• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 19, 2023

ڕەهەندەکانی سەردانەکەی سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ کەنداو

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پوختە
لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزى ٢٠٢٣، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، گەشتێکی بۆ کەنداو کۆتایی پێ هێنا کە هەر سێ وڵاتی عەرەبستانی سعودیە، قەتەر و ئیماراتی لەخۆگرتبوو. لەو گەشتەدا تورکیا کۆمەڵێک ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە لە بوارەکانى وزە، پیشەسازی، بەرگری، گەشتیاری، بیناسازی و ژێرخانی ئابووریدا واژووکرد. گەشتەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تورکیا دێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پایتەختەکانی هەرسێ وڵاتدا و دامەزراندنی قۆناغێکی نوێی هاوکاریی نێوان تورکیا و وڵاتانى کەنداو. گەشتەکەی ئەردۆغان تیشکیخستەسەر فاکتەری دارایی و وەبەرهێنان، بە ئامانجی بوژاندنەوەی ئابووریی تورکیا، کە بە شێوەیەکی پێوانەیی دابەزینی بەهای لیرە بەخۆیەوەدەبینێت و بە دەست بەرزبوونەوەی بەرچاوی هەڵاوسان و کێشەی دیکەی ئابوورییەوە لە ئاستە جیاجیاکاندا دەناڵێنێت. داکشانى پابەندبوونی ئەمریکاش بە ئاسایشی کەنداو بزوێنەرێکی سەرەکی بوو بۆ وڵاتانى کەنداو تا بەرەو هەمەچەشنکردنی هاوبەشی دەرەکی هەنگاوبنێن، ئەمەش هانی تورکیای دا کە خۆی وەک هاوبەشێکی نوێی متمانەپێکراو بۆ وڵاتانی کەنداو نیشانبدات، بە تایبەتی کە تورکیا زلهێزێکی چالاکی هەرێمی و نێودەوڵەتی و خاوەنی تواناکانی بەرگری و سەربازییە.

بەرایی
لەم دواییانەدا ناوچەکە زنجیرەیەک پڕۆسەى ئاشتەوایی بەخۆوەبینی، وەک ئاشتەوایی تورکیا لەگەڵ سعودیە، میسر و ئیمارات، وتووێژی سعودیە و ئێران و ئاشتەوایی قەتەر و میسر. ئەم ئاشتەواییانە پاڵنەرێکیان دروستکرد بۆ بەدەستهێنانی ئارامیی زیاتر و پشتگیری بۆ زیادکردنی گفتوگۆ لە نێوان زلهێزەکانی ناوچەکەدا. گەشتەکەی تورکیاش بۆ کەنداو لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا دێت کە جگە لە ئامانجى سیاسی، کۆمەڵێک ئامانجى ئابوورییش لە پشتییەوە هەبوو. گەشتەکەی ئەردۆغان بۆ کەنداو دوای کۆمەڵێک ڕووداوی ئەم دواییەی ناوچەکە هات، کە گرنگترینیان سەرکەوتنی سەرۆککۆماری تورکیا بوو لە خولێکی نوێی سەرۆکایەتیدا، شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، شەپۆلی جیهانی هەڵاوسان و داکشانى ڕۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکە لە بەرانبەر فراوانبوونی کاریگەرییەکانى چیندا. لە لایەکى دیکەوە لێکتێگەیشتنەکانی تورکیا و کەنداو دەتوانن یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی بوونی زلهێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانی دیکە لە ناوچەکە، بەو پێیەى ئەم لێکتێگەیشتنانە دەبێتە هۆی دروستکردنی هاوسەنگییەکی ناوچەیی کە بڕبڕەی پشتی هەماهەنگیی نێوان تورکیا و کەنداو پێکدەهێنێت.

گۆڕانى هاوکێشە سیاسییەکان
پێوەرە تەقلیدییەکانی دەسەڵات، وەک: چڕیی دانیشتوان و ڕووبەری جوگرافی و قەبارەی سوپاکان، چیتر بەس نین بۆ هەژموون و کاریگەریی ناوچەیی. ئامرازەکانی وەک توانای دارایی، کاریگەریی میدیا، مۆدێرنیزاسیۆنی تەکنیکی لە بوارە سەربازییەکان و کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و کۆمپانیا تایبەتەکانی سەربازى، کاریگەرترینن و توانای داڕشتنەوەی هەلومەرجەکانیان هەیە، بە تایبەتی لە سەردەمی دوای جەنگی تەقلیدیدا.
یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی دەیەی ڕابردوو، گۆڕانی خێرای هاوپەیمانی و بەرە ناوچەییەکان بوو، لەو چوارچێوەیەدا بینەرى سەرهەڵدانی ڕۆڵى کاریگەرى وڵاتانی وەک ئیمارات و قەتەر بووین تا ڕکابەری زلهێزە تەقلیدییەکانی وەک سعودیە و میسر و ئێران بکەن. هەردوو وڵات توانییان سوود لە گۆڕانی چەمکی دەسەڵات و ئامرازەکانی وەربگرن، ئەم وڵاتانە کاریانکرد بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە بە هۆی دابەزینی قورسایی و ڕۆڵی زلهێزە تەقلیدییەکانی دیکەوە هاتەئاراوە، بە هۆی قەیرانە ئابوورییەکانیان و دواکەوتوویییان لە بواری مۆدێرنیزاسیۆنی تەکنیکی و سەرقاڵبوونیان بە شەڕە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیانەوە، وەک: میسر و سعودیە. سەرەڕای کۆدەنگیی میسر، سعودیە و ئیمارات لە سەر ڕێکخستنی دۆخی ناوچەکە لە دوای بەهاری عەرەبی، چەند جیاوازییەک لە تێڕوانینی ئەو وڵاتانەدا هەبوو، بە تایبەتی لە سەر سەرکردایەتی و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی وەک لیبیا و سوریا، ئەم جیاوازییانە بووە هۆی پێداچوونەوە بە هاوپەیمانییەتەکان و تورکیاش ئەو بەدیلە بوو کە دەیتوانی نوێنەرایەتیی بەردی بناغەی هاوسەنگیی نوێی هێز بکات، لەبەر ئەو هۆیە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە هەوڵیاندا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەنقەرەدا دووبارە دابڕێژنەوە، ئەم پێداچوونەوانە لە بریی ململانێ زەمینەی بۆ هاوکاری خۆشکرد. “تورکیاش توانیى خۆى وەک گەمەکارێکی گرنگ لە پرسەکانی ناوچەکەدا نمایشبکات، پاشان توانیی کاریگەریی خۆی زیادبکات، بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی نەرم و مۆدێلی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و کارایی پیشەسازیی سەربازیی خۆی، کە بووە هۆی تێکدانی هاوسەنگی لە کۆمەڵێک ململانێی ئەو ناوچانەی کە لە ئازەربایجان و ئۆکرانیا درێژدەبنەوە بۆ لیبیا و سۆماڵ. ڕیالیزمی سیاسی پاڵى بە زلهێزەکانی ناوچەکەوە نا کە ستراتیژی خۆیان لە بریى ململانێ، لە سەر بنەماى هاوکاری بونیادبنێنەوە و لە سەر بنەماى بەرژەوەندیی هاوبەشى تەواى لایەنەکان کار بۆ دووبارە بونیادنانەوە بکەن.”1

