• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 19, 2023

هوداپار و ئایندەی پرسی کورد لە تورکیا

ئەحمەد قادر سیروانی – شەیما سەعید حەمەلاو

پوختە
ڕەوتی ئایینی لە باكووری كوردستان ‌و توركیا لە دوای ڕەوتی نەتەوەیی كوردییەوە دووەم بەهێزترین تەوژمە. ئەم ڕەوت و پارتانە لە ڕوانگەیەکی ئیسلامییەوە دەڕواننە پرسە نەتەوەییەکان و هەر لە چوارچێوەی فکر و تێڕوانینی ئیسلامییاندا مامەڵە لەگەڵ پارت و ڕێکخراوەکانی کوردستان، تورکیا و وڵاتانی دیکەدا دەکەن. لەگەڵ گەیشتنی ئیسلامیی سیاسی بە دەسەڵات لە تورکیا و سیاسەتی ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بەرانبەر بە پرسی کورد، دەرفەتێکی لەبار بۆ پارت و رێکخراوە ئیسلامییەکانی باکووری کوردستان هاتەپێشەوە، تاوەکو بتوانن درێژە بە کار و چالاکییان بدەن، هاوشانی پارتە ناسیۆنالیست و چەپەکانی کورد لە مەیدانی سیاسیی ناوچەکەدا بەشداربن و بە بەرنامە و پێڕەوی تایبەت بە خۆیان مامەڵە لەگەڵ پرسە هەستیارەکانی وەک ئیسلامیی سیاسی و پرسی کورددا بکەن، لە هەمان کاتدا ئەم پارت و ڕێکخراوانە سیاسەتی تایبەت بە خۆیان هەیە سەبارەت بە بەشداریکردن یان نەکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا و پەیوەندییان لەگەڵ پارتی دەسەڵاتدار و سەرۆککۆماردا. هوداپار یەک لەو پارتە ئیسلامییە کوردییانەیە کە لە باکووری کوردستان دەرکەوت. لەبەر گرنگی و ڕۆڵی سیاسیی ئەم پارتە لەم توێژینەوەیەدا چەند لایەنێکی مێژوویی و سیاسیی وەک “مێژووی دەرکەوتنی، هوداپار و پرسی کورد لە تورکیا، کۆنگرەکان و سکرتێری گشتی …هتد” دەخەینەڕوو.
کلیلە وشەکان: هوداپار، ئیسلامیی سیاسی، ئەردۆغان، هەڵبژاردنەکان.

