• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 19, 2023

دیدی تورکیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەڕێوەبردنی جەنگ

هاوبیر هیوا کریم

پوختە 

 بە هۆی ئەوەی تورکیا لەسەر ئاستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن پێگەیەکی سیاسی و جیۆستراتیژیی بەهێزە، گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکان چ لە سەر ئاستی هەرێمایەتی چ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی کاریگەریی لە سەر دادەنێت، هاوکات تورکیاش هەوڵی بەڕێوەبردنی ئەو کێشانە دەدات کە بەرەوڕوویدەبێتەوە.   لەم توێژینەوەیەدا سیاسەتی تورکیا لە بەڕێوەبردنی ئەو جەنگ و کێشە و ئاڵۆزییە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەی کە لە سەر ئاستی جیهان ڕوودەدەن، خراوەتەڕوو، وەک: جەنگی سوریا، ئەرمینیا و ئازەربایجان، ئۆکرانیا و ڕووسیا، ئیسرائیل و فەڵەستین یاخود حەماس، بە تایبەتییش جەخت لە سەر سیاسەتی تورکیا بۆ بەڕێوەبردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و لێدوانی بەرپرسانی تورکیا لە سەر ئەو بابەتە و هۆکار و پاڵنەرەکانی هەڵوێستی تورکیا لە سەر جەنگەکە کراوەتەوە، لەگەڵ خستنەڕووی چەند سیناریۆیەک سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین.ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی نوێی تورکیا لە ناوچەکەداڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لەو بەش و ناوچەیەی جیهان کە دەتوانرێت بگوترێت گرنگترین پێگەی هەیە لە گشت ڕووەکانەوە، بە تایبەت لە ڕووی ئابووری و جیۆپۆلەتیکەوە، چونکە لەم ناوچەیەدا چەندین کارەکتەری نێودەوڵەتیی بەهێز هەن کە چالاکی و بڕیارەکانیان دەتوانێت کاریگەری بخاتەسەر تەواوی جیهان، هەر بۆیە سەرەڕای گرنگیی ناوچەکە لە ڕووە جوگرافییەکەیەوە، هەبوونی ئەو کارەکتەرە نێودەوڵەتیانە گرنگیی زیاتری داوە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.یەکێک لەو کارەکتەرە نێودەوڵەتییە چالاک و سەرەکییانەی ناوچەکە تورکیایە. دەتوانین بڵێین: پێگە و جیۆستراتیژیی دەوڵەتی تورکیا کە تەنانەت بە ئاسیای بچووک ناوبراوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشکی گەورەی بەردەکەوێت و بڕیارە سیاسییەکانی ئەو دەوڵەتە کاریگەریی تەواو دەخاتەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.سیاسەتی دەرەوەی تورکیا تا پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە ١٤/٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣ لەلایەن مەولود چاوشئۆغڵۆ (Mevlüt Çavuşoğlu)؛ وەزیری دەرەوەی پێشووی تورکیاوە بەڕێوەدەبرا، سیاسەتێکی شەڕانگێز و پەلهاوێشتن و دەستدرێژیکردنەسەر زۆرینەی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی و دەرکردنی بەیاننامەی توند و زمانی زبر بوو، تەنانەت لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا و خولوسی ئاکار؛ وەزیری پێشووی بەرگریی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن؛ گوتەبێژی پێشووی سەرۆکایەتیی کۆمار و بەرپرسی ئێستای دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی (میت)یشەوە لە دژی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک: سوریا، عێراق، یۆنان …هتد، زمانی زبر و هەڕەشە بەکاردەهێنرا، بەڵام بە هۆی زۆریی فشارەکانەوە لە سەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتی و بە تایبەت بە هۆی قەیرانی ئابووری و زۆریی ڕێژەی هەڵئاوسانەوە کە بەرۆکی حکومەتەکەی ئەردۆغانی گرتبووەوە و چیتر تورکیا نەیدەتوانی بەرەی نوێی جەنگ بکاتەوە و توانای بەڕێوەبردن و بەرگەگرتنی زیاتری فشاری ئابووریی ئەمریکا و ئەوروپای نەمابوو، دوای سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان یەکێک لەو گۆڕانکارییانەی کردی، بریتی بوو لە دانانی هاکان فیدان؛ بەرپرسی پێشووی میت بە وەزیری دەرەوە، ئەمە لە کاتێکدا بوو ئەردۆغان فیدانی بە سندوقی نهێنییەکانی خۆی (Sır Küpü) وێناکردووە، هەروەها دانانی ئیبراهیم کاڵن بە بەرپرسی میت، کە دەوترێت کەسایەتییەکی متمانەپێکراو و ڕاوێژکاری سەرەکیی ئەردۆغانە.