• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 4, 2024

پەیوەندییەكانی چین و هەرێمی کوردستان و كاریگەریی لە سەر دۆزی كورد

د. ڕێبوار ڕەئووف ساڵح / پسپۆڕی زانستی سیاسی و حکومڕانی

بەرایی

بۆچوونێک هەیە کە پێی وایە ئامادەیی دیاری چین، چ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و چ لە سەر ئاستی ناوچەیی، ڕۆڵێکی بنیاتنەری هەبووە لە پاراستنی ئاشتی و پێشخستنی گەشەسەندن و پاراستن و باشترکردنی ڕێكخستنی و سیستمی نێودەوڵەتی. چین گەورەترین بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری کاڵایە، بۆیە هەندێک جار بە کارگەی جیهان ناو دەبرێت. وەک یەکێک لە گەورەترین ئابوورییەکانی جیهان ڕیزبەند کراوە، هەر چەند لە ئێستادا قسە لە سەر کێشە دەکرێت لە ئابووریی چیندا، بەڵام لە هەمان کاتدا ئابوورییەکیشە کە بە شێوەیەکی خێرا و بەرچاو گەشەی کردووە، بۆیە چین لە ڕیزی وڵاتە گەشەسەندووەکاندایە. ئەم ئامادەییە بیوێنەیەی چین لە جیهاندا کاریگەریی زۆری دروست کردووە لە سەر یار و نەیارانی، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. بۆیە ئەم نووسینە هەوڵ دەدات کاریگەریی چین ڕوون بکاتەوە لە سەر هەرێمی کوردستان.

نووسینەکە سەرەتا بە ڕوونکردنەوەی ئەو بەرژەوەندی و بنەمایانە دەست پێ دەکات کە چین تیشکیان دەخاتە سەر و پەیوەندییەکانی دەرەوەی لە سەر بنیاد دەنێت، لەوانە: بەرژەوەندیی ئابووری، بەرژەوەندیی ستراتیژی، بەرژەوەندیی سیاسی، ئاڵوگۆڕی کولتووری، هاوکاریی ئاسایشی و بەرگری. دوابەدوای ئەوەش، لە ڕووی تیۆرییەوە شیکاری بۆ هەوڵی فراوانخوازیی چین دەکات، ئەویش بە تیشک خستنەسەر تیۆرەکانی ڕیالیزم و لیبڕالیزم و بونیادگەرایی و مارکسیزم و تیۆری جیۆپۆلەتیک، وە دواتر شیکارییەک بۆ پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و چین دەکات. لە ڕێگەی ئەم شیکار و ڕوونکردنەوانەشەوە بابەتەکە هەوڵ دەدات وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا دەبێت هەرێمی کوردستان هیوا لە سەر ئەوە هەڵبچنێت کە پەیوەندییەکەی لەگەڵ چین سەر بکێشێت بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی؟ وە بۆچی چین بە دوودڵییەوە پەیوەندی لەگەڵ هەرێم و کەماتیەتییەکانی ناو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری دەبەستێت؟ لە ئەنجامی وەڵامی ئەم پرسیارانەدا، ئەم بابەتە هەوڵ دەدات کە سیناریۆی هاتنی چین بۆ ناوچەکە و هەرێمی کوردستان ڕوون بکاتەوە و پێشنیاری چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئامادەیی چین بکات لە لایەن هەرێمەوە. وە ئایا دەکرێت پێشنیار بۆ هەرێمی کوردستان بکرێت کە لە ڕووی سیاسییەوە پشت بە چین ببەستێت بەرامبەر بە بەغداد؟

  1. بنەماكانی بنیادنەری پەیوەندییە دەرەكییەكانی چین

بە هۆکاری جۆراوجۆر چین هەمیشە وڵاتێکی گرنگ بووە، چونکە خاکێکی گەورە و فراوانی هەیە و لە مێژیشە پڕدانیشتووترین نەتەوەی جیهان بووە، هەر بۆیەگەورەیی خاک و دانیشتووانەکەی بەردەوام بووەتە جێگەی گرنگیپێدان لە لایەن دەوڵەتانی دیکەوە. هەروەها چین توانایەکی ئابووریی فراوانی هەیە کە ئێستا بە دووەم بەهێزترین ئابووریی جیهان دادەنرێت لە دوای ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، وە لە گەشەیەکی بەردەوامیشدایە، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا ببێت بە بەهێزترین ئابووریی جیهان. خاڵێکی دیکە دەربارەی چین ئەوەیە کە یەکێکە لە شارستانیەتە کۆن و کاریگەرەکانی جیهان، شارستانیەتێکە کە چەندین سەدە بێگانەی سەرسام کردووە. لە قۆناغی سەرەتای شەڕی سارددا، کۆماری چین بە ئایدۆلۆژیای شەڕانگێز و شۆڕشگێڕانەی خۆی هەڕەشەی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و جیهانی دەکرد. بەڵام لەم سەردەمەدا بە هۆی گەشەسەندنی خێرای ئابووریی وڵاتەکەیانەوە، سەرکردایەتیی کۆماری چین بیر لەوە دەکەنەوە کە وڵاتەکایان ببەنە ئاستێک کە لەم سەرەتای سەدەی بیست و یەکەدا ببێتە گەورەترین ئابووریی جیهان. لەگەڵ ئەمەشدا کاریگەریی سیاسەتی نێودەوڵەتیی چینیش بە شێوەیەکی بەردەوام لە زیادبووندایە. بەڵام پێویستە ئەوە بزانرێت کە داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی چین هاوشێوەی داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بیر ناکەنەوە بەوەی ببن بە پۆلیسی جیهان و دەستتێوەردان بکەن لە کاروباری ناوخۆی وڵاتاندا بە ناوی پاراستنی مافی مرۆڤ و گۆڕینی ئەو ڕژێمانەی کە لەگەڵ بەهاکانی ڕۆژئاوادا یەک ناگرنەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە دیموکراسی نین و مافی کەمایەتییەکان تیایاندا پارێزراو نییە. بۆ چین دەستوەردان لە سەروەریی وڵاتان وەکوو هێڵی سوور دەبینرێت، ئەمەش لە بەر ئەوەی چین خۆیشی کێشەی ئەوەی هەیە کە حوکمڕانییەکەی دیموکراسی نییە و هاوشێوەی هەندێک وڵات خۆیشی کێشەی کەمایەتییەکانی هەیە. لەم ڕوانگەیەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هیچ ئاسۆیەک نییە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان بتوانێت وەکوو پاڵپشتییەک بۆ خۆی سەیری چین بکات لە ئەگەری ئاڵۆزی یان ڕووبەڕووبوونەوەی هەرێم لەگەڵ بەغداد.

چین لە ئێستاوە هێندە بەرچاو لە هەردوو ئابووریی جیهان و دیمەنی ستراتیژیی جیهانیدا دەردەکەوێت کە تا ڕادەیەک پێشینەی نەبووە، ئەمەش وای کردووە لەو وڵاتە کە هەر گێژاوێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی یان حوکمڕانی ڕوو دەدات، کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لە سەرانسەری جیهاندا. بۆیە لە ڕاستیدا چارەنووسی کۆماری چین هەر چییەک بێت، بە ناچاری هەموومان هەست بە کاریگەریی ئاڕاستە و ڕەفتاری دەرەکی دەکەین لە هەر شوێنێک بژیین([1](.

