوتنێکیش هەبێت پێچەوانەی ئەم بنەمایە، بە هەڵوەشاوە ئەژمار دەکرێت و کاری پێ ناکرێت.

بنەمای دووەم: بانگەواز کردن بۆ ئیسلام:

پشتبەست بەم بنەمایە نووسەر لەگەڵ پێکەوەژیان و ڕێزی ئایین و پێدانی مافی هاووڵاتیبوون بە شوێنکەوتوانی ئایینەکانە لە کۆمەڵگەی موسڵماناندا، هەروەک بە پێویستی دەزانێت بە زمانی شیرین و بەڵگەی جوان و زانستی بەبێ هیچ مەرج و زۆرلێکردنێک موسڵمانان بانگی ئەوانی تر بکەن بۆ ناو ئایینی ئیسلام و هاتنە نێو ڕێزی موسڵمانان، کە نووسەر ئەمە وەک ئەرکێکی گرنگ و پاشان پیرۆز دەبینێت و پێویستە پەیڕەو بکرێت بە بەرنامەی ڕێکوپێک و چاودێری ورد، چونکە لە ئایینی ئیسلامدا زۆرلێکردن نییە، تەنیا بانگکردن و ڕوونکردنەوەی بنەماکانی ئایین ڕێگە پێدراوە.

بنەمای سێیەم: نزیککردنەوەی دڵەکان و دروستکردنی ڕێز و خۆشەویستی نێوان موسڵمانان و ئەوانەی تر کە پێکەوە دەژین، لەم بنەمایەدا نووسەر پێداگری کردووە لە هەبوونی بەرنامە و پلانی تۆکمە لەلایەن دەسەڵات و موسڵمانانەوە بۆ دروستکردنی شێوازێک لە خۆشەویستی، یاخود ڕێز، یاخود سۆز و بەزەیی لە نێوان هەردوولادا بۆ ئەوەی پێکەوەژیان چەسپاو بێت، لە مامەڵەی ورد و ئاسایی ڕۆژانەدا جیاوازی لە نێوان موسڵمانان و ئەوانی تردا نەبینرێت و پێکەوەژیان پەیوەست بکرێت بە کۆی مامەڵەی ڕۆژانە، هاوکاری پاڵپشتی یەکتری ببێتە سیمای ڕاستەقینەی کۆمەڵگە و ئاشتی بەر قەرار بێت.

بنەمای چوارەم: بنەمای چاکەکردن بەبێ بەرامبەر، مەبەستی نووسەر لەم بنەمایە دەرخستنی چاکەخوازی و دڵسۆزی و مرۆڤبوونی موسڵمانانە و پێی وایە زۆر پێویستە موسڵمانان گرنگی بە هاوکاری ئەوانی تر بدەن، هەموو کات ئامادە بن بۆ دەستگرتن و پاڵپشتیکردن و سوود گەیاندن بە هەموو تاکێکی کۆمەڵگە بە بێ گوێدانە جیاوازی و ئایین و بیروڕا، لەمانەش هاوکاری پێدانی خۆراک، جلوبەرگ، شوێنی مانەوە، هاوکاری پزیشکی و هەر بوارێک کە پێویستە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە هەر کێشە و ناخۆشییەک لە ژیانیدا.

بنەمای پێنجەم: دادوەری و یەکسانی، ئەم بنەمایە وەک نووسەر جەختی لەسەر دەکاتەوە پەیوەستە بە ماف و ئەرک کە یاسا دیاری دەکات، یاخود عورف کە لە کۆمەڵگەدا پەیڕەوی دەکرێت، کە پوختەی مانای ئەم بنەمایە ئەوەیە نابێت هیچ کات موسڵمانان بە هۆی ئەوەی کەسی بەرامبەری خاوەن دیدگا و ئایینێکی ترە هیچ زیادەڕەوییەک لە بەدەستهێنانی مافێک، یان یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەک بە هەر شێوەیەک بێت، بکات.

