بونیادی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران
بارام مەجیدخان
بەرایی
بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، پاشخانی دەگەڕێتەوە بۆ هاوکارییە ئەتۆمییە مەدەنییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە هەردووکیان هاوپەیمانی نزیک بوون. ساڵی ١٩٥٧ ڕێککەوتننامەی هاوکاری ئەتۆمی مەدەنی لە نێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ کرا و لە ساڵی ١٩٦٧ ڕیاکتۆری توێژینەوەی ٥ مێگاوات لە لایەن کۆمپانیای ئەمریکی AMF تەواو بوو. ئێران یەکێک بوو لە یەکەم وڵاتەکان کە ڕێککەوتننامەی NPTی واژۆ کرد لە ساڵی ١٩٦٨ و لە ساڵی ١٩٧٤ ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی دامەزراند.
ئێران دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دەرکردنی ڕەزاشا و جێنشینی لەلایەن محەمەد ڕەزا کوڕەکەیەوە لە ئەمریکا نزیک بووەوە و وەک هاوپەیمانێکی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەرکەوت. ڕووداوە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئێران، هەلومەرجی نێودەوڵەتی و دەستپێکی شەڕی سارد، پێگەی پاشای ئێرانی بەهێزتر کردووە. دکتۆر محەمەد موسەدیق لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیدا دەسەڵاتی گرتە دەست. پاشان کودەتایەک کە بەریتانیا بەشداری تێدا کرد و توانی دکتۆر موسەدیق لە دەسەڵات دوور بخاتەوە. ئەم دۆخە نوێیە، شای ئێرانی بەهێزتر کرد، توانی ڕۆڵی ئەندامێکی چالاکی پەیمانی سێنتۆ ببینێت.[1]
ئەمریکا یەکەمین لایەنگری ئێران بوو بۆ تەکنەلۆژیای ئەتۆمی؛ هەروەها، ئەمریکا بوو بە ترسناکترین دوژمنی ئێران بۆ بە دەستهێنانی وزەی ئەتۆمی. یەکەم هەنگاوی کردەیی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ساڵی ١٩٥٧ بوو، هەروەها واژۆکردنی ڕێککەوتنێک کە لە پێشەکییەک و یازدە مادە پێکهاتبوو. ئەمریکا لە چوارچێوەی سیاسەتی نوێی خۆی “ئەتۆم بەرامبەر بە ئاشتی” پەرەی بە چالاکی ئەتۆمی هەندێک وڵات دا لەوانەش ئێران. ئەمریکا هەستیارییەکی زۆری بۆ ئەو وڵاتانە نیشان نەداوە کە ئەم پرۆژەیە دەیانگرێتەوە. بەتایبەتی مەترسی نەهێشتنی ئەم چالاکییانە بۆ مەبەستی سەربازیی شاراوە.
بە گشتی ئەگەر سەیری چالاکییە ئەتۆمیەکانی ئێران بکەین تا شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران، بە سەرەتایەکی بەهێز دەستی پێکرد و دواتر بە ئاشتیانە بەرەوپێشچوو. هاوکێشه نێودەوڵەتییەکان گۆڕانکارییان به سەردا هات، کاتێک ململانێی نێوان هیندستان و پاکستان ئاڕاستەیەکی مەترسیداریان گرتەبەر و هەردوو وڵات پەلە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. ئەو دۆخە نوێیە ئێرانیشی گرتۆتەوە کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خاو بووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە بازاڕێکی گەرم بووە بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی ئامێر و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی. شای ئێران هەندێک جار بە قووڵی نائومێد بوو لە پشتیوانی جیهانی و خواستی ئێران بۆ جەندرمەکان و هێزە بەهێزەکانی ناوچەکە. دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانیش وەک کارتێک لەلایەن ئەمریکاوە لەدژی کەسوکاری نزیکی پاشای ئێران تەماشا کرا. عەلی ئەکبەر ئیعتماد وەک بەڕێوەبەری دۆسیەی ئەتۆمی ئێران ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بینی. ئیعتماد ئەو پرسیارە سەرەکییە دەوروژێنێت کە ئایا ئێران ڕێگەی ڕاستی هەڵبژاردووە بۆ دۆڕان بە ئەتۆم؟ ئایا ئێران پێویستی بە وزەی ئەتۆمی هەبوو؟ بیرکردنەوەی هاوبەش ئەوە بوو کە ئێران خۆی بۆ سەدەی بیست و یەک ئامادە بکات، بەتایبەتی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانی ئەو ڕۆژە باسیان لە سنوورداربوونی سەرچاوەکانی وزە دەکرد و ئێران دەبێ جێگرەوەیەکی ئەتۆمی بۆ وزە هەبێت. [2]
محەممەد ڕەزا شا و خەونی بە دەستهێنانی وزەی ئەتۆمی
