• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 1, 2023

د.یوسف گۆران: ڕەوتی پێشووی سیاسەتی دەرەکی تورکیا لە ئاستی ھەرێمی بەردەوامی پێ ده‌درێت

گفتوگۆی: توركیاناسی

هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیاو سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆگان به‌سه‌ر به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆندا، پرسیاری زۆری به‌دواحۆیدا هێنا چ له‌باره‌ی خودی پرۆسه‌كه‌و چ له‌باره‌ی سیاسه‌ت و ستراتیجی ئه‌و وڵاته‌ له‌سایه‌ی گۆڕأنكارییه‌ وزراییه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردن، گۆڤاری توركیاناسی له‌ژماره‌ی یه‌كه‌میدا ئه‌م پرسیارانه‌ی كرده‌ ته‌وه‌ری گفتۆگۆ له‌گه‌ڵ به‌رێز د.یوسف گۆران به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و شارەزا لە بواری توركیا.

گفتووگۆ:تورکیاناسی
تورکیاناسی: چۆن ئەردۆگان ھەڵبژاردنی بردەوە؟ یان بە واتایەکی تر بۆچی بەرەی ئۆپۆزسیۆن شکستیان ھێنا؟ بۆچی دەرەنجامەکان پێچەوانەی ڕاپرسییەکان دەرچوون؟ ڕێژەی بەشداری ھاوڵاتیان لە ھەڵبژاردنەکاندا لە ٩٠٪ نزیک بوویەوە، ئەمە مانای چییە؟
د.یوسف گۆران: لە ڕاستیدا دەبێت ھەندێك زانیاريی دروستمان لەسەر واقعی پارتەکانی تورکیا پێش ھەڵبژاردن ھەبێت، سەبارەت بە پارتەکەی ئەردۆگان (داد و گەشەپێدان) ھەموو ڕاپرسییەکان بە تەنيا لە پێشی پێشەوە بووە و لەنێوان ٣٠٪ بۆ ٣٥٪ ی ھێناوە، یەکەمە و ژمارەیەکی زۆرە. لەلایەکی تریشەوە لە دوو مانگی پێش ھەڵبژاردنی ١٤ی ئایار، ئەردۆگان توانی ئاستی ناڕازییەکان دژ بە خۆیی و پارتەکەی کەم بکاتەوە، بۆ نموونە بۆ ئەو ھێزە پارێزکارانەی کە پێشتر لەگەڵیبوون و دوورکەوتنەوە لێی, ھاوپەیمانی تری لەگەڵ پارتە پارێزکارەکان بەست، بۆ ئەوەی دژ بە ئەو نەوەستنەوە، وەک ئەوەی لەگەڵ پارتی خۆشگوزەرانی نوێ کە لەلایەن فاتیح ئەربەکانی-ی کوڕی نەجمەدین ئەربەکانەوە سەرۆکایەتيی دەکرا. لەلایەکی ترەوە ئەردۆگان لەڕوی ڕاگەیاندنەوە کۆنتڕۆڵی زۆربەی کەناڵەکانی میدیای کرد و بوارێکی ئەوتۆی بۆ ڕکابەرەکانی نەھێشتەوە. بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە ئاستەم پێی دەوترا (بەرە)، ھەر لە سەرەتاوە لەسەر دەستنیشان کردنی پاڵێوراوی خۆیان بۆ سەرۆک کۆماری کۆک نەبوون، ئەم بەرەیە کوردییان بۆ نێو ھاوپەیمانێتییەکەی خۆیان قبوڵ نەبوو، خەڵکی لە دەرەوە ھەستیان بە کێشەکانیان دەکرد و دەیانزانی کە بەرەیەکی لاوازن و ناتوانن بەرنامەی ھەڵبژاردنیان جێبەجێبکەن، ئەم ھۆکارانە بوونە ھۆی شکستی ئۆپۆزسیۆن. ئەردۆگان توانی زۆربەی ھەرە زۆری پارێزکارەکان و نەتەوەپەرستەکان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، ژینگەی سیاسی تورکیا لەو ماوەیەدا لە لایەک جەمسەربەندی تەواوی لەنێوان پارێزکارەکان و دیندارە نەتەوەپەرستەکان بەخۆوە بینی, ھێزە لیبڕاڵ و چەپ و عەلمانیيە نەتەوە پەرستەکان لەلایەکی تر، ئەم جەمسەربەندییە فراوانە ھۆکاری سەرەکی ئەو بەشدارییە فراوانەش بوو لە ھەڵبژاردنەکان بەو ڕێژە زۆرە.
تورکیاناسی: سەرەڕای ھەوڵی بەردەوامی کەمال ئەتاتورک و شوێنکەوتووەکانی، بەدرێژایی مێژووی ھەڵبژاردنەکانی- تورکیا بەم ھەڵبژاردنەیشەوە بەرەی ڕاستڕەو/ ئیسلامی ھەڵبژاردنەکانی لە بەرەی چەپ/ سێکیولار بردووەتەوە. ھۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
د.یوسف گۆران: ھەرچەندە ئەمە قاعیدە نیيە، لە نەوەدەکان بۆ نموونە ھێزە بەناو لیبڕاڵ و چەپەکان حکومەتیان پێکھێناوە, بەڵام ھۆی سەرەکی ئەم دیاردەیە لە مێژووی تورکیا و کولتووری گەلەکەیەتی، بیرمان نەچێت نەتەوەی تورک بۆماوەی ٤٠٠ ساڵ سەرکردایەتيی جیھانی ئیسلامی سوننەیان کردووە، ئەم مێژووە لە ئێستادا بەشێکە لە ناسنامەی نەتەوەی تورک وەک نەتەوە و کاریگەريی لەسەر بژاردە سیاسییەکانی ئێستایشی ھەیە.

