• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 19, 2023

مەیلی دەنگدەرانی کورد لە نێوان دوو هەڵبژاردندا

وەرگێڕانی: سەرکۆ علی عەبدولقادر

(ڕاپۆرتی ناوەندی سپێکتڕووم_هاوس بۆ بیر و توێژینەوە (Spectrum House Düşünce ve Araştırma Merkezi) لە نێوان هەڵبژاردنەکانی ١٤-٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣ بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢٤)

ناوەندی سپێکتڕووم_هاوس وەک ناوەندێکی تایبەت بە بیر و توێژینەوە لە تورکیادا، بایەخ بە بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەدات. بەشێکی ناوەندەکە تایبەتە بە ڕاپرسی بە شێوەی مەیدانی لە سەر بابەتە گرنگەکانی ڕۆژ. لەم ڕاپۆرتەیدا و لە چوارچێوەی ٩١ لاپەڕەدا ڕاپرسییەکی تێروتەسەلی دەربارەی مەیلی کوردەکانی باکووری کوردستانی لە نێوان هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمان لە ٢٠٢٣ و هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەهاری ٢٠٢٤ خستووەتەڕوو. بە هۆی گرنگیی زۆری بابەتەکە تەنها پوختەی توێژینەوەکە وەرگێڕدراوە.

دەرئەنجام و هەڵسەنگاندن
بەشی یەکەم: زانیاریی دیمۆگرافی و بەشداریی هاوڵاتیان لە ڕاپرسییەکەدا
توێژینەوەکە لە ١٦ پارێزگای باکووری کوردستان کراوە، کە بریتین لە ئامەد، وان، ماردین، ئورفا، هەکاری، ئاگری، ئادیەمان، باتمان، قارس، شرناخ، موش، بیتلیس، ئەرزروم، بینگۆل، سیرت و دەرسیم، کە دانیشتوانی کوردی تێدا دەژین بە چڕی. ئامەد ئەو پارێزگایەیە کە زۆرترین ڕێژەی بەشداربووی تێدایە بە ڕێژەی ٣٣.٦٪، ئەمەش بە هۆی چڕیی دانیشتوانی کورد و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکەیەوە.
ڕێژەی ٥٧.٧٪ی ئەو بەشداربوانەی وەڵامی ڕاپرسییەکەیان داوەتەوە، پیاو بوون و ٤٢.٣٪ ژن بوون، ڕێژەی ئەو بەشداربوانەشی کە خۆیان بە هیچ یەکێک لەو دوو ڕەگەزە نەزانیوە، بە ڕێژەی ٠.١٪ دیاریکراوە. ٣١.٨٪ی بەشداربوان تەمەنیان لە نێوان ٢٥-٣٤ ساڵاندایە، ٢٥.٢٪ تەمەنیان لە نێوان ١٨-٢٤ ساڵاندایە، ١٩.٦٪ تەمەنیان لە نێوان ٣٥-٤٤ ساڵاندایە، ١٢.٣٪ تەمەنیان لە نێوان ٤٥-٥٤ ساڵاندایە، ٧.٧٪ تەمەنیان لە نێوان ٥٥-٦٤ ساڵاندایە.
کاتێک لە دۆخی خوێندنی ئەو بەشداربوانەی کە وەڵامی ڕاپرسییەکەیان داوەتەوە، دەکۆڵینەوە، دەبینرێت گەورەترین گرووپی بەشداربوان دەرچوانی ئامادەیین، بە ڕێژەی ٣٥.٢٪. لە کاتێکدا دەرچوانی زانکۆ بە ڕێژەی ٢٠.٩٪ لە پلەی دووەمدان، دەرچوانی قۆناغی ناوەندی بە ڕێژەی ١٤.٤٪ لە پلەی سێیەمدان. ڕێژەی دەرچوانی قۆناغی سەرەتایی ١١.٨٪، ڕێژەی خوێندکارانی زانکۆ ٧.٣٪، ڕێژەی ئەوانەی تەنها خوێندەوارییان هەیە، ٤.١٪ دەبێت و ڕێژەی ٣.٦٪ی بەشداربوانیش خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆران، ڕێژەی ٢.٥٪ی بەشداربوانی ڕاپرسییەکەش نەخوێندەوارن.
بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی کەسەکان بۆ هەر ماڵێک لە بەشداربوانی گرووپی توێژینەوەکە، دەرکەوتووە کە زۆرینەی نموونەکە قەبارەی مامناوەندە و لە ٣-٦ کەس پێکهاتووە بە ڕێژەی ٧٧.٣٪، لە کاتێکدا ئەوانەی لەگەڵ ١-٢ کەسدا دەژین یان هەبووە پێکهاتەیەکی خێزانیی گەورەتر (٧ کەس و سەرووتر)ن، کەمینەن. کۆی ئەو ماڵانەی کە ١١ کەس یان زیاتریان تێدایە، (١.٣٪)ە.
کاتێک لە دۆخی داهاتی بەشداربوان دەکۆڵرێتەوە، دەبینرێت کە (٤٢.٦٪)یان داهاتیان لە نێوان ٨٥٠١-١٧٠٠٠(١) لیرەی تورکیدایە. سەرەڕای ئەوەش، تێبینیدەکرێت کە نزیکەی چارەکێک لە بەشداربوان (٢٣.٥٪) داهاتیان ٨٥٠٠ لیرەی تورکی یان کەمتر دەبێت.
بەم پێیەش ئەوەی جێگەی سەرنجە، نزیکەی ٩٥٪ی بەشداربوان لە ژێر هێڵی هەژاریدان، بە پێی ئەو ڕاگەیەنراوەی کە لەلایەن ناوەندی کاری تورکییەوە (Türk İş) لە ئەیلوولی ٢٠٢٣ ڕاگەیەنرا. زۆرترین گرووپی داهات تەنها ٢.٥٪ی بەشداربوانە، کە داهاتەکەیان لە سەروو ٥٠ هەزار(٢) لیرەی تورکییەوەیە.