لەم دوو گۆڕانکارییەوە سیاسەتی نوێی دەرەوەی تورکیا بەرانبەر بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی خراپی ئابووریی ئەو وڵاتە، گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆوەبینی، ئەویش بریتی بوو لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ گشت وڵاتاندا و زیادکردنی سەردانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ وڵاتانی ناوچەکە و زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و نەرمینواندن لە سیاسەتی دەرەوەدا.ئێستا سیاسەتی دەرەوەی تورکیا زیاتر خۆی لە نێوەندگیردا دەبینێتەوە، چونکە تورکیا لە نێوان بەرەی ڕووسیا و بەرەی ئەمریکا و ئەوروپاوە لە ژێر فشاردایە، سیاسەتە نوێیەکەی ئەنقەرە بریتییە لە پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان هەردوو بەرەکەدا، بە جۆرێک کە زیاد نزیکبوون لە هەر لایەنێکیان زیان بە تورکیا دەگەیەنێت. ئەم سیاسەتە زیاتر خوازیاری لێکنزیکبوونەوەیە لەگەڵ ڕووسیادا، بەڵام بە هۆی ئەوەی ڕووسیا بە هۆی جەنگی ئۆکرانیاوە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)وە دووچاری سەپاندنی سزا بووەتەوە، تورکیاش وەک هاوپەیمانێکی ناتۆ ڕەتیکردووەتەوە سزا بسەپێنێت بە سەر ڕووسیادا، هەر بۆیە لەلایەن وڵاتانی ئەندامی ناتۆوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە، بەو هۆیەشەوە هەر نزیکبوونەوەیەکی تورکیا لە ڕووسیا وا دەکات لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە توشی سزا ببێتەوە، بە تایبەت سزای ئابووری، کە ئەمەش زیانێکی گەورە بە تورکیا دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان، لەو نێوەندەشدا تورکیا ناچاردەبێت هاوسەنگی لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا ڕابگرێت، هەر بۆیە لە سیاسەتی نوێی تورکیادا هەوڵی پاراستنی ئەو هاوسەنگییە دراوە.
سیاسەتی تورکیا بۆ بەڕێوەبردنی جەنگلە سیاسەتی نوێی تورکیادا هەموو هەوڵەکان لەو پێناوەدایە کە لەو قەیرانە ئابوورییەی تێیکەوتووە، دەربازیببێت، لە هەمان کاتدا نەبێتە لایەنگری هیچ کام لە دوو زلهێزە جیهانییەکە (ئەمریکا و ڕووسیا)، هەر بۆیە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ زۆرینەی وڵاتان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا خراوەتەگەڕ، لەم ڕێگەیەوە تورکیا هەم لە جەنگ ڕزگاریدەبێت کە تێچوویەکی زۆری دەبێت و زەرەر و زیانی پێ دەگات لە ڕووی سەربازی و داراییشەوە، هەم دەتوانێت پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی فراوانتربکات، تاکو سودی ئابووری بۆ وڵات بەدەستبهێنێت، لە لایەکی دیکەشەوە ئەردۆغان و هاکان فیدان بە تایبەت لە هەوڵی ئاشتەواییدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ ئەو کێشە و جەنگە هەرێمی و نێودەوڵەتیانەی کە سەرهەڵدەدەن. هەروەک ئەردۆغان لە یەکەم کۆبوونەوەی کابینەی نوێی حکومەتدا ڕایگەیاند: “ئێمە بەشداریدەکەین لە دامەزراندنی ئاشتی و سەقامگیری لە سیاسەتی دەرەوەدا.”١بە هۆی ئەوەی تورکیا لە سەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە هەنگاوی بەرەو ئاشتەوایی ناوە و ڕۆڵی نێوەندگیری دەگێڕێت لە نێوان لایەن و دەوڵەتە ناکۆکەکان لە ناوچەکەدا، توانیویەتی سوودێکی زۆر بەدەستبخات لەو نێوەندەدا، لە ڕووی ناوبانگەوە بۆ حکومەتەکەی ئەردۆغان و پێگەی تورکیاش لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بووەتە جێگەی دەستخۆشی لە لایەن وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە، ڕەنگە لەو ڕۆڵی نێوەندگیرییانەشدا تورکیا دەستکەوتی مادی بەدەستبهێنێت، یاخود بە لایەنی کەمەوە خۆی لە فشارەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا دووربخاتەوە.تورکیا بۆ بەڕێوەبردنی جەنگ لە ناوچەکەدا بە چەندین شێوازی جیاواز دەستوەردەدات بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخە نەخوازراوەکان، ئەم دەستوەردانانە بە جۆرێکە کە تورکیا هەوڵدەدات بەرژەوەندییەکانی خۆیی تێدا پارێزراو بێت، بۆ نموونە: تورکیا سیاسەتی دەستوەردانی سەربازی لە جەنگی ئەرمینیا و ئازەربایجان کردووە، هەرچەندە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاندووە کە تورکیا “هەموو ڕێگەیەک” بەکاردەهێنێت، لەوانەش مەشق و مۆدێرنکردنی سوپا، بۆ پشتیوانیکردنی هاوپەیمانە نزیکەکەی ئازەربایجان، بەڵام ڕۆڵی ڕاستەوخۆی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی باکۆ لە ناوچەی قەرەباخ نەگێڕاوە،2 ئەم دەستوەردانەش لە بەرژەوەندی تورکیادایە کە ئازەربایجان وەک هاوپەیمانی نزیک و وڵاتی برا (Kardeş Ülke)ی خۆی دەبینێت و بەرژەوەندیی هەیە لە سەرکەوتنی ئەو وڵاتە لە جەنگەدا.