تورکیا و وڵاتانى کەنداو
تورکیا لە ساڵی (٢٠١٩)ەوە لەگەڵ قەیرانێکی ئابووریدا ڕووبەڕووبووەتەوە و هەڵاوسان لەم وڵاتەدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە ڕێژەیەکی پێوانەیی (٨٥٪). بەهای لیرەی تورکی لە دوو ساڵی ڕابردوودا گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی بەرانبەر بە دراوە بیانییەکان و دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانیش ڕەوتی دابەزینی لیرە بەردەوامبوو و ٢٠٪ی بەهاکەی لەدەستدا، ئەم کێشانە هانى ئەردۆغانى دا لە خولى دووەمى سەرۆکایەتییەکەى و لە ٥ ساڵی داهاتوودا کەشتییەکەى تورکیا لە دەریای زریاناویی ئابووریدا بگەیەنێتە کەناری ئارام. جگە لە قەیرانی ئابووری، ڕوودانی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٨ پلە لە ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ زیانی زیاتری لێ کەوتەوە و کارەساتەکانی تورکیای دوو هێندە کرد.
گەورەترین ئاڵنگاریى بەردەم حکومەتی نوێی ئەردۆغان قەیرانی ئابوورییە و چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە سەرمایەی گەورە هەیە، کە پترۆدۆلاری عەرەبیی کەنداو دەتوانێت باشترین بژاردە بێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو ئاڵنگارییە حکومەتی تورکیا بە نیازە لە درێژمەودادا وەبەرهێنان بە بەهای ٣٠ ملیار دۆلار بکات لە کەرتەکانی وزە، ژێرخانی ئابوورى و بەرگریدا. ئەردۆغان دەیەوێت ڕێژەی سوود بە نزمی بهێڵێتەوە لە سەر حیسابی هەڵاوسان، ئەمەش زۆرێک لە وەبەرهێنەرانی ڕۆژئاوای نیگەرانکردووە و بەو هۆیەشەوە ڕۆژئاواییەکان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕەتیانکردووەتەوە وەبەرهێنان لەو وڵاتەدا بکەن، هەر لەبەر ئەو هۆکارەش وڵاتانی کەنداو وەک باشترین بژاردە دەرکەوتوون بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە. ئەردۆغان لە وانەکانی ڕابردووەوە فێربووە و بڕیارە سیاسەتێکی میانڕەوتر لە ناوچەکەدا پەیڕەوبکات، چونکە تورکیا سوودی لە دروستکردنی گرژی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا نەبینیوە، بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری و دارایی لە ناوخۆدا پێویستی بە سەقامگیری و هاوکاریی زیاتر هەیە لەگەڵ هاوبەشە نوێ و کۆنەکانیدا، وەک:

١. سعودیە و تورکیا
سەرەڕای مێژووی ئەرێنیی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و ئەنقەرە لە دەیەی ڕابردوودا، چەند ڕووداوێک بوونە هۆی گرژبوونى پەیوەندییەکانی نێوانیان. پشتیوانیی ئاشکرای تورکیا لە برایانی مسوڵمان (ئیخوان موسلمین) بە تایبەت لە کاتی ڕووداوەکانی ڕابوونی ئیسلامیدا، وەک سەرەتای ناکۆکیی ئایدیۆلۆژیی نێوان ئەو دوو وڵاتە سەیردەکرێت. دوای ئەوە لە ساڵی ٢٠١٧ کاتێک قەتەر لەلایەن هاوپەیمانییەکەوە بە سەرۆکایەتیى سعودیەوە سزای بە سەردا سەپێنرا، تورکیا لە پاڵ دەوحەدا وەستا و پاڵپشتیی سەربازیی خۆی بۆ گەلی قەتەر درێژکردەوە، جگە لە دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ گەلی قەتەر، ئەم هەنگاوەش زیاتر سعودیەی توڕەکرد. لە ساڵی ٢٠١٨ لە کاتی کوشتنی جەمال خاشوقچی؛ ڕۆژنامەنوسی ناڕازیی سعودی، ئەردۆغان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ محەمەد بن سەلمانی بە بەرپرسیار لەم ڕووداوە ناوبرد و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ساردتربووەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە هەردوولا گەمارۆی هاوردەکردنی کاڵایان خستەسەر یەکتر.

زۆرێک لە میدیاکانی تورکیا و کەنداو جەختیان لە سەر لایەنی ئابووریی گەشتەکەی ئەردۆغان بۆ کەنداو کرد، بەڵام لە ڕاستیدا گرنگیی سیاسیی گەشتەکە هیچی لە بەها ئابوورییەکەی کەمتر نەبوو.

دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی قەتەر لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکانیدا لە کەنداو، هەوڵەکانی تورکیا بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دەستیپێکرد، سعودیە کە هەستی بە پێویستی کرد بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ناوچەکە، بە تایبەتی دوای شکستی لە یەمەن، گڵۆپی سەوزی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرەدا هەڵکرد. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی تەممووز لە یەکەم وێستگەی گەشتە هەرێمییەکەیدا سەردانی سعودیەی کرد، گەشتێک کە سەربارى لێکەوتە سیاسییەکانى، هیوایەکی زۆری لە سەر هەڵچنراوە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان و کەمکردنەوەی فشارەکانی کورتهێنانی بودجەی گشتیی تورکیا و سنووردارکردنی هەڵاوسان و مامەڵەکردن لەگەڵ دابەزینی بەهای دراوی نیشتیمانیی تورکیادا.
ئامانجی ڕیاز هەمەچەشنکردنی هاوبەشە ئەمنییەکان و هاوردەکردنی تواناى بەرگرییە، بە شێوەیەک کە شایستەی ئەوە بێت کە پیشەسازیی بەرگریی تورکیا لە درێژخایەندا بەناوخۆییبکات. هاوکاریی بەرگری و وەبەرهێنان لەگەڵ تورکیادا یارمەتیدەر بوو بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی قۆرخکاری و هەلومەرجی سیاسی و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا کە لەلایەن دابینکەرە ڕۆژئاواییەکانەوە سەپێنرابوو، بە تایبەتی کە تورکیا سنووردارکردنى کەمتری هەیە لە سەر پرسی گواستنەوەی تەکنەلۆژیای بەرگری.
لە میانى سەردانەکەدا سعودیە و تورکیادا چەندین یاداشت و گرێبەستیان لە بوارە جیاجیاکاندا واژووکرد، لەوانە: وزە، وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆ و هاوکاریی بەرگری. گرێبەست و ڕێککەوتن و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن لە ٢٧ی تەمموز لە شاری جیددە بە ئامادەبوونی محەمەد بن سەلمان؛ شازادەی جێنشینی سعودیە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆکی تورکیا واژووکران.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی سعودیە و تورکیا، ڕێککەوتنەکان بریتین لە کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە تورکیا، سەربارى کۆمەڵێک گرێبەستی گرنگی ئابووری بۆ تورکیا، کە لەم ڕۆژانەدا بە دەست ئابوورییەکی پڕ لە کێشەوە دەناڵێنێت. “سعودیە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان لە تورکیا دەکڕێت بە ئامانجی زیادکردنی توانای هێزە چەکدارەکان و پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری و بەرهەمهێنان. ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعودیە وردەکاریی ئەم ڕێککەوتنەی ڕانەگەیاندووە، تەنها ئەوە نەبێت کە ڕێککەوتنەکە لە نێوان کۆمپانیای پیشەسازیی بەرگریی تورکیا (بایکار) و وەزارەتی بەرگریی سعودیەدا واژووکراوە، بە پشتبەستن بەو ڕێککەوتنە تورکیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بایرەکدار ئاکینجی بە سعودیە دەفرۆشرێت، ئەم ڕێککەوتنە گەورەترین گرێبەستی هەناردەکردنی بەرگریی ئاسمانییە لە مێژوودا”.2
“سعودیە سیاسەتی بەرهەمهێنانی ٥٠٪ی پێداویستییە بەرگرییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی تا ساڵی ٢٠٣٠ پیادەدەکات. به پێی ئەم سیاسەته سعودیە گرێبەستەکانی چەک لەگەڵ هاوبەشەکانیدا بەو مەرجە دەکات کە کارگەی ناوخۆیی بۆ بەرهەمهێنانی ئەو چەکانە دابمەزرێنرێت، ئەمەش دەبێته هۆی گواستنەوەی بەشێک له تەکنەلۆژیای دروستکردنى چەک بۆ سعودیە. ئێستا ١١٤٠ کۆمپانیای سعودی لە تورکیا کاردەکەن، هەروەها ٣٩٠ کۆمپانیای تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکی لە بوارەکانی خۆراک و جوانکاری و بەڵێندەرایەتیدا لە سعودیە چالاکن، هەروەها قەبارەی هەناردەی تورکیا لە ٤ مانگی یەکەمی ٢٠٢٣دا ٧٨١ ملیۆن دۆلار بووە. قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠١٧ بریتی بووە لە ٥.٤ ملیار دۆلار، لە ساڵی ٢٠٢٢ ئەم ڕێژەیە بۆ ١.٦ ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە. چەند مانگێک لەمەوبەر سندوقی گەشەپێدانی سعودیە واژووکردنی ڕێککەوتنێکی بۆ دانانی ٥ ملیار دۆلار لە بانکی ناوەندی تورکیا ڕاگەیاند بۆ پشتیوانیکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی بوومەلەرزەکە. هەروەها سعودیە ئامادەیی خۆی بۆ وەبەرهێنانی ١٨ ملیار دۆلار لە ژێرخانی تورکیا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای دیداری محەمەد بن سەلمان؛ شازادەی جێنشینی ئەم وڵاتە، لەگەڵ ئەردۆغان لە پەراوێزی مۆندیالی ٢٠٢٢ لە قەتەر.”3

کەمبوونەوەی پابەندبوونی ئەمریکا بە پاراستنی ئاسایشی کەنداوەوە بزوێنەرێکی سەرەکی بوو بۆ ئەو وڵاتانە تا بەرەو هەمەچەشنکردنی هاوبەشی دەرەکی هەنگاوبنێن، ئەمەش هانی تورکیای دا کە خۆی وەک هاوبەشێکی نوێی متمانەپێکراویان نیشانبدات.

