• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 25, 2023

هەڵبژاردنەکانی تورکیا و پێویستی بەخۆداچوونەوەی هەدەپە

ئەحمەد قادر سیروانی

ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆک کۆماری تورکیا, پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەی خستووەتە بەردەم نەشتەری ڕەخنە و بەخۆداچوونەوە. بەگشتی شکستی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر هاوپەیمانی کۆمار، لێشاوی ڕەخنە و ناڕازایەتییەکانی ئەندام و لایەنگر و دەنگدەرانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
ڕەخنە و گازندەی دەنگدەران گەشتووەتە ئاستێک بەشێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ناچاربوون بە ئەنجامدانی کۆنگرەی نائاسایی لە نزیکترین دەرفەتدا.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) وەک یەکێک لە پارتە سەرەکییە ئۆپۆزسیۆنەکان و ڕابەری هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی، بەهۆی بەدەستهێنانی ئەنجامە خراپەکانییەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و بایکۆتی ژمارەیەکی زۆری دەنگدەرانی لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتيی کۆماردا، بڕیاری بەخۆداچوونەوەیەکی قووڵ و وردی داوە، لەم چوارچێوەیەشدا هەردوو هاوسەرۆکی ئێستای پارتەکە ئامادەنین لە کۆنگرەی نائاسایی هەدەپە-دا خۆیان بۆ پۆستەکەیان کاندید بکەنەوە(1).
ئەم بڕیارەی هەدەپە هەرچەندە بەرەنجامی ژمارەیەک هەڵەی ستراتیجی و تاکتیکییە, کە بەدرێژایی ماوەی شەش مانگ پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا و بەتایبەتیش لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا لەسەریەک کەڵەکە بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارێکی بوێرانەیە بۆ بەخۆداچوونەوە و دووبارە داڕشتنەوەی پارتەکە و هاتنەوە مەیدانی سیاسی و ململانێکان.

ئەنجامەکانی هەدەپە لە هەڵبژاردندا
پارتی دیموکارتی گەلان (هەدەپە) لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا توانی بە بەدەستهێنانی ٨.٨٢٪ی دەنگەکان ٦١ کورسی بەدەستبهێنێت(2), هاوپەیمانێتیەکەیشی (هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی) توانی ٦٥ کورسی بەدەستبهێنێت.
هەدەپە لە چەند شارێکی باکووری کوردستان چەند کورسییەکی لەدەستداوە، هەروەها بەوپێیەی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا ڕێژەی ١١.٧٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، کەواتە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ نزیکەی ٣٪ی دەنگەکانی لەدەستداوە(3).
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتيی کۆماریش, سەرەڕای ئەوەی هەدەپە خۆی کاندیدی نەبوو، بەڵام پشتیوانی کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی میللەت و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی دەکرد. بەجۆرێک لە کۆتا ڕۆژەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی یەکەمدا سەرکردەکانی هەدەپە وەک کاندیدی خۆیان بانگەشەیان بۆ کلیچدارئۆغڵو دەکرد.

