• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 27, 2024

کێ ئیسلامییە کوردەکان لەئامێزدەگرێت؟

نوسینی: ڕوشەن چاکر (Ruşen Çakır)

وەرگێڕانی: سەرکۆ عەلی عەبدولقادر

ڕۆژنامەوانی تورک؛ ڕوشەن چاکر لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٩٦٢ لەدایکبووەو ساڵی ١٩٨٥ لە گۆڤاری نۆکتا (Nokta Dergisi) دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. لە هەریەک لە ڕۆژنامەکانی (Tempo, Cumhuriyet, Vatan, Milliyet)و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی (CNN Türk, NTV, HaberTürk) کاری ڕۆژنامەوانیی کردووە. بەڕێوەبەرو پێشکەشکاری پڕۆگرامی دیموکراسی‌و کۆمەڵگەی مەدەنی‌و جیهانی ئیسلامی (Demokrasi, Sivil Toplum ve İslam Dünyası programı) بووە لە وەقفی توێژینەوە ئابووری‌و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا ( Türkiye Ekonomik ve Sosyal Etüdler Vakfı). لە زانکۆی مەڕمەڕە وانەی ئیسلامیی سەردەمیانەو هزری سیاسی‌و تورکیا (Çağdaş İslamî Siyasî Düşünce ve Türkiye) وتووەتەوە. ئێستا زیاتر لە ڕێگەی پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە درێژە بە چالاکی‌و کارە ڕۆژنامەوانییەکانی دەدات.

سەرەتا

هاوینی دوای هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ساڵی ١٩٩٤ لە تورکیا، زنجیرەیەک بابەتم لە سەر “عەلەویزم”٢ بۆ ڕۆژنامەی میللیەت٣ دەنوسی‌و لەو کاتەدا چوومە ئەوروپا بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێکخراوە عەلەوییەکاندا کۆببمەوە. زۆر چاوپێکەوتنمدەکرد، بە تایبەت لە ئەڵمانیا. بە ڕێکەوت ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەیەکم بینی بە ناوی “کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراسی”، کە لە بەرلین بەڕێوەدەچێت، ئەم ناونیشانە سەرنجیڕاکێشام، کە لە ڕۆژنامەیەکی نزیک لە پەکەکە لە دەرەوەی وڵات دەردەچوو، بڵاوکرایەوە، بۆیە منیش ڕۆیشتم بۆ کۆبوونەوەکە.

ئەم بۆنەیە “پەکەکە” ڕێکیخستبوو. کۆبوونەوەیەک بوو کە ژمارەیەکی کەم لە خەڵکی تورکیای تێدا بوو، بەڵام بە گشتی خەڵکی ناوچەکە، واتە عێراق‌و سوریاو ئێران هاتبوون، کۆبوونەوەکە بە تەواوی بە زمانی کوردی بەڕێوەدەچوو. لە کاتێکدا ئەوان لە هیچ تێنەدەگەیشتن، گوێیان لەو تۆمارە دەنگییە دەگرت کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ کۆبوونەوەکە ناردبووی، ئۆجەلانیش بیری خۆی دەربارەی “ئیسلامی دیموکراسی” خستبووەڕوو، ئاماژەی بە مێژووی ئیسلام‌و … هتد دەکرد.

ڕێک ٢٠ ساڵ دوای ئەم ڕوداوە، واتە لە ساڵی ٢٠١٤، لە ڕۆژانی ١٠-١١ی ئایار لە ئامەد کۆبوونەوەیەک بە ناوی “کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک” بەڕێوەچوو. ئەم جارەیان ئەو ڕوداوە بە هەمان ڕوانگەوە لە ئامەد ڕوویداو پەیامی ئۆجەلان لە کۆنگرەکەدا خوێنرایەوە، پەیامێک لە ئیمراڵی٤ لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەوە، بە ڕەزامەندیی دەوڵەت، ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ بەشداربوانی کۆبوونەوەکە تێگەیشتنێکی خۆی بۆ ئیسلام ڕوونکردەوە، کە تێیدا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش خەڵک لە بەرانبەر بزوتنەوە سەلەفییە عەرەبییەکان‌و شیعەی ئێرانی جەختی لە سەر ئیسلام‌و ئایینێک دەکردەوە کە لە خزمەتی خەڵکدا بێت.