(دێنی ڕۆی) لە کتێبی (پەیوەندییەکانی دەرەوەی چین)دا دەڵیت: (ئەگەر لە سەردەمی جەنگی سارددا چین گەیشبێتە ڕزگاری و چەسپاندنی سەربەخۆیی خۆی، ئێستا هەوڵ دەدات توانا سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانی کە لە زلهێزەکانی دیکە جیای دەکاتەوە، بۆ ئەو ئاستە بەرز بکاتەوە کە بە شایستە و ئاستی خۆی دەزانێت وەک دەوڵەتی پێشەنگ لە ئاسیا. جەختکردنەوەی چین لە سەر گەشەپێدانی ئابووری، دوو ستراتیژی گەورەی هەیە: یەکەمیان، بەشداریی چالاکانە بکەن لە ئابووریی جیهانیدا، بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین دەستڕاگەیشتنیان هەبێت بە سامان و زانیاری و دامەزراوە کاریگەرەکانی جیهان. دووەمیان: نزیکبوونەوەی هەموو ئاڕاستەکانە، بە مەبەستی دروستکردنی کەشێکی سیاسیی لەبار بۆ بازرگانیی دەرەکی و وەبەرهێنان و بڵاوکردنەوەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و شارەزایی و کەمکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان([2](.)

گەر بمانەوێت ئەم بۆچوونەی ڕۆی ڕونتر بکەینەوە، ئەوا دەبێت بڵێین کە چین پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە سەر بنەمای تێکەڵەیەک لە ڕەچاوکردنی ستراتیژی، ئابووری، سیاسی و کولتووری بنیات دەنێت. وە زۆربەی پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ وڵاتاندا لە سەر بنەمای هێزی نەرم بنیاد نراون. هێزی نەرم چەمکێکە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە لە لایەن زانای سیاسی (جۆزێف نای)ەوە داڕێژراوە و ئاماژەیە بۆ توانای وڵاتێک بۆ کاریگەری دروستکردن لە سەر لایەنێک یان وڵاتێکی دیکە بە ڕێگەیەک کە پشت بە زۆرداری و شەڕانگێزی نابەستێت کە خۆی لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەبینێتەوە یان تەنانەت تا ڕادەیەک ئابوورییش. وە ئەو ڕێگانەی کە دەکرێت لە چوارچێوەی هێزی نەرمدا بەکار بهێنرێن، بریتین لە ڕێگای کولتووری و دیپلۆماسی و بەها و سیاسەت([3](. لێرەدا چەند هۆکارێکی سەرەکی دەخەینە ڕوو کە کاریگەرییان لە سەر ئەو پەیوەندییانە هەیە کە چین دروستی دەکات لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا:

  • بەرژەوەندیی ئابووری

بەهێزکردنی ئابووری بۆ چین؛ گرنگترین کارە کە سەرکردایەتیی وڵاتەکە جەختی لە سەر دەکاتەوە، بۆ ئەمەش زۆر جار چین هاوکاریی ئابووری و پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە پێشینەی کارەکانیدایە. لەم چوارچێوەیەدا وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری و دەرهێنانی سەرچاوە سروشتییەکاندا دەکەن و هەوڵ دەدەن دەستیان بگات بە بازاڕ لە هەموو کونجێکی جیهان بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیان. دەستپێشخەری لە دروستکردنی پشتێن و ڕێگای بازرگانی، نموونەیەکی دیارە لە هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاریی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی سەرتاسەری ئاسیا و ئەفەریقا و ئەورووپا، ئەمەش وای کردووە کە هەرێمی کوردستانیش ببێت بە جێی بایەخی چین. بۆ سەرکردایەتیی هەرێم پێویستە کە بزانێت گرنگیی هەرێم بۆ چین تەنها لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی ئابوورییە و نابێت ڕۆژێک لە ڕۆژان چاوەڕێی پاڵپشتیی سیاسی لە چین بکرێت بۆ هەرێم، بە تایبەتییش لە ڕووی هەوڵدان بۆ جیابوونەوەمان لە بەغداد، یان تەنانەت لە ڕووی ململانێی سیاسییشەوە، چونکە بەغداد هەموو کات بۆ چین بەبایەخترە، چ لە ڕووی ئابوورییەوە بێت، یان لە ڕووی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە بێت.

  • بەرژەوەندیی ستراتیژی

چین هەوڵ دەدات هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا پەرە پێ بدات کە بتوانن پشتگیری لە ئامانجە جیۆپۆلەتیکییەکانی بکەن. بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەش، زیاتر هەوڵ دەدات پەیوەست بێت لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە هاوڕای بۆچوونی چینن سەبارەت بە پرسە نێودەوڵەتییەکان، وەک: سەروەری، یەکپارچەیی خاک و فرەجەمسەری. هەروەها چین هەوڵ دەدات کاریگەریی خۆی لەو ناوچانەدا زیاد بکات کە پێگەی گرنگی ستراتیژیی چین فراوانتر دەکات، لەم ڕووەشەوە دەکرێت عیراق و کورستانیش ببن بە جێی بایەخی چین، بەڵام هەروەک (ڕۆبەرت سەتە) لە کتێبەکەیدا بە ناوی (پەیوەندییەکانی دەرەوەی چین)دا دەڵێت: (بەرپرسانی حکومەتی چین و بەشێک لە زانا و پسپۆڕانی چینی و بیانی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەولەویەتەکانی حکومەتی چین بە شێوەیەکی باو جەخت لە سەر ستراتیژییەک دەکاتەوە کە کار بۆ دابینکردنی ئاشتی و گەشەپێدان دەکات بە شێوەیەک کە بۆ دەیان ساڵ بەردەوام بێت([4](.)

3-1  بەرژەوەندیی سیاسی

بە بۆچوونی ڕۆبەرت سەتە: (سەرکردایەتیی چین لە سیاسەتی دەرەوەیاندا خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوە و گرژی و ئاڵۆزیی سیاسی بەدوور دەگرن…، بۆ ئەوەی دوور لە ئاڵۆزی؛ ماف و  دەستکەوتەکانی چین زیاتر و بەهێزتر بکەن([5]()، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ناتوانرێت پێشبینیی ئەوە لە چین بکرێت کە هاوکار و هاوئاهەنگی هەرێمی کوردستان بێت لە ئەگەری تێکچوونی سیاسی لە پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغداد، چونکە دواجار ئەم تێکچوونە دەبێتە هۆی تێکچوونی ئاشتی و ئاسایشی عێراق بە تایبەتی و ناوچەکەش بە گشتی. چین بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی و بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە پەیوەندیی سیاسیدایە، بەڵام زیاتر لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە لە بەرەی دژ بە ئەمەریکان، ئەمەش ڕەنگی داوەتەوە لە پشتگیریکردن لەو حکومەتانەی کە لە دژایەتیکردنی ئەمەریکا بە دۆستی خۆیانی دەزانێت و پێدەچێت کە لە داهاتوودا سەر بکێشێت بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی و بەشداریکردن لە کۆڕبەندی فرەلایەنە بۆ داڕشتنی پێکهاتەیەک کە بتوانێت حوکمڕانیی جیهان بکات. نزیکبوونەوەی هەرێم لە ڕووی سیاسییەوە لەگەڵ چین، پێدەچێت ببێتە هۆی دروستبوونی گرژی لە پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی نزیک لە ئەمەریکا، بۆیە بۆ هەرێم گرنگە کە هەوڵ بدات دڵنیاییەک بە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بدات کە پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ چین هیچ کات لە سەر حسابی پەیوەندییەکانی هەرێم نییە لەگەڵ  ئەمەریکا و  وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا، واتە نابێت بە هیچ شێوەیەک ئامادەیی چین لە هەرێم ببێتە هۆی دروستکردنی دڵەڕاوکێش بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، چونکە لەوانەیە تەنانەت ئەگەر بە ترووسکاییەکیش بێت ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا بیر لە پشتگیریی کورد بکەنەوە دژ بە بەغداد، بەڵام سەبارەت بە چینەوە تەنانەت ئەو ترووسکاییەش بەدی ناکرێت. ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئەمەریکا بە دڵنیاییەوە پشتگیری هەرێمی کوردستان دەبێت دژ بە بەغداد، بەڵام بێگومان بەو مانایە دێت کە تاکوو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە وا لە هەرێم بکات کە پشت بە چین ببەستێت وەکوو جێگرەوەیەک بۆ ئەمەریکا کە لە داهاتوودا لە ڕووی سیاسییەوە هاوسۆز بێت لەگەڵ کورددا لە عێراق.

