• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 14, 2021

تێڕامان (التأمل – Contemplation)

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (7)ی ئایاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

لە ڕووى زمانییەوە، لاى یۆنانییە کۆنەکان وشەى “تیۆریا” بۆ “تێڕامان” بەکار هاتووە، بەمەش جەختیان لەسەر ئەوە کردووە کە تێڕامان بریتییە لە تێڕوانینێکى عەقڵیانەى پەتى بۆ بابەتەکان بەبێ ئەوەى ئەم تێڕوانینە بکەوێتە ژیر کۆنترۆڵى هەستەوەرەکان  وەک بابەتى “گەوهەرى ئەبستراکت” و “بنەما یەکەمینەکان”.

تێڕامان، بە واتا سادەکەی، بریتییە لە ڕوانینى قووڵ بۆ بابەتێک و بیرکردنەوەیەک لێى لەناو خودى ناخ خۆیدا. بەڵام بە واتا ڕۆحییەکەى، تێفکرینێکى هێندە سەرمەستانەیە کە هۆش جگە لەو شتەى کە تێى ڕاماوە، دەستبەردارى ئاگایى بەرامبەر کۆى شتەکانی دى دەبێت. لەبەر ئەوە، بە ڕاى هەندێک ڕێبازى سۆفیگەریی سەدەکانی ناوەڕاست، تێڕامان پلەیەکی باڵای مەعریفەیە، کاتێک دێتە دى کە دڵ خاڵی بکرێتەوە لە هەموو حەز و ئارەزوویەک تا ئەو ئاستەى کە بە دۆخى یەکگرتن لەگەڵ خودا (الإتحاد بالله) کۆتایی دێت. لەم چوارچێوەیەشدا دەستەواژەى “ژیانى تێڕامانگەرایى” (الحیاة التأملیة – Contemplative life) ئاماژە بووە بۆ پلەیەکی باڵاى قووڵ ڕۆچوون لە بیرکردنەوە  کە بە ڕاى “ئەفلاتوون” بەرزترین پلەى ژیانى دانا و فەیلەسووفەکانە.

لە ڕووى زانستییەوە، وێڕاى ئەو ناساندنە گشتییە، چەمکى تێڕامان لاى زۆرێک لە فەیلەسووف و بیرمەندان شرۆڤەى هەمەڕەنگ و پێناسەى جۆراوجۆرى بۆ کراوە: لاى “ئەرستۆ” تێڕامان بریتییە لە تێڕوانینێکى پەتى و بێگەرد، کە تیایدا مرۆڤ هیچ ئامانجێکى ترى نییە جگە لە گەیشتن بە خودى مەعریفە خۆى. بۆیە هەر بەم واتایە دەتوانرێ لەو وتەیەى “ئەرستۆ” تێبگەین کە لە کتێبى “میتافیزیک”دا دەڵێت: “فەلسەفەى یەکەم بریتییە لە زانستى تێڕامان –تیۆرى پەتى– لە هۆکارى یەکەم (العلة الأولى) و بنەما یەکەمینەکان (المبادئ الأولى). هەر چەندە ئەرستۆ جەختى لەوە دەکرد کە هەستەوەرەکان سەرچاوەى سەرەکیى مەعریفەن لە ژیانى واقعیدا، بەڵام شەیدایی مرۆڤ بۆ زانینى هۆکارى یەکەم کە لەپشت هەبوونى کۆى بوونەوەیە، ناچارى دەکات پەنا بۆ تێڕامان ببات، چونکە ئەم بابەتە ملکەچى هەستەوەرەکان نابێت. کاتێک ئەرستۆ بەوە فەلسەفە پێناسە دەکات کە زانستێکى تیۆرییە و دواتریش مەعریفەیەکى تێڕامانگەرایە، لەبەر ئەوە لە شارستانیی گریکدا، عەقڵ لە ڕێگەی تێڕامانەوە -تێڕامانی پەتى و بێگەرد- بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بوون چییە، هەوڵ بۆ هیچ بەدیهێنانى سوودێکی ماددی لەم نادات، بۆیە فەلسەفە، وەک هزربینینێکى تێڕامانگەرا، تەنیا دوای ئەوەی هەموو پێویستییەکانی مرۆڤ پڕ دەبێتەوە؛ دەست پێ دەکات.  تێڕوانینى فەلسەفى تێڕوانینێکى زانستى نییە، چونکە زانست پێویستى بە بەڵگەهێنانەوە یان تاقیکردنەوە و سەلماندنى ڕاستیى ئەو بەڵگانە هەیە، بەڵام تێڕامان بە هۆى بابەتەکەیەوە ناشێت بە تاقیکردنەوە و بەڵگەهێنانەوە بۆ سەلماندنى ڕاستیی بوونی تێبپەڕێت.