هەدەپە شکستی نەهێناوە، بەڵام ئامانجەکانیشی بەدەستنەهێناوە
ڕۆژى ١٥ی ئایار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا میتحەت سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە و چیغدەم ئوچار هاووتەبێژی یەسەپە ڕایانگەیاند، ئەنجامە بەدەستهاتووەکانی کورسی پەرلەمانی بۆ پارتەکانیان بە سەرکەوتوو نابینن. هاووتەبێژی یەسەپە لەگەڵ یادخستنەوەی “فشار و ستەمی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بۆسەر ئەندام و لایەنگرانی یەسەپە و هەدەپە, بەدرێژایی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان” ئاماژەی بەوەدا, “بەتەواوی بە ئامانجەکانیان نەگەشتوون”. لای خۆشیەوە میتحەت سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە ڕایگەیاند، “ڕێژەیەکی دیاریکراو دەنگی لەدەستچوومان هەیە”(4).
لەلایەکی دیکەوە چەند ڕۆژێک دوای خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار, هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپە دانیان بە شکستی پارتەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆک کۆماریشدا ناوە. ڕۆژی ٥ی حوزەیران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا هەریەک لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار ڕاشکاوانە ئاماژەیان بەوە داوە، “ڕاستە هەدەپە لە هەڵبژاردنەکاندا شکستی هێناوە، بەڵام ئەمە دۆڕان نییە و هەوڵدەدەین ڕاستی بکەینەوە”(5).
لێدوان و وتەی هاوسەرۆکانی هەدەپە و یەسەپە دانپێدانانێکی ڕاشکاوانە و بوێرانەیە بە شکستی هەدەپە لە هەردوو خولی هەڵبژاردنەکاندا. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە خولی یەکەمدا هەدەپە تەنها ٦١ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا بانگەشەی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی دەکرد. هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا بەتەنيا خۆی نزیکەی ٨٠ کورسی بەدەستهێناوە، لەم هەڵبژاردنەدا سەرەڕای بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ چەند پارتێکی چەپدا, لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتيی ڕەنج و ئازادی-يدا تەنها ٦٥ کورسی بەدەستهێناوە.
لەلایەکی دیکەوە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریش ئەگەر دۆڕانێکی سەخت نەبووبێت بۆ هەدەپە ئەوا بە دڵنیاییەوە شکستێکی گەورە بووە. ئەمەش لەبەرئەوەی نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەری کورد لە باکووری کورستان کە لە ١٤ی ئایاردا بەشداری لە هەڵبژاردندا کردبوو، بۆ خولی دووەم بایکۆتی هەڵبژاردنی کرد، بەم هۆیەشەوە کەمال کلیچدارئۆغڵو لە زۆربەی ناوچە کوردییەکانی تورکیادا ڕێژەی دەنگەکانی کەمیکرد، لە بەرامبەردا ڕێژەی دەنگەکانی ئەردۆگان زیادیکردووە. دەتوانین بڵێین هەر ئەو بایکۆتەیش هۆکارێکی گرنگ بووە بۆ دۆڕانی کلیچدارئۆغڵو، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان لە باکووری کوردستان ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنی ٢٨ی ئایاردا بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار بەڕێژەی ٦٪ کەمیکردووە.
لە کۆی گشتی شارەکانی باکووری کوردستان ڕێژەی دەنگی کەمال کلیچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا ٢ ملیۆن و ٥٩١ هەزار و ٧٥١ دەنگ بووە، ئەمەش ڕێژەی ٦٢.١١٪ی کۆی دەنگەکان بووە. بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەک شەممە ٢٨ی ئایاردا دەنگەکانی کلیچدارئۆغڵو لە ناوچە کوردییەکان بۆ ٢ ملیۆن و ٤٣٣ هەزار و ٨٠٩ دەنگ دابەزیوە، ئەمەش دەکاتە ڕێژەی ٦١.٧٥٪ی کۆی دەنگەکان. واتە دەنگەکانی کلیچدارئۆغڵو لە باکووری کوردستان ١٥٧ هەزار و ٩٤٢ دەنگ کەمیکردووە, کە دەکاتە ٠.٣٦٪ی کۆی دەنگەکانی. لە بەرامبەردا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا لە باکووری کوردستان ١ ملیۆن و ٦٦٣ هەزار و ٥٨١ دەنگی بەدەستهێناوە, کە دەکاتە ڕێژەی ٣٥.٦٦٪ی دەنگەکان. بەڵام لە هەڵبژاردنی ٢٨ی ئایاردا ئەردۆگان لە ناوچە کوردییەکانی تورکیا ١ ملیۆن و ٦٨٤ هەزار و ١٧٨ دەنگی بەدەستهێناوە، ئەمەش دەکاتە ڕێژەی ٣٨.٢٥٪ دەنگەکان. بەمجۆرە ژمارەی دەنگەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان٢٠ هەزار و ٥٩٧ دەنگ زیادی کردووە، کە ڕێژەی ٢.٥٩٪ دەکات(6).
کەواتە بەمپێیە بێت ١٧٨ هەزار و ٥٣٩ هاوڵاتی باکووری کوردستان سزای کەمال کلیچدارئۆغڵو و هەدەپە-یان داوە, کە دەکاتە ڕێژەی ٢.٩٧٪ی دەنگەکان. بە دیوێکی دیکەیشدا هەمان ڕێژە پاداشتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگانیان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە ئەگەر بێت و ڕێژەی ٦٪ی بایکۆت لە باکووری کوردستان ئەژمار بکرێت، کەواتە ڕێژەی ٨.٩٧٪ی دەنگدەرانی کورد لە تورکیا سزای هەدەپە و کلیچدارئۆغڵویان داوە, لەبەرئەوەی هەموو ئەو کەسانەی لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا بەشدارییان نەکردووە ئەوانە بوون کە لە خولی یەکەمدا دەنگیان بە کەمال کلیچدارئۆغڵو داوە.

جیاوازی دەنگی ئەردۆگان و کلیچدارئۆغڵو لە هەردوو خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە باکووری کوردستان

هۆکارەکانی شکستی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکاندا
شکستی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا پەیوەنديی بە زیاد لە هۆکارێکەوە هەیە، بەگشتی دەتوانین هۆکارەکانی شکستی هەدەپە لەم خاڵانەدا بخەینەڕوو:
یەکەم: فشاری دەوڵەت لەسەر هەدەپە
فشاری بەردەوامی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ئەندام و لایەنگر و بەرپرسانی هەدەپە, ترس و دڵەڕاوکێی لەناو خەڵکیدا بڵاوکردووەتەوە، بەجۆرێک هاوڵاتیان دەترسان لەوەی بەهۆی دەنگدانیان بە هەدەپە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و سزای توند ببنەوە. تەنانەت فشارەکان تا ئاستی داخستنی هەدەپە لەلایەن دادگای دەستووری تورکیاوە ڕۆشتوون. هەر ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی هەدەپە بە ناچاری لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز-دا بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات.
ئەم فشارانەی دەوڵەت لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و تەنانەت ڕۆژی هەڵبژاردنیشدا بەردەوام و چڕتر بوویەوە. بەجۆرێک لە هەندێک شوێندا ڕێگری لە کۆبوونەوە و بانگەشەی کاندیدەکانی هەدەپە کراوە و بە بیانووی ناسەقامگیری ئەمنییەوە ڕێگە نەدراوە هەدەپە و یەسەپە میتینگی هەڵبژاردن ساز بکەن. تاوەکو ئێستایش لە هەندێک قەزا و ناحیە و گوندی شرناخ و هەکاری ناوبەناو باری نائاسایی ڕادەگەیەنرێت، ئەم بارە هەندێکجار ناوەنديی پارێزگاکانیش دەگرێتەوە. ئەمە جگە لە هەڵمەتی بەسەردادان و دەستبەسەرکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەوان و پارێزەرانی کورد و هەدەپە.
بۆ نموونە لە ماوەی مانگەکانی ئازار و نیسان ٢٩٥ هاوڵاتی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستبەسەرکراون. لە نێو دەستبەسەرکراوانیشیدا کاندیدی پەرلەمان، پارێزەر، ڕۆژنامەوان، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەدەپە و چەندین بەرپرسی باڵای هەدەپە-ی تێدایە(7).

