• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 26, 2023

پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی زانایەكی مەوسوعی پێشەنگ

ڕێدار ئەحمەد

پێشەكی
“وامدەزانی سەردەمی زانا پایەبەرزەكانمان لە زووەوە كۆتایی هاتووە و بووەتە یادەوەری، لە كاتێكدا كە یەكێك لەو زانا پایەبەرزانە ئەوەتا لەگەڵمان دەژی و قسەمان لەگەڵ دەكات و دەیدوێنین و لە زانست و ئەدەبەكەیمان پێدەبەخشێت”.(1)
ئەمە وتەی دكتۆر حەسەن زەنونە(2) لەبارەیەوە، باشە دەبێت ئەم زانا پایەبەرزە، كە یەكێك لە گەورە یاساناسانی عێراق و جیهانی ئیسلامی بە هاوشانی زانایانی پێشینی ئوممەتی دابنێت كێ بێت؟

دكتۆر مستەفا زەڵمی، ئەو ناوە درەوشاوەیەی بواری شەریعەت و یاسایە، كە وەك زانایەكی مەوسوعی لە زۆر بواردا خزمەتی كردووە و جێدەستی دیارە، ئەو فێرخوازێكی كۆڵنەدەر، مەلایەكی بوێر، مامۆستایەكی زانكۆی پڕ بەرهەم و نووسەرێكی مەوسوعی پێشەنگ بوو، لە زۆر بواردا جێدەستی دیارە و شیاوی لێكۆڵینەوەی ئەكادیمییە، ئەم بابەتەش تەنها شارۆكردنی هەندێك لەتێڕوانینەكانیەتی بەكورتی.

پوختەی ژیاننامە
مستەفا ئیبراھیم محەمەد ئەمین زەڵمی، “زۆرجار لە خۆی بیستومە وتویەتی: بەپێی قسەی کەسانی بەتەمەنی دێی زەڵم، ساڵی ١٩٢٠ لە دایک بووم، بەڵام لەتۆماری فەرمی میریدا بە١٩٢٤ تۆمار کراوم.”(3)
خوێندنی مزگەوتی لە خزمەت زانا پایەبەرزە ناودارەکانی ھەردوو بەشی ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستاندا خوێندووە، ساڵی ١٩٤٦ لە شاری کۆیە لە خزمەت مامۆستا مەلا نورەدین، برای مەلای گەورە، ئیجازەی عیلمی وەرگرتووە. ھەمان ساڵ بە مەبەستی نەناردنی بۆ خزمەتی سەربازی، لەخزمەت مامۆستا مەلا حەمە سەعیدی دێلێژەیی، ناسراو به‌ مەلا حەمە سەعیدی خومخانە لە سلێمانی دووبارە ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووەتەوە. تاقیکردنەوەی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی بە دەرەکی ئەنجامداوە و ساڵی ١٩٥٩ کۆتا پۆلی خوێندنی ئامادەیی لە شاری بەغدا خوێندووە و بە سەرکەوتوویی تەواوی کردووە، ساڵی ١٩٦٠ لە کۆلێژی یاسا وەرگیراوە.
ساڵی ١٩٦٥ بڕوانامەی بەکالوریۆسی لە یاسا لە زانکۆی بەغدا بەدەست ھێناوە.
ساڵی ١٩٦٩ بڕوانامەی ماستەری لە شەریعەتی ئیسلامیدا لە زانکۆی بەغدا بەدەست ھێناوە.
ساڵی ١٩٧١ بڕوانامەی ماستەری لە فیقھی مقارندا لە زانکۆی ئەزھەر بەدەست ھێناوە.
ساڵی ١٩٧٣ بڕوانامەی ماستەری لە یاسادا لە زانکۆی قاھیرە بەدەست ھێناوە.
ساڵی ١٩٧٥ بڕوانامەی دکتۆرای بە (مرتبە الشرف) لە فیقھی مقارندا لە زانکۆی ئەزھەر بەدەست ھێناوە.
ساڵی ٢٠٠٥ بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا بە پلەی (ئیمتیاز) لە زانکۆی بەغدا بەدەست ھێناوە.
ساڵی ١٩٤٦ تا ساڵی ١٩٥٥ لە زەڵم و دواتر لە سەرسیان و پاشان لە مزگەوتی مەلا ئەحمەدی ھەرمەنی لە شاری سلێمانی وانەی بە فەقێ وتووەتەوە.
ساڵی ١٩٥٥ تا ١٩٧٢ وەک ئیمام لە سوپادا بووە.
ساڵی ١٩٧٦ تا ٢٠٠٨ لە قۆناغە جیاوازەکانی زانکۆ وانەی وتووەتەوە، تا پلەی ( استاذ متمرس)ی پێدراوە.
سەرپەرشتیاری زیاتر لە سەد نامەی ماستەر و دکتۆرا بووە لە شەریعەت و فەلسەفە و یاسادا.(4)