بنەمای شەشەم: بنەمای پەیوەستبوون بە بەڵێنەکان، نووسەر لەم بنەمایەدا شیکردنەوەی کردووە بە فەرموودەیەک کە تێیدا بە گشتی فەرمان کراوە کە دەبێت موسڵمانان لەسەر بەڵێن و پەیمانەکانیان بن، بەم شێوەیە پێکەوەژیان ئەوەی پێویستە کە دەبێت کەسانی دەسەڵاتدار و خاوەن پلەوپایە هیچ کات شوێن و پێگەیان بەکارنەهێنن بۆ زۆرلێکردنی بەرامبەر، دەبێت هەموو کات بە هەر شێوەیەک بێت بەڵێن و پەیمانەکانیان لەگەڵ بڕوادارانی ئایینەکانی تر و بێباوەڕەکان بەجێ بگەیەنن و دوور بن لە پێچەوانەبوونی وتە و کردەوەکانیان و هەر مافێک دروست بێت لە پەیمان و بەڵێنێک دەبێت وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

بەشی دووەمی کتێبەکە تەرخان کراوە بۆ بابەتی مافی شوێنکەوتوانی ئایینەکانی تر لەلای موسڵمانان، لەم بەشەدا نووسەر بە سێ تەوەری سەرەکی باسی لە مافی شوێنکەوتوانی ئایینەکانی دەرەوەی ئیسلام کردووە، جیاکاری کردووە لە نێوان مافی خاوەن کتێبە ئاسمانییەکان و ئەوانەی ئایینێکی ئاسمانیان نییە لە لایەک، ئەوانەی بە کاتی داوای مانەوەی ژیان دەکەن لە ژێر دەسەڵاتی موسڵمانان لە لایەکی ترەوە، بەم شێوەیە ڕوونی کردووەتەوە:

تەوەری یەکەم: مافی شوێنکەوتوانی کتێبە ئاسمانییەکان، لەم تەوەرەیەدا نووسەر بە چوار خالی سەرەکی مافەکانی خاوەن کتێبە ئاسمانییەکانی دیاری کردووە، کە ئەوانیش (مەسیحییەکان، جوولەکە، زەردەشتییەکان)ن، کە نووسەر ئەمانەی دیاری کردووە وەک ئەو ئایینە ئاسمانییانەی کە لە ئیسلامدا دان پێدانراون، لە خاڵی یەکەمدا باس لە مافە کولتووری و ئایینییەکان دەکات، وەک هۆکارێکی گرنگ و گەورەی پێکەوەژیان ئاماژەی بۆ دەکات، کە سەرچاوەی سەرەکی ئەم مافە ڕێگە پێدانە بە ئەنجامدانی عیبادەت و پەیڕەوکردنی ڕێنماییە ئایینییەکانی تایبەت بە خۆیان، لە ناویشاندا هەبوونی موڵکداری و پەرستگاکانیان و چاککردنەوە و تازەکردنەوەی ئەو پەرستگایانە و ڕێکخستنی بۆنە و یادە ئایینییەکانیان.

لە خاڵی دووەمدا: نووسەر چووەتە سەر باسی مافە سیاسییەکان، کە دەتوانێت ئەم خاڵە وەک بابەتێکی دیار و جێگەی مشتومڕ لە نێوان زاناکان ببینێت، کە جیاوازی زۆری لەسەرە، بەڵام نووسەر زۆر بە ڕوونی بە هەبوونی بەڵگەی تەواو ئەوەی دەرخستووە کە خاوەن کتێبە ئاسمانییەکان دەتوانن بەشداریی سیاسییان لە دەسەڵاتی ئیسلامدا هەبێت، ئەگەر لە پێگەیەکدا نەبێت کە تەنیا بڕیار بە دەست بن بتوانن بڕیارێک دەربکەن پێچەوانەی بنەماکانی ئیسلام بێت.