بڕیاری ئەنجامدانی کۆنگرەی نائاسایی لەلایەن هەدەپە-وە، هەرچەندە بەرەنجامی ژمارەیەک هەڵەی ستراتیجی و تاکتیکییە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارێکی بوێرانەیە بۆ بەخۆداچوونەوە و دووبارە بەهێزکردنەوەی پارتەکە.

لەلایەکی دیکەوە لە هەردوو خولی هەڵبژاردندا پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار بە هەرجۆرێک بووبێت هەوڵی ساختەکاری داوە، ئەمەش لەڕێگەی ڕێگری لەو دەنگدەرانەی دڵنیابوو لە ناوچە کوردییەکان دەنگ بە هەدەپە دەدەن، تۆمارکردنی بەشێک لە دەنگدەران وەک چاودێريی سندوقەکانی هەڵبژاردن بەبێ ئاگاداری خۆیان و بەم هۆیەشەوە لە مافی دەنگدان بێبەشبوون، دەنگپێدانی بە کۆمەڵ و ئاشکرا بە دانیشتوانی گوند و ناوچە دورەدەستەکان لە باکووری کوردستان، دروستکردنی کەشێکی ئەمنی و سەربازی ترسناک لە هەندێک ناوچە و ناوەنديی دەنگداندا کە ڕێژەی لایەنگريی هەدەپەى تێدا زۆرە(8).

دووەم: بەشداری هەدەپە لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە)
چەند مانگێکی کەم بەر لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان, هەوڵەکانی دەوڵەت لەڕێگەی داواکاری گشتی و دادگای دەستوورییەوە بۆ داخستنی هەدەپە چڕبوونەوە، لەلایەک هەوڵی بڕینی ئەو بودجەیە درا کە بۆ هەدەپە وەک پارتێکی سیاسی لە پەرلەمان تەرخانکراوە، لەلایەکی دیکەوە هەوڵی داخستنی یەکجارەکی پارتەکە و دانانی قەدەغەی کاری سیاسيی لەسەر بەرپرسەکانی دەدرا. لە هەمانکاتدا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا داوای دەکرد بەزووترین کات پارتەکان لیستی کاندید و ناوی پارتەکانیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ کۆمسیۆن بنێرن.
لە کاتێکدا دادگای دەستووری داواکاریی هەدەپە-ی سەبارەت بە دواخستنی دانیشتنی دادگایی بۆ داخستنی پارتەکەی بۆ دوای هەڵبژاردنەکان بۆ سێ جار ڕەتکردەوە, کۆتا جاریش ١١ی مایسی بۆ کۆبوونەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوە دیاریکردبوو, سەبارەت بە داخستنی هەدەپە یاخود ڕەتکردنەوەی داواکاری داخستنی پارتەکە(9), بەڵام کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ٩ی نیسانی وەک دوا بەروار بۆ تۆمارکردنی ناوی قەوارەکان و کاندیدانی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار دیاریکردبوو(10).
بۆیە بە ناچاری هەدەپە بڕیاری دا لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات(11), یەسەپە وەک پارتێکی جێگرەوە وایە و لەلایەن ئەو کەسانەوە بەڕێوە دەبرێت کە هەڵگری هەمان بیری چەپڕەوی هەدەپە-ن, بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر هیچ بانگەشەیەکی بۆ نەکراوە، بۆیە نەتوانرا لە ماوەی ٣٥ ڕۆژدا ناوی یەسەپە بە تەواوی باکووری کوردستان و تورکیادا بڵاوبکرێتەوە.
لەمەش خراپتر بڕیاری دادگای دەستووری بوو بۆ دواخستنی بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەی داخستنی هەدەپە. ئەمەش بووە هۆی تێکەڵاوی لەنێوان ناوی هەدەپە و یەسەپە، لەبەرئەوەی لەلایەن ئەندام و لایەنگر و بەرپرسانی هەدەپە و تەنانەت لایەنە ڕکابەرەکانیشیانەوە هەردوو ناوەکە بەکاردەهێنرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە لیستی قەوارە تۆمارکراوەکاندا هەدەپە بوونی نەبووە و تەنيا یەسەپە هەبووە, دەکرێت بەشێک لە هاوڵاتیان نەیانزانیبێت دەنگ بە یەسەپە بدەن، لە دۆخێکی لەم جۆرەدا یان دەنگەکە بۆ لایەنێکی دیکە ڕۆشتووە یاخود پووچەڵ بووەتەوە.
هەر بەهۆی بەشداری یەسەپە لەبری هەدەپە لە هەڵبژاردنەکاندا, ئەندامانی هەردوو پارتەکە لە بەشداری کردن لە چاودێری بنکە و سندوقەکانی دەنگدان بێبەشبوون. لەبەرئەوەی هەدەپە بەناوی خۆیەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی نەکردووە, یەسەپە-یش لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا نەیتوانیوە بەربەستی هەڵبژاردن تێپەڕێنێت و لە پەرلەماندا بوونی نەبووە. بۆیە بەناچاری یان ئەندامانی هەدەپە بەناوی جەهەپە-وە چاودێری سندوقەکانی دەنگدانیان کردووە, یاخود پەنایان بۆ ئەندامانی جەهەپە و پارتەکانی دیکەی ناو هاوپەیمانی میللەت (جگە لە پارتی باش) بردووە, بۆ ئەوەی چاودێری سندوقەکانی دەنگدان بکەن و پارێزگاری لە دەنگەکانی هەدەپە بکەن, بەڵام ئەوانیش تا چەند ئەو ئەمانەتەیان پاراستووە گومانێکی گەورەی لەسەرە!

