• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 26, 2023

كورد و سۆفیگەری

ئامادەكردنی: ئایینناسی

سۆفیگەری (التصوف) یه‌كێك له ‌باسه‌ جێ مشتومڕ و گرنگه‌كانی جیهانی ئیسلامی، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ چ له‌ ڕووی چه‌مك و چ له‌ ڕووی ناوه‌رۆكه‌وه‌ چه‌ندین لێكدانه‌وه‌ و پێناسه‌ی جیاوازی بۆ كراوه‌، ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی به ‌دێژاریی مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی سۆفیگەری خۆمان له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك پرسیاری جه‌وهه‌ریدا بینیوه‌ته‌وه،‌ كه‌ هێشتا جێگه‌ی بایه‌خ و لێوردبوونه‌وه‌ن، هێشتا قابیلی لێكدانه‌وه ‌و خوێندنه‌وه‌ی نوێن، له‌ دیارترینیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا سۆفیگەری چ خزمەتێکی بە فیکری ئیسلامی کردووە؟ مرۆڤ سەنتەری چ پێگەیەکی لە بیری سۆفیگەریدا هەیە؟ بیری سۆفیگەری تا چەند لەگەڵ بوونیادی ڕۆحی تاكی كورد یەكانگیرە؟ ئایا لە ئێستادا بیری سۆفیگەری دەتوانێت وەڵامدەرەوەی چ پێویستییەكی ئێمە بێت، ئه‌مانه‌ و چه‌ندین پرسیاری دیكه‌ ته‌وه‌ری ئه‌مجاره‌ی مێزگردی ئایینناسییه‌ به‌ میوانداری به‌رێزان د. سەبور سەیوانی مامۆستای زانکۆ و توێژەر و م. كامەران مەلا ئەحمەد توێژەر.

سه‌ره‌تا بەوەی سۆفیگەری چ خزمەتێكی بە فیکری ئیسلامیی كردووە؟ مرۆڤ سەنتەری چ پێگەیەكی لە بیری سۆفیگەریدا هەیە؟ مامۆستا کامەران ده‌ڵێت: هەڵبەت خودی پرسیارەکان وامان لێ دەکات کە ناچار بین بچین کۆمەڵێک چەمک پێناسە بکەین، یەكەمیان چەمکی سۆفیگەرییە، چەمکی فیکرە، هەروەها چەمکی مرۆڤە، هەر سێ چەمكەکە جیاوازن، چەمکی سۆفیگەری سەر بە کێڵگە و کایەی سۆفیگەری خۆیەتی، چەمکی فیکر سەر بە کایەی فەلسەفە و لۆجیکە، چەمكی مرۆڤیش لە ئێستادا سەر بە زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکانە، ئەوان پێمان دەڵێن مرۆڤ چییە؟ بەڵام من لێرە هەوڵ دەدەم هەر سێ چەمكەکە لە لای سۆفییەکان خۆیان شیبكەمەوە، چۆن ئەم چەمکانەیان پێناسە کردووە، واتە پەنا نابەم بۆ كێڵگەکانی دەرەوەی تەسەوف، ناچم لە فەلسەفە پێناسەی فیکر بێنم، یان لە زانستە مرۆڤایەتییەکان پێناسەی مرۆڤ بێنم، سۆفییەكان خۆیان پێناسەیان بۆ مرۆڤ چییە، یان سوودیان لە کێ وەرگرتووە؟
چەمکی سۆفیگەری بەپێی فەرهەنگی سۆفییەکان خۆیان كە چەندین کتێبیان لەم بوارەدا نووسیوە چەندین پێناسەی جۆراوجۆری بۆ کراوە، واتە زیادەڕۆیی ناکەم ئەگەر بڵێم بە ئەندازەی ژمارەی سۆفییەکان، عاریفەکان، پێناسەمان بۆ تەسەوف هەیە، چونکە خودی تەسەوف خۆی لەسەر بنەمای ئەزموونی تاکەكەسی هەر عاریفێک وەستاوە، بۆیە ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر پێناسەی ئەم عاریفە بۆ تەسەوف، بەڵام ئەوەی کە زۆر زۆر باوە دوو کێڵگە هەیە، دوو کایە هەیە کە تەسەوف تێیدا گرنگی پێ دەدات، پێیان وایە کۆکەرەوەی ئەم دوو بابەتەیە، هەرچی هەیە لە تەسەوف بریتییە لە پەراوێزی ئەم دوو بابەتە، یەکەم: مامەڵەکردنی مرۆڤە لەگەڵ جیهانی نادیار، کە خوا خۆیەتی، دووەم مامەڵەکردنی مرۆڤە لەگەڵ خۆی و جیهانی دەرەوەی خۆی، بۆیە وتویانە مامەڵەکردنى مرۆڤ لەگەڵ جیهانی دەرەوە بە پابەندبوونی کەسی ڕێدار، یان سالیکەوەیە بە حەقیقەت و شەریعەتەوە، تا چەندە ئەم کەسە پابەند بێت بە حەقیقەت، بە ئیمان، بە شەریعەتەوە، پابەند بێت بە ڕێنماییەکانییەوە، کەواتە ئەم بەشی یەکەمی تەسەوفە وردە وردە بەرەو ئەزموونکردنەکە ڕۆیشتووە. بەشی دووەمی تەسەوف بریتییە لە پابەندبوون بە ئەخلاقەوە، مامەڵەکردنی ئەخلاقیانەی مرۆڤی موریدە، یان سالیکە لە چوارچێوەی تەسەوفدا. ئەم پێناسەیە کە زۆر باوە، لە سەرچاوەکانی تەسەوفدا هێناویانە هی محەممەدی کوڕی عەلی کوڕی حوسەینی کوڕی عەلی کوڕی ئەبی تالیبە، کە پێناسەی کەسێکە لە ئالوبەیتە، زۆر گرنگی پێ دەدرێت، فەرموویەتی: (من زادک في الخلق زادک في التصوف) هەر کەسێك ئەخلاقت بۆ زیاد بکات، هانت بدا ئەخلاقت باشتر بێ، تەسەوفی بۆ زیاد کردووی. ئەم قسەیە ئەبوبەکری کیتانی کردوویەتی، دوایی لای ئیبنوقەییمی جەوزی فراوانترە، دەڵێت: هەر کەسێک ئەخلاقت بۆ زیاد بکا خودی دینداریشت بۆ زیاد دەکات، محەممەدی کوڕی عەلی دەڵێت: بۆیە ئەخلاقیش دوو جۆری هەیە: ئەخلاقی ئێمەیە بەرامبەر بە خوا، ئەخلاقی ئێمەیە بەرامبەر بە مرۆڤ، ئەخلاقی ئێمە بەرامبەر بە خوا بریتییە لە ڕازیبوون بە بڕیارەکان و قەزای خوا لە دنیادا، مرۆڤ هەرچی بەسەر بێت وەکو قەزا پێی ڕازی بێت، ئەمە مامەڵەیەکی ئەخلاقیانەیە لەگەڵ خوا، ئەخلاقی ئێمە بەرامبەر بە مرۆڤ بریتییە لە قبوڵکردنی هاوڕێیەتی، تێکەڵبوون لەگەڵیدا، ئەویش بە ئامانجی هەڵگرتنی قورساییەکانی لەگەڵی، ئێمە بەو ئاستە تێکەڵی مرۆڤەکانی تر دەبین. بەو ڕۆحیەتە تێكەڵ بین، کە بتوانین قورساییەکانی ئەوانیش قبوڵ بكەین، لەگەڵیاندا هەڵی بگرین، واتە دەستبارییان بۆ بکەین و بە تەنگ مرۆڤەکانی تریشەوە بین، بۆیە دەڵێت هەردوو ئەم چەمکە لە یەک شتدا خۆی کۆ بکاتەوە، ئەویش بریتییە لە ڕازاندنەوەی مرۆڤ بە ئەخلاقە خواییەکان، ئینسان چۆن بتوانێت ئەخلاقی خوایی بێ، بۆیە ئەم پێناسەیە لە ناو تەسەوفدا بە درێژایی مێژووی تەسەوف لای هەموو قوتابخانە جیاوازەکان پێگەیەکی تایبەتی خۆی هەیە، لەبەرئەوە ئەگەر بڵێن تەسەوف چییە؟ تەسەوف بریتییە لە ئەخلاقبوونی مرۆڤێک كە دێتە ناو جیهانی تەسەوفەوە، هەم ئەخلاقیانە لەگەڵ خوا مامەڵە بکات، هەم ئەخلاقیانە لەگەڵ مرۆڤ و جیهانی دەرەوەی خۆی. ئەمە بە کورتی بریتییە لە پێناسەی تەسەوف.
مامۆستا كامه‌ران ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ده‌بێت پێناسه‌ی فیكریش بكرێت، چونکە قسەی یەکەممان ئەوەیە تەسەوف چ خزمەتێکی بە فیکری ئیسلامی کردووە؟ پرسی دووەمیشمان ئەوەیە مرۆڤ سەنتەری چییە لەناو فیکری تەسەوفدا، بۆیە من دەمەوێت ئەم چەمکانە پێناسە بکەم و دوایی بیبەستمەوە بە بابەتەکەوە.
ئیمامی غەزالی لە کتێبی (إحیاء علوم الدین)دا بە یەک دێڕ وەسفی فیکر دەکات، دەڵێت فیكر بریتییە لەوەی دوو مەعریفە لە دڵتدا کۆبکەیتەوە بۆ کەشفکردنی نەزانراوێک، ئەم پێناسەیە لە بنەڕەتدا پێناسەی ئەهلی تەسەوف نییە، ئەم پێناسەیە پێناسەی فەلسەفییەکان و لۆجیکە، کاتێک وتویانە فیکر چییە؟ بۆ نموونە وتویانە لۆجیک بریتییە لە پاراستنی فیکر لە هەڵە نەکردن، وتویانە ئەی فیکر چییە؟ بریتییە لە کۆکردنەوەی دوو زانراو بۆ دۆزینەوەی نەزانراوێک، ئەم پێناسەیە پێناسەی ئەوانە و ئەهلی تەسەوف وەریانگرتووە. جا کەسێکی وەکو غەزالیش کە ئایکۆنێکی گەورەیە لە جیهانی تەسەوفدا، ئایکۆنێکی گەورەیە لە کەلام، فیقهـ، ئۆسوڵی فیقه، لە فەلسەفەدا بە ڕاستی پێناسەیەکە جێی ئیعتیبارە، دەبێت ورد مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونكە غەزالی بەمە پێمان دەڵێت هێشتا پێیەکی تەسەوف لە ناو عەقڵانییەتدایە، كە ئێمە توانیومانە ئەم پێناسەیە لە عەقڵانییەتەوە وەربگرین، نەك لە ناو خودی تەسەوفەوە، چونکە تەسەوف پێناسەی فیكر بەو شێوازە دەكات كە بریتییە لە مامەڵەكردنی بیركردنەوەی عاقڵانییانە لەگەڵ خوا، ئێمە چۆن بیر لە خوا دەكەینەوە، چونكە ئێمە لە قورئاندا هەمانە ئەو کەسانەی بەردەوام بیر دەکەنەوە لە جیاوازی شەو و ڕۆژ، لە ڕۆیشتنی کەشتی لەناو دەریا، لە دیاردە گەردوونییەكان و دیاردەكانی ژیانی ڕۆژانەماندا، (وَيَتَفیکرونَ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضِ) (آل عمران : 191)، ئەهلی تەسەوف بەم ڕێچکەیە ڕۆیشتوون بۆ فیکر، بەڵام غەزالی هاتووە ئەمەی کردووە بە ئەساس، بۆ؟ چونکە غەزالی لە موستەسفادا کە کتێبێکە لە ئوسوڵی فیقهدا نووسیوێتی پێمان دەڵێت، لۆجیک پێشەکییە بۆ هەموو زانستێک بە تەسەوفیشەوە، پێش غەزالیش ئەم جۆرە مامەڵە عەقڵانییانە لەگەڵ تەسەوفدا كە لە داهاتوودا باسی دەكەم هەبووە، بەڵام لە غەزالی بە دواوە ئیدی تەسەوف ڕەوتێکی تایبەت دەگرێت، کە ناتوانێت دەستبەرداری عەقڵانییەت بێت، كەواتە بەم پێناسەیەی غەزالی کە فیکر بریتی بێت لە کۆکردنەوەی دوو شتی زانراو بۆ دۆزینەوەی نەزانراوێك، کەواتە فیکری ئیسلامی بریتییە لە كۆی ئەو شتانەی کە بەرهەمهێنراون لە ڕێگەی عەقڵکارییەوە، وەڵامی پرسیارەکان و گومانکردنەکان، تێڕوانینی ئینسانی عاریف بۆ خوا، بۆ ژیان، بۆ مرۆڤ، بۆ شارستانیەت، بۆ ئەخلاق، بۆ مامەڵەکردن، هەموو ئەمانە پێی دەوترێت فیکر، لە دەرەوەی ئەمەش ئەوەی لە زانستی کەلام و لە ئوسوڵی فیقهـ و لە فیقهـ و لە ئەخلاقدا بەرهەمهێنراوە پێی دەوترێت فیکر، ئەی لەم کایەیەدا تەسەوف چ خزمەتێکی بە فیکری ئیسلامی کردووە؟ دەمەوێت لێرەوە وردە وردە بچمە ناو بابەتەکەوە، بەوە خزمەتی کردووە کە پێمان دەوترێت خودی تەسەوف ئەگەر بنچینەی یەکەمی لە دنیایە، بەڵام ئەزموونەکەی ئەزموونێکی دینی نییە، بەڵکو ئەزموونەکەی تەواو ئینسانییە و هی عاریفەکانە، بۆیە دەکرێت ڕەخنەی لێ بگیرێت، دەکرێت وەربگیرێت، دەکرێت ڕەت بکرێتەوە، دەکرێت داوای بەڵگەی لێ بکرێت، دەکرێت مامەڵەیەکی عەقڵانییانەشی لەگەڵدا بکرێت، ئەگەرچی عاریفەکان خۆیان پێمان دەڵێن ئەزموونەکەی ئەوان ئەزموونێک نییە توانای گێڕانەوەی هەبێت، توانای دەربڕین و تەعبیری هەبێت، بەڵام ئەمەش بەو مانایە دێت کە سۆفییەکان دانەبڕاون لە خزمەتكردنی فیكری دینی، بەتایبەتی فیكری ئیسلامی (قسەی من لەسەر تەسەوفی ئیسلامیە).
بە واتایەکی تر، سۆفیەکان ئەوانە بوون کە خزمەتیان بە کەلامی ئیسلامی کردووە، زۆرترین ژمارەی سۆفییەکان، یا ئەشعەری بوون لە ڕووی عەقیدەوە، یان ماتوریدی بوون، ئەمانیش هاتوون کتێبیان لە بواری کەلامدا نووسیوە، غەزالی خۆی کتێبی لە کەلامدا نووسیوە کە سۆفیەکی گەورەیە، قوشەیری کە سۆفییەکی گەورەیە کتێبی لە کەلام و لە مەسەلەی شەرحی ناوەکانی خوای گەورە نووسیوە، بە بنەمایەكی کەلامیانە مامەڵەی لەگەڵدا کردووە، قوشەیری لە سەدەی چواری كۆچیدا بەناوبانگە کە لەسەر کەلام لەگەڵ حەنبەلییەکاندا تووشی کێشە بووە، کە ئەم بەرگری لە عەقیدەی ئەشعەرییەکان کردووە، ئیبن عەرەبیش کە سۆفییەکی فەلسەفییە کتێبی لەسەر کەلام هەیە، لە بواری زانستی تەفسیردا ئەگەرچی تەفسیری قورئانیان کردووە بە دیوە زاهیرییەکەی ئەو تەفسیرە باوەی کە هەبووە، قبوڵیانە، بەڵام هاتوون تەفسیرێكی دیکەیان داهێناوە و میتۆدێکیان داهێناوە كە پێی دەوترێت تەفسیری ڕەمزئامێز (تەفسیری ئیشاری)، کە قوشەیری خۆی (لطائف الإشارات)ی هەیە، ئالووسی (روح المعاني) هەیە، ئیبن عەرەبی هەیەتی، شێخ عەبدولقادری گەیلانی تەفسیری هەیە، دەتوانم بڵێم کتێبەکان و پەیامەکانی نووری سەعیدی نوورسی کە عارفێکی گەورەی کوردە یەکێکە لەم تەفسیرانە کە بە ڕاستی خزمەتی گەورەیان بە بواری تەفسیر کردووە، کە بوارێکی گەورەی فیکری ئیسلامییە.