تورکیاناسی: ھەڵبژاردنەوەی ئەردۆگان چ کاریگەری و گۆرانکارییەک لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا دروست دەکات؟ بە بۆچوونی ئێوە تورکیا لە کام بەرە زیاتر نزیکتر دەکاتەوە، ئەمەریکا یان روسیا؟
د.یوسف گۆران: پێدەچێت ڕەوتی پێشووی سیاسەتی دەرەکی تورکیا چ لە ئاستی ھەرێمی یان جیھانی بەردەوامی پێبدرێت، پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئێستا (هاکان فیدان), کە پێشتر سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری نیشتمانی (میت) بووە, ھەروەھا سەرۆکی ئێستای میت (ئیبراهیم کاڵن), کە پێشتر ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی سەرۆکی تورکیا و وتەبێژی سەرۆکایەتيی کۆمار بووە، ڕۆڵی سەرەکییان لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا ھەبووە، ئێستا ئەم دوو کاراکتەرە لە پۆستە نوێیەکانی ئەم کابینەیە بەردەوامی بە سیاسەتەکانی تورکیا دەکەن، بیریشمان نەچێت بەردەوام تورکیای ئەردۆگانی دینامیکیيەتی نوێ لە سیاسەتی دەرەکی پەیڕەو دەکات. سەبارەت بەوەی تورکیا چ بەرەیەکی نێودەوڵەتی ھەڵدەبژێرێت, لە ڕاستیدا تورکیای ئەردۆگان ھەرزوو ئەو مشتومڕانەی یەکلاکردەوە, کە نابێت ئیتر تورکیا ڕۆڵی ئەندامی گوێڕایەڵی بەرەیەکی دیاریکراو ببینێت، بەڵکو ستراتیجیەتی نوێیان ئەوەیە تورکیا لەسەرووی ھاوپەیمانییە باوەکان وەک سەنتەرێکی جیۆستراتیجی کاریگەر پێناسە بکەن و ھەوڵی کاریگەريی لەسەر دەوروبەر بدەن.
تورکیاناسی: پێگەی کورد لەباکووری کوردستان لەدوای ھەڵبژاردنەکان بەچ ئاقارێکدا دەڕوات, بەتایبەتی بۆ پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە), کە سەرەڕای- قەبوڵنەکردنی بۆناو ھاوپەیمانی میللەت و مێزی شەشقۆڵی, بەڵام ھەر پشتیوانی لە کلیچدارئۆغڵو کرد، ھۆکاری ئەمە بۆچی دەگێڕنەوە؟
د.یوسف گۆران: کوردانی تورکیا بۆچونێکی وایان لا گەڵاڵە ببوو, کە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتيی کلیچدارئۆغڵو لە یەکەمین خولی هەڵبژاردندا دەیباتەوە، ئەم باوەڕە وای کرد بڕیاری چونەپاڵ بەرەی ئۆپۆزسیۆن بدەن، ئەگەر یەکلاکردنەوەی دەنگدانیان بە یەکێك لە دوو بەرەکە بۆ دوای خولی یەکەم ھەڵبگرتایە, ئەوکات بەرچاویان ڕوونتر دەبوو و دەیانتوانی لەگەڵ لایەنی براوە ڕێککەوتنی سیاسی بکەن, بەڵام پێدەچێت بوونی کورد لە بەرەی چەپ لە تورکیا دیاردەیەکی مێژوویی بێت و زۆرجار لەبەر ئەم ھۆیە گورزی کوشندەشیان بەرکەوتووە. لە لایەکی ترەوە پێدەچێت ململانێی بەشێک لە سەرکردەکانی ھەدەپە لەگەڵ ئەردۆگان سنوری سیاسی تێپەڕاندبێت، بەھۆی ئەو ستەمە زۆرەی لە سەرکردایەتییەکانیان کراوە ململانێکان شێوازێکی ئایدۆلۆجی و کەسیی وەرگرتبێت، بۆیە زەحمەت بوو مامەڵەیەکی سیاسی ئاسایی لەنێوان هەدەپە پارتی دەسەڵاتداری تورکیادا ھەبێت, بەڵام لە ئێستادا ئەردۆگان پڕۆژەی گۆڕینی دەستووری ھەیە، بەھۆی ئەوەی کە ژمارەی ئەندام پەرلەمانی پێویستی نیيە بۆ تێپەڕاندنی، لێرەدا بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەی ھەمواری دەستوور پێویستی بە دەنگی لایەنی تر لە ئۆپۆزسیۆن دەبێت. بەھۆی ئەوەی بەشێکی ھەموارکردنی دەستورەکە تایبەتە بە ئازاديی لەچک بەستن و باڵاپۆشییەوە، ئەستەمە پارتە چەپە عیلمانییە کلاسیکییەکان پشتگیری بکەن، ڕەنگە لێرەدا پێویستی بە دەنگی کوردەکان یان پارتی باش ڕاستڕەوی عەلمانی ببێت، گەر بێت و کوردەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا ئەم کارە بکەن, ڕەنگە لەو گۆشەگیریی و پەراوێزبوونەی ئێستا ڕزگاریان ببێت، دیارە ئەمەش پەیوەستە بە شێوەی ھەڵسەنگاندنی پارتە کوردییەکان بۆ ئایندەی سیاسی خۆیان.