4-1  ئاڵوگۆڕی کولتووری

چین جەخت لە دیپلۆماسی و ئاڵوگۆڕی کولتووری دەکاتەوە وەک ئامرازێک بۆ پەروەردەکردنی نیازپاکی و لێکتێگەیشتنی یەکتر لەگەڵ گەلانی دیکە، ئەمەش دەستپێشخەرییەکانی وەک پەیمانگاکانی کۆنفۆشیۆس و ئاڵوگۆڕی کولتووری و سکۆلەرشیپ بۆ خوێندکارانی بیانی بۆ خوێندن لە چین دەگرێتەوە. کۆنفۆشیۆس لەدایکبووی کۆنگ کیو، فەیلەسووفێکی چینی بووە کە بە شێوەیەکی نەریتی بە نموونەی حەکیمە چینییەکان دادەنرێت. فێرکاری و فەلسەفەی کۆنفۆشیۆس بنەمای کولتوور و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە، تا ئەمڕۆش لە سەرانسەری چین و ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا کاریگەرە. کۆنفۆشیۆس پێی وا بوو بۆ گەڕاندنەوەی ڕێکوپێکی، کۆمەڵگەکان دەبێت هانی هەندێک فەزیلەت بدەن، وەک دڵسۆزی و متمانەکردن و ڕێزگرتن لە گەورەکان. ئەو پێی وا بوو مرۆڤەکان توانای بەدەستهێنانی ئەم فەزیلەتانە و فەزیلەتەکانی دیکەیان هەیە لە ڕێگەی پەروەردەوە. تیۆری سیاسیی کۆنفۆشیۆس جەختی لە چارەسەرکردنی ململانێکان لە ڕێگەی نێوەندگیرییەوە دەکردەوە، نەک لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێسا ئەبستراکتەکانەوە بۆ تێگەیشتن لە ڕاست و هەڵە لە پێناو گەیشتن بە هاوئاهەنگیی کۆمەڵایەتی، ئەمەش دواجار خۆی لەو باوەڕەدا دەبینێتەوە کە دەوڵەت پارێزەری ئەخلاقی گەلە، بێگومان ئەم سیاسەتەش دواتر لە کۆمەڵێک دامەزراوەدا ڕەنگدانەوەی خۆی پیشان دەدات.

بە بڕوای (ڕای دالیۆ)، شێوازی بیرکردنەوەی کۆنفۆشیۆس کاریگەریی لە سەر سیاسەتی دەرەوەی چین هەیە([6](، دەیانەوێت لەم ڕێگەوە چارەسەرێک بۆ ئەو سەرلێشێوان و ئاڵۆزییانە بدۆزنەوە کە جیهانی پێدا تێدەپەڕێت بەبێ پشتبەستن بە بەکارهێنانی توندوتیژی و هێزی سەربازی. واتە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چین دەیەوێت بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرکردایەتیی جیهان بکات، بەڵام بەبێ بەکارهێنانی هێز بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ. لەمەوە ئەو نیازەی چینمان بۆ دەردەکەوێت کە دەیەوێت ببێت بە جێگرەوەی ئەمەریکا لە سەرکردایەتیی ڕێبازێکی نوێ لە جیهاندا کە تا ئێستا بە ڕوونی پێشانیان نەداوە کە چۆن ڕێبازێکە، بەڵام ئەوەی دیارە تاکوو ئێستا ئەوەیە کە دەیانەوێت لە ڕێگەی ئابووری و کاریگەریی کولتوورییەوە ئەم هەنگاوە بنێنن و بە شێوەیەکی نیازپاکانەش ئەم هەنگاوە دەنێت و تا ئێستا ڕوون نییە کە تا چەند  دەتوانن لە سەر ئەم ڕیتمە هێمنە بەردەوام بن. بەڵام دەتوانرێت بوترێت کە تەنها لە سەر کات کەوتووە بۆ ئەوەی چینیش هاوشێوەی ئەمەریکا دەست بکات بە بەکارهێنانی هێز بۆ بەهێزکردن و دەستگرتن بە ئامادەیی خۆی لە جیهاندا، لەم ڕێگەیەشەوە بتوانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت. تێوەگلانی چین لەوەی کە ببێت بە هێزیكی کاریگەر لە جیهاندا تا سەر بە شێوەی ئاشتییانە ناچێتە سەر، چونکە تەنانەت ئەگەر چین خۆیشی نیەتی نەبێت لە بەکارهێنانی هێز، ئەوا نیەتی شەڕانگێزیی نەیارەکانی ناچاری دەکەن کە دواجار هێز بەکار بێنێت.

5-1  هاوکاریی ئاسایش و بەرگری

چین لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا هاوکاریی ئەمنی و بەرگری دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە ئەمنییە هاوبەشەکان، وەک دژەتیرۆر، ئاسایشی دەریایی و ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزی، ئەمەش ڕەنگە ئاڵوگۆڕی سەربازی و فرۆشتنی چەک و مەشقی هاوبەشی تێدا بێت. ئەم خاڵە دەکرێت ببێت بە خاڵێکی هەستیار بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان، چونکە لە کاتی دابینکردنی هاوکاریی ئاسایش و بەرگری لە لایەن چینەوە، ئەوا هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی بەهێز نابێت بۆ ئەوەی کە چین کاری لەگەڵدا بکات، بۆیە لەم بوارەدا چین هەردەم ئەولەوییەت دەدات بە کاراکتەری سەرەکی کە دەوڵەتە، لە عێراقیشدا بەغداد نوێنەرایەتیی دەوڵەت دەکات نەک هەولێر. تەنها لەو کاتەدا چین ئامادەیی دەبێت کە یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدات لە ڕووی ئاسایش و بەرگرییەوە کە بەغداد ڕەزامەندیی لە سەر هەبێت، ئەمەش لە بەر ئەوەی کە هەر بە پێی تیۆری کۆنفۆشیۆس بچووک دەبێت ڕێز لە هەیمەنە و دانایی گەورە بگرێت.

بە گشتی بە پێی ئەم ڕوونکردنەوانە بۆمان دەردەکەوێت کە ڕێبازی چین بۆ بنیاتنانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە فرەلایەنە، بە هۆی بەرژەوەندییە ستراتیژییە فراوانەکانی و ئەولەویەتەکانی ئابووری و ئامانجە دیپلۆماسییەکانەوە ڕێنمایی دەکرێت و بنیاد دەنرێت، نەک بە هۆی مافی مرۆڤ و بەهای تایبەتەوە. واتە چین هیچ کات چاوەڕێی ئەوەی لێ ناکرێت کە لە ڕووی ئەخلاقییەوە هاوکار و پشتوپەنایەک بۆ هەرێم دروست بکات دژ بە بەغداد.