سێیەم: نەبوونی کاندیدی بەهێز و کاریزما
جگە لەوەی هیچ کاندیدێکی بۆ سەرۆکایەتيی کۆمار نەبوو، کاندیدەکانی پەرلەمانیشی خاوەن کاریزماییەکی وا نەبوون بتوانن دەنگە ناڕازییەکانی هەدەپە بە بانگەشەیەکی چڕوپڕ و کاریگەر بگێڕنەوە. ئەوەی تێبینی دەکرێت هەدەپە لیستێک کاندیدی نەناسراوی ڕاگەیاند, کە تەنانەت لەسەر ئاستی ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەى خۆشیدا نەک ناوبانگیان نەبووە، بەڵکو ناسراویش نەبوون.
لەبەرئەوە هاوڵاتی ئامادە نییە دەنگ بە کەسێک بدات کە پێشتر نەیناسیبێت و ڕابردوویەکی قوڵ و فراوانی نەبێت, بە جۆرێک بە پشت بەستن بەو ڕابردووەی بڕیار لەسەر دەنگپێدانی بدات.
لەلایەکی دیکەوە هەدەپە کاندیدی خۆیی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەربژێر نەکرد. هەرچەندە لە سەرتاوە باس لەوە دەکرا هەدەپە ژنێک بۆ سەرۆکایەتيی کۆمار کاندید دەکات(12), بەڵام بەرپرسانی هەدەپە لەبری هەڵبژاردنی ڕێگای سێیەم بە ماوەی نزیکەی دوو ساڵ بانگەشەیان بۆ دەکرد، بڕیاریاندا پشتیوانی لە کەمال کلیچدارئۆغڵو بکەن.

هەرچەندە وەک دۆڕان وێنایان نەکردووە، بەڵام هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپە دانیان بە شکستی پارتەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆک کۆماریشدا ناوە.

لەمانەش مەترسیدارتر باس لە داواکارییەکی سەلاحەدەین دەمیرتاش دەکرێت لە بەرپرسانی هەدەپە, بۆ ئەوەی وەک کاندیدی ئەو پارتە بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا دەستنیشان بکرێت، بەڵام بەرپرسانی هەدەپە وەڵامی نەرێنی دەمیرتاش-یان داوەتەوە(13).

چوارەم: قەبوڵنەکردنی هەدەپە لەلایەن هاوپەیمانی میللەت-ەوە
دوو ساڵ پێش ئێستا کاتێک بەرەی ئۆپۆزسیۆن بانگەشەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دەکرد، مەیلێک هەم لەلایەن هەدەپە و هەم لەلایەن پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)وە هەبوو بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکی گەورەدا بەشداری هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٣ بکەن, بەڵام بوونی پارتی باش وەک دووەم گەورە پارتی ناو هەوپەیمانيی میللەت گەورەترین ڕێگربووە لەبەردەم چوونە ناوەوەی هەدەپە بۆناو هاوپەیمانی میللەت.
هەرچەندە هاوپەیمانی میللەت لەلایەن جەهەپە و پارتی باش بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ پێکهێنرا و پاشان بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ مێزی شەشقۆڵی دروستکرا، لەم مێزەدا هەریەک لە پارتەکانی سەعادەت، دەڤا و پارتی ئایندە بەشدارییان کرد, کە هیچ کامیان کێشەیان لەگەڵ بەشداری هەدەپە لە هاوپەیمانێتییەکەیاندا نەبووە, بەڵام هێزی پارتی باش و کەمالیستەکانی ناو جەهەپە ڕێگری سەرەکی بوون لە دانیشتنی هاوسەرۆکێکی هەدەپە لەسەر کورسی حەوتەمی مێزەکەی کلیچدارئۆغڵ. بەهانەی سەرەکی ئەوانەیش کە ڕێگربوون لە بەشداری هەدەپە لەو هاوپەیمانێتییەدا پەیوەنديی هەدەپە-یە بە پەکەکە-وە. ئەم بەهانەیەش لەلایەک ڕاستەوخۆ کاریگەريی لەسەر بەشێک لە دەنگدەری کورد کردووە و لەلایەکی دیکەیشەوە پارتی دەسەڵاتداری تورکیا وەک کارتێکی فشار لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دژی هەدەپە بەکاریهێناوە، بەو واتایەی ئەگەر هەدەپە پەیوەنديی بە پەکەکە و “تیرۆریستانەوە” نەبێت بۆچی بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش ئامادە نین لەناو هاوپەیمانێتییەکەیاندا جێگەی بکەنەوە؟!

