• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 1, 2023

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی تورکەکان چۆن مێژووی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییان نووسیوەتەوە

وەرگێڕان: تورکیاناسی

ناوەندی عەرەبی بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە سیاسەت، کتێبێکی بڵاوکردووەتەوە لەژێر ناوی ئەستۆگرافیاى تورکی، کتێبەکە دەربارەی نووسینەوەی مێژووی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەلایەن تورکەکانەوە لە نێوان ساڵەکانى ١٨٦٠-١٩٧٣ نوسراوە.
کتێبەکە لەنوسینی عەبدولڕەحیم بنحادەو لە ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە.

کتێبەکە دیدێکی تەواوکار لەسەر شوناسی تورکیا و گۆڕانکارییەکانی دەخاتەڕوو، هەروەها تیشک دەخاتە سەر چۆنێتی بەکارهێنانی مێژووی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە چوارچێوەى ئامرازەکانی تردا بۆ خزمەتکردن بەو گۆڕانکارییانە، ئەم کتێبە پوختەی خوێندنەوەیەکی وردە بۆ ئەو ڕەوتە مێژوویی و نووسینانەی کە بەسەر سەردەمە مێژووییە جیاوازییەکانیان باڵى کێشاوە. هەروەها باس لە چۆنیەتی نووسینەوەی مێژووی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەکات لەلایەن تورکەکانەوە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەمەوە تا سەرەتای حەفتاکانی سەدەی بیستەم.
سەرەتا کتێبەکە باس لە نووسینی مێژوویی دەکات لە سەردەمی رێکخراوەکاندا (١٨٦٠-١٩٠٨)، دواتر باس لە گۆڕانکارییەکان دەکات لە قۆناغی دووەمی دەستووردا (١٩٠٨-١٩٢٤)، دواتر قسە لەسەر ساڵانی سەرەتای سەردەمی کۆماری نویی تورکیا دەکات (١٩٢٤-١٩٣٨).
سەربارى ئەوە کتێبەکە باس لە گەڕانەوەی توێژینەوە عوسمانییەکان دەکات بۆ پێشەنگی توێژینەوە مێژووییەکان لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٣٨ بۆ ١٩٧٣ دوای کۆچی دوایی مستەفا کەمال ئەتاتورک، بەو پێیەی نووسەر پێی وایە کە ناتوانرێت مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە نووسینەدا بکرێت بەدەر لەو پێشهاتە سیاسییانەی کە تورکیا بە خۆیەوە بینی دوای نەمانى کەمال ئەتاتورک، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندییان بە پەرەسەندکردنی فرەیی سیاسیییەوە هەبوو لەلایەن دەوڵەتەوە کە دواتر دەرفەتى ڕەخساند بۆ ڕەخنەگرتن لە تێزە کەمالییەکان.

