• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 19, 2023

فاکتەرە کاریگەرەکانی ناکۆکی نێوان ئێران و ئازەربایجان

توێژەر: تەحسین وسو عەبدوڵڵا

بەرایی

گرژییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان بە تایبەتی لە دوای ململانێی ناگۆرنۆ و قەرەباخ لە ساڵی ٢٠٢٠ و هێرشی ٢٧ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران دۆخەکەی زیاتر پەرەپێدا. سەرۆکی ئازەربایجان، ئیلهام عەلیێڤ گومانی ئەوەی کرد کە هێرشەکە “کردەوەیەکی تیرۆریستی” بووە و داوای لێکۆڵینەوەی کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو تۆمەتەی ئازەربایجانی ڕەتکردەوە، بەڵام “بە توندی ئیدانەی” ڕووداوەکەی کرد و ڕایگەیاند کە بابەتەکە بە ئەولەویەت و هەستیارییەکی بەرزەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. بەڵام ئازەربایجان دوای هێرشەکە باڵیۆزخانەی خۆی لە تاران داخست. دوابەدوای هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانە، ئێران دەستی بە کۆبوونەوەی سەربازی کرد لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ ئازەربایجان. ئازەربایجان لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣ باڵوێزی ئێرانی بانگهێشت کرد و چوار دیپلۆماتکاری ئێرانی ڕەوانە کردەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە باکۆ شەش کەسی دەستگیرکرد، کە گوایە پیلانی کودەتایان لە ئازەربایجان دادەڕێژن و پەیوەندییان بە دیپلۆماتکارە ئێرانییەکانەوە هەبووە. ئەم ڕووداوانە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوولا نیشان دەدەن، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ناوچەی قەفقاز و دەرەوەی وڵات هەبێت. باشووری قەفقاز بەهۆی شوێنی جیۆستراتیژی و توانای وزە و بازرگانی و پەیوەندییەکەیەوە گرنگییەکی بێئەندازەی هەیە. ئەم شیکرنەوەیە بەدواداچوون بۆ بەرزبوونەوەی گرژیی نێوان ئێران و ئازەربایجان دەکات و کاریگەرییەکان شیدەکاتەوە. هەروەها باس لە فاکتەرە کاریگەرەکان لە ململانێی نێوان هەردوو وڵات دەکات.

یەکەم: ڕەهەندەکانی پەرەسەندنی ناکۆکییەکان

پەرەسەندنی قەیرانی نێوان تاران و باکۆ دوای ئەوە دەستی پێکرد کە ئازەربایجان بڕیاریدا باجی گومرگی بەسەر ئەو بارهەڵگرانەی ئێراندا بسەپێنێت کە بە ناوچەی قەرەباخدا بەرەو ئەرمینیا تێدەپەڕن. ئازەربایجان پێیوایە هاتنە ناوەوەی ئەو بارهەڵگرانە نایاساییە، وەک بێڕێزیکردن بە سەروەری وڵاتەکەی دەبینێت، هەروەها دووپاتی دەکاتەوە کە یاسای خەرجکردنی کرێی ڕێگاوبان و ترانزێت هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە لە هەموو وڵاتانی دیکەوە دێن نەک تەنها ئۆتۆمبێل و بارهەڵگری ئێرانی. پێدەچێت ئەوەی زۆرترین ناڕازیبوونی ئازەربایجانی لەم بابەتە وروژاندبێت، هۆشداری زارەکییەکەی بوو بۆ تاران، پاشان ناردنی یاداشتێکی فەرمی بوو کە ئێران وەڵامی نەدایەوە، ئەمە جگە لەوەی کە باکۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەندێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر هەوڵیانداوە ناسنامەکانیان بشارنەوە بە بەکارهێنانی تابلۆی ئەرمەنی لەسەری بارهەڵگرەکانیان(١).

دوای قەیرانی بارهەڵگرەکان، ڕێڕەوی هەڵکشانی نێوان ئێران و ئازەربایجان وەرچەرخانێکی نوێی بەخۆیەوە بینی، دوای مانۆڕە سەربازییەکان کە تێیدا ئازەربایجان، تورکیا و پاکستان بەشدارییان کرد، ئێرانیش بێزاری خۆی لەم مانۆڕانە دەربڕی(٢).

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەعید خەتیبزادە، ئیدیعای کرد کە ڕێککەوتنەکانی نێوان پێنج وڵاتی هاوسنووری دەریای خەزەر، نایاسایی بوونی هەر ئامادەبوونێکی سەربازیی لە کەنارەکانی دەریای خەزەردا دیاری دەکات. تاران ڕاستەوخۆ داوای لە سوپای پاسداران کرد هێزی خۆی لە بەردەم باکۆ پیشان بدات، ئەمەش لە ڕاستیدا ڕوویدا، لە کاتێکدا ئێران پەنای بردە بەر کۆکردنەوەی هێزەکانی و ئەنجامدانی مانۆڕ بە چەکی قورس و هەلیکۆپتەر لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ ئازەربایجان لە ١٩ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢١.(٣)

