• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 18, 2021

دووبارە بیرکردنەوە لە شیرازەی نوێی جیهانی

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (9)ی ئه‌یلولی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

لەمڕۆدا دەوڵەتە دیموکراسییە لیبراڵەکان چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی، چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە قەیراندان، هاوکات ئەو شیرازەە جیهانییە لیبراڵەش کە ئەم دەوڵەتانە لەپاش جەنگی دووهەمی جیهانییەوە دایانمەزراندووە و بەرگریی لێ دەکەن، بووەتە جێگەی پرسیار و مشتومڕ. بیرکردنەوە و پرسیارەکان لە شیرازەەی جیهانی (World Order) تازە نین، نەک تەنها لەم قەیرانەی ئێستادا، بەڵکوو لە ترۆپکی سەرکەوتنی هێزە لیبراڵەکانیشدا پاش کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، پرسیارکردن لە بارەی ئەم شیرازەە و ڕامان لە ئایندەی، جێگای مشتومڕی بیریار و قوتابخانە جیاوازەکانی کایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بووە. لەنێو ئەو بیروبۆچوونە جیاوازانەدا و بەدیاریکراوییش لەنێو پارادایم (پرادیگما)ی عەقڵانیدا، دەکرێت دوو تێڕوانینی جیاواز سەبارەت بە شیرازەەی جیهانی دەستنیشان بکەین: تێڕوانینێکی گەشبینانە لە بارەی ئایندەی شیرازەەی جیهانییەوە کە پێداگری لەسەر هاریکاری و ئامێزانبوونی زیاتر دەکەن، لە جیهانێکدا کە بەها لیبراڵەکان و دیموکراسی لە نەشونمادایە، هەروەها تێڕوانینێکی ڕەشبینانە کە سێرە لەسەر ناکۆکی و ململانێ دەگرێتەوە و زەنگی ئەگەری داڕمانی شیرازەەکە لێدەدات. هەر چەندە ئەم دوو ئاراستەیە یەکێکیان (گەشبینەکە) سەر بە قوتابخانەی لیبراڵگەرایی و ئەوی تریشیان (ڕەشبینەکە) سەر بە قوتابخانەی ڕیاڵگەراییە، بەڵام دواجار هەردووکیان لە چوارچێوەی تێڕوانینی لیبراڵیی عەقڵانیدان بە مانای فراوانەکەی. لێرەوە و لەنێوان ئەم دوو تێڕوانینەوە، کتێبەکەی سۆرێنسن (دووبارە بیرکردنەوە لە شیرازەەی نوێی جیهانی) تەونی بیروبۆچوونەکانی دەچنێت و دڕ بە ڕێگای شرۆڤەکردن دەدات. کتێبەکە ساڵی 2016 بە زمانی ئینگلیزی و لەژێر ناوی “Rethinking the New World Order” لەلایەن دەزگای پاڵگرەیڤەوە و لە میانی زنجیرەی “Rethinking”دا بڵاو کراوەتەوە، ساڵی (2020)یش بۆ سەر زمانی عەرەبی وەرگێڕدراوە و لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ ڕۆشنبیری و هونەر و ئەدەبیات لە وڵاتی کوێت بڵاو کراوەتەوە.

   “یۆرگ سۆرێنسن” (Georg Sorensen) مامۆستای سیاسەت و ئابووریی نێودەوڵەتی لە زانکۆی ئارهوس (Aarhus) لە دانیمارک و بیریارێکی پڕ بەرهەم لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، ڕوانین و ئارگیومێنتی ئەم دوو ئاراستەیە (لیبراڵگەرایی و ڕیاڵگەرایی) لە بارەی شیرازەی نوێی جیهانییەوە بەوردی دەپشکنێت و بەبێ پەسندان و هەڵگرتنەوەی هیچ ئاراستەیەکیان شەنوکەوی بۆچوونەکانیان دەکات و دواتریش شرۆڤە و بۆچوونەکانی خۆی دەخاتە ڕوو. لەگەڵ ئەمەشدا دەکرێت بڵێین سۆرێنسن لە ئاراستەی لیبراڵگەراوە نزیکترە و ئەمەش لە هەڵبژاردنی “شیرازەی جیهانی” (World Order) لەجیاتیی “شیرازەی نێودەوڵەتی” (International Order) بۆ ناونیشانی کتێبەکە بەڕوونی دەردەکەوێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە وەرگێڕی عەرەبیی کتێبەکە شیرازەی جیهانیی (النظام العالمي) بە شیرازەی نێودەوڵەتی (النظام الدولي) وەرگێڕاوە و ئەمەش نەدەبوو بکرایە، چونکە ئەم دوو زاراوەیە گوزارشت لە دوو ئاراستە و قوتابخانەی جیاوازی کایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن و شارەزایانی ئەم بوارە ئاگاداری وردەکاریی ئەم بابەتەن.

