• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 26, 2023

مێژوو و ڕەهەندەكانى سۆفيگەرى لە ئيسلامدا

نووسینی: ئانا مارى شميل
وەرگێڕانى: زانا ناجى و هيوا مەحموود
ڕانانی: زانا ناجی

پێشەكی
وەرگێڕانى بەرهەمەكانى (ئانا مارى شميل) پێویستییەكی گەورەيە و چێژێكى بێكۆتاى بۆ خوێنەری كوردزمان هەیە، هاوڕێ لەگەڵ ئەم بەرهەمەدا، چەندين بەرهەمى ديكەى نووسەر لە زمانەكانى ئەڵمانى و ئينگليزييەوە كراون بە عەرەبى و فارسى، وەك: (جلال الدين الرومي: الشمس المنتصرة)، (الأبعاد الصوفية في الإسلام)، هەروەها كتێبی (محمد إنه رسول الله) لە ئينگليزييەوە وەريگێڕاوە بۆ سەر زمانى كوردى_ (روحي أنثى/ المرأة في التصوف الإسلامي) و زۆرێكى دى لە بەرهەمەكانى، بەڵام ئێستاشى لەگەڵ بێت زۆر بەرهەمى ئەم خانمە مەزنە هەيە و تا ئێستا خوێنەر پێى ئاشنا نەبوون.