مێژووی دەرکەوتنی هوداپار
پارتی بانگەوازی ئازاد هوداپار (-HÜD PAR Hür Dava Partisi) یەکێکە لەو پارتە ئیسلامییانەی کە لە سەر داروپەردووی حیزبوڵڵای کوردی Kürt Hizbulahı)) دامەزراوە.
هەرچەندە ڕای جیاواز هەیە لە سەر چۆنیەتی و ساڵی دامەزراندنی حیزبوڵڵا، بەڵام زۆربەی سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، لە كۆتایی حەفتاكان‌ و سەرەتایی هەشتاكانی سەدەی بیستەم كتێبخانە ئایینییەكان بوون بە بنكەی یەكتربینین ‌و كۆبوونەوەی ئیسلامییە توندڕەوەكان، لەم چوارچێوەیەدا ژمارەیەك لە دەوری كتێبخانەی وەحدەت (Vehdet)، كە خاوەنەكەی عەبدولوەهاب ئیكنجی (Abdulvahap Ekinci) بوو، كۆبوونەوە، پاشان بە هۆی جیاوازیی بیروبۆچوونیان بۆ دوو كۆمەڵەی سەرەكی دابەشبوون؛ گرووپی زانست (عیلمجیلەر – Ilimciler) و مەنزیل (مینزیلجیلەر – Menzilciler). گرووپی زانست بە ڕێبەریی حسێن ڤەلی ئۆغڵو (HüseyinVelioğlu) (١٩٥٢-٢٠٠٠) لە كتێبخانەی زانست (عیلم – Ilim Kitabler) لە باتمان چاویان بە یەك دەكەوت. هەرچی گرووپی مەنزیلییەکانە، لەلایەن كۆمەڵێك لە گەنجانی دیاربەكرەوە بە ڕێبەریی فیدان گونگور (FidanGüngür) (١٩٤٩-١٩٩٤) دامەزرا.
ڕای جیاواز ھەیە لە سەر ساڵی دامەزراندنی حیزبوڵڵا، دەوترێت لە ١٩٧٩ دامەزراوە، لە لایەکی دیکەوە ھاتووە کە حیزبوڵڵا لە کۆبوونەوەیەکی ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ دامەزراوە. بە شێوەیەکی گشتی و نزیکیی بۆچوونەکان دەتوانین بڵێین: حیزبوڵڵا لە باکووری کوردستان کە زۆرینەی کوردنشینن، لە نیوەی یەکەمی دەیەی ھەشتاکانی سەدەی بیستەم دامەزراوە، پێگەی سەرەكیی بزافەكەیان؛ دیاربەكر، وان، باتمان و ماردین بووە.١
حیزبوڵڵا بە هەمان شێوەی فكرەی جیهانی ئیسلامی، دەیڕوانییە پرسی كورد و پێی وا بوو چارەسەری ئەو پرسە هەر دەبێت بە پێوەری ئیسلامی بێت، هەروەها وای دەبینی بەرگریكردن لەو پرسە ئەركێكی ئیسلامییە و بە ئەركێكی بە كۆمەڵی دادەنێت. حیزبوڵڵا ڕێزی لە مافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلی كورد دەگرت و پێی وا بوو بە چارەسەری دەستووری دەبێت، هەروەها پێویستە چارەسەرەکە لەگەڵ عەقیدەی گەلی مسوڵمان ‌و فەرهەنگی كوردیدا یەكبێتەوە و باوەڕی بە تەواوی مافەكانی کورد لە ژێر حوكمی ئیسلامیدا هەبوو.٢
حیزبوڵڵا لە ڕووی چالاكییەوە بە سێ قۆناغدا تێپەڕی؛ قۆناغی یەكەم: ساڵانی دامەزراندن و گەشەسەندنی (١٩٧٩-١٩٩١) دەگرێتەوە، لەم قۆناغەدا دامەزراندنی كۆمەڵەكە تەواوبوو، پاشان چووە قۆناغەكانی بانگەواز‌ و فێركاری، لەم قۆناغەدا حیزبوڵڵا سەرنج و هاوسۆزیی گەلی كوردی لە باکووری کوردستان، بە تایبەت لە دیاربەكر و باتمان بەدەستهێنا، لە سەر بنەمای كوردایەتی و مەیلی بەهێزی بۆ ئیسلام و بەهاكانی چالاك بوو.٣ قۆناغی دووەم (١٩٩١-٢٠٠٠): ئەم قۆناغە بە سەردەمی “تێكۆشان ‌و هێز”، توندوتیژی ‌و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەكەكە و گرووپی ئایینیی مەنزیل‌ و هەواڵگریی دەوڵەتی قووڵ و باندەكاندا دەستیپێكرد.٤ قۆناغی سێیەمی حیزبوڵڵا (٢٠٠٢- ): پاش ئۆپراسیۆنی بیكۆز ‌و كوژرانی حسێن وەلی ئۆغڵو؛ ڕابەری گرووپەکە و ئاشکرابوونی تەواوی نهێنی و ئەرشیفەکەیان بۆ دەوڵەت، حیزبوڵڵا بۆ سەرلەنوێ خۆرێكخستنەوە پێش هەموو شتێك بڕیاریدا تەواوی كاروچالاكییەكانی نهێنی بێت، بۆئەوەی حیزبەكە دووبارە توشی تێكشكان ‌و لەناوچوون نەبێتەوە. بەرپرسانی گرووپەکە كەوتنەوە ڕێكخستنەوەی خۆیان بە بەرنامەیەكی گشتی ‌و هەوڵدان بۆ كۆكردنەوەی ئەندامان و قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی لە ئەرشیفەكەیان لە ڕووداوی ئۆپراسیۆنی بیكۆزدا بەریانكەوت.
حیزبوڵڵا چالاكیی خۆی لە مزگەوتەكاندا ڕاگرت ‌و زیاتر كارەکانی لە ناو ماڵی ئەندامەكانیدا دەکرد و بە وریاییەوە لە چالاكییەكان‌ و شوێنە جیاوازەكاندا ناوی حیزبوڵڵا دەبرا.٥ بەشێکی دیکەی ئەندامانی حیزبوڵڵا بۆ دەرەوەی تورکیا، بە تایبەت هەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا، هۆڵەندا، فەڕەنسا، نەمسا و سویسرا …هتد هەڵهاتن، بەشێکی دیکەی ئەندامانی حیزبەکە لە ناو تورکیادا بە شێوازی “بانگەوازی ناڕاستەوخۆ” لە دەوری یەکتر کۆدەبوونەوە، زیاتر لە چوارچێوەی گرووپ و ڕێکخراوی مەدەنیی کۆمەڵیی تایبەتی خێرخوازیدا بایەخیان بە بەشەناوخۆیی خوێندکاران و بەشداریکردن لە چالاکییە مەدەنییەکاندا دەدا. ڕێکخراوی هاریکاریی ستەملێکراوان (موستەزعەف دێر) (Mustazafler Dayanişma Derneği (Mustazaf – Der)) لە گرنگترین ئەو گرووپ و ڕێکخراوانە بوو کە پاش قەدەغەکردنی حیزبوڵڵا دامەزرا.٦
ساڵی ٢٠٠٣ موستەزعەف لە دیاربەکر دامەزرا. سەرەتا ڕێکخراوەکە کارەکانی لە باکووری کوردستان دەستپێکرد، پاشان چالاکییەکانی بۆ شارەکانی دیکەی وەک ئەستەنبوڵ، قۆنیا و ئەدەنە گواستەوە.٧ موستەزعەف بۆ یەکەم جار لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانی وێستگەی (Istasyon Meydanı) لە دیاربەکر دەرکەوت، لەو خۆپیشانەدا نزیکەی ١٣٠ هەزار کەس گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دژی ئەو وێنە و کاریکاتێریانەی پێغەمبەر محەمەد (د. خ) لە دانیمارک بڵاوکرانەوە، دەربڕی. لە چالاکییەکی دیکەدا موستەزعەف لە ١٢ی شوباتی ٢٠٠٦ بە ئامادەبوونی نزیکەی ٨ هەزار کەس بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د. خ) گردبوونەوە. لە سەرەتاوە ڕێکخراوەکە زیاتر بە کاری کۆمەڵایەتی و خێرخوازییەوە خەریکبوو، پاشان هەڵوێستی سیاسی دەرکەوت، پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٧، موستەزعەف داوای لە خەڵکی تورکیا کرد دەنگ بە “ئاکەپە” بدەن،٨ چونکە ئاکەپە دژ بە کەمالیست و سیستەمی دژ بە کوردە، بەڵام بە زیادبوونی کار و چالاکییەکانی موستەزعەف لە ٢٠١٠دا دادگای دیاربەکر بە بیانووی بوونی پەیوەندیی ڕێکخراوەکە لەگەڵ حیزبوڵڵادا کە لە دەرەوەی یاسایە، بڕیاری داخستنی دا، دواجار دادگای باڵا لە ئایاری ٢٠١٢ بڕیارەکەی پەسەندکرد، هەر بۆیە موستەزعەف قەدەغەکرا.٩
پاش قەدەغەکردنی موستەزعەف، لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار) دامەزرا، هۆکاری سەرەکیی دامەزراندنی ئەم پارتە دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم: بوونی دەرفەتە سیاسییەکان لە تورکیادا، کە خۆی دەبینییەوە لە “حکومەتێکی نەریتخوازی لیبڕاڵ لە تورکیادا، بەرفراوانبوونی زەمینەی مافەکانی مرۆڤ و مافە سیاسییەکان، لاوازبوونی پەکەکە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩-٢٠٠٤، …هتد”، دووەم: دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارە ناوخۆییەکانی وەک پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنی حیزبوڵڵا، ماوەی درێژخایەنی پرسی کورد و چارەسەرنەبوونی، داخستنی ڕێکخراوەی موستەزعەف، ….هتد.١٠