    ئەمڕۆ، پەیوەست بە شیرازەی جیهانی، بەدیاریکراوی لەکوێداین؟ ئەمە پرسیاری سەرەکیی کتێبەکەیە و هەروەک خۆی لە پێشەکیی کتێبەکەدا دەڵێت: ئەمە ئەو پرسیارەیە کە کتێبەکە هەڵوێستەی لەسەر دەکات و بایەخی پێ دەدات. لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دید و تێڕوانینی جیاواز و بۆچوونی جۆراوجۆر خراونەتە ڕوو، بەڵام سەرەکیترینیان تێڕوانینی هەردوو قوتابخانەی لیبراڵگەرایی و ڕیاڵگەراییە. لە دووتوێی کتێبەکەدا سۆرێنسن ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە وا: هەم لیبراڵگەرا گەشبینەکان و هەم ڕیاڵگەرا ڕەشبینەکان لە هەندێک لە بۆچوونەکانیاندا لەم ڕووەوە ڕاستییان پێکاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕای هەردوو لا کورتبینی و کەمتینیی تێدایە.

   پێناسە و بۆچوونی جیاواز لە بارەی چەمکی شیرازەی جیهانی و ئایندەی ئەم شیرازە لەئارادایە، بۆیە “سۆرێنسن” دوای شەنوکەوکردنی پێناسە و بۆچوونەکان، پێناسەی خۆی بۆ شیرازەی جیهانی دەخاتە ڕوو. بەلای سۆرێنسنەوە شیرازەی جیهانی: شێوە حوکمڕانییەکە (ترتيب للحكم) هەم لەناو دەوڵەتاندا، هەم لەنێوان دەوڵەتاندا، بە بەشداریی بکەرگەلێکی تر. پەیوەست بە شیرازەیەکی جیهانیی سەقامگیر کە بەباشی بلەیزێت (جيد الأداء) و ئەرکەکانی بەجێ بگەیەنێت، چەند کۆتوبەندێکی نەسەقی لەئارادان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا کۆتوبەندی ناوخۆیی لەئارادان. لە پێناو بنکۆڵکارییەکی دروستی شیرازەی جیهاندا، پێویستە هەردوو ڕەهەندەکە پێکەوە مامەڵە بکرێن. واتە شیرازەی جیهانی لە ڕوویەک لە ڕووەکانیەوە ڕێکخستنێکی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتانە، بە بەشداریی لایەنگەلێکی تر، ئەمەش ڕەهەندی نێودەوڵەتییانەی شیرازەی جیهانییە. لە لایەکی ترەوە شیرازەی جیهانی پەیوەستە بە لایەنی مەرجە کۆمەڵایەتی-سیاسییە سەرەکییەکانی ناوخۆی وڵاتانەوە، ئەمەش ڕەهەندی ناوخۆیی شیرازەی جیهانییە. بۆ تێگەیشتنێکی باشتریش لە شیرازەی جیهانی، پێویستە ڕەچاوی هەردوو ڕەهەندەکە بکرێت.

   کتێبەکە لە نۆ بەش پێک هاتووە، سەرەڕای ئەوەی کە وەرگێڕی عەرەبیی کتێبەکە (ئوسامە ئەلغەزوولی) پێشکەشکردنێکی بۆ چاپە عەرەبییەکە نووسیوە، “مایکل کۆکس”یش ئیدیتۆری زنجیرەی “دووبارە بیرکردنەوە” (Rethinking) ڕێخۆشکردنێکی بۆ چاپە ئینگلیزییەکە نووسیوە.

   لە بەشی یەکەمدا ئەو شرۆڤە سەرەکییانە خراونەتە بەر باس کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی سارددا لە بارەی شیرازەی نوێی جیهانییەوە پێشکەش کراون. لەم ڕووەوە تێڕانینی هەردوو قوتابخانەی لیبراڵگەرا و ڕیاڵگەرا دوو تێڕوانینی سەرەکیی ناو تەوژمەکەن، هەروەها بە ڕای “سۆرێنسن” چەند بیردۆزێکی تریش وەک بیرۆزی قوتابخانەی ئینگلیزی و بیردۆزەوانە مارکسییەکانی ئابووریی سیاسیی نێودەوڵەتی (IPE)؛ توخمی گرنگ و نوێیان بۆ مشتومڕی نێوان ئەم دوو قوتابخانەیە سەربار کردووە.