تەسەوف بریتییە لە پابەندبوون بە ئەخلاقەوە

م. كامەران بەردەوام دەبێت لەسەر بابەتەكە و دەڵێت: سۆفییەکان لە بواری فەرموودەناسیدا ئیشیان لە زانستی فەرموودە و لە شەرحی فەرموودەدا کردووە، كە یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی فیکری ئیسلامی، بۆ نموونە ئیمامی نەوەوی یەكێكە لەوانە، ئیبنو حەجەری عەسقەلانی، سیوتی یەکێکە لەو سۆفیانەی کە لەم بوارەدا کاریان کردووە، لە زۆر بواری تریشدا خزمەتیان بە فیكری ئیسلامی كردووە.
لە فیقهدا غەزالی یەكێكە لە فەقیهە گەورەکان کە سۆفییەکی گەورەیە، ئیبن عەرەبی لە (فتوحات)دا بەرگێكی تایبەتی کتێبەکەی بۆ بابەتە فیقهییەكان تەرخان کردووە، واتە سۆفییەکان دانەبڕاون لەو چوارچێوە و کێڵگانەی کە مەعریفە و فیکری ئیسلامی تێدا بەرهەم دەهێنرێت، کەسانێک نەبوون لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە ئیش بكەن، بەڵکو زۆر کاریگەر بوون و کاریگەریشیان لەسەر ئەم بوارانە داناوە، بۆ نموونە غەزالی هاتووە فیقهـ و تەسەوفی ئاشت کردووەتەوە، بەڵام هاتووە تەسەوفی کردووە بە سەنتەری مەعریفەی ئیسلامی، کە پێش سەردەمی غەزالی فیقهـ سەنتەر بووە، واتە دەستکاریی هەندەسەی مەعریفەی ئیسلامی کردووە، بەڵام هاتووە ئاشتکردنەوەیەکی گەورەی کردووە.