دامەزرێنەرانی هوداپار پێکهاتووە لە ٤٥ کەس کە ٨ کەسیان ئافرەت بوون، بە پێی پێڕەوی ناوخۆی پارتەکە هوداپار ناوی کورتکراوەی پارتەکەیە، لۆگۆی پارتەکە کتێبێکی کراوەیە، لاپەڕەکانی سپیی سادەن و لە پشت کتێبەکەوە هەڵهاتنی تیشکی خۆر دەردەکەوێت، تەواوی ئەمانە لەگەڵ کورتکراوەی ناوی پارتەکە لە سەر ڕووبەرێکی سەوز نەخشێنراون. ئایدیولۆژیای سەرەکیی هوداپار بریتییە لە “ئیسلامیی ڕاستڕەو، ئوممەت، پارێزگار، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی”، ناوەندی سەرەکیی پارتەکە دیاربەکرە، لە هەمان کاتدا لە تەواوی شارەکانی باکووری کوردستان لق و ناوچەی هەیە، هەروەها لە شارە گەورەکانی وەک ئەنقەرە، ئەستەنبوڵ و بوڕسا لقی کردووەتەوە، جگە لەوەش لە ١٩ی ئایاری ٢٠١٩ لە هەولێر بە فەرمی نوێنەرایەتیی کردووەتەوە. ئێستاش هوداپار جگە لەوەی کە پڕۆگرامی پارتەکەی بە زمانی کوردیی شێوەزاری کرمانجی ژووروو هەیە، لە هەمان کاتدا ئەو پڕۆگرامەی وەرگێڕاوەتەسەر کرمانجیی ناوەڕاست،١١ بە چاپکراوی بەردەستە.
هوداپار خاوەن ئاژانسی ئیلکها (İLKHA Ajansı)، تەلەفزیۆنی ڕەهبەر (Rehber tv)، ڕۆژنامەی هەواڵی ڕاست (Doğru Haber Gazetesi) و دەیان سایت و دەزگای دیکەی ڕۆژنامەوانییە. لەگەڵ کاروباری سیاسیدا لە ڕێگەی دەیان ڕیکخراوی هاوکاری و فریاگوزاری و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە؛ چالاکی ئایینی، ئابووری، پەروەردەیی، ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و کولتووری دەکات. وەک لە کارنامەی دامەزراندنی پارتەکەدا ئاماژەی پێ کراوە و هەتاکو ئێستاش جەختی لە سەر دەکەنەوە، پێویستە کێشەی کورد پشتبەستن بە بنەماکانی ئایینی ئیسلام و ئەو مافانەی کە لە ئیسلامدا بۆ هەر گەل و نەتەوەیەک ڕەوابینراوە، چارەسەربکرێت. ئەوەی تێبینیدەکرێت لێرەدا، ئەوەیە کە هوداپار بڕوای بە چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا لە چوارچێوەی بنەماکانی ئایینی ئیسلامدا هەیە. هەروەها ئەم پارتە چەمکی کێشەی کوردی بەکارهێناوە (Kürt Sorunu) نەک مەسەلەی کورد (Kürt Meselesi)، کە زیاتر لایەنگرانی دەوڵەت چەمکی مەسەلەی کورد بەکاردەهێنن.١٢

هوداپار لە کانوونی دووەمی ٢٠١٣ بارەگای سەرکردایەتیی لە ئەنقەرە کردەوە، لەو کاتەوە دەرکەوتنی پارتەکە ئاکامێکی پێشبینیکراو نەبوو، بە پێچەوانەوەی ئەو دۆخەوە، هەتاکو ئەو کاتە پەکەکە و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)١٣ لە بەرانبەر حکومەتی تورکیا نوێنەری دۆزی کورد بوون و بە تەنها ئەوان لە گۆڕەپانەکەدا دەبینران، هەر بۆیە دەرکەوتنی هوداپار وەک دیوێکی ئەرێنی دەبینرا بۆ ئەوەی لە لایەنێکی دیکەوە بە جۆرێکی تر چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد بێتەئاراوە، تەنها کلیلی چارەسەری لە ڕێگەیەکی ئەزموونکراوەوە نەبێت.
لە هەمان کاتیشدا هوداپار بە هۆی دۆسیەی پێشووی حیزبوڵڵا بەدەر نەبوو لە هەستیاری و گومان. پەکەکە لە سەرەتای دەرکەوتنی ئەم پارتە ڕەخنەی لێ گرت و بە بریکار و پڕۆژەی ئاکەپەی لە ناوچەکەدا ناساند، چونکە بە هۆی ئەم پارتەوە پەکەکە هێزی خۆی لە ناوچەکەدا کەمبووەوە و بوونی هوداپار لە بەرژەوەندیی ئاکەپە دەشکێتەوە، لە هەمان کاتدا ترسی ئەوە هەبوو کە ئیسلامگەرای کورد لە ناوچەکەدا جێگەی ناسیۆنالیستیی عەلمانیی کوردی بگرێتەوە. هوداپار توانیی سوود لە ڕێکخراوە ناحوکمییەکانی ناوچەکە وەربگرێت، کە خزمەتیان پێشکەشی دانیشتوانی باکووری کوردستان دەکرد، لە هەمان کاتدا توانیی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان خەڵک و ڕێکخراوەکان تۆکمەبکات و بتوانێت لە پێناو بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیدا بەکاریانبهێنێت، بەمەش پارتەکە لە ناوچەکەدا کاری ڕێکخستن و دەرکەوتنی فەراهەمکرد، هاوکات بەڵێنی بە خەڵکی دا کە هێزی سێیەمی دەرەوەی ئاکەپە و هەدەپە بێت و گۆڕانکاری لە بارودۆخی سیاسیی ناوچەکەدا بکات.١٤

پارتی بانگەوازی ئازاد – هوداپار
( HÜD PAR Hür Dava Partisi) وەک پارتێکی سیاسیی ئیسلامی کە لە سەر داروپەردووی حیزبوڵڵای کوردی Kürt Hizbulahı)) دامەزراوە، لە کۆی ٤٥ کەس لە دامەزرێنەرانی هوداپار؛ ٨ کەسیان ئافرەت بوون، ئەمەش دەکاتە ڕێژەی نزیکەی ١٧٪ی دامەزرێنەرانی، لەگەڵ ئەوەشدا لەو ٤ پەرلەمانتارەی هوداپار لە پەرلەمانی تورکیا هیچیان ئافرەت نین.

هوداپار و پرسی کورد لە تورکیا
هوداپار لە زەمینەی چارەسەری بۆ پرسی کورد جیاوازی لە نێوان خۆی و هەدەپە و پەکەکەدا دەکات. هەریەک لە هەدەپە و پەکەکە لەگەڵ فیدراڵیدان بۆ باكووری کوردستان، بەڵام هوداپار لەگەڵ ئەم خواستەدا نییە و لە چوارچێوەیەکی مێژوویی فراوانتردا چارەسەر دەوروژێنێت و پێی وایە سنوورەکانی ناوچەکە دەستکردن، هەر بۆیە دەڵێن: “ئێمە نە لەگەڵ جوداخوازیداین، نە لەگەڵ فیدڕاڵیەتداین، هەموو ئەو سنوورانەی لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشراون، سنوورگەلێکی دەستکردن و لە پاش جەنگی یەکەمی جیهانی کێشراون، ئەمەش سەرچاوەی سەرەکیی کێشەکانە. خواستی سەرەکیی ئێمە دەستبەرداربوونە لەو سنوورە دەستکردانە و وابەستەکردن و تێکەڵکردنەوەی خەڵکە مسوڵمانەکەیە.”١٥
ئیسحاق ساغڵام لە چاوپێکەوتنێکیدا سەبارەت بە پرسی کورد دەڵێت: “بۆ بەرقەراربوونی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە؛ دەبێت سەرەتا بە هۆی تەواوی ئەو ستەمانەی کراون، بە ناوی دەوڵەتەوە داوای لێبوردن بکرێت و قەرەبووی زیانلێکەوتوان بکرێتەوە. هەروەها واز لە بەتورکدانانی تەواوی ئەو کەسانە بهێنرێت کە وەک هاوڵاتی پەیوەندییان لەگەڵ کۆماری تورکیادا هەیە، بە پێی دەستوور کوردەکان بناسێنرێن و تورک و کورد وەکو دامەزرێنەری سەرەکیی دەوڵەت قبوڵبکرێن. دەبێت کوردی لەگەڵ تورکی وەکو زمانی فەرمیی دووەمی وڵات قبوڵبکرێت و ببێتە زمانی پەروەردە… پێویستە واز لەو چەمکانە بهێنرێت کە دژایەتیکردن و جیاکاریی پێوە دیارە و لە سەر بنەمای تورکیبوون هیچ شتێک دانەڕێژرێت لە ناوەندە فەرمییەکان و سیستەم و دەستووری وڵاتدا، بە تایبەت لەو بڕگانەی کە پەیوەستن بە پێناسەی هاوڵاتیبوونی تورکیاوە.”١٦