بە ڕاى “لایبێنتز”: “تێڕامان هیچ نییە جگە لە سەرنجدان لەو شتەی کە لە ناخى خۆماندا هەیە.” بە ڕاى “ڕۆسۆ”: “تێڕامان دۆخێکی دژەسروشتە، ئەو مرۆڤەى سەرقاڵى تێڕامانە، ئاژەڵێکى لادەرە.” بەڵام بە بڕواى “برگسۆن”: “لە بنەڕەتدا ئێمە جگە لە کار، بیر لە هیچ شتێکى دى ناکەینەوە، زیرەکییشمان لە قاڵبی کاردا داڕێژراوە، بۆیە تێڕامان تەنها کەمالیات و کاتبەسەربردنە و کاریش پێویستیى بنەڕەتیى ژیانە.”

بە بڕواى “ئۆگست كارتولت”: “تێڕامان و بیرکردنەوە، دوو پڕۆسەى هاوشێوە نین. بۆ نموونە؛ ئەگەر بیر لە شکستى ناپلیۆنى یەکەم بکەینەوە، لە کاتى ئەو بیرکردنەوەیەدا هەوڵ دەدەین وێناى هۆیەکانی ئەو شکستە بکەین، هەروەها ئەو هەلومەرجەش لەبەرچاو بگرین کە لە سایەیدا ئەو شکستە ڕووی دا، ئەمە وێڕاى دەستنیشانکردنى لێکەوتاکانى ئەو شکستە. بەڵام ئەگەر تێڕامان لەو شکستەى ناپلیۆنى یەکەم بکەین، ئەوا لە کاتى ئەو تێڕامانەدا هەوڵ دەدەین پەندی لێ وەربگرین، پەندى ئەوەى کە تەماعى شڵەژاو و گەڕانی بەردەوام بەدوای فتوحات و داگیرکارى بەحەتمی بەرەو دەرئەنجامى نەویستراو سەر دەکێشێت… کەواتە هەم بیرکردنەوە و هەم تێڕامانیش لەسەر تێڕوانینى ورد بۆ بابەتێک بونیات دەنرێن، بەڵام بیرکردنەوە تێڕوانین بۆ ڕەهەندە دەرەکییەکانى بابەتەکە دەکات (هۆکار، هەلومەرج، دەرئەنجام)، لە کاتێکدا تێڕامان ئەم تێڕوانینە بۆ ڕەهەندە گەوهەرییەکان فراوان دەکات و بەرەو ئاسۆى دوورتر دەیبات تا چەند بنەمایەکى گشتى و مرۆیى لێ گەڵاڵە بکات.”

بە بۆچوونى “پییەر ڕیڤێردی”: “تێڕامێنەر ئەو کەسەیە کە لەلاى ئەو ڕوانین بۆ پشتەمل لە ڕوانین بۆ ڕوخسار بەبەهاترە.”

کەواتە، لەم پێناسە و پلارانەوە دەردەکەوێت کە، تێڕامان میتۆدێکى فەلسەفی و دیاریکراوی ڕوون و تایبەت بە خۆى نییە، هەر لەبەر ئەمەش “دیکارت” لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانى “وتارێک دەربارەى میتۆد”، ڕەخنە لە هەموو فەلسەفەیەکی تێڕامانگەرا دەگرێت، کەچى دواتر خۆى شێوازى میتۆدەکەی بە “تێڕامان لە فەلسەفەی یەکەم” ناوزەند دەکات. هەروەها “هۆسرڵ” هەر چەندە زۆر لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە فەلسەفە بکات بە زانستێکى تۆکمە، کەچى یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی ناو دەنێت “تێڕامانە دیکارتییەکان”، بۆیە پێدەچێت تێڕامانی ئەو قەدەرى فەلسەفە بێت کە ناتوانێت لێى هەڵبێت، سەرەڕای هەموو ئەو پێشکەوتنە زانستییەی کە تا ئێستا ڕووی داوە لەگەڵ هەموو ئەو میتۆدە فەلسەفییانەش کە تا ئێستا دەرکەوتوون و کەم تا زۆریش بەو پێشکەوتنە کاریگەر بوون.

