• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 14, 2022

ئێران و ئەتۆم دبلۆماسیەتی ئەتۆمیی ئێران

بارام مەجید خان

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:- وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٢) كانونی دووه‌می ٢٠٢٢.

ئێران لە سەرەتای سەدەی بیست بە گایەک و گاسنێک هاتە ناو ڕووداوە قورسەکانی سەدە و بە کارگەی پۆڵا و بەرزترین ڕێژەی مردن بە ڕوداوی هاتووچۆو و دۆسیەی ئەتۆمی لێی هاتە دەر.

  یەرەوان ئەبراهامیان[1]

 

بەرایی

دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران؛ قورسترین و درێژخایەنترین دۆسیەی دەزگای دبلۆماسیی ئێران، لە سەدەی ڕابردوو تا ئێستاش بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. خەونەکانی محەمەد ڕەزا شا و پشتیوانییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەستپێکی هەوڵێکی نەپچڕاوەی ئێران بوو کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٧ دەستی پێ کرد و لە ساڵی ١٩٧٩ و سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کۆتایی بە هەوڵەکانی شای ئێران هات. لەپاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لەژێر کاریگەریی تێزەکانی ئایەتوڵا خومەینی و شۆڕشی ئیسلامی و بۆ ماوەیەکی کورت چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕاگیرا و شەڕی ئێران-عێراق پچڕانێکی کاتیی لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دروست کرد. محەمەد ئەلبەرادعی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٠٣ و سەردانی بۆ ئێران، جارێکی تر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی خستەوە سەر مێزی گفتوگۆی نێودەوڵەتی. چەندین خولی گفتوگۆی نێوان ئێران و وڵاتانی پەیوەست بەو دۆسیەیە و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، بەچارەسەرنەکراوی مانەوە. لە ساڵی ٢٠١٥، بە ڕێککەوتننامەی بەرجام کۆتایی بە دانوستانەکان هات، لە ناوخۆی ئێران وەک دەستکەوتی سیاسی و دبلۆماسی ناوزەد کرا. لە هەمان کاتیشدا نەیارانی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران و ناوچەکەش هەبوو. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەپاش سەرهەڵدانی دیاردەی ترامپیسم لە ئەمەریکا لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کشانەوە. ئەم پاشەکشەی ئەمەریکا و دووبارەکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، کێشەکەی ئاڵوزتر کرد. حکومەتی میانڕەوی ڕۆحانی و لەدەستدانی پێگەی خۆی وەک سەرۆککۆمار و هاتنی باڵی توندڕەوی ئیبراهیم ڕەئیسی، بوو بە گرفتێکی قورس بۆ دووبارە وەگەڕخستنەوەی دانوستانەکان لەنێوان وڵاتانی ٥+١ لە لایەک و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە لایەکی تر.

   ١. سەرەتایەک بەبێ کۆتایی

دەستپێکی یەکەم هەنگاوی ئێران بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی، دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو. ئێران لە ساڵی ١٩٥٠، ژمارەیەک خوێندکار ڕەوانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات. ئەمەریکا یەکەم وڵات بوو کە لە چوارچێوەی “پڕۆژەی ئەتۆم بەرامبەر بە ئاشتی”، ئایزنهاوەر یەکەم هەنگاوی لە ساڵی ١٩٥٦ بۆ بەگەڕخستنی بەدەستهێنانی زانست و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی هاویشت. ئێران لە یەکەمی ئەو وڵاتانە بوو کە لە ساڵی ١٩٦٨ واژۆی لەسەر “NPT” (پەیماننامەی پێشگیری و قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی) کرد و لە ساڵی ١٩٧٤ ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانی دامەزراند.

ئێران لەپاش جەنگی جیهانیی یەکەم و دوورخستنەوەی ڕەزا شا و جێگرتنەوەی لەلایەن محەمەد ڕەزای کوڕیەوە، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نزیک بووەوە و وەک هاوپەیمانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەرکەوت. ڕووداوە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئێران و هەلومەرجی نێودەوڵەتی و سەرەتاکانی شەڕی سارد توانیی پێگەی شای ئێران بەهێز بکات، بەتایبەت کە دکتۆر محەمەدی موسەدیق لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە دەسەڵاتی گرتبووە دەست بە کودەتایەک کە بەریتانیا بەشدار بوو تێیدا، توانرا لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە. ئەم هەلومەرجە تازەیە، شای ئێرانی بەهێز کرد و توانرا وەک ئەندامێکی کارای پەیمانی سەنتۆ ڕۆڵ ببینێت[2].