پێنجەم: هەڵبژاردنی بەرەی چەپ لەبری بەرەی کوردایەتی
هەرچەندە پێش دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەرپرسانی هەدەپە و تەنانەت سەلاحەدین دەمیرتاش-یش وەک ڕابەر و هاوسەرۆکی پێشووی پارتەکە لە زیندانەوە بەردەوام بانگەشەیان بۆ دۆزینەوەی ڕێگای سێیەم بەدەر لە دوو هاوپەیمانێتییە گەورەکەی تورکیا دەکردەوە, کە ڕێگایەک بێت بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئامانج و مافەکانی کوردی تورکیای تێدا بەدیبێت(14), بەڵام بە پێچەوانەی بەرەی کوردایەتی، هەدەپە بەرەی چەپڕەوی هەڵبژارد و فەزڵی ئایدۆلۆژیای بەسەر نەتەوەپەرستیدا دا، لێرەوە هەدەپە ڕێگەی خۆیی دیاریکرد, کە وەک پارتێکی چەپڕەو کاردەکات و بەرگریکردن لە بیری چەپڕەوی لای ئەوان لەپێش خەباتی نەتەوەیی و بەرگریکردنە لە مافی کوردەکان.
هەدەپە لەبری ئەوەی تەنيا خۆی وەک پارتێکی نەتەوەیی کوردی لە تورکیا بڕواتە ناو ململانێی هەڵبژاردنەکانەوە، یاخود هاوپەیمانێتییەکەی لەسەر بنەمای کوردایەتی و خەباتی نەتەوایەتی پێکبهێنێت، هاتووە لەسەر بنەمای چەپڕەوی هێڵە سەرەکی و گشتییەکانی خۆیی داڕشتووەتەوە و لەگەڵ ٦ پارتۆچکەی چەپڕەودا کە چەند دانەیەکیان پارتی تورکی بوون هاوپەیمانێتی ڕەنج و ئازادی-ی پێکهێنا(15).

نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەری کورد لە باکووری کورستان کە لە ١٤ی ئایاردا بەشداری لە هەڵبژاردندا کردبوو، بۆ خولی دووەم بایکۆتی هەڵبژاردنی کرد و بەهۆیەوە ژمارەی دەنگەکانی کەمال کلیچدارئۆغڵو بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی، ئەمەش ئەگەر دۆڕانێکی سەخت نەبووبێت بۆ هەدەپە ئەوا بە دڵنیاییەوە شکستێکی گەورە بووە.

پێش هەر شتێک هەدەپە بەم کارەی ناوەنديی سیاسەتی خۆیی لە ئامەد-ەوە بۆ ئەنقەرە گواستەوە، لە هەمانکاتدا هێڵی سەرەکی گوتاری هەڵبژاردنەکانی لە خەباتی کوردایەتییەوە بۆ خەباتی چەپ و جەختکردنەوە لەسەر بەدیهێنانی مافەکانی ژنان و گەنجان گۆڕی.