پوختەی بۆچوونەكانی
لەم توێژینەوەیەدا پوختەیه‌ك له‌ بۆچوونەكانی دكتۆر مستەفا زەڵمی لە چەند بابەتێكدا بە كورتی دەخەینە ڕوو، هەڵوەستە و قسەكردن لەسەریان بۆ توێژەران جێدەهێڵین.
دكتۆر تەها جابر عەلوانی لەبارەی لێكۆڵینەوەكانی دكتۆر مستەفا زەڵمییەوە دەڵێت: “لەسەر زانایەکی وەک بەڕێزتان پێویست دەکات، کە پسپۆڕن لەبواری کەلەپووردا، پابەندن بەئارێشەکانی ئوممەتەوە، سوورن لەسەر ھەستانەوەی، پێداچوونەوە بۆ ئەم کارانە بکات، زۆرێک لە فیقھ، بگرە ھەندێک لە بنەما ئوسوڵییەکانیش وەک ئەوە نەماوە کە لە قورئاندا ھاتووە، وەک ئەوانەش نییە کە لەو ڕاڤە و لێکدانەوە و ڕوونکردنەوانەی سوننەتی پێغەمبەردا ھاتووە”.(5)
دكتۆر موحسین عەبدولحەمید لەبارەیەوە دەڵێت: “دکتۆر زەڵمی لە کتێبەکانیدا تەنھا ڕای فەقیھەکان ناھێنێتەوە، بەڵکو بەڵگەکانیشیان دەخاتە ڕوو و بەراوردیان دەکات، ئەوەی سەرنج لە کتێبەکانی بدات دەبینێت کە دەمارگیری بۆ ڕایەک، یان مەزھەبێک نییە، بەڵکو شوێن ئەوە دەکەوێت کە لە میانەی بەڵگەکان و بەھێزییان بۆی دەردەکەوێت، کە حەقە. عەقڵیەتی زەڵمی عەقڵیەتێکی سەردەمانەیە، ئەو ھەوڵ دەدات سوود لەو ڕایە نەرمانەی فەقیھەکان ببینێت، کە بەڵگەی بەھێز پشتیوانی دەکەن، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕەوان، بۆ گرفتەکانی ئەم سەردەمە و ھەڵگرتنی زەحمەتی لەسەر مسوڵمانان، لەمەشدا شوێن بنەمانی ئاسانکاریی کەوتووە، کە شەریعەتی ئیسلامی پێوە ناسراوە، بەتایبەتی لە سەردەمی ھاوەڵە بەڕێزەکان. پاشان دکتۆر زەڵمی لە سەردەمەکەی خۆیدا دەژی، بەو مانایەی لە فەتوا و بەڕاستتر دانانە (ترجیح) فیقھییەکانیدا، داھێنانە زانستییە تازەکان بەکاردەھێنێت.”. (6)
ئەوەی لەم بابەتەدا بە چەند خاڵێك بە كورتی باسی دەكەین، هەڵبژاردن و خستنەڕووی چەند بوارێكە كە دكتۆر مستەفا زەڵمی جێدەستی تێیاندا دیارە:
یەكەم: ئوسوڵی فیقهـ: نوێگەری دكتۆر مستەفا زەڵمی لەبواری (أصول)دا:
أ‌-زەڵمی ئەو دابەشكارییە سیانییەی (الاحكام الاعتقادیة والعملیة والخلقیة ) بۆ (أحكام القران)، لای زانایانی عیلمی ئوسوڵی فیقهـ هەیە، پێی ناڕاستە و دەیكاتە دابەشكارییەكی پێنجی و (الاحكام الكونیة والاحكام العبریة)ی بۆ زیاد دەكات، لەمبارەیەوە دەڵێت: “دابەشكاری سیانی هەڵەیەكی باوە، چونكە هەر ئایەتێك، كە حوكمێك ڕوون دەكاتەوە پەیوەندیدارە بە ڕێكخستنی یەكێك لە دوو ژیانەكەوە (ژیانی دونیا و قیامەت)، قورئان گەنجینەیەكە هەموو پێداویستییەكان لەخۆ دەگرێت”.(7)
لە پێناسەی ئەحكامی كەونیدا دەڵێت: “قورئانی پیرۆز زۆر ئایەتی كەونی خاوەن واتای زانستی لەخۆ گرتووە، كە دەگەنە پلەی ئیعجاز، موفەسیرانی پێشوو دركیان پێیان نەكردووە، بگرە هەیانە داهێنانە زانستییە هاوچەرخەكان دەریانخستووە، مانا و مەبەستەكانیانی ڕوون كردووەتەوە، هەشیانە هێشتا نەدۆزراوەتەوە و لە چاوەڕوانی داهێنانی زانستی نوێدایە لە ئایندەدا، فەلسەفەی ئایاتی كەونی بریتییە لە: بەهێزتركردنی باوەڕبوون بە قورئانی پیرۆز و چەسپاندنی عەقیدە، بەوەی كە دەستكردی مرۆڤ نییە، بەڵكو لەلایەن خواوە هاتووەتە خوار، جگە لەوەش ئاڕاستەكردنی مرۆڤ بۆ بیركردنەوەو ڕامان لەم گەردوونەی كە لەڕووی مادی و مەعنەوەییەوە موسەخەرە بۆی تا لێی سوودمەند بێت، بەڵام زۆر كەس پەی بە نهێنییە گەردوونییەكانی ئەو ئایەتانە و فەلسەفەكانی نابەن”.(8)
لە پێناسەی (الاحكام العبریة)دا دەڵێت: “بریتییە لەو ئەحكامانەی لەو ئایەتانە وەردەگیرێت، كە سەربوردەی نەتەوەكانی پێش ئیسلام دەخەنەڕوو، لەگەڵ ئەو سەرئەنجامەی لە پاداشتی كردەوەكانیاندا پێی گه‌یشتوون، فەلسەفەی ئەم ئایەتانە و حوكمەكانی لەوەدایە، نەوەكانی دواتری پاش هاتنی ئیسلام، بەرەو عیبرەت وەرگرتن لەوانە ببات كە ئەو نەتەوە پێشوانە كردویانە، ئەو سەرئەنجامانەی پێی گه‌یشتوون، بە به‌راوردكردنی حاڵ و چارەنووسی خۆیان لەسەر حاڵ و چارەنووسی ئەوان.

زەڵمی ئەو دابەشكارییە سیانییەی (الاحكام الاعتقادیة والعملیة والخلقیة ) بۆ (أحكام القران)، لای زانایانی عیلمی ئوسوڵی فیقهـ هەیە، پێی ناڕاستە و دەیكاتە دابەشكارییەكی پێنجی