هەرچەند عەلیێڤ مافی ئەنجامدانی ئەو مانۆڕەی بە ئێران دا، بەڵام پرسیاری لە کاریگەرییەکانی ڕاگرتنی لەم کاتە تایبەتەدا کرد، هەروەها لە هۆکارەکانی ڕانەگرتنی لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا، کە ناوچە سنوورییەکان لەلایەن ئەرمەنستانەوە داگیرکرابوون؟ کەواتە وەڵامی ئێران بە وتەی سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هات، کە پشتڕاستی کردەوە کە ئەو مانۆڕە سەربازییانەی سوپای پاسداران بەڕێوەی دەبەن بەشێکن لە سەروەری ئێران و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئامانجیان بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیرییە لە هەموو وڵاتانی ئەو ناوچەیە. تاران دووپاتی کردەوە بەرگەی بوونی ڕژێمی زایۆنی لە نزیک سنوورەکانی ناگرێت، هەر ڕێوشوێنێک کە بە پێویستی بزانێت بۆ ئاسایشی وڵاتەکەی دەگرێتەبەر. لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی ئێران ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە ئامادەبوونێکی ئیسرائیلیان لە نزیک سنوورەکانیان دووپاتکردووەتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ پەیوەندییە نزیک و هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان باکۆ و تەلئەبیب. لەم پێوەندییەدا، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا پشتڕاستی کردەوە کە “تاران بە هەموو شێوەیەک بوونی قەوارەی زایۆنی و جووڵلەکانی لە نزیک سنوورەکانی ڕەتدەکاتەوە، هەروەها بەرگەی هیچ ئاڵوگۆڕێکی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە و سنوورەکانیش ناگرێت، کە هێڵی سوور بۆ ئێمە پێکدەهێنێت(٤)”.

قەیرانی نێوان ئێران و ئازەربایجان لەم خاڵەدا نەوەستا، بەو پێیەی سەرۆک ئیلهام عەلیێڤ گرژیی نێوان هەردوو وڵاتی بەرزکردەوە، دوای ئەوەی هەڕەشەی تێوەگلانی زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی کرد، ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لەو مانۆڕە سەربازییانەی کە لە نزیک سنووری ئازەربایجان ئەنجامی دەدا.

ئەم لێدوانانەی ئەم دواییە بووە هۆی ئەوەی عەلی خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بچێتە ناو هێڵی قەیرانەکانەوە، بە ناردنی پەیامی ناڕاستەوخۆ بۆ ئازەربایجان و وتی: وڵاتانی ناوچەکەی دەوروبەری باکووری ڕۆژئاوای ئێران نابێت ڕێگە بەو سوپا بیانیانە بدەن کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان دەکەن، دەستوەردان لە کاروباری خۆیان یان بەشداری لە سوپاکانیان بکەن .

کۆکردنەوەی سەربازیی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ پەرەسەندنی بازنەی سیاسی و میدیایی دژی ئازەربایجان و تورکیا، هاوکات بوو لە سەرهەڵدانی داواکاریی ڕادیکاڵ لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتاران، بۆ داوای دووبارە یەکخستنەوەی کۆماری ئازەربایجان لە خاکەکانی ئێران، هەروەها وەک داواکارییەک بۆ وەڵامدانەوەی ئەوەی کە ناویان لێنابوو “نیو-عوسمانیزم”ی تورکیا بە “نیو سەفەوی” لە لایەکی دیکەوە، خۆپیشاندەرانی توڕە هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە باکۆ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هەڵکشانی ئێران و ئەو تۆنی سەرپێچی و لووتبەرزییەی کە لە قسەی بەرپرسانی ئێراندا دەرکەوت، کە هەڕەشەی هەڵگرتبوو کە گەیشتە ئاستی داوای لکاندنی زەوییە ئازەربایجانییەکان وەک ئەو زەویانەی ئێران کە بە سیاسەتی کۆلۆنیالیزم لێی جیاکرابوونەوە، دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان نووسینگەی نوێنەری ڕێبەرەکەیان داخست. عەلی خامنەیی و حوسێنیە لە باکۆی پایتەخت. پاشان کاردانەوەکانی ئازەربایجان بەرامبەر بە هەڵکشانی ئێران پەرەی سەند، بە ئەنجامدانی مانۆڕێکی نوێ و بەرفراوان لەگەڵ تورکیا لە ناوچەی سنووری “نەخچیڤان” کە بۆ ماوەی ٤ ڕۆژی خایاند(5).

دووەم: فاکتەرە کاریگەرەکانی ناکۆکی نێوان ئێران و ئازەربایجان

١- گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکان و پرسە ئاسایشییەکان

پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەم قۆناغەی ئێستادا ناتوانرێت لە هەڵکشانی ئێران و ئازەربایجان داببڕدرێن. پێدەچێت دۆخی سیاسی دەوروبەری دوو وڵات پڕۆسەی گۆڕانکاری بەسەردا بێت کە دەرفەت و ئاڵنگاری بنەڕەتی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت، کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستانیش بۆشایییەکی لەدوای خۆی بەجێهێشت کە سیاسەتەکانی ناوچەکەی پاڵنا بۆ پێشەوە، هەردوو وڵات بەوپەڕی هەستیارییەوە چاوەڕوانی پێگەی نوێ لەناو ڕێکخستنە ناوچەییەکانی داهاتوودا، بۆ دەستەبەرکردنی دەستکەوتەکانیان. لای خۆیەوە ئێران مەیلی بەهێزکردنی ئاڕاستەکانی بۆ ڕۆژهەڵات و داگیرکردنی پێگەیەکی نوێ لە ڕێکخراوی شەنگەهای و پلاندانان بۆ پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ چین و ڕووسیا هەبوو، هاوکات ئازەربایجان کە هاوپەیمانی ئەمریکایە لە ناوچەکە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بەهێزتر کرد، پاکستان بۆ هاوسەنگکردنی هەنگاوەکانی تاران و هەڕەشەکانی ڕووسیا بەهەمان شێوە.