مێژوو لەسەردەمی مۆدێرنیزاسیۆن و ڕێکخستنەکان (١٧٩٨ – ١٩٠٨)
سەدەی نۆزدەهەم لە مێژووی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بە وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ دادەنرێت کە بە چڕی ڕووداوەکانی دەناسرێتەوە، بە شێوەیەک وایکردووە لێکۆڵەرانی توێژینەوە عوسمانییەکان وەک درێژترین سەدە ناوزەدى بکەن. لەگەڵ کۆتایی سەدەى هەژدەهەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم، سەردەمی سوڵتان سەلیمی سێیەم (١٧٨٩-١٨٠٧)، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زنجیرەیەک چاکسازیی بەخۆوەبینی کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ماوەی سەدەی نۆزدەهەمدا ئەزموونی کرد. ئەو پڕۆژە چاکسازییانەی کە سەلیمی سێیەم دەستی پێکرد، کارلێککارانە بوون لەگەڵ گۆڕانکارییە گەورەکانی جیهان، هەروەها هاوئاهەنگ بوون لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی کە ناوچەکانی سەر دەریای ناوەڕاست بەخۆیەوە دەیبینی، کە گرنگترینیان شۆڕشی فەرەنسی بوو، شۆڕشێک لەلایەک جێپەنجەی خۆی لەسەر مێژووی پەیوەندییەکانى فەرەنسا و دەوڵەتى عوسمانی بەجێهێشت و لەلایەکى دیکەیشەوە کاریگەرى هەبوو لەسەر مێژووی کولتووری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، هەروەها هەڵمەتی فەرەنسا بۆ سەر مصر لە ساڵی ١٧٩٨ کە کاریگەرییەکی ڕوونی هەبوو لەسەر ڕەوتی مۆدێرنیزاسیۆن لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و پەیوەندییە شارستانییەکەی لەگەڵ ڕۆژئاوا.
ئەم چاکسازیانە لەسەر بنەمای ئەو ڕێسایانە بوون کە ڕۆشنبیران و کەسایەتییە دیارەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە وەڵامی بانگەوازی سوڵتانی عوسمانی سەلیمی سێیەمدا نووسیبوویان. هەروەها ئەم چاکسازیانە هەماهەنگ بوون لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتانەی کە باڵیۆزی دەوڵەتان نووسیویانە لە ئەوروپا. ئەم دۆخە میکانیزمێکى نوێى هێنایە ئاراوە کە خۆى لە کرانەوەدا بینی بەرووى ڕۆژئاوادا کە دواجار بووە هۆى پەروەردەکردنی زۆرێک لە ڕۆشنبیران و فێرکردنی زمانی بیانی و ئاشناکردنیان بە بیرۆکەى ڕۆشنگەریی کە لە ئەوروپادا زاڵ بوو، هەروەها دواى گەڕانەوەیان بۆ دەوڵەتى عوسمانی، ڕۆڵى گرنگیان هەبوو لە ئامادەکردنیان بۆ بوون بە پرد و دەروزا بە ڕووى ئەوروپادا.
دەرەنجام تێکڕاى ئەم چاکسازیانە بە هۆکاری جۆراوجۆر بە شکست کۆتایی هات، لەوانە ئەوەی پەیوەندی بە فشارە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەبوو کە لەسەر ئاستى بەرگرى کەسایەتییە دیارەکان دەرکەوت، هەروەها سەرهەڵدانی مەیلی سەربەخۆیی لە مۆنتینیگرۆ و سربیا، جگە لەو نائارامییانەى کە وڵاتانی عەرەبی گرتەوە لەوانە شۆڕشەکانی لایەنگرانى شێخ محەمەد عەبدولوەهاب لە حیجاز و محەمەد عەلی لە مصر، ڕەنگە گرنگترین شتێک کە دەستپێشخەرییە چاکسازییەکانی سەلیمی سێیەمی تێکدا، ئەو دەستدرێژییە بووبێت کە فەڕەنسا کردییە سەر ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە مصر.

گۆڕانکارییەکانی نووسینی مێژوویی لە قۆناغی دووەمی دەستووریدا(١٩٠٨-١٩٢٤)
ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٠٨ بۆ ١٩٢٤ شایەتحاڵی چڕییەکى کەم وێنە بوون لە ڕووداوەکاندا کە کەمتر نەبووە لە هاوتاکەی لە سەدەی نۆزدەهەمدا و بگرە درێژکراوەی ڕووداوەکانى ئەو ماوەیە بوون، هەر ئەمەش هۆکار بوو بە ناوهێنانى سەدەی نۆزدەیەم بە سەدەیەکى نەبڕاوە و درێژخایەن. ئەم قۆناغە لە مێژووی دەوڵەتی عوسمانی لە ٢٤ی تەمووزی ١٩٠٨ دەستیپێکرد، کاتێک سوڵتانی عوسمانی عەبدولحەمیدی دووەم لەژێر فشاری سیاسی بێوێنەدا بڕیاریدا کار بەو دەستوورە بکاتەوە کە زیاتر لە سی ساڵ بوو هەڵپەسێردرابوو. ئەمە لە کاتێکدا ڕوویدا کە بزووتنەوە نەتەوەییەکان لێرە و لەوێ هەنگاوی گەورەیان نابوو بۆ دامەزراندنی بناغەی دەوڵەتەکانیان و بەمەش کۆتاییان هێنا بەوەهمێک کە لەلاى سوڵتان عەبدولحەمید و دەوروبەرەکەیدا دروست بووبوو کە پێیان وابوو ئیسلام توانای سڕینەوەی جیاوازییە نەتەوەییەکانی هەیە.
لە کایەی بەرفراوانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، هۆشیارییەکی بنەڕەتی هەبوو تایبەت بە شوناسی تورکی کە بە پلەی یەکەم گرێدراوى زمانی تورکی بوو. هەستی شوناسی تورکی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا بەهێزتربوو، کاتێک کۆمەڵەیەکی بچووک لە بانگخوازان و زانایانی عوسمانی، لە ژێر کاریگەریی ئەوروپا، دەستیان کرد بە سەپاندنی زمان و مێژووی تورکەکان.
سەرەڕای پەرەسەندنی ئەم بانگەوازانە، بیری نەتەوەیی تورکیا لە بازنەیەکی تەسکدا قەتیس مایەوە و تا سەروبەندی جەنگی جیهانی یەکەم بە ڕوونی دەستی بە دروستبوون و بەرفراوانبوون نەکرد. چاودێران پێیان وایە کە ناسیۆنالیزمی تورکی لە ڕێگەى کۆمەڵەکانى، ڕۆژنامەکانى و نوسینە ئەدەبییەکانى لە چوارچێوەیەکدا کە پێیان دەوترا (türkçülük) ڕیکخرابوو کە هەوڵیاندەدا ڕەوتی فیکری ڕاستەقینەی لە چوارچێوەیەکدا دابنێن، بە تورکچولوک ناسرا، کە هەوڵی دەدا خۆی بسەپێنێت وەک سیستمێکی سیاسی لە بەرامبەر بیرۆکەی کۆمەڵگەی ئیسلامی ( ئوممەت) و نەتەوەی عوسمانی( میللەت عوسمانلی) و کارى دەکرد لەسەر سەپاندنى خۆى وەک ئایدیۆلۆجیایەک لە بەرامبەر بیری ئیسلامى و پەیڕویکردن لە ڕۆژئاوادا.