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکەم هاندەری ئێران بوو بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و هەر ئەمەریکا بوو بە سەرسەختترین دوژمنەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی. یەکەم هەنگاوی کرداریی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ساڵی ١٩٥٧ و گرێدانی ڕێککەوتننامەیەک بوو کە پێک هاتبوو لە پێشەکییەک و یانزە مادە. لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی ئەمەریکا، لەژێر ناونیشانی “ئەتۆم بەرامبەر ئاشتی” بوو. وڵاتە یەکگرتووەکان زۆر هەستیاریی بەرامبەر ئەو وڵاتانە نیشان نەدا کە ئەم پڕۆژەیە دەیگرتنەوە، بەتایبەتی مەترسیی لادانی ئەو چالاکییانە بۆ ئامانجی شاراوەی سەربازی[3].

شانبەشانی ڕێککەوتننامەی ئێران و ئەمەریکا، ئەنستیوتی زانستە ئەتۆمییەکان کە لەژێر چاودێریی پەیمانی سەنتۆ بوو لە بەغداد، گوازرایەوە بو ئێران. زانکۆی تاران پێشنیاری بونیاتنانی ڕیاکتۆرێکی ٥ مێگاواتی لە ساڵی ١٩٦١ دا و لە ساڵی ١٩٦٧ کەوتە کار و بوو بە دەستکەوتێکی زۆر گەورە بۆ ئێران و دەنگدانەوەی زۆری لێ کەوتەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە پشبەستوو بە هەناردەکردنی نەوت و گاز بوون، ئەمەش وەک دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لەو چوارچێوەیە خرایە ڕوو. ئەم هاوکارییانە لەگەڵ هەندێک هەوراز و نشێو و هەندێک جار ساردیی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا بەردەوام بوو. ئێران بەردەوام بوو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی و پەنای بۆ زۆرێک لە وڵاتانی زلهێزی جیهانی برد، لەوانە: وڵاتانی وەک فەڕەنسا و ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئوستورالیا و هیند و ئەفەریقای باکووریش.

جیاواز لەو ڕێکەوتننامانەی کە لەتەک وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمانیا گرێی دان، ئێران ١٥ ڕێککەوتننامەی لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان واژۆ کرد کە بونیاتی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بەهێزتر کرد و پاشان بوو بە ژێرخانی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانە:

  • بنکەی ئەتۆمیی ١٣٠٠ مێگاواتیی ئاوی سووک لە بوشەهر
  • بنکەی ئەتۆمیی ١٢٩٠ مێگاواتیی ئەسفەهان
  • بنکەی ئەتۆمیی ١٢٩٠ مێگاواتی لە ساوە
  • بنکەی ئەتۆمیی ٩٠٠ مێگاواتیی کارون[4]

بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر ئاوڕێک لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران تا دەستپێکی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بدەینەوە، بە سەرەتایەکی بەهێز دەستی پێ کرد و پاشان بەئارامی بەڕێوە دەچوو. کاتێک کێشەی نێوان هیند و پاکستان ئاراستەیەکی مەترسیداری بەخۆوە گرت و هەردوو وڵات بەپەلە بوون لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان گۆڕانیان بەسەردا هات. ئەم هەلومەرجە نوێیە ئێرانیشی خستە ژێر کاریگەری کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە خاو بوونەوە و لە لایەکی ترەوە بازاڕگەرمی بوو بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە کەرەستە و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی لە بازاڕەکاندا ساغ بکەنەوە. شای ئێران هەندێک جار بەوپەڕی نائومێدییەوە لە پشتیوانیی نێودەوڵەتی و خواستی ئێران بۆ بە ژاندارم و زلهێزی ناوچەکە تووشتی نائومێدی دەبووەوە. شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانیش وەک کارتێک لەلایەن ئەمەریکاوە بەرامبەر کەسە نزیکەکانی شای ئێران وەک باجخوازی سەیر دەکرا. عەلی ئەکبەری ئیعتماد وەک لێپرسراوی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، ڕۆڵێکی ئێجگار گەورەی بینی لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتییش. ئیعتماد پرسیاری سەرکی دەورووژێنێ کە ئایا ئێران ڕێگایەکی ڕاستی هەڵبژارد لە دەستبردن بۆ ئەتۆم؟ ئایا ئێران پێویستی بەوە هەبوو کە بەشوێن جێگرەوەی وزەی ئەتۆمییەوە بێت؟ بیرکردنەوەی باو ئەوە بوو کە ئێران پێویستە خۆی بۆ سەدەی بیست و یەک ئامادە بکات، بەتایبەت ئەو لێکۆڵینەوە باوانەی ئەو ڕۆژگارە باسیان لە سنوورداربوونی سەرچاوەکانی وزە دەکرد و پێویستە ئێران جێگرەوەی هەبیت بۆ وزەی ئەتۆم.