لەم چوارچێوەیەدا مانۆڕەکانی پاکستان-تورک-ئازەربایجان لە دەریای خەزەر بەدیکرا، کە ئێران بە توندی ناڕەزایی دەربڕی، وەک پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کە هەر جۆرە ئامادەبوونێکی سەربازیی وڵاتێکی بیانی لە ئاوەکانی دەریای خەزەر قەدەغە دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، ئازەربایجان دەیەوێت خۆی بخاتە ناوەندی هاوسەنگییە ناوچەییەکانی ئێستا، بەمەش بتوانێت دەستکەوتەکانی لە دوای ئازادکردنی ناوچەی قەرەباخ بپارێزێت، لە ڕێگەی هاوپەیمانییە ناوچەییە کاریگەرەکانەوە، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی هەڵوێستی نەخوازراوی ئێران سەبارەت بە گەڕاندنەوەی هەندێک ناوچە و شکستی ئەرمینیا و نزیکبوونەوەی تورکیا لە سنوورەکانی باکووری ئێران و هەبوونی کارتی فشار لە سنوورەکانی باکووری ئێران (6).

٢- ڕێڕەوی نەخچیڤان و پەرەسەندنی ڕۆڵی تورکیا

پێش ئەم پرسە پەیوەندی مێژوویی گرژی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ ئێران و ئازەربایجان هاتە ئاراوە، بەڵام ناکۆکییەکە جارێکی دیکە گەڕایەوە، دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە قەرەباخ، واژۆکراوی نێوان ڕووسیا و ئازەربایجان و ئەرمینیا بۆ دامەزراندنی ڕێڕەوێکی نوێ کە ئازەربایجان و نەخیچەڤان (کۆمارێکی ئۆتۆنۆمی سەر بە ئازەربایجان) بەیەکەوە ببەستێتەوە، لەگەڵ ئەوەی کە ئەمە مانای دەرفەت بۆ ئازەربایجان و تورکیا و تەحەددا بۆ ئێرانە. سەبارەت بە ئێران، ئەم ڕێڕەوە کۆتایی بە هەر سنوورێکی ڕاستەوخۆی ئێران لەگەڵ ئەرمینیا دەهێنێت، ئەمەش گۆڕانکاری گرنگ لە ناوچەکانی باکووری ئێرانیشدا دێنێتە ئاراوە، ڕێڕەوەکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەستنەوەی تورکیا بە وڵاتانی جیهانی تورکیا (ئاسیای ناوەڕاست) لە ڕێگەی ئازەربایجانەوە، هەروەها پێدانی فەزای ئابووری هاوتەریبی، لە گۆڕانکارییەکی گەورەی جیۆسیاسی و ئابووری و بازرگانی لە بەرژەوەندی تورکیا، بە تایبەت کە ئەم کۆریدۆرە دەکەوێتە سەر ڕێگای ئاوریشمی مێژوویی، و دەرفەتێک دەدات بە تورکیا لە پرۆژە نێودەوڵەتییە زەبەلاحەکاندا کە کێبڕکێ دەکەن لە ناوچەکەدا(7).

لێرەدا تێدەگەین کە بۆچی پەڕلەمانی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ڕایگەیاندبوو: هەر گۆڕانکارییەک لە سنوورەکانی وڵاتانی دراوسێ لە وڵاتانی ناوچەکەدا بە هێڵی سوور بۆ ئێران دادەنرێت، هەروەها دەرکەوتنی سەرنجڕاکێشی سوپای پاسداران لەسەر سنوورەکان و سەرهەڵدانی گرووپێکی شیعەی ئازەربایجان لە ژێر ناوی “حوسێنییەکان”، دیارە وەک وەڵامێک بۆ هەنگاوەکانی ئازەربایجان. بەو پێیەی تورکیا لە کاتی شەڕی ڕزگارکردنی قەرەباخەوە پاڵ بە هێزە بیانییەکانەوە ناوە لە سوریاوە بۆ بەشداریکردن لە شەڕەکەدا، ئێران گومانی ئەوەی هەیە کە ئەم هێزانە هێشتا بوونیان هەیە و پشتیوانی وەردەگرن، هەربۆیە ڕەنگە پلانێک هەبێت بۆ بەکارهێنانیان لە چوارچێوەی شەڕی بە وەکالەت بۆ ئەوەی لە دۆسیە ناوچەییەکانی تردا فشار بخرێتە سەر تاران، وەک دۆسیەی سووریا یان ئەفغانستان(8).

٣- فاکتەری بازرگانی (بازرگانی ئێران لەگەڵ ئەرمینیا و ئۆراسیا)

لە ئۆراسیادا ئەرمینیا بەرزترین ڕێژەی گەشەی هەناردەکردنی هەیە کە ئێران بەدەستی هێناوە، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ سوودی کێبڕکێ بۆ بەرهەمە ئێرانییەکان بە بەراورد بەو بەرهەمانەی کە لە تورکیاوە دێن، تاران پێش جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئیمتیازاتی نێوان ئێران و یەکێتیی ئۆراسیا زاڵ بوو بەسەر بازاڕی ئەرمەنستاندا. جێگای سەرنجە کە هەناردەی ئێران بۆ ئەرمینیا بە ئاڕاستەیەکی بەردەوام بەرەو بەرزبوونەوە دەڕۆیشت، بەو پێیەی لە ساڵی ٢٠١٦ تا ٢٠١٩ دوو هێندە زیادی کرد و، نزیکبوو بگاتە قەبارەی هەناردەکردنی ئێران بۆ ڕووسیا، ئەم ڕێژەیە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی گرنگی ئەرمینیایە بۆ ئێران، “زۆربەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەکانیش لە میوە، سەوزە، گوێز، چیمەنتۆ، بەرهەمە کانزا ئاسنینییەکان، بەرهەمە نەوتییەکان و گازی سروشتی و گازی شل پێکدێت “، لە کاتێکدا کۆی هاوردەکردنی ئێران لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئۆراسیا نزیکەی نیوەی کەمیکردووە، بەڵام ئەرمینیا لەم بابەتە بەسەقامگیری ماوەتەوە (9).