بەشی دووەم: هەڵبژاردنەکانی ١٤/٢ی ئایاری ٢٠٢٣ی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمار
بە تەماشاکردنی دەرئەنجامی توێژینەوە مەیدانییەکە، دەردەکەوێت دەنگدەرانی کورد لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاردا ئەنجامێکی هاوتەریب لەگەڵ چاوەڕوانییەکانیان وەرنەگرتووە و زۆرینەی بەشداربوان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕازی نین. تەنها ٢٢.٦٪ی بەشداربوان لە ئەنجامی هەڵبژاردن ڕازیبوون، ٥٧.٨٪ ناڕازی بوون و پێیان وا بوو چاوەڕوانییەکانیان بەدینەهاتووە، (١١.٢٪)یش تا ڕادەیەک ڕازیبوون و ڕایانگەیاندووە کە بەشێک لە چاوەڕوانییەکانیان جێبەجێکراوە.
بە پشتبەستن بە دەرئەنجامی توێژینەوەکە، تێبینیدەکرێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندن، ڕێژەی ناڕازیبوون لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاددەکات. بە تایبەتی ئەو بەشداربوانەی کە ئاستی خوێندنیان بەرزە، ڕایدەگەیەنن کە چاوەڕوانییە سیاسییەکانیان لە دوایین هەڵبژاردنی گشتی و سەرۆکایەتیدا بەدینەهاتووە.
بە پشتبەستن بەو ئەنجامانەی کە لە داتاکانی توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، دەنگدەرانی گەنج بە پێچەوانەی گرووپە تەمەنییەکانی دیکەوە، ڕایانگەیاندووە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ١٤-٢٨ی ئایار ڕازی نین و چاوەڕوانییەکانیان بەدینەهاتووە. تێبینیی ئەوە دەکرێت کە ئەم بۆچوونە لە گرووپی تەمەنی ناوەڕاست و بەرەو سەردا کەمترە.
کاتێک چۆنیەتیی هەڵسەنگاندنی بەشداربوان بۆ هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاری پەرلەمانی و پەسەندکردنی حیزبە سیاسییەکانیان لەبەرچاوگیرا، ئەنجامەکان بەم جۆرە بوو: زۆرینەی ئەو دەنگدەرانەی دەنگیان بە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) داوە، بە ڕێژەی ٧٢.٣٪ دەڵێن: “من ڕازیم، ئەو حیزبەی هەڵمبژارد، سەرکەوتوو بوو.” ٧٦.٣٪ی دەنگدەرانی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە)(٣) و ٧٧.٤٪ی دەنگدەرانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) وەڵامەکانیان بەم شێوەیە بوو: “من ڕازی نیم، چاوەڕوانییەکانم بەدینەهات.” بە واتایەکی تر، لە کاتێکدا نزیکەی سێ لە سەر چواری دەنگدەرانی پارتی دەسەڵاتدار (داد و گەشەپێدان) لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ١٤-٢٨ی ئایار ڕازیبوون، زیاتر لە سێ لە سەر چواری دەنگدەرانی یەسەپە و جەهەپە ڕازینەبوون لە ئەنجامەکان و ڕایانگەیاند کە چاوەڕوانییەکانیان بەدینەهاتووە. جێگەی سەرنجە کە تەنیا ١١.٣٪ی دەنگدەرانی یەسەپە و تەنیا ٢.١٪ی دەنگدەرانی جەهەپە ڕایانگەیاندووە کە لە ئەنجامەکان ڕازین.
بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەشداربوانی وەڵامدەرەوی ڕاپرسییەکە لە دوایین هەڵبژاردنی گشتیدا (١٤ی ئایار) دەنگیان بە کام لایەن داوە، ڕێژەی ئەو بەشداربوانەی کە بژاردەی یەسەپەیان هەڵبژاردووە، بە ڕێژەی ٥١٪ زۆرینە پێکدەهێنن. لە کاتێکدا ڕێژەی ئەو بەشداربوانەی کە ڕایانگەیاندووە دەنگیان بە ئاکەپە داوە، ٢١.٨٪ بووە، ڕێژەی ئەوانەی دەنگیان بە جەهەپە داوە، بە ١٤.١٪ پێوانەکراوە. ڕێژەی ئەو بەشداربوانەی کە دەنگیاننەداوە، لە هەڵبژاردنەکاندا ٥.٨٪ دەبێت. لە چوارچێوەی دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکاندا دەبینرێت کە یەسەپە لە شارە کوردنشینەکانی ناو نموونەکەدا دێتەپێشەوە و لە دوو کەس یەکێکیان دەنگی بەو حیزبە داوە.
کاتێک ئەو پارتە سیاسیانەی کە بەشداربوانی گرووپی توێژینەوەکە لە دوایین هەڵبژاردنی گشتیدا پێیان باشتر بوو، بە پێی ئاستی خوێندنیان لێی دەکۆڵرێتەوە، دەردەکەوێت کە زیاتر لە نیوەی دەنگدەرانی نەخوێندەوار (٥٢.٩٪) دەنگیان بە یەسەپە داوە، لە کاتێکدا ٢٩.٤٪ دەنگیان بە ئاکەپە داوە، ٥.٩٪ دەنگیان بە جەهەپە داوە، لە ناو دەنگدەرانی دەرچووی قۆناغی سەرەتاییدا، ڕێژەی ئەوانەی دەنگیان بە ئاکەپە داوە؛ ٣٨.١٪ و ڕێژەی ئەوانەی دەنگیان بە یەسەپە داوە؛ ٤٥.٦٪، هاوکات لە ناو دەنگدەرانی دەرچووی قۆناغی ناوەندیدا ڕێژەی ئەوانەی دەنگیان بە یەسەپە داوە؛ ٥٦.٩٪ و ڕێژەی ئەوانەی دەنگیان بە ئاکەپە داوە؛ ٢٠.٥٪ دەبێت.
بە پشتبەستن بەو داتایانەی کە ئەنجامی توێژینەوەکە ئاشکرایکردوون، دەردەکەوێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندن، پشتیوانی لە ئاکەپە کەمدەبێتەوە، هاوکات پشتیوانی لە یەسەپە و جەهەپە زیاددەکات. لە کاتێکدا یەسەپە زۆرترین پاڵپشتیی لەلایەن بەشداربوانی گرووپی دەرچوانی زانکۆ (٥٧.٦٪) و خوێندنی باڵاوە (٦٣.٣٪) وەرگرتووە، ئاپەکە زۆرترین پشتیوانیی دەرچوانی قۆناغی سەرەتایی (٣٨.١٪) و بەشداربوانی نەخوێندەوار بە ٢٩.٤٪ی وەرگرتووە، لە کاتێکدا جەهەپە زۆرترین پشتیوانیی لە خوێندکارانی زانکۆ (٢٧.٦٪) و دەرچوانی ئامادەیی (١٧٪) وەرگرتووە.
لە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە کە یەسەپە زۆرترین پشتیوانیی لە گرووپی تەمەنی ٢٥-٣٤ ساڵان بە ڕێژەی ٦٠.٢٪ و ئاکەپە لە گرووپی تەمەنی ٤٥-٥٤ ساڵان بە ڕێژەی ٣٧.٣٪ و جەهەپە لە گرووپی ١٨-٢٤ ساڵان بە ڕێژەی (٢٠.٥٪)دایە، جێگەی سەرنجە کە جەهەپە زۆرترین پشتیوانی لە گرووپە تەمەنییە گەنجەکانەوە وەردەگرێت.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندن، مەیلی دەنگدەران بۆ دەنگدانی ستراتیژی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاددەکات.