  1. شۆڕش و ئەتۆم (کێشمەکێشی نێودەوڵەتی)

شۆڕشی ئێران خاڵێکی لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دانا. پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا کەوتە ژێر کاریگەریی هەندێک ڕووداوی گرنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. دوو ڕووداوی گرنگ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا دانا: یەکەم: دەستبەسەراگرتنی سەفارەتی ئەمەریکا لە تاران لە ساڵی ١٩٧٩، بابەتی بەبارمتەگرتنی کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ. دووەم: شەڕی ئێران-عێراق لە هەمان ساڵدا. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش لە هەمان کاتدا ئێرانی تاوانبار دەکرد بە تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەیرووت لە ساڵی ١٩٨٣ و تەقینەوەی ئەنجوومەنی کولتووریی ئیسڕائیل لە بۆینس ئایرس لە ١٩٩٤ و هێرش بۆ سەر بورجەکانی “خوبەر” لە سعودیە لە ساڵی  ١٩٩٦[5].

چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران لەژێر تێزی ئایەتوڵڵا خۆمەینی کە دژی بەرهەمهێنانی چەکی کۆکوژ بوو، بە ئامانجی بەکارهێنانی ئاشتییانە و تەکنەلۆژیای زانستی جارێکی تر درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا. هاشمی ڕەفسەنجانی حکومەتی پاش شەڕی ئێران-عێراقی گرتە دەست و هەوڵە دبلۆماسی و نێودەوڵەتییەکانی خستە گەڕ بۆ درێژەدان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران کە لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی دەستی پێ کردبوو و لەپاش شۆڕش درێژەی پێ درا. هاشمی ڕێککەوتننامەیەکی دە ساڵەی لەگەڵ چین واژۆ کرد، کە لەو چوارچێوەیەدا چین پابەند دەبوو کە ڕیاکتۆرێکی ٢٧ مێگاواتی لە ئێران دابمەزرێنێ. لەگەڵ ئەوەی کە بنکەی بوشەهر لە کاتی شەڕی ئێران-عێراق هێرشی کرابووە سەر و زیانی زۆری پێ گەیشتبوو، بەڵام جووڵەکانی ئێران چڕتر بوونەوە کە پەلە بکات لە بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی. لەگەڵ ئەوەی کە هاشمی دەستی یارمەتیی بۆ فەڕەنسییەکان درێژ کرد، بەڵام دەوڵەتی فەڕەنسا بە داواکەی ئێران ڕازی نەبوو. هاشمی سیاسەتی دووبارە بونیاتنانەوەی ئابووریی ئێرانی لە پێشەوەی سیاسەتەکانی خۆی دانابوو، بەڵام هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و جووڵە دبلۆماسییەکانی چاوی وڵاتانی زلهێزی دنیای لەسەر بوو[6].

پاش ئەوەی کە هاشمی ڕەفسەنجانی چالاکییە ناوەکی و ئەتۆمییەکانی لەپاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەگەڕ خستەوە، چەند کەسایەتییەکی سیاسیی گرنگ سەرۆکایەتیی ئەم دۆسیە گرنگەی ئێرانیان گرتە ئەستۆ، لەوانە: دکتۆر حەسەن ڕۆحانی، دکتۆر لاریجانی، دکتۆر سەعید جەلیلی، دکتۆر جەوادی زەریف. ئێستا ئەم دۆسیەیە عەلی باقری کەنی بەڕێوەی دەبات.

ڕێککەوتننامەی تاران

لەگەڵ تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و ئەو گومانانەی کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران هەیبوو، سیاسەتی ئێران لەسەر بنەمای سێکوچکەی کات و متمانە و ئەمنی ناوخۆ دریژەی بە پڕۆژە ناوەکییە ناتەواوەکانی خۆی دا[7].

تا سەرەنجام ئێران و وەزیرانی هەرسێ وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمان و بەریتانیا، لە ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٣ و لە کاخی سەعدئابادی تاران ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە ئێرانی پابەند دەکرد بەوەی ڕێگا بە چاودێرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات کە بتوانن سەردانی ئێران بکەن و کامێراکانی چاودێری جێگیر بکەن. ئێران پابەند کرا بەوەی کە پرۆتۆکۆلی پەیوەست واژۆ بکات، کە ڕۆڵی چاودێریکردنی زیاتری بە ئاژانس دەبەخشی کە چاودێریی چالاکییەکانی ئێران بکات. لە بەرامبەردا ئێران مافی بەدەستهێنانی ئاشتییانەی وزەی ناوەکیی پێ بەخشرا، کە ئێران وەک مافێکی یاسایی و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لە چوارچێوەی “NPT” و پرۆتۆکۆلی پەیوەست دەیتوانی بەدەستی بهێنێ[8].