   هەر لەم بەشەدا سێ مشتومڕی تر لە بارەی شیرازەی جیهانییەوە خراونەتە ڕوو، هەر چەند ئەم مشتومڕانە بیردۆز نین بە مانای فراوانی بیردۆز، بەڵام بۆچوونی گرنگیان پەیوەست بە شیرازەی جیهانی خستووەتە ڕوو. مشتومڕی یەکەم لە بارەی “ئیمپڕاتۆریا بەرانبەر هەرێمگەرایی (regionalism)ە، مشتومڕی دووەم گرنگیی ڕوو لە زیادی بکەرە نادەوڵەتەکانە، هەر چەندە ئەم بکەرانە وەک دەوڵەت گرنگ نین بۆ شیرازەی نێودەوڵەتی، بەڵام ڕۆڵیان ڕوو لە هەڵکشانە، مشتومڕی سێیەمیش بایەخ و گرنگیی ژینگەیە کە بووتە ڕواڵەتێکی هەمیشەیی شیرازەی جیهانیی هەنووکە.

   بەشی دووەم و سێیەم و چوارەمی کتێبەکە تەرخان کراوە بۆ ئەو مەرجانەی کە شیرازەی جیهانیی هەنووکە چێوەبەند دەکەن: لە بەشی دووەمدا مەرجی یاخود ڕەهەندی ناوخۆیی دەوڵەتان شرۆڤە کراوە و بە ڕای “سۆرێنسن” هەموو دەوڵەتان بەبێ جیاوازی تووشی جۆرێک لە فشەڵی (fragility) ناوخۆیی هاتوون کە توخمی پشێوی و ناسەقامگیرین بۆ شیرازەی جیهانی. لە بەشی سێیەمدا ئاراستەی گفتوگۆ دەگوازێتەوە بۆ ڕەوشی نێودەوڵەتی و پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان، بە سێرەگرتن لەسەر ئەوەی کە مەترسیی شەڕی نێوان دەوڵەتانی خاوەن سەروەری پاشەکشێی کردووە و گرفتی شەڕی ناوخۆی دەوڵەتان پەرەی سەندووە. دوای ئەم دوو مەرجە چێوەییە (الشروط الإطارية)، لە بەشی چوارەمدا دەچێتە سەر باسی مەرجی چێوەیی سێیەم، ئەویش دابەشبوون و بونیادی هێزە لە شیرازەی جیهانیدا. “سۆرێنسن” پێی وایە لە ڕووی هێزی ماددییەوە تا ئێستاش (2016)، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەهێزترین دەوڵەتی ناو ئەم شیرازەی ئێستایە، بەڵام هێز ڕوویەکی کۆمەڵایەتییشی هەیە و پەیوەستە بە هێنانەکایەی شیرازەیەکی ڕەوا (نظام مشروع) و درێژەپێدانی. وڵاتە یەکگرتووەکان لەم لایەنەوە تووشی گرفتی گەورە دەبێتەوە.

   لەژێر ڕۆشنایی ئەو سێ مەرجە چێوەییەدا کە لە بەشەکانی دووەم و سێیەم و چوارەمدا خراونەتە ڕوو، بەشەکانی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم و هەشتەم و نۆیەم تەرخان کراوە بۆ گەنگەشەکردنی نموونەکانی شیرازەی جیهانی لە گرنگترین بواردا، ئەوانیش بواری: ئاسایش، ئابووری، دامەزراوەکان، بەهاکانن.

   لە بەشی پێنجەمدا تاوتوێی بابەتە سەرەکییەکانی کارنامەی ئاسایشی جیهانی دەکات، کە بریتین لە: دەوڵەتە فشەڵەکان، شاخ لەیەک گیرکردنی زلهێزەکان و کێبەرکێکانیان لە ناوچە جیاوازەکاندا، پاشانیش ئاسایشی مرۆیی. لە کۆتایی ئەم بەشەدا سۆرێنسن بەو دەرەنجامە دەگات کە وا جیهان بە ئاراستەی قەیران و پشێویی زیاتر دەڕوات.