هەناردەی وزەی ئێران بۆ ئەرمینیا گرنگییەکی زۆری هەیە، ئەمەش ئەوە دەردەخات ئێران بۆ ئەرمینیا وەک دەوڵەتێکی ستراتیژی بەدیدەکرێت، بە هەمان شێوەی ڕووسیا نوێنەرایەتی گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەرمینیا دەکات. لەم چوارچێوەیەشدا دەبینین کە کاڵای ئێرانی لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە پلەی چوارەمی هاوردەی ئەرمەنستاندا بووە. حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران تیشکی خستووەتە سەر جەختکردنەوە لەسەر گرنگی پەیوەندی بازرگانی تایبەت، لە دیدارێکی دوو قۆڵی لەگەڵ ئارمەن سەرکیسیان، سەرۆککۆماری پێشووی ئەرمینیا لە لوتکەی یەکێتیی ئابووریی ئۆراسیا لە یەریڤان، کە تیایدا وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەرمینیا خاوەنی توانایەکی زۆرن لە بوارە جیاجیاکان، وەک وزە، ترانزێت، گەشتیاری و پیشەسازی، بۆ بەکارهێنانی بەپێی بەرژەوەندی دوو لایەنە و هابەش، ئەمەش لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا نیکۆڵ پاشینیان پشتڕاستکرایەوە و وتی: ئێران سەرچاوەیەکی بەردەوامی وزە و گازی سروشتییە بۆ ئەرمینیا، وڵاتەکەی دەیەوێت ڕێککەوتنی گۆڕینەوەی غاز و کارەبا لەگەڵ ئێران تا ساڵی ٢٠٤٠ درێژ بکاتەوە (10).

٤- پەیوەندی ئازەربایجان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل

ئێران ترسی ئەوەی هەیە ئازەربایجان بگۆڕێت بۆ هێزێکی ناسەقامگیر بۆ ئێران، لەلایەک ئازەربایجان هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە لە ناوچەی قەفقاز، هەروەها داخستنی ڕێگەکان بەڕووی بارهەڵگرەکانی ئێران کە بەرەو ئەرمینیا دەڕۆن، ئەمەش فشارێکی گەورە لەسەر ئێران دروست دەکات لە ژێر ڕۆشنایی سزاکان و هەڕەشەیە بۆ سەر ستراتیژییەکەی کە پشت بە وڵاتانی دراوسێ دەبەستێت، بە مەبەستی دەربازبوون لەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر هەناردەکردنیدا سەپێنراوە، ئەمەش بە شێوەیەکی سروشتی لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە، بە تایبەت پێش ئەوەی بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان لە ڤییەنا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.(11)

هەروەها پەیوەندی نزیکی ئازەربایجان لەگەڵ ئیسرائیل، نیگەرانییەکی ئەمنی بۆ ئێران نیشان دەدات، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەکان و بوونی هەواڵگری و سەربازی ئیسرائیل لە دراوسێی باکووری وڵاتەکەیدا، بەتایبەتی دوای زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و، بوونی لە هاتنە ناوەوەی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ ناو ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی موحسین فەخریزادە زانای ئەتۆمی ئێرانی، هێرشکردنە سەر دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز و گەیاندنی زیانێکی زۆر پێی، هێرشکردنە سەر بەشێک لە بارەگاکانی سوپای پاسداران و ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی دیکە، کە ئێران گومانی هەیە لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ ئەو بریکارانە ئەنجامدرابێت کە لە ڕێگەی سنوورەکانەوە لەگەڵ دراوسێکان دزەیان کردووەتە ناو وڵاتەوە، ترسەکانی ئێران لەبەر ڕۆشنایی هەڕەشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و ئەگەری بەکارهێنانی خاکی ئازەربایجان بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە زیاتر دەبێت.

 لەو چوارچێوەیەدا ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ باڵوێزی نوێی ئازەربایجان وتی؛ “بەرگەی ئامادەبوون و چالاکی لەدژی بەرژەوەندیی و ئاسایشی نەتەوەیی لە نزیک سنوورەکانی ناگرین و هەر ڕێکار و ڕێوشوێنێک پێویست بێت دەگرینەبەر بۆ دوورخستنەوەی ئەو هەڕەشانە”.

ئازەربایجانییەکان هەڵوێستی ئێرانیان لە بەرژەوەندی کۆنترۆڵکردنی ئەرمینیا بەسەر ناوچەی قەرەباخدا لەبیر نەکردووە؛ بەهۆی ترسیان لە خواستە نەتەوەییەکانی کەمینەی ئازەری کە نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس لە کۆی ٨٣ ملیۆن دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنن، ئازادکردنی ناوچەی قەرەباخ جارێکی دیکە داواکاری و خواستەکانی کەمینەی ئازەربایجانی دانیشتووی باکووری ئێرانی بەرزکردەوە، ئێران بە هەستیارییەوە سەیری ئەم داواکاریانە دەکات، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییانەی کە هاتوونەتە کایەوە، کە لە پێشهاتەکانی ئێستای سنوورە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا دەرفەتێک دەبیننەوە بۆ پاڵنانی داواکارییەکانیان بۆ پێشەوە، وەک چۆن داواکاری هاوشێوە لە بەلوچییەکان هەیە لەگەڵ سنوورەکانی پاکستان و ئەفغانستان، و داواکارییەکانی کورد و عەرەب لە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوا، کە هەموو ئەمانە خاڵی لاوازن کە ڕەنگە ئەم زلهێزە ڕکابەرانە فشاریان لەسەر ئێراندروست بکەن، بۆ ئەوەی لاوازی بکات و شەڕەکەی لەگەڵیدا بگوازێتەوە بۆ ناوەوە(12).