  1. فراوانخوازیی چین لە ڕووی تیۆرییەوە

فراوانبوونی چین، چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، بابەتی ئارگیومێنتی تیۆری جۆراوجۆر بووە. لەم چوارچێوەیەشدا ئارگیومێنتی جیاواز هەن کە هەریەکە و بە شێوازێک شیکردنەوە دەکات بۆ ئەم ئامادەییە بێوێنەیەی چین لە جیهاندا. لێرەدا هەندێک لە ڕوانگە تیۆرییە سەرەکییەکان دەخەینە ڕوو، لەوانە:

2-1  ڕیالیزم

وەک هەمیشە تیۆرییە ڕیالیستییەکان جەخت لە سەر ڕۆڵی دەسەڵات و ئاسایش دەکەنەوە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. هەردەم زلهێزەکان ئاسایشی وڵاتی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە وڵاتانی دیکە دەکەن بە بیانوو بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆیان و بەهێزکردنی هەیمەنەیان لە دەرەوەی سنووری خۆیان. بێگومان ئەم بەرژەوەندییە ئابوورییە فراوانەی چین لە جیهاندا پێویستی بە هێزە بۆ ئەوەی بپارێزرێت، پێشبینی دەکرێت لە داهاتووشدا هەر بکەوێتە ژێر هەڕەشەی هێزە گەورەکانی دیکە، ئەوکات چینیش بە مافی خۆی دەزانێت بەرگری بکات، ئەمەش مانای ئەوەیە کە فراوانبوونی ئابووری ئەستەمە بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەردەوام بێت ئەگەر هێزێكی گەورە و تۆکمەی لە پشت نەبێت. بۆیە لە ڕوانگەی بیرکردنەوەی ڕیالیستییەکانەوە دەتوانرێت فراوانبوونی چین وەک دەرئەنجامێکی سروشتیی گەشەسەندنی دەسەڵات و تەماحی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی سەیر بکرێت و لەو چوارچێوەیەشدا هەیمەنەیەک بسەپێنێت بەسەر ڕێكخستنی جیهانیدا. هەروەک (یڤێس هێنج لیم) لە کتێبی (هێزی دەریایی چین، ڕێبازێکی ڕیالیستانەی هێرشبەرانە)دا تیشک دەخاتە سەر گەشەی فراوانی چین و دەڵێت: (بەرزبوونەوەی خێرای خەرجییە سەربازییەکانی چین، ڕێگەی داوە بە مۆدێرنکردنی هێزە سەربازییەکانی چین لە سەرانسەری وڵاتدا. ‏هێزی دەریایی چین لە پلەیەکی بەرزی ئەولەویەتەوەیە. لە ماوەی دوو دەیەدا چین سێ پۆلی نوێی هێزی ژێردەریایی، پۆلێکی نوێی ژێردەریایی هێرشی ئەتۆمی، لەگەڵ پۆلێکی دیکەی ژێردەریایی مووشەکی بالیستیک، هەروەها دەیان کەشتیی دوورخراوە و کەشتیی بەرگریی کەنار دەریاکانی پێک هێناوە([7](.) بە بۆچوونی لیم، ئەم هێزانە (بەشدارییەکی گرنگ دەکەن لە پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی چین، بۆ پێشخستنی چاکسازی و کراوەیی و بەهێزبوونی وڵاتەکە([8]().

وا دەردەکەوێت کە چین بە وریایی و لەسەرخۆ هەنگاو بەرەو بەهێزبوون دەنێت، بە تایبەت لە سەر ئاستی ناوچەیی. هەندێک لە زانایانی ڕیالیستی، لە نێویشیاندا جۆن میرشایمەر؛ مامۆستای زانکۆی شیکاگۆ، درک بەم سیاسەتەی چین دەکەن و ئەوانیش پێیان وایە کە: (هێزێکی بەرزبووەوەی وەک چین سەرەتا دەبێت هەژموونی ناوچەیی بەدەست بهێنێت پێش ئەوەی بەدوای تەماحە جیهانییە فراوانەکاندا بگەڕێت([9](.) هەروەها ڕیالیستەکان باوەڕیان وایشە کە فراوانبوونی چین بە هۆی خواستی زیادکردنی کاریگەری و کۆنترۆڵکردنی بەسەر ناوچە ستراتیژییەکان و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان و پاراستنی سنوورەکانیدایە. بەڵام چین تەنها دەوڵەت نییە کە ئەم هەنگاوە دەنێت، پێشتر چەندین وڵات ئەم ڕێبازەیان جێبەجێ کردووە، تەنها جیاوازیی چین ئەوەیە کە لەم کاتەدا وا خۆی پیشان دەدات کە ئامادە نییە هەمان ڕێباز پیادە بکات و تەنانەت نیازیشی نییە لە ڕووی بەکارهێنانی هێزەوە ئەم کارە بکات، بەڵکوو لە ڕووی کاریگەریی ئابووری و گەشەی ئابوورییەوە ئەم کارە دەکات، بە شێوەیەک کە سوودمەند بێت بۆ خۆی و ئەو دەوڵەت و هەرێمانەش کە پەیوەندییان لەگەڵیاندا هەیە.

2-2   لیبڕالیزم

تیۆرییە لیبراڵییەکان زیاتر جەخت لە سەر ڕۆڵی دامەزراوەکان و وابەستەیی ئابووری و نۆرمەکان لە داڕشتنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکەنەوە. داکۆکیکارانی ئەم تیۆرە زیاتر لە ڕوانگەی بەهێزکردنی بازاڕی ئازاد و دڵخۆشبوون بە زیادکردنی کارەکتەتەرێکی نوێ بۆ ئەم بازاڕە سەرسام دەبن، تا ڕادەیەک ئەمە بە دەستکەوت دەزانن و وا لێی دەڕوانن کە دواجار چین پابەند بووە بە ئەو دنیابینییەی کە لیبڕالیزمەکان خوێندنەوەیان بۆی هەبووە و پێشبینییان کردووە. بۆیە لە ڕوانگەی لیبڕالیستەکانەوە دەتوانرێت فراوانبوونی چین لە ئەنجامی گرنگیدان و تێکەڵبوونی چین بە ئابووری و دامەزراوە جیهانییەکانەوە سەیر بکرێت. لیم بەردەوام دەبێت و دەڵێت: (چین دژ بە هەژموونە و پابەندە بە ئاشتیی جیهانی. واتە چین ئەم گەشەکردنەی بە گەشەپێدانی ئاشتییانە وێنا دەکات. لەم ڕێگەیەشەوە چین وا خۆی دەنوێنێت کە هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئامادەیی خۆیەوە جیهانیبوونی ئابووری لەباوەش بگرێت. نیەتباشیی خۆیشیان وا پیشان دەدەن کە گەشەپێدانی ئاشتییانەی چین لۆژیکی سەرهەڵدانی ئاشتییانەی فراوانتر کردووە لە جیهاندا([10](.)

ئەو بۆچوونەی لیبڕالیستەکان ڕاستە کە دەڵێن گەشەی ئابووری و بەشداریکردنی چین لە ڕێکخراوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان بەشدار بووە لە سەرهەڵدانی ئاشتییانەی چین و ڕەنگە فراوانبوونی چین بە هۆی پاڵنەرە ئابوورییەکانەوە بێت نەک تەنها پاڵنەرە سەربازییەکان. هەروەها ئەوەش ڕاستە کە چین لەم ڕێگەیەوە هاتووەتە نێو جیهانەوە و پەیوەندییەکانی ڕێک خستووە لەگەڵ وڵاتان، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت کە تا سەر چین لە سەر ئەم سیاسەتە بمێنێت، چونکە تا ئێستا چین نەیتوانیوە دەست لەو سیستمە ناوخۆییە توندە هەڵبگرێت کە جەخت لە سەر ناوەندێکی بەهێز دەکاتەوە و  تاکە حزبێک خاوەنی هەموو بڕیارەکانی دەوڵەتە. بۆیە ئەستەمە چین بتوانێت لە ناوەوە بە سیاسەتێک و لە دەرەوە بە سیاسەتێکی دیکە مامەڵە بکات. ئەم سیاسەتە نەرمەشی کە تاکوو ئێستا پیادەی دەکات، پێدەچێت کاتی بێت و تا سەر وا نەمێنێت، ئەمەش خاڵێكە کە کاربەدەستانی هەرێم دەبێت بەهەند وەریبگرن و خوێندنەوەی زیاتری بۆ بکەن.

