• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 23, 2020

ئایندەی جیھان لە سایەی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و چین-دا

لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا و چین لەم ساڵانەی دواییدا بە توندی چوونەتە نێو رکابەرییەوە و لە ھەموو بوارەکاندا ھەوڵی بوون بە یەکەم ھێزی جیھان دەدەن، بەڵام لەدوای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ململانێکان توندتر بوونەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا لەسەر “شاردنەوەی زانیارییەکان دەربارەی کۆرۆنا” چینی تۆمەتبار کرد.

ئەمریکا و چین

بەشێک لە نووسەر و لێکۆڵەرەوان پێیان وایە ملاملنێکانی نێوان ئەمریکا و چین زیان لە جیھانیش دەدەن، بەشێکی دیکەشیان پێیان وایە جیھانی پاش کۆرۆنا وەک جیھانی دوای کۆرۆنا نابێت، ئەوەی جێگای پرسیارە؛ کێ سەرکردایەتی جیھانی دوای کۆرۆنا دەکات؟

جێفری ساکس مامۆستای بەشی ئابووری لە زانکۆی کۆڵۆمبیا پێی وایە، پێشبینی دەکرێت جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و چین ببێتە سەرچاوەی ھەڕەشەیەک کە گەورەترە لە ھەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەشێکی زۆری بەرپرسیارییەتی ئەم رکابەریی و دوژمنایەتییەش لە ئەستۆی ویلایەتە یەکگرتوورکانی ئەمریکادایە، چونکە ئەمریکا لەبری ھاریکاریی ھەوڵی دابەشکاری دەدات.

ئەو لێکۆڵەڕە بۆچوونی وایە، ئەگەر فشارەکانی ئەمریکا بەردەوام بن و ململانێکان بەم ئاڕاستەیە بڕۆن، زەحمەتە دۆخەکە بگەڕێتەوە ئاستی پێشووی و ململانێکان توندتر و بواری زیاتریش لەخۆدەگرن.

فشارەکانی ئەمریکا

ئەمریکا بەردەوامە لە فشار و دژایەتییەکانی بۆ چین، سەرەتات ئەم ھەفتەیەش دۆناڵد ترەمپ واژۆی لەسەر پڕۆژە یاسایەک کرد، کە تایبەتە بە سزادانی چەند بەرپرسێکی چین لەسەر مسوڵمانانی ویلایەتی زینجیانگ.

لە نوێترین چاوپێکەوتنیشدا لەگەڵ رۆژنامەی ۆول ستریت جۆرناڵ، ترەمپ جارێکی دیکە چینی بە بەرپرس لە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمەتبارکردەوە، ئەمە جگە لە فشار و سزاکانی واشنتۆن لەسەر کۆمپانیا چینییەکان، لە سەرووی ھەمووشیانەوە ھواوی.

چین وەک گرێ

دۆناڵد ترەمپ توانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆریای باکور بباتەوە پێشەوە، بەڵام لە زۆربەی ئاست و بوارەکاندا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین بردووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

ترەمپ بەردەوام چین وەک رێگر لەبەردەم ھەڵبژاردنەوەیدا دادەنێت. تەنانەت لە سەرەتای مانگی ئایار لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، چین ھەمو ھەوڵ و توانایەکی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بدۆڕێنێت. ئەم لێدوانە ھێندەی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و واشنتۆنی ئاڵۆز کرد.

ئەم (گرێیەی چین)گەیشتووەتە ئاستێک تیمەکەی ترەمپ جۆ بایدنی رکابەری بە ھاوکار و دۆستی چین پیشان بدەن.

کۆرۆنا وەک بیانوو

ململانێکانی نێوان واشنتۆن و پەکین گەیشتە نەتەوە یەکگرتووەکان و ناو رێکخراوی تەندروستی جیھانیش، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمریکا رێکخراوەکەی بەوە تۆمەتبار کرد ملکەچی وڵاتی چینە، لە کاتێکدا “چین زانیارییەکان دەشارێتەوە”.

تەنانەت سەرەتای مانگی ئایار، لەسەر رۆڵی رێکخراوی تەندروستی جیھانی لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، کێشە کەوتە نێوان نوێنەرانی چین و ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکییەکان دەیانەویست رێکخراوەکە بێڕۆڵ بکەن و چینیش پشتگیری لە پێگەی رێکخراوەکە دەکرد.

ملمانێکانی نێوان واشنتۆن و پەکین بەردەوامن، تاکو ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا نزیکتر دەبێتەوە، ئاڵۆزییەکان زیاتر دەبن، ئەوەی بڕیار لە بەشێکی زۆری داھاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات دەدات، ھەڵبژاردنەوە یان ھەڵنەبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپە بە سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام ھەرچۆنێک بێت جیھانی دوای کۆرۆنا و دەرکەوتنی ئەنجامی ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا، جیھانێکی جیاوازتر دەبێت و پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکینیش شێوازێکی تر دەبن.

سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە؛

https://www.bbc.com/arabic/business
https://www.dw.com/tr/bmde-abd
https://www.bbc.com/arabic/world

Send this to a friend