لە کاتی توێژینەوە بۆ ئەو هۆکارانەی بەشداربوانی گرووپی توێژینەوەکە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ڕابردوودا دەنگیان بەو حیزبە داوە کە پێیان باشە، دەتوانرێت بڵێین: هۆکارەکانی وەک دڵسۆزی و وەفای حیزبی؛ (٣٣٪)، بەرنامە و سیاسەتی حیزبی؛ (٣٠.٩٪) و سەرۆکی حیزب؛ (٢١.٨٪) لە پێشەوە بوون.
بە تێڕوانین لەو داتایانەی لە ئەنجامەکانی توێژینەوەکەوە بەدەستهاتوون، دەردەکەوێت کە “دڵسۆزیی حیزبی” وەک گرنگترین هۆکار هاتەپێشەوە کە کاریگەریی لە سەر مەیلی دەنگدەری کورد لە تورکیا هەبووە لە دیاریکردنی ئارەزووە سیاسییەکانی لە دوایین هەڵبژاردنە گشتییەکاندا. حەز و ئارەزووی سیاسی یەک لە سەر سێی بەشداربوو بە پێی دڵسۆزیی حیزبی دیاریدەکرێت و بەرنامە و سیاسەتەکانی حیزب وەک هۆکارێکی گرنگ بۆ نزیکەی یەک لە سەر سێی بەشداربوو لە داڕشتنی ئارەزووە سیاسییەکانیاندا دەردەکەون، هەروەها تێبینیدەکرێت لە هەر پێنج بەشداربوویەک یەکێکیان کاریگەریی سەرۆکی حیزبەکەی لە سەر بووە بۆ ئاڕاستەکردنی لە دەنگداندا.
بە پشتبەستن بە دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکان، فاکتەری دڵسۆزیی حیزبی بە ڕوونی لە مەیلی دەنگداندا لە پێشەوەیە، لە ڕووی نیشاندانی سروشتی هەڵسوکەوتی دەنگدان بە پاڵنەری ئایدیۆلۆژی لە کۆمەڵگەی کوردی لە تورکیادا گرنگە. دەکرێت لە بنەڕەتدا دڵسۆزیی حیزبی وەک دڵسۆزی بۆ لایەنێکی سیاسی دەرببڕدرێت. لەم چوارچێوەیەدا دڵسۆزیی حیزبی وەک چەمکێک دەردەکەوێت کە بە گشتی لە سەر بنەمای پاڵنەرە ئایدیۆلۆژی-سیاسییەکان یان ناسنامەی نەتەوەیی/ ئایینی دامەزراوە و ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی بەهێزی بەشداربوان بە حیزبێکی دیاریکراوەوەیە، بۆیە دەکرێت دڵسۆزی بۆ حیزبێک وەک ڕەنگدانەوەی باوەڕی پتەوی ئەو کەسە و هاوئاهەنگیی ئایدیۆلۆژی لەگەڵ ئەو حیزبەی کە هەستدەکات سەر بەوە، تێبگەین.
بە گوێرەی ئەو ئەنجامانەی کە لە داتاکانی توێژینەوەکەدا ئاشکرابوون، چەمکی دڵسۆزیی حیزبی بریتییە لە ڕوونکردنەوەی پێشبینییە سیاسییەکانی ئەو دەنگدەرانەی کە ئاڕاستەی ئایدیۆلۆژییان باڵادەستە و ڕەنگدانەوەی دۆخێکی گرنگی سەربەخۆییە بۆ تێگەیشتن لە حەز و ئارەزووی حیزبی و ڕەفتاری سیاسیی دەنگدەران. ئەم فاکتەرە کە یەکلاییکەرەوەیە لە داڕشتنی هەڵوێستی سیاسیی بەشداربوانی ڕاپرسییەکەدا، پرسی چۆنیەتیی پێکهێنانی ناوچەی ئایدیۆلۆژی و دەستکەوتی سیاسی و ناسیاسی لە باکووری کوردستانیشدا ئاشکرادەکات. بە تایبەت لە چوارچێوەی دەنگدەرانی کورددا، پەیوەستبوونی ئایدیۆلۆژیی دڵسۆزیی حیزبی تەواو یەکلاییکەرەوەیە.
هەروەها تێگەیشتن لەوەی کە دەنگدەری کورد نزیکایەتی/پەیوەستبوونی بۆ کام لایەن نیشاندەدەن، بۆ تێگەیشتن لەو ئایدۆلۆژیایانەی کە کاریگەرن لەو پەیوەندییەی کورد لەگەڵ کایەی سیاسیدا دروستیدەکات، گرنگە. لەم ڕوانگەیەوە تێدەگەین کە حەزە سیاسییەکان لە کوردستاندا چۆن دروستدەبن و لە سەر چ بناغەیەکی ئایدیۆلۆژی دامەزراون و ئەو پەسەندکردنانە بەرەو چ جۆرە پێشبینییەکی سیاسی دەبەن، بۆیە دڵسۆزیی حیزبی نەک هەر گوزارشت لە پابەندبوونی سیاسیی تاکەکان دەکات، بەڵکو کلیلێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە خەیاڵی کۆمەڵگە لە بواری سیاسی و داڕشتنی مەیدانی ئایدیۆلۆژی و بزوێنەری گۆڕانکاریدا، بۆیە شیکردنەوەی دڵسۆزیی حیزبی یارمەتیدەرمانە بۆ ئەوەی باشتر لە هەڵسوکەوتی سیاسیی دەنگدەرانی کورد تێبگەین. لە ژێر ڕۆشنایی دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکەدا پابەندبوونی ئایدیۆلۆژی-سیاسی (پرسی دڵسۆزیی حیزبی)، کە دەتوانرێت وەک پابەندبوون بە “ئامانج”ێکەوە دەرببڕدرێت، بتوانین کورتیبکەینەوە و بەو “هێڵی ئایدیۆلۆژی و سیاسی”یە یاخود “هێڵی جیاکەرەوە”یەی بیناسێنین کە دەنگدەران پەسەندیدەکەن. ئەم دۆخە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە دادەنێت کە ئاکەپە و جەهەپە و پارتە سیاسییەکانی دیکە و هەروەها هەدەپە/یەسەپە لە نێوان دەنگدەران/لایەنگرانی خۆیان دایدەمەزرێنن. هەروەها ئەوەی کە لە هەر سێ کەس یەکێکیان بە پشتبەستن بە هەستی دڵسۆزی بۆ حیزبەکەیان حەز و ئارەزووە سیاسییەکانی خۆی دیاریدەکات، دۆخی بوارە ئایدیۆلۆژییەکانی باکووری کوردستان و پێشبینییە سیاسییەکانی ئێستای ئاشکرادەکات.
کاتێک لە پاڵنەرەکانی بەشداربوانی گرووپی توێژینەوەکە بۆ هەڵبژاردنی حیزبێک لە دوایین هەڵبژاردنی گشتیدا بە پێی باری خوێندنیان دەکۆڵرێتەوە، دەبینرێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندن، ڕێژەی پەسەندکردنی بەرنامە و سیاسەتی حیزبیش زیاددەکات. ئاشکرایە کە بەرنامە و سیاسەتی حیزبی وەک فاکتەری جیاکەرەوە لە هەڵبژاردنی حیزبی سیاسی بە ڕێژەی ٤١.٧٪ لە نێوان دەرچوانی زانکۆدا دەردەکەون. لە ناو دەرچوانی زانکۆدا دڵسۆزیی حیزبی ٢٣.٣٪ و کاریگەریی سەرۆکی حیزب ١٣.٨٪ پێکدەهێنێت. لە لایەکی تریشەوە دڵسۆزیی حیزبی و کاریگەریی ڕێبەری حیزب لە گرووپەکانی خوێندنی خوارەوەدا دێتەپێشەوە. دڵسۆزیی حیزبی بەرزترین هۆکاری پەسەندکردنە بۆ دەرچوانی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی، بە ڕێژەی ٤٢.٥٪ و ٤٢.٦٪.

لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ کەمال کلیچدارئۆغڵۆ؛ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن، لەلایەن پارتەکەی خۆیی و یەسەپەیشەوە وەک “کاندیدی دەنگدەر خۆی” پەسەند نەبووە، بەڵکو زیاتر پشتگیرییەکەی بە هۆی دەنگدانی ستراتیژییەوە بەدەستهێناوە.