ئەم ڕوداوە لە ساڵی ١٩٩٤ بوو، لە سەردەمێکدا کە پارتی “ڕەفا”٥ لە هەڵکشاندا بوو، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان‌و ئەمەی دەرکەوت‌و ئیسلامی سیاسی لە پڕۆسە سیاسییەکانی تورکیاو لە جیهاندا قورسایی زیاتریان وەرگرت. قۆناغێک بوو کە پەکەکە لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕی سارددا هێواش هێواش دەستیکرد بە دوورکەوتنەوە لە دوایین گوتاری. لێرەدا ڕوداوێکمان بینی، کە تێیدا پەکەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕووبەڕووی واقیعی ئیسلام دەبێتەوە. وەک لە تورکیادا دەزانرێت کورد بە تێکڕا پێکهاتەیەکی زۆر پەیوەستە بە ئایینەوە، بەڵام دژی ئەمە، ڕێکخراوی پەکەکە هەر لە سەرەتاوە بە هێڵێکی زیاتر مارکسیانەو ماتریاڵیستیانە مامەڵەیکردووە. سەبارەت بە ئایین بە تایبەتی، ئەگەر هەڵوێستی نەرێنی نەبووبێت، ئەوا هیچ شتێکی ئەرێنیی نەکردووە.

پەکەکە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تێڕوانینی خۆی بۆ ئایین‌و بە تایبەت بەرانبەر بە ئیسلامییە کوردەکان نەرمترکرد. بێگومان ئەم نەرمبوونە نەک هەر لە کردەوەکانی پەکەکەو ئۆجەلاندا، بەڵکو لە تێڕوانینی ئەو پارت‌و ڕێکخراوانەی کە نزیکن لە پەکەکەو لە تورکیادا بە شێوەیەکی یاسایی چالاکییان هەیە، هاتەئاراوە. بە تایبەت لە ساڵی ٢٠١٥دا کە ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەڵکشانێکی زۆر گەورەدا بوو، دەبینین لەوێ بەشدارییەکی ئایینیی زۆر چالاکتر هەبووە.

بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی ٢٠١٥دا، لە ژێر دروشمی بەتورکیاییبوون (Türkiyelileşme) لە هەموو تورکیاداو لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی لە ئامێزگرتنی خەڵکی ئیسلامیی کوردەوە زۆر چالاکیی گرنگی کرد. هەندێک کەسایەتی هاتنەپێشەوە، لەوانەش: ئاڵتان تان (Altan Tan)و ئایهان بیلگەن (Ayhan Bilgen)، ئەم دوو کەسایەتییە کە پاشخانێکی ئیسلامییان هەبووە، هەم وەک پەرلەمانتارو هەم تا سەرکردایەتی‌و مەکتەبی سیاسیی هەدەپە پۆستیان وەرگرتووە. هەمیشە ژمارەیەک کەسایەتیی پاشخان ئیسلامی، یاخود پارێزکار؛ لە ژینگەی هەدەپەو پارتەکانی پێش خۆیدا هەبوونە، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی لە قۆناغی بوونی هەدەپەدا ئەم دیاردەیە تۆختربووەوە، بۆ نموونە: لە هەڵبژاردنەکانی ئایاری ساڵی ڕابردوودا هودا کایا (Hüda Kaya)، عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو (Ömer Faruk Gergerlioğlu)، نیعمەتوڵڵا ئێردۆغموش (Nimetullah Erdoğmuş)، بە پاشخانێکی ئیسلامی‌و پارێزکارییەوە لە سەر لیستی هەدەپە وەک چوونە پەرلەمانی تورکیاوە.

لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێت بارودۆخ کەمێک گۆڕابێت، ئەوانەی خاوەنی پاشخانی ئیسلامی بوون، ئێستا بە جۆری دیکەو لە ژێر ناوی دیکەدا چالاکیدەکەن.