دكتۆر مستەفا زەڵمی سەبارەت بەم ئایەتانە دەڵێت: “ئەم ئایەتانە و هاوشێوەكانیان حوكمەكانیان پەندوەرگرتن (عبریة)ە، ڕستەكانیان هەواڵدانە، ماناكەیان داواكراوە، فەرمان بە هەموو نەوەیەك دەكات پەند لە نەوەی پێش خۆی وەربگرێت لەڕووی تاوان و سزاوە، پەنا بۆ ئەو كەلەپوورە ببات كە لەنەوەی پێش خۆیەوە لە چاكە، یان زانست، یان بەرهەمی زانستی و هاوشێوەكانیانەوە بۆیان ماوەتەوە، ئەو بۆماوەییە بخاتە كار، ده‌ستكه‌وتی نوێی بۆ زیاد بكات و بۆ نەوەی پاش خۆی جێبهێڵێت، چونكە شارستانییەتی مرۆڤایەتی بەمشێوەیە دروست بووە، دروستكراوی یەك نەوە نییە، بەڵكو هەموو نەوەكان بەپێی ئەو سوودەی بۆ بەرژەوەندی نەوەكەی و نەوەی دوای خۆی بەخشیویەتی، تێیدا بەشدارە.(9)
ب‌-دكتۆر مستەفا زەڵمی پێناسەی تایبەت و جیاواز بۆ سەرچاوەكانی حوكمی شەرعی وەك: (القياس و الاستحسان و المصلحة) دەكات، ئەو جیاوازییەش دەبێتە هۆی دەرهێنانی حوكمی نوێ.
-پێوانەكاری (قیاس):
لە پێناسەی قیاسدا، پاش خستنەڕووی ئەو پێناسانەی لە كتێبەكانی ئوسوڵدا سەبارەت بە قیاس هاتوون، خۆی پێناسەیەكی نوێی پوختی دەكات، لای زەڵمی قیاس بریتییە لە “گێڕانەوەی بەشەكییە نوێبووه‌وەكان (الجزئیات المستحدثات)، بۆ ئەو هەمەكییانەی عەقڵ گەیشتووە بە واتاكانیان، واتە ئەو هەمەكییانەی عەقڵ پەی بە هۆكارەكەیان دەبات”.
دكتۆر مستەفا زەڵمی لەمبارەیەوە دەڵێت: ” ئەو پێناسەیەم لەو بنەما شەرعییە گشتییە دەرھێناوه‌، کە ھاوەڵە شەرعناسەکان بڕیاریان لەسەر داوە و لەسەری کۆکبوون، کە دەڵێ: (حوکم لەگەڵ ھۆکارەکەی دەخولێتەوە بە بوون و نەبوون)”.(10)
-بەرژەوەندی (المصلحة):
دكتۆر مستەفا زەڵمی پێی وایە تێكەڵكردنێك هەیە لە نێوان (الحكم) و (المصلحة)دا، ئەمەش لەو پێناسەیەوە په‌یدا بووه‌، كە هەندێك لە زانایان كردوویانە، لەوانە ئیمامی غەزالی بەمجۆرە پێناسەی (المصلحة) دەكات كە: “بریتییە لە هێنانی سوودێك (منفعة)، یاخود وەلانانی زیانێك(مضرة)”.(11)
غەزالی لە (المستصفی)، دەڵێت: بەڵام بەرژەوەندی بریتییە لە: وەدەستھێنانی سوود و لابردنی زیان، مەبەستیشمان ئەوە نییە، چونکە وەدەستھێنانی سوود و لابردنی زیانی مەبەستەکانی وەدیھێنان و چاکیی وەدیھێنراوان لە وەدەستھێنانی مەبەستەکانیانە، بەڵام مەبەستمان لە بەرژەوەندی پاراستنی مەبەستی شەرعە لە بوونەوەردا، ئەویش بەوەی ئایین، نەفس، ژیری، وەچە و سامانیان بپارێزێت، جا ھەموو ئەوەی پاراستنی ئەو پێنج ئەسڵە لەخۆ دەگرێت بەرژەوەندییە، ھەموو ئەوەی ئەو ئەسڵانە لە دەست دەدات خراپییە و لابردنی
بەرژەوەندییە).(12)
ئەم وتانەی غەزالی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو تۆڵەیەی بە ھۆیەوە ژیانی مرۆڤ خۆی دەپارێزرێت بەرژەوەندییە، ئەو دەستبڕینەی بە ھۆیەوە سامانی مرۆڤ دەپارێزرێت بەرژەوەندییە، … ھەروەھا. ئەوە تێکەڵییەکی ڕوونە لە نێوان حوکم و نێوان ئەو بەرژەوەندییەی لە جێبەجێکردنەکەی دەکەوێتەوە، کە ئەوەش مەبەستی دانەری شەرعە بۆ بوونەوەر. (13)
ئەو پێناسەیەی ھەڵیدەبژێرین: ئەوەیە کە بەرژەوەندی لە شەرعدا بریتییە لە سوودی مادی، یان مەعنەوی، دنیایی، یان دواڕۆژی، کەسی بەرئەرک وەدەستی دەکەوێت، بە کارکردن بە واجبەکان، یان پێباشەکان (مندوب)، یان ڕێپێدراوەکان (مباح)، ھەروەھا لابردن و دوورخستنەوەی خراپەیە، بە کارنەکردن بەوەی حەرامە، یان بێزراوە (مکروە).(14)
هەروەك زەڵمی ئاماژەی پێدەدات “ئەم پێناسە ھەڵبژاردەیە، بیناکراوە لەسەر کۆڕایی زانایان لە ئوسوڵناسان و شەرعناسان، لەسەر ئەوەی ھەموو فەرمانپێکراوێک لە شەرعدا بەسوودە، ھەموو ڕێلێگیراوێکی شەرعی زیانبەخشە، ئەوەش وا دەخوازێت کە ئەنجامی گوێڕایەڵی خوا بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی و دوورکەوتنەوە لە ڕێ لێ گیراوەکانی، ئامانجەکانی خوا و بەرژەوەندییەکانی مرۆڤی لێ بکەوێتەوە.”(15)
-بە چاكزانین (الاستحسان): پێناسەی (الاستحسان) لای دكتۆر مستەفا زەڵمی جیاوازە و دەڵێت: دوای سەرنجدان لە دەیەھا پێناسەی زانایانی ئوسوڵ، لە ھەمەجۆری مەزھەبە فیقھی و ئوسوڵییە ئیسلامییەکاندا، دوای نائومێدبوون لە دۆزینەوەی پێناسەیەکی ڕوون و کۆکەرەوە و ڕێگر، كه‌ ئەم بنجەی ئوسوڵی فیقھی ئیسلامی ڕزگار بکات لەو ھەڵمەتە نادادوەرانەیەی کراوەتە سەری و تا ئێستاش بەردەوامە، ھەر لە سەردەمی پێشەوا شافیعی ھەتا ئەمڕۆمان، کە جارێک تاوانبار دەکرێت بەوەی: چێژوەرگرتن و ئیجتیھادکردنە بە ھەوا و ئارەزوو، جارێکیش بەوەی حەزێکە و شوێنکەوتنی ھەوا و ئارەزوو و گومڕاییە، جارێکی دیکەش بەوەی بێسوودە و ھەڵبەستنە بە زمانی شەریعەتی ئیسلامییەوە.
دوای تاوتوێکردنی ئەو تۆمەتانە و پێناسەکانی، بە لوتفی خوا بۆم دەرکەوت کە بەچاکزانین (استحسان) بریتییە لە پرۆسەیەکی ئیجتیھادی عەقڵی، بە ئامانجی پەسەندکردنی کارکردن بە بەڵگەی حوکمێکی ئاوارتەیی (استثنائی)، بەسەر کارکردن بە بەڵگەی حوکمە ئەسڵییەکەی، لە ڕووداوێکی دیاریکراودا، ئەمە ئەگەر موجتەھید بەپێی پێوەری شەرعی بە باشتری دانا.