کۆنگرەکان و سکرتێری گشتیی هوداپار
محەمەد حسێن یەڵماز؛ یەکەم سەرۆکی پارتەکە و دامەزرێنەری بووە، پاشان لە کۆنگرەی یەکەمی پارتەکە لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو وەک سەرۆکی هوداپار هەڵبژێردراوە. دوای ئەوەی بە هۆی خۆکاندیدکردنی وەک کاندیدی سەربەخۆی دیاربەکر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥دا دەستی لە سەرۆکایەتیی پارتەکەی کێشایەوە، ئەرکی سەرۆکایەتیی پارتەکە بە وەکالەت بە دامەزرێنەری پارتەکە؛ محەمەد حسێن یەڵماز، سپێدرا. زەکەریا یاپیجی پاش ئەوەی نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ بوون بە ئەندامی پەرلەمان بەدستبهێنێت، لە کۆنگرەی نائاسایی پارتەکەدا کە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥ و پاشان لە کۆنگرەی دووەمی پارتەکە لە ١٥ی ئایاری ٢٠١٦ وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە، بەڵام لە ٢١ی ئایاری ٢٠١٨ بە هۆی ئەوەی دووبارە وەک کاندیدی سەربەخۆی دیاربەکر خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کاندیدکرد، ئەرکی سەرۆکایەتیی پارتەکە بە وەکالەت بە محەمەد یاڤوز سپێردرایەوە. جارێکی دیکە یاپیجی ئۆغڵو سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا و وەک جێگری سەرۆکی هوداپار لە کاری سیاسی بەردەوامبووە. لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لە کۆنگرەی سێیەمی پارتەکەدا ئیسحاق ساغڵام وەک سەرۆکی هوداپار لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە هەڵبژێردرا، لە ژێر دروشمی “مەملەکەت پێویستی بە هوداپارە”، ڕۆژی ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١ چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی هوداپار لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەچوو. لە کۆنگرەکەدا زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو؛ یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتەکە، پاش وازهێنانی بۆ ماوەی ٣ ساڵ جارێکی دیکە لە کۆی ٩١١ ئەندامی کۆنگرە؛ دەنگی ٦٢١ ئەندامی بەدەستهێنا و وەک کاندیدی بێڕکابەر بە سەرۆکی پارتی بانگەوازی ئازاد هەڵبژێردرایەوە.١٧

هوداپار و هەڵبژاردنەکانی تورکیا
هوداپار بڕیاریدا بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣٠ی ئازاری ٢٠١٤دا بکات، بڕیارەکەی هەر بۆیە پاش دامەزراندنی پارتەکە و بە تایبەت دوای ڕاگەیاندنی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا، هەڵکوتانەسەر بارەگاکانی هوداپار و ململانێ و توندوتیژی لەگەڵ پەکەکەدا دەستیپێکرد. ئیدی هەردوولا نەیانتوانی قۆناغی ئاشتی درێژەپێبدەن، لەبەرئەوەی هەردوولا بێئەندازە لە بەرانبەر کار و چالاکی و بوونی یەکتریدا هەستیار بوون و ململانێ و ئاڵۆزیی نێوانیان بەردەوامبوو.١٨
هوداپار لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا بە پێی ئەنجامەکانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە دەنگی دەرەوەی وڵاتیشەوە ١٥٥ هەزار و ٥٣٩ دەنگی بەدەستهێناوە، بەمەش ڕێژەی دەنگەکانی ٠.٣١٪ بووە. بە سەیرکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش بە پێی پارێزگاکان، دەردەکەوێت کە هوداپار لە هەندێک لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان بەهێزتر و کاریگەرترە، لەوانە لە بینگۆل بەراورد بە شارەکانی دیکە بەرزترین ڕێژەی بەدەستهێناوە، کە ٤.٥٪ی دەنگەکانە،١٩ هەروەها لەو هەڵبژاردنەدا و بەبێ ڕێککەوتنی دوولایەنە هوداپار داوای لە ئەندام و لایەنگرانی کرد بۆ سەرۆککۆماری تورکیا دەنگ بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ کاندیدی ئاکەپە بدەن، لە هەمان کاتدا بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار ٢٠٢٣ی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا هوداپار بە فەرمی ڕایگەیاند دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن،٢٠ لە هەمان کاتدا بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە ٤ کاندیدی هوداپار لە سەر لیستی ئاکەپە بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد و هەر چواریان سەرکەوتن. ٢١
شایەنی باسە پشتیوانی هوداپار بۆ ئەردۆغان وەک کاندیدی سەرۆککۆمار تازە نییە، بەڵکو هەر لە سەرەتای دامەزراندنی هوداپارەوە پەیوەندییەکی ئاسایی لە نێوان هەردوولادا هەبووە، ئاکەپە و خودی ئەردۆغان هاوکار و ئاسانکار بوون لە دامەزراندن و گەشەکردنی هوداپاردا، ئەم پارتە ئیسلامییە کوردییەی تورکیایش بە گشتی پشتیوانیی لە بەرنامەی کار و سیاسەتی ئاکەپە لە حکومەتی تورکیادا کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا هوداپار خاوەن گوتارێکی توندی نەتەوەپەرستی کوردی/ ئیسلامی بووە و بەردەوامیشە لە سەری. ئەمە جگە لەوەی لە ڕابردووشدا بەردەوام هوداپار لە هەڵبژاردنەکاندا بەبێ ڕێککەوتن پشتیوانیی ئەردۆغان و ئاکەپەی کردووە.

پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣دا هەر چوار کاندیدەکەی هوداپار لە چوار شاری باکووری کوردستان و تورکیا سەرکەوتنیان تۆمارکردووە، لەم هەڵبژاردنەدا هوداپار تەنها پارتە سەرجەم کاندیدەکانی هەرچەندە کەمیش بووبێتن، بۆ پەرلەمانی تورکیا سەرکەوتنیان بەدەستهێنابێت.٢٢ لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین نکوڵی لەو ڕاستییە بکەین دواجار کاندیدانی هوداپار بە هۆی ئەوەی لە لیستی ئاکەپەدا بەشداریی هەڵبژاردنیان کردووە، سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
سەرکەوتنی چوار کاندیدەکەی ئەم پارتە لە باکووری کوردستان و تورکیا هێمایە بۆ دروستیی ڕێککەوتنەکەی ئاکەپە لەگەڵ هوداپار. لە هەمان کاتدا سەرکەوتنی ئەو چوار کاندیدە و ژمارەیەکی بەرچاو لە کاندیدەکانی ئاکەپە لە باکووری کوردستان نەخشەی کاری هاوبەشی ئەو دوو پارتە لە پەرلەمان و تورکیا و باکووری کوردستان لە ئایندەدا دەکێشێت. ئەمە جگە لەوەی کاری جددی و لێبڕاوانەی ئەندام و لایەنگرانی هوداپار لە باکووری کوردستان بۆ ئاکەپە مایەی سەرنج بووە، هەر بۆیە لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکاندا ئەندمانی هوداپار وەک نوێنەری ئاکەپە لە بنکەکانی دەنگداندا ئەرکدارکرابوون. دوای سوێندخواردنیان هەر چوار پەرلەمانتارەکەی هوداپار لە فراکسیۆنی ئاکەپە جیابوونەوە و فراکسیۆنێکی نوێیان بە ناوی حیزبەکەیانەوە پێکهێناوە.٢٣ لە هەمان کاتدا بە هۆی ئەوەی هەر چوار کاندیدەکەی هوداپار سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و ئەردۆغانیش وەک کاندیدی هاوپەیمانیی کۆمار جارێکی دیکە وەک سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژێردراوەتەوە، کەواتە هوداپار یەکێک بووە لەو پارتانەی کە لە سەر ئاستی کاندیدان و پارت و هاوپەیمانیەتییەکەشی سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە.

پەیوەندییەکانی هوداپار و پارتی دیموکراتی کوردستان
پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و هوداپار لەم چەند ساڵەدا گەرموگوڕیی بەخۆیەوەبینیوە، ئەگەر هوداپار بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتیدا بە مەبەستی ڕاکێشانی سۆزی لایەنگرانی بارزانی (بارزانیجیلەر) بێت لە باکووری کوردستان و بەدەستهێنانی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیادا، ئەوا پارتی دەیەوێت کارتی فشاری هوداپار وەک ڕکابەرێکی نوێی هەدەپە/یەسەپە/ هەدەپ و هێزە چەپەکانی باکووری کوردستان ڕابکێشێت.
ئاکەپەی دەسەڵاتداری تورکیا پشتیوانی لە بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی پارتی و هوداپار دەکات، ئەمەش بە هۆی پشتیوانیی بەردەوامی هوداپار لە ئەردۆغان؛ کاندیدی هاوپەیمانیی کۆمار بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا.
لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٣ زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو؛ سەرۆکی هوداپار، بە یاوەریی شاندێکی پارتەکەی سەردانێکی یەکڕۆژەی بۆ هەولێر کرد و چاوی بە مەسعوود بارزانی؛ سەرۆکی پارتی کەوت.٢٤ لە لایەکی دیکەوە هوداپار لە٣٠ی نیسان ئاهەنگێکی تایبەت بە “یادی مەولوودی نەبەوی”ی سازکرد.٢٥ ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، بەشداریکردنی نوێنەری تایبەتی پارتی و بارزانی بوو لە ئاهەنگەکەدا. بەشداریی پارتی لە ئاهەنگێکی لەم جۆرەدا، کە لەلایەن ڕێکخراوی شەیدایانی پێغەمبەرەوە (د. خ) کە ڕێکخراوێکی سێبەری هوداپارە، سازکرابوو، بە هەوڵێکی نوێی پارتی بۆ پشتیوانیی ئەو پارتە لە باکووری کوردستان دەخوێنرێتەوە. پێش ئەم چالاکییانەش لە ١٤ی ئازاردا، دارا بیلەک؛ ڕاوێژکاری نێچیرڤان بارزانی؛ سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی، بە هاوڕێیەتیی ڕەشید ئاکنجی؛ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد لە باكوری كوردستان، سەردانی بارەگای سەرەکیی هوداپاری کردووە و چاوی بە حسێن یەڵماز؛ جێگری سەرۆکی ئەو پارتە کەوتووە. ئامانجی سەردانی ڕاوێژکارەکەی بارزانی بۆ پیرۆزباییکردن لە هوداپار بە بۆنەی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکان و پشتیوانی لە ئەردۆغان بووە.٢٦
بە گوێرەی زانیارییەکان نوێنەرەکەی نێچیرڤان بارزانی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ جێگری سەرۆکی هوداپار و هەروەها خودی مەسعوود بارزانی لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هوداپار لە هەولێر ڕاشکاوانە داوای پشتیوانیی هوداپاریان بۆ ئەردۆغان و ئاکەپە لە بەرپرسانی ئەو حیزبە کردووە.
ئێستا پارتی لە نێوان هەدەپە/ پەکەکە/ هەسەدە و یەکێتیی نیستیمانیی کوردستاندا جۆرێک لە گەمارۆدانی بۆ دروستبووە، هەر بۆیە بە دوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت، بە تایبەت لە باکووری کوردستان، بۆئەوەی هەدەپە و پەکەکەی پێوە سەرقاڵبکات، هوداپار دەتوانێت ببێتە ئەو دەرچەیە بۆ پارتی.
هوداپار وەک بەهێزترین پارتی سیاسیی ئیسلامی و گرووپێک کە “خاوەن شانەی نوستووی چەکدارە”، دەتوانێت لە مەیدانی سیاسیی باکووری کوردستان و تورکیادا ڕووبەڕووی هەدەپە/ هەدەپ ببێتەوە، لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی چەک و لە شەڕی کۆڵانبەکۆڵان و پارتیزانییەوە و لە شاخیش توانای ڕووبەڕووبوونەوە و تەنانەت شکاندنی چەکدارانی پەکەکەی هەیە. لە هەمان کاتدا ئەو حیزبە ئیسلامییە خاوەن چەندین دەزگا و ڕێکخراوی سێبەری پەروەردەیی، ئایینی، کولتووری و خێرخوازییە، کە مەیدانی کار و چالاکییان نەک تەنها باکووری کورستان و تورکیا، بەڵکو ئەوروپا و ئەفریقا و تەنانەت هەرێمی کورستانیشە. لەمانەش زیاتر، بە هۆی نەمانی توانا و هێزی گرووپی فەتحوڵا گوڵەن (فەتۆ) و بە تیرۆریست ناساندنیان لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، مەیدانێکی فراوان بە تایبەت لە بواری پەروەردەدا بۆ دەزگا پەروەردەییەکانی هوداپار ئاوەڵابووە، هەر بۆیە لە دۆخی ئێستادا هوداپار باشترین ڕکابەر و جێگرەوەی هەدەپە دەبێت و پارتییش ئەم هاوکێشە نوێیەی بە دڵە. بە تایبەتتر، هوداپار هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە پشتیوانیی لە سیاسەتی ئاکەپە کردووە و لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣، ٢٠١٥، ٢٠١٨ و ٢٠٢٣دا بەبێ ڕێککەوتن و وەرگرتنی بەڵێن و پاداشتی پێشوەختە، پشتیوانیی لە ئەردۆغان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ناڕاستەوخۆ ئاکەپە و حکومەت پاداشت و کارئاسانیی باشی بۆ هوداپار کردووە.
دوای ئەوەی چوار کاندیدی هوداپار بۆ پەرلەمانی تورکیا لە لیستی کاندیدانی ئاکەپەدا سەرکەوتن، پارتی دەیەوێت بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی ئاکەپە و هوداپار بقۆزێتەوە و وەک چۆن هوداپار پشتیوانیی ئەنقەرەی بە دەستەوەیە، بە هەمان جۆر پشتیوانیی هەولێریشی هەبێت. بەم جۆرە ڕادەی پشتیوانیی هوداپار لەلایەن هاوڵاتیانی باکووری کوردستانەوە، بە تایبەت ئیسلامییەکان و ئەوانەی کە هاوسۆزی بنەماڵەی بارزانین، زیاددەکات و دەبێت بە سەرەتایەک بۆ ڕکابەرییەکی توندی نێوان هەدەپە و هوداپار.
لێرەوە ئیدی بارزانی شەڕی ساردی لەگەڵ هەدەپە لە باکووری کوردستان بە وەکیلەکەی (هوداپار) دەکات و وەک کارتێکی “بەهێز”ی فشار بەرانبەر بە هەدەپە بەکاریدەهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە پشتیوانیی پارتی و بارزانی بۆ هوداپار لە هەمان کاتدا بە واتای پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ ئەو پارتە لە ناوخۆی هەرێم و باکووری کوردستان، دەبێتە هۆکارێکی گرنگیش بۆ بەدەمەوەچوونی زیاتری کوردەکان، بە تایبەت کوردە ئیسلامییەکانی باکوور، کە هەتاکو ئێستا پارتە تورکییە ئیسلامی/ڕاستڕەوەکانیان پێ باش بووە بۆ پشتیوانیکردن و دەنگدان پێیان. هەر ئەو پشتیوانییەی پارتی دەکرێت هەتاکو ئاستی پشتیوانیی مادی بڕوات، ئەمەش دەکرێت لە ڕێگەی ناڕاستەوخۆوە بێت. وەک پێدانی پڕۆژە و کاری بازرگانی بە کوردانی باکووری نزیک لە هوداپار لە هەولێر و دهۆک و لە لایەکی دیکەیشەوە کاری هاوبەشی نێوان پارتی و هوداپار لە باکووری کوردستان بە پشتیوانیی مادیی پارتی. ئیدی لێرەوە باڵانسی هێز لە باکووری کوردستان دەکرێت گۆڕانکاریی بەسەردابێت و هەژموونی پەکەکە/ هەدەپە بە سەر کوردەکانی تورکیاوە لاوازدەبێت و ناتوانێت خۆی بە تاکە نوێنەری کورد لە شەقام و پەرلەمان و میدیای تورکیادا بناسێنێت.