٢. تورکیا و ئیمارات
هاوشێوەی سعودیە، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیماراتدا لە ژێر کاریگەریی سیاسەتى تورکیا لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی پشتیوانیکردنی لە گرووپە ئیسلامییەکان، ساردبوونەوەی بەخۆوەبینیبوو، هەروەها لە کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ی تورکیا، باس لە تێوەگلانی ئیمارات لەو ڕووداوەدا دەکرێت.
ڕکابەریی نێوان ئەنقەرە و ئەبوزەبی تەنیا لەم ڕووداوانەدا سنووردار نەبوو، بەڵکو لە هەموو پێشهاتە ناوچەییەکان لە ڕۆژئاوای ئاسیا تا باکووری ئەفریقا، بریکارەکانی ئەو دوو وڵاتە دژی یەکتر بوون، بەڵام “لە دوو ساڵی ڕابردوودا سەرکردەکانی ئەو دوو وڵاتە بڕیاریاندا کە لە جیاتیی جیاوازیی ئایدیۆلۆژی، سەرنجبخەنەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان و باشترکردنی پەیوەندییەکان.”4
پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و ئیمارات بە خێرایی بەرەو فراوانبوون دەچێت؛ مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی هاوبەشی ئابوورییان پەسەندکرد و لە سەردانەکەی ئەم دواییەی ئەردۆغان بۆ ئیمارات، ڕێکارەکانی کاراکردنی ئەم ڕێککەوتنە تاووتوێکرا. لە سەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنە پێشبینیدەکرێت لە ٥ ساڵی داهاتوودا ئاڵوگۆڕی نانەوتی نێوان ئیمارات و تورکیا لە ١٨ ملیار دۆلارەوە بۆ ٤٠ ملیار دۆلار بەرزببێتەوە. لە میانی دیدارە فەرمییەکانی ئەردۆغان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیمارات، ١٣ ڕێککەوتن لە بوارەکانی گواستنەوە، تەندروستی، گەشتیاری، پیشەسازیی بەرگری، خانووبەرە، لۆجیستی و تەکنەلۆژیای پەیوەندیدار بە زیرەکیی دەستکرد واژووکران، کۆی بەهای ئەو ڕێککەوتنانە زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلارە. هەروەها ئیمارات بەڵێنیداوە پاڵپشتیی حکومەتی ئەردۆغان بکات بۆ دابینکردنی دارایی پێویست بۆ پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی پەیوەندیدار بە زیانەکانى بومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا، ئەمە جگە لە دروستکردنی لیژنەیەکی ستراتیژیی باڵای نێوان هەردوولا بۆ هەماهەنگیی پرسەکانی هاریکاریی بازرگانی و وەبەرهێنانی ئابووریی نێوانیان.
ئۆمەر پۆلات؛ وەزیری بازرگانیی تورکیا، ڕایگەیاند ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ ئیماراتدا واژووکراون، یارمەتیی بازرگانانی هەردوولا دەدات بۆ ئەوەی بە سوودێکی زیاترەوە وەبەرهێنانبکەن، هەروەها یارمەتیی کۆمپانیا ئیماراتییەکان دەدات بچنە بازاڕی یەکێتیی ئەوروپا لە ڕێگەی ڕێککەوتنی یەکێتیی گومرگی لەگەڵ تورکیادا. وەبەرهێنانی ئیمارات لە بازاڕی تورکیا ئامانجێکی جەوهەری بوو بۆ هەردوولا، بە تایبەت لەگەڵ ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنان لە بازاڕی تورکیا.
لایەنی ئەمنییش لە یاداشتە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولادا ئامادەبوو، ئەمەش ئاماژەیە بۆ خواستی ئیمارات بۆ سوودوەرگرتن لە لێکتێگەیشتنەکانی ئێستا لەگەڵ تورکیادا بە شێوەیەک کە دەستیبگات بە ئامانجە ئەمنییەکانی تایبەت بە خۆی، جا چ لە یاداشتنامەی ئاڵوگۆڕی تۆمەتبارەکاندا بێت، یان یاداشتنامەی دامەزراندنی لیژنەیەکی ستراتیژیی باڵا و هاوکاری لە بواری پیشەسازیی بەرگریدا. قەبارەی وەبەرهێنانی هاوبەش لەگەڵ ئیمارات لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٠ ملیار دۆلاردا مەزەندەدەکرێت لە بوارەکانی گواستنەوە، کشتوکاڵ، پیشەسازیی بەرگری و وزەدا خۆی دەبینێتەوە. ئەم بڕە وەبەرهێنانە ئیمارات دەکاتە گەورەترین هاوبەشی تورکیا لە ناوچەکەدا.
ئێستا قەبارەی بازرگانی ساڵانەی ئەو دوو وڵاتە لە ١٠ ملیار دۆلار نزیکە و دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە و ئەبوزەبی هیوادارن تا کۆتایی خولى سەرۆکایەتییەکەى ئەردۆگان بگاتە ٤٠ ملیار دۆلار.

ئەردۆغان دەیەوێت بە خۆشگوزەرانییەوە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی بهێنێت، هەر بۆیە نایەوێت هەڵەکانی ڕابردووی دووبارەبکاتەوە و بڕیارە سیاسەتێکی میانڕەوتر لە ناوچەکەدا پەیڕەوبکات.

سەبارەت بە ڕێگرییەکانى بەردەم ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و ئیمارات، دەکرێت بڵێین کە “ئەو دوو وڵاتە بەردەوامن لە ڕکابەرییەکانیان لە لیبیا، سوریا و بەشێک لە ئەفریقا، کە ڕەنگە ببێتە ئاڵنگارییەک بۆ ئاسایبوونەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی داهاتوویان، بۆ نموونە: لە لیبیا ئیمارات پاڵپشتیی ژەنەڕاڵ خەلیفە حەفتەر دەکات، تورکیاش پاڵپشتی لە حکومەتی یەکێتیی نیشتیمانی دەکات، کە بنکەکەی لە تەرابلوسە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانپێدانراوە. هاوکات ئیمارات پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد؛ سەرۆکی سوریا، دروستکردووەتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا سوپای تورکیا بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە ناوچەکانی باکووری سوریا، بەڵام پێشبینیدەکرێت کە تورکیا و ئیمارات خۆیان لە تۆمەتبارکردنی ڕاستەوخۆی یەکتر بەدووربگرن و لە بریی ئەوە، بەردەوامبن لە پەیوەندییەکانیان.”5