لە ڕاستيدا ديراسەكردنى بابەتى تەسەوف كارێكى گەلێك ئەستەمە؛ چونكە ئەم خانمە هاتووە سەرچاوەگەلێكی بنەڕەتی و ڕەسەنی بەكارهێناوە، كە لە بەرەبەیانی سەرهەڵدانی تەسەوفەوە تا ئەمڕۆ، زانستییانە و بێلایەنانە مامەڵەی لەگەڵ كردوون و دەرەنجامی پێویستی لێدەرهێناون. بەم كارەش هەم وێنایەكی موتەكامیلی لە ڕەوتی عیرفانی دەدا بە دەستەوە، هەم خوێنەران ڕادەهێنێت لەسەر بابەتیبوون و ڕوانگەی ئەكادیمییانە .
نووسەری ئەم كتێبە بە حوكمی شارەزایی لە زمانی ئەسڵی سەرچاوەكان واتە عەرەبی، فارسی، توركی، ئۆردويى، پاكستانى، بنجابى و شێوەزارەكانى ڕۆژهەڵاتى هيندى، توانیویەتی ڕاستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆیان و بە بێ بوونی كۆسپی زمان و وەرگێڕانی وەرگێڕەكان بۆ خۆی لێیان تێبگات. واتا بۆ خۆی نەفەحاتی شێخی جامی و كەشفولمەحجوبی هوجەویری و لومەعی سەراجی تووسی و مەسنەوی مەولانا و شەرحی شەتەحیاتی ڕۆزبهانی بەقلى و تەواسينى حەللاج و حیلیەتولئەولیای ئەبو نوعەیم و تەزكیرەی عەتتار و عەواريفولمەعاريفى سوهرەوەردى و ئيحياى غەزالى و سەوانيحى ئەحمەدى برايى و تەمهيداتى عەينولقوزاتى قوتابى ئەحمەدى غەزالى، خوێندووەتەوە و بەكاریهێناون .
لەبەر ئەوە گرنكى كتێبێكى لەم چەشنە بۆ تەواوى خوێنەرى كوردى تەنها لە هەستيارى ئەو بابەتەدا خۆى نابينێتەوە كە شميل زۆر بە سانايى و ئاسان نمايشى كردووە، بەڵكو لەوەدا خۆى دەبينێتەوە كە يەكەم كەس بووە بەم چەشنە كتێبێكى وەها دەوڵەمەند و خاوەن توراس و پاشخانێكی مەزنى فيكرى و ئەدەبى و سيخناخ لە زمانەكانى ئۆردى و بنجابى و پشتەوى و سندى و چەندەها زمانى نيمچە كيشوەرى هيندى و لە نێويشياندا فارسى، پێشكەش بە خوێنەرانى جيهان و نيشتمانى ئيسلام بە تايبەتى بكات، چونكە زمانى فارسى ڕۆڵێكى گەورەى بينى لە پارێزگاريكردن لە كەلەپوور و كولتوورى سۆفييەكانى كيشوەرى هيندى و هەتا كەوتنى ئيمپراتۆريەتى مەغۆلى لەسەر دەستى داگيركەرى بەريتانيش لە ساڵى ١٨٣٥ عيسايى، ببووە زمانى فەرمى ئەو ئيمپراتۆريەتە.
بێگومانى جێكەوتە و بوونى ئەم لايەن و تەريقەتە ڕۆحييانە، كاريگەرى تەواوى خستبووە سەر ژيان و كەشى ئايينى و ڕۆحى نيمچە دوورگەى كيشوەرى هيندى، ئەوەشمان بير نەچێت كە ئەم مەشخەڵە لە كەلەپوور و توراسى ڕۆحى مەزن، توانى هەموو زەمەن و شوێن و وارگە و بيروباوەڕێك تێپەڕێنێت و لەگەڵ مرۆڤايەتى بێ جياوازى و وەك يەك ناسنامە بكەوێتە گۆ. لەبەرئەوە ڕوونە كە ئايينەكانى ديكە چەشنى هيندۆسي و بودايى و شامانيش شانبەشانى ئيسلام ڕۆڵيان بينيوە و تا ئەندازەيەكى باشيش پێكەوەژيان لەگەڵ هاتنى ئەم ئيسلامە كراوە و ڕۆحييە بەرزەفڕەدا هاتە كايەوە.
بۆيە لێرەدا بە پێويستم زانى پێش ئەوەى خوێنەر ڕاپێچى خوێندنەوەى ناوەرۆكى كتێبەكە بكەم، كورت و پوخت ژيانى دەوڵەمەندى خانمى نووسەر باس بكەين:
(ئانا مارى شميل) خانمە نووسەر و پڕۆفيسۆرێكى ناودارى ئەڵمانى ديار و مەولاناناسێكى بەناوبانگە و تەنها لە بوارى عيرفان و مەولاناناسيدا خاوەنى نزيكەى (٥٠) كتێبە، بە گشتيش خاوەنى زياتر لە (١١٠) دانراوە. لە ساڵى (١٩٢٢ز) لە شارى ئورفۆن لە دايكبووە، هەر لە دەمى منداڵييەوە پەيوەندى لە گەڵ دنياى ڕۆژهەڵاتدا پەيدا كردووە، ئەگەرچى دايك و باوكى ڕاستەوخۆ ئەم پەيوەندييەيان نەبووە. دايكى تا ئەندازەيەك كەسێكى ئاسايى و باوكى حەزى لە فەلسەفە و عيرفان هەبووە، لە قوتابخانەدا بە فێربوونى زمانى فەڕەنسى و لاتينى دەستى پێ كردووە، لە تەمەنى پانزە ساڵيدا دەستى كردووە بە فێربوونى زمانى عەرەبى و نزيكەى (٢٥) وتارى بە زمانى عەرەبى نووسيوە. لە تەمەنى پانزە ساڵيدا دیبلۆمى وەرگرت و پاشان فێرى ئينگليزيش بوو، چەندين دانراويشى بە زمانى ئينگليزي داناوە.