سێیەم: کاردانەوەی ناکۆکییەکان لەسەر ئێران

1- گۆشەگیری زیاتر بۆ ئێران:

پەرەسەندنی ناکۆکی ئێران و ئازەربایجان گوشارەکان توندتر دەکات و ئاڵنگارییەکان لەسەر ناوخۆی ئێران کەڵەکە دەکات، لەبەرئەوەی ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی بەدەست گۆشەگیری نێودەوڵەتی و بارودۆخی ئابووری سەختەوە دەناڵێنێت، لە ئەنجامدا ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا کە ئاستی داواکارییەکان بە بەراورد لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی پێشووتر جیاوازتر بوون، ئەمەش لە ئەنجامی تێکچوونی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتی، ئەو سزایانەی کە لە ئەنجامی تەماحە ئەتۆمییەکانی و سەرگەرمییە دەرەکییەکانی و دەستوەردانی شەڕانگێزانە لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتەکاندا سەریهەڵداوە. هەموو ئەم پرسانە دەرئەنجام کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر دۆخی دەوڵەتی ئێران لەبەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گشتی و ئاستی گۆشەگیری زیاتر دەبێت و لەگەڵ کاریگەری سزاکان.

2- وروژاندنی پرسی کەمینەکان

ئەم ململانێ پەرەسەندووەی نێوان ئەو دوو دراوسێیە، مەیلی نەتەوەیی کەمینەی ئازەری لە ئێراندا بەئاگا دەهێنێتەوە، کە پێشتر خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانی لە ئازەربایجان ئەنجامداوە لە ناکۆکییەکەی دژی ئەرمینیا لەسەر ناوچەی قەرەباخ، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ناکۆکی ئیتنیکی لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران بە شێوەیەک بگاتە ئاستێکی توند و تێچووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئازەربایجان و قەبارەی ئاستەنگە ناوخۆییەکان زیاد دەکات.

4- گەماڕۆدان و هەڕەشە لەسەر سنوورەکان

پەرەسەندنی ناکۆکی نێوان تاران و باکۆ و هێورنەکردنەوەی ناکۆکییەکان بەرەیەکی نوێی ململانێ دەکاتەوە کە بەشدارە لە گەمارۆدانی ئێران لە بازنەی قەیرانەکان و جێهێشتنی ئاڵۆزییە قورسەکان، بەو پێیەی ئێران زیاتر دەورە دەدرێت بە قەیرانەکان لە زۆر لایەنەوە وابەستە دەبێت، بەم شێوەیەش ئێران دەبێتە خاڵی مەرکەزیی لە بازنەی قەیران و ناکۆکییەکان. هەروەها لەسەر سنووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەی کە عێراقە بەدەست تەحەدای ئاڵۆزی ئەمنی و ئابووری و سیاسییەوە دەناڵێنێت، لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان وەک گۆڕەپانێکی نوێ بۆ ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە، لەسەر سنووری باکووری، ئازەربایجان وەک پەیوەندییەکی ململانێی نوێ لەگەڵ ئێراندا دێت، کە لەگەڵ ئەوەدایە ئێران لە بازنەی ململانێ و قەیرانەکاندا گەمارۆ بدات.

4- دەرفەتی زیاتر بە ئەمریکا و ئیسرائیل دەدرێت بۆ فشارخستنە سەر ئێران

بەرزبوونەوە و فراوانبوونی ململانێی ئێران لەگەڵ ئازەربایجان، بازنە و گۆڕەپانەکانی ململانێ لەگەڵ زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کە لە ناوچە جوگرافییە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی تورکیا، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کێبڕکێ لەگەڵ ئێران دەکەن، قووڵتر و فراوانتر دەکات، لە کاتێکدا ئێران ڕووبەڕووی زۆرێک لە هەڕەشەکان دەبێتەوە لەسەر ئاستی ناوچەیی، کە لە هێرشە دووبارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چڕبوونەوەی میلیشیاکان دەردەکەوێت لە سوریا، عێراق و شوێنەکانی دیکە. لە ئەنجامی ململانێی بەرژەوەندییەکان، هەروەها گۆشەگیری نێودەوڵەتی و فشاری ئەمریکا بۆ باشترکردنی مەرجەکانی دانوستان لە دانوستانەکانی داهاتووی ڤیەننا.

لە حاڵەتی مانەوەی ناکۆکییەکان دەرفەتێکی نوێ بۆ فشارخستنە سەر ئێران و گەمارۆدانی بە قەیرانی زیاتر دەبێتە ئەگەرێکی کراوەتر، بە تایبەت ئیسرائیل و ئەمریکا و دواتریش دەکرێت سوود لەو تەحەدایە وەربگرێت کە ئێران پێیدا تێدەپەڕێت و بیکاتە دەرفەتێک لە بەرژەوەندی زۆرترین مەرجی دانوستانەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران سەبارەت بە دانوستانە هەڵپەسێردراوەکان لە ڤیەننا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی. لە لایەکی دیکەوە، ئەم مەرجانە دەتوانن قبوڵکردنی ئێران بۆ تاوتوێکردنی پرسە قووڵەکانی نێوان خۆی و شانشینی سعودیە خێراتر بکەن، بە شێوەیەکی ئەرێنی، لە میانەی دانوستانە بەردەوامەکانی لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات کە کاریگەرییان لەسەر پرسە ناوچەییەکان هەیە.