زۆر گرنگە کە کۆنترۆڵی مێژووی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران بکەین بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی وڵاتانی جیهان لە هاندانی پلانی ئەتۆمی ئێران. بە تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە یەکەم بزوێنەری ئێران بوو لەم ڕووەوە (ئێستا دوژمنێکی بەهێزە). پێگەی نێودەوڵەتی ئێران هەمیشە بۆ وڵاتانی جیهان گرنگ بووە بەهۆی پێگەی جیۆپۆلەتیکی ئێران و یەدەگی گەورەی نەوت و گاز لەو وڵاتەدا. محەمەد ڕەزا شا لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا شوێنی ڕەزا شای باوکی گرتەوە و دەسەڵاتی پاشایەتی ئێرانی گرتە دەست. لە ماوەی جەنگی سارددا بوو بە یەکێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا. کاتێکیش دکتۆر محەمەد موسەدیق لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی دیموکراسی دەسەڵاتی گرتە دەست، شای ئێران بە هاوکاری ئەمریکا و بەریتانیا توانی بگەڕێتەوە ئێران و دوبارە دەسەڵات بگرێتەوە دەست، ئەم پشتیوانییە بەردەوام بوو تا ڕوخانی سیستەمی پاشایەتی لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩. ئەمریکا جیاواز لە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئێران، ڕۆڵی سەرەکی بینی لە بەرەوپێشخستنی ژێرخانی ئابووری و چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران. لە ساڵی ۱۹۵۰بە دواوە، حکومەتی ئێران دەیان هەزار خوێندکاری ناردووە بۆ ئەمریکا بە مەبەستی ڕاهێنانیان وەک پسپۆڕی بواری وزە. ئەم خوێندکارانە پاشان بوونە کەرەستەی پەرەپیدانی چالاکییە ئەتۆمیەکانی ئێران. محەمەد ڕەزا شا خەونی دەسەڵاتی باڵای هەرێمی هەبوو. ئەو هەمیشە دەیویست لە ناوچەکەدا هێزی ئێران باڵادەستی خۆی بنووێنێ و بەهێزتر بێت. بەتایبەتی لە ململانێ لەگەڵ عێراق و تورکیا.[3]
بەڵام ئەم متمانەی ئەمریکا گۆڕدرا بۆ گومان لە چالاکییە ئەتۆمیەکانی ئێران. عەلی ئەکبەری ئیعتماد کە سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئێران بوو. لە بیرەوەرییەکانیدا، بە وردی باسی ئەم بابەتە دەکات. بە تایبەتی، ئەو نایشارێتەوە کە ئەمریکییەکان نیگەرانن لە چالاکییە ناوکییەکانی ئێران. ئەمریکا لەبەر دوو هۆکار نیگەرانە یەکەمیان ئێران زۆر بە پەلە بوو لە چالاکییەکانی. دووەمیشیان هەڵبژاردنی ئەو جۆرە وێستگە ئەتۆمییانە، کە ئامانجی ئێران لە چالاکییە ناوکییەکان نیشان دەدات کە بە ئاڕاستەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئاڕاستە دەکران. بەڵام کەس ئاگاداری ئامانجی پاشا نەبوو، نە سەرۆک وەزیران و نە سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئێران. لە گێڕانەوەکەیدا، ئیعتیماد ئاماژە بەوە دەکات کە دەیەوێت مەبەستەکانی پاشا بزانێت. ئەو پێیوابوو کە شای ئێران لە دۆخی ئەو کاتدا بیری لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم نەکردبووەوە. بەڵام لە هەمانکاتدا ئاگاداری ئەو ڕایەی شا بوو کە لە هەلومەرجی پێویستدا دەکرێت ئێران بۆ نیشاندانی باڵادەسی خۆی لە ناوچەکە ئەو کارە بە ئەنجام بگەێنێ.[4]
هاوکاری ئەتۆمی لە نێوان ئێران و وڵاتانی جیهان لە پێناو بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی
یەکەم هەوڵی ئێران بۆ گەیشتن بە تەکنەلۆژیای ئەتۆمی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاکان. یەکەم وڵات کە داوای لە ئێران کرد تەکنەلۆژیای ناوکی بەدەستبهێنێت، ئەمریکا بوو. یەکەم هەنگاوی گرنگ لە ساڵی ۱۹۵۶ ئەنجامدرا. لە ساڵی ۱۹۵۷، ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی ئەمریکا و حکومەتی ئێران مۆرکرا لەسەر بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی نا سەربازیی. ئەم ڕێککەوتنە پێکدێت لە پێشەکی و ۱۱ بابەت. پڕۆژەی ئەمریکا بۆ بڵاوکردنەوەی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی لە چوارچێوەی ئەتۆم بەرامبەر ئاشتیدا بوو. سەرەڕای نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانەی کە بەشدارن لەم پلانەدا وە لادانیان لە بەکارهێنانی سەربازی، بەڵام ئەمریکا هەستیارییەکی زۆری بۆ ئێران نیشان نەدا.[5]