تورکیاناسی: لە ئێستادا ھەدەپە بڕیاری کۆنگرەی نائاسایی داوە و پێشبینی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ھاوسەرۆک و سەرکردایەتی ئەو حیزبەدا دەکرێت، پێتان وایە ئەو گۆڕانکارییانە کاریگەريی لەسەر بەھێزبوونەوەی ھەدەپە ھەبێت؟
د.یوسف گۆران: ئەم ڕەوتە سیاسییە پێویستی بە گۆڕانکاری و چاکسازی قووڵ ھەیە، پێش ھەموویان گرنگە سنورێکی دیاریکراو لەنێوان ناسنامەی نەتەوەیی ئەم پارتانە و ناسنامە چەپەکەیان ھەبێت. گرنگە ئەو پارتەی جێی ھەدەپە دەگرێتەوە بتوانێت زیاتر ڕوخساری کولتوور و ڕۆشنبیريی سیاسيی نەتەوەیی بەرجەستە بکات. سەبارەت بە ئایدۆلۆجییە باوەکانی چەپ و ڕاست و پارێزکار، وەک دەزانرێت کۆمەڵگای کوردی لە تورکیا بەشی زۆری پارێزکارە و ئەم چین و توێژانەش بەردەوام دەنگیان بۆ پارتی داد و گەشەپێدانە نەک پارتە کوردییەکان، ئەگەر جێگرەوەی ھەدەپە نەتوانێت مۆرکی کولتووری نەتەوەیی بەسەر سیاسەت و بەرنامەکانیدا زاڵ بکات، ناشتوانێت لە ئایندەدا ڕۆڵێکی فراوانتر لە گۆڕەپانی سیاسی و پەرلەمانتاری تورکیا بگێڕێت.
تورکیاناسی: باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دوو کەیسی نزیک لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیان و بەردەوام لە ئەجێندای تورکیادا ئامادەییان ھەیە.. پێتانوایە ئەم ئامادەییە گۆڕانکاری بەسەردا بێت، خوێندنەوەی بەرێزتان لەوبارەیەوە چییە؟

د.یوسف گۆران: بەھۆی ئەوەی کارەکتەرەکانی ئێستای تورکیا، پێشتریش ڕۆڵی سەرەکییان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەرامبەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ھەبووە، لەو بڕوایەدا نیم گۆڕانکاری بنەڕەتيی لە ستراتیجی تورکیا لەم ناوچانە ڕووبدات، بەڵکو ڕەنگە تورکیا چالاکانەتر لە جاران ڕۆڵی ھەرێمی لە ھەرێمی کوردستان و عێڕاق بگێڕێت، بەتایبەت بەھۆی دۆخی ئێستای لاوازی ھەرێمی کوردستانەوە دوورنیيە ئەنقەرە ھەوڵی زیاتر بۆ بەھێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوچەکە بدات.

Send this to a friend