مرۆڤێک كە دێتە ناو جیهانی تەسەوفەوە، هەم ئەخلاقیانە لەگەڵ خوا مامەڵە بکات، هەم ئەخلاقیانە لەگەڵ مرۆڤ و جیهانی دەرەوەی خۆی

لە بواری فەلسەفەدا غەزالی یەکێکە لەوانەی كە لە بواری فەلسەفەدا کتێبی لەسەر فەلسەفە نووسیوە، کتێبی لە لۆژیکدا نووسیوە، تەنانەت فەیلەسووفێکی کوردی وەکو سوهرەوەردی هاتووە قوتابخانەیەكی سەربەخۆی داناوە بە ناوی (حكمة الإشراق) لە ناو ڕەوتی تەسەوفی فەلسەفیدا بوونیادی دەنێت، یەکەم کەسیش کە کتیبەکەی شەرح دەکات شەمسەدینی شارەزوورییە کە فەیلەسوفێکی کوردی ئیشراقییە، دوای ئەم سۆفییە، فەیلەسوفێکی گەورە هاتووە شەرحی کردووە، واتە لە ناو فەلسەفەی ئیسلامییدا ئیزافاتیشیان بۆ فەلسەفە کردووە.
ئەمە بە كورتی بریتییە لەو خزمەتەی کە ئەهلی تەسەوف و عیرفان کردوویەتی بە فیکری ئیسلامی لەم بوارە بوونیادیانەدا، لە بوارێكی تری ئەم فیکرە مامەڵەیان کردووە، بە ڕاستی جیهانبینی کەسی موسڵمانیان، تێڕوانینی کەسی موسوڵمانیان بەرامبەر بە خوا، بەرامبەر بە مرۆڤ، بە ژیان، مەرگ، ئەخلاق مامەڵەی مرۆڤانە، ژینگە، ئەمانە هاتوون شێوازی نوێیان پێشکەش کردووە، بە ئێمەیان وتووە بۆچی ئێمە پێویستمان بە تەسەوفە؟ پێمان دەڵێن ئێمە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە خوا هەیە، پێویستمان بە بەڵگەی عەقڵی هەیە، یەکێک لەوانە کە ئیمامی کەمەشخانییە کتێبێکی هەیە بە ناوی (جامع الأصول في الأولیاء) کە عارفێکی تورکە، موریدی مەولانا خالیدی نەقشبەندی-یە، دەڵێت: عەقڵ حوجە و بەڵگەی خوایە لەسەر بەندەکانی، ئەم پێناسەیە پێناسەیەكی تەواو فەلسەفیە، عیرفانی نییە، نەهاتووە لەمە بێتە دەرەوە، دەڵێت خوا ئێمەی موكەلەف کردووە بە عەقڵ، موکەلەفین بۆ ئەوەی پابەندی دین بین، کەواتە سۆفییەکان پێمان دەڵێن ئێمە عەقڵ تا ئەو شوێنەی کە زەروورە بتوانین بوونی خوای پێ بسەلمێنین، حەقیقەتی پێغەمەرایەتی پێ بسەلمێنین، ڕاستییەتی دینی پێ بسەلمێنین گرنگە، بەڵام بۆ ئەوەی بزانین حەقیقەتی خوایەتی و پێغەمبەرایەتی و دین خۆی چییە، پێویستمان بە تەسەوفە، بە واتایەكی تر، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین خوا هەیە پێویستمان بە فەلسەفەیە، بەڵام بۆ ئەوەی خۆمان بۆ خوا بسەلمێنین چین، پێویستمان بە تەسەوفە، ئا لێرەدا خزمەتی گەورەیان بە فیكری ئێمە كردووە.
لە بواری ئەخلاقدا، سۆفییەكان كاریگەربوون بە ئەخلاقی ئەفلاتوون و ئەرستۆ، كە دوو قوتابخانەن تەرجەمەكراوە بۆ ناو شارستانیەتی ئیسلامی و مامەڵەی لەگەڵدا كراوە، تەواو بنەماكەی بنەمایەكی ئەفلاتوونییە، ئەرستۆییە، بەڵام هاتوون چیان بۆ ئیزافە كردووە، كە لە فەلسەفەی ئەفلاتوونی و ئەرستۆیدا نییە، بریتیە لە تەزكیەی نەفس، بریتییە لەوەی كە ئێمە، ئەخلاق بۆ نموونە، ئەگەر ئەخلاق بریتی بێت لە عەدالەت لەوەی كە ئێمە لە هیچ شتێكدا زیادەڕۆیی و كەمتەرخەمی نەكەین، ئەوە بنەمای ئەم ئەخلاقە بریتییە لە تەزكیەی نەفس، كە عەدالەت بریتییە لەوەی كە من بۆم هەیە تا سنووری خۆم داوای مافەكانم بكەم، بەڵام تا ئەو سنوورەی جەنابیشت مافەكانی بەڕێزت بپارێزم، بەڵام لە تەزكیەدا وتویانە بریتییە لە دەستبەرداربوون لە مافی من بەرامبەر بەرژەوەندییەكانی تۆ، كە ئەمە ئەخلاقگەرایی، فەزیلەتگەرایی و وردترە. بە واتایەكی تر، ئەگەر ئەخلاق بریتی بێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ ڕێسا گشتییەكان، ئەوا تەسەوف بریتییە لە مامەڵەكردن لەگەڵ بابەتە وردەكان، بە دەربڕینێكی تر، ئەگەر ئەخلاق بریتی بێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ (مایكرۆ بیهاڤیۆرس Micro-behaviours) واتە ڕەفتارە گەورەكان، مایكرۆ بێت، ئەوە تەسەوف بریتییە لە مامەڵە كردن لەگەڵ (مایكرۆ بیهاڤیۆرس) لەگەڵ ئەخلاقە وردەكان، ئاوا سۆفییەكان مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن، بۆیە بەم مامەڵەكردنە ئێمە سێ تەرزی سەرەكیمان هەیە لە بەرهەمهێنانی تەسەوفدا، تەسەوفێكی كەلامیمان هەیە كە (حارسی موحاسیبی) دامەزرێنەرێتی، تەسەوفی كەلامی، تەسەوفی عەقڵانی و فەلسەفیمان هەیە كە (فارابی) لە كتێبی (فصوص الحكم) ڕەنگڕێژی كردووە، (ئیبن سینا) لە (إشارات و تنبیهات)دا زۆر فراوانی كردووە، (ئیبن عەرەبی) لە (فصوص الحكم)دا گەیاندوویەتییە ترۆپك و هاتووە تیۆری بۆ داڕشتووە. پێش ئەمانیش (بایەزیدی بەستامی) و (حەللاج) سەرەتاكانی دەركەوتنی تەسەوفی فەلسەفی بوون. سێیەمیشیان بریتییە لە سۆفیگەری مەعریفی، كە (زینونی میسری) دامەزرێنەرێتی و ئیمامی غەزالی گەیاندوویەتیە ترۆپك. ئەمە بریتییە لە پێناسەی فیکر و مامەڵەكردنی فیکری ئیسلامییە و خزمەتكردنی تەسەوفە بە فیکری ئیسلامی لەم بوارانەدا كە كردوویەتی.

خودی تەسەوف ئەگەر بنچینەی یەکەمی لە دنیایە، بەڵام ئەزموونەکەی ئەزموونێکی دینی نییە، بەڵکو ئەزموونەکەی تەواو ئینسانییە و هی عاریفەکانە