هاوکات لەگەڵ ڕێککەوتنی هاریکاری ناوکی نێوان ئێران و ئەمریکا، پەیمانگای زانستی ناوکی لە ژێر سەرپەرشتی ئاژانسی ناوەندی سێنتۆ لە بەغداوە گواسترایەوە بۆ تاران. زانکۆی تاران ناوەندی تارانی دامەزراند لە ژیر ناوی سەنتەری ئەتۆمی زانکۆی تاران بۆ توێژینەوەی ناوکی. لە ساڵی ۱۹۵۸، لەسەر پێشنیاری زانکۆی تاران، ڕیاکتەرێکی ئەتۆمی لەسەر ئەجێندای حکومەت دانرا. ئۆپەراسیۆنی دروستکردنی ڕیاکتەری زانکۆی تاران لە ساڵی ۱۹۶۷ ئامادەکرا. توانای ڕیاکتەرەکە ۵ مێگاوات بوو. سەنتەری وزەی ئەتۆمی زانکۆی تاران خاڵێکی گرنگی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران بوو. لە وڵاتێک کە چەندین سەرچاوەی نەوت و گازی تێدایە. ئێران هەوڵی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و گاز دەدات. ئەم هەڵوێستەی ئێران لە جیهاندا ڕەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا تا ساڵی 1979 بەردەوام بوو، لە کاتێکدا ئەمریکییەکان گومانیان لە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران هەبوو.
چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران کە بە هاوکاری و پشتیوانی ئەمریکا لە ئێران دەستی پێکرد. ئێران هاوکات لەگەڵ تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی وڵاتانی جیهان دۆخی نێودەوڵەتی خۆی گۆڕی ئێران. لە سەرەتای چالاکییە ئەتۆمییەکەیەوە پڕۆتۆکۆلی NPT ئیمزا کرد. بەڵام ئێران نەیتوانی چالاکییە ئەتۆمییەکان بەو خێراییە ئەنجام بدات کە دەستی پێکرد. ئێران گومانی لە هاوکارییە جدییەکانی ئەمریکا هەبوو. بەرنامەی ئەتۆمی لە سەر ئاستی جیهان، بازاڕێکی باش بوو بۆ وزەی ئەتۆمی هەر بۆیە ئێران چەندین گرێبەستی لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا و چەندین وڵاتی تر واژۆ کرد. هەموو ئەو بەشدارییە تەکنۆلۆژییانە بۆ ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ڕێکارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدا بوو.
ئەکبەر ئیعتماد، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی ۱۹۷۴، لە چاوپێکەوتنێکی درێژدا لەگەڵ بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران وتی. ئەوان دەیانویست فشار بخەنە سەر ئێران و پاشاکەی سەرەڕای ئەوەی متمانەیان بە ئێران هەیە. فەرەنسییەکان بە شێوەیەکی سیاسی بەشداری خۆیان بۆ ئێران پێشکەش کرد. ئەمریکییەکان فشاریان خستەسەر کەسانی دەوروبەری شا لە ڕێگەی هەماهەنگی ئابووریی هاوبەشیان کە بتوانن ئیمتیازاتی زیاتر لە حکومەتی شا بەدەسبهێنن. ئەکبەری ئیعتماد کە جێگەی متمانەی شا بوو لەگەڵ هەموو فشارەکان توانی دوو کاری مەزن ئەنجام بدات. یەکەم: ئێران پێگەی نێودەوڵەتی خۆی پاراست و توانی لە هەمانکاتدا پەرە بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی خۆی بدات. هەروەها توانی هەڕەشە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران کەم بکاتەوە. دووەم: توانی کارەبا بۆ ئێران بەرهەم بهێنێت. هەرچەندە ئێران نەیتوانی بە وزەی ئەتۆمی کارەبا بەرهەم بهێنێت بکاتەوە، بەڵام ئامادەکاریی کرد بۆ دروستکردنی چەندین وێستگەی ئەتۆمی کە پاشان بوونە بنەمای کاری حکومەتەکانی دوای شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران. ئێران چەندین گرێبەستی گرنگی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهانی ئەنجامدا کە جێگەی ئاماژە پێکردنە.[6]
- فەڕەنسا
هاوکاری بەرفراوانی ئێران و فەرەنسا لە بواری تەکنەلۆجیای ئەتۆمی دەگەڕێتەو بۆ ساڵی ١٩٧٤ کە هاوکات بوو لەگەڵ دامەزراندنی دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران. لە سەردانیکردنی شا و ئیعتماد بۆ فەرەنسا کە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵبژاردنی ژیسکاردیسکن بە سەرۆکی ئەو وڵاتە ئەنجام درا. وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لە ٢٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٤ ڕێککەوتننامەیەکییان ئیمزا کرد کە هاوکاری زانستی، تەکنیکی، پیشەسازی بۆ بەدەستهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی لە خۆ گرتبوو. ئەم ڕێککەوتننامەیە کە بە ڕێککەوتنی دایک دەناسرا بۆ ماوەی ١٥ ساڵ گرەنتی کرابوو. ئەم ڕێککەوتننامەیە بووە هۆکاری ئەوەی کە کۆمپانیا و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و فەرەنسا دەستکراوە بن لە هەماهەنگی و ئیمزاکردنی گرێبەست لە نێوان یەکدیدا. سێ میحوەری گرنگی ئەم ئەم هاوکاریانە بریتی بوون لە:
یەکەم: هاوکاری ئێران و فەرەنسا سەبارەت بە سوتەمەنی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم.