پێگە و جیۆستراتیژی دەوڵەتی تورکیا کە تەنانەت بە “ئاسیای بچووک”‘ ناوبراوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشکی گەورەی بەردەکەوێت و بڕیارە سیاسییەکانی ئەو دەوڵەتە کاریگەریی تەواو دەخاتەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها تورکیا لە ڕێگەی هەردوو سیاسەتی دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ و هاوکاریی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی نزیک لە خۆیەوە لەسوریا و لە ڕێگەی دیبلۆماسییەوە لە ڕێکەوتننامەی ئەستانەوە بۆ چارەسەری کێشەی سوریا کاردەکات، ئەمەش بۆ دروستنەبوونی کیانێکی ئیداریی سەربەخۆی کورد لە باکووری ڕۆژھەڵاتی سوریا دەگەڕێتەوە، چونکە تورکیا ئاڵۆزیی دۆخی سوریا و دروستبوونی کیانی کوردی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیی خۆی دەزانێت.هاوکات بە گرتنەبەری سیاسەتی نێوەندگیری، تورکیا هەوڵدەدات ئیدارەی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بدات، لەم جەنگەدا تورکیا هەوڵیداوە ئیدارەی جەنگەکە بدات بەوەی لە بەرەی هیچ کام لە لایەنی ڕووسیا یاخود ئۆکرانیا نەبێت، ئەنقەرە لەم نێوەندەدا کارێکی کردووە کە تا ڕادەیەک ئیدارەی جەنگەکەی داوە، بەوەی ڕازینەبووە بە سەپاندنی سزا بە سەر ڕووسیادا وەک ئەندامی ناتۆ، لە هەمان کاتیشدا ڕەزامەندیی دەربڕیوە تاکو ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ، بەم جۆرەش تورکیا بە دوای بەدەستهێنانی دەسکەوتەکانی خۆیەوە دەبێت کە کام لایەن زیاتر خزمەتیبکات، تورکیا زیاتر پەیوەندییەکانی لەگەڵدا دەباتەپێشەوە، هەروەها هاوسەنگییەکی ڕاگرتووە لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا تاکو لە بەرژەوەندیی لایەنێک لایەنەکەی دیکە لە خۆی زویرنەکات.لە لایەکی دیکەوە تورکیا هەوڵی ئەوە دەدات جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین یاخود حەماس لە کەرتی غەزە ئیدارەبدات، کە جەنگەکە ڕوویکردووە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم جەنگە کاریگەریی گەورەی دەبێت لە سەر ناوچەکە و بە تایبەتییش بۆ تورکیا کاریگەریی بەرچاوی دەبێت، چونکە تورکیا لەم چەند ساڵەی دواییدا هەوڵی ئەوەی داوە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاساییبکاتەوە و بەرەوپێشیانببات لە سەرجەم بوارەکاندا، بە تایبەت لە بواری ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، هەروەک باڵیۆزی نوێی ئەنقەرە لە ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە کاردەکەین بۆ زیادکردنی قەبارەی بازرگانی دوولایەنەی نێوان هەردوو وڵات بۆ ١٥ ملیار دۆلار،٣ کۆتا جاریش کە ئەردۆغان چاوی بە بنیامین ناتانیاهۆ؛ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کەوت لە ٢٠/٩/٢٠٢٣ بوو “لە دیدارێکدا کە لە ماڵی تورکیا لە نیویۆرک بەڕێوەچوو، پرسە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان تاووتوێکران و پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ناکۆکییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل هەڵسەنگاندنی بۆ کرا.”٤ هەر بۆیە ئەم جەنگ و پێشهاتە نوێیەش بۆ تورکیا دەبێتە هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئەگەر بێت و ئەنقەرە نەتوانێت بە باشترین شێوە ئیدارەیبدات، چونکە زۆرینەی دانیشتوانی کۆمەڵگەی تورکیا مسوڵمانن و دەوڵەتەکەیشی خۆی بە میراتگری دەوڵەتی عوسمانی دەزانێت، هەر بۆیە تورکیا ناتوانێت ڕازیبێت بە دەستدرێژیکردنەسەر مسوڵمانان لەلایەن جولەکە و ئیسرائیلەوە، ئەمەش وا دەکات تورکیا پشتیوانی لە فەڵەستینییەکان بکات لە جەنگەکەدا، ئەمەش دەبێتە هۆکاری توڕەبوونی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئەوروپایش لە تورکیا، هاوکات پشتیوانانی فەڵەستینیش بریتین لە ئێران و ڕووسیا و وڵاتانی ئیسلامی، هەر بۆیە تورکیا لەم نێوەندەدا هەوڵی