ئێستا کاتێک سەیری ئەو ناوانە دەکەین کە لە لیستی هەدەپە-پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) لە هەڵبژاردنەکانی ئایاری ڕابردوودا هەڵبژێردراون، ناوانێک نین کە خاوەن کەسایەتییەکی پارێزکار بن، یاخود بە ناسنامەی ئایینی بناسرێنەوە. ئێستا عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو زیاتر بە کەسێکی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ ناسراوە نەک کەسایەتییەکی ئیسلامی، بەڵام هێشتا دەکرێت لە گرووپی ئیسلامییەکان دابنرێت.

هەروەها مەهمەت کاماچ (Mehmet Kamaç) وەک پەرلەمانتاری هەدەپە/ یەسەپە لە ئامەد هەڵبژێردرا. کاماچ سەرۆکی پارتی مرۆڤ‌و ئازادییە (İnsan ve Özgürlük Partisi)، کە بە درێژکراوەی باڵی مەنزیل (Menzil Kanadı)٦ی حیزبوڵڵای کوردی لە تورکیا٧ ناسراوە. بە واتایەکی تر، هەروەک چۆن پارتی داوای ئازاد (هوداپار) Hür Dava Partisi (Hüdapar) وەک درێژکراوەیەکی باڵی زانست (İlim Kanadı)ی٨ حزبوڵڵا دەبینرێت، پارتی مرۆڤ‌و ئازادییش ڕکابەری هوداپارە، مەهمەت کاماچیش کەسێکە کە پێشتر بەم هۆیەوە زیندانیکراوە، بەڵام دەوترێت لە چوارچێوەی هاوپەیمانی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی تردا پارتی مرۆڤ‌و ئازادیی دامەزراندووە، نەک بە هۆی ناسنامە ئیسلامییەکەیەوە. لەگەڵ ئەوەشدا وەک کەسێکی خاوەن ناسنامەی ئیسلامی مامەڵەدەکات.

جگە لەوەش، بۆ نموونە: لە باتمان نورەدین ئێرتوغروڵ (Nurten Ertuğrul) هەبوو، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا بە جیاوازییەکی کەم شکستیهێناو نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت‌و هەڵنەبژێردرا. لە دوای ئەویش ئەکرەم باران (Ekrem Baran)؛ سەرۆکی کۆمەڵەی هاوکاری‌و هاوپشتی زانایانی ئایینی (DİAYDER)یش سەرنەکەوت بۆ پەرلەمان، وەک دیارە کۆمەڵەی “دیایدەر” ئەمانە کەسانێکن لەوانەی کە کاتێکی زۆریان لە زیندان بەسەربردووەو دۆسیەکانیان بەردەوامە بە ئەکرەم بارانیشەوە. ئەکرەم باران ساڵ‌و نیوێک زیندانیکراوە، بەڵام نەدەکرا لە شوێنێکەوە هەڵبژێردرێت، کە هەڵبژاردنی قورس بوو.

ئیسلامییە کوردەکان ئامانجی سەرەکیی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەبێت

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا کە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ بەڕێوەدەچێت، بە شێوەیەکی زۆر جددیتر، پرسی سەرکەوتن لە بەدەستهێنانی دەنگی ئیسلامییە کوردەکان لە لوتکەی کارنامەی کارو پرسی ڕۆژی تورکیادا دەبێت. ئێمە دەزانین کە حکومەت لە سەر ئەم بابەتە هەنگاوێک دەنێت. هوداپاری بردووەتەناو پێکهاتەی خۆیەوە، لە لیستی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) ٤ کاندیدیدیان بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرا، ئەمە لە خۆیدا خاڵێکی گرنگە. وەزیری ناوخۆی کابینەی پێشووی حکومەتەکەی ئەردۆغان؛ سولەیمان سۆیلو، ئەمەی بە “پڕۆژەیەکی دەوڵەت” وەسفکرد. ئەم لەخۆگرتنەی هوداپار لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە بەو مانایە دێت کە لە قۆناغی داهاتوودا هەندێک دەستتێوەردان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتدا (باکووری کوردستان) لە چوارچێوەی پرسی کورددا ڕودەدات، کە هوداپار بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشداریی دەبێت. ئەم دۆخە نابێت وەک پرسێکی سادەو ساکار وەربگیرێت. ئایینداری تایبەتمەندییەکی زۆر دیارە لە ناو کوردو دەنگدەرانی کورددا. دەسەڵاتی وەبەرهێنان لەم کارەدا، هەڵبەت ئاکپارتی هەمیشە دەسەڵاتێکی دیاریکراوی هەبووە، لە باشووری ڕۆژهەڵات هەمیشە لە هەندێک ناوچەدا یان لە دوای هەدەپە بووە، یان پێش هەدەپە بووە.