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ سەنتەری چ پێگەیەكی هەیە لە تەسەوفی ئیسلامیدا، م. كامه‌ران ده‌ڵێت: بڕواناكەم هیچ كایەیەكی ئیسلامی بە قەدەر تەسەوف مرۆڤ تێیدا سەنتەر بێت، هەر ئەوەی كە وتویانە: “ڕێگاكانی گەیشتن بە خوا بە ئەندازەی ژمارەی مرۆڤەكانە”، مرۆڤ سەنتەرییە بۆ خۆی، پێگەی مرۆڤە، چونكە لێرە مرۆڤ دەبێتە پێوەر بۆ ئەزموونە مەعنەوییەكەی خۆی، ئەگەر ڕێگاكانی گەیشتن بە خوا بە ئەندازەی ژمارەی مرۆڤەكان بێت، لێرە هەم ڕێز گیراوە لە ئازادی تاكە كەسەكان چۆن ئەزموون دەكەن، ئەو شتەی بۆ ئەو حەقیقەتە دەتوانێت پێی بگات، بەڕاست زانراوە كە ئەزموونی من لەگەڵ جەنابتان و هی جەنابتان لەگەڵ كەسێكی تر جیاوازە، واتە هەم ئازادییەكی زۆرتری تێدایە، هەم ڕێز لە جیاوازییەكانیش گیراوە، ئەوەشی كە سەرچاوەی ئەم جیاوازی و ئازادییەیە مرۆڤ خۆیەتی، كەواتە بە بێ بوونی مرۆڤ ڕەنگە عیرفانی ئیسلامی خاڵیی بێت، بەڵام ئامانج گەیشتن بە حەقیقەت و خوایە، بەڵام ئەوەی تێیدا سەنتەرە مرۆڤە، ئەوەی كە پێویستە ئەخلاقی بێ مرۆڤە، ئەوەی كە پێویستە ئەزموونی هەبێ مرۆڤە، ئەوەی كە بە دوایدا دەڕوا مرۆڤە، ئەوەی هەمێكی هەیە بەتەنگەوە هاتنیەتی هەر مرۆڤە، خوا پێویستی بەوە نییە بگات بە حەقیقەت، خوا پێویستی بەوە نییە بەتەنگەوە هاتنی هەبێت، خوا خۆی سەرچاوەی ئەخلاقە، خوا خۆی ئەخلاقێكی ڕووتە، بۆیە لە تەسەوفی ئیسلامیدا مرۆڤ سەنتەرە، نەك شتێكی دیكە، ئەمە یەكێك لە دەربڕینەكانیان كە هەیانە، دەربڕینێكی تر كە هەیانە بریتییە لەوەی كە مرۆڤ جیهانێكی بچوك كراوەیە و جیهان مرۆڤێكی گەورە كراوە، ئەمە ئیبن عەرەبی زۆر بە وردی لە (فتوحات)دا ئیشی لەسەر دەكات، ئەمەشی لە (إخوان الصفا) وەرگرتووە، كە لە فەلسەفەی یۆنانەوە وەرگیراوە، ئەمە هاتووەتە ناو جیهانی ئیسلامی كە وا سەیری مرۆڤ دەكەن، مرۆڤ جیهان و گەردوونێكی بچوك كراوەیە، تەنانەت شیعرێك هەیە هی عەلی كوڕی ئەبی تاڵیبی قوڕەیشییە كە مەلا سەدرا لە ئەسفارا دەڵێت، هی ئیمامی عەلییە، بەڵام دوایی لێكۆڵەران هاتوون وەك جەلالەدینی ئاشتایانی دەڵێن، نا، ئەو عەلی كوڕی ئەبی تاڵیبی قورەیشی فەیلەسوفێكی ئێرانییە، بەڵام هەر ناوەكەی وایە، تیكەڵ بووە، دەڵێت: (أتزعم أنك جرم صغیر) تۆ پێت وایە تۆ تەنیكی زۆر زۆر بچوكی (وفیك عالم أكبر)، بەڵكو جیهانێكی گەورە لە ناو تۆدایە و خۆی مەڵاس داوە، (أنت الكتاب المبین الذي یظهر فیه المضمر) كتێبە ئاشكراكەی خوا تۆیت، كە هەرچی شتە شاراوەكانە لە تۆدا دەردەكەوێت. بۆیە ئیبن عەرەبی دەڵێت: مرۆڤ كۆپیكراوێكی خواییە لە جیهانە مەعنەوییەكەدا، نەك لە جیهانە مادییەكەدا، ئەمە بریتییە لە سەنتەربوونی مرۆڤ، دیوێكی تری سەنتەربوونی مرۆڤ كە من زۆر سوودم لە مەحوی بینیوە، تەسەوف پێمان دەڵێت هیچ كەسێک بە قەدەر مرۆڤی ئیماندار دڕدۆنگ و قەلەق نییە، حەزرەتی ئیبراهیم دەكرێت بە نموونە، كاتێک داوا لە خوا دەكات پێی بڵێت زیندووبونەوە چۆنە، (لیطمئن قلبي)، ئیتر پێغەمبەرە، دڵنیایی ناخی دەوێت، ئەگەر بچینە لای مەحوی، دەبینین عاریفێكی زۆر دڕدۆنگ و قەلەق، دەڵێت:
ئەوەندە تەنگ و ناخۆشە لە دنیا
خۆشە دەرچوون ئەگەرچی بۆ سەقەر چی
ئەگەر بچین بۆ جەهەننەمیش، بەس ئێمە لێرە بڕۆین ئیتر ئارامییە، ئەوەندە ئێرە بۆ مەحوی تەنگ و تارە، مەحوی بە ئێمە دەڵێت:
بێ كەس منم كەسێ لە زوبانمدا نییە
بێ كەسی تا ئەو شوێنەی بردووە كە هەست بە بێ كەسی دەكات، حەتمەن تەسەوفەكە ئەم بابەتەی لە لا دروست كردووە، تەنانەت لە شوێنێكی تردا بە ئێمە دەڵێت:
ئێمە بە دوای چیدا دەڕۆین، هەرچی بۆ خەبەر چوو، بێ خەبەر كەوتووە، ئەوەی چوو بۆ سۆراخ بێ سۆراخ هاتووەتەوە، ئێمە لێرە خەریكی چین، ئێمە بە دوای چۆڵی موحیبەتدا دەڕۆین، هەموو ئەم بابەتانەی كە قسەكردن لەسەر تەنیایی، قەلەقی، بێكەسی، ترس لە مردن، ژیان، كاركردن، عیشق، ئێمە بۆ بە دوای عیشقدا دەگەڕێین، دەمانەوێت ئەم پووچی و بێ ماناییەی كە لە ژیانماندا ڕوو دەدات بە عیشق مانایەكی بدەینێ، دیوە جوانەكانی ئاشكرا بكەین، تەنانەت مەحوی دەڵێت: ئەوە عیشقە پێمان دەڵێت تاریكییەكانی تەقوا چییە (بە نوری بادە كەشفی زوڵمەتی تەقوا نەكەم چی بكەم)، تەقوا لە قورئان و لە دیندا زۆر وەسف كراوە، ئەمە باسی زوڵوماتی تەقوا، تەقوا تاریكیشی هەیە، ئەوەی كە دركی بەم تاریكییە كردووە، عاریفەكانە. بەم تێگەیشتە ئەگەر مەحوی بە نموونە وەربگرین، بچین بۆ لای ئیبن عەرەبی زۆر ورد پێناسەی قەلەقی دەكات، تەنانەت عەبدوڕڕەحمان بەدەوی دەڵێت: ئەوەی كە ئیبن عەرەبی باسی دەكات، (باسی قەلەقی كردووە) زۆر لەوە قووڵترە كە (هایدیگەر) باسی كردووە، كە لە ناو فەلسەفەی وجودیدا باسی قەلەقی كراوە، بە واتایەكی تر تەسەوف ئێمە لە شێخ حەسەنی بەسڕییەوە بیگرین بۆ ڕابیعەی عەدەوی، بۆ حەللاج، بۆ بایەزیدی بەستامی، تا ئیبن عەرەبی و تا مامۆستا سەعیدی نوورسی، هەست دەكەیت ئەمانە كەسانێكن نەیانتوانیوە ئۆقرەیان هەبێت، بەرجەستەكردنی حەقیقەتی مرۆڤی ئیماندار ئەمان دەیكەن، مەحوی ناڵێت: وتم با لەم دەر و لەم ئایینە سكونەت كەم، وتی عاشق دەبێ هەر دەربەدەر بێ، كۆڵ بە كۆڵ بم، بۆچی دەبێت دەربەدەر بێ، لەبەرئەوەی ئێرە شوێنی سكونەت نییە، بۆیە ئەمە بریتییە لە مرۆڤ سەنتەری لە ناو عیرفانی ئیسلامیدا.

سۆفییەکان دانەبڕاون لەو چوارچێوە و کێڵگانەی کە مەعریفە و فیکری ئیسلامی تێدا بەرهەم دەهێنرێت