لە ساڵى ١٩٣٩دا لەگەڵ خانەوادەكەى ئاوارەى شارى بەرلين بوون، لە دواى يەك ساڵ و بە دياريكراويى لە ساڵى ١٩٤١دا نامەى دكتۆراكەى لە ژێر ناونيشانى (مكانة علماء الدين في المجتمع المملوكي)دا نووسى، لە ساڵى ١٩٤٣دا (مجلة عالم الإسلام) لە ژێر ناونيشانى (الخليفة والقاضي في مصر في العصور الوسطى المتأخرة)دا چاپ كرد. كەمێك پێش كۆتايى جەنگى دووەمی جیهان، واتە ساڵى ١٩٤٥، لە نامەى دووەمى دكتۆرا لە زانكۆى بەرلين بووەوە بە ناوى (الطبقة العسكرية المملوكية)، كە كەم تەمەنترین ئافرەت بوو ئەو بڕوانامەيە بەدەست بهێنێت و لە زانكۆى ماربورگدا وانە دەربارەى (تەسەوفى ئيسلامى) بڵێتەوە، هەمان ساڵ باوكى كۆچى دوايى كرد، كەواتە لە تەمەنى ٢٣ ساڵيدا دوو بڕوانامەى دكتۆراى هەبوو. يەكێك بوو لەو ليژنەيەى بە زۆر لە ساڵى ١٩٤١دا بەشێك لە كتێبى (كفاحي) هيتلەريان وەرگێڕا بۆ زمانى عەرەبى و توركى، بۆ ئەوەى لەكاتى وەرزى حەجدا بە سەر موسڵماناندا دابەش بكرێت، ئەوەش بە هۆى هاندانى عەرەب و توركەكان لە دژى داگيركەرى ئەو دەمەى بەريتانیا.
لەڕووى فێربوونى زمانەوە زۆر سەير بوو، بە ئەندازەيەك ئەو زمانانەى كە بە شێوەزارەكانييانەوە نزيكدەبوونەوە لە ١٥ زمان دەيزانى و دەيتوانى ڕۆمانى پێ بخوێنێتەوە وەك ئەوەى زمانى دايكى بێت. لە ساڵى ١٩٥١دا توانى دكتۆرايەكى ديكە بەدەستبهێنێت لە ژێر ناونيشانى (مصطلح الحب الصوفي في الإسلام)، دواتر ئەم توێژینەوەیە وەرگێڕدرا بۆ زۆرينەى زمانەكانى جيهان و هاوكارێكى باشيش بوو بۆ وەرگێڕانى چەندەها بڕگەى دوورودرێژی كتێبى (موقەدەمەى(١) ئيبن خەلدون)، كە زانايانى كۆمەڵناسى ئەڵمانى داوايان لێكردبوو، ساڵى ١٩٥٢ يەكەم سەردانى بەرەو جيهانى ئيسلامى دەستپێكرد، ڕۆیشتە توركيا، دواتر و لە ساڵى ١٩٥٦ جارێكى دى گەڕايەوە توركيا و لەوێ بۆ ماوەى ٥ ساڵ نيشتەجێ بوو، وەك مامۆستاى ياريدەدەرى زانستە ئيسلامييەكان و زمانى عەرەبى لە زانكۆى ئەنقەرە وانەى دەوتەوە، دواتر بوو بە پڕۆفيسۆرى كورسى لە مێژووى ئايينەكاندا، لەو دەمەى شميلى لە زانكۆى ئەنقەرە وانەى دەوتەوە ژمارەى ئەو مامۆستا ئافرەتانەى لەوێ وانەيان دەوتەوە زۆر زياتر بوو لە مامۆستا ئافرەتەكانى زانكۆى (بۆن)ـى ئەڵمانيا، كە ئەم ڕووداوە زۆر سەرنجى شميلى ڕاكێشا و بەو ژيارە ئيسلامييە سەرسام بوو، نرخ و بەهاى ئافرەتى موسڵمان و ڕێزگرتنى وى لەلايەن كۆمەڵگەى موسڵمانەوە بۆ دەركەوت و هەميشە ئاماژەى بەم خاڵە پرشنگدارە دەدا، بەتايبەت لەو كاتانەى باسى دوورخستنەوە و پەراوێزخستن و چەوساندنەوەى ئافرەتانى لا دەكرا.
چەندين گەشتى بۆ وڵاتان كردووە بە مەبەستى خوێندن، يان وانەوتنەوە لە زانكۆكاندا، لەوانە: سويد، توركيا، ئەمريكا، پاكستان .. هتد. بە ئەندازەيەك لە وڵاتى پاكستان بە هۆى ئەو پێگە و خزمەتە زۆرەى بە كەلەپوور و دەستنووسى ئەو وڵاتە كردويەتى، ڕێزێكى زۆريان لێناوە و شەقامێكيان كردووە بە ناويەوە و خۆى لە پەناى شەقامەكەدا بۆ يادگارى وێنەى گرتووە. ساڵى (١٩٩٨) خەڵاتى دكتۆراى فەخرى زانكۆى زەهراى ئێرانى لە تاران وەرگرت.