لە خاڵی سێیەمدا مافە دادوەرییەکانی خاوەن کتێبە ئاسمانییەکان شی کراوەتەوە و نووسەر بە کورتی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە دەسەڵاتی ئیسلامدا هەموان دەتوانن پەنا بۆ دادگا ببەن و هیچ جیاوازییەک لە نێوان هیچ کەسدا ناکرێت، هەموان هاووڵاتین و یاسا و پەیماننامە هەیە، کە ئەمانەی ڕێکخستووە، ڕێگەش دراوە دادگای تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆ ئەو بابەتانەی کە جیاواز بن لە نێوان ئایینی ئەوان و ئایینی ئیسلام بۆ پاراستنی ماف و شکۆیان، کەواتە یەکسانی دادوەری لە کۆمەڵگەی ئیسلامدا گشتییە و جیاوازی لە نێوان تاکەکان و (هاووڵاتییان)دا ناکرێت لە بەردەمی یاسا.

لە خاڵی چوارەمدا مافە ئابووری و بازرگانییەکان ڕوون کراوەتەوە، کە نووسەر بە گشتی لە دوو ئاڕاستە دیاری دەکات، ئاڕاستەی یەکەمیان ئەوەیە هەر شتێک ڕێگەپێدراو بێت لە لایەنی ئابووری (بەکارهێنان، یاخود بازرگانیکردن) ئەوە بۆ خاوەن کتێبە ئاسمانییەکانیش ڕێگە پێ دراوە و هیچ جیاوازییەک لەم بوارەدا نابینرێن، ئاڕاستەی دووەم ئەو بابەتانە دەگرێتەوە، کە لە ئایینی ئیسلامدا قەدەغە کراون و ڕێگەپێدراو نین، وەک خواردنەوە کحولییەکان و گۆشتی بەراز و … تاد، کە نووسەر پێی وایە تەنیا مەرجی نهێنی بوون، یاخود بڵێین بە ئاشکرا مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنان پێوە نەکرێت، ڕێگە پێدراون، وەک مافێکی کەسی و ئایینی تایبەت بە خۆیان سەیر دەکرێت و دەتوانن سوودی لێ وەرگرن.

لە خاڵی پێنجەم و کۆتاییدا بابەتی مافە کۆمەڵایەتییەکان وەک مافێکی دیار و بەهاداری خاوەن کتێبە ئاسمانییەکان باسی لێوە کراوە و نووسەر جەخت دەکاتەوە لەوەی کە پێکەوەژیان لە کۆمەڵگەدا پێویستی بە هەبوونی پاڵپشتی تەواو هەیە بۆ بەجێگەیاندنی مافە کۆمەڵایەتییەکان، کە بە تەواوی پەیوەستن بە مامەڵەی ڕۆژانەی نێوان هاووڵاتییان و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی هەموو تاکێکەوە هەیە، لەوانە مافەکانی جیاوازی نەکردن، ڕێزگرتن، ئازارنەدان، چارەسەرکردن، مافی فێربوون، گەڕان و گەشتکردن … تاد.

نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمانە سیمای گشتی کۆمەڵگەن و نابێت دەستکاری بکرێن و بشێوێنرێن و ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگە تێکبچێت و ژیانکردن تێیدا بە سەختی بێت و دڵەڕاوکێ لە نێوان هاووڵاتییاندا هەبێت.

تەوەرەی دووەم: مافی هاووڵاتییان کە کتێبی ئاسمانیان نییە

نووسەر بە ڕوونی جیاوازی کردووە لە نێوان خاوەن کتێبە ئاسمانییەکان و ئەو هاووڵاتییانەی ئایینێکی ئاسمانیان نییە، کە شێوازی بەدەستهێنان و پەیڕەوکردن لە مافەکان و ڕێنماییە ئایینییەکانیان دەبێت بە پێی دەستوور و یاسای کۆمەڵگە بێت و زۆربەی بیروڕاکانیان لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا ڕێگەپێدراو نییە.

بە نموونە نووسەر پێی وایە کاتێک هاووڵاتییەک ڕەزامەندی دەربڕیوە لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا بژیت، دەبێت لە ڕووی دادوەرییەوە ملکەچی تەواوی یاسا و دادگاکانی دەوڵەت بێت، چونکە ئەو هیچ ئایینێکی دانپێدانراوی لەم دەوڵەتەدا نییە، هەروەها لەلایەنی ئابووری و بازرگانی دەبێت ڕێنمایی تایبەت بەم بوارە جێبەجێ بکات، لە مافی کۆمەڵایەتی و ئاسایشدا سوودمەند دەبێت، وەک مرۆڤێک مافەکانی تایبەت بە بوون و ژیان و کارکردنی هەیە، پاراستن و ڕێزگرتنی لەسەر کۆمەڵگە و لایەنی ئاسایشی وڵاتە.

