• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 15, 2020

قەیسەر هات؛ سزایەکی کوشندە بۆ ئەسەد و هاوکارەکانی

سەرەڕای قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا، واشنتۆن دەست لە گۆشەگیرکردن و سزادانی بەشار ئەسەد هەڵناگرێت. خراپی دۆخی ئابووریی روسیا و ئێرانیش هێندەی دیکە هانی ئەمریکا دەدەن بۆ ماندووکردنی دیمەشق، لە ئێستاشدا ئەمریکا بە یاسای قەیسەر دەیەوێت قەڵاکەی ئەسەد بڕوخینێت و تارانیش زیاتر گۆشەگیر بکات.

یاسای مەرگ

قەیسەر ئەو کەسەیە لە ساڵی ٢٠١١ تاکو ٢٠١٤ ژمارەیەکی زۆر وێنەی ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان و کەسانی ناڕازی بە دەستی رژێمی ئەسەد بڵاوکردەوە، زانیارییەکان وەک هەموو زانیارییەکانی دیکە کاریگەری قورسیان لەسەر رژێمی دیمەشق بەجێنەهێشت، بەڵام توانی مێژووی ئازاری سورییەکان بەدەستی بەشار ئەسەد تۆماربکات و بیهێڵێتەوە.

یاساکە لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی رابردوو لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پەسەندکرا، دواتریش دۆناڵد ترەمپ ئیمزای لەسەر کرد و بەم جۆرەش لە پڕۆژە یاساوە بوو بە یاسا.

یاساکە ناوە فەرمییەکەی یاسای پاراستنی مەدەنییەکانی سوریایە، بڕیارە لە ١٧ی ئەم مانگەدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەندەکانی یاساکە بۆ سزادانی هەموو ئەو لایەن و دەوڵەتانەیە کە هاوکاریی رژیمی سوریا دەکەن.

بەندە قورسەکان

ئەگەر بۆ ئیدارەی ئەمریکا بسەلمێت بانکی ناوندی سوریا لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە بۆ سپیکردنەوەی پارە و کاری نایاسایی دیکە بەکاردەهێنرێت، ئەوا دەبێتە ئامانجی سزاکانی یاسای قەیسەر.

بیناسازیی و ئەندازیاریی، فڕۆکەوانی، غازی سروشتی و نەوتیش ئەو بوارانەن کە لێیەوە سزاکان دەخرێنە جەستەی دەوڵەتی سوریا و ماندووتری دەکەن.

قەیسەر دەستی ئێران دەبڕێت؟

لەگەڵ ئەوەی ئەم یاسایە بۆ سزادانی دیمەشقە، بەڵام واشنتۆن دەیەوێت لەم رێگایەوە تارانیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاواز و دەستبڕاوتر بکات.

بەپێی زانیاریی بەشێک لە ئاژانسەکان کە لەسەر بنەمای لێدوانێکی جەیمس جیفری نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا بڵاویان کردووەتەوە، پێش ئەم سزایانە واشنتۆن هەوڵی داوە هەلێک بە بەشار ئەسەد بدات بۆ مانەوە، بەو مەرجەی لە ئێران دوور بکەوێتەوە، بەم جۆرەش هەم بەشێک لە ئامانجەکانی واشنتۆن دەپێکرێن، هەم ئێران لاوازتر و بێپشت و پەناتر دەبێت.

ئەگەر پێشتر هەوڵ درابێت ئێران لە سوریا دووربخرێتەوە، ئێستا هەوڵێک هەیە سوریا لە ئێران دووربخرێتەوە، تاکو پشت لە تاران بکات و نەبێت بە لانەیەک بۆ ئەوەی پڕۆژەکانی لە ناوچەکەدا جێبەجێبکات. ئێران کە لە ساڵی ٢٠١٣ تاکو ئێستا نزیکەی ٣٠ ملیار دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی ئەسەد تەرخان کردووە و پێی بەخشیوە، لە ئێستادا لەژێر هەڕەشەی دەرکردن و لاوازکردندایە لە سوریا و ئەم یاسایەش زیاتر گۆشەگیری دەکات.

ئەسەد دەبێتە قوربانی قەیسەر؟

ئامانجی یاسای پاراستنی خەڵکی مەدەنی سوریا ئەوەیە سەرۆکی سوریا سود لە سەرکەوتنە سەربازییەکانی لە چەند مانگی رابردوودا وەرنەگرێت و بەو جۆرەش ماوەی دەسەڵاتدارێتیی و تەمەنی رژێمەکەی پێ درێژ نەکاتەوە. لەم یاسایەدا جەخت کراوەتە سەر ئەوەی سوریا مل بۆ بڕیاری (٢٢٥٤)ی ئەنجومەنی ئاسایش بدات کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ دەرکراوە و داوای ئاگربەست و چارەسەری سیاسیی بۆ دۆخی سوریا دەکات.

یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی یاسای قەیسەر ئەوەیە ئەو سزا ئابووریی و داراییانە لەسەر بەشار ئەسەد قورستر بکاتەوە کە ماوەی چەند ساڵیکە خراونەتە سەری، واتە ئەمریکا دەیەوێت بە سزا دراوەکان و ئەم یاسایە ئەسەد تەوق بدات و ماندووتری بکات.

سەرپەرشتیارانی یاساکە هەوڵ دەدەن ئیدارەی وڵاتەکەیان قایل بکەن کە لە جێبەجێکردنی یاساکەدا توند و مکوڕ بن، داواش دەکەن ئەسەد لەوە تێبگەیەندرێت کە بە چارەسەرە سیاسییەکان قایل نەبێت رەوایەتی گەلی نابێت بۆ مانەوە و بەردەوام بوون وەک سەرۆکی سوریا.

بەشار ئەسەد لەبەردەم چەند هەڵبژاردەیەکدایە کە گرنگترینیان ملدانە بۆ بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و پێشنیارەکانی واشنتۆن، بەڵام ئەم هەڵبژاردەیە دەیدا بە گژ مۆسکۆ و تاراندا کە نزیکەی ١٠ ساڵە دەستیان پێوە گرتووە و دەیپارێزن، بە ملنەدانیشی دەکەوێتە بەردەم یەکێک لە یاسا هەرە قورسەکانی ئەمریکا کە یاسای قەیسەرە و دوور نییە داهاتووی بخاتە بەردەم مەترسیی لەناوچوون.

Send this to a friend