 

ڕێککەوتننامەی پاریس

سەردانیکردنی محەمەد ئەلبەرادعی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ئێران، جارێکی تر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی خستەوە سەر مێزی گفتوگۆی نێودەوڵەتی. چەندین خولی گفتوگۆی نێوان ئێران و وڵاتانی پەیوەست بەو دۆسیەیە و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بەچارەسەرنەکراوی مانەوە. حکومەتی سەید محەمەدی خاتەمی بە درووشمی سیاسەتی سڕینەوەی گرژییەکان، لە هەنگاوێکی دبلۆماسیدا دەرگاکانی جیهانی بەسەر حکومەتی ئێراندا ئاوەڵا کرد. لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٤، پاریس میوانداریی خولێکی نوێی وتوێژەکانی نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپایی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیای کرد، کە بە ترۆیکای ئەورووپی ناوزەد کرا. لە چوارچێوەی ئەم لێکتێگەیشتنە کە بە ئامانجی متمانەسازی بوو [زیاتر لەوەی پابەندی یاسایی بۆ ئێران دروست بکات]، ئێران بۆ ماوەیەکی کورت چالاکییە ناوەکی و ئەتۆمییەکانی خۆی ڕاگرت. لە بەرامبەردا وڵاتانی ئەورووپایی پابەند بوون بەوەی کە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران هەناردەی ئەنجوومەنی حاکمان (Bord of Governore)، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ناکەن[9].

لەپاش ڕێککەتننامەی تاران، کۆماری ئیسلامی هەوڵەکانی چڕ کردەوە کە چین و ڕووسیا بەشداریی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی ئەورووپی لەگەڵ ئێران بکەن، بەڵام ئێران نەیتوانی لە سەرەتادا ڕەزامەندیی ئەو دوو وڵاتە وەربگرێت. دبلۆماسیەتی کوشتنی کات لەلایەن ئێرانەوە، گومانەکانی لەسەر ئێران زیاد کرد تا ئەو ڕادەیەی کە کۆدژییەک لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکان کە پێک هاتبوون لە پێنج هێزە سەرەکییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا، توانییان بنچینەی ٥+١ بۆ وتوێژ لەگەڵ ئێران دابمەزرێنن، کە تا ٢٠١٥ی خایاند کە ڕێککەوتننامەی بەرجامی “J. C. P. O. A”ی  لێ کەوتەوە.

قۆناغی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش

کێشەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان کاتێک زیاتر تەشەنەی سەند کە لە ئێران دەوڵەتی پەڕگیر و توندڕەوی دکتۆر مەحموودی ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی ٢٠٠٥ دەسەڵاتی گرتە دەست. نۆ مانگ پاش دەستبەکاربوونی ئەحمەدی نەژاد، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە ئەنجوومەنی حاکمانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕادەستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرا. شەش بڕیار لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دژی ئێران دەرچوو، یەکەمیان ئێرانی پابەند نەدەکرد بە جێبەجێکردنیان، بەڵام پێنج بڕیارەکەی تر گەمارۆی قورسیان بەسەر ئێراندا سەپاند، بەتایبەت بڕیاری ١٩٢٩ کە سێبەرێکی ڕەشی بەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێراندا سەپاند.

سەعیدی جەلیلی وەک کارەکتەرێکی پەڕگیر کە سەرپەرشتیی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی لە ئەستۆ بوو، هەموو ئەو دەرفەتانەی کە بۆ ئێران هاتبوونە پێشەوە؛ لەدەست دا. “سەرۆکی ئێران ئەو بڕیارانەی بە کاغەزی دڕاو پێناسە کرد و هیچ بایەخێکی بەو بڕیارانە نەدا.” ئەم قۆناغە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، خەسارەتێکی گەورەی لە ئابڕووی نێودەوڵەتیی ئێران دا، بەو ڕادەیەی کە بڕیاربەدەستانی وەک دکتۆر محەمەد جەوادی زەریف کە پاشان ئەم دۆسیەیەی سەرپەرشتیی دەکرد بە کەسایەتیی سیاسیی ناکارامە و کەمئەزموون ناوی هێنان، کە هێچ شارەزاییەکیان لە هەلومەرجی دنیا و سیاسەتی نێودەوڵەتی نەبوو[10].

گرنگترین ئەو بڕیارانەی کە بەسەر ئێراندا سەپا، بریتی بوون لە:

– بڕیاری (١٩٦٩، ساڵی ٢٠٠٦): داوا لە ئێران دەکات کە کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانێۆم بهێنێت، ئەگەرنا ڕووبەڕووی سزای سیاسی و ئابووری دەبێتەوە. ئەم بڕیارە لەژێر بەندی ٤٠ – بڕگەی هەشتی  نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکراوە و وڵاتان پابەند ناکات بە جێبەجێکردنی.