دووەم: بونیادنان و دروستکردنی ناوەندی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی ئەتۆمی.
سێیەم: دروستکردنی چەندین وێستگە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی ئەتۆمی بە توانای ٥٠٠ میگاوات لە ئێران.
- ئەڵمانیا
ساڵێک دوای ڕێککەوتن لەگەڵ فەرەنسا و لە ٣٠ حوزەیرانی ١٩٧٥ ڕێککەوتننامەی هاوکاری لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی تەکنەلۆجی لە نێوان ئێران و دەوڵەتی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا واژۆ کرا. لەم ڕێککەوتننامەیە هەردوو لا پابەندی خۆیان نیشاندا، کە لە چوارچێوەی ئاشتیخوازانە پەرە بە هاوکاری تەکنیکی و ئەتۆمی بدەن لەو بوارانەی خوارەوە:
- توێژینەوە و پەرەپێدانی زانستی و تەکنەلۆجی
- پێگەیاندنی کارمەندانی زانستی و فەننی
- تەکنەلۆجیای هێزی ئەتۆمی
- سەلامەت و پارێزگاریکردن لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان و بەرگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تیشکی ئەتۆمی
- سوتەمەنی ئەتۆمی
- بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم جیاواز لە بەکارهێنانی وەک بەرهەمهێنانی کارەبا.
- بەریتانیا
هاوکاری ئێران و بەریتانیا زیاتر خۆی لە پرۆسەی بازنەی سوتەمەنی ئەتۆمی دەبینیەوە. لە سالانی ١٩٧٦ چەند گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیا بەریتانیەکان ئیمزا کرا، سەبارەت بە کڕینی یۆرانیۆم و گۆڕینی یۆرانیۆم بوو. بەڵام بە گشتی فەرەنسا و ئەڵمانیا گەورەترین لایەنەکانی گرێبەست و واژۆکردنی ڕێککەوتننامە بوون لەگەڵ ئێران.[7]
- ئەمریکا و ئێران جیاواز لەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ ئەڵمانیا و فەرەنسا واژۆی کردبوون، هاوکات لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش کەوتە گفتوگۆ. ئەمریکا بەڵێنی دروستکردنی چەندین وێستگەی ئەتۆمی بە ئێران دابوو. بەو شێوازەی کە شای ئێران خوازیاری بوو. بەڵام مەرجی ئەمریکا ئەوە بوو کە کۆمسیۆنێکی هاوبەش لە هەردوولا چاودێری پرۆسەکە بکەن. هەروەها ئەمریکا گرفتی لەگەڵ دابینکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو بە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران. تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکەی هیندستان لە ساڵی ١٩٧٤ شۆکێکی گەورە بوو هەم بۆ ئەمریکا و هەم بۆ زلهێزە گەورەکانی خاوەن بۆمبی ئەتۆم لە جیهاندا. هەر بۆیە ئەمریکا زۆر لەو هەنگاوانەی کە هاویشتبوونی بۆ هەندی وڵات کە ببنە خاوەن وزەی ئەتۆمی بۆ بەکارهێنانی ئاشتیانە لە ناویشیاندا ئێران پەشیمان بووەوە. یاخود باشترە بڵێین پاشگەز بووەوە لە هەندێ لەو هەنگاوانە. بەڵام ئەو توندییەی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران هێواشتر بوو، هەندێک چاوپۆشی تێدا بوو. ساڵی ١٩٧٥ هۆشەنگی ئەنساری وەزیری کاروباری دارایی ئێران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕێککەوتنێکیان بە نرخی ٦،٥ ملیارد دۆلار ئیمزا کرد. کە بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە ئەمریکا هەشت ڕیاکتۆری ئەتۆمی بە ئێران دەبەخشی. هەروەها کۆمسیۆنی وزەی ئەتۆمی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر ڕیاکتۆرێکی “ئاوی سووک” بە توانای ١٢٠٠ میگاوات لەگەڵ سوتەمەنیەکەی بە ئێران بفرۆشێت. ئەم هەموو گرێبەست و چالاکییانەی ئێران لە ناوخۆ و لە دەرەوەی وڵات شای ئێرانی گەیاندبووە ئەو ئەنجامەی کە ئێران زۆرتر لەو ماوەیەی کە پلانی بۆ دانراوە دەبێتە خاوەنی وزەی ئەتۆمی.[8]
ڕێککەوتنی دروستکردنی وێستگەکانی کارەبا
لە نێوان ساڵانی ۱۹۷۴ بۆ ۱۹۷۹، ئێران هەشت وێستگەی ئەتۆمی لە نێوان ئاژانسی وزەی ئەتۆمی و بەڵێندەرانی بیانی واژۆ کرد.