چوارەم: بژاردەکانی بەردەم داهاتووی ناکۆکییەکانی تاران – باکۆ

لە ژێر ڕۆشنایی کۆمەڵێک فاکتەری دەرەکی و ناوخۆییەوە کە پەیوەست بە هەردوو وڵاتەوە چەندین بژاردە و گریمانە بەدیدەکرێن سەبارەت بە داهاتووی ناکۆکییەکان لە نێوان تاران و باکۆ، کە گرنگترینیان کێبڕکێی ناوچەیی، داڕشتنەوەی چەمکی ئاسایشی ناوچە، یەکتربڕینی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و هەڕەشەی ئەمنی و دیمۆگرافی، ئاڕاستەکانی پەیوەندی ئێران و ئازەربایجان لە قۆناغی داهاتوودا دیاری دەکرێت، کە ڕەنگە لە نێوان سێ ئاڕاستەی سەرەکیدا بێت، ئەوانیش گریمانەی بەرەو کرداری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، گریمانەی بەردەوامبوونی ناکۆییەکان بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ڕاستەوخۆ، یان گریمانەی هێوربوونەوەی ناکۆییەکان و پەرەسەندنی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان.

یەکەم: گریمانەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ

لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە، هەردوولا بەردەوام دەبن لە پڕۆسەی بەرزبوونەوەی ئاستی ناکۆکییەکان تا دەگات بە پێکدادانی ڕاستەوخۆیی سەربازیی، بەتایبەتی دوای ئەوەی تورکیا و ئازەربایجان ڕێکخستنی مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان لە کاردانەوە بە هەنگاوەکانی ئێران ڕاگەیاند، کە ڕەنگە ببێتە هۆی گرژی و ئاڵۆزی زیاتری دۆخەکە و تێکچوونی پەیوەندییەکان، بەم شێوەیە چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرا لەسەر سنوورەکانی هەردوو وڵات، کە ڕەنگە دەستوەردانی زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی دیکە لەخۆ بگرێت.

ئەم سیناریۆیە بەهێزتر دەبێت بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کێبڕکێ/ململانێی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، کە دەستیکرد بە وەرگرتنی شێوەی هاوپەیمانی بە سروشتی سەربازیی، لە ژێر ڕۆشنایی قۆناغێکی گرنگدا کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، کە تێیدا لایەنەکان هەوڵدەدەن جیۆپۆلەتیکی خۆیان بچەسپێنن و دەستکەوت و زۆرترین بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانیان دەستەبەر بکەن، جگە لە ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاری پرۆسەی جوگرافی و یاسایی جوڵەی سنووری لەسەر بنەمای داتای دیمۆگرافی؛ ئەمە ڕەنگە هەڕەشە لە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی ئێران بکات، وروژاندنی داواکاریی جوداخوازی زیاتر لە نێوان کەمینەکان لە ئێراندا، هەروەها بێبەشکردنی ئێران لە جووڵە لە فەزا ناوچەییە بەردەستەکاندا کە یارمەتی دەدات هاوسەنگی لە گوشارەکانی ڕۆژئاوادا هاوسەنگ بکات.

جگە لەوەش، ئێران و ئازەربایجان ڕەنگە ڕوو لە ڕووبەڕووبوونەوە بکەن، لە ئەگەری ئەوەی ئێران بەنیازی بەهێزکردنی ئامادەیی سەربازیی خۆی بێت لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ ئازەربایجان، و کۆکردنەوەی هێزەکانی لە پێشبینیکردنی هەڕەشەکانی ئێستا و ڕەنگە مەیلی بەکارهێنانی یەکێک لە چەکەکانی سەر بە خۆی لەگەڵ سوپای پاسداران بۆ چالاکیی لەسەر سنوورەکانی ئازەربایجان. هەر لەو پێوەندییەدا هەندێ ڕاپۆرت ئاماژە بە سەرهەڵدانی میلیشیای “حوسێن” ی شیعە دەکەن وەک قۆڵێکی سوپای پاسداران لەم ناوچەیەدا، بەو پێیەی ڕەنگە ئەم میلیشیایە یان یەکە هەواڵگرییەکانی دیکە ئۆپەراسیۆنی تێکدەرانە ئەنجام بدەن. بۆ فشارخستنە سەر ئازەربایجان سەبارەت بە بوونی ئیسرائیل لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ ئێران و ڕەنگە گڵپەی شەڕ لە هەر ساتێکدا ڕووبدات لە ئەنجامی حیسابێکی هەڵە، یان هەوڵی هەریەک لە لایەنەکان و بە تایبەت ئێران بۆ هەناردەکردنی بەشێک لە قەیرانی ناوخۆی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازییەوە کە تێکچوونی شەرعییەتی ڕژیم لە ناوخۆ و بە تایبەت حکومەتی ڕەئیسی ڕادەگرێت، کە ڕووبەڕووی توڕەیی جەماوەری و قەیرانە پەرەسەندووە جۆراوجۆرەکان بووەتەوە(13).