شمیل يەكەم كەس بووە بەم چەشنە كتێبێكى وەها دەوڵەمەند و خاوەن توراس و پاشخانێكی مەزنى فيكرى و ئەدەبى و سيخناخ لە زمانەكانى ئۆردى و بنجابى و پشتەوى و سندى و چەندەها زمانى نيمچە كيشوەرى هيندى و لە نێويشياندا فارسى، پێشكەش بە خوێنەرانى جيهان و نيشتمانى ئيسلام بە تايبەتى بكات

لە سەرەتاى مانگەكانى ساڵى ٢٠٠٣دا لە (بۆن) كۆچى دوايى كرد و وەسيەتى كردبوو هەم سوورەتى فاتيحەى بەسەردا بخوێنن و هەميش هەركەس بێتە سەر گۆڕەكەى سوورەتى فاتيحەى بۆ بخوێنێت، ئێستاش ئەو وتەیەی ئيمام عەلى لەسەر گۆڕەكەى بەزمانى عەرەبى نووسراوە كە دەفەرموێت (الناس نيام إذا ماتوا انتبهوا).
ئەم كتێبەى نووسەر بە شێوەيەكى دوورودرێژ باس لە چەمكى سۆفيگەرى دەكات و ڕا و بۆچوون و پێناسەى زۆرێك لە سۆفييەكانى سەبارەت بەو چەمكە هێناوە، تێيدا تيشكى خستووەتە سەر چۆنێتى گەشەسەندنى تەسەوفى كلاسيكى چەرخى كۆن، تێیدا دەڵێت “لە دەمگۆ (الأثر)دا هاتووە كە حیكمەتی محەممەدی لە پاش خۆی بۆ ئامۆزا و هەم زاوای و چوارەمین خەلیفەی ڕاشدین “عەلی كوڕی ئەبو تاڵیب” كە ساڵی (٦٦١ز) شەهید بووە، گواستراوەتەوە. هەروەك بەهرەمەندی پەیبردن و كەشفكردنی سۆفییانە دەدرێتە پاڵ ئەندامانی دیكەی بنەماڵەی پەیامبەر و یارانی”. هەروەها باس لە كاريگەرى سەلمانى فارسى و ئوەيسى قورەنى (وەيسى قەرەنى) و سۆفييەكانى سەدەى ٩ و ١٠ دەكات، كە چۆن بوون بە ڕێبەرێكى ڕۆحى بۆ سەردەمەكەيان، ئەم چەرخە زياتر لە شێخ حەسەنى بەسرى و قوتابييەكەى (عەبدولواحيدى كوڕى زەيدا ٧٩٤ز لە ئابادان و دواتر لە ئەبو سلێمانى دارانى ٣٨٠ز، ئەحمەدى كوڕى ئەبولحەوارى ٨٥١ز)يەوە گەشەى كردووە.
هاوكات باس لەپيرانى سۆفيگەر دەكات لە سەدەى نۆيەمدا، بە دياريكراوى باس لە هەريەك لە “زینونی میسری ٨٥٩ یاخود ٨٦٠ز”، “ئەبو یەزیدی بەستامی سۆفی فارسی٨٧٤ز” و “یەحیای كوڕی مەعاز/ لە ناوچەی ڕەی سەر بە ئێران ٨٧١ز” و “حارسی موحاسبی عێراقی ٨٥٧ز” دەكات. لە كڵاوڕۆژنەى ئەم باسانەوە دەچێتە سەر باسكردنى حەللاج شەهيدى عيشقى سۆفى، كە كاتێك حەللاج لە بەندیخانەدا دەبێت، دەروێشێك لێی دەپرسێت: “خۆشەویستی چییە؟” لە بەرسڤدا دەڵێت: “ئەمڕۆ و سبەینێ و دوو سبەیش هەر دەیبینی!” ئەوەبوو هەر لەو ڕۆژەدا حەللاجیان كوشت و ڕۆژی دواتر سووتاندیان و لە سێیەم ڕۆژیشدا خۆڵەمێشەكەیان دا بەدەم باوە. كە ڕۆژهەڵاتناسێكى وەك لويس ماسينۆن (١٨٨٣-١٩٦٢) كە بە گرنگترينى ڕۆژهەڵاتناسە فەڕەنسييەكانى سەدەى بيست دادەنرێت، ناو و بەرهەم و ژيانى بە شەهيدى عيشقى سۆفى حەللاجەوە گرێدراوە و ژيانى بۆ وى تەرخان كردووە، هەوڵيداوە لێكتێگەشتن لە نێوان ئيسلام و مەسيحيەتدا بهێنێتە ئاراوە، ويستويەتى وەك كاسۆليكێك ئيسلام لە خودى خۆيەوە مانيفێست بكات و لێى تێبگات، بە باشى زمانەكانى عەربى و فارسى و توركى زانيوە، بەرهەمەكانى: لێكۆڵينەوەى “الطواسین” و “سيرة الحلاج” لە چوار بەرگدا. بە هۆی زنجیرە كارەكانی “ماسینۆنەوە” لێكۆڵینەوەیەكی چڕوپڕ لەمەڕ ژیان و بەرهەمەكانی حەللاج بە پایان گەیشتووە، بەمەش كنە و گەڕان و دەستڕاگەیشتن بە هزری ناوبراو لای خوێنەری ڕۆژئاوایی بووەتە كارێكی سانا و بەردەست. هاوكات نامەى دكتۆراكەى دەربارەى حەللاجە بە ناوى (آلام حلاج)، بۆ نووسینى ئەو نامەیە زیاتر لە (هەزار و هەشت سەد و بیست) سەرچاوەى دەربارەى حەللاج خوێندووەتەوە.
يەكێك لە بەشە هەرە تايبەتەكانى ئەم كتێبە ئەو بەشەيە كە تايبەتە بە سەردەمى سەقامگيرى سۆفيگەرى لە شيبلييەوە هەتا غەزالى، كە پێم وابێت گرنگترين بەشى كتێبەكەيە. دواتر شميل بە شێوەيەكى ميتۆديانە دوورودرێژ باس لە گرنگترينى ئەو بنەمايانە دەكات كە لە زانستى تەسەوفدا هەم بە تيۆري و هەميش بە پراكتيكى بوونى هەبووە، كە خۆى لەم چەند بەشەدا دەبينێتەوە: ڕێگا، بنەماكانى ڕێگا، مەقام و دۆخەكان (الأحوال)، ئەوين و فەنابوون، شێوازەكانى پەرستش، نوێژى فەرز، نزا، يادى خوا، گوێگرتن بۆ يادى خوا، مرۆڤ و گەیشتن بە كەماڵ، چەند تێبينييەك سەبارەت بە سايكۆلۆژياى سۆفيگەر، خێر و شەڕ و ڕۆڵى شەيتان، وەلييەكان و كەرامات، بە گەورەزانينى پێغەمبەر (د.خ).
دواتر دێتە سەر باسى ئەبو سەعیدی كوڕى ئەبولخەیر، كە یەكەم سۆفی یاساى كاتى كەنارگرتن و پشت لە دونیاكردنى دانا، ئەبو سەعیدی كوڕی ئەبولخەیر بوو، كە ساڵی ٩٦٧ لە شارى میهنەى خوراسان -مەڵبەندى پیاوچاكان- لە دایك بووە، یەكێك بووە لە قوتابییەكانى سەلەمى، پاش تەواوكردنى زانستە ئایینییەكان لە مەڕوە و سەرخەس چووەتە ڕیزی سۆفییەكانەوە. ئەم مەردە بە تەواوى خۆی بەخشی بوو بەو وشەى “ألله” بۆ ماوەى حەوت ساڵی ڕەبەق دونیاى فەرامۆش كرد و زاهیدانە ژیا، خۆى خزاندە “خەڵوەى پێچەوانە” واتە: خۆى هەڵواسیوە بە قاچەكانییەوە و لە بیرێك، یان شوێنێكى تاریكدا بەردەوام قورئانى خوێندووە و پاڕاوەتەوە و لاڵاوەتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە زۆرێك ئەم سلوكەى بە پرۆسەى “یۆگا” دەچوێنن. ئەبو سەعید، ساڵی (١٠٤٩) كۆچی دوایی كردووە.