2-3   بونیادگەرایی

بیرمەندانی تیۆری بونیادگەرایی لە شیکردنەوەکانیاندا گرنگیی بیرۆکە و ناسنامە و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان لە داڕشتنی ڕەفتاری دەوڵەتدا دەردەخەن. لە ڕوانگەی بونیادگەراییەوە دەتوانرێت فراوانبوونی چین وەک بەرهەمی ناسنامەی نەتەوەیی پەرەسەندوو و خواستەکانی بۆ سەرکردایەتیی ناوچەیی سەیر بکرێت. بونیادگەران دەڵێن ئەزموونە مێژووییەکانی چین و بەها کولتوورییەکان و تێڕوانینەکانی بۆ ڕۆڵی چین لە جیهاندا کاریگەرییان لە سەر سیاسەت و ڕەفتاری فراوانخوازیی چین هەیە.

لە کتێبی (سەرچاوە و فراوانبوونی کۆمەڵناسیی چینی)دا، (شاۆجی لیو) پێی وایە کە: (چینییەکان پێیان وایە کە دەبێت تایبەتمەندیی خۆیان هەبێت، شایستە و شەریف بن و جیاواز بن لە تاقمەکانی تر، باشترکردنی ئەوەی لە میللەتدا هەیە. بەڵام بە شێوەیەکی سادە میرات نەگرێت، چاندنێکی ورد و وردبینیی بۆ بکرێت و نەهێشتنی لاوازییەکان ئەنجام بدەن و جەوهەرەکە لەباوەش بگرن بۆ گۆڕین و پەروەردەکردن. بۆیە ئەمە هەڵوێستێکی دیالێکتیکیی ئەرێنییە بەرامبەر بە نەریتە کولتووری و دابونەریتە ڕۆحییەکانی نەتەوەی چین. جیاوازە لەو کۆنەپەرستانەی کە بە سادەیی نەریتی کولتووریی چینی لەو سەردەمەدا دەپارێزن، لەگەڵ ئەو ڕادیکالیستانەی کە دەیانەوێت بە تەواوی واز لە نەریتی کولتووریی چینی بهێنن. ئەمەش ئەو زیندووییە دووپات دەکاتەوە کە دەتوانێت زیاتر گەشە بکات، هەروەها پابەندە بە بنەمای بنیاتنانی چالاکانەی ڕۆحی کولتووریی نەتەوەیی. ئەم ڕێگەیەش لە ڕاستیدا بانگەشەیەكی بونیادگەراییە([11](.)

لێرەدا مێژووی دێرینی چین و گەورەیی لە قەبارە و ڕێژەی دانیشتووانەکەی پاڵنەرن کە وا لە وڵاتەکە بکات خۆی لە پێگەیەکدا ببینێت بۆ ئەوەی ببێت بە هێزیکی سەرەکی کە بتوانێت سەرکردایەتیی جیهان بکات، هەر چەندە چینییەکان خۆیان ئەم نیازە بە ئاشکرا دەرنابڕن. ئەوەشی کە وای کردووە چین بوێریی هەبێت ئەم هەنگاوە بنێت، بریتییە لە گەشە ئابوورییە بێوێنەکەی و هەنگاوە دیارەکانیشی لە پەرەپێدانی چەک و پێشبڕکێکانیشی لە زۆرێک لە بوارەکانی پیشەسازییە گەورەکان. تەکە خۆیئی دانیشتوانەکەی پاڵنەو

2-4    مارکسیزم

تیۆرییە مارکسییەکان لە چاویلکەی خەباتی چینایەتی و بەدواداچوون بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکان؛ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان شی دەکەنەوە. لە ڕوانگەی مارکسییەوە دەتوانرێت فراوانبوونی چین بە هۆی خواستی پارتی کۆمۆنیستی دەسەڵاتدارەکەیەوە سەیر بکرێت بۆ پاراستن و دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان بۆ گەشەپێدانی ئابووریی چین کە دواجار پارتەکە و نوخبەی سیاسی لێی سوودمەند دەبن.

هەروەک (یامین هوو) لە کتێبی (بنیاتی هاوچەرخی فۆڕمی چینیی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسی)دا دەڵێت: (شێوازی بەرهەمهێنان و ئابووری لە بازاڕی ئەمڕۆی چیندا تەواو نزیکە لە بەرهەمهێنانی هونەریی بەتایبەتمەندکردنی کاڵا کە مارکس بە دروستکردنی بەها بۆ سەرمایە وەسفی کردووە. لێکۆڵینەوەکانی مارکس لە سەر ئەدەب و سەرمایە لەمڕۆدا بە تایبەتی پەیوەندیدارە بەم پرسەوە. بۆچوونەکانی مارکس سەبارەت بە سەرمایە، گرنگییەکی فێرکاری و ڕێنماییکەریان هەیە بۆ تێگەیشتن و ناسینەوە و شیکردنەوەی چالاکییە ئەدەبییە هاوچەرخەکان. فۆڕمی چینی لە سەر بنەمای تیۆریزەکردنی سەرمایەیە کە لە لایەن مارکسەوە ڕوون کراوەتەوە و فراوانتر دەردەکەوێت، بۆ ئەوەی بە وریاییەوە کاریگەرییەکانی بەکاربەری ئەمڕۆ لە سەر ئەدەب و کولتوور هەڵبسەنگێنرێت و بە هێزی بازاڕ ئاسانکاری بۆ پێشکەوتنی ئەدەب و هونەری هاوچەرخ بکرێت. دواجار ئەمەش بەشێکە لە فراوانکردنی  سەرمایە([12](.)

ئەم بۆچوونە ئەوە دەسەلـمێنێت کە چین دەیەوێت قۆڕخکاری بکات لە بەکارهێنانی وڵاتانی دیکە، بە تایبەت ئەوانەی کە خاوەنی سەرچاوەی سروشتین، بە تایبەتتریش ئەوانەی کە خاوەنی سەرچاوەی وزەن، چونکە بە هۆی ئابوورییە مەزنەکەی و زۆریی دانیشتووانەکەیەوە چین بەردەوام پێویستی بە دابینکردنی وزە هەیە، بۆ ئەمەش دڵنیایی دەوێت کە لە پەیوەندیی باشدا بێت لەگەڵ وڵاتە خاوەن وزەکان، بۆ ئەمەش ئامادەیە تەنانەت لەگەڵ هەرێمە تایبەتەکانیشدا پەیوەندی دروست بکات کە تاکوو ئێستا خاوەنی دەوڵەت نین، لەم چوارچێوەشدا جێگەی هەرێمی کوردستانی کردووەتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندیی لەگەڵدا دروست بکات.