تەوەرەی سێیەم: مافی ئەوانەی بە شێوەی کاتی لە کۆمەڵگەی موسڵماناندا دەژین، کە بریتین لە دیپلۆماتکار و کونسوڵ و نێردە دیپلۆماسییەکان و کۆمپانیاکان و بازرگانان … تاد.

نووسەر ئەم بابەتەی بە کورتی و پوختی باس کردووە و هەموو ماف و ئەرکەکانیان لە کۆمەڵگەدا دەبەستێتەوە بە پەیماننامە و ڕێککەوتنەکانی نێوان دەسەڵاتی موسڵمانان و وڵاتانی خاوەن ئەم هاووڵاتییانە، دەبێت بۆ هەموو بابەتێک پشت بە ئەو پەیماننامە و ڕێککەوتنانە ببەسترێت و بکرێت بە سەرچاوەی پەیوەندی مامەڵەی نێوانیان.

بەشی سێیەم تایبەتە بە پەیماننامە لەگەڵ ئەوانەی لە دەرەوەی ئایینی ئیسلامن، هەرچەندە نووسەر ئەم بابەتەشی کردووە بە سێ تەوەرەی سەرەکی، بەڵام لەبەر ئەوەی لەگەڵ بەشی پێشوودا لێکچوون و یەک مانایی هەیە، بۆیە بە شێوەیەکی کورت و پوخت بیر و بۆچوونی نووسەر ڕوون دەکەینەوە.

لە تەوەرەی یەکەمدا نووسەر باسی خاوەن کتێبە ئاسمانییەکانیان دەکات (أهل الذمة) پێی وایە دەبێت ڕێککەوتن و پەیمانی نێوان ئەمان و موسڵمانان بە شێوەیەکی بەردەوام بێت و لە سیفەتی کاتی دوور بێت، تەنانەت ئەگەر ساڵانی زۆری بە سەردا تێپەڕێت و چەند نەوەیەکی بە دوادا هاتبێت، دەبێت هەموو پەیوەستی پەیمان و ڕێککەوتن بن، لەبەر ئەوەی خاوەن کتێبە ئاسمانییەکان بەم شێوەیە دەبن بە هاووڵاتی ئاسایی، یاخود هاووڵاتی ڕاستەقینە و هەموو ماف و ئەرکێکی یاسایی دەیانگرێتەوە و دەبنە هەڵگری ناسنامەی وڵات.

بەڵام تەوەرەی دووەم کە تایبەتە بە گرێبەستی پاراستن، ئەوانە دەگرێتەوە کە خاوەن کتێب نین، بەڵکو ئایین و بیروباوەڕی تریان هەیە، بە بڕوای نووسەر ئەمانە وەک هاووڵاتی مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت و تەنیا مافی ژیانێکی سادەیان هەیە لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا کە لە زۆر کاتدا مافی دەرخستن و پەیڕەوکردنی بیروباوەڕیشیان پێ نادرێت و هیچ مافێکی سیاسیشیان نییە، یان بۆ ئەم مەبەستە نووسەر زۆر گفتوگۆی کردووە و بەڵگەی بۆ بۆچوونەکانی هێناوەتەوە.

لە تەوەرەی سێیەم و کۆتاییدا نووسەر باس لە گرێبەستی تایبەت دەکات، کە ئەمەیان بە گشتی لە دوو لایەندا دەردەکەوێت، یەکەمیان ئەوەیە کە ئەو هاووڵاتییانەی ئەم گرێبەستە دەکەن بە زۆری نوێنەری خودی خۆیان نین، بەڵکو نوێنەر و زمانحاڵی وڵاتێک، یاخود ڕێکخراوێکن.