- وێستگەی وزەی ئەتۆمی بوشەهر (دوو یەکە): دروستکردنی ئەو دوو یەکەیە بە توانای ۱۳۰۰ مێگاوات لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی KWU کۆتایی هات. گرێبەستەکە جێبەجێکرا هەتا ئەو کاتەی لە ساڵی ۱۳۵۸ ڕاگیرا، کارەکانی بیناسازی بە ڕێژەی ۸۰٪ و کارە کارەبایی و میکانیکییەکان بە ڕێژەی ۶۰٪.
- وێستگەی کارەبای ئەتۆمی کارون (دوو یەکە): گفتوگۆی دروستکردنی هەردوو یەکەکە بە توانای هەریەکەیان 950 مێگاوات لەگەڵ کۆمپانیای فەڕەنسی (فرانتات) ئەنجام درا. شوێنەکە لە نزیک ئەو شوێنە بوو کە لە لایەن (ن.ک)ەوە بوو، بەڵام ڕووی نەدا.
- وێستگەی وزەی ئەتۆمی ئیسفەهان (دوو یەکە): ڕێککەوتنی دروستکردنی ئەو دوو یەکەیە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانی KWU واژۆ کرا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
- وێستگەی وزەی ئەتۆمی ساوە (دوو یەکە): دروستکردنی ئەم دوو یەکەیە وێستگەیەکی کارەبا بوو بە توانای ۱۲۹۰ لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی KWU، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.[9]
چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە نێوان ساڵانی ۱۹۵۷ بۆ ۱۹۷۹
پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جهیانی بە قۆناغی زۆر جیاوازدا گوزەری کردوە.بە تایبەت پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریکا. بەڵگەکانی پەیوەست بە پەیوەندی ئێران و ئەمریکا لە دووتوێی ئەو پرۆتۆکۆل و ڕێککەوتننامانەی کە نێوان ئێران ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەروەها وڵاتانی ئەورووپایی جێگەی سەرنج و تێڕامانە. جیاواز لە بابەتە تەکنیکییەکان، ئامانجی سیاسی و ئابووری لە پشت ڕێککەوتنەکانەوە بەدی دەکرێن. ڕوی سیاسی و تەکنیکی ئەو بابەتە لە بیرەوەریەکانی عەلی ئەکبەی ئیعتماد بە وردی باسی لێوە کراوە، کە زانیاری گرنگ و بەسوودی لە ئامێز گرتووە. ئیعتماد نایشارێتەوە کە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بە تایبەت لە سەردەمی شەڕی سارد لە جیهاندا پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لە ژێر گوشاری گەورە بەرپەسانی ئەمریکا، ئاڵۆزییەکی بۆ هەردولا دروست کردبوو. ئاماژە بە ناشارەزایی و خۆێن ساردی ئەمریکاییەکان دەکات لە وتووێژەکانی لەگەڵ ئێران. زۆرجار وەک قەییوم هەڵسوکەوتیان کردووە. هەندێجار ناچار بووە کۆبوونەوەکان جێبهێڵێت تا ئەو کاتەی ئەمریکییەکان دەچەنەوە ماڵەوەو و پاش سەعیکردن بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتووگۆکان. ئەمەش بۆ ئێران کە بە پەلە بوو لە بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی بێزارکەر بوو. هەرچەندە لە کۆتاییەکانی حکومەتی شای ئێران ڕێکەوتنامەی زۆریان واژۆ کرد، بەڵام هەڵەکانی حکومەتی جیمی کارتەر سەبارەت بە ئێران هەموو ئەو هەوڵانەی ئێرانی لە بار برد. فشارە ئابووری و سیاسییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و بۆ کۆنترۆڵکردنی ئێران و بە ئامانجی نزیک نەبوونەوەی لە سۆڤیەت بوو. ئێران هەم لە سەنتەری دیواری دژە سۆڤیەت وەستابوو و هەم دەستوپێی لە لایەن ئەمریکییەکانەوە بەسترابوو. سیاسەتی وابەستەکردنی ئێران لە ڕێگەی تەکنەلۆجیکی و سوتەمەنی ئەتۆمی وای لە ئێران دەکرد بۆ هەمیشە وابەستەی دەست و پێشکاوی ئەمریکا بێت.