شەشەم: پشتیوانی بێمەرجی هەدەپە لە کلیچدارئۆغڵو
ململانێکانی ئەردۆگان و کلیچدارئۆغڵو بۆ ڕاکێشانی پارتەکانی دیکە بۆ پشتیوانی خۆیان لەسەر هەدەپە یەکلایی دەبوویەوە. ئەردۆگان وا دیاربوو بڕیاری کۆتایی دابوو, بەوەی هیچ داوایەک لە هەدەپە نەکات بۆ پشتیوانیکردنی، تەنانەت قەبوڵیشی نەدەکرد. لە بەرامبەردا کەمال کلیچدارئۆغڵو بە ئومێدی بەدەستهێنانی پشتیوانی بەرپرسانی هەدەپە و دەنگدەرەکانی بەردەوام لێدوانی ناڕاستەوخۆی دەدا. لەگەڵ ئەويشدا بوونی مۆتەکەی پارتی باش بەسەر کلیچدارئۆغڵووەوە, نەیهێشێت بۆ جارێکیش ڕاشکاوانە داوای پشتیوانی لە هەدەپە بکات.
دواجار لە ٢٠ی مارتی ٢٠٢٣ کلیچدارئۆغڵو سەردانی فراکسیۆنی هەدەپە-ی لەناو بینای پەرلەمانی تورکیا کرد, دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی ئەو پارتە, لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا کۆمەڵێک پەیامی لاستیکی و شەرمنانەی بە ئاڕاستەی بەرگریکردن لە هەدەپە و چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا ڕاگەیاند(16).
هەڵبەت ئەو سەردانەی کلیچدارئۆغڵو دوای پیرۆزبایی و بانگهێشتکردنی ناوبراو بوو لەلایەن میتحەت سانجار بە بۆنەی دیاریکردنی کلیچدارئۆغڵو وەک کاندیدی هاوپەیمانی میللەت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار(17). هەرچەندە بانگهێشتەکەی سانجار بۆ هاتنی کلیچدارئۆغڵو بوو بۆ مەکتەبی سیاسی هەدەپە لە ئەنقەرە، بەڵام کلیچدارئۆغڵو نەیتوانی بەدەر لە بینای پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوە لەگەڵ هەدەپە بکات.
کەمال کلیچدارئۆغڵو لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لەڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک دەستەواژەی وەک “پێویستە هەموو کێشەکان بە کێشەی کوردیشەوە لە پەرلەماندا چارەسەر بکرێن. لە سەدەی ٢١دا داخستنی پارتی سیاسی بێمانایە. ئەژمارکردنی زمانی کوردی لە پەرلەمانی تورکیادا وەک زمانێکی نەزانراو مایەی سەرسوڕمانە”. ویستی سۆزی کورد و بەرپرس و لایەنگرانی هەدەپە بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.
لێرەوە ئیدی بەرپرسانی هەدەپە بەشێوەیەکی شەرمنانە و ناڕاستەوخۆ کەوتنە پشتیوانی کلیچدارئۆغڵو، بەبێ ئەوەی گرەنتییەکی تەواوی دەرچوونی و پاشان جێبەجێکردنی ماف و داواکارییەکانی کوردیان وەرگرتبێت. ئەمە جگە لەوەی کلیچدارئۆغلو و هاوپەیمانێتییەکەیشی لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا زیاتر جەختی لەسەر پاراستن و بەهێزکردنی بیری چەپڕەوی و مافەکانی ژنان و گەنجان و تەنانەت پشتیوانی لە هاوڕەگەزبازی دەکردەوە. هەموو ئەمانە زیانی زۆریان لە هەدەپە داوە و نەک بۆ پشتیوانی کلیچدارئۆغڵو, بەڵکو بەشێک لە دەنگدەری خودی هەدەپە بۆ پەرلەمانیش دەنگیان بە کاندیدەکانی ئەو پارتە نەداوە.
لەلایەکی دیکەوە تا کۆتا ڕۆژەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار پشتیوانی بەرپرسانی هەدەپە بۆ کاندیدەکەی هاوپەیمانی میللەت زیاتر و بەهێزتر و توندتر دەبوویەوە، ئەمەش لەلایەک خەڵکی و پشتیوانانی هەدەپە-ی زیاتر سارد دەکردەوە، لەبرى ئەوەی هاوڵاتیان پێیان وابوو کلیچدارئۆغڵو لە ئایندەدا سودێکی وەهای بۆ کێشەی کورد و مافەکانی نابێت, بە پێچەوانەوە لەوانەیە لە ئەردۆگان توندتر ڕووبەڕووی کوردەکان ببێتەوە، ئەمەش بەهۆی هەڵوێستی دوژمنکارانەی لەمێژینەی جەهەپە بەرامبەر بە کورد.
بەتایبەتیش پشتیوانی هەدەپە لە کلیچدارئۆغڵو لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا, سەرەڕای ڕێککەوتنی کلیچدارئۆغڵو لەگەڵ ئومیت ئۆزداغ سەرۆکی پارتی زەفەر کە بە پارتێکی نەژادپەرستی توندی دژەکورد و هەدەپە و پەکەکە ناسراوە, لەسەر پشتیوانی ئۆزداغ و پارتەکەی لە کاندیدی هاوپەیمانی میللەت بەرامبەر جێبەجێکردنی چەند خاڵێکی ئۆزداغ کە زۆربەیان دژی کورد بووە، بەتایبەت ڕووبەڕووبوونەوەی توندی پەکەکە، ڕیکنەکەوتن لەگەڵ هەدەپە لە هیچ کات و ساتێکدا، پێنەدانی هیچ پلە و پۆستێک لە حکومەتی نوێی تورکیادا بە هەدەپە.
هەموو ئەمانە بوو بەهۆی زویربوونی نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەری هەدەپە و دواجار لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا دەنگەکانی کلیچدارئۆغڵو لە سەرجەم ناوچە کوردییەکاندا کەمیکرد, بە پێچەوانەوە دەنگەکانی ئەردۆگان زیادیکرد. ئەمەش لە ڕاستیدا بە ناڕاستەوخۆ هێمایە بۆ شکستێکی دیکەی هەدەپە لە هەڵبژاردن و پەیامێکی توندی ڕاستەوخۆی دەنگدەر بوو بۆ ناڕەزایی بەرامبەر سیاسەتی پشتیوانی بێمەرجی هەدەپە لە کلیچدارئۆغڵو.