بیری سۆفیگەری و بوونیادی ڕۆحی تاكی كورد
ته‌وه‌ری دووه‌می باسه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئه‌وه‌ی كه‌ بیری سۆفیگەری تا چەند لەگەڵ بوونیادی ڕۆحی تاكی كورد یەكانگیرە؟ ئایا لە ئێستادا بیری سۆفیگەری دەتوانێت وەڵامدەرەوەی چ پێویستییەكی ئێمە بێت، لە كاتێكدا بەتایبەت لە سۆشیال میدیاوە دەبینین خەڵكانێك هەن لەسەر ئەم بابەتە ئیش دەكەن، لە بەرامبەریشدا بیری سەلەفی زۆرجار دەگاتە ئاستی تەكفیركردنی مەسەلەی تەسەوف و لادان و بیدعە و كۆمەڵێک لەم بابەتانە، ئایا بە كردەیی بیری سۆفیگەری دەتوانێت وەڵامدەرەوەی چ پێویستییەكی ئێستای تاك و كۆمەڵگەی كوردەواری بێت؟
له‌م باره‌یه‌وه‌، د. سەبور سەیوانی مامۆستای زانكۆ ده‌ڵێت: ئەگەر قسەیەكی گرنگ بكەمە سەرەتایەك بۆ ئەو مەسەلەیە، ئێمە زۆرجار كە باسی سۆفیگەری دەكەین، بە شێوەیەكی گشتی وەكو دیاردەیەكی مێژوویی لە دوای ئیسلامەوە دروست بووە دەیبینین، هەندێک جاریش وا سەیر دەكرێت وەكو دیاردەیەكی كەمێك نامۆ بەگشتی سەیر دەكرێت، كە دواتر وەكو ئەمری واقیع دوای هەوڵیداوە خۆی بگونجێنێت، بەتایبەتی لە سەردەمی ئیمامی غەزالیدا، هەوڵیدا شەریعەت و تەریقەت كە لە (إحیاء علوم الدین)دا زۆر كاری لەسەر ئەوە كرد پێكیانەوە ببەستێتەوە، ئیش لەسەر ئەوە بكات كە بڵێ ئەم بیرە تازەیە و ئەم ئاڕاستە تازەیە، ئاڕاستەیەكی نامۆ نییە، یاخود هی ئیسلام خۆی. ئەگەر بگەڕێینەوە سەر سۆفیگەری بە مانا قووڵەكەی، سۆفیگەری لە عیرفاندا، سۆفیگەری یەكسانە بە عیلم لە قورئاندا، مەفهومی عیلم لە قورئاندا، چونكە كاك ناسری سوبحانی كە كەسێكە زیاتر لە بواری فیقهدا ئیشی كردووە، بەڵام دەركێكی جوانی كردووە لەوەی ئەوەی كە لە كتێبی (علم و عولەما)كەیدا باسی دەكات، دەڵێت، ئێمە ئەگەر سەیر بكەین وشەی عیلم لە ئیسلامدا بەتایبەتی لە مانا قورئانییەكەی لە ئاڕاستە دروستەكەی لادرا، زیاتر فیقهـ شوێنی گرتەوە، وشەی فیقهـ زیاتر شوێنی عیلمی گرتەوە، كاتێكیش هەندێک لە عاریفەكان و خواناسەكان هاتن بۆ ئەوەی بیخەنەوە سەر واتا دروستەكەی خۆی، وشەیەكی تازەیان داهێنا كە وشەی عیرفان بوو، كە ئەسڵ وابوو ئەوان وشەی عیلمەكەیان بگێڕایەتەوە شوێنی دروستەكەی، چونكە ئەگەر سەیری قورئان بكەین (أَمَّنْ هُوَ قَانِتٌ آنَاء اللَّيْلِ سَاجِداً وَقَائِماً يَحْذَرُ الْآخِرَةَ وَيَرْجُو ڕحْمَةَ ڕبِّهِ قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الَّذِينَ يَعْلَمُونَ وَالَّذِينَ لَا يَعْلَمُونَ) (الزمر : 9) عالم لێرەدا بە دوای ئەم حاڵەتانەوەیە كە كەسێك با بڵێین حاڵەتی شەونخونی هەیە، حاڵەتی بیركردنەوەی هەیە لە بوونەوەر لە گەردوون، لە دیاردەكان، لە خودی خۆی، عیلم ئەمەیە، عیلم بریتی نییە لەوەی چۆن دەستنوێژ دەگیرێت، یان چۆن بە ڕۆژوو دەبی و چۆن حەج دەكەیت، ئەمە دەتوانین بڵێین توێكڵی عیلمە ئەگەر دەربڕینەكە گونجاو بێت، بەڵام كاكڵەی عیلم ئەمەیە كە مرۆڤ بە هۆشیارانەوە بژی، بە هۆشیارانەوە لەگەڵ خوای خۆیدا مامەڵە بكات، لەگەڵ دیاردەكاندا، دڵێكی هەمیشە زیندووی هەبێت، هەمیشە هەست بە دیاردەكانی دەوروبەری بكات، ئێمە ئەگەر لەم خاڵەوەی كە داماننا بمانەوێت شتەكان ڕاست بكەینەوە، دەبینین مرۆڤی كوردیش وەكو هەموو كەسەكانی تر كاتێك ئایینی ئیسلامیان وەرگرتووە بێگومان سوودیان لە سۆفیگەری وەرگرتووە، كاتێك كەسێكیش بوون وەكو كوردەواری دەڵێت: ئەسپی خۆیان تاو داوە، زۆر زۆر پڕاوپڕە ئەو وشەیەی بۆ بەكاربێنین.
د. سەبور ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات ئەگەر پێناسەی مەعریفە ئەوەی كە (منتا سەفتی) كە لە كتێبی (استراتیجیة التسمیة) پێناسەی مەعریفە دەكات، دەڵێت: مەعریفە بریتییە لە ئەو گفتوگۆیەی كە لە نێوان خودی عاریف و كەرەستەی مەعریفەدا دروست دەبێت، ئیتر كەرەستەی مەعریفە هەرچی بێت، من بیر لە دەوروبەری خۆم، لە وجود، لە بوونەوەر، لە دروستكەری بوونەوەر دەكەمەوە، بير لەم دیاردانەی لە دەوروبەردا هەبێت، هەر شتێک كە لە ئەنجامی ئەم بەریەککەوتنەی عەقڵ و فیکر لەگەڵ دەوروبەردا چی بەرهەم بێت، دەكرێت ناوی بنێین مەعریفە، خودی کەسی کورد دەتوانین بڵێین لە کۆنەوە تا ئێستا بەو حاڵەتە ڕۆیشتووە، ئێمە لانیکەم ئەگەر بۆ دەق بگەڕێينەوە، چونکە باشتر وایە بگەڕێینەوە بۆ دەق، بۆ ئەوەی کە بەڵگەمان هەبێت، ئێمە ئەگەر لانی کەم هەزار ساڵ بگەڕێینەوە بۆ پێشتر بۆ باباتاهیری هەمەدانی، سەیر دەکەین دوو بەیتییەکانی بابا تاهیری هەمەدانی پڕن لە مەعریفە، پڕن لە تێڕوانینی ورد بۆ خوا، بۆ بوونەوەر، بۆ خودی مرۆڤ خۆی، “خوشا آنان کە الله یارشان بی، كە حەمد و قول هو الله کارشان بی”.
لێرەدا وشەی یار مەبەستی خوایە، کە لەگەڵ خوا پەیوەندی ڕۆحیان هەبێت، کە حەمد و قل هو اللە دەخوێنن (حەمد و قل هو الله)یەکی یارانە دەخوێنن، نەک (حەمد و قول هو الله)یەكی سادە و ئاسایی كە زۆرینەی ئێمە ڕەنگە وا بیخوێنین، بەڵكو ئەوان حاڵەتێکی تایبەتییان هەیە لێی، ئەوەی كە لە کولتووری کوردیدا دەیبینی، دەتوانم بڵێم عیرفان دەرگایەکی گەورەی کردووەتەوە بۆ ئەوەی پرسیاری گەورەی وجودی دروست ببێت لە بارەی مرۆڤەوە، لە بارەی بوونەوە، بۆ نموونە ئەوەی مەولەوی دەڵێت:
هەرچی دیت وە چەم شی وە سەفەردا
هەرچی موینی ها نە گوزەردا

کەس حاڵی نەبی وە هیچ نەفاما
ئەو پەی چێش ویەرد، ئێد پەی چێش ئاما
یانی هەرچی سەیری بوونەوەر دەکەیت دیاردەکان هەموویان لە سەفەردان، هەمووی لە جووڵەدان، یەکێک لە خاڵە گرنگەکان کە مرۆڤی عارف لە بوونەوەردا خۆی پێ دەزانێت، دەتوانین بڵێین وشەی مسافر، وشەی ڕێبوار، یا وشەی سالیک هەر لەوەوە هاتووە، مرۆڤ لە ناو عیرفاندا هەست دەكات کەسێکە هاتووەتە ناو ژیانێك، کەسێکی ڕێبوارە، بۆ ماوەیەكی كاتی خوای گەورە هێناویەتیە ئێرە و دوایی تێدەپەڕێت، ئەم باوەڕی وایە کۆی گەردوون هەر وایە، کۆی گەردوونیش هەمووی لە سەفەردایە، هەمووی لە گوزەردایە، هەمووی لە تێپەڕیندایە، ئەگەرچی هیچ کەس بە مانا تەواو و قووڵەکەی نەیزانی ئەم بۆچی هات و ئەو بۆچی ڕۆی، ئەمە قسەیەکە مەبەستم ئەوەیە کە مرۆڤ توانیویەتی، بۆ کورد مەعریفە بەرهەم بهێنێت، کولتوور دروست بکات.