تێڕامان، بە درێژایى مێژووى بیرکردنەوە و ئەزموونى مرۆڤایەتی، تەنها موڵکى یەک ڕێبازى فەلسەفی و یەک شارستانیی دیاریکراویش نەبووە، هەروەها بەتەنها ئامرازى فەلسەفەش نەبووە، بەڵکوو زیاتر وەک میتۆدێکى ناڕاگەینراوى کۆى بیرکردنەوەى مرۆڤایەتی بووە بە هەموو ڕەهەند و پانتاییە فراوانەکانیەوە، هەر لە هونەر و ئەدەبەوە تا ئایین و ڕەوشت، هەر لە نیرڤاناى بوودییەوە تا وەجدى سۆفیگەرى، هەر لە نەشوەى داهێنانى هونەرییەوە تا دۆزینەوەی کۆجێتۆى ئۆگەستێنی و دیکارتی، هەر لە دیالێکتیکی هیگڵییەوە تا بیستنى هاوارى ئیگۆی قووڵ. لە هەموو ئەمانەشدا تێڕامان وا دێتە پێشچاو کە تاکە ئامرازى بەردەستی مرۆڤ بووبێت، تا لە ڕێگایەوە هەوڵ بۆ زانینى ماناکانی بوونی خۆی بدات.

لەبەرامبەر هەموو ئەمانەش “تێڕامان” ڕووبەڕووى چەندین ڕەخنە بووەتەوە: یەکەم: تێڕوانینێکى نەزۆکە و ناتوانێت هیچ زیادەیەک بخاتە سەر مەعریفەى زانستى. دووەم: تێڕامان لەبەر ئەوەى تواناى تاقیکردنەوە و سەلماندنى تێڕوانینەکانى نییە، دووچارى ناکۆکى و دژیەکیی زۆر دەبێت. سێیەم: تێڕامان هەڵوێستێکە پشت لە کردار دەکات و لەبەر ئەوەش گرنگى بە گۆڕینى جیهان بۆ باشتر نادات. چوارەم: تێڕامان مەعریفەیەکى خودیى ئەبستراک و دابڕاو لە سوودى کۆمەڵگە بەرهەم دەهێنێت. وێڕاى هەموو ئەم ڕەخنانە، هێشتا تێڕامان ئامرازێکى هەمیشەیی فەلسەفەیە، بەڵکوو کۆى مەعریفەشە، لەبەر ئەوەى هێشتا زۆر لایەنی شاراوەی ژیان و بوون ماوە کە زانست پەیى پێ نەبردووە، تێڕامانیش ئامرازێکە بۆ پەردەهەڵماین لەسەر ئەو پەنهانانە، بەڵام ئەمە واتاى ئەوە نییە کە لە زانست لەپێشترە، لە کاتێکدا زانست مرۆڤى لە گەلێک هەڵەى تێڕوانینى پێشوو دەرباز کردووە، بۆیە هەروەک زۆرێک لە فەیلەسووف و بیرمەندانى کۆن جەختیان لێ کردووە، نابێت دەست بۆ تێڕامان ببرێت تەنها لەو کاتەدا نەبێت زانست بەردەست نەبێت.

___________________________________

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.

سەرچاوەکان:

– جلال الدین سعید، معجم المصطلحات والشواهد الفلسفیة، دار الجنوب للنشر، تونس، ٢٠٠٤، ص ص٨٩-٩٠.

– معن زیادة (محرر)، الموسوعة الفلسفیة العربیة، المجلد الاول، معهد الانماء العربی، بیروت، ١٩٨٦، ص ص٢٠٢-٢٠٧.

– م. روزینتال و ب. یودین (إشراف)، الموسوعە الفلسفیة، ترجمة: سمیر کرم، دار الطلیعة، بیروت، ١٩٩٧، ص ص١٠٦-١٠٧.

گۆڤاری ئایندەناسی ئایار 2021

Send this to a friend