 – بڕیاری (١٧٣٧، ساڵی ٢٠٠٦): لەو بڕیارەدا داوا لە ئێران کرا کە کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت. لە بە فشارەکانی ڕووسیا و چین، هەندێ دەستکاریی بڕگەکانی کرا کە دواجار بە ڕەزامەندیی هەر ١٥ ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش پەسەند کرا.

 – بڕیاری (١٧٤٧، ساڵی ٢٠٠٧): ئەم بڕیارە داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکات هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئێرانییانەی کە لە بواری وزەی ناوەکی کار دەکەن؛ سنووردار بکەن و هەروەها قەدەغەکردنی هاوردەکردن و هەناردەکردنی چەکی قورس لە ئێران. هەروەها پێداگری لە بڕیاری پێشووتری ١٧٣٧ دەکاتەوە، کە کۆتایی بە چالاکییە ئەتۆمییەکان و پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت.

– بڕیاری (١٨٠٣، ساڵی ٢٠٠٨): ئەم بڕیارە بە پێشنیاری فەڕەنسا و بەریتانیا و لەژێر بەندی (٧) دەرچووە، کە باس لە ڕێکارەکانی ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیوەست بە  ئێران دەکات.

 – بڕیاری (١٨٣٥، ساڵی ٢٠٠٨): ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی محەمەد ئەلبەرادعی؛ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەرچووە کە داوا لە ئێران دەکات هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانی وەک پیتاندن و پڕۆژەی ئاوی قورس کۆتایی پێ بهێنێ.

– بڕیاری (١٩٢٩، ساڵی ٢٠١٠): لەم بڕیارەدا ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری سزاکانی بۆ سەر کۆمپانیاکان و کەسایەتییەکان سەپاند. ئەمە قورسترین بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بوو دژی ئێران، کە خەسارەتێکی گەورەی لە ئابووریی ئێران و جووڵەی کەسایەتییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سنوردار و هەندێک جار قەدەغە کرد.

قۆناغەکانی دانوستانەکانی ئێران لەپاش ئەم گەمارۆ قورسانە، هەر درێژەیان کێشا. سێ خولی دانوستانەکانی ژنێڤ بە ناوەکانی ژنێڤی ١، ٢، ٣، لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٠، بەبێ ئاکامێکی دیار و بێئەنجام مانەوە. لە ساڵی ٢٠١١، بە ناوبژیوانیی حکومەتی تورکیا لە ئەستەنبوڵ، خولێکی تری دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ ئەنجام درا و پاشانیش لە ساڵی ٢٠١٣ لە بەغداد و مۆسکۆش بە هەمان شێوە وتوێژەکان بەبێ ئەنجام کۆتاییان پێ هات[11].

٣. دبلۆماسیی ئەتۆمی و بەرجام (Joint Comperehensive Plan of Action (J. C. O. P. A))

 

ئەمیر کەبیر سەرۆکوەزیرانی سەردەمی قاجار، وتبووی: “ئەوەندەی مەملەکەت پێویستی بە پیاوی دانا هەیە، هێندە پێویستی بە وەزیر و ئەمیر نییە[12]“.

ئێران لە (٢٠١٣)وە قورسترین و چارەنووسسازترین وتوێژەکانی لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ دەست پێ کرد. دۆسیەیەک کە لەناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە درێژەی کێشابوو. ئەمیر کەبیر ڕاستی وتبوو… ئەم دۆسیەیە لە دەستی کارزانترین و شارەزاترین دبلۆماتەکانی ئێراندا بوو. محەمەد جەوادی زەریف جیاواز لەوەی سیاسەتمەدارێکی لیبراڵ و کراوە بوو کە لەتەک ڕیالیستە کارامەکانی ئەمەریکا گەیشتبووە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و لە هەمان کاتیشدا شارەزاییەکی تەواوی لە داڕشتن و ڕێکخستنی ڕێککەوتننامە نێدەوڵەتییەکاندا هەبوو. پاش زیاتر لە بیست مانگ کۆبوونەوە، سەرنجام ڕێککەوتننامەی بەرجام لە١٤ی جولای ٢٠٠٥ واژۆ کرا. ئەم ڕێککەوتننامەیە لەسەر ئاستی نێودەڵەتی؛ پشتیوانی و پێشوازییەکی زۆری لێ کرا. لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی ئێرانیش پێشوازیی لێ کرا، بەڵام بە شێوەیەکی نیوەشاراوە و و هەندێک جار بەئاشکرا لەلایەن باڵی توندڕەوی ئێران دژایەتی دەکرا.

ئێران دوو ئامانجی سەرەکیی هەبوو لەم وتوێژانەدا: یەکەم: سیاسەتی بەدەستخستنی ئەمن و ئاسایشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. دووەم: جێگیرکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا. میکانیزم و کەرەستەی ئێران؛ بڕین و دەوردانەوەی گەمارۆ قورسەکان بوو کە لە ئەنجامی بڕیارە کەمەرشکێنەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بەسەریدا سەپابوو. زەریف ئامۆژگاریی تیمی دانوستانکاری کردبوو کە نەکەونە ناو داوی وردەکارییەکانەوە. وردەکارییەکانی کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، هەمان کاریگەرییش لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەجێ دەهێڵێ[13].