حەوتەم: هاوپەیمانی ئاکەپە لەگەڵ هوداپار و پشتیوانی ڕاستەوخۆی هوداپار بۆ ئەردۆگان
پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار) هەر لە سەرەتای دامەزارندنییەوە لە ساڵی ٢٠١٢ وەک پارتێکی ئیسلامی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا پشتیوانی لە ئاکپارتی کردووە. لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨یشدا بەبێ هیچ هاوپەیمانیەک بە ڕەسمی پشتیوانی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وەک کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار کردووە. بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣یش پێش واژۆکردنی هەر ڕێککەوتنێک جارێکی دیکە هوداپار پشتیوانی خۆیی بۆ ئەردۆگان ڕاگەیاند و ئامادەیی بۆ چوونە ناو هاوپەیمانی کۆمار-ەوە نیشاندا.
دواجار پاش چەند کۆبوونەوەیەک ٤ کاندیدی هوداپار لەسەر لیستی ئاکپارتی بەشداری کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیان کرد و هەر چواریان سەرکەوتن.
دەنگی ئەندام و لایەنگرانی هوداپار لە هیچ بازنەیەک ئەوەندە نەبووە کە تاکە کاندیدێکی ئەو پارتە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام یەکگرتنی دەنگەکانی هوداپار لەگەڵ دەنگە کەمەکانی ئاکپارتی لەو بازنانەی هەڵبژاردن کە بە تەنيا دەنگی هیچ لایەکیان بەشی سەرکەوتنی کاندیدەکانی نەدەکرد، ٤ کورسی پەرلەمانی لەژێر دەستی هەدەپە دەرهێنا و خستییە سەبەتەی ئاکپارتی-یەوە.
لە هەریەک لە بازنەی سێیەمی ئیستەنبوڵ، گازی عەنتاب، مێرسین و باتمان چوار کاندیدەکەی هوداپار لە ڕیزبەندی لیستی کاندیدانی ئاکپارتی-دا بەجۆرێک دانرابوون کە ئەرگەری سەرکەوتن یاخود سەرنەکەوتنی ئەو کاندیدەی تێدا بوو.
لەلایەکی دیکەوە ئاکپارتی لەم هەڵبژاردنەدا چاودێری سندوقەکانی دەنگدانی لە باکووری کوردستان بە ئەندامانی هوداپار سپاردبوو، هوداپاریش بەهۆی ئەو ڕابردووە خوێناوییەی لەگەڵ پەکەکە و هەدەپە-دا هەیبووە, بە توندترین شێوە کۆنترۆڵی بنکەکانی دەنگدانی کردبوو، لەبەرئەوەی ئەندامانی هەدەپە بە ناوی پارتەکەی خۆیانەوە نەیانتوانیوە چاودێری سندوقەکانی هەڵبژاردن بکەن، یاخود لە هەندێک بنکە هیچ ئەندامێکی هەدەپە و یەسەپە-ی بۆ چاودێری سندوقەکان و ئەنجامەکان لێنەبووە، بۆیە پارێزگاری لە ڕیژەی دەنگەکانی هەدەپە کەوتووەتە ژێر سێبەری ویژدانی ئەندامە چاودێرەکانی هوداپار/ ئاکپارتی و پارتەکانی دیکەوە.

هەشتەم: ململانێ نێوخۆییەکانی هەدەپە و دژایەتیکردنی دەمیرتاش
دوای دەستگیرکردن و زیندانیکردنی دەمیرتاش ململانێی ناوخۆیی هەدەپە-یش توندتر بوویەوە. هەڵبەت بوونی ململانێ لەناو هەر پارتێکی سیاسیدا دۆخێکی ئاساییە، بەڵام کاتێک ئەم ململانێیانە کاریگەريی لەسەر دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکایەتيی کۆمار و پەرلەمان هەبێت, تەنانەت ببێتە هۆی بەلاڕێدابردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو ململانێیە ناتەندروستە و کاریگەريی نەرێنی لەسەر بەرەوپێشچوونی ئەو کەرتە دەبێت.
سەرەڕای ئەوەی دەمیرتاش بەردەوام لە تویتەرەکەیەوە پشتیوانی لە هەدەپە و کاندیدەکانی کردووە، بەڵام سەرکردایەتيی هەدەپە وەک پێویست بەدەم داواکاری و بانگەشەکانی دەمیرتاشەوە نەهاتن. بەڵگەش بۆ ئەوە ڕەتکردنەوەی داواکاری دەمیرتاشە بۆ ئەوەی خۆی وەک کاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆکی کۆمار بەربژێر بکات.
لەلایەکی دیکەوە باشاک دەمیرتاش خێزانی دەمیرتاش پاش ئەوەی لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە بە جددیەت و لێبڕانەوە کەوتە بانگەشەیەکی چڕوپڕ بۆ کاندیدانی هەدەپە، بەڵام پێش ئەوەی بانگەشە کۆتایی بێت، باشاک دەمیرتاش دیار نەما و بەشداری لە میتینگی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و پەخشکردنی وتارە ئاگرینەکانی ڕاگیران. ئەوەی جێگای تێڕامان بوو هاوشێوەی هاوسەرەکەی کاریزمایی باشاک دەمیرتاش و جەختکردنەوەی زۆری لەسەر کێشەی کورد و ئازادبوونی سەلاحەدین دەمیرتاش لەبری فیکری چەپڕەوی و مافەکانی ژنان و لاوان.
ئەمە جگە لەوەی بەرپرسانی هەدەپە لە بەرامبەر هەڕەشەی ئەردۆگان بە لە سێدارەدانی سەلاحەدین دەمیرتاش هیچ هاوخەمی یاخود پشتیوانییەکیان بۆ دەمیرتاش و خێزانەکەی دەرنەبڕی، کاتێک لە ئێوارەی ٢٨ی ئایاردا لەکاتی پێشکەشکردنی “وتاری باڵکۆن” لەلایەن ئەردۆگانەوە، لەناو جەماوەرەوە دروشمی “لەسێدارەدان بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش دەگوترایەوە و ئەردۆگانیش بە پێکەنینەوە تەماشایان دەکات(18), وەک باشاک دەمیرتاش ئاماژەی پێداوە، نەک ڕوونکردنەوە و لێدوان “هەموو بەرپرسە سیاسیەکانی ئۆپۆزسیۆن تەنانەت تەلەفۆنێکیشیان بۆ نەکردووە”(19).
پێدەچیت بەرپرسانی هەدەپە لە توانا و ڕۆڵی باشاک دەمیرتاش ترسابن و پێیان وابووبێت دەتوانێت جێگەی سەلاحەدین دەمیرتاش بگرێتەوە و کۆنترۆڵی لوتکەی دەسەڵات و بڕیارەکانی هەدەپە بکات.
دژایەتی بەرپرسانی هەدەپە تەنيا ڕووی لە دەمیرتاش و خێزانەکەی نەبووە، ئەوەتا فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووی زیندانیکراوی هەدەپە, لە وتارێکدا ڕایگەیاند: “هەرچەندە پێشنیازی ئەوەمان کردبوو سیاسییەکی ئافرەت لە زیندانەوە ببێت بە کاندیدی سەرۆک کۆمار، بەڵام بەهۆی دوودڵی هەدەپە لە بڕیارداندا ئەم هەوڵە سەرکەوتوو نەبوو”(20).