ئەم كتێبەى نووسەر بە شێوەيەكى دوورودرێژ باس لە چەمكى سۆفيگەرى دەكات و ڕا و بۆچوون و پێناسەى زۆرێك لە سۆفييەكانى سەبارەت بەو چەمكە هێناوە

كاتێكيش تيشك دەخاتە سەر ڕێبازە بەراييەكان يەكەمجار لە عەبدولقادر ئەبو نەجیبی سوهرەوەردیيەوە دەست پێ دەكات و دەڵێت: “ئەم پياوە دامەزرێنەرى تەریقەتى سوهرەوەردییە و قوتابی ئەحمەدی برا بچووكى پێشەوا غەزاليیە. خاوەنى بەناوبانگترین كتێبی پەروەردەیی سۆفییە، بە ناوی “ئادابی موریدەكان”، بە زمانە جیاوازەكان زۆرترین وەرگێڕانى بۆ كراوە و لاسایی هەمان نووسینیان كردووەتەوە. لەویش كاریگەرتر برازاكەى عومەرى سوهرەوەردی (١١٤٥-_ ١٢٣٤ز) بووە، كە لەژێر سەرپەرشتى ئەودا خوێندویەتى و ڕیسالەكەى كە بە ناوى “عوارف المعارف”ەوە، لە کتێبەكەى مامی، هەم لە ڕووى ئەسڵە عەرەبییەكەیەوە و هەمیش وەرگێرانییەوە بەربڵاوتر و بەناوبانگترە و دەربارەى تیۆری سۆفیگەریى نووسی بوی، یەكێك بوو لەو سەرچاوە سەرەكییانەى لە قوتابخانەكانى هینددا دەربارەى تەسەوفناسى پشتى پێ دەبەسترا، هاوكات هۆكارى بڵاوبوونەوە و فراوانبوونى بازنەى سوهرەوەردی بوو لە هیند. ئەبو حەفس عومەرى سوهرەوەردی پەیڕەوى لە ڕێبازێك دەكرد كە زیاتر لە سیاسەتەوە نزیكتر بوو، بوو بە “شێخى شێخان” لە سەردەمى (ئەلناسیر لدین الله ٥٧٥-٦٢٢ك) دوا وەچەى خیلافەتى عەباسی لە بەغدا- بە ڕابەرى فەرمى سۆفی دانرا. لە خەونیدا دیتبووى لە توانایدایە چالاكی ژیانى ڕۆحی چەقبەستووى وڵاتانى ئیسلامی بگەڕێنێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. هەوڵیدا سەرجەم دەسەڵاتدارانى موسڵمان لەژێر یەك ئاڵادا كۆ بكاتەوە بۆ بەرپەرچدانەوەى مەغۆل. ئەبو حەفس نوێنەرى خەلیفە بوو لە لاى دەسەڵاتدارانى ئەیوبی لە میسر و سوریا و ڕۆمی سەلجوقی، كە ئەو دەمە گەیشتبوونە لوتكەى هێز و دەسەڵات لە پایتەختى گەشاوەى “قۆنیە” ئەو شارەى پاش سەردانى سوهرەوەردی بوو بە دڵی ژیانى سۆفی. پاشان باس لە شێخی ئیشراق “سوهرەوەردیى كوژراو” دەكات و دەڵێت: “سوهرەوەردى دامەزرێنەرى تەریقەتى سوهرەوەردییە، لە باكوورى خۆرئاواى ئێران و ساڵی (١١٥٣) لە دایك بووە. دوا بە دواى تەواوكردنى هەندێك كتێبی سەرەتایی، دەست دەكات بە گەڕان بە نێو مەڵبەندە ئیسلامییەكانى ئەو دەمەدا، ئیدى لەبەر خۆشەویستى بۆ دەوڵەتى ئەیوبی دەچێتە شارى حەلەب بۆ لاى مەلیك “زاهیر”، كە خۆشەویستى زۆری بۆ تەریقەتە سۆفییەكانى هەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی شەرعزان و فەقیهەكان لەم فەیلەسوفە درەوشاوەیە تۆقیون، توانیان لە ڕێگاى سەڵاحەدینى باوكییەوە “زاهیر” قایل بكەن و دنەی بدەن، بۆ ئەوەى سوهرەوەردى لە كونجى زیندان توند بكەن و كردیشیان، ئیدى هەر لە بەندیخانە و لە تەمەنێكى كورتى (٣٨)ساڵیدا كۆچى دوایی كرد”.