زەڵمی بە بەڵگەی عەقڵی و نەقڵی سەلماندویەتی نەسخ لەقورئاندا نییە

بە دەستەواژەیەکی ڕوونتر، بەچاکزانین: ھەڵاواردنی ھەندێک لە ھەندەکییەکانە لە حوکمی ھەمەکییەکانی، لەبەر بەرژەوەندییەک، یان پێویستییەک، یان نەریتێک.(16)
دووەم: نەسخ: دكتۆر موحسین عەبدولحەمید لەبارەی كتێبی (التبیان لرفع غموض النسخ في القران) دەڵێت: “ئەم کتێبە لە بابەتەکەیدا بەگشتی تازە نییە، چونکە کۆمەڵێک لە زانایان لە سەدەکانی ڕابردوو و ئەم سەردەمەدا نکوڵییان لە نەسخ لە قورئانی پیرۆزدا کردووە، بەڵام تازەیی ئەم کتێبە لەوەدایە خوێندنەوەی بۆ چەندین ئایەت کردووە، کە زۆر لە لێکدەرەوان وتویانە نەسخ کراوەتەوە، لە ڕێگای زانستی زمان و مەنتیق و ئوسوڵ و تەفسیر و فیقهەوە سەلماندویەتی کە نەسخ لە قورئاندا نییە، ھەر ئایەتێک لە چوارچێوەی خۆی بەکاردێت، لێرەوە و لەم ڕووەوە ئەم کتێبە داھێنانێکی تێدایە، ئاماژەیە بۆ ئەو سامانە زانستییەی دانەرە بەڕێزەکەی ھەیەتی، بەبێ ئەوە نەیدەتوانی بچێتە نێو ئەو لێکۆڵینەوە وردەوە”.(17)
دكتۆر مستەفا زەڵمی لەسەر نەسخ بۆچوونی تایبەتی هەیە، بەگوێرەی بۆچوونی زانایانی متأخرین: نەسخ واتە: “هەڵگرتنی حوكمێكی شەرعی بەپێی بەڵگەیەكی شەرعی”(14)، لای زانایانی سەلەف بەمجۆرە پێناسە كراوە: “هەموو ئەوەی بەسەر ڕووكاری دەقدا دێت، لە تایبەتكردنی گشتی، یان كۆتكردنی ڕەهاى، یاخود خستنەڕووی پوخت (بیان مجملە)، یان پلەبەندی (تدرج)ی حوكمەكەی، یان هەڵوەشاندنەوەی حوكم و هاوشێوەی ئەوانە.(18)
زەڵمی پاش تاوتوێكردنی هەموو ئەوانە دەڵێت: نەسخ بەو واتا گشتییەی لای سەلەفی ساڵح هاتووە، دروستە لە قورئاندا هەبێت، خۆ ئەگەر بەو واتایە بێت، كە لای متأخرین هەیە، كە ئەویش هەڵوەشاندنەوەی وەحیەكی پێشترە بە وەحی دواتر، ئەوا ئەمەیان لەپاش وەفاتی پێغەمبەر، بە ئیجماع ناشێت و بە بێ قورئان (واتە بە فەرموودە، یان ئیجماع، یاخود جگە لەو) ناشێت، هەربانگەشەیەكی لەوجۆرە بەتاڵە، بەگوێرەی بۆچوونی زەڵمی، لەقورئاندا نەسخ بە واتا تایبەتەكەی
بوونی نییە.(19)
لای زەڵمی، قورئان بە فەرموودەی متواتر نەسخ نابێت، ئه‌گه‌ر (قطعیة الثبوت)یش بێت، لەبەر ئەوەی دەقەكانی قورئان لەڕووی (لفظ) و واتاوە لەو بەهێزترە، چونكە هەردووكیان لە خوای گەورەوەیە، بەپێچەوانەی فەرموودەوە، كە (لفظ)ەكەی لە پێغەمبەرەوەیە (صلی الله علیە وسلم)، ئەو ئایەتانەشی وتراوە بە فەرموودەی متواتر نەسخ بوون، ئەوانە بە فەرموودەكان تایبەتمەند كراون، نەك نەسخ، نموونەی ئەمەش ئایەتی وەسیەت.(20) زەڵمی لەم كتێبەدا “بە بەڵگەی عەقڵی و نەقڵی سەلماندویەتی نەسخ لەقورئاندا نییە”.(21)
سێیەم: شرع من قبلنا شرع لنا: دكتۆر مستەفا زەڵمی، لەو بارەوە دەڵێت “پاش گەڕانەوەم بۆ زۆربەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی زانستی بنەماکانی فیقھی ئیسلامی ھیچ ڕایەکی پەسەند و وەرگیراوم دەست نەکەوت، سەرچاوەی ئەم کێشەیەش ئەوەیە کە ڕێساکە ھەر بە ھەڵە دروستکراوە و لە پێشینانەوە بە ھەڵە گەیشتووە بە پاشینان و ڕێساکە لە داڕشتن و دەربڕینیدا ھەڵەیە و پێویستە ڕاست بکرێتەوە و بوترێت: دینی ئەوانەی پێش ئێمە بوون بۆ ئێمەش دینە، بەڵام شەرعی ئەوانەی پێش ئێمە بوون نابێتە شەرعی ئێمە”.(22)
لە درێژەی ڕوونكردنەوەکەدا دەڵێت: “ئوسوڵی دین بۆ ئادەمیزاد دانراوە، لە هەموو كات و سەردەمەكاندا و جیاوازی نییە، ئەحكامە ئیعتیقادییەكان بۆ هەموو مرۆڤاكانە، لە نەتەوەیەكەوە بۆ نەتەوەیەكی تر جیاوازی نییە، شەریعەتێكش لە شەریعەتێكی تر جیا نییە، پێغەمبەرێك لەگەڵ پێغەمبەرێكی تردا جیاوازی نییە، چونكە دین یەكێكە، دین تایبەتترە لە شەریعەتی كرداریی، بۆیە: هەموو دینێك شەریعەتە و هەموو شەریعەتێك دین نییە، چونكە لقەكانی دینیش دەگرێتەوە، لەو ئەحكامە شەرعییە كردارییانەی ناوی فیقهیان لێنراوە، ئوسوڵی دین، وەك: ئیمان بە خوا و فریشتەكانی و پێغەمبەرەكانی و ڕۆژی دوایی … چەسپاوە، لە یەكەم ڕۆژی وەحییەوە، كە بۆ سەر گەورەمان ئادەم (علیە السلام) هاتە خوارەوە، تا كۆتا وەحی، كە بۆ سەر گەورەمان محەممەد (صلی الله علیە وسلم) دابەزیوە، لە شەریعەتی هەموو پێغەمبەران و نێردراواندا، هیچ گۆڕانیك بەسەر دیندا نەهاتووە.(23)
چوارەم: دكتۆر مستەفا زەڵمی لە بواری فیكریشدا جێدەستی دیارە، ئەو بە تەنها نەهاتووە وەڵامی نەیارانی ئیسلام بداتەوە، بەڵكو بەر لەوەی وەڵامی نەیاران بداتەوە، هاتووە هەڵەی دۆستان ڕاست بكاتەوە، بەو واتایەی كۆششەكەی دوو لایەنە بووە، لەلایەك ئەو بۆچوونانەی پێی هەڵە بووە لە بواری فیقهی ئیسلامیدا، دەستی داوەتە ڕاستكردنەوەیان، بە پشتبەستن بە بەڵگەی نەقڵی و عەقڵی، لە بەرامبەریشدا وەڵامی ڕۆژهەڵاتناسانی داوەتەوە، ئەوانەی ڕەخنەیان لە بوارێك لە بوارەكان هەبووە.
لەمبارەیەشەوە بۆچوونەكانی دكتۆر مستەفا زەڵمی لەسەر كوشتنی موڕتەد و نەهێشتنی كۆیلە و كەنیزەك و نەبوونی نەسخ، باشترین نموونەن، لە هەمان كاتدا ئەوەی ڕەتكردووەتەوە كە فیقهی ئیسلامی كەوتبێتە ژێر كاریگەری فیقهی ڕۆژئاوا.
أ‌-كوشتنی موڕتەد: لە شەریعەتی ئیسلامیدا، زۆر باسی موڕتەد و لادەر و سزای ئەوانەی لە دین هەڵدەگەڕێنەوە، کراوە، زۆر كەسیش قسەی خۆی لەسەر ئەم بابەتە كردووە، هەندێك پێیان وایە: قورئان هەرگیز باسی ئەو تاوانەی لە هیچ ئایەتێکیدا نەكردووە! هەندێکی تر وتویانە: تەنها لە یەک فەرموودەدا باس کراوە کە بریتییە لە: (هەرکەسێک دینەکەی بگۆڕێت، ده‌کوژێت).
هەندێکی تریش هەوڵیان دا گرنگی ئەم تاوانە و مەترسییەکانی بۆ سەر کۆمەڵگا بە کەم سەیر بکەن و جیاوازییان نەکردووە لە نێوان موڕتەدی زیانگەیەنەر و بێ زیاندا.