ئیدارەدانی ئەم جەنگە دەدات بە پاراستنی هاوسەنگی، تاکو کارێک نەکات کە ئیسرائیل و ئەمریکا لە خۆی زویربکات و هاوکات زیاد لە پێویستیش لایەنگریی ئێران و ڕوسیا نەکات. هەروەک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ڕایگەیاندووە کە “بەو سیاسەتە هاوسەنگ و پرەنسیپانەی کە جێبەجێمانکرد، تورکیامان کردە وڵاتێکی سەرەکی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا. ئێمە لە یەکەمین قسەکەرانی هەموو قەیرانەکانین، لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا تا ناسەقامگیری سوریا و کارەساتی مرۆیی غەزە.” وتیشی: گەورەترین سەرکەوتنمان تا ئێستا ئەوە بووە کە وڵاتەکەمان نەکەین بە لایەنی ململانێ گەرمەکان و نەهێڵین ئاگری ناسەقامگیری بە وڵاتەکەماندا بڵاوببێتەوە.”٥
هەڵوێستی فەرمی و نافەرمیی تورکیا سەبارەت بە جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستیندەزگا دەوڵەتییەکانی تورکیا لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسەوە، بەیاننامەی فەرمییان بڵاوکردەوە و بۆچوونی خۆیان بەرانبەر بە جەنگەکە دەربڕی. هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردەی وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا گفتوگۆی دەستپێکرد، ئەردۆغان ڕایگەیاند: “هەر کەسێک مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بزانێت، ئاگاداری ئەم ڕاستییەیە کە پرسی فەڵەستین لە دڵی هەموو کێشەکانی ناوچەکەدایە و ئەگەر ئەم پرسە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە چارەسەرنەکرێت، ناوچەکە بەردەوامدەبێت لە تامەزرۆیی بۆ ئاشتی، هێنانەدیی ئاشتیی هەمیشەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا بە دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ڕیشەیی بۆ کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل بەدەستدێت.” ئەردۆغان ئامادەیی وڵاتەکەیی دووپاتکردەوە بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بدات بۆ وەستاندنی پێکدادانەکان بە زووترین کات و کەمکردنەوەی گرژییەکانی کەرتی غەزە.٦ هەر لە سەرەتای جەنگەکەشەوە ئەردۆغان لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەیدا؛ ئیسحاق هێرزۆگ، پەرەسەندنەکانی فەڵەستین و ئیسرائیل و دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بەوانەوە لە سەر ئاستی ناوچەکە تاووتوێکرد. ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە “هەر هەنگاوێک کە زیان بە دانیشتوانی غەزە بگەیەنێت، توندوتیژی لە ناوچەکەدا زیاتردەکات.”٧ هاوکات ئەردۆغان لەگەڵ مەحموود عەباس؛ سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستیندا دوایین پێشهاتەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیلی تاووتوێکرد، ئەردۆغان جەختی لەوە کردووەتەوە کە تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان و جێگیرکردنی ئارامی لە ناوچەکەدا”،٨  زیاتر لەوەش ئەردۆغان “ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ نێوەندگیری بە ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانیشەوە، بە مەرجێک هەردوو لایەنی جەنگەکە (حەماس و ئیسرائیل) داوایبکەن.” ئەردۆغان وێڕای دەربڕینی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیرییەکی”دادپەروەران”ە لە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا، ڕایگەیاند: “پێویستە هەموو کەسێک لە سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی فەڵەستین دووربکەوێتەوە.”٩
سیاسەتی دەرەوەی تورکیا تا پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە ١٤/٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣ سیاسەتێکی شەڕانگێز و پەلهاویشتن و دەستدرێژیکردنەسەر زۆرینەی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی و دەرکردنی بەیاننامەی توند و زمانی زبر بوو.