کاتێک سەیری ئەو هۆکارانە دەکەین کە بەشداربوان بە پێی گرووپی تەمەنیان بە زۆری کام حیزبیان پێ باشترە، تێبینیدەکرێت دڵسۆزیی حیزبی وەک فاکتەری دیاریکردنی ڕەفتاری دەنگدان لە گرووپی تەمەنی ناوەڕاست و سەرەوەدا زیاددەکات. لە کاتێکدا دەنگدەرانی گەنج زیاتر تیشکدەخەنەسەر “بەرنامە و سیاسەتی حیزبی” وەک فاکتەری دیاریکەر، “دڵسۆزیی حیزبی” و کاریگەریی “سەرکردەی حیزب” زیاتر لە گرووپە تەمەن مامناوەند و باڵاکاندا زاڵن.
بە پشتبەستن بەو داتایانەی کە لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا بەدەستهاتوون، دیارترین هۆکاری پەسەندکردنی دەنگدەرانی کورد بۆ ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکانی ١٤-٢٨ی ئایار، سەرۆکی پارتەکە بووە. کاتێک دڵسۆزیی حیزبی دێتەپێشەوە، یەسەپە هەڵدەبژێرن و کاتێکیش بەرنامە و سیاسەتی حیزبی دێتەپێشەوە، جەهەپە هەڵدەبژێرن. جێگەی سەرنجە لە ناو ئەو کەسانەی کە نەیانویستووە وەڵامبدەنەوە، بە نزیکەیی لە هەر سێ بەشداربوویەک یەک کەس ڕایانگەیاندووە کە بەرنامە و سیاسەتی حیزب لە بڕیاری دەنگدانیان یەکلاییکەرەوە بووە و لە هەر بیست بەشداربوویەک یەکێکیان ئاماژەی بە دڵسۆزیی حیزبی کردووە.
لە لایەکی دیکەوە دەربارەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ٢٠١٨ی تورکیا، ٥١.١٪ی بەشداربوانی ڕاپرسییەکە دەنگیان بە هەدەپە/ یەسەپە داوە، ٢٢.٣٪ دەنگیان بە ئاکەپە داوە و ٥٪ دەنگیان بە جەهەپە داوە، بەڵام ١١.٦٪ی بەشداربوانی ڕاپرسییەکە لەبەرئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨ تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵییەوە بووە، مافی دەنگدانیان نەبووە.
کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ گواستنەوەی لایەنگیریی حیزبی لە نێوان هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٣ دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ٨٢.١٪ی ئەو دەنگدەرانەی لە ساڵی ٢٠١٨ دەنگیان بە ئاکەپە داوە، لە ساڵی (٢٠٢٣)یش دەنگیان پێ داوەتەوە. پێدەچێت ٣.٧٪ی دەنگدەرانی ئاکەپە لە ساڵی ٢٠١٨، لە ساڵی ٢٠٢٣دا گۆڕابێت بۆ جەهەپە، و ٢.٣٪ گۆڕابێتن بۆ یەسەپە. تێبینیدەکرێت کە ٧٢.١٪ی ئەو دەنگدەرانەی لە ساڵی ٢٠١٨ دەنگیان بە جەهەپە داوە، لە ساڵی (٢٠٢٣)یش دەنگیان بە هەمان پارت داوەتەوە. ٨٤.٩٪ی ئەو دەنگدەرانەی لە ساڵی ٢٠١٨ دەنگیان بە هەدەپە داوە، لە ساڵی (٢٠٢٣)یش دەنگیان پێ داوەتەوە، بەڵام تێبینیی ئەوە دەکرێت کە ٩.٧٪ی دەنگدەرانی هەدەپە لە ساڵی ٢٠١٨ تا ساڵی ٢٠٢٣ گۆڕابێتن بۆ جەهەپە. ٤٣٪ی ئەو دەنگدەرانەی لە ساڵی ٢٠١٨ بەشداریی هەڵبژاردنیان نەکردووە، لە ساڵی (٢٠٢٣)یشدا دەنگیاننەداوە. پێدەچێت ٢١.٦٪ی ئەو دەنگدەرانە لە ساڵی ٢٠٢٣ بەرەو یەسەپە، ١٦.١٪ی بەرەو جەهەپە و ٤.٣٪ی بەرەو ئاکەپە ڕۆشتێتبن.
بە پشتبەستن بە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، کاتێک سەیری بنەمای فاکتەرەکانی گواستنەوەی دەنگەکان لە نێوان هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٣ دەکەین، بەشێکی بەرچاو لە دەنگدەرانی ئاکەپە لە بەرنامە و سیاسەتەکانی حیزب ناڕازین و ڕێژەی (٣٢.٧٪)یان سیاسەتی لایەنێکی دیکەیان لە سیاسەتەکانی ئاکەپە بەگونجاوترزانیوە و لایەنگیرییان بۆ حیزبی دیکە گۆڕاوە. هەروەها پێدەچێت هۆکارە ئابوورییەکان بە ڕێژەی ١٢.٢٪ هۆکارێکی گرنگ بن لەم گرووپەدا. لە کاتێکدا کە دیارترین فاکتەری دەنگدەرانی جەهەپە ناڕازیبوونە لە بەرنامە و سیاسەتەکانی حیزب بە ڕێژەی ٤٢.١٪، گومان لە کار و سەرکردایەتییش بە ڕێژەی ٢١.١٪ وەک هۆکارێکی دیکەی گرنگ هاتووە. لە ناو ئەو دەنگدەرانەی کە لە ساڵی ٢٠١٨دا دەنگیان بە هەدەپە داوە، گومان لە کار و سەرکردایەتی بە ڕێژەی ٢٦.٥٪ و ناڕازیبوون لە بەرنامە و سیاسەتەکانی حیزب بە ڕێژەی ٢١.٤٪ هۆکاری بەرچاوی ئەم گۆڕانکارییەن. هەروەها جێگەی سەرنجە کە لەم گرووپەدا فاکتەری وەک “بۆ گۆڕانکاری” ٦٪ و “لەبەرئەوەی هەدەپە ئاڕاستەدەکات”، ١١.١٪ هەن.
کاتێک توێژینەوە مەیدانییەکان بۆ دەنگدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠٢٣ کراوە، دەبینرێت کە ٦٨.٥٪ی بەشداربوانی ڕاپرسییەکە ڕایانگەیاندووە کە کەمال کلیچدارئۆغڵویان پێ باشترە، لە کاتێکدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ڕێژەی ٢٣.٥٪ پشتگیریکراوە. ڕێژەی ئەوانەی دەنگیاننەداوە، بە ٦.١٪ پێوانەکراوە، ئەوانەی نەیانویستووە وەڵامبدەنەوە، بە ١.٦٪ پێوانەکراوە. لە کاتێکدا دەنگدەرانی گرووپی تەمەنی گەنج و مامناوەند پشتگیری لە کەمال کلیچدارئۆغڵو دەکەن، بەڵام تێبینیدەکرێت کە پشتیوانی لە ئەردۆغان لە گرووپی تەمەنی ٦٥ ساڵ و سەرووتر بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. دەبینرێت کە ٧٢.٥٪ی دەنگدەرانی ژن و ٦٥.٦ی دەنگدەرانی پیاو کەمال کلیچدارئۆغڵویان پێ باشترە.
کاتێک لە گرنگترین هۆکاری دیاریکردنی ڕەفتاری دەنگدانی بەشداربوان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا دەکۆڵرێتەوە، ئەوە ئاشکرادەبێت کە (٤٩.٧٪)یان ڕەفتاری دەنگدانیان بەم شێوەیە ڕووندەکەنەوە، دەڵێن: “من بە شێوەیەکی ستراتیژی دەنگمداوە.” بۆیە لە کاتێکدا دڵسۆزیی حیزبی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر هەڵبژاردنی نوێنەری دەنگدەر هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا، دەکرێت بڵێین: ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆکایەتییش هەیە، بۆیە هەدەپە/ یەسەپە هیچ کەسێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار کاندیدناکات، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە زۆرینەی بەشداربوان نەک تەنها بە پێی ئارەزووی ئایدیۆلۆژی یان سیاسیی خۆیان دەنگیاننەداوە، بەڵکو لە چوارچێوەی کاریگەرییە ئەگەرییەکانیان لە سەر دەرئەنجامی گشتیی هەڵبژاردن و ستراتیژی هاوپەیمانی دەنگیانداوە. ئەو کەسانەی کە ڕایانگەیاندووە دەنگیانداوە، لەبەرئەوەی “کە کاندیدی خۆمە”، بە ڕێژەی ٣٠.٣٪ لە پلەی دووەمدایە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە نزیکەی یەک لە سەر سێی بەشداربوان دەنگیان بە کاندیدێک داوە کە هەستیانکردووە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ناسنامە یان سیاسەتەکانی کاندیدەکەوە هەیە. ڕێژەی ئەو کەسانەی دەنگیان بە “پاڵێوراوی هاوپەیمانی” داوە، ١٢.١٪ دەبێت. بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین: بەدەستهێنانی دەنگی بەشێک لە دەنگدەران بە هۆی هاوپەیمانێتییەکەوە نییە، بەڵکو بە هۆی ئەو کاندیدەوە دیاریدەکرێت کە هاوپەیمانییەکە کۆدەکاتەوە. لە کاتێکدا ٥.٣٪ ڕایانگەیاندووە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا کە دەنگیاننەداوە، ١.٦٪ نەیانویستووە هۆکاری دەنگدانەکە ئاشکرابکەن.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە زیاتر لە ٩٠٪ی بەشداربوانی ڕاپرسییەکە لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری لە تورکیا و کاریگەریی زیاتری لە سەر پارێزگا کوردنشینەکان، دەکرێت بڵێین: ئابووری یەکێکە لە تەوەرە گرنگەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.

بەدواداچوونە مەیدانییەکانی توێژینەوەکە دەریدەخەن کە ڕەفتاری دەنگدان لە دوایین هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا جیاوازییەکی بەرچاوی بە پێی پەسەندکردنی حیزبەکان نیشانداوە. لە کاتێکدا لە هەر ١٠ لایەنگرێکی ئاکەپە ٩ دانەیان ئاماژەیان بەوە داوە کە لەبەرئەوەی کاندیدی خۆیانە، بۆیە دەنگیان پێ داوە، ٧ کەسیش لە ١٠ لایەنگری یەسەپە دەڵێن: بە شێوەیەکی ستراتیژی دەنگیانداوە، ١١٪ دەنگیانداوە، لەبەرئەوەی کاندیدی خۆیانە و ١٥.٨٪ ڕایانگەیاندووە کە هەڵبژاردنی خۆیان لە سەر بنەمای فاکتەری کاندیدی هاوپەیمانیبوون کردووە. لە کاتێکدا تەنها ٣٠٪ی کاندیدەکانی جەهەپە لەلایەن ئەندامانی پارتەکەوە دەنگیان پێ دراوە، چونکە کاندیدی خۆیانن، بەڵام جێگەی سەرنجە کە ڕێژەی ئەوانەی ڕایانگەیاندووە کە بە شێوەیەکی ستراتیژی دەنگیانداوە، ٥٦.٣٪ بووە.
بە پشتبەستن بە دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکان، تێبینیی ئەوە دەکرێت کە کاندیدی بلۆکی دەسەڵاتدار؛ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە دوایین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بە شێوەیەکی بەردەوام لەلایەن دەنگدەرانی کوردەوە لە ئاکەپە پشتیوانیی لێ دەکرا، لە کاتێکدا کاندیدەکەی ئۆپۆزسیۆن؛ کەمال کلیچدارئۆغڵۆ، لەلایەن پارتەکەی خۆی و یەسەپەیشەوە وەک “کاندیدی خۆی” پەسەند نەبووە، بەڵکو زیاتر پشتگیرییەکەی بە هۆی دەنگدانی ستراتیژییەوە بەدەستهێنابوو.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە گرووپە تەمەنییە گەنجەکان مەیلی دەنگدانی ستراتیژییان بەهێزە لە چاو گرووپە تەمەنە گەورەکان و مامناوەندەکاندا. جیاوازیی تەمەن هەم پەیوەندیی لەگەڵ کاندیدەکان و هەم دید بۆ پرسی هاوپەیمانی و هەم ڕەفتاری ستراتیژیی دەنگدان لەقاڵبدەدات و ئەمەش لە دوایین هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا بە ڕوونی دەرکەوت. دیسانەوە بە پشتبەستن بە دەرئەنجامەکان، تێبینیدەکرێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندن، مەیلی دەنگدەران بۆ دەنگدانی ستراتیژی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاددەکات، هاوکات دڵسۆزی بۆ حیزب لە هەڵبژاردنی کاندیددا کەمدەبێتەوە و ڕێژەی بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا زیاددەکات.