زەڵمی بە تەنها نەهاتووە وەڵامی نەیارانی ئیسلام بداتەوە، بەڵكو بەر لەوەی وەڵامی نەیاران بداتەوە، هاتووە هەڵەی دۆستان ڕاست بكاتەوە

دكتۆر مستەفا زەڵمی بۆچوونی وایە: ئەو كەسەی لەدین هەڵدەگەڕێتەوە و بێزیانە، ناكوژرێت، لەمبارەیەشەوە نامیلكەیەكی هەیە بەناونیشانی: (لاقتل للمرتد غیر المفسد في القران)، لەم دانراوەیدا بەڵگەی عەقڵی و نەقڵی بۆ بابەتەكە دەهێنێتەوە.
گرنگترین بەڵگە عەقڵییەكانی بەكورتی:
” یەکەم: وتنی ئەوەی کە سزای ھەڵگەڕاوە بە ڕەھایی دونیاییە، پێچەوانەی زۆر ئایەتی قورئانی پیرۆزە، لەوانە خوای گەورە دەفەرمووێت: (…وَمَن يَرْتَدِدْ مِنكُمْ عَن دِينِهِ فَيَمُتْ وَهُوَ كَافِرٌ فَأُوْلَـئِكَ حَبِطَتْ أَعْمَالُهُمْ فِي الدُّنْيَا وَالآخِرَةِ وَأُوْلَـئِكَ أَصْحَابُ النَّارِ هُمْ فِيهَا خَالِدُونَ).
دووەم: وتنی ئەوەی کە سزای ھەڵگەڕاوە بە ڕەھایی قیامەتییە، پێچەوانەی زۆر ئایەتی قورئانی پیرۆزە، لەوانە خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّمَا جَزَاء الَّذِينَ يُحَارِبُونَ اللّهَ وَرَسُولَهُ وَيَسْعَوْنَ فِي الأَرْضِ فَسَاداً أَن يُقَتَّلُواْ أَوْ يُصَلَّبُواْ أَوْ تُقَطَّعَ أَيْدِيهِمْ وَأَرْجُلُهُم مِّنْ خِلافٍ أَوْ يُنفَوْاْ مِنَ الأَرْضِ ذَلِكَ لَهُمْ خِزْيٌ فِي الدُّنْيَا وَلَهُمْ فِي الآخِرَةِ عَذَابٌ عَظِيمٌ).
سێیەم: وتنی ئەوەی جیاوازی ھەیە لە نێوان قورئان و سوننەی پێغەمبەر، لە حوکمی ھەڵگەڕاوە و ھەڵسوکەوت لەگەڵیدا، پێچەوانەی قورئانە، چونکە قورئان ھەروەک چۆن چارەسەری حوکمی ھەڵگەڕاوەی کردووە بە ھەر دوو جۆرەکەیەوە: ھەڵگەڕاوە بە واتای دەرچوو لەئیسلام، ھەڵگەڕاوە بە مانای دەرچوو لە دژی ئیسلام، بۆ ھەر جۆرێکیان حوکمێکی داوە. کە پێچەوانەی ئەوەی دیکەیانە، پێغەمبەری خوا –درودی خوای لەسەر بێت- لە فەرموودەکانیدا ھەمان کاری کردووە، حوکمی ھەڵگەڕاوەی جارێک بە ڕەھایی باس کردووە و جارێکی دیکەش بە کۆتکراوی، پێویستە ڕەھاکە بخرێتە سەر کۆتکراوەکە و کۆتەکە ئەویش بگرێتەوە، ئەگەر ھاتوو لە ھۆکار و حوکمدا یەک بوون، بەپێی ئەو ڕێسا گشتییەی کە لە ئوسوڵی فیقھدا ھاودەنگی لەسەرە.
چوارەم: زۆرێک لە زانایانی ئیسلام، ھەڵگەڕاوە بە مانای دەرچوون لە ئیسلام، لەگەڵ ھەڵگەڕاوە لە دژی ئیسلام، لایان تێکەڵ بووە، لەبەر ئەوە بۆ ھەردووکیان تەنھا یەک حوکم ھەیە، ئەویش پێویستی کوشتنیەتی.
پێنجەم: ھەندێک لە زانایانی ئیسلام گونجاندنی تاوانی ھەڵگەڕانەوەیان لێ تێکەڵ بووە بەوەی لەتاوانەکانی حدودە، لەگەڵ گونجاندنی بەوەی لە تاوانەکانی ڕوشکێن (تعازیر)ە، لە کاتێکدا جیاوازییەکی ڕوون ھەیە لە نێوان ئەو تاوانانەدا لەرووی چییەتی و پسپۆڕی و جیاکاری و حوکمەکانی.
شەشەم: ھەندێک تێکەڵییان بۆ دروست بووە لە بەڵگەھێنانەوە لەسەر پێویستی کوشتنی ھەڵگەڕاوە، لە نێوان سوننەتی پێغەمبەر لەگەڵ وتە، یان کرداری ھاوەڵان، یاخود شوێنکەوتوان، لە بە سەرچاوەبوون بۆ شەریعەتی
ئیسلام”.(24)
ب‌-ڕەجم: ” لە نێو ئەوانەی کە بەردبارانکردنیان ڕەتکردووەتەوە: مستەفا زەڵمییە، لە کتێبەکەیدا: (بەردبارانکردنی زیناكەر لە قورئاندا نییە)، لەبەر ئەوەی بەڵگەی زۆربەی ئەوانەی ڕەجمی زیناكەر ڕەتدەکەنەوە، بەڵگەکانیان زۆرجار لە یەکترەوە نزیکە. بەڵام دكتۆر مستەفا زەڵمی بە بەڵگەی ڕیشەدارەوە، كە پسپۆڕە تێیدا (الفقه والأصول والقواعد)، جیاواز لەوانی بەم شێوەیە تر قسەی لەسەر دەكات:
1-ئەو سزایەی لە قورئاندا وەك سزایەک بۆ زیناکاران ئاماژەی پێکراوە، بریتییە لە: زیندانیکردن و ئازاردان، پاشان 100 شەلاق بۆ خێزاندار و بێ شوو، ئەمە كارپێكراوە.
2-گەنگەشەی ئەو ئایەتە دەكات، كە بە ئایەتی ڕەجم ناسراوە و ناوی لێناوە: درۆی (الشیخ و الشیخة).
3-ئەو ڕووداوانەی بەردبارانکردن کە لە سوننەتدا گێڕدراوەتەوە بە ئیجتیهادی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) و قورئان بڕیاری لەسەر نەداوە، هەروەک چۆن لە بابەتی دیلەکانی بەدردا ئیجتیهادی کرد و دواتر ئایەتی قورئان دابەزی، ئیجتیهادەكەی ڕەجمی بە دەقی سزای شەلاق لێدان لە سورەتی ئەلنوردا ڕاستكردەوە.
4-ڕەتکردنەوەی بەردباران بەڵگەدار دەكات لە دەراوزەیەكدا بە ناوی: (بەردباران و ڕێسا گشتییەکان)، بۆ ڕەتکردنەوەی بەردبارانکردنی بەڵگەی ئوسوڵی و فیقهی و لۆژیکی و فەلسەفی و عەقڵانی دەهێنێتەوە”.(25)
ج- كۆیلەو كەنیزەك: “وشککردنی زەلکاوی کۆیلە و کەنیزەکەکان لە قورئاندا” ئەمە ناونیشانی یەكێكی ترە لە دانراوەكانی دكتۆر مستەفا زەڵمی، كە بابەتێكی لەخۆ گرتووە ڕاجیایی زۆری لەسەرە، لەم كتێبەدا بە ڕوونی كۆتاییهاتنی كۆیلە و كەنیزەكی لە قورئاندا بە بەڵگەی عەقڵی و نەقڵی خستووەتە ڕوو.
پوختەی ئەم كتێبە بریتییە لەوەی هەشت سەرچاوە هەبووە بۆ بەكۆیلەكردنی مرۆڤ، ئیسلام ئەو هەشت جۆگەیەی لە سەرچاوەكەیەوە وشك كردووە:
1-دیل: پێش هاتنی ئیسلام دیل دەكرایە كۆیلە، ئیسلام ئەمەی نەهێشت.
چارەسەری ئیسلام: “قورئانی پیرۆز ھات و چارەنووسی ئازادکردنی دیلی لە دوو ڕێگەدا کورت کردەوە، کە سێھەمیان نییە، ئەوانیش بریتین لە ئازادکردن بە پیاوەتی و منەتبارکردنیان بە بێ بەرامبەر، یان ئازاد دەکرێن بەرامبەر بەوانەی لای لایەنی بەرامبەرن، یان بەھەر قەرەبوویەکی مادی، یان مەعنەوی، خوای گەورەش لە ئایەتی (٤)ی سوورەتی (محمد)دا فەرموویەتی: (فَإِذا لَقِيتُمُ الَّذِينَ كَفَرُوا فَضَرْبَ الرِّقَابِ حَتَّى إِذَا أَثْخَنْتُمُوهُمْ فَشُدُّوا الْوَثَاقَ فَإِمَّا مَنًّا بَعْدُ وَإِمَّا فِدَاءً حَتَّى تَضَعَ الْحَرْبُ أَوْزَارَهَا)”.
2-لەدایكبوون: منداڵی كۆیلە دەبووە كۆیلە.
چارەسەری ئیسلام: “قورئان ئەوەی ڕێکخست و وایکرد وەچە خستنەوە ھۆکارێک بێت بۆ ڕزگاربوون لە کۆیلەیی و ئازادبوون و منداڵی کەنیزەکەکانی لە مێردە ئازادەکانیان بە ئازاد لە قەڵەم دا، ھەروەھا دایکیانی بە دایکی منداڵەکە دانا، واتە دایکێکی ئازاد لەپاش مردنی مێردەکەی”.
3-تاوان: لە زۆربەی یاساکانی نەتەوە کۆنەکاندا سزای ھەندێک تاوان، بێبەشکردنی کەسی تاوانبار بوو لە کەسایەتی یاسایی، واتە دەكرایە كۆیلە.
چارەسەری ئیسلام: “ئەو تاوانانەش وەک کوشتن و دزیکردن و زینا و ئەوجۆرە شتانە، قورئان ھات و بۆ ھەرتاوانێک لەوانە سزایەکی تایبەتی دیاریکرد، کە لەگەڵ قەبارەی تاوانەکەدا بگونجێت، جا بۆ کوشتنی ئەنقەست و دەستدرێژیکردن، تۆڵە سەندنەوەی دیاری کرد، بۆ دزیکردنیش دەست بڕین و بۆ زیناش شەلاق لێدان و بەو شێوەیە”.
4-نکوڵیکردن لە وابەستەبوونی یاسایی: ئەوەی لەم حاڵەتەدا جێبەجێ دەکرێت:
أ‌-چوونە دەرەوەی ژن لە ماڵی مێردەکەیدا بە مەبەستی زیان گەیاندن بە ناو و ناوبانگی مێردەکەی، ئەمکارەش بە نکۆڵیکردن لەو وابەستەبوونە یاساییەی ژیانی ژن و مێردایەتی لە قەڵەم دەدرا و دەبووە ھۆی ئەوەی ژنەکە بکرێتە کۆیلە و وەک کەنیزەک لە ماڵی مێردەکەیدا بمێنێتەوە .