2-5   تیۆری جیۆپۆلەتیکی

داکۆکیکارانی تیۆرییە جیۆپۆلەتیکییەکان سەرنج دەخەنە سەر گرنگیی جوگرافیا و ئەو پەیوەندییانەی کە ئامادەیی دیاری ستراتیژییان هەیە و ڕەچاو دەکرێن لە داڕشتنی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیکییەوە، دەتوانرێت فراوانبوونی چین وەک ڕێگایەک بۆ پێگەی جوگرافیای چین و ئیمتیازە ستراتیژییەکانی لە دەستەبەرکردنی ڕێگا دەریاییەکانی و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان سەیر دەکرێت. هەروەک (دۆشی) دەڵێت: (لەگەڵ چڕبوونەوەی کێبڕکێی ئەمەریکا و چین لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە داڕێژەرانی سیاسەت و زاناکان زۆر جار گەڕانەتەوە بۆ هەمان ئەو پرسیارە کە ئایا: ‘ئەم کێبڕکێیە لە سەر چییە؟’ بێگومان لە سەر ئەوەیە کە کێ سەرکردایەتیی ڕێكخستنی ناوچەیی و جیهانی بکات. هەر چەندە زانایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە گشتی جیهانیان بە ئەنارکیک زانیوە، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە زۆر جار دەرەنجامی هەوڵدانە بۆ پلەبەندی. هەندێک دەوڵەت دەسەڵاتیان بەسەر دەوڵەتانی دیکەدا هەبووە. ژمارە و مەودا و چڕیی ئەم پەیوەندییە پلەبەندییانە؛ ڕێکوپێکی، یان ‘یاسا و ڕێکخستنە جێگیرەکانی نێوان دەوڵەتەکان’ بەرهەم دەهێنن کە دەتوانن هەردوو ڕەفتاری دەرەکی و ناوخۆیی خۆیان بەڕێوە ببەن و ببێتە هۆی پلەبەندییش لە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان و ڕەفتاریان بەرامبەر بە یەکتر. لەم چوارچێوەیەدا فەرمانە هەژموونییەکان بریتین لەوەی کە لە لایەن دەوڵەتێکی باڵادەستەوە بۆ ڕێکخستنی ژێردەستەکانی و ئەو کۆنترۆڵکردنە زۆر جار تێکەڵەیەک لە توانای زۆرەملێ و هاندانی کۆدەنگی لەخۆ دەگرێت، یان زۆرەملێ لە هەڕەشەی سزا سەر هەڵدەدات([13](.)

زۆر جار تیۆریستەکانی جیۆپۆلەتیکی شیکاری فراوانبوونی چین دەکەن لە ڕووی هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ دامەزراندنی ستراتیژییەک کە ببێتە هۆی دەستەبەرکردنی بنکە دەریاییەکان و کاریگەرییان بە درێژایی ڕێگا سەرەکییە دەریاییەکان بۆ دڵنیابوون لە هێنانی ئەو بەرهەمانەی کە چین پێویستی پێیانە بە تایبەت وزە، هەروەها هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانەشی کە چین بەرهەمیان دێنێت بۆ دەرەوە.

ئەم ڕوانگە تیۆرییانە چوارچێوەی جیاواز بۆ تێگەیشتن لە فراوانبوونی چین و کاریگەرییەکانی لە سەر سیاسەتی جیهانی ڕوون دەکەنەوە. بە پێی کۆنتێکست و لایەنە تایبەتەکانی ڕەفتاری چین، تۆریستەکان ناچار بوون کە هەریەکەیان بە پێی تێڕوانین و تێگەیشتی خۆیان باسی ئەم فراوانخوازییە بکەن، بەڵام هەریەکەیانیش بە شێوەیەک ئامانجیان پێکاوە لە ڕوونکردنەوەی ئەم فراوانخوازییە. دیارە ئەم تیۆرانە زیاتر جەخت لە سەر ڕۆڵ و فراوانیی هەیمەنەی چین دەکەنەوە، لەگەڵ پەیوەندیی ئەم فراوانبوونەی چین بە دەوڵەتانەوە نەک هەرێمێکی دیاریکراو لە دەوڵەتێکدا لە شێوەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا.

  1. پەیوەندیی نێوان چین و هەرێمی کوردستان

پەیوەندیی نێوان چین و هەرێمی کوردستانی عێراق فرەلایەن بووە و بە تێپەڕبوونی کات پەرەی سەندووە. لێرەدا چەند خاڵێکی سەرەکی دەخەینە ڕوو کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن سەبارەت بەو پەیوەندییەی کە لە نێوانیاندا هەیە و بە شێوەیەکی گشتی خۆیان لەم جۆرە پەیوەندییانەی خوارەوەدا دەبیننەوە:

3-1  پەیوەندییە ئابوورییەکان

وەک پێشتر بە کورتی باس کرا، چین ئارەزووی خۆی بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە بواری نەوت و گازدا، نیشان داوە. کۆمپانیا چینییەکان بەشدارییان لە چالاکییەکانی گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەکەدا کردووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە وەبەرهێنانی چینی کرد لە کەرتە جیاوازەکان، لەوانە ژێرخانی ئابووری، بیناسازی، پەیوەندییەکان. بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا کە هەرێمی کوردستان بەهەند وەریبگرێت ئەوەیە کە ئەم پەیوەندییانە تەنها لە چوارچێوەی ئابووریدا دەمێننەوە و ئەستەمە هیچ کاتێک بۆ چین گرنگ بێت ئەم پەیوەندییە گەشە پێ بدات بۆ پەیوەندیی سیاسی، چونکە چین هەرگیز پێشبینیی ئەوەی لێ ناکرێت کە پاڵپشتیی هەرێمێکی وڵاتێک بکات بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانیان، بە تایبەت ئەگەر ئەو پاڵپشتییە سەر بکێشێت بۆ دروستکردنی دەوڵەت، چونکە وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد چین خۆیشی بەدەست کەمایەتییەکانی خۆیەوە دەناڵێنێت.

 

3-2   پەیوەندییە بازرگانییەکان

چین هاوبەشێکی بازرگانیی بەرچاوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی زۆرێک لە سەرمایەدارەکانی هەرێم بەرهەمی چینی هاوردە دەکەن، ئەمەش بە هۆی ئەوەی کە بازرگانە کوردەکان بە تەواوی ڕاهاتوون لە هاتوچۆکردنی چین و دروستکردنی پەیوەندیی باش لەگەڵ کۆمپانیا و بەرهەمهێنەرە چینییەکان. هەروەها لە لایەن هەردوو لاشەوە نیاز پیشان دراوە و هەوڵیش دراوە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بازرگانییە دووقۆڵییەکان و بەرزکردنەوەیان بۆ ئاستێکی باڵاتر. لەم چوارچێوەیەشدا گومان دەکرێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەوڵی هەناردەکردنی نەوت و کەلوپەلی دیکەی هەبێت بۆ چین، یاخود ئەگەر لە ڕابردووشدا ئەم هەنگاوە نرابێت، ئەوا بێگومان هەرێمی کوردستان خواستی لە سەر فراوانکردنی ئەم پەیوەندییەی هەیە.

هاتنی چین بۆ ناوچەکە ئاساییە، چونکە چین زیرەکانە لە ڕووی ئامادەیی خۆی بۆ ناو بازاڕی جیهانی وا خۆی دەنوێنێت کە بەشدارە لەو بازاڕەی کە لیبڕالەکان پێیان خۆشە گەشە بکات. واتە بە جێبەجێکردنی سیاسەتێکی لیبڕالانە، دەیەوێت سوود لە فراوانبوونە ئابوورییەکەی ببینێت و بیخاتە خزمەت خۆیەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سەر ئاستی ناوخۆیی هەمان سیاسەت جێبەچی ناکات، چونکە تاکوو ئێستا چین لە ڕووی سیاسی و دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە هەنگاوی ئەرێنیی نەناوە، بە تایبەت بەوەی کە تاکوو ئێستا سیستمی تاک حیزبی پەیڕەوە دەکەن. باشترە بۆ هەرێم کە زیاتر کراوە بێت بە ڕووی ئەو وڵاتانەی کە سیاسەتی دەرەوەیان زۆر لەگەڵ سیاسەتی وڵاتانی ناوچەکەدا یەک ناگرێتەوە، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە. دیارە لەم ڕووەوە بۆ کورد باشترە کە بە ڕیژەی سەرەکی پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەبێت، بە تایبەت ئەمەریکا. چین دەبێت کەمترین پشتی پێ ببەسترێت لەم ڕووەوە، جونکە لە بنەڕەتدا چین نەک نزیکە لە وڵاتانی ناوچەکەوە، بەڵکوو سروشتی حکومڕانییەکانیشیان زۆر لە یەکەوە نزیکە، بۆیە پاراستنی بەرژەوەندی و سەروەریی یەکتریان زۆر بەلاوە گرنگە.