بەشە هەرە تايبەتەكانى ئەم كتێبە ئەو بەشەيە كە تايبەتە بە سەردەمى سەقامگيرى سۆفيگەرى لە شيبلييەوە هەتا غەزالى

باسكردن لە ئيبن عەرەبى ئيشبيلى و ئيبنولفاريزى ميسرى، پانتاييەكى گەورەى بە كتێبەكە بەخشيوە، لەگەڵيشیدا بە درێژى باس لە بيرۆكەى وەحدەتولوجود و چۆنێتى گەشەكردنى ئەو بيرۆكەيە دەكات. دواتر لە ژێر چەترى “گوڵ و بولبول”دا باس لە شیعرى تەسەوفی فارسی و توركی دەكات، بەتايبەت تەريقەتى بەكتاشى، كە يەكەم تەريقەت بوون، هەم ئامادەبوونى ئافرەت لە كۆڕى زيكردا و هەميش خواردنى قاوەيان كرد بە نەريت.
هەرچى باسكردن لە سەنائي و عەتتارە ئەوا لە ژێر ناونيشانى “گەشتى باڵندە”دا باسيان دەكات، دەربارەى سەنائى دەڵێت: “شیعرى فارسی سۆفی و بەتایبەت شیعرى پەروەردەیی لە خۆرهەڵاتى ئێرانەوە سەری هەڵدا. شارى “هەڕات”یش، یەكێك بوو لە بنكە سەرەكییەكانى، هاوكات لە میانەى “موناجات”ەكانى عەبدوڵڵاى ئەنسارییەوە سەردەمێكى نوێی ئەدەبی فارسی ئایینى هاتە كایەوە. ئەو نزا و موناجاتە كورتانەش لە پێشوودا و بە دیاریكراوى لە ئەدەبی پاڕانەوەدا بێ وێنە بوو، كە سەرباری شێوازە سادەكەى -كە داراى ڕیتم و ئاوازێكى سەروادار بوو- بەڵام زۆر بە ئاسانى بوو بە مایەى تێڕامانى زیاتری سۆفی. لە لاى خۆیەوە “بیرتلز”، بەدواداچوونى بۆ چۆنێتى گەشەسەندنى شیعرى پەروەردەی سۆفی كردووە، كە تێیدا نموونەى بە هەندێك بەرهەمی “ئەنساری” هێناوەتەوە. لەبەر ئەوە دواى نزیكەى نیو سەدە، یەكەم شێخى حەقیقی ئەم ئەدەبەی لە هاوشارییەكەى خۆیدا دۆزییەوە، كە “ئەبولمەجد مەجدودى سەنائییە ١١٣١ك”. سەنائی یەكێك بوو لە شاعیرانى كۆشكى غەزنەوییەكان، سەرەتاى ڕێچكە شیعرییەكەى بە هۆزانى ئاڵۆز و گرێ و گۆل دەستی پێ كرد. سەردانى زۆر شوێنى خوراسانى كرد لەوانە “كەرخ و سەرەخس”، دواتر ڕێچكەى شاعیرێكى سۆفی، یان شیاوترە بڵێین شاعیرێكى زاهیدی گرتەبەر”.
دواى ئەوانيش قسە دێتە سەر باسى مەولانا جەلالەدينى ڕۆمى و دەربارەى دەڵێت: “هیچ سۆفییەكی ئیسلامی هێندەی جەلالەدینی ڕۆمی لای ڕۆژئاواییەكان ناو و ناوبانگی دەرنەكردووە، كە لە لایەن شوێنكەوتوانییەوە نازناوی “مەولانا”، یاخود “مەولەوی”، بە توركی “میڤلانا Mevlanna”ی بەسەردا بڕاوە. تەریقەتەكەی مەولانا هەر لە سەردەمێكی بەراییەوە بە هۆی دەروێشە سەماكەرەكانییەوە سەرنجی ئەو گەشتیارانەی ڕاكێشابوو، كە سەردانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیان دەكرد، ئەمەیش بووە خاڵی ئاشنایەتی ڕۆژئاواییەكان بەم تەریقەتە، هەروەك شیعرەكانی مەولانا بوونە بابەتی وەرگێڕان بۆ ئەو ڕۆژهەڵاتناسانەی كە گرنگیان بە ئەدەبی فارسی دەدا. بە چەشنێك “جۆزێڤ ڤۆن هامەر پوگستال ١٧٧٤-١٨٥٦”، كە توانای وەرگێڕانی بەسەر ئەدەبی فارسی و توركی و عەرەبیدا دەشكا، چەندین لاپەڕەی لە کتێبەكەیدا كە بە ناوی “Geschichte der schanen Redekunste Persiens” بووە و لە ساڵی (١٨١٨) چاپ كراوە، بۆ مەولانا تەرخان كردووە”. ئيدى بە درێژى باس لە كاريگەرى زانايانى ئەوروپا دەكات بە مەولانا.
هاوڕێ لەگەڵ ئەم چەند بەشەدا باس لە تەسەوفى ميللى توركى و هيند و پاكستان و چەرخى كلاسيك دەكات، دواتر دێتە سەر باسى پەرچەكردارى نەقشبەندى و دەڵێت: “ئاساییە لە بارودۆخی وڵاتانی ئیسلامی و بەتایبەتی لە نیمچە دوورگەی هیندیدا، تەریقەتێكی سۆفی وەكو “نەقشبەندی” جەنگ لە دژی بزووتنەوە ئایینییەكەی “ئەكبەر” و نوێنەرانی سۆفیگەری دامەزرا و پشت ئەستوور بە عاتیفە و دەستەمۆكردنی هەستەكانی مرۆڤ بەرپا بكات .. هەر چەندە “بەهائەدین نەقشبەندی/١٣٩٠” بە پایەی ئەزمووندارێكی قاڵی تەریقەتەكە گەیشتبوو، لێ “خوجدوڤانی” بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ڕەزامەندی ڕۆحی پێ خەڵات كردبوو، هەر ئەویش چالاكترین شێخی گرۆی خواجەگانی لێ دەرچوو. كە جموجۆڵ و چالاكییە سەرەكییەكانی پێبەستی شاری “بوخارا”بوو، ئەو وەلییەش بوو كە شارەكەی دەپاراست. ئێستایش فرۆشیارانی ڕازیانە -كە بۆ چاوەزار و خۆپاراستن لە چاوی حەسوود دەیسووتێنن- لە ئەفغانستان بە هاواركردن و پاتەكردنەوەی ناوی شاهی نەقشبەند، كاڵاكانیان دەفرۆشن). تەریقەتەكەی ناوبراو پەیوەندی بە چینی فرۆشیاران و بازرگانانیشەوە هەبوو، هەروەك هاوشانی كاریگەرییە ڕۆحییەكەی، سەرمایە و داراییەكەشی زیادی كرد، بە ڕادەیەك هەتا ماوەیەكی دوورودرێژ خۆی و جێنشین و هاوەڵانی سەروكاری كۆشكی “تەیموریی” بوون و “بەوپەڕی بە تەنگەوە بوون و هەتەرییەوە” چاودێری ڕێوڕەسمە ئایینییەكانیان دەكرد، هەتا وایلێهات تەریقەتەكە مۆركێكی تەواو سیاسییانە وەربگرێت”.
لەكۆتايیشدا بە شێوەيەكى ئەكاديمى دێتە سەر باسى “شیعرى سۆفی بە زمانى هەرێمەكانی؛ سندی و بنجابی و پشتویى”، كە گرنگترين شتى ئەم بەشە ئەوەيە كە شميل زۆر بە باشى شێوەزارەكانى سندى و بنجابى و پشتەويى زانيوە.