لە نێو ئەوانەی کە بەردبارانکردنیان ڕەتکردووەتەوە: مستەفا زەڵمییە

ب‌-بە کۆیلەکردنی ئەو کوڕەی کە کوڕی پیاوەکە نییە، بەڵام کردوویەتی بە کوڕی خۆی، کاتێک کە ئەو منداڵە نکوڵی لە وابەستەبوونی بەو بەکوڕکردنەوە بکات.
چارەسەری ئیسلام: “بێبەشکردنی مرۆڤ لە دەسەڵاتی باوکسالاری، کە باوک بۆی ھەبوو وەک کۆیلە منداڵەکانی خۆی بفرۆشێت: جا قورئان ئەو دیاردەیەی حەرام کرد و مامەڵەکردنیشی بە مرۆڤەوە حەرام کرد و مافی باوکانی بە سەر منداڵەکانییەوە لە ڕێزگرتن و بژێویدا دیاریکرد”.
5-هەژاری: یاسا کۆنەکان ڕێیان بەو کەسە داوە کە ھەژار دەکەوێت، کە خۆی، یان ژنەکەی، یان منداڵەکەی بفرۆشێت و ئەو کەسەی دەیکڕێت بیکاتە کۆیلەی خۆی.
چارەسەری ئیسلام: “قورئان ڕیبای حەرام كرد، كە باری سەرشانی هەژاری لە دانەوەی قەرزەكەی قورستر دەكرد، تا ئەو ڕادەی دەیكردە كۆیلەی خاوەن قەرەزەكە و نەفەقە و بژێوی ھەژاری لەسەر خزم و کەس و کارەکەی و موسڵمانان پێویست کرد (بەخشین لە ڕێگەی خوادا)، لەسەر ماڵ و سامان زەکات و بەیتول مال واتە (گەنجینەی گشتی) و قازی موسڵمانان فەرزی بکات لەسەر خاوەن قەرز کە مۆڵەتی بداتە قەرزارەکە تا ئەو کاتەی پارە و دارایی دەبێت و دەتوانێت قەرزەکەی بداتەوە”.
6-چەتەگەری و ڕفاندن و تاڵانکردن: قوربانییەکانی ئەمجۆرە کەسانە لە دەستدرێژییەکاندا وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا و کۆیلایەتییان بەسەردا دەسەپێنرا.
چارەسەری ئیسلام: “قورئان چەتەگەری و ڕفاندنی حەرام کرد، لەو تاوانانەن کە ھیچ ئاسەوارێکی شەرعی، یان دەسکەوتێکی دارایی نایانگرێتەوە لە قەڵەم داوە، بەڵکو لە تاوانەکانی شەڕ و وێرانکاری و خراپەکردن لەسەر زەویدا ھەژمار دەکرێن”.
7-بوونی پەیوەندی (ئینتیما) تاکێک بە گەلێکی دیاریکراو، یان توێژێکی دیاریکراوەوە: بە تەنھا بوونی ئەو پەیوەندییە بەس بوو، تاوەکو ئەو کەسە بەشێوەیەکی کردەیی بکاتە کۆیلە، یان لە سروشتی خۆیدا ئامادەگی ئەوەی ھەبێت تاوەکو لە چاوی ھەندێک لە گەلانەوە بکرێتە کۆیلە، وەک گەلانی عیبری و ھیندی و یۆنانی و ڕۆمانییەکاندا لە ھەندێک کات و سەردەمدا.
8-دەستبەرداربوونی ھۆزێک، یان خێڵی کەسی تاوانبار بە ڕادەستکردنی تاوانبارەکە بەو ھۆزە، یان خیڵەی سەر بە تاوان لێکراوەکەیە. دوای ئەوە دەکەوتە ژێر سۆز و ڕەحمەتی ئەوان و ئەگەر بیانویستایە دەیانکوشت، یان ئەگەری ئارەزوویان بکردایە سوود لە خۆی و تواناکانی ببینن، دەیانکردە کۆیلەی خۆیان.
چارەسەری ئیسلام: “قورئانی پیرۆز ھەموو ھۆکارێکی لە ھۆکارەکانی کۆیلایەتی حەرام کرد کە لە یاسا و دابونەریتە پێشینەکاندا ھەبوون، یان کۆتایی ھێنا بە سەرچاوەکانی کۆیلایەتی و ھەموو لقێک لە لقەکانی وشک کرد و ھەریەکەشیان بە دەقێکی تایبەتی، یان دەقێکی گشتی جا زەلکاوەکەی لە ماوەیەکدا وشک کرد کە ئەوپەڕی کۆتایی سەدەی یەکەمی کۆچی بوو بۆ ھەتاھەتایە و بێ گەڕانەوە”. (26)
لەڕاستیدا ئەم بابەتە گەشتێكی پوختی خێرایە بەسەر بەشێكی تێڕوانیینەكانی دكتۆر مستەفا زەڵمیدا لە چەند بوارێكدا، ئەگەرنا تێڕوانینەكانی لەسەر فەلسەفە و لۆژیك و ڕێسا شەرعییەكان و… هتد، لێكۆڵینەوەی تایبەت هەڵدەگرێت.