دووەم: گریمانەی بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی

هەریەک لە ئێران و ئازەربایجان کار بۆئەوە دەکەن بگەن بە گەورەترین ئامانجی خۆیان بێ ئەوەی پەنا بۆ سیناریۆی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری ڕاستەوخۆ (جەنگ) ببەن. لەسەر ئاستی سیاسیش پێدەچێت شەڕی قسە و لێدوانی ئیستفزازی لەلایەن سەرکردە و بڕیاردەرانی ئەو دوو وڵاتە بەردەوام بێت و ئازەربایجان هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ تورکیا و پاکستان قووڵتر بکاتەوە، لە بەرامبەردا ئێران پەنا بۆ گەشەکردن و بەهێزبوون ببات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەرمینیا لەدژی ئازەربایجان، لەوانەیە ئەو دوو وڵاتە یان یەکێکیان پەنا بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ببەن.

لەسەر ئاستی سەربازیی ئێران ڕەنگە بە چڕییەکی زۆرەوە درێژە بە مانۆڕە سەربازییەکانی لە نزیک سنوورەکانی ئازەربایجان بدات، بە کۆکردنەوەی سەرباز و هێزە شەڕکەرەکان لە نزیک سنوورەکانی ئازەربایجان بە بیانووی مافی خۆی بۆ ئەنجامدانی مانۆڕەکان، هەروەها ڕەنگە ئازەربایجان بەردەوام بێت لە ڕێکخستنی مانۆڕە سەربازییەکان لەگەڵ تورکیا لە کاردانەوە بە بەردەوامی مانۆڕەکانی ئێران، و سوپای پاسداران ڕەنگە پەنا بۆ لێدانی سنووردار ببات بۆ سەر بەشێک لە ئامانجەکانی ئازەربایجان، بە هەمان شێوەی ئێران لە دژی نەیارەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاری دەهێنێت، لە ڕێگەی لێدانی سنووردار بۆ سەر ئامانجە دیاریکراوەکان، بە لێکدانەوەی ستراتیژیستەکان ئۆپەراسیۆنەکانی نێوان شەڕەکان، کە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو توانا و تەحەددایانەی کە ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

ڕەنگە لایەنی ئێرانی و ئازەربایجان پەنا بۆ ئەم سیناریۆیە ببەن لە ڕوانگەی ئەو تێچووە زۆرەی، ماددی و مرۆیی، کە بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارییەوە ڕووبەڕووی هەردوولا دەبێتەوە، ئێران بە لەبەرچاوگرتنی تەحەددیاتی ناوخۆیی (خراپی ئابووری، ژیان و بارودۆخی تەندروستی بەهۆی سزا ئابووری و ڤایرۆسی کۆرۆنا) و دەرەکی (گۆشەگیری نێودەوڵەتی)، لە ئەنجامی تەماحە ئەتۆمییەکانی، سەرگەرمییە دەرەکییەکان و دەستێوەردانەکانی ناوچەیی)، ترسەکانی لە لەدەستدانی تێچووی دەرفەت، چوونە ناو شەڕ لەگەڵ ئازەربایجان وا دەکات دەستکەوت و قازانجەکانی لە کایەکانی نفووز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەستبدات لە بەرامبەر ئەو نرخە ماددی و مرۆییانەی کە ئێران لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن پێشکەشی دەکات بۆ درێژکردنەوەی کایەی نفووزی خۆی. میلیشیاکان و ئێرانییەکان لە سوریا و عێراق دەیان هێرشیان کردۆتەوە سەر بەرژەوەدندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەبێ ئەوەی ئێران بخاتە ناو شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل.

هەموو ئەم کردەوانە وەک تۆڵەکردنەوە بەدی دەکرێت لەلایەن تارانەوە لەبەرامبەر بە ئامانج گرتنی ئەندازیاری نفووزی ناوچەیی ئێران ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی لە عێراق و بەڵام تۆڵەسەندنەوەی ئێران لە سیناریۆی لێدانی سنووردار تێنەپەڕی، چونکە ئێران درکی بەوە کرد کە بەشداریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاشکرادا کاریگەری دەبێت، مانەوەی خودی ڕژێمی ئێران کە لە پێشینەی کارەکانی ئێرانە، ڕووبەڕووی لەناوچوون دەکاتەوە. ئێران درک بەوە دەکات ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ ئازەربایجان هێزی تری ناوچەیی و نێودەوڵەتی دێنە نێو دۆخەکە، بۆیە نایەوێت بکەوێتە نێو ئەو زۆنگاوەی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانەوە. لەم ڕووانگەیەوە ئیسرائیل ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی ئازەربایجان لە شەڕی لەگەڵ ئەرمینیا و سەرکەوتنی لە شەڕەکەدا، هەروەها ئازەربایجانیش لەگەڵ ئەوەدا نەبوو بچێتە ناو سیناریۆی شەڕ لەگەڵ ئێران، لە ئەنجامی ئابووریی ماندووبوونی دوای دەرچوونی لە شەڕ لەگەڵ ئەرمینیا کەمتر لە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر(14).

سێیەم: گریمانەی هێوربوونەوەی ناکۆکییەکان و پەرەسەندنی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان

ئەم ئەگەرە بەو مانایە دێت کە ئێران و ئازەربایجان پەنا دەبەنە بەر کەمکردنەوەی پەرەسەندنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە چ لە ڕووی دوولایەنە بێت، یان لە ڕێگەی نێوەندگیریی زلهێزە ناوچەییەکان یان نێودەوڵەتییەوە بێت، بۆ ئەوەی بگەنە لێکتێگەیشتنێکی بنەڕەتی کە نیگەرانییەکانی ئەو دوو لایەنە کەم بکاتەوە و ڕێگە خۆش بکات بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هەر لایەنێک گەرەنتی بکات و، ڕێگری بکات لە بەردەوامبوونی پەرەسەندنی ناکۆکییەکان، بەبێ ئەوەی بگاتە خاڵی نەگەڕانەوە.