بەشی سێیەم: دەنگدەر و هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢٤
کاتێک سەیری ئەوە دەکەین کە بەشداربوانی گرووپی توێژینەوەکە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا دەنگیان بە کام لایەن داوە، هەدەپە بە ڕێژەی ٥٠.٨٪، ئاکەپە بە ڕێژەی ٢٢.٥٪، جەهەپە بە ڕێژەی ٥.٧٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و ١١٪ی بەشداربوانی ڕاپرسییەکەیش لەبەرئەوەی “تەمەنیان خوار ١٨ ساڵەوە بووە، مافی دەنگدانیان نەبووە”.
لە وەڵامی پرسیاری “پێویستە پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکانیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا چ بەرنامەیەک لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن؟ ٤٧.٤٪ی بەشداربوان ئاماژە بە گرنگیی باشترکردنی هەلی کار و گەشەپێدانی ئابووری دەکەن، لە کاتێکدا ڕێژەی ئەوانەی کە دەڵێن: پرسی کورد پێویستە سەرنجی لە سەر بێت و چارەسەری ئەم پرسە پێشکەشبکرێت، لە پلەی دووەمدایە بە ١٧.٣٪.
بە پشتبەستن بەو دەرئەنجامانەی لە داتاکانی توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، دەبینرێت کە ئابووری و پرسی کورد و بابەتە پەیوەندیدارەکان لەو بوارانەن کە دەنگدەرانی کورد پێیان وایە پێویستە لایەنەکان بە پلەی یەکەم لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢٤دا سەرنجیان لە سەر بێت. پەرەپێدانی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە، بە تایبەتی دامەزراندن و گەشەپێدانی ئابووری و گرنگیدان بە سیاسەتێک کە چارەسەری پرسی کوردی تێدا بێت وەک سیاسەتی لەپێشینە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا دەردەکەون. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە زیاتر لە ٩٠٪ی بەشداربوانی ڕاپرسییەکە لە ژێر هێڵی هەژاریدان و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری لە تورکیا و کاریگەریی زیاتری لە سەر پارێزگا کوردنشینەکان، دەکرێت بڵێین: ئابووری یەکێکە لە تەوەرە گرنگەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و ئەوەش یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی ستراتیژی بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەکان. زیادکردنی هەلی کار و بایەخدان بە گەشەپێدانی ئابووری وەک چاوەڕوانی سەرەکیی زۆرینەی دەنگدەرانی کورد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢٤دا دەردەکەون.

بە پشتبەستن بە دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکە، بە گشتی هەدەپە توانیویەتی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی (٢٠١٨)وە پارێزگاری لە ڕیژەی دەنگەکانی بکات و تا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ساڵی (٢٠٢٤)یش دەیپارێزێت، بەڵام ئاکەپە ٥ خاڵ لە دەنگەکانی دابەزیوە. هەروەها بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئازاری ٢٠٢٣، نزیکەی نیوەی دەنگەکانی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەهاری ٢٠٢٤ کەمدەکات.

لە کاتێکدا مەیلێک هەیە بۆ گرنگیدان بە سیاسەتی زیادکردنی گەشەسەندنی ئابووری و دامەزراندن و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە نێوان هەموو ئاستەکانی پەروەردەدا، هەروەها ڕەوتێک لە زیادبووندایە بۆ زیادکردنی گرنگیدان بە پرسەکانی وەک مافی کولتووری، زمانەوانی و گرنگیدان بە پرسەکانی وەک پڕۆژەی پەروەردەیی و یەکسانیی جێندەری، هەروەها وەک توخمێکی دیار تێبینیدەکرێت کە یەکسانیی جێندەری و پرسی مافی ژنان گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ ژنان.
بە پشتبەستن بەو داتایانەی بەدەستهاتوون، تێبینیی ئەوە دەکرێت چاوەڕوانییەکان بۆ گەشەسەندنی ئابووری و زیادبوونی دامەزراندن بۆ هەموو گرووپە دەنگدەرەکان زۆرن. جەختکردنەوە لە سەر پێویستیی زیاتری گرنگیدان بە پرسی کورد و پرسە پەیوەندیدارەکان بە تایبەتی لە ناو دەنگدەرانی یەسەپەدا بە ڕێژەی ٢٨.٢٪ دێتەپێشەوە.
کاتێک لە وەڵامی ئەو بەشداربوانەی کە وەڵامی ڕاپرسییەکەیان داوەتەوە، بۆ پرسیاری “بە ڕای ئێوە هەنگاوی لەپێشینە چییە کە پێویستە لایەنەکان بیگرنەبەر بۆ فەراهەمکردنی پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ کۆمەڵگەدا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان؟” دەکۆڵرێتەوە، دەردەکەوێت کە (٥١.٥٪)یان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ یەکبەیەکی تاکەکانی کۆمەڵگەدا کاریگەرترین ڕێگەیە، لە کاتێکدا ١٦.٤٪ جەخت لە سەر گرنگیی بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان دەکەنەوە بە شێوەیەکی کاریگەر، ١٥.٩٪ی بەشداربوانیش باس لەوە دەکەن کە ڕێکخستنی کۆبوونەوە لە گەڕەک و ناوچەکاندا دەبێتە هۆی پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ دەنگدەراندا.
بە پشتبەستن بە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، ئەوە ڕووندەبێتەوە کە دەنگدەران بە پلەی یەکەم جەخت لە “پەیوەندیی یەکبەیەک” دەکەنەوە بۆ ئەوەی لایەنەکان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا پەیوەندیی باشتر لەگەڵ کۆمەڵگەدا دروستبکەن. بابەتێکی دیکە کە هاتەپێشەوە، بژاردەی “کۆبوونەوەی گشتی و گەڕەک و ناوچەکانە”، دەبینرێت ١٨٪ی بەشداربوان ڕایانگەیاندووە کە پێویستە سۆشیالمیدیا و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاربهێنرێن و پەیامەکان لە ڕێگەی تیڤی و ڕادیۆوە بگاتە ڕایگشتی. ١٣.٨٪ی بەشداربوان ئاماژە بە گرنگیی ڕێکخستنی کۆبوونەوە دەکەن.
بە پشتبەستن بە داتای توێژینەوەکە، تێبینیدەکرێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندندا، تاکەکان پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان و سۆشیالمیدیا وەک ئامرازێکی کاریگەرتر لە پەیوەندیی سیاسیدا دەبینن، بەڵام پەیوەندیی یەکبەیەک وەک گرنگترین شێوازی پەیوەندیکردن بۆ هەموو ئاستەکانی خوێندن دەردەکەوێت.

بە گشتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢٤ لەگەڵ زیادبوونی تەمەن مەیلی دەنگدان بە ئاکەپە زیاتردەبێت، لە کاتێکدا مەیلی دەنگدان بە جەهەپە لە ناو دەنگدەرانی گەنجدا زیاتر دەردەکەوێت، بەڵام مەیلی دەنگدان بە هەدەپە بە گشتی دابەشبوونێکی تا ڕادەیەک هاوسەنگی لە نێوان سەرجەم گرووپە تەمەنییەکاندا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ناو گەنجان و بەتەمەنەکاندا مەیلی دەنگدان بە هەدەپە بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات.