لە تەسەوفی ئیسلامیدا مرۆڤ سەنتەرە، نەك شتێكی دیكە

د. سەبور جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سۆفیگەری کوردی خۆشبەختانە سۆفیگەرییەكی پەتی بووە، واتە سۆفیگەرییەک نەبووە تەنها زوهدی، یان تەنها سۆفیگەرییەکی فەلسەفی، یان ڕۆحی بێت، بەڵکو سۆفیگەرییەکی پەتی بە مانای ئەوەی هەوڵی داوە ڕێکخستنێك دروست بکات لە بەینی شەریعەت و تەریقەتدا، ئەگەر سەیر بكەین دەبينين تەریقەتەکانی کوردستان بەتایبەت دوو تەریقەتە گەورەکە، قادری و نەقشبەندی، هەست دەکەی هەردوو تەریقەتەکە زۆر ئیشیان لەسەر ئەوە کردووە لەگەڵ زانستە شەرعییەکاندا نزیکی دروست بکەن، زۆربەیان کە خانەقایان دروست کردووە، فەقێیان هەبووە، زانستى شەرعییان خوێندووە، بۆ نموونە خودی شێخ مەعرووفی نۆدێ و مەولانا خالید خۆیان هەموو قۆناغەکانی زانستی شەرعییان بڕیوە، دوای ئەوەش هەوڵیان داوە بە هەمان ئەم ئاڕاستەیە بڕۆن، ڕەنگە هەندێک لە تەسەوف هەبووبێت، تەنها لایەنی ڕۆحی تێیدا زیاتر زەق بووبێتەوە، یان تەئویل وەکو (حروفیة)، زیاتر تەئویلگەرا بوو بن، یان تەنها باوەڕیان بەوە بووبێت ئینسان زیکر و ئەو شتانە بکات ئیتر کافییە، بەڵام ئەمان وانەبوون، تەریقەت لە کوردستاندا دەتوانم بڵێم تەریقەتێک بووە هەوڵی داوە ئەم دوانە پێكەوە بە هاوسەنگی بهێنێت، تا ئاستێکی باشیش سەرکەوتوو بوون.
د. سەبور ده‌ڵێت: به‌كورتی ئه‌وه‌ی سۆفیگەری بۆ کوردی هێناوه‌ ده‌كرێت له‌ پێنج كاری سه‌ره‌كیدا بخرێته‌ڕوو:
یەکەم: بە شێوەکی گشتی کەسی باوەڕداری ڕۆحی دروست کردووە، کەسی باوەڕدار هەیە و کەسی باوەڕداری ڕۆحی هەیە، یانی کەسێک کە مەسەلەی ڕۆحی و ئەو هەستەی كە هەست بە زیندوویی بکات لەگەڵ دەوروبەردا، لەگەڵ دیاردەکاندا، کاتێک کە گوڵێك، یان دیمەنێکی بەهار دەبینێت، مەولەوی کاتێك کە دیمەنی بەفر دەبینێت ئاو بەستویەتی دەڵێت:
بووە بە ئاوێنە بۆ دەرکەوتنی جیلوەی خوا، باس لەوە دەكات كە ئەم ئاوە کە بەستویەتی جیلوەی جوانی خوای تێدا دەردەکەوێت، وەکو ئاوێنەیەک وایە کە جوانی خوای تێدا دەردەکەوێت، مەبەستم ئەوەیە دیاردەکانی گەردوون ڕەنگە خەڵکێکی ئاسایی ئەمانەی چەندین جار بینی بێت، بەڵام قەت بە خەیاڵیدا نەهاتبێت بەم شێوازە دەریبڕێت، گوزارشتی لێ بکات، ئەو هەستی پێ کردووە و بەو شێوەیە گوزارشتی لێ کردووە. کەواتە یەکەم: باوەڕداری ڕۆحی دروست کردووە.
دووەم: نووسینی بەرهەم هێناوە، ئەگەر سەیر بکەین کولتووری کورد زۆربەی سەرچاوەکانی کە باسی دەکەن وەکو دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر عیزەدین مستەفا و زۆرێك لە سەرچاوەکانی تر، سدیق بۆرەکەیی و ئەوانە ئەگەر کۆنترین بەرهەمەکان لە باباتاهیری هەمەدانی دەست پێ بکا، کە لە هەزار و دوو سەد ساڵ بەر لە ئێستا بووە، چوارینەکانی هەموو بریتین لە عیرفان و سۆفیگەری، لەوێوە بەرهەم هاتووە، ئەگەر بچینە کرمانجی ژووروو، بۆ نموونە وەکو مەلای جزیری، کۆنترین شاعیری سەدەی چواردەیە، بە هەمان شێوە عارفێکی گەورەیە، دوای ئەو ئەحمەدی خانی کە مەموزین دەنووسێت، ئەمەش داهێنانێکی گرنگە، مەموزین بەوە دەست پێ دەکات، کە دەڵێت:
سەرنام نامێ نامێ ئەڵڵا بێت،
نامێ تن ناتەمامە وەڵڵا
ئەی مەتلەعی حوسنی عەشقبازی
مەحبوبی حەقیقی و مەجازی
واتا سەر ناوی نامەکە ناوی ئەڵڵایە، بێ ناوی تۆ ناتەواوە وەڵڵا ئەی مەتڵەعی حوسنی عیشقبازی، مەحبوبی حەقیقی و مەجازی، واتە باوەڕی وایە زین جیلوەی خوایە لە زەویدا، مەم کورتکراوەی وەكو محەممەد سەعید ڕەمەزان بوتی دەڵێت، مەم کورتکراوەی ناوی محەممەدە، وەكو عیزەدین مستەفاش لە نامەی دکتۆراکەیدا باسی کردووە، لەویا بە ئاشکرا هەموو ڕەگەزەکانی عیرفان و تەسەوف لە مەم و زینی خانیدا بە ئاشکرا هەیە، زین لە لای مەم بریتییە لە جیلوەی خوا، بریتییە لە جوانی خوا، ئەگەر بێینە سەر شێوەزاری گۆران، سەیری بکەین نەک هەر لای مەلای پەرێشان زۆر جار لە سەدەی سیانزەوە باس دەکرێت، یان لە كۆنترەوە ئەو دەقانەی دۆزراونەتەوە هەمووی پڕن لە عیرفان و سۆفیگەری، دەتوانم بڵێم پاڵنەرەكەی بریتییە لە سۆفیگەری. ئێمە تەنانەت لە چیرۆكە شیعرییەكانیشدا وەكو شیرین و خەسرەوی خانای قوبادی كە یەكەم دێڕ دەست پێ دەكات، دەڵێت:
بەنام ئەو كەس شیرینی ئەرمەن
پەیداش كەرد فەرهاد پەیش بی بە كۆكەن
واتا بە ناوی ئەو كەسەی كە شیرینی ئەرمەنی دروست كرد، فەرهادی بۆ دروست كرد و لەپێناو عەشقی شیریندا بوو بە كێو هەڵكەن. سەیر دەكەی لێرەدا باوەڕی وایە شیرین دووبارە جیلوەی خوایە، ئەگەر دەربڕینەكەم شیاو بێت، خوای گەورە هونەرمەندە جوانە ڕاستەقینەكەیە کە لە پشتی فەرهادەوەیە و بریتی نییە لە فەرهاد خۆی، بریتییە لە خوا كە فەرهادی كردووە بەوە، هەمان ئەم شیعرە مەولەوی لە غەزەلێكدا دەڵێ:
دەستی شیرینش ماوەرۆ وەیاد
فەرهادی نەفەق فەرقەكەی فەرهاد
دەستی شیرینش، لێرەدا مامۆستای مودەڕیس بەڕەحمەت بێ، بە دەستی شیرینی تەوزیف كردووە، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە، دەستی شیرینش، (ش) لە دیالێكتی هەورامیدا كەسی سێیەمی تاكە، بۆ نموونە دەڵێیت: كتێبەكەم، كتێبەكەت، كتێبەكەش. كتێبەكەش واتا ئەو (كەسی سێیەم)، دەستی شیرینش واتە دەستی شیرینی خوا دەیهێنێتەوە یادی، لێرەدا دەتوانین بڵێین بە جۆرێك لە جۆرەكان فیكری ئەفلاتوونیش هەیە كە باوەڕی بە مەسەلەی بیرهێنانەوە هەیە، ئەو باوەڕی وایە مرۆڤ لەسەر زەویدا پێویست ناكات زانستی تازە و زانياری تازە وەربگرێت، بەڵكو تەنها پێویستی بەوەیە بیری بخرێتەوە، بەشێكیشی ڕەنگە زۆر جار لە قورئاندا سەیر دەكەین لەجیاتی وشەی عیلم وشەی زیكر بەكارهاتووە، زیكر یانی بیرخستنەوە، تاكو ئەوەی عیلم بێت، دەڵێت: (دەستی شیرنش ماوەرۆ ئاویات) دەڵێت، دەستی شیرینی خوا دەیهێنێتەوە یادی (شیرینی نەشەر نەفەرق فەرقەكەی فەرهاد)، دەڵێت شیرینی دەكاتە مێشكی فەرهاد، (فەرق) واتە مێشك، واتە ئەوە خوایە عاشق بوون دەخاتە مێشکی فەرهادەوە، بۆ ئەوەی هونەرمەندێك دروست بێت، پێی بوترێت فەرهاد، بە كورتییەكەی دەیگێڕێتەوە بۆ عیرفان، بۆ پشتەوەی مادە، بە زمانێكی تر عاشقەكان هەموویان لە بنەڕەتدا عاشقی خوا بوون، بەڵام وایانزانیوە جیلوەكانی خوا لەسەر زەویدا خوان ئەگەر تەعبیرەكەم گونجاو بێت.
هەمان ئەم بەیتە، لە لای مەحوی دەبینینەوە، مەحوی زۆر بە ڕوونی دەڵێت:
گەر شیرینە گەر فەرهادە تا حەشر هەر ببن مەمنون
لە یومنی عیشقە فەیضی حوسنە وا ڕوتبە نائیل بوون
دەڵێت ئەگەر شیرینە ئەگەر فەرهادە دەبێت ئەوان مەمنوونی عیشق بن، نەك عیشق مەمنوونی ئەوان بێت، تا حەشر دەبێت ئەوان مەمنون بن، لەبەرئەوەی لە بەرەكەتی عیشقە. فەیز وەكو دەزانن وشەیەكی عیرفانییە، دەتوانم بڵێم لە عیرفانی فەلسەفیدا پەیدا بوو، لە سەردەمی بایەزیدی بەستامی و فارابی و ئەوانەی دواتردا كە باوەڕیان وابوو جوانی خوا و جیلوەی خوا لە ئاسمان دەڕژێتە سەر زەوی و دوایی بڵاو دەبێتەوە، دەڵێت بە هۆی ئەو جوانییەی خواوە بوو شیرین و فەرهاد هاتنە سەر زەوی و عیشقەكەیان پەیدا بوو، گەیشتنە ئەم پلە بەرزە، (دەكەن ڕەشتاڵەیەكی دەشتەكی باسی شیرین)، (ڕەشتاڵەیەكی دەشتەكی) مەبەستی (لەیلا)یە، ئافرەتێكی ڕەشتاڵەی دەشتەكی باسی دەبرێتە پاڵ شیرینی ژنی خەسرەوی پەروێز، كە شاژن بووە.
(دەكەن بەردهەڵكەنێكی كێزەری باسی لەگەڵ مەجنون) كەسێكی شێتۆكەی وەكو فەرهادیش كە بەرد هەڵدەكەنێت، دێتە ئاستی مەجنون، (مەجنون) بەناوبانگترە لە ڕۆژهەڵاتدا، دواتر فەرهاد پەیدا دەبێت.
بە كورتییەكەی دەمەوێت بڵێم ئەدەبیاتێكی لێوان لێو لە عەشق، لە جوانی و خۆشەویستی، لە ئینسانیەتی بەرهەم هێناوە.