ئەو سیاسەتەی حکومەتی (ئیتحاد و تەرەقی) پەیڕەوی کرد، دەرگای بەڕووى ئاژاوەگێڕی سیاسیدا کردەوە، یەکێک لە سیماکانی ئەو ئاژاوەگێڕییە، تیرۆرکردنى پیاوانى دەوڵەت بوو، هەر وەک ئەو سەرکوتکردنەی کە فەرمانڕەواکان ئەنجامیان دابوو، دژە توندوتیژی لێکەوتبێتەوە. لە ماوەی دەیەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی چووە ناو دوو جەنگی ناوخۆیی و جەنگێکی جیهانییەوە. دوو جەنگە ناوخۆییەکە بریتی بوون لە جەنگى تەرابلوسی ڕۆژئاوا لە ساڵی ١٩١١، کە کۆتایی بە قەڵەمڕەوی عوسمانییەکان لە ئەفەریقا هێنا ، دووەمیش جەنگى یەکەمی بەڵکان بوو لە ساڵی ١٩١٣ کە ڕێگای بۆ ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانى خۆش کرد. جەنگى جیهانی یەکەمیش بوونى ئیمپڕاتۆرییەتى عوسمانى یەکلا کردەوە.
ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە شێوەیەکى تاکلایەنە بڕیاری چوونە ناو جەنگەکەى دا و ئەم بڕیارەش تا نەبوو بە ئەمرى واقیع، پێی نەزانرا. زۆرێک لە توێژەران پێیان وایە عوسمانی لە سەرەتادا ناچار نەبووە بچێتە ناو ئەم جەنگەوە، بە تایبەت کە بەڕیتانیا و فەرەنسا بێلایەنی ئەو وڵاتەیان پێ باشتر بوو. تورکەکان پێیان وابوو چوونە ناو جەنگی جیهانی یەکەم و بردنەوەیان وایان لێدەکات تۆڵە لە روسیا بکەنەوە و ئاسیای ناوەڕاست داگیر بکەن و پەیوەندی لەگەڵ تورکەکانی ئەرگەنەکۆن دروست بکەنەوە کە زادگەى ئەفسانەیی نەتەوەی تورکییە. خودی ئیتیحادییەکان، پێیان وابوو کە باشترە کۆتایی یەکجارەکى بە دۆخى دەوڵەتى عوسمانى بهێنرێت، بەو پێیەى کە دەوڵەتێکى نیمچە داگیرکراوە و کاربکرێت لەسەر دووبارە دروستکردنەوەى دەسەڵاتێکى ناوەندى مۆدێرن.
دەرئەنجام، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بە شەکەتی هاتە دەرەوە، سەرکەوتووەکانى جەنگەکە دەستیان کرد بە دابەشکردنی خاکی ئیمپڕاتۆرییەتەکە، بەریتانیا توانی دەست بەسەر موسڵدا بگرێت و فەرەنسا و ئیتالیا ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیان کۆنترۆڵکرد، سەربارى چەند ناوچەیەک کە دەکەوتە ناو خاکى تورکیاوە وەک ئەنادۆڵ. خودى ئیستەمبوڵى پایتەخت لە ١٦ی ئازاری ١٩١٩ چووە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیاوە، تێکڕاى ئەم ڕووداوانە سەرەتای قۆناغێکی نوێیان لە مێژووی تورکیادا دەستپێکرد کە بە قۆناغى شەڕی سەربەخۆیی ١٩١٩-١٩٢٢ ناسراوە، کە دواجار ڕێگەی خۆشکرد بۆ قۆناغێکى نوێ لە مێژووی تورکیا.