بەرپرسانی هوداپار باس لەوە دەکەن کە بەڵێنیان لە بەرپرسانی ئاکەپە و خودی ئەردۆغان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی وەرگرتووە. زانیارییە نافەرمییەکانیش باس لەوە دەکەن ئەردۆغان لە پێناو ئاشتکردنەوەی شەقامی باکووری کوردستان و سفرکردنەوەی کێشەکان لە ناوخۆ و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا ئامادەیی ئەم هەوڵەی تێدایە.

دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی
ئاشتی/ ئیسلامی
بەرپرسانی هوداپار باس لەوە دەکەن بەڵێنیان لە بەرپرسانی ئاکەپە و خودی ئەردۆغان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی وەرگرتووە. زانیارییە نافەرمییەکانیش باس لەوە دەکەن ئەردۆغان لە پێناو ئاشتکردنەوەی شەقامی باکووری کوردستان و سفرکردنەوەی کێشەکان لە ناوخۆ و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا ئامادەیی ئەم هەوڵەی تێدایە.
ئامانجی ئەردۆغانیش لەم هەوڵەی پێش هەر شتێک ڕاکێشانی بەڕەکەیە لە ژێر پێی هەدەپە و ڕادەستکردنی نوێنەرایەتیی کوردەکانی تورکیا بە هوداپار. بەم جۆرە ڕێککەوتننامەی ئاکەپە و هوداپار دەڕواتە قۆناغێکی ستراتیژیی وەهاوە کە تێکچوونی نزیک دەبێت لە مەحاڵەوە.
هەوڵێکی لەم جۆرە تەنانەت لەلایەن بەرپرسانی پەکەکەوە باسدەکرێت. ئەوەتا مستەفا کاراسو؛ ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی کەجەکە، ئاماژەی بەوە داوە: “دەڵێن لە ڕێگەی ئیسلامییەوە چارەسەری کێشەکان دەکرێت.” کاراسو کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە کردووە: “لە ڕاستیدا ئەمە خەڵەتاندنی خەڵکە، هیچ شتێکی لەم جۆرە نییە.” کاراسو باسی لەوەش کردووە کە “هەندێک لە ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە”یش باسی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتییان کردووە، “لە بەرانبەردا ئەوانیش هەوڵدەدەن ڕووی دەوڵەت جوانبکەن.”٢٧ دیارە مەبەستی کاراسو لە “ئەوان” بەرپرسانی هوداپارە. ئەم وتانەی مستەفا کاراسو ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ دەنگۆ و هەوڵێک بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی.
تەنانەت هەندێک سەرچاوە باس لە بەشداریپێکردنی مەسعوود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن لە پڕۆسەی ئاشتیدا، ئەمەش دوای نزیکبوونەوەی زیاد لە پێویستی پارتی و تورکیا دێت، بە جۆرێک دوای داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا مەولود چاوشئۆغڵو؛ وەزیری پێشووی دەرەوەی تورکیا، لە ١٠ی نیسانی ٢٠٢٣دا لە چاوپێکەتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: “پەکەکە نەیانتوانی بچنە هەولێرەوە و ڕێگرییان لێ کرا، هەر بۆیە بە چەندین شێوازی جیاواز هەوڵی لاوازکردنی ئیدارەی هەولێر دەدەن.”٢٨ ئەمەش بە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بوو بۆ دۆستایەتیی تورکیا و هەولێر، کە لە ژێر دەستی پارتی و بنەماڵەی بارزانیدایە.
لێرەوە هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی یەکجارەکیی هەدەپە (وەک باڵی سیاسی و درێژکراوەی پەکەکە لە شەقامی باکووری کوردستان و پەرلەمانی تورکیا) و بەهێزکردنی هوداپار و دۆستەکانی بارزانی لە تورکیادا؛ دەبێتە ئامانجی سەرەکی و درێژمەودای تورکیا و ئاکەپە.
ئەوەی جێگەی تێڕامانە، پڕۆسەی ئەم جارەی ئاشتیی دەوڵەتی تورکیا و کوردەکان؛ پڕۆسەیەکی ئاشتی/ ئیسلامیانە دەبێت و لە سەر بنەمای “برایەتیی ئیسلامی” کاری بۆ دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەبێ هەدەپە و پەکەکە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان تا چەند دەتوانرێت جێبەجێبکرێت، گومانێکی گەورەی لە سەرە. بە تایبەت ئەم پڕۆسەیە سەرەتای مەرگی هەدەپە و کۆتایی یەکجارەکیی پەکەکە و بەرەی چەپی کوردیی لەگەڵدا بێت، لە دۆخی ئێستادا کارێکی ئەستەمە.