ئاکپارتی لە ئایندەدا ئەم بابەتە زۆر زیاتر دەخاتە بەرنامەی کارەوەو دەبێتە پرسێکی گەرمی ڕۆژ. پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە، ئەوەی کە وتەبێژانی حکومەت‌و بە تایبەت ئەردۆغان پرسی هاوڕەگەزبازی (LGBT) ئەوەندە بەکاردەهێنن‌و بەردەوام باسیدەکەن، نابێت ئەم ڕەهەندە بەکەمسەیربکرێت. بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی هاوڕەگەزبازی لەلایەن دەوڵەتەوە بە تایبەتی لە ناو ئیسلامییە کوردەکاندا دەنگدانەوەی دەبێت‌و لە هەمان کاتدا هەواڵ‌و لێدوانەکان سەبارەت بە نزیکبوونەوەو هاوسۆزی هەدەپە-یەسەپە (دەمپارتی) بۆ مافی هاوڕەگەزبازان لە سەر ئەم پرسە دەبێتە هۆی هەندێک لێکترازان. پێدەچێت ئەردۆغان لێرەدا بۆشاییەکی هەدەپەی دۆزیبێتەوەو بەردەوامیش دەبێت لە بەکارهێنانی‌و دەبینین لە قۆناغی داهاتوودا، لە کاتی هێنانی ئەم بابەتە بۆ بەرنامەی کار سەبارەت بە هەموارکردنەوەی دەستوور، دەبێت یەکلاییبووبێتەوە کە پشتیوانیی ئیسلامییە کوردەکان وەردەگرێت، بە تایبەت لە دۆخی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا.

گەڕانەوەی پەکەکە بەرەوە ئیسلامییە کوردەکان

دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتیی کۆمار، جەمیل بایک؛ سەرۆکی دیفاکتۆی پەکەکە، ئەگەر ئۆجەلان ئەژمارنەکەین، لە چاوپێکەوتنێکی درێژخایەنی کەناڵێکی تەلەفزیۆنیدا کۆمەڵێک دەستەواژەی بەکارهێناوە کە شایستەی لێوردبوونەوەو ڕاڤەکردنە.

لە بابەتی ئیسلامییە کوردەکاندا جەمیل بایک دەڵێت: “ئاکەپە سوکایەتی بە خەڵکی دیندار دەکات. لە دەوری خۆی کۆیاندەکاتەوە، پێویستە لە دژی ئەمە بجەنگین. ئەم بابەتە لە تورکیا بەهێزە، پرسێکی گەورەیە. ئەوەی نەتوانێت ئەمە ببینێت، ئەوا ناتوانێت بەو پێیە سیاسەت دابڕێژێت، ئەگەر نەتوانن ئەم کۆمەڵگایە لەباوەشبگرن، ئەوا لە تورکیادا ئەنجامێکی سەرکەوتووتان دەستناکەوێت.”