لەسەر ئاستی کلتوورى، تورکیا چووە سەردەمێکی نوێوە کە تیایدا بەخێرایی بەرەو بەڕۆژئاوایی بوون دەچوو، ڕاگەیاندنی دەستوور لە ساڵی ١٩٠٨دا بووە هۆى هاتنى ئەو بیرۆکە نوێیانەى کە پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی حەمیدییە سانسۆر کرابوو دوای ئەوەى کارکردن بە دەستوورى ساڵى ١٨٧٦ڕاگیرا. ئەم بیرۆکانە ڕیگەیان پێدرا گوزارشتیان لێوە بکرێت لە ڕاگەیاندنەکانى تورکیادا کە لە نێو گەنجانی خوێندەواردا بەربڵاو بوو و بەشێوەى بەرفراوان دەخوێنرایەوە. لە دەرەنجامى ئەو دۆخە سیاسییە نوێیەى کە هاتە ئاراوە، ڕۆشنبیرە تورکەکان زیاتر بایەخیان بە پرسەکانى شوناس دەدا و پرس دەکرا لەسەر ئەو ڕێگایانەى کە دەبوایە بگیرایەتە بەر بۆ رزگارکردنى دەوڵەت و دەست کرا بە بیرکردنەوە لە ڕێگە جێگرەوەکان.