هاوکات لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە، هاکان فیدان لە سەرەتای جەنگەکەوە لەگەڵ زۆرێک لە هاوتاکانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمریکا و ڕووسیا، سەبارەت بە پێشهاتەکانی جەنگەکە وتووێژ و گفتوگۆی هاوبەشی کرد. هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئیدانەی بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیلی کرد لە جەنگەکەدا، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو پێکدادانانەی کە لە نێوان ئیسرائیل و گرووپە فەڵەستینییەکاندا دەستیپێکرد، پێشتر وێنەی نەبووە، جەختی لەوەش کردەوە کە ڕووداوەکانی ئەم دواییە ئاماژەیەکی نوێن بۆ ئەوەی چارەسەری دوو دەوڵەت تاکە ڕێگەیە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هاوکات “هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئیسماعیل هەنیە؛ سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس، ئەنجامدا و تێیدا باسی لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی فەڵەستین و دەرفەتەکانی ئازادکردنی خەڵکی مەدەنی کرد. فیدان لەگەڵ هەنیەدا باسی ئازادکردنی بارمتە مەدەنییەکانی ئیسرائیلی کرد، لە کاتێکدا تورکیا هەوڵدەدات ڕێگەیەک بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان بدۆزێتەوە لە نێوان کارەساتی مرۆیی بەردەوام لە غەزە بە هۆی بۆردومان و گەمارۆی بێجیاوازی لەلایەن ئیسرائیلەوە.”١٠هەر لە سەرەتای جەنگەکەشەوە پارتەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند کە “ئەنجومەنی گەورەی نیشتمانیی تورکیا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی فەڵەستین و ئیسرائیل دەکات”، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئەو بەیاننامەیەی کە لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە واژووی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بڵاوکرایەوە. لە بەیاننامەکەدا لەگەڵ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دراوە کە “بە داخەوە، ئیسرائیل بەردەوامە لە زیادکردنی هێرشەکانی دژی خەڵکی غەزە، بە پێچەوانەی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانەوە. وەک هەموو ئەندامان و فراکسیۆنەکانی پارتە سیاسیەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا داوا لە سەرجەم  پەرلەمانەکانی جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکان دەکەین کە هەڵوێستوەربگرن  و دەستپێشخەریبکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو کارە دڕندەیە.”١١  هەرچی سەبارەت بە هەڵوێستی نافەرمییە کە لەلایەن پارتە سیاسییەکان و ڕایگشتی و ڕێکخراوەکانی تورکیاوە ڕاگەیەنراوە، بە شێوەیەکی گشتی زۆرینەی پارتە سیاسییەکان بەردەوام پاڵپشتیی توندی خۆیان بۆ فەڵەستین دەردەبڕن و دژی ئیسرائیل وتاردەدەن، بە تایبەت پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە)، هەر بۆ پاڵپشتیی فەڵەستین ئاکەپە گردبوونەوەی جەماوەریی گەورەی سازکرد١٢ و هاوڵاتیان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەدەم بانگەوازەکەوە چوون. لە لایەکی دیکەشەوە، لە دژی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و دەربڕینی هاوسۆزی بۆ گەلی فەڵەستین،  دەزگای فریاگوزاریی مرۆیی تورکیا (İHH) ڕێپێوانێکی بەرەو بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە، سازدا.١٣
زۆریی فشارەکان لە سەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتی و بە تایبەت قەیرانی ئابووری و زۆری ڕێژەی هەڵئاوسان تورکیای ماندووکردووە و ناتوانێت بەرەی نوێی جەنگ بکاتەوە و توانای بەڕێوەبردن و بەرگەگرتنی زیاتری فشاری ئابووریی ئەمریکا و ئەوروپای نەماوە، هەر بۆیە ئەردۆغان لە کابینەی نوێی حکومەتدا گۆڕانکاریی بنەڕەتیی کرد و کەسانێکی کردووەتە بەرپرس بە سەر سیاسەتی دەرەوە کە مەیلیان زیاتر بە لای دانوستاندایە تاوەکو جەنگ.