مرۆڤی كورد كاتێك ئایینی ئیسلامی وەرگرتووە بێگومان سوودی لە سۆفیگەری وەرگرتووە

خاڵی سێیەم: بزاڤی كۆمەڵایەتی و هۆشیاری كۆمەڵایەتی، بەڕاستی سۆفیگەری هۆشیاری كۆمەڵایەتی بەرهەمهێناوە، كاتێك مەولانا خالید دێتەوە تەریقەتی نەقشبەندی دەهێنێتەوە، دەبینین زۆرێك لە خەڵكی هەژار و جوتیار چواردەوری دەگرن، دەتوانین بڵێین ئەو پلەبەندییە تێكدەشكێنێت كە لە تەریقەتی قادریدا شێخ ئەگەر مرد كوڕەكەی دەچێتە شوێنی، لێرەدا وا نییە، كوڕی خۆی ناچێتە شوێنی، شێخ عوسمانی سیراجەدینی تەوێڵە دەچێتە شوێنی و دەبێت بە خەلیفە، كە هیچ پەیوەندییەكی خوێنییان پێكەوە نییە، یان شێخەكانی بارزان كە هیچ پەیوەندییەكی خوێنییان پێیەوە نییە. ئینجا هۆشیاری كۆمەڵایەتی، ئەم پیاوە ئەوەندە كاریگەری لەسەر كۆمەڵگا و جڵەوكردن هەیە، كە میرەكانی بابان دێن، توتنی بۆ دەکەنە سەبیلەکەیەوە، كۆیان دەكاتەوە و ئاشتیان ئەكاتەوە، ئەگەر ناكۆكییان هەبێت، دەتوانێت ڕۆڵێكی گەورەی هەبێت وەكو هێزێكی كۆمەڵایەتی گەورە لە ناو خەڵكدا، یان كاك ئەحمەدی شێخ، نووسراوەكانی كاك ئەحمەدی شێخ بخوێنەرەوە بەشی یەكەم و دووەم، سەیر دەكەیت نامەی ناردووە بۆ هەموو هۆزەكانی كورد، بە كورتییەكەی ڕێنمایی كردوون بۆ دین، ئامۆژگاری كردوون و ڕۆڵێكی گەورەی بینیوە، دەتوانین بڵێین خۆی لە سلێمانیدا ڕێكخراوێكی كۆمەڵایەتی زۆر گەورە بووە، كە كاریگەری گەورەی هەبووە، وەك كۆكردنەوەی ئەو منداڵە كەمئەندامە نابینایانەی كە هێناونی هەموویانی خستووەتە بەر خوێندن و دوایی بۆ ئەوەی ڕێزێكیان هەبێت لە ناو كۆمەڵگادا، خواردنی بەردەوامی بە هەژاران داوە.

عیرفان دەرگایەکی گەورەی کردووەتەوە بۆ ئەوەی پرسیاری گەورەی وجودی دروست ببێت لە بارەی مرۆڤەوە

خاڵی چوارەم: لە ڕووی بزاڤی سیاسیشەوە، دەبینین لە دوای ڕووخاندنی میرنشینەكانی بابان و سۆران و بادینان و ئەردەڵان، وەكو دكتۆر جەعفەر عەلی لە نامەی ماستەرەكەیدا باسی دەكات، شێخ شوێنی میر دەگرێتەوە، دوای ئەوەی كە میرنشینەكان دەڕووخێن و میرەكان لە چواردەوریان نامێنن، خەڵك ئەمجارە چواردەوری شێخەكان دەگرن، دەبینین شێخەكان دەبنە ڕابەری خەڵك، لە دوای مەولانا خالیدی نەقشبەندی دەبینین شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری ڕۆڵێكی گەورەی هەیە، شێخەكانی بارزان، شێخ عەبدولسەلامی بازرانی یەكەم و دووەم شێخ ئەحمەد بارزانی، دوای ئەوە شێخ مەحموودی حەفید لە سلێمانی كە دەبێتە مەلیكی كوردستان و ڕووبەڕووی ئینگلیزەكان دەجەنگێت، واتە شێخەكان دەبنە سەركردەی سیاسی بزاڤی ڕزگاریخوازی، سۆفیگەری لە كوردستاندا ڕۆڵێكی گەورەی بینیوە.
خاڵی پێنجەم: دەتوانین بڵێین سۆفیەكان هەوڵیاندا و ڕیفۆرمی ئاینییان هێنا، ئەگەر خەڵکانێک دروست بووبن لە پەنای ئایینەوە ویستبێتیان جۆرێك لە سەرمایەی مەعنەوی بۆ خۆیان بپچڕن، وەكو شێخ و واعیز و زاهید و سۆفی، دەبینین هەندێک لە عاریفەكان ڕەخنە لە كەموكورتییەكان دەگرن، هەوڵدەدەن ڕیفۆرمی ئایینی بكەن، هەوڵدەدەن ئایین بگەڕێتەوە سەر شێوە دروستەكەی، پیرۆزی نەدرێت بە مرۆڤەكان وەكو كەس، بەڵكو پیرۆزی بدرێت بە بەرنامەكە خۆی، بە ئامانجەكان، بە شتەكان، مەحوی وەكو نموونە باس دەكەین:
شێخی هەمەوەندی دەدات پەند و نەسیحەت
ئەو قوڕبەسەرەی دابووە بەسەر فەحش و فەضیحەت
دەڵێت شێخێك كابرایەكی هەمەوەندی گرتبوو، هەمەوەندییەكان بەوە بەناوبانگن كەوا شەڕیان كردووە، شێخەكە قسەی پێ دەوت و گلەیی دەكرد.
خۆش هاتە جواب وتی تۆ هەقتە فەقەت من
قطاع طریقم أما تۆ قطاع طریقت
وتی ڕاستەكەی من چەتەم و ڕێگرم، تۆش بە ناوی تەریقەتەوە خەڵك ڕووت دەكەیتەوە، سەیر دەكەیت ئەم كابرایە ئەگەرچی خۆی سۆفییە، بەڵام دێ ڕەخنە لەوانە دەگرێت كە دەیانەوێت ئیستغلالی ئایین بكەن بۆ خۆیان، ئەم گیانی ڕەخنەگرییە، ئەم گیانی هۆشیاركردنەوەی خەڵكە زۆر زۆر گرنگە، یان بۆ نموونە دەڵێت:
دەخاتە فیكری ئەهلی مەعریفەت شێزوەی جەجاڵ ئەلحەق
دەبینی بەعزە ئەشخاصێ بە دوویا خەرگەلەی مەخلوق
زۆر دژی ئەوەیە كە خەڵكی بە كوێرانە شوێنی شێخێك بكەون، كە وشەی خەرگەلیان بۆ بەكاردەهێنێ، خەرگەل یانی وەكو (گوێدرێژ) بە كوێرانە شوێنی شتەكان دەكەون، ئەمە دەیەوێت بە مەعریفەوە خەڵك شوێنی ئایین بكەوێت، یان بۆ نموونە كە دەڵێت:
کە شێخ و واعیز و سۆفی بە جەننەت بەن گەد و گیپاڵ
دەبێ ئەمسالی ئێمە بۆ جەهەننم بەن سڕ و سیپاڵ
ئەگەر شێخ و واعیز و سۆفی بەو گەدە و گیپاڵەی كە هەیانە ڕواڵەت بین و پیرۆزی ڕیش و ئەوانەیان كردووە بە پێوەر بۆ خواناسی، ئەوان بۆ بەهەشت بچن و خەڵكیكی وەكو ئیمە بۆ جەهەننەم بین، بەیتێكی فایەق بێكەس-م بیركەوتەوە كە ڕیك هەمان مەفهومی مەحویە، دەڵێت ئەگەر خەڵكە جاهیل و نەزان و خورافاتیەكانی وەكو شێخەكان و ئەمانە كە ئێستا هەن، بچن بۆ بەهەشت، ئەوا ئێمەی كەسی ئەهلی عیلم با بچین بۆ جەهەننەم، من حەز دەكەم بە عەقڵ و بە عیلمەوە بژیم بەڵام بچمە جەهەننەم، ئەوەم پێخۆشترە لەوەی كە بە جەهل و خورافاتەوە بژیم و بچمە ناو بەهەشتەوە، هەمان ئەم شتە پێش مەحوی، بێكەس خۆی دەیڵێت.