بەرجام کە پێک هاتبوو لە ١٥٨ لاپەڕە و پێنج پەیوەستنامە، لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بە بڕیاری ٢٢٣١ پەسەند کرا و هەموو لایەنەکانی پابەند کرد بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کە لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا کاری لەسەر دەکرێت[14].

 ئەم ڕێککەوتننامەیە توانیی گەمارۆکان لەسەر ئێران لا بدات و ئێران مافی بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ناوەکیی بۆ خۆی پاراست و دەیتوانی لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا و بە شێوەیەکی سنووردار مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ خۆی مسۆگەر بکات. لە ماوەیەکی کەم پاش ڕێککەوتننامەی بەرجام، ئێران توانیی دەستکراوە بێت لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جووڵەی بانکی. ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی هەرێمایەتی، توانیی پێگەی بەهێز بۆ وڵاتەکەی بەدەست بهێنێتەوە و هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا جێگیر بکات. خاڵی لاوازی ئەم ڕێککەوتننامەیە ئەوە بوو کە ڕێککەوتننامە بوو نەوەک پەیماننامە. نەیارانی ڕێککەوتننامەکە لە ناوخۆی ئێران و هەروەها لە ئەمەریکاش ڕووی لە زیادبوون کرد. ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەی کە ئێران پابەند بوو بە ڕێککەوتننامەکە، لە ٨ی مایسی ٢٠١٨ لە ڕێککەوتننامەکە کشایەوە.

٤. پاش بەرجام

جاک ستراو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کە یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی ڕێککەوتننامەی تاران، لە کتێبەکەی سەبارەت بە ئێران دەڵێت: “نە سیاسەتمەدارانی دنیا و نە زۆرینەی خەڵکی دنیا ناتوانن لە ئێران تێبگەن[15]“.

ئەم لێکنەگەیشتنە هەم لە جیهانەوە بۆ ئێرانە و هەم لە ئێرانەوە بۆ جیهان. بەتایبەت کرۆکی بەرجام لە ناوەرۆکدا ڕێککەوتنێکی سیاسیی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە لایەک و ئەورووپا و جیهان لە لایەکی تر بوو. پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، لە چوارچێوەی بەرجام بە سەختترین قۆناغدا تێپەڕی. سیاسەتی حکومەتی ئۆباما “سیاسەتی مامەڵە کردن” بوو لەگەڵ ئێراندا، بەڵام سیاسەتی حکومەتی بایدن سیاسەتی “زۆرترین فشار” بۆ سەر ئێران لە پێناو بەدەستهێنان و سەپاندنی زۆرترین مەرج لەسەر ئیران، کە هەمان سیاسەتی حکومەتی ترامپە سەبارەت بەو دۆسیەیە و پەیوەندیی لەگەڵ ئێران. هەم بایدن و هەم ترەمپ، خواستیان ڕێککەوتننامەیەکی بەهێز و نوێیە لەگەڵ ئێران. بایدن وەک تاکتیکی وتوێژ لەگەڵ ئێران، لە سیاسەتی حکومەتی ترەمپ نزیکترە تا ئۆباما، کە دوورنماکەی ڕێککەوتننامەیەکە زیاتر لە بەرجام کە ڕەهەندی سیاسەتی هەرێمایەتی و هەڕەشە سەربازییەکانی ئێرانیش بگرێتەوە. بەڵام ئیران تەسلیمی دبلۆماسیەتی فشار نابێتەوە. لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران، ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کرایەوە لە ٥٪ بۆ ٢٠٪ و پاشان ٦٠٪. لە فشارەکاندا، ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ڕێژەکە تا ٩٠٪ بەرز دەکاتەوە. لە ڕاستیدا کام لایەن لە ئێران و ئەمەریکا، پێڕەویی دبلۆماسیەتی کوشتنی کات و شەڕی ئارام و کوشندە دەکەن؟ لەبەر ڕۆشنایی هەلومەرجی ناوخۆ و دەرەکی و ئابووریی ئێران، سیاسەتی گشتیی وڵات گەیشتنە بە زیندووکردنەوەی بەرجام. ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاماژەی بە ڕێککەوتنێکی بەهێز دەکات لەگەڵ ئێران و ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێگایەکی درێژمان لەبەردەمدایە. سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل باس لە ستراتیژی “کوشتن بە هەزار چەقۆ” دەکات بەرامبەر ئێران[16].