پاڵنەرەکانی پشت هەڵوێستەکانی تورکیا لە سەر جەنگی ئیسرائیل-فەڵەستینهەروەک ئاشکرایە زۆرینەی هاوڵاتیانی تورکیا و باکووری کوردستان شوێنکەوتوو یاخود سەر بە ئایینی ئیسلامن، هاوکات تورکیای ئیستا میراتگر و پاشماوەی دەوڵەتێکی مەزنی ئیسلامییە، کە دەوڵەتی عوسمانییە، هەر بۆیە سەرۆککۆماری تورکیا؛ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، وەک خەلیفەی مسوڵمانانی تورکیا و جیهانیش خۆی دەنوێنێت، ناچاردەبێت لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا لایەنگریی فەڵەستین بکات لە وتەکانیدا، هەر بۆیە دەتوانین هۆکار و پاڵنەرەکانی لێدوانە توندەکانی دامەزراوە فەرمییەکانی تورکیا دژی ئیسرائیل لەم چەند خاڵەدا کۆبکەینەوە:١. هەرچەندە ڕەنگە ئەردۆغان خۆی ویستی ئەو لێدوانە توندانەی نەبێت کە دژی ئیسرائیل دەریدەبڕێت، بەڵام لەبەرئەوەی جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان جەنگێکە کە مێژووەکەی کۆنە و بەدەر لە لایەنی سیاسی جەنگێکی دینییە، تورکیاش وەک وڵاتێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسلامی ناتوانێت لەبەر دەستکەوتەکانی خۆی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا و بۆ دەستکەوتنی قازانجی وڵات پشت لە وڵاتێکی ئیسلامی بکات، بە تایبەتییش فەڵەستین کە بە لای مسوڵمانانەوە پیرۆزییەکی زۆری هەیە، چونکە “مزگەوتی ئەقسا”ی تێدایە، هەر بۆیە ئەردۆغان ناچاردەبێت لێدوانی توند دژی ئیسرائیل بدات.٢. ئەگەر دامەزراوە فەرمییەکانی تورکیا پاڵپشتی لە فەڵەستینییەکان نەکەن، ئەوا ڕەنگە لەلایەن هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە و دژایەتی ببنەوە، سەرۆککۆماریش تۆمەتباربکەن بەوەی پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکات و دژی مسوڵمانە، بەو هۆیەوە متمانەیان بە ئەردۆغان کەمببێتەوە.٣. ئەردۆغان بەردەوام خۆی وەک سەرکردەیەکی ئیسلامی و لە خەمی ئایینی ئیسلامدا نیشانداوە، ئەگەر بێت و لێدوانەکانی لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دژی ئیسرائیل و جولەکە نەبێت، ئەوا لە ناوخۆدا توشی ڕەخنەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەبێتەوە و ئەم خاڵە بەکاردەهێنن تاکو ئەردۆغانی پێ لەکەداربکەن، یاخود ڕەنگە هانی هاوڵاتیان بدەن کە خۆپیشاندانی گەورە بۆ دژایەتیی ئەردۆغان و حکومەتەکەی بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە لە بەهاری ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکرێت، هەر بۆیە ئەگەر ئەردۆغان خاڵێکی لاواز بدات بە دەست ئۆپۆزسیۆنەوە و پاڵپشتی لە فەڵەستین نەکات، ڕەنگە لە هەڵبژاردنەکاندا پارتەکەی نەتوانێت سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی وەک ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە و بوڕسا بەدەستبهێنێت.٤. جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین جیهانی دابەشکردووە بە سەر بەرەی ڕۆژهەڵات کە بریتییە لە وڵاتانی “ئیسلامی و ئێران و ڕووسیا”، هەروەها بەرەی ڕۆژئاوا کە بریتییە لە “ئەوروپا و ئەمریکا”، هەر بۆیە چ لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و چ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەگەر تورکیا و حکومەتەکەی ئەردۆغان پاڵپشتی لە فەڵەستینییەکان نەکەن، ئەوا ڕەنگە تورکیا توشی کێشە ببێتەوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ئێرانیشدا، هەروەها لە سەر ئاستی نێودەوڵەتییش لەگەڵ ڕووسیادا کە دژایەتیی بەردەوامی هەیە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا، پەیوەندییەکانی ئاڵۆزی تێبکەوێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا پاڵپشتیی تەواوی تورکیا ناکەن، هەر بۆیە تورکیا لێرەدا ناچاردەبێت نەچێتە بەرەی ئەمریکا و ئەوروپاوە، تاکو لایەنی ڕوسیا و ئێران نەکات بە دوژمنی خۆی، هەر بۆیە تورکیا زیاتر هەوڵی پاراستنی هاوسەنگی دەدات، بەڵام لە وتار و هەڵوێستدا ناچارە پاڵپشتیی فەڵەستینییەکان و حەماس بکات.