ئەم ڕەوتە ڕەنگە پاڵپشتی ئەو ڕاستییە بێت کە هەردوولا ئامادە نین تێچووی شەڕەکە لە ئەستۆ بگرن، بەو پێیەی ئازەربایجان لەم دواییانەدا لە شەڕی ڕزگارکردنی ناوچەی قەرەباخ دەرچووە و ئێرانیش بەدەست ئەو شەڕەوە دەناڵێنێت کە ناوی دەبات شەڕێکی ئابووری کە لەلای ئەمریکا و ڕۆژئاوا دژی بەردەوامە، کورتهێنانی بودجەیەکی گەورەی هەیە، بارودۆخی ژیانی کارەساتبار، پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان، هەروەها ئەو ڕێوشوێنانەی لەسەر سنوورەکان لە لایەن هەردوولا گیراوەتەبەر هێشتا لە سنووری کۆنترۆڵدایە، مەترسی لەسەر سەروەری و یەکگرتوویی خاکەکانیان بەتایبەت ڕژێمی ئێران کە دوژمنایەتییەکی گەورەی لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکا و هەندێک لە زلهێزە ناوچەییەکان، کە ڕەنگە دەرفەتێک بدۆزنەوە بە تایبەت بۆ ئێران، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا و زلهێزەکانی ناوچەکە بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، هەروەها هەوڵی ناوچەیی هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان پێش ئەوەی بگاتە ئاستی شەڕی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو بوونەوەی سەربازی (15).

دەرئەنجام

گرژیی نێوان ئێران و ئازەربایجان کە ماوەیەکە بەردەوامە، بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تارانی پایتەختی ئێران توندتر بووە.، بە تایبەت دوای سەرکەوتنی ئازەربایجان لە ناگۆرنۆ قەرەباخ لە ساڵی ٢٠٢٠، هەڵە نابێت ئەگەر بڵێین ئێران هەستی گەمارۆدانی لە ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاز هەیە. چونکە ئەو گوشارەی کە بەهۆی نەگەیشتنی ئەنجام لە دانوستانە ئەتۆمییەکانەوە دروستبوو، گرژیی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپای زیاتر کرد.

لە کاتێکدا سیناریۆی چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لایەنی ئێرانی و ئازەربایجان ڕەتدەکرێتەوە، بەهۆی ڕەچاوکردنی تێچووی زۆری شەڕەکە، ئابووریی ماندووبوونی هەردوو وڵات، تەحەددای کەڵەکەبووی ناوخۆیی و دەرەکی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، و ترسی هەر وڵاتێک لەبارەی لەدەستدانی بەرژەوەندییەکانی، کە دەتوانرێت بەبێ زیان بپارێزرێت بە دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان و ئامرازی ئاشتی و دیالۆگ باشترە لە چوونە ناو شەڕەوە.

دۆخی ناوچەکە دەرخەری ئەوەیە کە گۆڕانکاری گەورە لە گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا ڕوودەدات، لە ئامرازەکانی کەمکردنەوەی ڕۆڵ یان کاریگەریی هەندێک لە زلهێزە ناوچەییەکان کە ئاواتەخوازن فراوانتر بن لەسەر حیسابی ئاسایش و سەقامگیری دەوڵەتەکان، کە لە بنەڕەتدا لە بەرژەوەندیدا نییە لە ئێران کە مەیلێکی فراوانخوازی شەڕانگێزانەی لەسەر حیسابی دراوسێ عەرەبەکانی هەیە، لەبری ئەوەی فراوانتر بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکانی، تەنانەت ئەگەر گۆڕەپانی کاریگەریشی هەبێت کە تێیدا ڕووبەڕووی چەندین تەحەدا دەبێتەوە، خۆی بینیەوە کە بە بازنەیەک یان ئەڵقەیەک لە قەیران و دوژمن و نەیاران دەورە دراوە، بەهۆی سیاسەت و دەستێوەردانەکانی فراوانخوازانە و ڕێزنەگرتن لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتەکان. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە سیاسەتی نوێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ کەمکردنەوەی نفووزی ئێران و سنووردارکردنی، نەک تەنها بە سەپاندنی گەمارۆکان، کە ئێران ئەزموونێکی بەرفراوانی هەیە بۆ دەربازبوون و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی، بەڵکو بە گەمارۆدانی ئێران بە قەیرانی ئەمنی و ململانێ و دوژمن لە هەموو لایەک بە ئامانجی پاڵنانی ئێران بۆ دەستکاریکردنی ڕەفتاری ڕژێمەکەی، بیکاتە وڵاتێکی ئاسایی.

پەراوێزەکان

  • معهد الدولي للدراسات الايرانية، (2021). التصعيد الايراني – الاذربيجاني: الدوافع والتداعيات واتجاهات المستقبل. على الرابط: https://rasanah-iiis.org/ (تأريخ الزيارة: 2/9/2023).
  • فطمة الصمادي، (2026). إيران وأذربيجان: التنافس والصراع في جنوب القوقاز. مركز الجزيرة للدراسات، على الرابط: https://studies.aljazeera.net/ar/reports/2016/05/160503084747218.html (تأريخ الزيارة: 2/9/2023).
  • Ramin Sadık, (2023). İran-Azerbaycan gerginliği nereye varacak?. Fikir Turu, https://fikirturu.com/category/jeo-politik/ (Erişim Tarihi: 12/9/2023).

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (9)، ساڵی سێیەم، تشرینی دووەمی2023

Send this to a friend