لایەنی دووەم ئەوەیە ئەم هاووڵاتییانە بۆ ژیان لە ناو کۆمەڵگە نەهاتوون، بەڵکو بۆ کارێکی دیاریکراو و تەنیا ئەوەش جێبەجێ دەکەن و بە حاڵەتی شاز و دەگمەن نەبێت تێکەڵی کۆمەڵگە نابن، لەم حاڵەتەشدا ڕێککەوتن و پەیماننامەکە هەموو شتێکە و پەیڕەوی دەکرێت.

بەشی چوارەم

سزای تاوانی ئەوانەی کە لە وڵاتی موسڵماناندا دەژین و موسڵمان نین. نووسەر لەم بەشەدا بە هەمان شێوەی بەشەکانی تر بە سێ تەوەری پوخت، جۆری تاوان و سزای پێویست بەرامبەر ئەو تاوانانەی بۆ ناموسڵمانان دیاری کردووە، کە ڕوانینی نووسەر بە شێوەیەکە پێکەوەژیان لە کۆمەڵگەدا پێویستی بەڕوونی و دیاری سزاکانیش هەیە بەرامبەر تاوانەکان .

لەم بەشەدا نووسەر تاوانەکانی کردووە بە چەند بەشێکەوە، تاوانەکانی پەیوەست بە ئاسایش و سەروەری وڵات، تاوانەکانی پەیوەست بە بواری ئابووری و ئاسایشی خۆراک، تاوانەکان بەرامبەر خودی تاکەکانی کۆمەڵگە و بە موسڵمانان، یاخود هەڵگرانی بیر و باوەڕی ئایینەکانی تر، یاخود تاوانەکانی تر کە لە یاسادا دیاری کراون دەگونجێت هەر تاکێکی ناو کۆمەڵگە بەهۆی بەردەوامی ژیانی ڕۆژانەوە تووشی ببێت ڕاستەوخۆ، یاخود ناڕاستەوخۆ بەبێ ویست …هتد.

هەموو ئەمانە بە جۆرێک سزای خۆیان هەیە کە سەرچاوەکەی بریتییە لە یاسای گشتی لە وڵات و پەیماننامە و ڕێککەوتنەکانی نێوان لایەنەکانی کۆمەڵگە و هەموو ئەمانەش ڕوونن و هەموان بە ناوەرۆکی ئاشنان.

نووسەر بە پاشکۆیەک کۆتای بە نووسینەکەی دەهێنێت و پەرتووکەکەی تەواو دەکات. لەم پاشکۆیەدا گرنگی داوە بە مامەڵە و پەیوەندی موسڵمانان بە بێباوەڕانەوە بە هەموو بیر و باوەڕە جیاوازەکانەوە لە کۆمەڵگەی موسڵماناندا، لەبەر ئەوەی ئایینی ئیسلام لە بەشێکی گەورەی ڕێنمایی و فەرمانەکانیدا گرنگی داوە بە پەیوەندی تاک لەگەڵ یەکتری، واتە ئەو پەیوەندییە سروشتییەی کە مرۆڤەکان پێکەوە دەبەستێتەوە زیاتر پەیوەندی بە خودی تاک و هەست و بیر و هۆشی کەسییەوە هەیە و ئایینی ئیسلام زۆر بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەروەردەی ڕۆحی تاک و ئامادەبوونی بۆ توانای دروستکردنی پەیوەندی دروست و پاشان کۆمەڵگەی خۆشگوزەران و ئارام کە تێیدا پێکەوەژیانی ڕاستەقینە سیمای دەرکەوتووی ژیان بێت .