هوداپار بە دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی توندڕەوی، توانیی لە ئاکەپە نزیکببێتەوە، ئەم لێکنزیکبوونەوەیە کاریگەریی ئەرێنیی لێ کەوتەوە، دواجار هوداپار لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣دا بووە خاوەنی ٤ ئەندامی پەرلەمان.

ئەنجام
١. هوداپار هەرچەندە ماوەیەکی کەم بە سەر دامەزراندنیدا گوزەراوە، بەڵام بە هۆی ئەو پاشخانە ئیسلامییەی کە ئەندامان و دامەزرێنەرانی هەیانە، توانیویەتی لە باکووری کوردستان و تورکیادا بێتە هێزێکی کاریگەر و لایەنگر و شوێنکەوتە لە تەواوی شارە کوردییەکاندا لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە.
٢. هوداپار بە دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی توندڕەوی وەک ئەوەی حیزبوڵڵا لە ڕابردوودا پێڕەویی لێ دەکرد، توانیی لە ئاکەپەی پارتی دەسەڵاتدار و ئەردۆغانی سەرۆککومار نزیکببێتەوە، بە جۆرێک لە هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانیی خۆی و لایەنگرانی بۆ ئاکەپە و ئەردۆغان دووپاتکردەوە، ئەم هەڵوێستە کاریگەریی ئەرێنیی لێ کەوتەوە، دواجار هوداپار لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣دا بووە خاوەنی ٤ ئەندامی پەرلەمان.
٣. هوداپار ئێستا وەک ئاکەپەیەکی بچووککراوە، بە تایبەت لە ناوچەکانی باکووری کوردستان و ئیستەنبوڵ لە هەوڵی گەشەکردنێکی فراواندایە، بۆیە هەروەک ئاکەپە لەگەڵ کۆتاییهاتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆککۆماردا دەستیکردووە بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، کە بڕیارە لە بەهاری ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت.
بەو پێیەی مەیدانێکی فراوانی لە باکووری کوردستانی بۆ ئاوەڵاکراوە و دەوڵەت و حکومەتیش پشتیوانیی لێ دەکەن، لە هەمان کاتدا ئەندام و لایەنگرانیشی لێبڕاوانە تێدەکۆشن و لەبەرئەوەی سەرەتای کار و چالاکییانە لە هەڵبژاردنەکاندا، ماندوونەناسانە هەوڵدەدەن و ئامادەن لە کارەکەیاندا.
٤. هەموو ئەو هۆکارانەی پێشتر ئاماژەی پێ درا لە پشتیوانیی دەوڵەت، پشتیوانانی بارزانی لە باکوور و هەندێک لە ئیسلامییەکان؛ دەرفەتێکی ئاڵتونیی بەخشێوە بە هوداپار بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا ژمارەیەک سەرۆکی شارەوانی بەدەستبهێنێت. لەم چوارچێوەیشدا لە ڕووی ڕێکخراوەیی، میدیایی، ئابووری و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە هوداپار دەستیکردووە بە گفتوگۆ لەگەڵ هاوڵاتیاندا و بانگەشەی ناڕاستەوخۆ.