دوو تەریقەتی گەورەی قادری و نەقشبەندی زۆر ئیشیان لەسەر ئەوە کردووە لەگەڵ زانستە شەرعییەکاندا نزیکی دروست بکەن

د. سەبور لە كۆتاییدا دەڵێت: دەتوانم بڵێم ئەوە سەربوردەی خێرای ڕابردوو بوو، ئایا ئێستا بیری سۆفیگەری دەتوانێت وەڵامدەرەوەی پێداویستی تاكی كورد بێت و كۆمەڵگا بێت، من دەڵێم ئەگەر بەو فۆڕمە مێژووییەی كە هەبووە و بەو شێوازەی كە بمانەوێت فۆڕمی مێژوو كۆپی بكەین و بیهێنینە ئێرە، دەڵێم نەخێر، بەڵام ئایا لە ناو ئەو فۆڕمەی ڕابردوودا ئێمە كەرەستە و ڕەگەزی بەهێزمان نییە كە بتوانین سوودی لێوەربگرین بۆ ئێستا، بەڵی، باوەڕم وایە ئەگەر مامۆستایانی ئایینی بیانەوێت جارێكی تر ئاییندارییەكی كاریگەر لەسەر دەروونی مرۆڤ دروست بكەن، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ كەرەستەكانی سۆفیگەری و ئەدەبیاتی كوردی و نووسین و نووسەرەكانی وەكو كاك ئەحمەدی شێخ و مەولانا خالیدی نەقشبەندی و ئەو كەسانەی لە دوای ئەوەوە هاتوون، بۆ نموونە نووسینەكانی مامۆستا مودەڕیس، نووسینەكانی تری هەموو ئەو زانایانەی لەو بوارەدا نووسیویانە دەكرێت كەرەستەی زۆر باش بن، قەناعەتم وایە ئەگەر حكومەت بیەوێت، دەتوانێت لە ڕێگەی چەند خاڵێكەوە سوود لەم بابەتانە وەرگرێت:
یەكەم: بایەخدانەوە بە حوجرە و فەقێ و دانانی نووسراوانی زانا و عاریفان وەك پرۆگرامی خوێندن، بەڕاستی گرنگە حوجرە جارێكی تر بایەخی پێبدرێتەوە، نووسینی ئەو نووسەرانەی شاعیران و نووسەرانی كورد، بەتایبەت ئەوانەی كە لە ناو جەرگەی تەسەوفەوە هاتوونەتە دەرەوە بخوێنرێت، وەكو چۆن جاران گوڵستان و بوستان بۆ فێربوونی فارسی لە حوجرەكاندا خوێندراون، دەکرێت جارێكی تر ئەمانە حوجرەكاندا بخوێندرێنەوە و شەرح بكرێنەوە، بۆ ئەوەی كەسێكی ڕۆحی، مەلایەكی ڕۆحیمان بۆ دروست بێت، نەك مەلایەكی وشكی فیقهی.
دووەم: وتاری هەینی، وتاری هەینی مەسەلەیەكی گرنگە، گرنگە وتەی پیاوچاكان و عاریفانی كورد بكرێتە بەشێك لە كەرەستەی وتار، قەناعەتم وایە ئەگەر كەسێكی نیمچە عەلمانی و سیكیۆلار دابنیشێت بڵێیت:
بە ئاوی تێگەیشتین ئێمە دنیا کەچی هەر سەرابێک بوو
هەموو دەشچین بە خنکان و لە وشکیشە مەلەی مەخلوق
زۆر زۆر كاریگەرترە لەوەی بڵێی شێخ یوسف قەرزاوی وای وت، شێخ عوسەیمین وای وت، فڵانەكەس وای وت، چونكە بەشێكە لە كولتوور، كە دەڵێیت مەحوی، یان مەولەوی، یان مەولانا خالید وا دەڵێت، ئەمە زۆر زۆر گرنگە بخرێتەوە ناو وتاری ئاینی.

هەموو ڕەگەزەکانی عیرفان و تەسەوف لە مەم و زینی خانیدا بە ئاشکرا هەیە، زین لە لای مەم بریتییە لە جوانی خوا

سێیەم: وانەی پەروەردەی ئیسلامی بایەخی پێبدرێت و لەوێشەوە نووسینی زانایانی كورد بكرێتە بناغە بۆ ناساندنی بنەماكانی ئایین، بۆ نموونە كتێبی (زوبدەی عەقیدە)ی مەولەویمان هەیە، كە بۆ منداڵانی نووسیوە، کە چۆن خوا، پێغەمبەر، مەلائیكە، ئەسڵی دین و فەرعی دین بناسێت، یان كتێبی (ڕۆڵە بزانین)ی مەلا خدر كە بە هەمان شێوە ئەویش بۆ فێركردنی عەقیدە بووە بۆ منداڵی كورد، ئەمانە دەكرێت كەرەستەیەكی خاوی زۆر باش بن، كە منداڵی كورد جارێكی تر فێر بكرێتەوە، زۆر گرنگە، ئێستا هەموومان لەسەر ئەوە هاوڕاین کە لە كۆمەڵگای كوردی جۆرێك لە شپرزەیی و بێسەروبەری هەیە، بۆ ئێمە كۆنەبینەوە لەسەر ئەوەی ئاوازێكی هاوبەشمان هەبێت، ئاوازی هاوبەشیش بریتییە لە كەرەستەی كولتووری خۆمان، قەناعەتم وایە ئەگەر بڵێیت مەلەوی دەڵێت ئاوا خوا بناسە، زۆر زۆر كاریگەری لەسەر منداڵەكە و باوك و دایكی مناڵەكەش زیاترە لەوەی بڵێیت عەقیدەی تەحاوی وا دەڵێت، من ناڵێم واز لە عەقیدەی تەحاوی بینە، ناشڵێم هەموو شتێكی خورافاتیش لەو كتێبانە هەمووی قبوڵ بكە، خەڵكێكی وشیار بێت بزانێت ئێمە دەتوانین سوودی لێوەربگرین، زۆر زۆر شتی بەسوودی تێدایە.
چوارەم و كۆتایی: وەزارەتی ڕۆشنبیری و میدیاكان بایەخ بە كەلەپوور و بەرهەمی سۆفیگەری و عاریفیانە بدەن، تەقریبەن شەش بۆ حەوت ساڵ پێش ئێستا فیستیڤاڵی ڕێ و ڕەچەی نەقشبەندی و بەرهەمی شاعیرانی كرا، بێیت ئیش لەسەر ئەوە بكەیت، ئایا ڕێ و ڕەچەی نەقشبەندی چەندێك كاریگەری هەبووە لە بەرهەمهێنانی شاعیرانی كورد، ئەگەر سەیر بكەی زۆرینەی شاعیرانی كورد زۆربەیان نەقشبەندی بوون، هەر لە مەلا پەرێشان كە تۆزێک جێگەی مشتومڕە لەسەر شیعەگەری و ئەوانە، بەڵام لە بێسارانی، سەیدی، مەلای جەزیری و ئەحمەدی خانییەوە بیگرە، تەنانەت خودی نالی خۆی لە كۆتایی ژیانیدا قەناعەتم وایە ئەم پیاوە بەرەو تەسەوفێكی گەورە گەڕاوەتەوە و دەیان شیعر و بەرهەمی هەیە:
خۆشا ڕەندێ لە دنیا بێ موبالات و موجەڕڕەد بێ
بە ڕۆژ زیندەی جەماعەت بێ، بە شەو مات و موجەڕڕەد بێ
یەك دنیا شتی زۆر قووڵی هەیە كە ئەم پیاوە لە بنەڕەتدا لە حوجرەی مەولانا خالید خوێندویەتی، تەنانەت دكتۆر عیزەدین هەموو جارێک باسی دەكرد، دەیوت، یەكێك لە هەڵەكانی قوتابخانەی خانەقای مەحوی كە كردویانەتەوە ئەوەیە خۆزگە حوجرەیەكیان تەرخان بكردایە بیاننووسیایە حوجرەی نالی، چونكە نالی بە پێی سەرچاوەكانیش ئەو كاتەشی كە مەولانا خالید سەفەری كردووە بۆ شام، نالیش سەفەری كردووە، دووبارە لە شام یەكتریان بینیوەتەوە پێش ئەوەی بچێت بۆ ئیستەنبوڵ، لەوێ كۆچی دوایی كردووە، بەڕاستی نالی بەرهەمی مەولانا خالیدە، مەولانا خالید كاتێک هات، هەوڵیدا تەرقەیقەتێكی كوردی و شتێك بۆ كورد دروست بكات، نالی قوتابی مەولانا خالید بوو، ئەو هەوڵیدا لە ڕێگەی ئەدەبیات و شیعرەوە ئەو ئامانجەی كە مەولانا خالید هەیبوو، بیهێنێتە دی.

ئەگەر مامۆستایانی ئایینی بیانەوێت جارێكی تر ئاییندارییەكی كاریگەر لەسەر دەروونی مرۆڤ دروست بكەن، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ كەرەستەكانی سۆفیگەری و ئەدەبیاتی كوردی

Send this to a friend