3-3   پەیوەندییە سیاسییەکان

ئەوەی لێرەدا هەستی پێ دەکرێت و ڕوو دەدات ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی فراوانتر بکات و تەنها لە چوارچێوەی هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی وەکوو وڵاتانی ڕۆژئاوا نەیهێڵێتەوە و هەمەچەشنی بکات، چینیش یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە بۆ بەشداریکردنی دیپلۆماسی لێی نزیک بووەتەوە. لە کاتێکدا ڕەنگە پەیوەندیی سیاسیی نێوان چین و هەرێمی کوردستان بەقەد هەندێک وڵاتی ڕۆژئاوا قووڵ نەبێت، بەڵام هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە سەر ئاستی دیپلۆماسی هەبووە. هەرێمی کوردستان دەبێت بە وریاییەوە ئەم هەنگاوە بنێت، چونکە نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بدات کە ئەم پەیوەندییە لە سەر حسابی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و ئەمنییەکانی وڵاتانی ڕؤژئاوا بێت، بە تایبەت ئەمەریکا. ڕاستە کە وڵاتانی ڕؤژئاوا ناتوانرێت بە شێوەیەکی ڕەها پشتیان پێ ببەسترێت لە پاڵپشتیکردنی هەرێم، بەڵام لەم کاتەدا بەدیلی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ داکۆکیردن لە خەڵک و مافی گەلی کورد لە عێراق نییە.

تاکوو ئێستا ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە ڕووی سیاسی و ئەخلاقییەوە هاوکار و پاڵپشتی کورد بێت لە ناوچەکەدا، تەنها وڵاتانی ڕۆژئاوایە. دەبێت بە ئاسانییش ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە بزانین کە وڵاتانی ڕؤژئاواش بە مەرجێک ئەم پاڵپشتییە دەکەن کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیاندا یەک بگرێتەوە، چونکە گومان لەوەدا نییە کە دەوڵەتان بە ڕێژەی سەرەکی بەرژەوەندییەکانیان و ئاسایشی وڵاتەکانیان گرنگترە بە لایانەوە تاکوو لایەنی ئەخلاقی. دیارە وەکوو ئاماژەمان پێ دا تیۆری ڕیالیستی بە باشی لەم باسە تێماندەگەیەنێت. تیشک خستنەسەر بەرژەوەندییش لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە دەبێت بە ئاسایی وەربگیرێت تاکوو تانەوتەشەریان لێ بگیرێت، چونکە ئەوە سروشتی دەوڵەتداری و حوکمڕانییە، تەنانەت هەرێمی کوردستانیش ئامادە بووە لە چەندین وێستگەدا ئەگەر هاوکاریی وڵاتانی دراوسێش نەبووبێت لە دژایەتیکردنی پارچەکانی دیکەی کوردستان، ئەوا بێگومان بێدەنگیی هەڵبژاردووە. کەواتە لێرەدا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە کە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا بپارێزیت، بۆ ئەوەی بەجێ نەهێڵرێت، بە تایبەت لە کاتێکدا کە بنیاتی حوکمڕانیمان زۆر تۆکمە نییە. بۆیە نابێت بە هیچ شێوەیەک بیر لە شوێنگرەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بکەینەوە بە پێشوازیکردن لە چین یان نزیکبوونەوە لە وڵاتانی دراوسێ.

3-4    پەیوەندیی ئاسایشی

لە کاتێکدا کە ڕەنگە هاوکاریی ئەمنیی نێوان چین و هەرێمی کوردستان وەک وڵاتانی دیکە بەرچاو نەبێت، بەڵام دەکرێت هەردوو لا بەرژەوەندییەکی هاوبەشیان هەبێت کە ئەویش خۆی لە سەقامگیریی ناوچەکەدا دەبینێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت هەموو کات گومان لە سەر ئەوە نەکرێت کە چین هەردەم پشتیوانیی خۆی بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق دەردەبڕێت، هەرێمی کوردستانیش دەکەوێتە ناو چوارچێوەی ئەم یەکپارچەییەوە، ئەمەش سیاسەتی لەپێشینە و سەرەکیی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەشە، تەنانەت لەم کاتەدا وڵاتانی ڕۆژئاواش لەگەڵ دەستکاریکردنی یەکپارچەیی عێراقدا نین. لێرەدا ئەوەی گرنگە کە تێبینیی بکەین ئەوەیە کە دەکرێت وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕۆژێک سیاسەتی خۆیان بگۆڕن بەرامبەر بە بەغداد و چیتر سیاسەتی پاڵپشتی لە یەکپارچەیی عێراق نەکەن، بە تایبەت ئەگەر بێت و بەغداد زیاتر بەرژەوەندییەکانیان پشتگوێ بخات و حکومەتی هەرێمیش زیاتر ئەو بەرژەوەندییانە بپارێزێت. بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە تاکوو ئێستا هەرێم لە ئاستی متمانەی ئەواندا نییە بۆ ئەوەی وەکوو بەدیل لێی بڕوانن. ئێستاش ئەم زاڵبوونەی بەغداد بەسەر هەرێمەوە هێندە پەیوەندیی بە بە‌هێزیی بەغدادەوە نییە ئەوەندەی پەیوەندیی بە لاوازیی هەرێمەوە هەیە. ئەوەی بۆ کورد گرنگە کە هەڵوەستەی لە سەر بکات ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم بەهێز بکات نەک تیشک بخاتە سەر ئەم هەڵسانەوەی بەغداد لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابووری و حکومڕانییەوە، چونکە ئەم هەستانەوەی بەغداد زۆر لەرزۆکە و پێدەچیت توانای بەردەوامی نەبێت لە داهاتوودا، بە تایبەت لە بەر ئەوەی کە پێکهاتە و سروشتی گرووپ و دەسەڵاتدارانی عێراق بە شێوەیەکە کە چاوەڕوانیی ئەوەیان لێ ناکرێت کە بتوانن سەرکەوتوو بن لە بەڕێوەبردنی حوکمڕانیی باش و ڕیز بگرن لە دیموکراسی و بەهاکانی.

بۆ چین، بەهێزیی ناوەند لە وڵاتێکی وەکوو عێراق هەمیشە سیاسەتێکی لەپێشینەیە. لەم چوارچێوەیەشدا دەکرێت چین هاوکار بێت لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوە و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە، چونکە سەقامگیری لە عێراقدا گرنگییەکی بێوێنەی هەیە لەم سەردەمەدا بە هۆی ئەوەی کە عێراق وڵاتێکی هاوردەی دیارە بۆ کاڵا چینییەکان و دەکرێت وڵاتێکی تەواو جێی بایەخ بێت بۆ چین بۆ بەدەستهێنانی وزە، بە تایبەتی لە ڕێگەی کڕینی نەوتەوە.