ڕەوتەکانى نووسینەوەى مێژووی عوسمانی
لە سەردەمی کەمالیستەکاندا دەستکرا بە نووسینەوەی مێژووی عوسمانییەکان، لە قۆناغی دوای ئەتاتورک و لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییانەى کە باسکران و ئەو ڕۆڵەی کە محمد فوئاد کۆپرەلی گێڕاى لە پێکهێنانی نەوەیەکی نوێ کە بەپێی میکانیزمی نوێ بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژوو کاریدەکرد، بە شێوەیەک کە لە ڕەوتە ئایدیۆلۆژییەکان دوور دەکەوتنەوە چ لە ڕووى تێڕوانینی رۆمانسیانە بۆ مێژوو یاخود لە ڕووى ڕیشەکێشکردنى ئەوەى کە پەیوەندى بە دەوڵەتى عوسمانییەوە هەبوو، بەم شێوەیەش گۆڕانکارییەکی گەورە لە نووسینەوەی مێژوودا هاتە ئاراوە.
ژمارەیەک توێژەر لەژێر دەستى کۆپرەلی پەروەردە بوون کە هەمان ڕێگایان گرتەبەر و بەپێی تێڕوانینی ئەو کاریان لەسەر نووسینەوەی مێژوو کرد، لێرەدا دەتوانین ئەو مێژوونوسانە دابەشبکەین بەسەر دوو توێژدا:
توێژى یەکەم، خەمى سەرەکییان گەڕانەوە بوو بۆ دەق و بەڵگەنامە و گێڕانەوەى ڕاستییەکان، نمونەى ئەو مێژوونووسانەش وەک ئیسماعیل حەقی، ئوزون جارشلی، ئەنوەر زیا قرال و ئەحمەد ڕەفیق.
توێژى دووەم: سوودیان لە ئەزموونی کۆپرۆلی وەرگرت و توانیان پەرەی پێبدەن دوای ئەوەی لەدەرەوەى وڵات بەتایبەت ئەوروپا بەدواداچوونیان لەسەر ئەنجامدانی توێژینەوە کرد و بەر خوێندنگەى نوێکانى مێژوو کەوتن، نمونەى ئەو مێژوونووسانەش وەک عومەر لوتفی بورهان و خەلیل ئینالجیک.
لە نێوان ئەم دوو ڕەوتەدا جیاوازی و بڕگەی هاوبەش هەیە، ئەم دۆخەش لە دوو پرسدا دەرکەوت، یەکەمیان پەیوەست بوو بە گرنگىدان بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکان و کردنی بە سەرچاوەى سەرەکى لە لێکۆڵینەوەى مێژووییدا و دووەمیان خۆى لە خواستى بێ سنوور بۆ نووسینەوەی مێژووی گشتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا دەبینییەوە.
بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکان گرنگترین بڕگەی هاوبەش بوو لە نێوان ئەو دوو ڕەوتەدا. لەم ڕووەوە پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە و دەقەکان دیاردەیەکی نوێ نەبووە لە لێکۆڵینەوە مێژووییەکان، پێشتریش ئاماژە بە بوونى ئەم ڕەوتە کراوە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی مێژوویی عوسمانیەوە، کە یەکێک لە ئەرکەکانى بریتی بوو لە بڵاوکردنەوەی دەقەکانی پەیوەست بە مێژووی عوسمانییەوە. بەڵام ئەوەی تازە بوو لە بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە و دەقەکاندا ئەوە بوو کە ئەم جارە دەقەکان هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانە بڵاودەکرایەوە کە تیایدا لە قۆناغى وەسفکردنەوە دەپەڕییەوە بەرەو قۆناغى شیکاری و ڕەخنە.
خاڵێکى دیکەى هاوبەشی نێوان ئەم دوو ڕەوتە، نووسینەوەی مێژوویەکی گشتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو کە توانیبووى ئەوە تێپەڕێنێت کە پێشتر و لە قۆناغی پێشوودا بە ئەنجام گەیشتبوو. لەو چوارچێوەیەدا ئوزون جارشلی خۆی تەرخانکرد بۆ نووسینی مێژوویەکی وردی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و خەلیل ئینالچیک کاری لەسەر تەواوکردنی کتێبێکی دیکە کرد کە تەرخانکرابوو بۆ سەردەمە کۆنەکان.

سەبارەت بە جیاوازییەکانیش، بەشێوەیەکی سەرەکی ڕەنگیدایەوە لە گرنگیپێدانى تیمی یەکەم بە مێژووی سیاسی و دامەزراوەیی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی و بایەخدان بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دانانی مێژووی عوسمانی لە چوارچێوە ئەوروپییەکەیدا. سەبارەت بە تیمی دووەمیش، بە شێوەیەکی سەرەکی سەرنجی لەسەر لایەنى مێژووی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوو. لە چوارچێوەی جیاوازییەکاندا، هەمیشە پرسی بژاردەکانى کات خراوەتەڕوو، بۆ نمونە لە کاتێکدا ئاراستەی یەکەم تیشکی خستووەتە سەر قۆناغە کۆتاییەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ئاراستەکەی تر تیشکی خستۆتە سەر مێژووی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە سەدەی پانزەیەمەوە تا سەدەى هەژدەیەم.

سەرچاوە
https://www.ultrasawtcom/%D9%83%D8%AA%D8%A7%D8%A8-%D8%A5%D8%B3%D8%AA%D9%88%D8%BA%D8%B1%D8%A7%D9%81%D9%8A%D8%A7%D8%AA%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D9%83%D9%8A%D9%81-%D9%83%D8%AA%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%AA%D8%B1%D8%A7%D9%83%D8%AA%D8%A7%D8%B1%D9%8A%D8%AE-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%AB%D9%85%D8%A7%D9%86%D9%8A%D8%A9%C2%A0/%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D8%A7-%D8%B5%D9%88%D8%AA/%D9%86%D8%B4%D8%B1%D8%A9%D8%AB%D9%82%D8%A7%D9%81%D9%8A%D8%A9/%D8%AB%D9%82%D8%A7%D9%81%D8%A9

 

Send this to a friend