ئەو سیاسەتانە وای لە حکومەتی شا کرد ڕوو لە وڵاتانی ئەورپایی بکات، بە تایبەت ئەڵمانیا و فەرەنسا کە بوونە دوو یاریکەری دیاری بواری ئەتۆمی لە ئێراندا، ئەوەش بە چەند هۆکارێک:
- هۆکاری سیاسی
ئەتۆم لە سەرەتادا بۆ ئامانجی سەربازیی بەکار هات. پاشان بەکارهێنانی بۆ وەبەرهێنان لە بواری پزیشیکی و کشتوکاڵ وزەی کارەبا بووە دیاردەیەکی باو لە سەردەمی چەنگی سارددا. ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی بوون ژمارەیان کەم بوو. هەر ئەو وڵاتانەش بوونە خاوەنی مافی ڤیتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. ئەمریکا دیاردەی هەناردەکردنی تەکنەلۆجی ئەتۆمی بۆ مەبەستی وزە کردە باوی ئەو سەردەمە. ڕێچکەکەش وەها ڕێکخرابوو کە لە ڕێگەی واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتننامە و پابەند بوون بە ڕێکارەکانی ڕێکخراوی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمی. بەڵام لە تەنیشت ئەمریکاوە بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنساش بەم ڕێچکەیەدا ڕۆیشتن. ئەم بابەتە وەک لە سەرەتادا بە ئامانجی وابەستەکردنی وڵاتانی وەرگری ئەو تەکنەلۆجیایە بوو، بەڵام پاشان بوو بە بابەتێکی نێودەوڵەتی قوورس. بە تایبەت دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی هیندستان.
ئەمریکییەکان سارد بوون لەو پرۆسانە. بەڵام ئەورووپاییەکان هەر زۆر ئەو ساردییەیان دەقۆستەوە و بە ئەنجامدای گرێبەست و واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتننامە لەگەڵ ئێران بوونە هۆکاری ئەوەی کە بونیادی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بە ناتەوای دابمەزرێنن و، لەو ڕێگەیەوە بتوانن جێ پێی خۆیان لە ناوچەکە قایم بکەن. ئەورووپای سەردەمی جەنگی سارد بە تایبەت ئەورووپای سەر بە بلۆکی ئەمریکا هێشتا وەک هێزی سەرکەوتووی جەنگ تەماشا دەکرا و بەهێز بوو. هەم لە ڕووی ئابووری و هەم لە ڕووی سەربازیی و هەم لە ڕووی سیاسی. ئەورووپا وەک هێزی باڵای حقوقی و یاساییش ناوەندی بەهێزی جیهان بوو. کە تا ئێستاکەش ئەورووپا کە بەرامبەر بە ناوەندەکانی تری جیهانی بەهێز نییە بەڵام لە ڕوی بەها یاسای و مافی مرۆڤ و یاسا جیهانییەکان تا ئێستا وەک چەقی سیاسەتی نێودەوڵەتی سەیر دەکرێت.[10]
سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە بڵاوبوونەی تەکنەلۆجیای ئەتۆمی قوورستر و سەختتر بوون. لە ساڵی ١٩٧٤ هێنری کیسنجەر ئاماژەی بەوە دا کە ” هەردوولا لە سەر ئەوە کۆکن کە کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی فراوانتر بە بەر گرتن لە بەدەستهێنای تەکنەلۆجیای ئەتۆمی لە لایەن کەسانی نابەرپرس بگیرێتە بەر. هەردوولا لەسەر ئەوە کۆکن کە پابەند بن بە بنەماکانی پەیماننامەی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا کە هەردولا ئیمزایان کردووە.” لە پاش ئەوە هەرچی گفتگۆ و دانیشتن لەگەڵ ئەمریکاییەکاندا ئەنجامدرا بێ ئەنجام بوون و هەر لە چوارچێوەی کاغەزەکاندا مانەوە. ئەمە یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانەی دەست نەگەیشتنی ئێران بوو بە وزە و توانای ئەتۆمی. لە ئەمریکا حەساسیەتێک بەرامبەر بە شای ئێران دروست ببوو. لە خواستەکانی شای ئێران وەک دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەڕوانرا. ئەمەش وای لە شای ئێران کرد ڕوو لە سیاسەتەکانی ئەورووپا بکات. لە لایەکی ترەوە کەوتن و ڕوخانی بەشێک لە وڵاتە دیکتاتۆرەکانی جیهان کە سەر بە ئەمریکا بوون لە کۆریای باشوور تا دەگاتە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، ئەو ترسەی لە دڵی شای ئێراندا چاند کە بەردەوام بوون لە وابەستەیی بە ئەمریکا مەترسیدارە.
