• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 10, 2020

مێژووی خەلیفە حەفتەر کۆتایی دێت یان دەگەڕێتەوە؟

لە دوای کەوتنی رژێمەکەی موعەمەر قەزافییەوە، لیبیا بووە بە مەیدانی جەنگی دەیان ھێز و گروپی چەکداریی، بەشێک لە وڵاتانی جیھانیش لیبیایان کردووە بە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانیان.

ماوەی مانگێکە ھێزەکانی سوپای نیشتمانی لیبیا بە سەرۆکایەتی خەلیفە حەفتەر، لە دەورووبەرەکانی تەرابلوسی پایتەخت کشاونەتەوە و بەرەو سەرت گەڕاونەتەوە لە دووری ٤٥٠ کیلۆمەتر لە رۆژھەڵاتی پایتەخت، حەفتەر کە لە چەند مانگی رابردوو بە تەواوی ھێزی پەیداکرد و توانی ناوچەیەکی فراوانی لیبیا کۆنترۆڵ بکات، ئێستا لە لاوازترین دۆخدایە.

حەفتەر کە چەند مانگی رابردوو بەردەوام ھێرشی دەکرد و بەرگریشی لە ناوچەکانی دەکرد، لە ماوەی چەند ھەفتەی رابردوودا بەبێ بەرگری ناوچەکانی ژێر دەستی چۆڵ کرد و ئێستاش بەردەوام لە پاشەکشێدایە.

فڕۆکەکانی تورکیا؛ راوەدونەری حەفتەرییەکان

ھاتنی تورکیا بۆ ناو جەنگی لیبیا سەرەتای لاوازبوونی خەلیفە حەفتەر بوو، سوپای نیشتمانی لیبیا پێشتر بەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە رووسییانەی ئیمارات پێی بەخشیبوو، توانیبووی لە کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری ناوچەکان سودی لێببینێت، بەڵام ھاتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تورکییەکان، ئاڕاستەی شەڕ و ھاوسەنگی ھێزەکانی گۆڕی.

تورکیا خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا بە بەشێک لە ئامانجەکانی گەیشت و حەفتەری لەو کاتە خێراتر لاوازکرد کە پێشبینی دەکرا، سەرکەوتنی تورکیا لەم شەڕەدا مسۆگەر ببێت تەنھا بۆ خستنی حەفتەر نییە، بەڵکو سەرکەوتنە بەسەر رکابەرە سەرسەختەکەیدا کە عەبدولفەتاح سیسییە. تورکیا چەند دڵی بە لاوازبووبی حەفتەر خۆشە، دوو ھێندە شایی کەوتنی میسر دەگێڕێت.

رۆژی سێشەممەش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا خۆشحاڵی خۆی بە گۆڕانکارییەکانی لیبیا دەربڕی و وتی لە لیبیا شوێنێک بۆ حەفتەر نامێنێتەوە.

درزە گەورەکە

لەگەڵ ئەوەی ماوەی چەند رۆژێکە حەفتەر لە پاشەکشەی بەردەوامدایە، بەڵام شکستی گەورەیان ئەو کاتە بوو، کە سەرەتای ئەم هەفتەیە هێزەکانی سەر بە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی، لە بنکەی ئاسمانیی نیشتمانی دەستیان بەسەر سیستم و موشەکی دژە فڕۆکەدا گرت، کە دواین بنکە و شوێنی سەربازیی گرنگی هێزەکانی حەفتەر بوو لە رۆژئاوای تەرابلوس.

رووسیا و ئیماراتیش بەم گۆڕانکارییە نیگەران بوون، چونکە ئەم سیستمە بەرگرییە ھی رووسیا بووە و لەرێگەی ئیماراتەوە بە ھێزەکانی حەفتەر دراوە.

میسر؛ رزگارکەری حەفتەر

میسر کە بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی بۆ سوپای نیشتمانی لیبیا بە سەرۆکایەتی خەلیفە حەفتەر دەربڕیوە، لە ئێستادا ھەوڵی رزگارکردنی دۆستەکەی دەدات و دەیەوێت ھاوسەنگی شەڕەکە بگەڕێنێتەوە ئاستی پێشووی، بەڵام بەر لە ھێز، بە دەستپێشخەریی و ھەوڵی دیپلۆماسی دەستیپێکردووە.

سەرەتای ئەم ھەفتەیە میسر دەستپێشخەرییەکی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ پرسی لیبیا و وەستاندنی شەڕ خستەڕوو. دەستپێشخەرییەکە ھەوڵێکی بەپەلەی قاھیرەیە بۆ رزگارکردنی حەفتەر.

دەستپێشخەرییەکە کە ناوی “راگەیاندنی قاھیرەیە” داوای وەستاندنی شەڕ و دەستپێکردنی گفتوگۆی نیشتمانی دەکات لە لیبیا، بەڵام حکومەتی ویفاق کە ئێستا لە پێشڕەوی بەردەوامدایە، ئەم دەستپێشخەرییە و وەستاندنی شەڕ رەتدەکاتەوە.

حەفتەر لەنێوان روسیا و ئەمریکا

لیبیا شوێنی ململانێی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆنیشە، ھەموان ھاتوون شەڕی خۆیان بە لیبییەکان دەکەن، روسیا لە چەند مانگی رابردوودا لە لیبیا خۆی بە براوەتر لە ئەمریکا دەزانی، بەڵام ئێستا کە حەفتەری دۆستی لە پاشەکشێدایە و لە کۆتاییەکی تاڵ نزیکە، ھەڵوێستی بەرەو لاوازی دەچێت.

دوای ئەوەی ئەمڕۆش مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کاتی ئەوەیە روسیا و وڵاتانی دیکە لە لیبیا دەربکرێن، دەرکەوت حکومەتی ویفاقی نیشتمانی بە رەزامەندی ئەمریکا دەستی بە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکان کردووەتەوە و لاوازکردن یان کۆتاییھێنان بە حەفتەر بە ھەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا بووە.

لیبیا بەسەر دوو بەرەی گەورەدا دابەشبووە، حکومەتی ویفاقی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی فایز سەراج کە تورکیا و قەتەر پشتیوانی دەکەن و ھێزەکانی رۆژھەڵاتی لیبیا بە سەرۆکایەتی خەلیفە حەفتەر کە رووسیا، ئیمارات و میسر پشتیوانی دەکەن.

لە ئێستادا بەرەی سەر بە تورکیا و قەتەر لە بەرەپێشچوونی زۆردان و زۆربەی ناوچەکانیان کۆنترۆڵکردووەتەوە، رووسیا، ئیمارات و میسر ھەوڵ دەدەن رێگربن لەم بەھێزبوونەوەی حکومەتی ویفاق و دەیانەوێت حەفتەر بەھێزبکەنەوە.

Send this to a friend