بە بۆچوونی (ڕەش دۆشی): (ستراتیژی گەورە بە شێوەیەکی سەرەکی خۆی لە ستراتیژی سەربازیدا دەبینێتەوە و ئامرازە ئابووری و سیاسییەکان پشتگوێ دەخات. هەروەها ستراتیژی گەورە بە بەکارهێنانی هەر ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی هەر ئامانجێکی باڵا پێناسە دەکرێت. ئەم ستراتیژییە وەک تیۆرێکی ئاسایشی یەکگرتوو سەیر دەکرێت. لێرەدا ئاسایش بریتییە لە سەروەری، سەربەخۆیی، سەلامەتی، یەکپارچەیی خاک و پێگەی دەسەڵات. ستراتیژی گەورە بریتییە لە تیۆری دەوڵەتێک کە چۆن دەتوانێت ئەم ئامانجە پەیوەندیدارانە بە ئاسایشەوە بۆ خۆی بەدەست بهێنێت کە بە مەبەست و هەماهەنگ بێت و جێبەجێ بکرێت لە سەر ئاستی چەندین ئامرازی دەوڵەتسازیدا، وەک ئامرازە سەربازی و ئابووری و سیاسییەکان([14](.)

3-5   ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی

لە بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستاندا، دەستپێشخەری هەبووە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی لە نێوان چین و هەرێم، ئەمەش دەکرێت خۆی لە دابینکردنی سکۆلەرشیپ بۆ خوێندکارە کوردەکان ببینێتەوە بۆ خوێندن لە چین و بەشداریکردن لە بواری پەروەردە و بۆنە کولتوورییەکان بە ئامانجی پەروەردەکردنی لێکتێگەیشتنی زیاتر لە یەکتر. ئێستاش تەنانەت کار لە سەر ناساندن و گرنگیدان بە بەرهەمەکانی هواوی دەدرێت لە هەندێک ناوەندی زانکۆیی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت بۆ ئەوەی زیاتر لەم ڕێگەیەوە ئەم بەرهەمە چینییە بناسرێت و  بازاڕیان بۆ بدۆزرێتەوە لە هەرێم و زیاتریش خەڵکی بە بەرهەمەکانی هواوی ئاشنا بێت. لە چوارچێوەی ئەم پەیوەندییانەدا تەنانەت هەوڵی سەنتەری تایبەتیش دەدرێت لە زانکۆکان بۆ توێژینەوە لە سەر چین، بە تایبەت دوای ئەوەی کە گەشەی چین بە شێوەیەکی ڕوون هەستی پێ دەکرێت لە ناوچەکەدا. ئێستا لە هەموو کات زیاتر ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییانی کورد دەکرێت لە چوارچێوەی هاوڵاتییانی عێراقدا سەردانی چین بکەن.

ئەنجام

لە ئەنجامی ئەو خوێندنەوە و ئارگومێنتانەی کە لەم بابەتەدا ئاماژەیان پێ درا،  پێویستە بە گرنگییەوە درک بەوە بکەین و تێبگەین کە پەیوەندیی نێوان چین و هەرێمی کوردستان لە ژێر کاریگەری و هۆکاری جۆراوجۆردایە، لەوانە جیۆپۆلەتیک، ئابووری، داینامیکی ناوچەیی و ئاڵوگۆڕی کولتووری. سروشتی ئەم پەیوەندییەشمان تا ڕادەیەک لە ڕێگەی تیۆرییەوە بۆ ڕوون بوویەوە. ڕەنگە لە داهاتوودا ڕادە و سروشتی پەیوەندییەکانیان لە سەر بنەمای ئەم هۆکارانە بەردەوام بێت لە پەرەسەندن و هەرێمی کوردستانیش زیاتر ببێتە جێی بایەخی چین، بەڵام پێشبینی ناکرێت کە چین ئەم پەیوەندییانە بباتە ئاستێکی سیاسییەوە، تەنانەت ئەگەر بەرگێکی سیاسییش وەربگرێت، ئەوا چاوەڕوان ناکرێت کە ببێتە هۆی هیچ هاوکارییەکی بەهێزی چین بۆ هەرێمی کوردستان دژ بە بە‌غداد. لەم کاتەدا ناکرێت بە شێوەیەک وێنای ئەم پەیوەندییەی چین و هەرێم بکرێت کە وەکوو بەدیلێک بۆ ئەمەریکا و باقی وڵاتانی ڕۆژئاوا سەیر بکرێت. ئەگەرچی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرژەوەندیی خۆیان دەپارێزن، بەڵام ئەگەر ترووسکاییەکیش هەبێت بۆ پشتگیریی دۆزی کورد ئەوا لەواندا بەدی دەکرێت تاکوو چین، چونکە وەکوو ئاماژەی پێ درا لەم بابەتەدا چین نەک هەر لە بەرژەوەندیدایە کە هاوکار و هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ بەغداد و وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا، بەڵکوو سروشتی دەوڵەتدارییەکانیشیان لە یەکەوە نزیکە، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی ناوچەکەکە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە. لەم کاتەدا نابێت بە هۆی ڕۆژهەڵاتبوونمانەوە یان بە هۆی بیئومێدیمان لە ئەمەریکا و ڕۆژئاواوە، هیچ ئومێدێک لە سەر چین هەڵبچنین و دژی خواستەکانی ئەوان زیاد لە پێویست پێشوازی لە ئامادەیی چین بکەین لە هەرێمدا، هەروەها ناشکرێت بە هۆی دراوسێیەتی و نزیکایەتیی کولتووری و زمانی و دینییەوە فریو بخۆین بەدەست سیاسەت و هەڵوێستە دووفاقییەکانی وڵاتانی دراوسێوە. لە هەمان کاتیشدا پێویستە هەرێمی کوردستان دان بەو ڕاستییەدا بنێت کە نەیتوانیوە تاکوو ئێستا بە شێوەیەکی تۆکمە خۆی بنیاد بنێت، بە جۆرێک کە بووبێت بە ئەمری واقع بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە تایبەت ئەمەریکا، بۆ ئەوەی سەرسەختانە بەرگریی لێ بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستاش ئەگەر پاڵپشتیی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا نەبێت، چ چین و چ وڵاتانی دراوسێ هەمان مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا نابێت. چین ئامادەیی نابێت کە پەیوەندیی لەگەڵماندا هەبێت و وڵاتانی دراوسێش ناهێڵن ڕۆژێکی دیکە بەسەر ئەم ئەزموونەماندا تێبپەڕێت.

([1]) Roy, Denny. China’s foreign relations. Rowman & Littlefield, 1998. P. 1.

([2]) Roy, Denny. China’s foreign relations. Rowman & Littlefield, 1998. PP 1-2.

([3]) Nye, Joseph S. “Soft power.” Foreign policy 80 (1990): 153-171.

([4]) Sutter, R.G., 2012. Chinese foreign relations: Power and policy since the Cold War. Rowman & Littlefield. P. 3.

([5]) Sutter, R.G., 2012. Chinese foreign relations: Power and policy since the Cold War. Rowman & Littlefield. PP. 3-4.

([6]) Ray Dailo, 2023. How the Confucian Way of Thinking Affects China’s Foreign Policy? International Channel. At: https://www.youtube.com/watch?v=ndMcsmCS50w

([7]) Lim, Y.H., 2016. China’s naval power: an offensive realist approach. Routledge. PP. 2-3.

([8]) Lim, Y.H., 2016. China’s naval power: an offensive realist approach. Routledge. P. 3.

([9]) Doshi, R., 2021. The long game: China’s grand strategy to displace American order. Oxford University Press. P. 21.

([10]) Lim, Y.H., 2016. China’s naval power: an offensive realist approach. Routledge. P. 4.

([11]) Liu, S., 2020. Origin and expansion of Chinese sociology. Springer Singapore. PP. 178-9.

([12]) Hu, Y., 2023. The Contemporary Construction of the Chinese Form of Marxist Literary Criticism (p. 312). Springer Nature. P. 239.

([13]) Doshi, R., 2021. The long game: China’s grand strategy to displace American order. Oxford University Press. P. 19.

([14]) Doshi, R., 2021. The long game: China’s grand strategy to displace American order. Oxford University Press. P. 16.

Send this to a friend