بۆ زانیاریی زیاتر؛ بڕوانە: شەیما سەعید 1-حەمەلاو، پارت و رەوتی ئیسلامیی سیاسی کوردی لە تورکیا (١٩٨٣-٢٠٠٧)، توێژینەوەیەکی مێژوویی سیاسییە، تێزی دکتۆرای بڵاونەکراوە، زانکۆی سلێمانی، کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان، ٢٠٢٢، ل١٤٧-١٥٧.
2-(مانفست حزب الله) (ئەم مانیفێستە بە زمانی عەرەبی نوسراوە و كۆپییەكی 7ی کانوونی دووەمی 2020 لە نوێنەری بارەگای هوداپار لە هەولێر وەرگیراوە، كە ژمارەی لاپەڕە و زانیاریی دیكەی لە سەر نییە، تەواوی كۆپیی ئەم مانیفێستە لە لای توێژەران پارێزراوە).
3-TUĞBA YAŞAROĞLU: Transformation of Kurdish Islamists; The case of Free-Cause Party of Turkey, In partial fulfillment of the requirements for the Degree of Master of Arts in Modern Turkish studies – School of Social Sciences of İstanbul Şehir University, Istanbul, February 2015, P 61.
4-Engin Avcı: Radikal İslamcı Terörizmin Meşru Gösterilmesi: Türkiye Hizbullahı Örneği, Doktora Tezi, Kara Harp Okulu, 2011, Sayfa 179.
5-Hüseyin Gürtekin: Hizbullah Terör Örgütü: Yapılanması, Faaliyetleri Ve Son Durumu, Yüksek Lisans Tezi, Polis Akademisi, 2008, Sayfa 64.
6-Muhammed Suad Çelen: Eylemleriyle Türkiye Hizbullah’ı Ve Legalleşme Süreci, Yüksek Lisans Tezi, Ege Üniversitesi, 2016, sayfa 158,
7-Mumet Kurt: Den, Şiddet ve Aidiyet Türkiede Hizbullah, Baskı2, Istanbul, 2018, sayfa225; TUĞBA YAŞAROĞLU: Op.Cit, P75-76.
8-پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) (AKP /Adalet ve Kalkinma Partis) لە ١٤ی ئابی ٢٠٠١ بە سەرۆكایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دامەزراوە، دەستەی دامەزرێنەر سیازدە ژنی تێدا بووە كە چواریان باڵاپۆش بوون، لە ناوشیاندا گۆرانیبێژ و ئەكتەر و مامۆستا هەبوون، سەرباری چەندین كەسایەتیی پارتی فەزیلەت، كە كاری سیاسیی لێ قەدەغەكرابوو، لەگەڵ هەندێكی دیكە لە پارتە ناسیۆنالیست ‌و سیكۆلارەكاندا. ئاکەپە وەک سیونۆیەمین پارتی سیاسی لە تورکیا تۆمارکراوە، هەر لە سەرەتاوە ئەردۆغان ئەوەی خستەڕوو كە پارتەكەی میراتگری پارتێكی ئیسلامی نییە، ئەوەندەی میراتگری پارتی دیموكرات بێت، كە سەركردەكەی مندریس بوو. ئاكەپە دووپاتیكردەوە كە ئەوان بیرۆكە و ستراتیژی خۆیان بۆ گەشەپێدانی نەتەوە دەكێشن. (بۆ زانیاریی زیاتر؛ بڕوانە: مصطفي محمد الطحان: تركيا التى عرفت…من السلطان… الى نجم الدين أربكان ١٨٤٢-٢٠٠٦، ج٢، ط١، الكويت، ٢٠٠٧، ص٣٩٩-٤٠٠).
9-Asli Eltsoy: the Kurdish Hizbulla and its shifting Attitude Towards Kurdishness and the Kurdish Issu turkey, Krokow, Instite of Orintal Studies, Jangillonaian University National Science Center, No17, june 2017, P.7.
10-TUĞBA YAŞAROĞLU: Op.Cit, p.80-83. بۆ زانیاریی زیاتر؛ بڕوانە:
11-بۆ زانیاریی زیاتر؛ بڕوانە: ئەحمەد قادر، کۆنگرەی هوداپار، خۆنوێکردنەوە یان خولانەوە لە بازنەدا، ١٩/٦/٢٠٢١، وەرگیراوە لە ٨ی تەمموزی ٢٠٢٣، https://www.kurdistanc.com/Islamic/details.aspx?jimare=5625.
12-بەرنامەی کاری دامەزراندنی هوداپار، کوردی/کرمانجی خواروو، ٢٠٢١، ل٥.
13-پارتی دیموکراتی گەلان (HDP/ HALKARİN DEMOKRATİK Partisi): ئەم پارتە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ وەک باڵێکی هاوبەشی پارتی ئاشتی و دیموکراتی کورد (بەدەپە) کە نوێنەرایەتییان لە ناو پەرلەمانی تورکیادا هەبووە، دامەزراوە. یەکەمین کۆنگرەی لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ بەستراوە. بە هۆی مەترسیی داخستی هەدەپە لەلایەن دادگای دەستووریی تورکیاوە، بەرپرسانی پارتەکە لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ بڕیاریاندا لە ژێر ناوی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) و لەگەڵ کاندیدەکانی ئەو پارتەدا بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن. دوای شکستی هەدەپە/یەسەپە لە هەڵبژاردنەکاندا لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ یەسەپە کۆنگرەی چوارەمی سازکرد و ناوی پارتەکەی گۆڕی بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ) (Halkların Eşitlik ve Demokrasi Partisi HEDEP)، لەبەرئەوە ئێستا بەرەی چەپی کوردی تورکیا لە ژێر ناوی هەدەپ بەردەوامە لە کاری سیاسی و ٦١ پەرلەمانتاری هەیە. (بۆ زانیاریی زیاتر؛ بڕوانە: گەیلان عەباس، خەباتی پەرلەمانی کورد لە تورکیا، فۆکس، وەرزنامەیەکی تایبەتمەندە کە فۆکس لە سەر دۆسیە تایبەتەکان دەکات، دەزگای ئایدیا دەریدەکات، ژمارە ٦، حوزیرانی ٢٠١٨، ل٧-٢٤.
14-TUĞBA YAŞAROĞLU: Op.Cit, p.80.
15-Ibid, P.101.
16-ئەحمەد قادر؛ سکرتێری گشتیی هوداپار: بەرنامەو کارەکانی ئاک پارتی نیشانیدەدات کە پارتێکی ئیسلامی نییە، ١٦/٧/٢٠٢٠ وەرگیراوە لە ٢٤/١/٢٠٢١، https://www.kurdistanc.com/Islamic/details.aspx?jimare=5552.
17-ئەحمەد قادر: س.پ.
18-بۆ زانیاریی زیاتر؛ بڕوانە:
TUĞBA YAŞAROĞLU: Op.Cit, p.84-86.
19-وەرگیراوە لە:
HÜDA-PAR’ın oy oranı: 2018 seçimlerinde ne kadar oy aldı, hangi illerde güçlü? ٩/٧/٢٠٢٣،
https://tr.euronews.com/2023/03/20/huda-parin-oy-orani-2018-secimlerinde-ne-kadar-oy-aldi-hangi-illerde-guclu .٢٧/٣/٢٠٢٣
20-وەرگیراوە لە ٢٠ی حوزیرانی ٢٠٢٣.
Cumhurbaşkanı Erdoğan: Aramıza yeni katılacak dostlarla 14 Mayıs destanını yazacağız ,3/ March/2023, https://www.dailymotion.com/video/x8j0cy4
21-وەرگیراوە لە ٢٠ی حوزیرانی ٢٠٢٣.
HÜDA PAR’lı 4 isim AK Parti milletvekili listesinde yer aldı: 10/04/2023 Pazartesi
Yeni Şafak, https://www.yenisafak.com/huda-parli-isimler-nereden-aday-gosterildi-h-4522053.
22-وەرگیراوە لە ١٠ی ‌حوزیرانی ٢٠٢٣..
https://ilkha.com/siyaset/huda-parin-her-4-adayi-da-meclise-giriyor-329212
15.05.2023 12:28:35 HABER MERKEZİ.
23-وەرگیراوە لە ١ی تەمموزی ٢٠٢٣.
https://www.yeniakit.com.tr/haber/huda-parin-4-millet-vekili-kendi-partilerine-gecis-icin-1764958.html . 2023/6/10.
24-ORHAN BOZKURT: HÜDA PAR Genel Başkanı Yapıcıoğlu Barzani’yi ziyaret etti
Yayınlanma: 15:27 – 26 Nisan 2023.
https://www.sozcu.com.tr/2023/gundem/son-dakika-huda-par-genel-baskani-yapicioglu-barzaniyi-ziyaret-etti-7666040/ وەرگیراوە لە ٥ی تەمموزی ٢٠٢٣
25-Diyarbakır’daki mitinge binlerce kişi katıldı!, 30.04.2023
.وەرگیراوە لە ٣ی تەمموزی ٢٠٢٣،
https://www.mucadelegazetesi.com.tr/diyarbakirdaki-mitinge-binlerce-kisi-katildi.
26-ORHAN BOZKURT: HÜDA PAR Genel Başkanı Yapıcıoğlu Barzani’yi ziyaret etti, 26 Nisan,٢٠٢٣.وەرگیراوە لە ٢٠ی حوزیرانی ٢٠ی٢٠٢٣،https://www.gercekgundem.com/siyaset/huda-para-barzaninin-danismanindan-ziyaret-415191.
27-Karasu: HDP’yi sadece bir Kürt partisi haline getirmek istiyorlar, 30-06-2023,وەرگیراوە لە ٧ی تەمموزی ٢٠٢٣.
https://www.rudaw.net/turkish/kurdistan/300620231.
28-Dışişleri Bakanı Mevlüt Çavuşoğlu A Haber’de açıkladı! Esad ile görüşme olacak mı?.
https://www.ahaber.com.tr/gundem/2023/04/10/disisleri-bakani-mevlut-cavusoglu-a-haberde?paging=6
وەرگیراوە لە ٥ی ئایاری ٢٠٢٣.

Send this to a friend