٣. قەتەر و تورکیا
لە گەشتەکەى کەنداوى ئەردۆغاندا قەتەر پێگەیەکی جیاوازی هەبوو، چونکە بە پێچەوانەی سعودیە و ئیماراتەوە، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ قەتەر لە ڕابردوودا ستراتیژی بووە. هەردوو وڵات هەڵوێستی هاوبەشیان هەبوو، له کاتی کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیا له ساڵی ٢٠١٦ قەتەر پاڵپشتیی ئەردۆغانی کرد، له لایەکی دیکەوه ئەنقەره لە کاتی گەمارۆدانی قەتەر لە پاڵ میر تەمیم ئەل سانیدا وەستایەوە. لە پرسە ناوچەییەکان لە لیبیا بۆ یەمەن و لەم دواییانەشدا لە ئەفغانستان و هەروەها لە پرسە عەرەبییەکانى وەک سوریا، نزیکبوونەوەی قەتەر و تورکیا یەکگرتوو بووە تا ئەو ڕادەیەی کە قەتەر لەلایەن کۆمکاری عەرەبییەوە تۆمەتبارکرا بە پاڵپشتیی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر باکووری سوریا لە ٢٠١٩.
قەتەر هەمیشە پاڵپشتیی حکومەتی ئەردۆغانی کردووە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە ئابوورییەکانی تورکیا و وەبەرهێنانێکی زۆری لە بوارە جیاجیاکانی ئەم وڵاتەدا کردووە، سەردانەکەی ئەم دواییەی ئەردۆغان بۆ دۆحە هەنگاوێکی دیکەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات. لەم سەفەرەدا چەندین ڕێککەوتنی ئابووری واژووکران، کە تا ئێستا وردەکارییەکانیان بڵاونەکراوەتەوە.
پەیوەندییەکانی قەتەر و تورکیا بە هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش دەناسرێتەوە کە بە درێژایی ماوەی ڕابردوو پارێزراوە، سەرەڕای هەموو هەڵاوسان و قەیرانە سیاسییەکانى ناوچەکە، دەوحە ویستوویەتی لە سەردانەکەی ئەم دواییەی ئەردۆغان، خواستی بەردەوامی قووڵبوونەوەى پەیوەندییەکان و هاوکاری دووقۆڵی و هاوبەشیی نێوانیان پشتڕاستبکاتەوە، بە شێوەیەک کە قورساییەکی کاریگەر بە هەردوو لایەن بدات لە سەر هەردوو گۆڕەپانى هەرێمی و نێودەوڵەتی.
پەیوەندییەکانی دەوحە و ئەنقەرە لە چەند ساڵی ڕابردوودا پەرەسەندنى زۆرى بەخۆیەوەبینیوە، بە تایبەتی لە مانگی حوزەیرانی (٢٠١٦)وە کە سعودیە پلانی هەبوو هێرشبکاتەسەر قەتەر، بەڵام بە هۆی پلانى ئێران و پشتیوانیی تورکیا بۆ قەتەر، هێرشەکە ڕووینەدا، هاوکارییەکى بەردەوام لە سەر ئاستە جیاوازەکان لە نێوان قەتەر و تورکیادا هەیە، سەربارى هەماهەنگییەکی زۆر و ڕێککەوتنی سیاسی لە سەر زۆرێک لە پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە سەر ئاستی سەربازی لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٧دا بەهێزتر بوو، ئەمەش دوای پەسەندکردنی ڕێککەوتنی هاوکاریی سەربازی لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە.
تورکیا پەیوەندیی ستراتیژیی لەگەڵ قەتەردا هەیە، نزیکەی ١٥ هەزار سەربازی تورکیا لە قەتەر هەیە. لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ئەردۆغان بە وەبەرهێنان لە قەتەر و پاشەکەوتکردنی پارەی ئەو وڵاتە لە بانکەکانیدا توانیی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا هەڵاوسان کۆنترۆڵبکات.

ئامانجەکانی وڵاتانی کەنداو
لەم نێوەندەدا وڵاتانی کەنداو زیاتر لە ڕوانگەی سیاسییەوە هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندی خۆیان لەگەڵ تورکیادا دەکەن نەک لە ڕوانگەی ئابوورییەوە. بە لەبەرچاوگرتنی کەمبوونەوەی خواستى ئەمریکا بۆ ئامادەبوون لە کەنداوی فارس، ئەم وڵاتانە دڵخۆشن بە هاتنەوەپێشی تورکیا بۆ کەنداوی عەرەبی و ئارەزووی یارمەتیدانی تورکیایان هەیە لە کێبڕکێی هەرێمیدا.
وڵاتانی کەنداو بە سەرۆکایەتیی سعودیە و ئیمارات، زیاتر لە ساڵێکە پەیڕەوەی لە سیاسەتی “سفرکردنەوەی کێشەکان” دەکەن. ئەم وڵاتانە کە ڕێگەی گەشەسەندنی ناوخۆ و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکییان گرتووەتەبەر، بە ڕواڵەت گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە پێویستە هەوڵی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بۆیە سیاسەتی دیالۆگ و سازش لەگەڵ ڕکابەرەکانیاندا، لەوانەش: ئێران و تورکیا، جێبەجێدەکەن. ئەم سیاسەتە پەیوەستە بە کەمبوونەوەی هەژموونى ئەمریکاوە لە ناوچەکەدا، کە یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ چین و وڵاتانی ناوچەکەدا، ئەمەش پێشهاتێکە دەسەڵاتی هەژموونى سیاسی و هێزی نێوەندگیری بە وڵاتانی عەرەبیی کەنداوی فارس بەخشیوە.
وەبەرهێنانەکان لە بواری بەرگریدا نوێنەرایەتیی لایەنێکی گرنگی ڕێککەوتنە واژووکراوەکانی دەکرد، بە تایبەتی کە تورکیا توانیویەتی پیشەسازیی بەرگری و سەربازیی خۆی بەرەوپێشببات.
وەزارەتی بەرگریی سعودیە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆمپانیای بایکارى تورکی بەدەستهێنا و ئامانجی سەرەکی لەم کارەش بەرزکردنەوەی ئامادەیی هێزە چەکدارەکان و بەرزکردنەوەی توانای هێزى بەرگریی سعودیەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەر لایەنێک لەم جۆرە وەبەرهێنانەدا ئامانجەکانی خۆی بەدەستدەهێنێت، بەڵام کوالێتیی وەبەرهێنان، چ لە ڕووی جۆری فڕۆکە یان کەرەستەی سەربازییەوە، ڕەنگە وابەستەی ڕادەی ئەو لێکتێگەیشتنانە بمێنێتەوە کە هەردوولا لە سەری ڕێککەوتوون، جا بە زیادکردن بێت یان کەمکردنەوە.
هەروەها واژووکردنی ڕێککەوتنی ئەنقەرە لەگەڵ ئەبوزەبیدا سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی کەسانی داواکراو لە نێوانیاندا، ئاماژەیە بۆ هاریکاری لە بوارى ئاسایش و ئەگەری باشتربوونی بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوانیان و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکانی پێشووی نێوان هەردوو وڵاتى لێ دەکەوێتەوە.
“لێکنزیکبوونەوەی تورکیا و کەنداو خاڵی بەهێز دەبەخشێت بە هەردوولا، بۆ ئەوەی هەریەکەیان بتوانن لە هەماهەنگیی هاوبەشی بەرژەوەندییە تایبەت و هەرێمییەکان و بەهێزکردنی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا سوودمەند بن، بەڵام نزیکبوونەوەی تورکیا و کەنداو ڕەنگە ببێتە هۆی جۆرێک لە یەکسانی لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ڕۆژئاوادا، چونکە تورکیا ئێستا هێزی ئابووریی خۆی لە بواری وزەدا بەدەستدەهێنێتەوە، بە تایبەتی لە سایەی وڵاتانی کەنداوی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی وزە.”6
پێشبینیدەکرێت وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو تا ساڵی ٢٠٢٨ بازرگانییان لەگەڵ ئەنقەرەدا هەبێت و پەیوەندییەکانی تورکیا و کەنداو هاوشێوەی دوو دەیەی ڕابردووى لێ ببێتەوە، لە لایەکى دیکەوە “دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بۆ زۆرێک لە بەرپرسانی کەنداو جێگەى بایەخ بوو، لەبەرئەوەى بۆى هەبوو بە سەرکەوتنى کەمال کلیچدارئۆغڵو؛ کاندیدی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەرانبەر بە ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو بە شێوەیەک بگۆڕێت کە پەیوەندییەکانیان تێکبدات، بە تایبەتی قەتەر کە مەترسیی دابەزینی ئاستی پەیوەندییەکانی هەبوو لەگەڵ ئەنقەرە لەگەڵ سەرکەوتنى کلیچدارئۆغڵودا.”7