شميل بە شێوەيەكى ميتۆديانە دوورودرێژ باس لە گرنگترينى ئەو بنەمايانە دەكات كە لە زانستى تەسەوفدا هەم بە تيۆري و هەميش بە پراكتيكى بوونى هەبووە

شياوى باسە پاش كۆتايى كتێبەكە، دوو پاشكۆى لە ژێر ناونيشانى “هێماگەریی پیتەكان لە ئەدەبی سۆفیدا” و “ڕەگەزى مێیینە لە تەسەوف”دا نووسيوە.
بۆيە دەكرێت بڵێين:
قسەكردن لەسەر عیرفانی ئیسلامی پێویستی بە نەفەسێكی دوورودرێژ و قووڵ هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین وێنایەكی تا ئەندازەیەك دروست و نزیك لە واقیعی ئەم بزاڤە فیكرییە گەردوونییە فرە ڕەهەندەمان لە لا گەڵاڵە ببێت، كە دیارە ئەمەش بە خوێندنەوەی بابەتیيانە و بە كاوەخۆ و شیكاری دەقە عیرفانییەكان دەستەبەر دەبێت، بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوە ڕەسەنەكان و هەڵسەنگاندنیان، ئەمەش بە ڕوونی لە نووسینەكانی شمیلدا بەرجەستە بووە. ئەو هاتووە سەرچاوەگەلێكی بنەڕەتی و ڕەسەنی بەكارهێناوە لە بەرەبەیانی سەرهەڵدانی تەسەوفەوە تا ئەمڕۆ زانستییانە و بێلایەنانە مامەڵەی لەگەڵ كردوون و دەرەنجامی پێویستی لێدەرهێناون. بەم كارەش هەم وێنایەكی موتەكامیلی لە ڕەوتی عیرفانی دەدا بە دەستەوە، هەم خوێنەران ڕادەهێنێت لەسەر بابەتیبوون و ڕوانگەی ئەكادیمییانە. نووسەری كتێب بە حوكمی شارەزایی لە زمانی ئەسڵی سەرچاوەكان، واتە عەرەبی، فارسی، توركی و ئۆردونى، توانیویەتی ڕاستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆیان و بەبێ بوونی كۆسپی زمان و وەرگێڕانی وەرگێڕەکان بۆ خۆی لێیان تێبگات. واتا بۆ خۆی نەفەحاتی شێخی جامی و كەشفولمەحجوبی هوجەویری و لومەعی سەراجی تووسی و مەسنەوی مەولانا و شەرحی شەتەحییاتی ڕۆزبهانی بەقلی و حیلیەتولئەولیای ئەبو نوعەیم و تەزكیرەی عەتتاری خوێندووەتەوە و بەكاری هێناون .
تێگەیشتن لە چەمكە عیرفانییەكان تەنها بە لایەنی تیۆری و چەمكسازی نابێت، بەڵكو وێڕای ئەوە دەبێت توێژەر كاری مەیدانییش بكات، واتا بۆ خۆی ئەزموونێكی كردەیی لە بوارەكەشدا هەبێت و لە نزیكەوە لە جەریانی عیرفانی و تەریقەتەكانی جیهانی ئیسلام ئاگادار بێت، بۆ ئەوەی كاریگەری تەسەوف و عیرفان بە چاوی خۆی لەسەر باری ژیانی خەڵك و گۆڕانكارییەكان ببینێت، كە دیارە لەم ڕووەشەوە خاتوونی ڕۆژهەڵاتناس ماوەیەكی باش لەناو خەڵك و لە جیهانی ئیسلامدا ژیاوە، بەتایبەت بە بارودۆخی عیرفان لە توركیا و ئێران و هیندستان و پاكستان بە باشی ئاشنا بووە، ئەمەش وای لێ كردووە شۆر و شەوقێكی تایبەتی بۆ بابەتەكە هەبێت و دڵسۆزانە كاری لەسەر بكات .

