• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 1, 2023

پارتی چەپی سەوز (یەسەپە)

Yeşiller ve Sol Partisi (YSP)

پارتی چەپی ئایندە و سەوز یاخود بە ناوە فەرمییە تەواوەکەی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) لە بەرواری ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢ لە ئەنجامی یەکگرتنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی لەگەڵ پارتی سەوز دامەزراوە.
لەگەڵ ئەوەی بە پارتێکی چەپی کوردی ناسراوە و ناوەندەکەی لە ئامەدە و تەواوی سەرکردەکانی کوردن، بەڵام مەیدانی چالاکییەکانی ئەم پارتە تەواوی تورکیایە و لە ئێستادا خاوەنی ٥٥ کورسییە لە پەرلەماندا.
یەسەپە بە سیستمی هاووتەبێژی بەڕێوە دەبرێت نەک هاوسەرۆکی. هەرچەندە لە ناوەڕۆک و ئەرکدا هاووتەبێژانی پارتەکە هەمان کار و ئەرکی هاوسەرۆک ئەنجامدەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا بە دوو بەرپرسی یەکەمی پارتەکە دەگوترێت هاووتەبێژ Eş Sözcü کە بریتین لە چیغدەم کڵچگیون ئوچار و ئیبراهیم ئاکن.
یەسەپە خۆی وەک پارتێک کە لەسەر هێڵی سەوز سیاسەت دەکات و ئایدۆلۆژیا و فیکری چەپی ئازاد پەیڕەوی لێدەکات دەناسێنێت. هەریەک لە ڕەنگەکانی مۆر، زەرد و سەوز وەک ڕەنگی ئەم پارتە دەناسرێت. هێماکەی درەختێکی پێگەشتووە لە شێوەی مرۆڤدا کە خۆرێک لەناو درەختەکەدا بوونی هەیە. قەدی درەختەکە ڕەنگی مۆرە و گەڵاکانی سەوز و خۆرەکەیش ڕەنگی زەردە، هەر ئەو هێمایەش لەسەر پانتاییەکی سپی کە لەژێر درەختەکەدا نوسراوە پارتی چەپی سەوز Yeşil Sol Partisi و ئەو پانتاییە سپییەیش لەسەر پانتاییەکی سەوزە وەک ئاڵای پارتەکە بەکاردەهێنرێت.
دروشمی ئەم پارتە بریتییە لە:
•.کۆتایهێنان بە قۆرخکردنی سروشت و کار و ماندووبوونەکانی مرۆڤ.
•.وەرن لەمڕۆوە ئایندەیەکی چەپ و سەوز بنیات بنێین.
•.لێرەین پێکەوە دەیگۆڕین.
دروشمی سێیەمی ئەم پارتە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیادا دانرا و بەو دروشمەوە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان ئەنجامدرا.
یەسەپە بەگوێرەی ئایدۆلۆژیای سەوز، مافی کەمایەتییەکان، هەرێمایەتی، دیموکراسیی ڕادیکاڵ، سۆسیالیزمی ئێکۆلۆژی، فێمینیزم، مافی هاوڕەگەزخوازان سیاسەتی خۆی درێژە پێدەدات.
یەسەپە لە ئاستی تورکیادا ئەندامی هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی و کۆنگرەی دیموکراتی گەلان و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ئەندامی ڕێکخراوی پارتە سەوزەکانی ئەوروپایە.
ئەم پارتە خاوەن سایتێکی ئینتەرنێتی تایبەت بە خۆیەتی کە بە ڕەنگی مۆر و سەوز دیزاین کراوە و زانیاری پێویست لەسەر پارتەکە و کار و چالاکییەکانی ڕۆژانە بڵاودەکرێتەوە.(١) جگە لەوەش خاوەنی ڕۆژنامەیەکە بەناوی ڕۆژنامەی چەپی سەوز Yeşil Sol Gazetesi و ئەم ڕۆژنامەیەش سایتێکی ئینتەرنێتی تایبەت بە خۆی هەیە.(٢) هاوتەریب لەگەڵ ئەمانەش لە سەرجەم ئەو میدیایانەی کە سەر بە هێڵی چەپن، هەروەها میدیا سێبەرەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پەکەکە کار و چالاکی و هەواڵەکانی پەیوەست بە یەسەپە بڵاودەکرێتەوە.