   کاروباری ئابووری و داینامیکە گۆڕاوەکانی جیهانگیری؛ بابەتی بەشی شەشەمە و تاوتوێی پێشبینییە لیبراڵییەکان لە بارەی بەیەکگەیشتن و هاریکاری لە کاروباری ئابووریدا دەکات کە تا ڕادەیەک ڕاست دەرچوون، بەڵام جیهانگیریی ئابووری نابەرابەریی گەورەی لێ کەوتەوە و بەیەکگەیشتن و هاریکارییش لە سنوورێکی تەسکدا مایەوە، ئەمەش بوو بە هۆی پەرچەکرداری نەرێنی بەرانبەر جیهانگیری و هاریکاریی چڕ و فراوان.

   بەشی حەوتەم بەدوای بارودۆخی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕەوشی هەنووکەی حەوکەمەی جیهانیدا دەڕوات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە حەوکەمەکە نیوەناچڵە، واتە هەر چەندە بڕێکی زۆر حەوکەمە هەیە، بەڵام لە سنووری دابینکردنی چارەسەری کورتمەودا بۆ قەیرانەکان زیاتر تێناپەڕێت.

   بەشی هەشتەم لەدەوری پێگەی بەها لیبراڵەکان لە شیرازەی جیهانیی هەنووکەدا دەسووڕێتەوە و گفتوگۆکانی لەسەر بارگرژییەکانی نێوان دوو بەهای بنەمایی لیبراڵ بونیاد دەنێت، ئەویش: بەهای سەربەخۆییە لەهەمبەر بەهای پشتپێکدیبەستندا (interdependence). ماوەی دوای جەنگی سارد بەوە جیا دەکرایەوە کە بەرەو چڕکردنەوەی پشتپێکدیبەستن هەنگاو دەنێت، بەڵام بەندۆڵەکە لە ئێستادا بە ئاراستەی پێچەوانە دەجووڵێت، واتە بە ئاراستەی زیاتر جەختکردنەوە لەسەر سەربەخۆیی.

   لە بەشی نۆیەم و کۆتاییدا، پوختەی بۆچوونەکان لە بارەی دووبارە بیرکردنەوە لە شیرازەی نێودەوڵەتی خراونەتە ڕوو. سۆرێنسن لایەنگریی لە بۆچوونی هیچ یەکێک لە دوو تەوژمە سەرەکییەکە (تەوژمی لیبراڵی گەشبین و تەوژمی ڕیاڵی ڕەشبین) ناکات و پێی وایە هەر تەوژمێک لەم تەوژمانە ڕووناکی دەخاتە سەر لایەنێک لە لایەنەکانی شیرازەی نێودەوڵەتی و لایەنگەلێکی تر لە تاریکاییدا بەجێ دەهێڵێت. بۆیە تێڕوانینەکانی بە ئاراستەی شرۆڤەیەکی فرەلایەن و بەدوور لە لێکدانەوەی تاک ڕەهەندانەی شیرازەی جیهانی هەنگاو دەنێت، بە جۆرێک ئاڵۆزکاوییەکانی شیرازەەکە ببینێت.

تێبینی: لەم بابەتەدا وشەی نەزم لەبریی “نظام”ی عەرەبی بەکار هاتبوو، بەڵام گۆڤاری ئایندەناسی لەبریی “نەزم”؛ وشەی “شیرازە”ی بەکار هێناوە، بۆ ئەوەی ئەم وشەیە یان جێگیر بێت، یاخود وشەیەکی باشتر لە پرۆسەی ڕەخنەکاریی وشەکەدا بەرهەم بهێنرێت. “شیرازە” لە زمانی کوردیدا پێشتر زۆر بەکار هاتووە، لە شێوەزاری هەورامی (گۆران)دا لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی کڵاشدا بەکار دێت، دوایین کردەیە کە سەرە (سەرخان) و ژێرە (ژێرخان)ی کڵاشەکە پێکەوە دەبەستێتەوە و جوانی و تۆکمەیی دەبەخشێتە کڵاشەکە و تا ئەوەش تەواو نەکرێت کۆی پڕۆسەکە بە تەواوکراو دانانرێت و شوناسە گشتگیرەکەی وەرناگرێت. لە شێوەزاری کرمانجیی خوارووشدا شیرازە بۆ پێکەوەبەستەیی و پەیوەندیی تۆکمەی خێزانێک بەکار دێت و هەر کاتێک لێک دەپچڕێت یان بێسەرەوبەرە دەبێت، دەوترێت شیرازەی ئەو ماڵە تێک چووە. بۆیە وەک چەمک، ئەم وشەیەمان كە واتای سیستمی سیاسیی دەگەیەنێت، پێشنیار كردووە.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە نۆی (9) ئەیلولی 2021، ساڵی دووەم

Send this to a friend