ئێران و ئەمەریکا لە سەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە ئاڵۆزترین شێوازی پەیوەندیی نێوان دوو حکومەتیان لە مێژوودا ئەزموون کردووە. گشت سەرۆکەکانی ئێران و ئەمەریکا، خوازیاری ئەوە بوون کە ئەم دیوارە لە بێمتمانەیی بشکێنن، بەڵام هەموویان شکستیان خواردووە. پەیوەست بە دۆسیەی ناوەکیی ئیرانیش، هەردوو باڵی ڕیفۆرمخواز و پەڕگیر لە ئێران و هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتیش، ئەزموونی زۆریان لەسەر ئەم دۆسیەیە هەیە. لە هەمان کاتدا، مێژووی ئەم پەیوەندییانە پێمان دەڵێن کە هیچ پەیوەندییەک بە ئەندازەی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمەریکا دوژمنی دەرەکی و ناوخۆی نەبووە[17].

گەڕی حەوتەمی وتوێژەکانی ڤیەننا

کشانەوەی یەکلایەنەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، شۆکێکی گەورە بوو بۆ ئێران و جیهان و ناوچەکەش. “دۆناڵد ترەمپ ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە خوازیاری بەدەستهێنانی چەکی کۆکوژ و بۆمبی ئەتۆمییە. هاوکات ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە لە ڕیزی پێشەوەی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتییە. ترەمپ باسی لە خراپیی ڕێککەوتننامەکە کرد و پێی وا بوو کە ئەگەر ئێران هەموو بەندەکانی ڕێککەوتننامەکەش جێبەجێ بکات، لە نزیکرتین دەرفەتدا دەتوانێت دەستی بە بۆمبی ئەتۆم بگات[18].”

دۆسیەی ئێران لە دیدی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە سێ بەشی هەستیار دابەش دەبێت: یەکەم: ئێرانی ئەتۆمی و هەر بابەتێکی کە پەیوەندیدار بێت بەم دۆسیەیە وەک ڕێککەوتننامەکان و سیاسەتی جیهانی لەهەمبەر ئەم دۆسیەیە و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی. دووەم: سیاسەتی هەرێمایەتیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو کە ئەمەریکا لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانیەوە لە ناوچەکە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدات. سێیەم: بابەتی ئەمنی و سەربازی و مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران، کە ئەمەریکا وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆی و هاوپەیمانەکانی لەی قەڵەمی دەدات.

لە کاتێکدا وتوێژەکانی ڤییەنا دووبارە دەستیان پێ کردەوە، کە گۆڕانکاریی گەورە لە سیاسەتی ناوخۆی ئێران و ئەمەریکا ڕووی داوە. لە ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەۆکی وڵات دیاری کراوە، کە سەر بە ناوەندی دەسەڵاتی ئێران و باڵی توندڕەوە. لە ئەمەریکاش پارتی دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن دەسەڵاتیان گرتەوە دەست، کە ئەزموونی حوکمڕانیی ئۆباما دێنێتەوە یاد. بەڵام نە باڵی توندڕەوی ئێرانی هێندە توند بوون کە پشت لە ڕێککەوتننامەی بەرجام بکەن و نە دیموکراتەکانی ئەمەریکاش لە ڕووی میکانیزمەوە هەمان ڕێچکەی ئۆبامایان گرتە بەر. “ڕۆبێرت ماڵی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، پێی وایە کە ئێران کاتی زۆری لەبەردەم نییە. دەبینن کە بەرجام لە ئایندەیەکی نە زۆر دوور کۆتایی پێ دێت و دەبێت بە ڕێککەوتننامەیەکی نوێ چارەسەری کێشەکان بکەین[19].” ئەمە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ورووژاندنی دۆسیەی مووشەکە دوورهاوێژەکان و هەڵسوکەوتی ئێران لە ناوچەکەش، دەبێتە بابەتی کێشەی ئێران و سیستمی جیهانی و وڵاتە یەکگرتووەکان. هەست بە پاشەکشەیەکی ئارامی حکومەتی بایدن لە درووشمەکانی هەڵبژاردن دەکەین.

ئیران لەژێر فشاری ئابووری و هەلومەرجی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، خوازیاری گەڕانەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی ٥+١ دەکات. بەڵام ئێران لەم خولە لە گفتوگۆکان، داوای گەرەنتی قورس دەکات کە ئەمەریکا پابەند بکات بە ڕێککەوتننامەکە و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران بەکرداری، بەتایبەت فرۆشتنی نەوتی ئێران و گەڕانەوەی داهاتەکەی بە دراوی بیانی بۆ وڵاتەکەی.