وڵاتانی کەنداو بە سەرۆکایەتیی سعودیە و ئیمارات، زیاتر لە ساڵێکە پەیڕەوەی لە سیاسەتی “سفرکردنەوەی کێشەکان” دەکەن. بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری دەدەن لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیاندا، بۆیە سیاسەتی دیالۆگ و سازش لەگەڵ ڕکابەرەکانیاندا، لەوانەش: ئێران و تورکیا، جێبەجێدەکەن.

دەستکەوتەکانى تورکیا
1.شەڕەکانی ساڵانی ڕابردوو گرنگیی چەکی نوێ لە یەکلاییکردنەوەی ململانێکان لە سەرانسەری جیهاندا نیشاندا، بە تایبەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی زیرەک. تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بە خێرایی گەشەسەندنی بەخۆیەوەبینیوە لە بواری سەربازیدا، هەروەها پێشکەوتووترینە لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە ناوچەکە و توانیویەتی موشەکی کروز پەرەپێبدات کە لە سەر ئەو فڕۆکانە دانراون، جگە لەوەش لە پەرەپێدانی فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی جەنگی لە جۆری کزڵ ئێلما (Kızıl Elma) پێشکەوتنی بەەستهێناوە. بەم پێیە هاوبەشیی نێوان هەردوولا لە ئاستە جیاجیاکاندا بە بەرهەمدار دادەنرێت، بە تایبەتی بە ئامادەیی ئەنقەرە بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و خۆماڵیکردنی ئەم پیشەسازییە لە وڵاتانی کەنداو و هاوکاریی هاوبەش لە سەر پەرەپێدانی.
2.ڕێککەوتنە سەربازییەکان گەورەترین ڕێککەوتنە لە مێژووی پیشەسازیی بەرگریی تورکیادا. سعودیە ڕێککەوتنێکی واژووکردووە بۆ باشترکردنی کارایی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی “ئاکینجی” کە مەودای فڕینی مامناوەند و بەرگەگرتنی درێژخایەنیان هەیە، ئەمە جگە لە کۆمەڵێک ڕێککەوتننامەی تری هاوکاریی سەربازی، وەک: گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و بەرهەمهێنانی هاوبەش بە مەبەستی پێشخستنی پیشەسازیی تەکنەلۆژیای بەرز و زیادکردنی تواناکانی بەرهەمهێنان لە هەردوو وڵاتدا، هەروەها سعودیە ئارەزووی خۆی دەربڕی بۆ دروستکردنی هێڵی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە شاری جیددە بۆ بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا. گواستنەوەی تەکنۆلۆژیا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە پیشەسازیی بەرگریی سعودیەدا، هەروەها داهاتی پیشەسازیی بەرگری تورکیا زیاددەکات، جگە لەوەش، سعودیە و تورکیا سێ یاداشتنامەی هاوکارییان لە بوارەکانی وزە، وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆ و هاوکاری میدیاییدا واژووکرد و ڕێککەوتن لە سەر پلانی جێبەجێکردن بۆ هاوکاریکردن لە بوارەکانی تواناکان، پیشەسازیی بەرگری و توێژینەوە و پەرەپێدان. سعودیە سوودمەند دەبێت لە هاوبەشییە سەربازییەکانی لەگەڵ تورکیادا، بە سووککردنی ئەو سنووردارکردنانەی کە بۆ کڕینی چەک بە سەریدا سەپێنراوە.
3.”هاوبەشیی نێوان تورکیا و وڵاتانى کەنداو هۆکارێکی سەرنجڕاکێشە بۆ وڵاتانی دیکە بۆ چوونەناو ئەو هاوپەیمانیەتییە ناوچەییە، بە تایبەتی لەگەڵ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و میسردا. ئەگەر ئەم هاوبەشییە گەشەبکات و ببێتە هاوپەیمانییەکی هەرێمیی فراوانتر، ئەوا هاوکارییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا لە بوارەکانی وزە و کەشتیوانیدا بەرزدەکاتەوە. سەبارەت بە کیشوەرى ئەفریقا، تورکیا بە وەبەرهێنانە گەورەکانی لە ئەسیوپیا، دەتوانێت فشاربخاتەسەر ئەدیس ئەبابا بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک جێگەی ڕەزامەندیی میسر و ئەسیوپیا بێت لە سەر پرسی بەنداوی گەورەی ڕێنێسانسی ئەسیوپیا.”8