تورکیا و ئایندەی جەنگی ئیسرائیل فەڵەستینجەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین یاخود غەزە بە هۆی ئەوەی دیدێکی مێژوویی و ئایینی و سیاسیی هەیە، ئەگەر هەیە درێژەبخایەنێت، یاخود فراوانببێت و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە و دەوڵەتانی ناوچەکەش پەلکێشی جەنگەکە ببن، تورکیاش بە هۆکاری ئەوەی لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەتێکی گەورە و خاوەن کاریگەرییە، ڕەنگە لە ئەگەری فراوانبوونی بەرەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا پشکێکی گەورەی بەربکەوێت، هەر بۆیە لێرەدا بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستەکانی تورکیا تاکو ئێستا، ئەو سیناریۆیانە دەخەینەڕوو کە ئەگەر بێت و جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ببێتە جەنگێکی هەرێمی یاخود جیهانی، تورکیا چۆن ئیدارەی ئەم جەنگە دەدات.
ئێستا سیاسەتی دەرەوەی تورکیا زیاتر خۆی لە “نێوەندگیر”دا دەبینێتەوە، چونکە لە نێوان بەرەی ڕووسیا و ئەمریکا و ئەوروپاوە لە ژێر فشاردایە، سیاسەتە نوێیەکەی ئەنقەرە بریتییە لە پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان هەردوو بەرەکەدا، بە جۆرێک کە زیاد نزیکبوون لە هەر لایەنێکیان زیان بە تورکیا دەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سیاسەتە زیاتر خوازیاری لێکنزیکبوونەوەیە لەگەڵ ڕووسیادا.

سیناریۆی یەکەملە ئەگەری فراوانبوونی جەنگەکەدا تورکیا وەک وڵاتێکی ناوچەکە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەشداریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ناکات و هەوڵدەدات ببێتە وڵاتێک کە هەوڵی نێوەندگیریی لایەنە ناکۆکەکان بدات لە ڕێگەی پەیوەندیی دیبلۆماسییەوە، هاوکات ڕۆڵی ئاشتیپارێز بگێڕێت تاکو هاوسەنگییەک بپارێزێت لە نێوان لایەنەکاندا و لە بەرەی هیچ دەوڵەتێکی شەڕکەر نەبێت، یاخود لە ڕووی پێداویستیی پزیشکی و هاوکاریی مرۆییەوە بەشداریی جەنگ بکات. دەکرێت بوترێت ئەم سیناریۆیە سیناریۆیەکی بەهێزە، چونکە تورکیا هەر لە سەرەتاوە لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئیسرائیل و حەماس بگەن بە ڕێککەوتن و ئاگربەست تاکو جەنگەکە فراواننەبێت، چونکە بە فراوانبوونی جەنگەکە تورکیا زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت.
سیناریۆی دووەملە ئەگەری فراوانبوونی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، تورکیا بە فشاری دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیی وەک “ڕووسیا و ئێران” بەشداریی جەنگ بکات بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، واتە هاوکاریی بزوتنەوەی حەماس بکات و چەک و تەقەمەنییان بۆ دابینبکات، تاکو سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دیاریبکەن بە هاوکاری لەگەڵ ئەو لایەنانەدا کە دژی ئیسرائیلن.
سیناریۆی سێیەمبە هۆی ئەوەی تورکیا وڵاتێکی ئیسلامییە و میراتگری دەوڵەتی عوسمانییە و زۆرینەی هاوڵاتیانی مسوڵمانن، ئەگەر بێت و جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس ببێتە جەنگێکی ئایینی، ڕەنگە دەسەڵاتدارانی بەشداریی جەنگ بکەن و لە بەرەی حەماس یاخود فەڵەستین و مسوڵمانان لە دژی ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوا بجەنگن، کە ئەمەش دەبێتە جەنگێکی یەکلاییکەرەوە بۆ تورکیا، کە بە تەواوی دژایەتیی ئیسرائیل و ئەمریکا بکات و پاڵبدات بە ڕووسیا و ئێرانەوە.
لە سیاسەتی نوێی تورکیادا هەموو هەوڵەکان لە پێناو ڕزگاربوونە لە قەیرانی ئابووری، لە هەمان کاتدا ڕاگرتنی هاوسەنگییە لە نێوان دوو زلهێزە جیهانییەکەدا (ئەمریکا و ڕووسیا).