ئەنجام

دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران وەک کرۆک و جەوهەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان، هەر ڕەهەندی تەکنیکی و تەکنۆلۆجی نییە، بەڵکوو ڕەهەندی سیاسی و ئابووری و ئیداری و یاساییشی هەیە. لە سەردەمی شای ئێران و تا دەگات بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم دۆسیەیە تا ئێستا بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. ئەمەش کاریگەریی قورسی هەم لەسەر ئێران داناوە و هەم کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانیشی تا ڕادەیەک سیاسەتی جیهانی بەسەر دووجەمسەرییەکی دیاردا دابەش کردووە. لە حاڵەتی چارەسەرکردنی کێشەکەدا، ئێران دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی ڕاستی نێودەوڵەتیی خۆی و جێگری سیاسی و ئابووری بۆ وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەباتە دۆخێکی ئارام و جێگیر و پێگر بۆ ئێران و ناوچەکەش، بەڵام ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەبوو، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی سزای توندتر و کەمەرشکێنتر بین لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپاوە. میکانیزمی ماشە (Trigger Mechanism)، یاخود گەڕانەوەی ئۆتۆماتیکیی گەمارۆکان (Snapback) بۆ سەر ئێران لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە. هەڕەشەی هێرشی سەربازی لەلایەن ئەمەریکا و ئیسڕائیل، دۆخی ناوچەکە دەخاتە حاڵەتێکی زۆر مەترسیدار، ناوچەکەش دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی سەربازی و گەرمکردنی بازاڕی چەک.

سه‌رچاوه‌كان:

 

 

[1]  یراوان ابراهامیان، ١٣٩٨، تاریخ مدرن ایران، تهران، انتشارات نشر نی چاپ نوزدەهم.

[2]  سید حسن موسویان، ١٣٩٤، روایت بحران هستەای ایران، ناگفتەهای یک دیپلمات، تهران، انتشارای تیسا.

[3]  کاظم غریب ابادی، ١٣٧٨، برنامە هستەای ایران، واقعیت های اساسی، تهران، مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجە.

[4] کاظم غریب ابادی، ١٣٧٨، برنامە هستەای ایران، واقعیت های اساسی، تهران، مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجە.

[5] هەمان سەرچاوە.

[6] سید حسن موسویان، ١٣٩٤، روایت بحران هستەای ایران، ناگفتەهای یک دیپلمات، تهران، انتشارای تیسا.

[7]  دکتر حسن روحانی، ١٣٩٠، امنیت ملی و دپلوماسی هستەای، تهران، مرکز تحقیقات استراتژیک.

[8] کوسرت خدر ابوبکر، ٢٠١٨، المفارضات الدولیە حول البرنامج النووی الایرانی وآفاقها المستقبلیە، مرکز کردستان للدراسات الاستراتیجیە، سلیمانیە.

[9] محمد جواد زریف، علی اکبر صالحی، عباس عراقچی، مجید تخت روانچی، ١٤٠٠ راز سر بە مهر، کتاب اول: موافقت ژنو، تنظیم و گردآوری: سید علی موجانی، انتشارات اطلاعات.

[10] هەمان سەرچاوەی پێشوو.

[11] http://www.irdiplomacy.ir/fa/news/1940867/%D9%86%DA%AF%D8%A7%D9%87%DB%8C-%D8%A8%D9%87-%D9%82%D8%B7%D8%B9%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%87-%D9%87%D8%A7%DB%8C-%D8%B4%D9%88%D8%B1%D8%A7%DB%8C-%D8%A7%D9%85%D9%86%DB%8C%D8%AA-%D8%B9%D9%84%DB%8C%D9%87-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86

[12] محمد جواد زریف، علی اکبر صالحی، عباس عراقچی، مجید تخت روانچی، ١٤٠٠ راز سر بە مهر، کتاب  دوم: از توافق مشترک تا اطاق نگارش موافقت ژنو، تنظیم و گردآوری: سید علی موجانی، انتشارات اطلاعات.

[13] هەمان سەرچاوەی پێشوو.

[14] https://www.armscontrol.org/factsheets/JCPOA-at-a-glance

[15] jack,straw. 2019. The English job, understanding iran and why it distrust Britian .

[16] علیرضا نامور حقیقی. تلفزیون ایران انترناشنال،22 dec 2021 / https://youtu.be/sjVOWZyE50s

[17][17] سید حسین موسویان، ١٣٩٤، ایران و امریکا (گذشتە شکست خوردە و مسیر آشتی)، تهران، انتشارات تیسا.

 

[18] https://www.bbc.com/persian/44046173

[19] https://www.mehrnews.com/news/5381469/%D8%B1%D8%A7%D8%A8%D8%B1%D8%AA-%D9%85%D8%A7%D9%84%DB%8C-%D9%81%D9%82%D8%B7-%DA%86%D9%86%D8%AF-%D9%87%D9%81%D8%AA%D9%87-%D9%81%D8%B1%D8%B5%D8%AA-%D8%AF%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D9%85

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٢) کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ .

Send this to a friend