نووسەر لەم پاشکۆیەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە مانا و مەبەستی سەرەکی هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ ڕێکخستنی ژیان و پاراستنی مرۆڤ و بەدەستهێنانی مافە، بە تایبەت بۆ هەموو تاکێک لە هەر شوێن و پێگە و تەمەن و ڕەگەز و ئایینێک بن، لە گرنگترین بوارەکانی ئەم پەیوەندییە بواری ئابوورییە، کە ئایینی ئیسلام جەختی کردووەتەوە لە پاراستنی سەروەت و سامانی هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەی موسڵماناندا دەژین و کار دەکەن، هەر وەک چۆن دەبێت ڕێزی هەموو تاکێک لە ڕووی کولتوور و ڕۆشنبیرییەوە پارێزراو بێت، بە هەمان شێوەش بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دادوەریش جارێکی تر جێگای سەرنج و گرنگی پێدانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە و دەبێت هەموان پێوەی پابەند بن .

لە کۆتاییدا نووسەر بە پوختەیەک سەرنجی خۆی لە دەرەنجامدا دەرخستووە و نووسیویەتی کە ئایینی ئیسلام لە بەرنامەی خۆیدا بەها و ڕێزێکی گەورەی بۆ مرۆڤ داناوە و یاسا و ڕێسای زۆری ڕێکخستووە بۆ بەهێزکردنی پێگەی تاک و برەودان بە تواناکانی دامەزراندنی پەیوەندییەکی دروست لە نێوان هەموو تاکێکی هاووڵاتی لە کۆمەڵگەدا، ئەمانەش هەموو بۆ قووڵکردنەوەی چەسپانی شێوازی پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیە، کە بە دانپێدانان بە ئایین و مانەوەی ئەم هاووڵاتییانە لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا دەست پێ دەکات و بە جەختکردنەوە لە پاراستنی ماڵ و ژیان و ئازادییان تێدەپەڕێت، بە سزادانی ئەوانەش کۆتایی دێت ئەگەر بەبێ هیچ هۆکارێک ئازاریان پێ بگەیەنن و هەتا پێکەوەژیان ڕاستەقینە بێت و ئاشتی و خۆشگوزەرانی سیمای گشتی کۆمەڵگە بێت.

لە کۆتایی ئەم پوختە باسەدا لە ناوەرۆکی ئەم پەرتووکە گونجاوە ڕاستییەک بوترێت و سەرنجی وردی بخرێتە سەر، ئەویش ئەو جیاوازییە سروشتییەیە کە خودا مرۆڤی لەسەر دروست کردووە، وەک یاسایەک لە ژیانی هەمواندا بوونی هەیە، ناتوانرێت دان بەوەدا بنرێت کە مرۆڤێکی وا هەبێت بڕوای وا بێت دەبێت جیاوازییەکان نەهێڵرێن، یاخود جوانی جیاوازبوون بشاردرێتەوە.

لە ڕاستیدا واقیعبینی یەکێکە لە گرنگترین پایەکانی دامەزراندنی عەقڵی سەلیم لە لای مرۆڤ، واقیعیش سەلماندویەتی هەموو کات پێویستە مرۆڤی بەرامبەرت کە جیاوازە لە ڕووی (ئایینی – نەتەوەیی- ڕەگەزی- ڕەنگ و زمان….هتد) مافی ئەوەی هەبێت بە هەمان شێوەی تۆ هەڵبژاردن بۆ جۆری جیاوازییەکەی خۆی بکات، تەنانەت ببێتە سیمایەکی دیاری ژیانی ڕۆژانەی، کە بێگومان بە مەرجی هەبوونی یاسا، یاخود ڕێککەوتنی تایبەتی لەم بوارەدا جیاوزاییەکان دەبنە ڕەنگدانەوەی دروستبوونی کۆمەڵگەیەک، کە دەکرێت نموونەیی بێت و ژیان تێیدا بە مانای خۆی بەرجەستە بکرێت.

لەبەر ئەمە گرنگە هەموو مرۆڤێک، یاخود تاکێکی کۆمەڵگە باوەڕی تەواوی بۆ دروست بێت، کە بەبێ توانای یەکتر قبووڵکردن و دامەزراندنی بنەما ڕاستەقینەکانی پێکهێنانی پردی پێکەوەژیان و مانا و مەبەست و فەلسەفەی ئایینەکانیش، بەتایبەت ئایینی ئیسلام بەدی نایەت و ناتوانرێت بنەماکانی جێبەجێ بکرێن.

Send this to a friend