لە ژێر ڕۆشنایی داتاکانی توێژینەوەدا دەتوانین بڵێین: لایەنەکان دەتوانن پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ کۆمەڵگە بونیادبنێن و ستراتیژی پەیوەندیی نموونەیی بە پێی ئارەزووی حیزبەکان دەگۆڕێت. لە کاتێکدا هەموو دەنگدەرانی پارتەکان بە پلەی یەکەم ئاماژە بە گرنگیی شێوازی پەیوەندیی یەکبەیەک دەکەن، بەڵام دەنگدەرانی ئاکەپە کۆبوونەوە وەک کاریگەرترین شێوازی پەیوەندیکردن بە بەراورد لەگەڵ گرووپە دەنگدەرەکانی دیکە دەبینن. جێگەی سەرنجە کە دەنگدەرانی جەهەپە و مەهەپە و یەسەپە کە نەیانویست وەڵامبدەنەوە، ئاماژەیان بە گرنگیی بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان کرد وەک لەپێشترین شێوازی پەیوەندیی کاریگەر دوای پەیوەندیی یەکبەیەک.
لە توێژینەوە مەیدانییەکاندا دەرکەوتووە کە هەدەپە/ یەسەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی داهاتوودا بە ڕێژەی ٥٠.٦٪، واتە لەلایەن زیاتر لە نیوەی بەشداربوانەوە بەباشتردەزانرێت، لە کاتێکدا ئاکەپە بە ڕێژەی ١٧.٢٪ و جەهەپە بە ڕێژەی ٧.٢٪ پاڵپشتیدەکرێت. بە پشتبەستن بەو داتایانە، دەبینرێت کە هەدەپە ڕێژەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ٢٠١٨ بە ڕێژەی ٥١.١٪، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠١٩ بە ڕێژەی ٥٠.٨٪ و لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ٥١٪ پاراستووە. هەرچەندە هەدەپە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ٢٠١٨ تا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ساڵی ٢٠٢٤ دەنگەکانی دەپارێزێت، بەڵام ئاکەپە لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاردا دەنگی ٢١.٨٪ی بەشداربوانی ڕاپرسییەکەی بەدەستهێناوە، بەم جۆرە ڕووندەبێتەوە کە ئاکەپە ٥ خاڵ لە دەنگەکانی دابەزیوە. لە لایەکی دیکەوە بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنە گشتییەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣دا، دەکرێت بڵێین: ئەو دەنگانەی کە پێدەچێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی داهاتوودا جەهەپە لە دەنگدەرانی کورد وەریبگرێت، نزیکەی نیوەی کەمدەکات. جەهەپە لە دوایین هەڵبژاردنی گشتیدا دەنگی ١٤.٢٪ی بەشداربوانی بەدەستهێناوە، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پشتیوانیی ٧.٢٪ی بەشداربوانی ئەم ڕاپرسییە بەدەستدەهێنێت. ئەمە جگە لەوەی ڕێژەی ئەوانەی ڕایانگەیاندووە کە پشتگیری لە پارتی کارکەرانی تورکیا (تیپ) دەکەن، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا ڕێژەی (١.٣٪)ە.
بە گوێرەی دەرئەنجامی توێژینەوە، لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی داهاتوودا هەدەپە/یەسەپە دەنگەکانی خۆی دەپارێزێت، کەمبوونەوەی نزیکەی نیوەی دەنگەکانی جەهەپە و کەمبوونەوەی پێنج خاڵی دەنگەکانی ئاکەپە بەدیدەکرێت، هاوکات ئەو بەشداربوانەی کە “هیچ بڕیارێکیان نەداوە”، “بۆچوونەکەی ئاشکرا نییە”، “پلانی دەنگدان نییە” و “نایەوێت وەڵامبداتەوە”، بوونی ئەو بۆچوونە خۆڵەمێشییانەی کە دروستبوون، بۆ خۆی جێگەی سەرنجە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە لە هەر پێنج بەشداربوویەک یەکێکیان ئاماژە بە هیچ لایەنێکی سیاسی ناکات، هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنە گشتییەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣دا، فاکتەری وەک هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و ڕازیکردنی دەنگدەران وەک کارنامەیەکی گرنگ دێنەپێشەوە لە هەڵبژاردنی داهاتووی شارەوانییەکاندا.
کاتێک تەماشای مەیلی بەشداربوانی ڕاپرسییەکە بۆ دەنگدانیان بە پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢٤ بکەین، دەبینین لەگەڵ زیادبوونی تەمەن مەیلی دەنگدان بە ئاکەپە زیاتردەبێت، لە کاتێکدا مەیلی دەنگدان بە جەهەپە لە ناو دەنگدەرانی گەنجدا زیاتر دەردەکەوێت. هەرچەندە مەیلی دەنگدان بە هەدەپە بە گشتی دابەشبوونێکی تا ڕادەیەک هاوسەنگ لە نێوان هەموو گرووپە تەمەنییەکان نیشاندەدات، واتە لە ناو سەرجەم تەمەنەکاندا تا ڕادەیەک دەنگدەری هەیە، بەڵام هەڵاوسانێک لەم مەیلەدا لە گرووپە تەمەنییە گەنجەکان و گەورەکاندا بەدیدەکرێت. ڕێژەی ئەوانەی کە “هێشتا بڕیاریاننەداوە”، بە گشتی لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا کەمدەبێتەوە.
کاتێک سەیری ئەوە دەکەین کە بەشداربوان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بە پشتبەستن بە دەنگدانیان لە دوایین هەڵبژاردنی گشتیدا کە لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، مەیلیان بۆ دەنگدان بە کام لایەن هەیە، ٧٩.٩٪ی دەنگدەرانی ئاکەپە بە نیازن جارێکی دیکە دەنگ بە هەمان پارت بدەنەوە، بەڵام بەشێکی بەرچاو؛ بە ڕێژەی ١٣.٣٪ دەڵێن: “هێشتا بڕیارماننەداوە.” لە کاتێکدا ٨٩.٣%ی دەنگدەرانی یەسەپە ڕایانگەیاندووە کە دەنگ بە هەمان پارت دەدەنەوە، ڕێژەی ئەو دەنگدەرانەی هێشتا بڕیاریاننەداوە، ٤.٦٪ دەبێت. ڕێژەی بەشداربوانی هەدەپە کە ڕایانگەیاندووە پشتیوانیی جەهەپە دەکەن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، ٢.٥٪ دەبێت. لە کاتێکدا ٣٨.٩٪ی دەنگدەرانی جەهەپە ڕایانگەیاندووە کە جارێکی دیکە دەنگ بە جەهەپە دەدەنەوە، (١٩.٥٪)یان مەیلیان بۆ پشتگیریی هەدەپە/ یەسەپە هەبووە و (٢٤.٧٪)یان هێشتا بڕیاریاننەداوە. بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی بەدەستهاتوون، ٤٦.٢٪ی ئەو دەنگدەرانەی لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ دەنگیاننەداوە، ئەم جارەش ئامادە نین دەنگبدەنەوە، بەڵام لە (١٥.٤٪)یان مەیلیان بۆ هەدەپە/یەسەپە جوڵاوە.
بە گوێرەی دەرئەنجامەکان، کاتێک بەراورد لە نێوان دەنگی بەشداربوانی ڕاپرسییەکە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٣ و مەیلیان بۆ دەنگدان بە پارتێک لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢٤ دەکرێت، دەردەکەوێت هەدەپە پارێزگاریی لە ڕێژەی دەنگدەرانی خۆی کردووە و لە هەر ٥ دەنگدەرێکی جەهەپەیش یەکێکیان مەیلی بۆ لای هەدەپە/یەسەپە جوڵاوە. لە کاتێکدا ئاکەپە بە ڕێژەی ٨٠٪ مەیلی دەنگدەرانی خۆی پاراستووە، بەڵام ڕێژەی ئەو دەنگدەرانەی کە هیچ بڕیارێکیان نەداوە، زیادیکردووە. بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، جەهەپە تەنها لەلایەن ٣٨.٩٪ی دەنگدەرانیەوە دووبارە دەنگی پێ دەدرێتەوە. لە کاتێکدا ٢٤.٧٪ی دەنگدەرانی جەهەپە بڕیاریاننەداوە و ١٩.٥٪ زیاتر مەیلیان بە لای هەدەپەدایە.