هەڵسەنگاندنی گەشتەکەی ئەردۆگان بۆ کەنداو
سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ ٣ وڵاتی کەنداو دەتوانرێت لە ٢ ڕوانگەی ئابووری و سیاسییەوە شیکاربکرێت. لایەنی ئابووری لە میدیاکاندا زیاتر جەختی لێ کراوەتەوە، بەڵام پێدەچێت ئامانجە سیاسی و ستراتیژییەکانی ئەو گەشتەش گرنگییەکی زۆری هەبێت.
تورکیا بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو کێشە داراییانەی کە بە هۆی زیادبوونی قەرزە دەرەکییەکانەوە دروستبووە، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەهای لیرە و دابەزینی پێگەی ئەم وڵاتە لە ڕیزبەندیی جیهانی وەبەرهێناندا، ڕووى لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی کەنداو کرد بۆ ڕاکێشانی سەرمایەى ئەو وڵاتانە تا وەبەرهێنانبکەن لە تورکیا. “بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی پەیوەندییەکان و هاوسەنگییەکی نەرم لە گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، بەدوورنازانرێت کە وڵاتانی بچووکتری کەنداو وەک قەتەر، کوێت و تەنانەت ئیمارات، وەک فاکتەری هاوسەنگی لە بەرانبەر سعودیە سەیری ئەنقەرە بکەن، بە تایبەتی تورکیا، لە کاتی گەمارۆی سەر قەتەردا ئەرکی پشتیوانیی بۆ دەوحە جێبەجێکردووە.”9

هاوبەشی تورکیا و وڵاتانى کەنداو هۆکارێکی گرنگە بۆ وڵاتانی دیکە، ئەگەر ئەم هاوبەشییە گەشەبکات و ببێتە هاوپەیمانییەکی هەرێمیی فراوانتر، ئەوا هاوکارییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە بوارەکانی وزە و کەشتیوانیدا بەرزدەکاتەوە.

گەشتە عەرەبییەکەی ئەردۆغان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە میدیا عەرەبی و تورکییەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبووە و زۆرێک لە شارەزایان ئەم گەشتەیان بە دووەم سەرکەوتنی ئەردۆگان لە دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا ڕاڤەکردووە. گرنگترین هۆکاری گرنگی ئەم گەشتە، گۆڕانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سعودیە و ئیماراتە لە گرژبوونەوە بۆ هاریکاری؛ پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ ڕیاز و ئەبوزەبی تەنها لە ماوەی دوو ساڵدا لە کێبڕکێیەوە بەرەو ئاساییبوونەوە و دواتر بۆ هاوبەشیی ستراتیژی پەرەیسەندووە.
تورکیا بۆی دەرکەوتووە ئەگەر بیەوێت کاریگەریی خۆی لە ناوچەکەدا بپارێزێت، دەبێت پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ زلهێزەکانی ناوچەکە وەک میسر و سعودیە بەردەوامیی پێ بدات، هەروەها تورکیا بۆ پێشگرتن لە داڕمانی ئابوورییەکەی پێویستی بە دراوى قورس هەیە و ئەمەش لە ڕێگەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا، بە تایبەتی سعودیە و ئیمارات، بەدەستدێت، لە کاتێکدا ئەم دوو وڵاتە بە دوای پڕۆژەی ئابووریدا لەگەڵ چیندا دەگەڕێن، ئەمەش وا دەکات تورکیا هەستبکات پێویستە هەبێت لە گۆڕەپانەکەدا. “ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەتی میسر و وڵاتە کاریگەرەکانی ناوچەی کەنداو، چووەتە قۆناغێکى نوێوە. دوای شەڕی ڕوسیا لەگەڵ ئۆکرانیا و هاتنەسەرکاری جۆ بایدن؛ سەرۆکی ئەمریکا و گۆڕینی سیاسەتەکانی ئەمریکا، هەموو ئەمانە وای کرد وڵاتانی ناوچەکە سیاسەتی نوێ و جیاواز بگرنەبەر.”10
تورکیا سوودی لە هەڵەکانی ڕابردوو وەرگرتووە و بڕیارە سیاسەتێکی میانڕەوتر لە ناوچەکەدا پەیڕەوبکات، چونکە ئەردۆغان دەیەوێت بە خۆشگوزەرانییەوە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی بهێنێت لە دوای ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە کاریگەریی لە سەر وڵاتەکە دروستکردووە.
“ئێران، سعودیە و تورکیا لە دێرزەمانەوە لە کێبڕکێدا بوون، ئێستاش ئیمارات بۆ ئەم گرووپە زیادبووە، بۆیە لە ناوچەکەدا کێبڕکێیەکی جیۆپۆلەتیکی لە نێوان ئەم وڵاتانەدا هەیە، هەر یەکێک لەو وڵاتانە لێکنزیکببنەوە، وڵاتی سێیەم یان چوارەم خەمی پەیوەندییەکەی نێوانیانی دەبێت. سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ وڵاتانی کەنداو دوای هەڵبژاردنە هەستیارەکانی تورکیا، گرنگیی وڵاتانی کەنداو لە کارنامەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا نیشاندەدات. پەرەسەندنی بەرژەوەندیی وڵاتانی کەنداو لە وەبەرهێناندا بۆ تورکیا گرنگە، لەبەرئەوەی هەوڵی زیادکردنی هەناردە دەدات بۆ کەمکردنەوەی کێشە ئابوورییەکان.”11
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە بە سیاسەتە ناوچەییەکانى لە دەیەی ڕابردوودا وڵاتەکەی نوقمی قەیرانە ئابووری و ئەمنییەکان کرد، ئێستا وازی لە ڕێبازی دروستکردنی گرژی هێناوە و سیاسەتی کارلێککردن لەگەڵ دراوسێکان لە لوتکەی پلانەکانیدایە و هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات تا تورکیا لە قەیرانەکان ڕزگاربکات.
“ئەو دۆخەى بە هۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانەوە دروستبووە، دەرفەتی بە تورکیا داوە تاوەکو وێنای خۆی لە ناوچەکەدا وەک وڵاتێکی نامۆ بگۆڕێت، بەو پێیەی دەرگای کردەوە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕکابەرە ناوچەییەکانی پێشووتری، بە تایبەتی میسر. ئەم ئاساییکردنەوەیە لەلایەن سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییەوە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ سەقامگیریی ناوچەکە پێشوازیی لێ کرا.”12

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی پیشەسازیی بەرگری و فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا ئەنقەرە ئامادەیی نیشانداوە بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و خۆماڵیکردنی ئەم پیشەسازییە لە وڵاتانی کەنداو.

