• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 18, 2021

سیناریۆ ئایندەییەکان

ئامادەکردن: د.عابد خالد

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (9)ی ئه‌یلولی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

سیناریۆ (Scenario – مشهد) یەکێکە لە تەکنیکەکانى ئەو زانستەى کە بە لێکۆڵینەوە ئایندەییەکان (ئایندەناسی، الدراسات المستقبیلة، ‌آیندەپژوهی، Future Studies) ناسراوە. ئەگەر بەگشتى مەبەست لەم زانستە بریتى بێت لە بوارێكی ئاكادیمیی مەعریفیی فرە دیسپلین كە لە سەرجەم پسپۆڕییە زانستییە جیاوازەكاندا بەكار دەهێنرێت و لە ڕێگەى چاودێریكردنی ئایندەوە لە لایەنە خوازراو و پێشبینیكراو و گریمانەییەکانیەوە، بە ئامانجی دیاریكردنی وێنایەک لە وێناکانى ئایندە یان زیاترکردنی ئەلتەرناتیڤێک (بدیل) لە ئەلتەرناتیڤەکانی ئایندە، ئەوا سیناریۆ گرنگترین تەکنیکە بۆ گەڵاڵەکردنى ئەو وێنا و ئەلـتەرناتیڤانە.

لە ڕووى زمانەوانییەوە، وشەی “Scenario” لە زمانە بیانییەکاندا لە وشەی “Scena”ى لاتینى وەرگیراوە، کە لە سەدەکانى ناوەنددا بە مانای سەرنجدان (النظر)، یاخود تێڕوانین (المشاهدة) بەکار هاتووە، دواتر لە سەدەی نۆزدەیەمدا بەکارهێنانی ئەم وشەیە لە ئەورووپا بوو بە باو، لەدوای ئەوەشەوە بۆ هەموو جیهان گوازرایەوە.

لە ڕووى زانستییشەوە، سیناریۆ بریتییە لە وێنایەکى پێشبینیکراو بۆ ئایندە، کە بە شێوەى چیرۆک یان گێڕانەوە (Narrative) یان ئەلتەرناتیڤ، لەسەر داهاتووى بابەتێک دەخرێتە ڕوو، بەڵام لەبەر ئەوەى لە هەر لێکۆڵینەوەیەکدا سەبارەت بە ئایندەى ئەو بابەتەى کە جێى لێکۆڵینەوەیە؛ دەشێت زیاتر لە سیناریۆیەک (بە شێوەیەکی ئاسایی سێ یان چوار سیناریۆ بۆ بەراوردکردن) بخرێتە ڕوو، لەبەر ئەوە زۆربەى کات لە لێکۆڵینەوە ئایندەییەکاندا ئەم وشەیە بە شێوازى کۆ (جمع) بەکار دەهێنرێت و لەجیاتیى ئەوەى بوترێت “Scenario”، دەوترێت (Scenarios – مشاهد)، هەروەها دەشوترێت (سیناریۆ ئایندەییەکان – Future Scenarios – المشاهد المستقبلية).

سیناریۆکان زۆربەى جار بەئەنقەست خەیاڵین و کەم جاریش ڕاسپاردەیان تێدایە، بە مەبەستی فێربوون و گرتنەبەری کردارى پێویست لە ئێستادا دیزاین کراون، ئەمەش بە سەرلەنوێ دروستکردنەوە و تاقیکردنەوە و دووبارەکردنەوەی بیرۆکەکان سەبارەت بەوەی کە لەوانەیە لە داهاتوودا ڕوو بدات.

سیناریۆکان تەکنیکێکى ئایندەناسى بەسوودن لە سێ ڕووەوە:

١. (پشکنین – Exploration): ڕێگە دەدات ئەگەرە گریمانکراوە جۆراوجۆرە تەبا یان دژبەیەکەکان لەسەر ئایندەى بابەتێک بدۆزێتەوە.

٢. (ڕەوش – Context): ڕێگە دەدات ئایندەى هەر بابەتێک لە چوارچێوەى کۆى بابەتە پەیوەندیدارەکان پێیەوە وێنا بکرێت، نەک وەک یەک بابەتى تەنیا و پەراوێزی.

٣. (گێڕانەوە – Narrative): ڕێگە دەدا چەند شارەزاییەکى ئەزموونکراوى جۆراوجۆر لەسەر بابەتى جێى لێکۆڵینەوەکە بخرێتە ڕوو کە شایەنى وانە لێوە فێربوون و سوودلێبینین بن.

هەر چەندە بەشێک لە شارەزایان وا دەخوازن سیناریۆکان لە ڕووى زەمەنى ئایندەییەوە بۆ سێ جۆر پۆلێن بکەن، ئەوانیش: (نزیکمەودا، ناوەندمەودا، دوورمەودا)،

بەڵام بەگشتى دەشێت لە ڕووى ناوەرۆکیشەوە بۆ سێ جۆر پۆلێن بکرێن:

١. (سیناریۆى چاوگگەر – مرجعي): کە تیایدا زیاتر جەخت لەسەر ئەو وێنا و بەدیلە دەکرێتەوە کە زۆرترین ئەگەرى ڕوودانى هەیە.

٢. سیناریۆى گەشبینگەر: کە تیایدا زۆربەى وێنا و بەدیلەکان بە ئاراستەى ئومێد و گەشەى ئەرێنی بابەتى لێکۆڵینەوەکە دەخرێنە ڕوو.

٣. سیناریۆى ڕەشبینگەر: کە تیایدا زیاتر پێداگرى لەسەر زەقکردنەوەى ئاڵنگارى و دژواریییە نەرێنییەکانى بەردەم ئایندەى بابەتى لێکۆڵینەوەکە دەکرێت.

سەرچاوەکان

  1. 1. Godet, F. Roubela, Creating the future : The use and misuse of scenarios, Published in Long Range Planning, Vol. 29, No. 2, 1996.
  2. 2. OECD, Educational Research and Innovation Back to the Future of Education Four OECD Scenarios for Schooling, Publishe: OECD, 2020.

٣. محمد جمال جارحي سعداوي، بناء السيناريو في الدراسات المستقبلية، رسالة ماجستير، جامعة حلوان، ٢٠١٦.

٤. د. یوسف گۆران، لێکۆڵینەوەکانى ئایندەیی: پوختە دەروازەیەکى تیۆرى، گۆڤارى ئایندەناسى، سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیى، ژمارە (1)، ئايار ٢٠٢٠.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە نۆی (9) ئەیلولی 2021، ساڵی دووەم

Send this to a friend