لە توێژینەوە مەیدانییەکەدا دەردەکەوێت هەدەپە ئەو پارتەیە کە لە نێوان هەڵبژردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٤دا پارێزگاری لە زۆرترین ڕێژەی دەنگەکانی دەکات و پشتیوانیی ئەو دەنگدەرانەی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی (٢٠٢٤)ی مسۆگەرکردووە. ئەمە جگە لەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان گۆڕانکاریی لە مەیلی دەنگدەرانی هەدەپە و جەهەپەدا دروستبووە. هەرچەندە جەهەپە توانیویەتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ و تەنانەت هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئایاری ٢٠٢٣دا ڕێژەی دەنگەکانی بەرزبکاتەوە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢٤ ڕێژەی ١٩.٥٪ی دەنگدەرانی جەهەپە مەیلیان بۆ هەدپە جوڵاوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو وەڵامانەی بەشداربوان سەبارەت بەوەی کە لایەنەکان بە پلەی یەکەم لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی داهاتوودا کام ستراتیژ جێبەجێبکەن، دەکرێت بڵێین: چاوەڕوانییەک هەیە کە پرسە ناوخۆییەکان کارنامەی سەرەکیی حیزبەکان بن. لە کاتێکدا ٢١.٢٪ی بەشداربوان ئاماژە بە گرنگیی ڕاوێژکردن لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا دەکەن لە پڕۆسەی دیاریکردنی کاندیدەکاندا، ١٤.٤٪ پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەنگدەراندا و ستراتیژێک کە سەنتەرەکەی چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان بێت، بەگونجاودەزانن. جێگەی سەرنجە کە تەنها ٥٪ی بەشداربوان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێویستە کاندیدەکان بە “هەڵبژاردنی سەرەتایی”(٤) دیاریبکرێن. دەبینرێت کە ٢.٤ی بەشداربوان ئاماژە بە گرنگیی هاوکاری لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەدا و دروستکردنی هاوپەیمانییەکی بەهێز دەکەن.
کاتێک لە وەڵامی ئەو بەشداربوانەی توێژینەوەکە دەربارەی پرسیاری “ڕاتان چۆنە لە سەر ئەوەی لە هەڵبژاردنی ناوخۆییدا پارتەکەت هاوپەیمانی لەگەڵ پارتێکی دیکە یان حیزبەکانی دیکەدا بکات؟” دەکۆڵرێتەوە، (٤١.٢٪)یان پشتگیری لە بیرۆکەی پێکهێنانی هاوپەیمانی دەکەن و لەگەڵ وەڵامی “ئەرێنی سەیریدەکەم”دان. لە کاتێکدا ٢٧.٧٪ دەڵێن “بە نەرێنی سەیریدەکەم” و (٢٣.٤)یان بە وەڵامی “نە بە ئەرێنی، نە بە نەرێنی سەیریدەکەم” وەڵامی پرسیارەکەیان داوەتەوە.
بە پشتبەستن بەو ئەنجامانەی لە داتاکانی ڕاپرسییەکەوە بەدەستهاتوون، تێبینیدەکرێت دەنگدەرانی ئاکەپە و هەدەپە لە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکەدا ئەرێنین، بەڵام دەنگدەرانی جەهەپە بە نەرێنی لەو پرسە دەڕوانن. لە کاتێکدا لە هەر ٢ دەنگدەرێکی ئاکەپە یەکێکیان پشتیوانیی لە پێکهێنانی هاوپەیمانی کردووە، لە هەر ٥ بەشداربوویەک یەکێکیان بەنەرێنییزانیوە. تێبینیدەکرێت تەنها ٣٠٪ی بەشداربوانی یەسەپە بە نەرێنی لە پرسی پێکهێنانی هاوپەیمانی لەلایەن یەسەپەوە دەرڕوانن و (٣٩.٨٪)یان بە ئەرێنی. لە کاتێکدا ئەو کەسانەی کە بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن، بە نەرێنی سەیری پرسی هاوپەیمانیەتی دەکەن، ئەو بەشداربوانەی کە نەیانویست وەڵامبدەنەوە، وا دەردەکەوێت بژاردەی “نە بە ئەرێنی و نە نەرێنی دەیبینم”یان هەڵبژاردووە.
کاتێک وەڵامی بەشداربوانی گرووپی توێژینەوەکە بۆ ئەو پرسیارە دەخرێتەڕوو کە حەزدەکەن چ جۆرە پڕۆفایلی کاندیدی سەرۆکی شارەوانی لەو شارەدا ببینن کە تێیدا دەژین، دەبینرێت (٥٢.٥%)یان “کەسێکی گەنج و خوێندەوار و داهێنەر”یان پێ باشە. لە کاتێکدا وەڵامی “ناوێکی ناسراو و شارەزا لە سیاسەتدا” پلەی دووەمی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی ٢٧.٥٪، وەڵامەکانی “کاندیدێک کە پیشەی ئەکادیمیی هەیە”؛ ٦.٨٪ و “کەسێک کە ماوەیەکی زۆرە لە ڕێکخراوەانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا چالاک بووە”؛ ڕێژەی ٦.١٪. ئەمە جگە لەوەی بژاردەکانی “کەسێکی بەئەزموون لە کاری بازرگانیدا” و “کەسێکی ئاییندار” هەڵبژێردراون.
کاتێک بە پێی ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ڕابردوودا داویانە، ئەو وەڵامانەی بەشداربوان بۆ پرسیاری “پێت خۆشە وەک کاندیدی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکەت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا چ جۆرە پڕۆفایلێک ببینیت؟” دەنگدەرانی ئاک پارتی “ناوێکی ناسراو و بەئەزموون لە سیاسەتدا” بە ڕێژەی ٣٨.٧٪ وەک بەرزترین ڕێژە پێیان باشتر بوو. لە هەمان کاتدا بژاردەکانی “کەسێکی گەنج و خوێندەوار و داهێنەر” بە ڕێژەی ٣١.٤٪ و “کەسێک کە ماوەیەکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا چالاک بووە؛ بە ڕێژەی ١١.١٪ تا ڕادەیەک بە ئاستێکی بەرز هەڵبژێردراون. تێبینیدەکرێت کە بژاردەی “کاندیدێکی دیندار” ٤.٨٪ بە بەراورد لەگەڵ لایەنەکانی دیکە زیاتر بووە. “ناوێکی گەنج و خوێندەوار و داهێنەر” بە ڕوونی بۆ یەسەپە؛ ٥٩.٨٪ و دەنگدەرانی جەهەپە ٦٤.٧٪ دیارە.
کاتێک وەڵامی ئەو بەشداربوانەی کە وەڵامی ڕاپرسییەکەیان داوەتەوە، بۆ پرسیاری “چی پێشنیار دەکەیت بۆ ئەوەی دیموکراسی لە ناوخۆی وڵاتدا کاراببێت؟” (٣٨.٨٪)یان “دروستکردنی پلاتفۆڕمێک کە پێشنیار و داواکارییەکانی خەڵکی ناوچەکە کۆبکاتەوە” پێشنیارکردووە، “فەراهەمکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ بەشداریی هاوڵاتیان لە پڕۆسەی بڕیاردان” بە ڕێژەی ٣٥.٦٪ لە پلەی دووەمدایە. لە کاتێکدا ١١.١٪ی بەشداربوان پێشنیاری “زیادکردنی نوێنەرایەتیی گەنجان و ژنان” دەکەن بۆ ئەوەی دیموکراسی لە ناوخۆدا کاراببێت، هەروەها پێشنیاری “دامەزراندنی ئەنجومەنی گەڕەکەکان و کاراکردنیان” بە ڕێژەی ٩.٥٪ لە پلەی چوارەمدایە.