دەرئەنجام
1.گەشتەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ کەنداو لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەو وڵاتانەدا هەڵداوەتەوە، بە شێوەیەک کە دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی و گرژی و کێبڕکێ تا ئاستى پێکدادان لە هەندێک ناوچەی وەک لیبیا، سوریا، یەمەن و سودان، پەیوەندییەکان بەرەو ئاساییبوونەوە و دواتر بەرەو هاوبەشیی ستراتیژی دەڕۆن.
2.وڵاتانی عەرەبیی ناوچەی کەنداو بە سەرۆکایەتی سعودیە و ئیمارات، زیاتر لە ساڵێکە سیاسەتێکیان بە ناوی “سفرکردنەوەی کێشەکان” گرتووەتەبەر. ئەم وڵاتانە کە ڕێگەی گەشەسەندنی ناوخۆ و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی پەیڕەودەکەن، بە ڕواڵەت گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە پێویستە هەوڵی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بۆیە سیاسەتی دیالۆگ و سازشیان لەگەڵ ڕکابەرەکانیاندا، لەوانە: ئێران و تورکیا، گرتووەتەبەر، ئەم سیاسەتە پەیوەستە بە کەمبوونەوەی بوونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کە یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ چین و تورکیا و ئێران، پێشهاتێک کە دەسەڵاتی سیاسی و هێزی نێوەندگیریی بە وڵاتانی عەرەبی کەنداو بەخشیوە.
3.ئەردۆغان سوودى لە هەڵەکانی ڕابردوو وەرگرتووە و بڕیارە سیاسەتێکی میانڕەوتر لە ناوچەکەدا پەیڕەوبکات، چونکە تورکیا سوودی لە دروستکردنی گرژی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی نەبینیوە، بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری و دارایی لە ناوخۆدا پێویستی بە سەقامگیری و هاوکاری هەیە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا.
4.هاوبەشیی کەنداو و تورکیا خاڵی سەرەتای دامەزراندنی سیستەمێکی هاوبەشی ناوچەیی و بەرزکردنەوەی هاوکاری لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان، وزە، ئاسایش و پیشەسازیی بەرگرییە، هەروەها دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ هاوکاریی فراوانتری ناوچەیی بە بەشداریکردنی وڵاتانی دیکە و زلهێزەکانی ناوچەکە، وەک: میسر و ئێران.
5.هاوکاری لە بواری پیشەسازیی سەربازیدا ڕێگە بە خۆماڵیکردنی هەندێک تەکنەلۆژیا و بەدیهێنانی خۆبژێوی دەدات بۆ وڵاتانی ناوچەکە لە ڕووی بەرهەمهێنانى چەکی سووک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئەو تەقەمەنییانەی کە پێویستیان پێیەتی، ئەم جۆرە هاوکارییەش ڕەهەندێکی ستراتیژی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی جیهانی ئیسلامی زیاددەکات و دەشێت نوێنەرایەتیی سیستەمێکى نوێی هەرێمی بکات، کە لە پاکستانەوە درێژدەبێتەوە بە ڕێگەی کەنداودا و بە تورکیا کۆتاییدێت.

هاوکاری لە بواری پیشەسازیی سەربازیدا ڕێگە بە خۆماڵیکردنی هەندێک تەکنەلۆژیا و بەدیهێنانی خۆبژێوی دەدات بۆ وڵاتانی ناوچەکە لە ڕووی بەرهەمهێنانى چەکی سووک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئەو تەقەمەنییانەی کە پێویستیان پێیەتی، ئەم جۆرە هاوکارییەش ڕەهەندێکی ستراتیژی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی جیهانی ئیسلامی زیاددەکات و دەشێت نوێنەرایەتیی سیستەمێکى نوێی هەرێمی بکات، کە لە پاکستانەوە درێژدەبێتەوە بە ڕێگەی کەنداودا و بە تورکیا کۆتاییدێت.

سەرچاوەکان
1.معجون عربی اردوغان برای نجات اقتصاد ترکیه (https://2u.pw/pvdYjEZ).
2.ایلیا جزایری: اردوغان در کشورهای خلیج فارس؛ آشتی گرم اقتصادی و دفاعی پس از قهر تند سیاسی (https://cutt.us/YC0n0).
3.دلایل سفر اردوغان به کشورهای منطقه (https://2u.pw/PjWBVNa).
4.دستاوردهای سفر اردوغان به سه کشور حوزه خلیج‌ فارس (https://2u.pw/vISjDxA).
5.نظرة على إحیاء العلاقات التركية الإماراتیة (https://cutt.us/o9IOh).
6.بعد زيارة الرئيس أردوغان للخليج…أبعاد العلاقات الخليجية التركية ومستقبلها (https://cutt.us/J4RFr).
7.سفرهای منطقه ای اردوغان و تاثیر آن بر اقتصاد ترکیه (https://cutt.us/zPun9).
8.محمد سليمان الزواوي: جولة أردوغان الخليجية: أبعاد ودلالات (https://cutt.us/5aEeu).
9.ارزیابی سفر اردوغان به خلیج فارس؛ بیشتر اقتصاد و کمتر سیاست (https://2u.pw/l3ajerH).
10.سفرهای اردوغان به کشورهای منطقه؛ کاهش تنش‌ها با اولویت اقتصادی (https://2u.pw/3epoR7J).
11.اهداف رئیس جمهور ترکیه از سفر به کشور‌های حوزه خلیج فارس/ از افزایش فعالیت‌های تجاری تا اصلاح روابط(https://2u.pw/zcKQP3A).
12.منافع ترکیه در خلیج فارس چیست؟ (https://2u.pw/uJ6Z5ox).

 

Send this to a friend