فەرەنسییەکان لە ساڵانی ١٩٥٠ بە دواوە لە ژێر سەرکردایەتی ژەنراڵ دۆگل دروشمی سیاسەتی سەربەخۆی نیشتمانیان بەرز کردبووەوە. دۆگل لە ناخەوە کاریگەری بە سەر شای ئێرانەوە بەجێهێشتبوو. ئەمەش لەگەڵ خەونە سیاسی و ئابوورییەکانی شای ئێران یەکی دەگرتەوە. دابەش بوونە جیهانییەکانیش بە شیوازێک بوون کە دەبوو ئەورووپاش لە دۆلارەکانی فرۆشتنی نەوت لە سەر ئاستی جیهان بەشی هەبێت. ئەم هۆکارانە بە گشتی دەرگاکانی فەرەنسای بە سەر ئێراندا ئاوەڵا کردبوو. لە لایەکی ترەوە سیستەمی سیاسی لە فەرەنسا کە سەرۆکایەتی بوو بڕیاردانی بۆ سەرۆک فەراهەم کردبوو. بڕیارەکانی پێویستی بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی تری دەسەڵات نەبوو. بە هەمان شێوەش هەمان دەسەڵات بۆ ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش هەبوو. لە لایەکی ترەوە سەرۆکی ئاژانسی ئەتۆمی ئێران عەلی ئەکبەی ئیعتماد خۆی لە فەرەنسا دکتۆراکەی لە بواری ئەتۆمیدا بە دەستهێنابوو.
- هۆکاری تەکنەلۆجیکی
لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی حیکایەتی باو لە هەموو جیهاندا ئەوەبوو کە جیهانی داهاتوو، جیهانی ئەتۆمە. سەرچاوەکانی وزە لە جیهاندا ڕوو لە کەمی دەکەن. سەرچاوەکانی وزەی سروشتی سنووردارە. هەریەک لە وڵاتانی جیهان بەپێی بارودۆخی تایبەتییان ئەم حیکایەتەیان وەرگرتبوو. زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ناوەندێکی تایبەتییان بۆ ئەو لێکۆڵینەوانە دامەزراندبوو. لەو سەردەمەدا تەکنەلۆجی ئەتۆمی مۆنۆپۆلی ئەمریکا بوو. شەڕی سارد لە جیهاندا و هەر وڵاتێک لە لای خۆیەوە خوازیاری ئەوە بوون کە ئەو مۆنۆپۆلە بشکێنن. لە پاش چەند ساڵێک سۆڤیەت توانی چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. بەڵام ئەمریکا هێشتا باڵادەسی خۆی لە دەست نەدابوو لەو بوارەدا. پاشان فەرەنسا و بەریتانیش و چینیش توانیان ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. بەم شێوەیە ڕوخساری بابەتەکە گۆڕانی بە سەردا هات. وڵاتانی وەک فەرەنسا و کەنەدا و چەندین وڵاتی تری جیهانی لە سەرەتادا وابەستەی ئەمریکا بوون لە تەکنەلۆجیای ئەتۆمی، بەڵام پاشان گواستنەوەی ئەم تەکنەلۆجیایە بۆ بواری بەدەستخستنی توانای بەرهەمهێناینی وزە، سەرەتا لە پیشەسازی ژێردەریاییەکان و پاشان بۆ وەبەرهێنانی کارەبا زۆرێک لە وڵاتانی گرتەوە. سیاسەتی ئێرانیش لەو سەردەمە بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێتەوە کە بەشوێن ئەم پرۆسیەیەوە بوو.[11]
لە هەمانکاتدا هەڵبژاردنی فۆرمی ئەو تەکنەلۆجییە بە شێوازێک بوو کە دەبێت وڵاتان زۆر بە وردی هەڵیبژێرن، ئەگەرنا پاشان گۆڕینی ئەو فۆرمە بۆ دامەزراوەکان زۆر ئەستەم و پڕ خەرجی دەبوو. ئەم ڕاستییانە بۆ ئێرانیش ڕاست بوو.