یەسەپە چۆن جێگەی هەدەپە-ی گرتەوە
چەند مانگێکی کەم بەر لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان, هەوڵەکانی دەوڵەت لەڕێگەی داواکاری گشتی و دادگای دەستوورییەوە بۆ داخستنی هەدەپە چڕبوونەوە، لەلایەک هەوڵی بڕینی ئەو بودجەیە دەدرا کە بۆ هەدەپە وەک پارتێکی سیاسی لە پەرلەمان تەرخانکراوە، لەلایەکی دیکەوە هەوڵی داخستنی یەکجارەکی پارتەکە و دانانی قەدەغەی کاری سیاسيی لەسەر بەرپرسەکانی دەدرا. لە هەمانکاتدا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا داوای دەکرد بەزووترین کات پارتەکان لیستی کاندید و ناوی پارتەکانیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ کۆمسیۆن بنێرن.
لە کاتێکدا دادگای دەستووری داواکاریی هەدەپە-ی سەبارەت بە دواخستنی دانیشتنی دادگایی بۆ داخستنی پارتەکەی بۆ دوای هەڵبژاردنەکان بۆ سێ جار ڕەتکردەوە, کۆتا جاریش ١١ی مایسی بۆ کۆبوونەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوە دیاریکردبوو, سەبارەت بە داخستنی هەدەپە یاخود ڕەتکردنەوەی داواکاری داخستنی پارتەکە(٣), بەڵام کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ٩ی نیسانی وەک دوا بەروار بۆ تۆمارکردنی ناوی قەوارەکان و کاندیدانی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار دیاریکردبوو(٤).
بۆیە بە ناچاری هەدەپە بڕیاری دا لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات(٥), یەسەپە وەک پارتێکی جێگرەوە وایە و لەلایەن ئەو کەسانەوە بەڕێوە دەبرێت کە هەڵگری هەمان بیری چەپڕەوی هەدەپە-ن.
دواجار بەهۆی بەشداری هەدەپە، پارتی ڕەنج، پارتی دیموکراتی هەرێمەکان، پارتی مرۆڤایەتی و ئازادی و چەندین کەسایەتی لەژێر ناوی یەسەپە-دا ئەم پارتە توانی ٦١ کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت(٦) هەروەک یەکێک لە ئامانج و دروشم و بنەما سەرەکییەکانی یەسەپە بریتییە لە بەرگری لە مافی ژنان و هێنانەپێشەوەیان لەسەرجەم کایەکاندا، دەبینین ڕێژەی بەشداری ژنان لەناو فراکسیۆنی یەسەپە-دا لە پەرلەمانی تورکیا ٤٧.٣٧٪ دەبێت. (٧)ئەمەش بە بەرزترین ڕێژە دادەنرێت بەراورد بە فراکسیۆنەکانی دیکە.
بەڵام لە ئێستادا بەهۆی جیابوونەوەی ٦ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی یەسەپە، ژمارەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکە بۆ ٥٥ پەرلەمانتار دابەزیوە. ئەو ٦ پەرلەمانتارە جیابووەوەش بریتین لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار هاوسەرۆکانی هەدەپە، لەژێر ناوی هەدەپە و دوو پەرلەمانتاری دیکەیش لەژێر ناوی پارتی ڕەنج(٨) و دوو پەرلەمانتاری دیکەیش لەژێر ناوی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) درێژە بە پەرلەمانتارییان دەدەن.(٩)

(1) https://yesilsolparti.org/
(2)https://yesilgazete.org/blog/kategori/haber/
(3)- https://www.bbc.com/turkce/articles/cv2v2k0zkz4o
(4)-https://www.hurriyet.com.tr/gundem/9-nisan-saat-17-00-icin-nefesler-tutuldu-ittifaklarin-listelerle-imtihani-42245315
(5)- https://haber.sol.org.tr/haber/hdp-secime-girmeyecek-yesil-sol-parti-formulu-hayata-geciyor-368769
(6) https://secim.aa.com.tr/
(7)https://www.tack.krd/details.aspx?id=2171
(8)- https://www.cumhuriyet.com.tr/siyaset/hdp-ve-yspde-kurultay-sureci-2090742?utm_medium=ilgili%20Haberler&utm_source=Haber%20Detay&utm_campaign=ilgili%20Haberler
(9)https://www.tbmm.gov.tr/sandalyedagilimi

Send this to a friend