من پێم وایە ئەمە بابەتێک نییە پشتگوێبخرێت، لە کاتێکدا ناوێکی وەک جەمیل بایک لە هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردندا ئەم پرسە بوروژێنێت‌و بیخاتە بەرنامەی کارەوە. جەمیل بایک دەڵێت: “با دیدی ئیسلامی دیموکراسیی ئۆجەلان جێبەجێبکەین، بۆئەوەی ڕێگری لە خراپبەکارهێنانی ئایین لەلایەن ئەردۆغانەوە بکەین.” لێرەدا یەکێک لە هەڵسەنگاندنە گرنگەکانی بزوتنەوەی کوردی لە هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەکانیدا، بە لایەنی کەمەوە پێدەچێت ئەمە لە قەندیلدا بەو جۆرە بێت، پێی وایە ئەو ڕەوتەی کە بۆشایی لەگەڵ کوردی دینداردا دروستکردووە، پێویستە نەمێنێت‌و دابخرێت. ئەمە پێویستە بە جددی ئاماژەی پێ بدرێت‌و دەتوانین چاوەڕوانی هەندێک جوڵە لە هەدەپە یان یەسەپە بکەین لە ماوەی داهاتوودا، بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییەو قەرەبووکردنەوەی ئەوەی کە کراوە، بەڵام کێشەیەکی زۆر جددی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە چۆن‌و لەگەڵ کێدا ئەم کارە دەکەن، چونکە هەندێک ناڕەزایی هەبوو لە سەر ئەم بۆچوونە. دەوترێت زۆرێک لەو ناوانەی کە ناسنامەیەکی دیاری پارێزکارییان هەبووە، کە لە لیستەکانی هەدەپە-یەسەپەدا داوای کاندیدبوونیان کردووە، یان ڕەتکراونەتەوە، یان لە شوێنێک دانراون کە نەتوانراوە هەڵببژێردرێن. بۆچوونێک هەیە لە ناو کوردە ئیسلامییەکاندا، کە هەست بەوە ناکەن نوێنەرایەتیی تەواویان دەکرێت. جگە لەوەش، لەو هەڵسەنگاندنانەی کە کراوە، شتێک هەیە کە هەمیشە وتراوەو لە ڕاستیدا هەدەپەیش لە ڕوانگەی خۆیەوە دەیگوت کە هەندێک کێشەی بنەڕەتی لە پەیوەندییەکانی ڕێکخراوەکەدا لەگەڵ کۆمەڵگادا هەیە. لێرەدا پێدەچێت پرسی ئایین‌و ئیسلام بێتە بەردەممان. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ڕەنگە شاهیدی جەختکردنەوەیەکی زیاتر لە سەر ئەم پرسانە بین، چونکە ئەو کارانە کە بە مەنتقێکی زۆر مەرکەزییانە کراون، ئاماژەن بۆ ئەمە.

ئێستا ناتوانرێت پێشبینیی ئەنجامەکانی ململانێ‌و ڕووبەڕووبوونەوەی هوداپار بکرێت، بەڵام لە داهاتوودا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ڕەنگە بزوتنەوەی کوردی ببنە خاوەنی کۆمەڵێک گوتاری ئایینی کە  ڕێگەیان بۆ خۆشبکات، یان خۆیان لە لێدوانێک بپارێزن کە ئەگەری ئەوەی هەیە خەڵکی دیندار نیگەرانبکات. بێگومان ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی لێکترازانێکی دیکە لە ناو ئەم بزوتنەوە زۆر جددییەدا. لەبەرئەوەی هاوسەنگیی زۆر ورد لە ناو ئەمەدا هەیە، چەپ هێشتا زۆر بەهێزە، جگە لە ئیسلامی سوننە، کوردی عەلەوییش زۆر بە جددی بەشدارن لەم بزوتنەوەیەدا… ئەوەندەی لەم قۆناغەدا دەبینرێت، پێناچێت سەرکردایەتییەک هەبێت کە بتوانێت هەموو ئەمانە بە هاوئاهەنگی کۆبکاتەوە. بۆ نموونە: سەڵاحەدین دەمیرتاش؛ هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، زۆر وریا بوو لەم پرسانە، لەو لێدوانانەی پێش وازهێنان لە پۆستەکەی دابووی، هەندێک کەس تێبینیانکردووە. زۆر وریا بووە لە بەکارهێنانی زمانێکی ئیسلامی‌و توانیویەتی لە کاتی پێویستدا بەکاریبهێنێت‌و تەنانەت لەلایەن هەندێک کەس‌و بازنەشەوە بەم هۆیەوە ڕەخنەی لێ گیراوە. کاتێک وەک خۆی سەیربکرێت، ئەو ئەندامانەی دەوروبەری هەدەپە، کە دەتوانن دیسانەوە ئەم توێژانە بە شێوەیەکی چالاکانە تێکەڵ بە حیزب‌و بزوتنەوەکە بکەنەوە، لەم قۆناغەدا زۆر دەرناکەون. لە داهاتوودا بۆمان ڕووندەبێتەوە ئەمە ڕودەدات یان نا، بەڵام بێگومان یەکێک لەو پرسە سەرەکییانەی کە پێویستە لێرەدا سەیربکرێت، ئەوەیە کە هەنگاوەکانی حکومەت لە سەر ئەم پرسە چی دەبێت، کارێک نییە تەنها بە هوداپار بکرێت. ڕێکخراوێکی زەبەلاحی کاروباری ئایینی هەیە، بناغەی زۆر جددیی هەیە، مەزهەب هەیە، جەماعەت هەیە. ڕەنگە شایەتحاڵی قۆناغێک بین کە هەموو ئەمانە تێیدا کۆبکرێنەوەو پێم وایە لە قۆناغی داهاتوودا چەندین توێژی جیاواز کێبڕکێدەکەن بۆ بەدەستهێنانی کوردە دیندارەکان.