ئەنجام
ئێران لە ساڵی ١٩٥٠ و تورکیا ١٩٥٦ و پاکستان لە ساڵی ١٩٧٢ چالاکییە ئەتۆمییەکانی خۆیان دەستپێکرد، بەڵام هەوڵەکانی پاکستان سەری گرت و لە ساڵی ١٩٨٨ توانی یەکەم تاقیکردنەوەی ئەتۆمی خۆی ئەنجام بدات. بەڵام هەریەک لە ئێران و تورکیا نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێکی بەرچاو. ئێران توانی بونیادی دامەزراوەی ئەتۆمی خۆی پەرەپێبدات. پاشان ئەم چالاکییانەی ئێران بۆ بە بنەمایەک بۆ قۆناغی دوای شۆڕش. بەڵام چالاکییە ئەتۆمیەکانی تورکیا لە چوارچێوەی دامەزراوەی لێکۆڵینەوە زیاتر گەشەی نەکرد. تورکیا نە خاوەنی سەرچاوەی نەوت و گازی سروشتیە و پێویستی زۆری بە وزەی جێگرەوە هەبوو بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام وڵاتانی زلهێز بەربەستیان بۆ دروست دەکرد. لەگەڵ ئەوەی کە تورکیا ئەندامی ناتۆ بوو. هەوڵەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەیشتن بە وزەی ئەتۆمی تا ئێستا بێ ئەنجام ماوەتەوە. ڕەهەندی سیاسی و یاسایی ئەو بابەتە کاریگەری زۆری بە سەر دۆسییەی ئەتۆمی وڵاتانی ناوچەوە هەیە.
سروشتی حوکمڕانی و فاکتەری جیۆپۆلەتیکی وڵاتان لە گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی گۆڕانی بنچینەیی ناخولقێنێت. شای ئێران دەستی دایە دۆسییەیەکی قوورس. هەرچەندە تەمەنی دەسەڵاتەکەی دەرفەتی نەدا کە سەرکەوتووبێت، بەڵام لە پاش خۆی هەمان ڕێچکە لە رژێمی سیاسی دوای خۆی بەردەوام بوو. یارییە ئەتۆمی و سیاسییەکانی پەیوەست بەو دۆسییەیە هەمان ئەو یارییانە بوون کە ئێستا لە ئارادایە. ئەگەر لە ڕوانگەی وڵاتانی خاوەن تەکەلۆجیای ئەتۆمیش لە بابەتەک بڕوانیین، ئەوا چوارچێوەی سیستەمەی سیاسی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە چاودێری قورستر لە سەردەمی شەڕی سارد لەو بابەتە دەڕوانن. بابەتی دۆسییەی ئەتۆمی هەر بابەتێکی فەنی و مافی وڵاتان نییە بۆ گەیشتن پێی، بەڵکو ڕەهەندە سیاسی و ئابووری و یاساییەکانیشی وەک بەربەست دەکرێنە ئامرازی فشار بۆ سەر دەوڵەتان. هەلومەرجی ناجێگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چ لە سەردەمی شەڕی سارد و چ لە ئێستادا گونجاو و لەبار نیە بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە.
[1] Michele Gaierra- 2015-The trajectory of Iran’s nuclear program- Plagrave macmillan- UK
[2] سید حسین موسویان-١٣٩٤- روایت بحران هستەای ایران ناگفتەهای یک دیپلمات- تهران- انتشارات تیسا.
[3] Farhad Rezaei- 2017- Iran’s nuclear program 1979-2015- Plagrave macmillan- UK
[4] علی اکبر اعتماد- ١٣٩٦- در پرتگاه حادثە زندگی نامە اکبر اعتماد بنیانگذار سازمان انرژی اتمی ایران- تنظیم اثر: محمد حسین یزدانی-تهران-اختران
[5] کاظم غریب ابادی-١٣٨٦- پروندە هستەای ایران بە روایت اسناد- تهران- مرکز اسناد و تایخ دیپلماسی ایران.
[6] علی اکبر اعتماد- ١٣٩٦- در پرتگاه حادثە زندگی نامە اکبر اعتماد بنیانگذار سازمان انرژی اتمی ایران- تنظیم اثر: محمد حسین یزدانی-تهران-اختران
[7] محسن نجفی، جعفر مقدم- ١٣٩٤-فعالیتهای هستەای ایران و تعامل ان با کشورهای خارجی (از اغاز تا سال ١٣٦٨)- تاریخچە انرژی هستەای در ایران و جهان- مرکز ادارە اسناد و تاریخ دیپلماسی- چاپخانە نشر وزارت امور خارجە-صفحە ٣٣-٣٧
[8] هەمان سەرچاوە.
[9] کاظم غریب ابادی-١٣٧٨- برنامە هستەای ایران واقعیتهای اساسی- تهران-مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجە
[10] عباس هدایتی خمینی- ١٣٩٤-فعالیتهای هستەای ایران و تعامل ان با کشورهای خارجی (از اغاز تا سال ١٣٦٨)- تاریخچە انرژی هستەای در ایران و جهان- مرکز ادارە اسناد و تاریخ دیپلماسی- چاپخانە نشر وزارت امور خارجە-صفحە ٩٤-٩٧
[11] هەمان سەرچاوەی پێشو