قسەكردن لەسەر عیرفانی ئیسلامی پێویستی بە نەفەسێكی دوورودرێژ و قووڵ هەیە

جگە لە سەرچاوە ڕەسەنەكانی عیرفانی ئیسلامی، شمیل ئاگاداری زۆر لەو توێژینەوە تازانەش بووە، كە بە زمانە زیندووەكانی دنیا لەسەر بابەتەكەی بڵاوبوونەتەوە، كە ئەمە ڕەهەندێكی دیكەی گەورەی كارەكەیەتی، بۆ نموونە سوودی وەرگرتووە لە سەدان كتێب و توێژینەوە و گۆڤار و وتار بە زمانەكانی ئەڵمانی و فەڕەنسی و ئینگلیزی، كە ئەمەش بایەخ و بەهایەكی زیاتر دەدات بەم كتێبە .

باسكردن لە ئيبن عەرەبى ئيشبيلى و ئيبنولفاريزى ميسرى، پانتاييەكى گەورەى بە كتێبەكە بەخشيوە، لەگەڵيشیدا بە درێژى باس لە بيرۆكەى وەحدەتولوجود و چۆنێتى گەشەكردنى ئەو بيرۆكەيە دەكات

لەم كتێبەدا جگە لە بیروباوەڕی عاریفانی موسڵمان، باس لە نەریت و عادەت و ڕێوڕەسمی سۆفیەتی بە شێوەیەكی زۆر جوان كراوە. واتە كتێبەكە تەنها بۆ بابەتە تیۆرییەكان تەرخان نەكراوە، بەڵكو ئاوڕی لە لایەنی كردەیی و پراكتیكیش داوەتەوە و نیشانی داوە، تا ئێستاش بیر و هزری عیرفانی لە كۆمەڵگا موسڵمانەكاندا كاریگەری بەرچاوی هەیە .
یەكێكی دیكە لە تایبمەندییەكانی ئەم كتێبە سادە و ئاسانكردنی چەمكە ئاڵۆزەكانی عیرفانە بەو شێوەیەی كە لە سەرچاوە یەكەمەكاندا خراونەتەڕوو، شمیل هاتووە ئەو چەمكانەی بۆ خوێنەری ئەمڕۆ سادە و ئاسان كردووە و بە پێی پێویست ڕوون كراونەتەوە .
وەرگێڕانی كتێبەكە لەو ڕووەوە گرنگە كە دەبێتە سەرچاوەیەكی ئەكادیمییانەی ڕەسەن سەبارەت بە عیرفانی ئیسلامی بە زمانی كوردی، كە دوو كەس پێی هەستاون و جگە لە وەرگێڕانی كتیبەكە بە ئەمانەتەوە، دەقە شیعرییەكانیشیان وەرگێڕاوە و لەو شوێنانەش كە پێویست بێت هەردوو وەرگێڕانە عەرەبی و فارسییەكە پێكەوە بەراورد كراون.
________________
(١)ناونيشانى كتێبە پڕبايەخەكەى ئيبن خەلدون كە ناوى تەواوى (كتاب العبر، وديوان المبتدأ والخبر في أيام العرب والعجم والبربر، ومن عاصرهم من ذوي السلطان الأكبر)ـە، بەڵام زۆرێكيش دەڵێن موقەديمەكە هەڵەيە و دەبێت بوترێت موقەدەمە.

 

Send this to a friend