هەرچەندە زۆرینەی دەنگدەرانی ئاکەپە پێیان وایە دانانی قەیوم کاریگەریی لە سەر ڕێژەی بەشداریی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا نابێت، بەڵام زۆرینەی دەنگدەرانی یەسەپە و جەهەپە دەڵێن: دانانی قەیوم کاریگەریی لە سەر ڕێژەی بەشداریی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا دەبێت.

کاتێک وەڵامی بەشداربوانی گرووپی توێژینەوەکە بۆ پرسیاری “چۆن هەڵسەنگاندن بۆ دانانی قەیومەکان(٥) بۆ شارەوانییەکان دەکەیت؟” وەرگیرا، تەنها ڕێژەی ١٣.١٪ دانانی قەیومیان بەدروستزانیوە، لە کاتێکدا سێ لە سەر چواری بەشداربوان دانانی قەیومیان بەدروستنەزانیوە، ڕێژەی ئەو کەسانەی کە ڕایانگەیاندبوو نە بە ڕاست و نە بە هەڵەیان زانیوە، ٨٪ بووە. هەروەها ڕێژەی ٣.٤٪ی بەشداربوانی ڕاپرسییەکە “هیچ بیرۆکەیەکیان” لەو بارەیەوە نەبووە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندن، ئەوانەی کە پێیان وا بووە دانانی قەیوم هەنگاوێکی دروست نییە، زیاددەکات. ئەم ڕێژەیە لە نێوان دەرچوانی زانکۆ و کەسانی خوێندنی باڵا و خوێندکارانی زانکۆدا لە نێوان ٧٨.٦٪ بۆ (٨٥.٧٪)دایە. لە ناو دەنگدەرانی دەرچووی قۆناغی سەرەتاییدا، ڕێژەی ئەوانەی ڕەزامەندن لە سەر دانانی قەیوم لە جێگەی سەرۆکی شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان، لە بەرزترین ئاستدایە بە ڕێژەی ٣١.٩٪.
لە توێژینەوە مەیدانییەکەدا دەردەکەوێت کە دەنگدەرانی کورد تا ڕادەیەکی زۆر ڕەزامەندی لە سەر دانانی قەیوم بۆ شارەوانییەکان نادەن. ٢٥.٨٪ی لایەنگرانی ئاکەپە، ٩٥.٩٪ی لایەنگرانی یەسەپە، ٨٥.٧ی لایەنگرانی پارتی باش، ٨٣.٧٪ی لایەنگرانی جەهەپە، ٧٠.٣٪ی ئەوانەی نایانەوێت ئەو پارتە ڕابگەیەنن کە دەنگیان پێ داوە، ٦٧.٩٪ی ئەو کەسانەشی کە دەنگیاننەداوە، بەدروستینازانن قەیوم بۆ شارەوانییەکان دابنرێت. لە ناو بەشداربواندا ٨٤.٦٪ی دەنگدەرانی مەهەپە، ٥٠.٢٪ی دەنگدەرانی ئاکەپە، ٢٥٪ی دەنگدەرانی پارتی خۆشگوزەرانیی نوێ؛ دانانی قەیومیان بەدروستزانیوە.
کاتێک لە وەڵامی بەشداربوان بۆ پرسیاری “چۆن کاریگەرییەکانی دانانی قەیومەکان لە سەر خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی هەڵدەسەنگێنیت؟” دەکۆڵرێتەوە، دەردەکەوێت کە ڕێژەی ئەوانەی کە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی وەک “کاریگەریی نەرێنی” هەڵدەسەنگێنن، (٧٠.٣٪)ە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە زۆرینەی دەنگدەرانی کورد پێیان وایە دانانی قەیوم کاریگەریی نەرێنی لە سەر خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی هەیە. ڕێژەی ١٤.٤٪ی بەشداربوان “کاریگەریی ئەرێنیی هەیە”یان هەڵبژاردووە. بە پشتبەستن بەم داتایانە دەتوانین بڵێین: بە بۆچوونی هاوڵاتیانی باکووری کوردستان؛ دانانی قەیومەکان کاریگەریی نەرێنیی لە سەر خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی دەبێت.
بە پشتبەستن بەو داتایانەی بەدەستهاتوون، ٥٥٪ی ئەو دەنگدەرانەی کە پشتیوانی لە ئاکەپە دەکەن، پێیان وایە دانانی قەیوم کاریگەریی ئەرێنیی لە سەر خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی هەیە، ١٩.٦٪ دەڵێن: کاریگەریی نەرێنیی هەیە، ١٩.٢٪ دەڵێن: نە کاریگەریی ئەرێنیی هەیە، نە نەرێنی.
زۆرینەی ئەو دەنگدەرانەی کە پشتیوانی لە یەسەپە دەکەن، (٩٢.٥٪یان کاریگەرییەکانی دامەزراندنی قەیوم لە سەر خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بە نەرێنی هەڵدەسەنگێنن. لە کاتێکدا ٧٨.٩٪ی دەنگدەرانی جەهەپە کاریگەرییەکانی دانانی ئەمیندار لە سەر خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بەنەرێنیدەزانن، ٧.٤٪ بە ئەرێنی هەڵیدەسەنگێنن. تەنها ٥.١٪ی ئەوانەی کە دەنگیاننەداوە، دەڵێن دامەزراندنی قەیوم کاریگەریی ئەرێنیی لە سەر خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی هەیە.
کاتێک ئەو وەڵامانەی بەشداربوان بۆ پرسیاری “پێتوایە دانانی قەیومەکان بە چ شێوەیەک کاریگەریی لە سەر بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا دەبێت؟” دەکۆڵرێتەوە، ڕێژەی ئەو کەسانەی وەڵامیانداوەتەوە بە “پێم وایە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا کەمدەبێتەوە”، بەرزترین ڕێژە پێکدەهێنێت بە ٣٨.٦٪. ئەم داتایانە دەریدەخەن کە زۆرینەی دەنگدەران پێیان وایە کە دامەزراندنی قەیوم کاریگەریی نەرێنیی لە سەر متمانە و بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا دەبێت.
ڕێژەی ئەوانەی وەڵامیانداوەتەوە بە “پێم وایە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا زیاددەکات”، ٢٦.٦٪ دەبێت. ئەمەش بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە دەنگدەران نیشاندەدات، کە پێیان وایە دانانی قەیوم هۆکارێک دەبێت بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و بەرگریکرن لە مافە تایبەتییەکانی هاوڵاتی، هەروەها جێگەی سەرنجە کە ڕێژەی ئەوانەی وەڵامیانداوەتەوە بە “وەک خۆی دەمێنێتەوە”، ڕێژەی ١٩.٧٪ دەبێت.
٤١.٣٪ی دەنگدەرانی ئاکەپە پێیان وایە دانانی قەیوم نابێتە هۆی هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا. لە کاتێکدا ڕێژەی دەنگدەرانی ئەو پارتە کە پێیان وایە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا زیاددەکات، (٢٦.٩٪)ە و ڕێژەی ئەوانەی پێیان وایە دانانی قەیوم دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، ١٣.٧٪ دەبێت.
لە کاتێکدا زۆرینەی دەنگدەرانی یەسەپە کە ڕیژەی ٤٧.٥٪ پێکدەهێنن، پێیان وایە دانانی قەیوم ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا کەمدەکاتەوە، ڕێژەی ئەوانەی پێیان وا بوو بەشداریکردن زیاددەکات، ٣١.٢٪ بووە. ٤٤.٧٪ی دەنگدەرانی جەهەپەیش لەو باوەڕەدان کە دانانی قەیوم ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کەمدەکاتەوە. لەبەر ڕۆشنایی ئەم داتایانە، جێگەی سەرنجە کە تێڕوانینێکی بەهێز هەیە، بە تایبەتی لە ناو دەنگدەرانی یەسەپە و جەهەپەدا کە دانانی قەیومەکان ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کەمدەکاتەوە.
_____________________
1- نزیکەی ٣٠٠-٦٠٠ دۆلاری ئەمریکی.
2- نزیکەی ١٧٥٠ دۆلاری ئەمریکی.
3- بە هۆی مەترسیی داخستی پارتی دیموکراتی گەلانەوە (هەدەپە) (HDP)) HALKARİN DEMOKRATİKPartisi) لەلایەن دادگای دەستووریی تورکیاوە بەرپرسانی پارتەکە لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ بڕیاریاندا لە ژێر ناوی پارتی چەپی سەوزدا (یەسەپە) و لەگەڵ کاندیدەکانی ئەو پارتەدا بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن. دوای شکستی هەدەپە/یەسەپە لە هەڵبژاردنەکاندا، لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ یەسەپە کۆنگرەی چوارەمی سازکرد و ناوی پارتەکەی گۆڕی بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ) (Halkların Eşitlik ve Demokrasi Partisi HEDEP)، ئێستا هەدەپە و یەسەپە لە ژێر ناوی هەدەپ بەردەوامن لە کاری سیاسی و ٦١ پەرلەمانتاریان هەیە.
4-واتە لە ناو پارتە سیاسییەکاندا بە هەڵبژاردن کاندیدی ئەو پارتە بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانییەکان یەکلاییبکرێتەوە.
5- قەیوم کەسێکە کە بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بە فەرمانێکی تایبەتی لە جێگەی سەرۆکی شارەوانییەکی هەڵبژێردراو دادەنرێت. دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئاکەپە و هەدەپە، ئاکەپە لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە و بە دانانی قەیوم لە جێگەی ئەو سەرۆکی شارەوانییانەی هەدەپە کە بە دەنگی هاوڵاتیان هەڵبژێردراون، زەبرێکی کوشندەی لە هەدەپە وەشاندووە. سەرەڕای هەڵبژاردنی ئەو سەرۆکی شارەوانییانە لەلایەن گەلەوە، بەڵام بە بیانووی “بوونی پەیوەندیی سەرۆکی شارەوانییەکە لەگەڵ پەکەکە و پشتیوانی لە تیرۆر” لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە و بەبێ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دیکە، کەسێکی دڵخوازی ئاکەپە لە جێگەکەی دادەنرێت. ئەم هەڵمەتە لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە جێبەجێدەکرێت.

لینکی ڕاپۆرتەکە:
http://spectrumhouse.com.tr/inc/uploads/2023/10/IKI-SECIM-ARASI-KURT-SECMEN-EGILIM-RAPORU.pdf

Send this to a friend