بێگومان پێویستە تێبینییەک بکرێت. کاتێک سەیری ئەم کێبڕکێیە دەکەین، واتە حکومەت‌و هەدەپە، وەک خۆی کێبڕکێی نێوان ئاکەپەو هەدەپە کە دەستیپێکرد، پێدەچێت بە سەرخستنی کوردی دیندار چڕترببێتەوە.

ئەمەش وەک پرسیارێکی زۆر جددی پێویستە وەڵامبدرێتەوە. بە واتایەکی تر، لە ئەگەری ئەوەی کە بزوتنەوەی کوردی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ئۆپۆزسیۆن، ئۆپۆزسیۆنی دامەزراوەیی دووربکەوێتەوەو تا ڕادەیەکی دیاریکراو لە حکومەت نزیکببێتەوە، کە پێدەچێت لەم قۆناغەدا دوور بێت، بەڵام ناتوانرێت بگوترێت کە هەرگیز ڕوونادات، کوردی دیندار دەتوانێت بە جۆرێک لە نێوەندگیری مامەڵەبکات.

پەراوێز

  1. میدیاسکۆپ پلاتفۆڕمێکی میدیاییە، کە لە ٢٠ی ئابی ٢٠١٥ ڕۆژنامەنوس؛ ڕوشن چاکر، دایمەزراندووەو بە شێوەیەکی سەرەکی بابەتی سیاسی لە ڕێگەی یوتیوب‌و کەناڵەکانی پۆدکاستەوە پەخشدەکات.
  2. ڕەوتێکی ئایینی سەر بە مەزهەبی شیعەیە، کە لە تورکیاشدا هەن، هاوشێوەی وڵاتانی دیکە.
  3. یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی میللی لە ١١ی شوباتی ١٩٢٦، لەلایەن جێگری سیرت مەحمود سۆیدان، بە مۆڵەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک دەرچووە.
  4. ئیمراڵی دورگەیەکی بچووکی تورکیایە، لە باشووری دەریای مەڕمەڕە لە ڕۆژئاوای نیمچەدورگەی ئارموتلو بۆزبورون لە سنووری پارێزگای بورسا. شوێنی زیندانیکردنی ڕێبەری ڕێکخراوی پەکەکە؛ عەبدوڵڵا ئۆجەلانە.
  5. پارتی ڕەفا؛ پارتێکی سیاسیی تورکیایە، بە هۆی ئاڕاستەی ئیسلامییەوە ناوبانگی دەرکردووە. لە ساڵی ١٩٨٣ لەلایەن نەجمەدین ئەرباکانەوە دامەزراوە، لە ساڵی ١٩٩٧ قەدەغەکرا.
  6. باڵێک بووە لە ڕێکخراوی حیزبوڵڵای کوردی.
  7. لە تورکیا بە حیزبوڵڵای کوردی ناسراوە، ڕێکخراوێکی چەکداریی ئیسلامیی سوننەی کوردییە، بە شێوەیەکی سەرەکی چەندین چالاکی چەکدارییان لە دژی حکومەتی تورکیاو پەکەکە کردوووە.
  8. باڵێک بووە لە ڕێکخراوی حیزبوڵڵای کوردی‌و هەر لە سەرەتای سەرەتای کارەکانیاندا بڕوایان بە چالاکیی چەکداری هەبووەو لەگەڵ باڵەکەی دیکەی حیزبوڵڵادا (مێنزیلی) ڕوبەڕووبوونەوەی توندی چەکدارییان هەبووە.

لینکی بابەتەکە

https://medyascope.tv/2023/07/03/dindar-kurtleri-kim-kucaklayacak/

Send this to a friend