زەڵمی بە ڕوونی كۆتاییهاتنی كۆیلە و كەنیزەكی لە قورئاندا بە بەڵگەی عەقڵی و نەقڵی خستووەتە ڕوو

دەرەنجام
1-دكتۆر مستەفا زەڵمی زانایەكی مەوسوعییە، بە ڕامان لە دانراوەكانی جێدەستی بە ڕوونی لە بواری ئوسوڵی فیقهـ، یاسا، فەلسەفە، لۆژیك و …. تاد دەبینین.
2-دكتۆر مستەفا زەڵمی زانایەكی بوێرە، بە ڕاشكاوی بۆچوونی خۆی لەسەر ئەو ئەو بابەتانە دەخاتەڕوو كە جیاڕایی لەسەرە.
3-شارەزایی قوڵی لە زانستە شەرعییەكان، یاسا، لۆژیك و فەلسەفەدا یارمەتیدەری بووە كاتێک لەو بابەتانە دەكۆڵێتەوە كە پێشتر لەلایەن نووسەران و توێژەرانی ترەوە قسەی لەسەر كراوە، ئەم بەڵگەی زیاتر و قوڵتر لەبارەیانەوە بخاتەڕوو.
4-دكتۆر مستەفا زەڵمی لەو بابەتانەی ڕاجیاییان لەسەرە، هەمیشە بەڵگەی نەقڵی پێش بەڵگەی عەقڵی تایبەت بە بابەتە جێناكۆكەکە دەخاتەڕوو، بەو واتایەی كە توێژەرێك نییە تەنها پەنا بۆ قورئان ببات لە بەڵگەهێنانەوەدا.
5-لە پێناسەو بەڵگە هێنانەوەدا بۆچوونی زانایانی پێشینی ئوممەت و زانایانی موتەئەخیرین لەبەرچاو دەگرێت.
6-پێناسە تایبەتەكانی دكتۆر مستەفا زەڵمی بۆ هەندێك زاراوەی شەرعی دەبێتە هۆی هێنانەكایەی حوكمی نوێ.
7-بۆچوون و تێڕوانینەكانی دكتۆر مستەفا زەڵمی زۆرن، بەداخەوە تا ئێستا وەك پێویست لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە نەكراوە.

سەرچاوەو پەراوێزەكان:
1-پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی، تاڤگەیەكی نەسرەوت، ئا: ڕێدار ئەحمەد، چاپخانەی ڕۆژهەڵات- هەولێر 2016، ل76.
2-دكتۆر حەسەن زەنون، ساڵی 1911 لەشاری موسڵ لەدایكبووە و خوێندنی سەرەتایی لەو شارە بووە، ساڵی 1936 كۆلێژی یاسای تەواو كردووە، ساڵی 1946 دكتۆرای لە یاسا لە میسر بەدەستهێناوە و گەڕاوەتەوە عێراق و بووەتە مامۆستای زانكۆ، خاوەنی چەند دانراوێكە لە بواری یاسادا و لە زانكۆكانی عێراق بوونەتە مەنهەجی قوتابیانی كۆلێژی یاسا، بە یەكێك لە مامۆستا پایەبەرزەكانی یاسا لە عێراق و وڵاتانی عەرەبی ئەژمار دەكرێت، ڕۆژی 7/1/2014 كۆچی دوایی كرد. https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=164931
3-پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی، تاڤگەیەكی نەسرەوت، ئا: ڕێدار ئەحمەد، چاپخانەی ڕۆژهەڵات- هەولێر 2016.
4-كاروانی ژیانم، مستەفا ئیبراهیم زەڵمی، كتێبخانەی تەفسیر-هەولێر، چاپی چوارەم 2022.
5-پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل107.
6-هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل66 .
7-حكم احكام القران: د. مصطفی ابراهیم الزلمي، نشر احسان- طهران، الطبعة الاولی 2014، ص 20 و 45 وما بعدها.
8-المصدر السابق، ل52.
9-فلسفة الشریعة: د. مصطفی ابراهیم الزلمي، نشر احسان- طهران، الطبعة الاولی 2014، ص 23-62.
10-أصول الفقه في نسیجه الجدید، د. مصطفی ابراهیم الزلمی، مصدر سابق، ص 147.
11-مجموعة الفوائد البهية على منظومة القواعد البهية، صالح بن محمد بن حسن الاسمري، دراسة: متعب بن مسعود الجعيد, دار الصميدعي للنشر, ط1، 1420م-2000م، ص: 45.
12-المستصفی، ص174.
13-أصول الفقه فی نسیجه الجدید، مصدر سابق، ص176.
14-المصدر السابق، ص187.
15-أصول الفقه فی نسیجه الجدید، مصدر سابق، ص 184-188.
16-پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی، تاڤگەیەكی نەسرەوت، سەرچاوەی پێشوو، ل 67.
17-مباحث في علوم القران، د. صبحي الصالح، ط10، دار العلم للملايين, بيروت- 1977، ص 26.
18-الناسخ والمنسوخ في القرآن الكريم، علي بن أحمد بن سعيد بن حزم الظاهري أبو محمد، تحقيق : د. عبد الغفار سليمان البنداري، العلمية – بيروت، الطبعة الأولى ، 14ص: 6-8.
19-التبيان لرفع غموض النسخ في القران، د. مصطفی ابراهیم الزلمي، نشر احسان- طهران، الطبعة الاولی 2014، ص 17، 78، 362.
20-أصول الفقە في نسیجە الجدید، المصدر السابق, ص84، والدكتور مصطفی الزلمي واراؤه الاصولیة والقانونیة، د, مديحة صالح المهدي، ط1, بغداد -2003، ص284-287) – كتاب أصول الفقە في نسیجە الجدید في میزان كتب الأصول المعاصرة،م.م ایمان موسی فرحان/ Journal of Historical and Cultural Studies, Vol.11, No. (1/42), (2019): 267-286.
21-الدكتور مصطفی الزلمي واراؤه الاصولیة والقانونیة، المصدر السابق، ص280.
22-ڕوونكردنەوەی ڕیساكان بەشێوەیەكی نوێ، د. مستەفا زەڵمی، و: كۆسار بەرزنجی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر -2017، ل282-282.
23-أصول الفقه في نسيجه الجديد، مصدر سابق، ص 140-141.
24-بۆ ئاگاداربوون لەتەواوی بەڵگەكان بڕوانە كتێبی: كوشتنی موڕتەد لەقورئاندا، دكتۆر مستەفا زەڵمی، و: ڕێدار ئەحمەد، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر-2016.
25-د. عصام تليمة، لا ڕجم فی القران، سایتی الجزیرة:
https://mubasher.aljazeera.net/opinions/2021/11/13/%D9%84
26-بۆ ئاگاداربوون لەتەواوی بەڵگەكان بڕوانە كتێبی: وشككردنی زەلكاوی كۆیلەو كەنیزەك لە قورئاندا، دكتۆر مستەفا زەڵمی، و: وەرزێر حەمە سەلیم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر-2016.

Send this to a friend