سیناریۆی چوارەمڕەنگە لە ئەگەری جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئەردۆغان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی تورکیا و نەڕوخانی حکومەت و دەسەڵاتەکەی و لە ترسی فشاری ئەمریکا، ڕوو لە بەرەی ئیسرائیل و ئەمریکا بکات و ڕایبگەیەنێت کە ئەوەی حەماس دەیکات، لەناوبردنی مسوڵمانانە و دژایەتیی خۆی بۆ حەماس دەربڕێت و هاوکاریی ئیسرائیل بکات بۆ لەناوبردنی حەماس و ڕێگەخۆشکردن بۆ داگیرکردنی کەرتی غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە، چونکە تورکیا دەوڵەتێکە کە بەردەوام بە دوای بەرژەوەندییە باڵاکانی حکومەتدا دەگەڕێت، هەرچەندە ئەم سیناریۆیە دەکرێت لاوازترین بێت، بەڵام ئەگەرێکی کراوەیشە.
لەبەرئەوەی زۆرینەی هاوڵاتیانی تورکیا مسوڵمانن، هاوکات تورکیای ئیستا خۆی بە میراتگر و پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی دەزانێت، هەر بۆیە سەرۆککۆماری تورکیا؛ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ناچارە لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا لایەنگریی فەڵەستین بکات لە وتەکانیدا.

دەرئەنجام لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی لە سەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، تورکیا هەوڵدەدات لە کێشە و جەنگە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە دوور بێت و زیاتر ڕۆڵێکی نێوەندگیر ببینێت و ببێتە بەشێک لە چارەسەری کێشەکان، چونکە بە دروستبوونی کێشە و جەنگ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیری دروستدەبێت و ئەمەش کاریگەریی دەبێت لە سەر سیاسەتی تورکیا و وای لێ دەکات پەلکێشی جەنگ بێت، ئەمەش بۆ تورکیا کە خوازیارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتاندا ئاساییبکاتەوە، دەبێتە هۆی کێشە و وا دەکات ئەو سیاسەتەی کە داڕێژراوە بۆ سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، وەک خۆی جێبەجێنەکرێت.
سەرچاوەکان1. Kabine Toplantısı kararları açıklandı! İşte 6 Haziran 2023 Bakanlar Kurulu Kabine Toplantısı sonuçları ve kararları (haberturk.com).  2.تركيا: لم نضطلع بدور مباشر في عملية أذربيجان في كراباخ | سكاي نيوز عربية (skynewsarabia.com).3.سفير أنقرة الجديد بإسرائيل: سنرفع حجم التجارة الثنائية بين البلدين لـ 15 مليار دولار (alarabiya.net).4. سەرکۆمار؛ ئەردۆغان پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل؛ بنیامین ناتانیاهۆ کرد (aa.com.tr).5.https://x.com/RTErdogan/status/1720863498484240818?s=20.6.أردوغان: يجب إقامة دولة فلسطينية عاصمتها القدس الشرقية | ترك برس.7.أردوغان يبحث مع هرتسوغ التطورات الفلسطينية الإسرائيلية.8.أردوغان وعباس يبحثان التطورات بين فلسطين وإسرائيل .9.https://x.com/rterdogan_ar/status/1712091513008603318?s=46&t=60Rmb3v6YCApdTHCYfw12w.10..https://www.dailysabah.com/arabic/politics/2023/10/16/%d9%88%d8%b2%d9%8a%d8%b1-%d8%a7%d9%84%d8%ae%d8%a7%d8%b1%d8%ac%d9%8a%d8%a9-%d8%a7%d9%84%d8%aa%d8%b1%d9%83%d9%8a-%d9%8a%d8%ac%d8%b1%d9%8a-%d8%a7%d8%aa%d8%b5%d8%a7%d9%84%d8%a7-%d9%87%d8%a7%d8%aa%d9%81%d9%8a%d8%a7-%d9%85%d8%b9-%d8%b1%d8%a6%d9%8a%d8%b3-%d8%a7%d9%84%d9%85%d9%83%d8%aa%d8%a8-%d8%a7%d9%84%d8%b3%d9%8a%d8%a7%d8%b3%d9%8a%d9%84%d8%ad%d8%b1%d9%83%d8%a9-%d8%ad%d9%85%d8%a7%d8%b3-%d8%a5%d8%b3%d9%85%d8%a7%d8%b9%d9%8a%d9%84-%d9%87%d9%86%d9%8a%d8%a9.11.https://x.com/tbmmgenelkurulu/status/1714358691921633291?s=46&t=60Rmb3v6YCApdTHCYfw12w.12.https://x.com/Akparti/status/1717463262021783848?s=20.13.مسيرة “İHH” التركية تصل “إنجرليك” تنديدا بالدعم الأمريكي لإسرائيل | سياسة (yenisafak.com).

Send this to a friend