هەدەپە چی دەکات؟
دوای یەکلابوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و شەپۆلی ناڕەزایی فراوانی ئەندام و لایەنگرانی، بەرپرسانی هەدەپە هەرزوو بڕیاری ئەنجامدانی کۆنگرەی نائاساییان دا و هەردوو هاوسەرۆکیش خۆیان بۆ پۆستەکانیان کاندید ناکەنەوە.
لە ئێستادا هاوسەرۆکان و بەرپرسانی دیکەی هەدەپە کەوتوونەتە کۆبوونەوەی چڕوپڕ لەپێناوی دیاریکردنی ئەو هەڵە و کەم و کورتیانەی لە هەڵبژاردندا بوونە هۆی بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامە خراپانە، لە هەمانکاتدا لە ئاستی لق و ناوچەکاندا دەستکراوە بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی پارتەکە و دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەری کارگێڕيی هەدەپە و دواجار ئەنجامدانی کۆنگرە و دیاریکردنی هاوسەرۆک و ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی.

فشاری دەوڵەت لەسەر هەدەپە، بەشداری هەدەپە لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە)، نەبوونی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار و کاندیدی بەهێز بۆ پەرلەمان، قەبوڵنەکردنی هەدەپە لەلایەن هاوپەیمانی میللەت-ەوە، هەڵبژاردنی بەرەی چەپ لەبری بەرەی کوردایەتی، پشتیوانی بێمەرجی هەدەپە لە کلیچدارئۆغڵو، هاوپەیمانی ئاکەپە لەگەڵ هوداپار و پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەو پارتە بۆ ئەردۆگان، ململانێ نێوخۆییەکانی هەدەپە و دژایەتیکردنی دەمیرتاش هۆکاری شکستی هەدەپە بوون لە هەڵبژاردنەکاندا.

لێدوانەکانی دەمیرتاش داواکاری بووە بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی
سەلاحەدین دەمیرتاش لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا هەدەپە-ی ڕەخنەباران کرد و بە ناڕاستەوخۆ داوای گۆڕانکاری ڕیشەیی لەو پارتەدا کرد. دەمیرتاش لە ٣١ی ئایاردا لە تویتەری خۆیەوە ڕایگەیاند “واز لە سیاسەتی ئەکتیڤ دەهێنم”(21) و ڕۆژێک دواتریش لە چاوپێکەتنێکی ڕۆژنامەوانیدا گلەیی لە بەرپرسانی هەدەپە کردووە, کە داواکاریی کاندیدبوونی بۆ سەرۆک کۆماریان ڕەتکردووەتەوە(22).
ئەم لێدوان و گلەییانەی دەمیرتاش دوای ئەو بانگەشە چڕ و پڕ و هەوڵە بێوچانەی خۆیی و خێزانەکەی هات لە پشتیوانییان بۆ کاندیدانی هەدەپە بۆ پەرلەمان.
بەرپرسانی هەدەپە-یش سەرەڕای ئەوەی خۆیان هیچ کاندیدێکیان نەبووە ڕێگەیان بە دەمیرتاشیش نەدواوە وەک کاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆکایەتيی کۆمار بەربژێر بکات. لە لایەکی دیکەیشەوە پاش ماوەیەک لە بانگەشەی گەرم و گوڕ و دەرکەوتنی باشاک دەمیرتاشی خێزانی سەلاحەدین, لەلایەن بەرپرسانی هەدەپە-وە ڕێگریان لە دەرکەوتنی ناوبراو لە میتینگەکان و میدیاکانی نزیک لە هەدەپە-وە کردووە.
چەند بەرپرسێکی هەدەپە-یش ڕاشکاوانە باسیان لەوە کردووە تویت و لێدوانەکەی دەمیرتاش ئاماژە بووە بۆ داواکاری گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەناو هەدەپە، واتە “ئەو خوێنەی ئێستا لە دەمارەکانی هەدەپەدا-یە پێویستە بەتەواوی بگوڕێت”(23), دەکرێت هەر لەبەر ئەوەش بووبێت هاوسەرۆکانی ئێستای هەدەپە بڕیاریان داوە خۆیان بۆ پۆستەکانیان کاندید نەکەنەوە، واتە ویستێکی لەسەرووی توانای خۆیانەوە بۆ گۆڕانكاريی ڕیشەیی هەیە.

گۆڕانکاريی ڕیشەیی، هاوسەرۆک و ناوی نوێ
بەگوێرەی زانیارییە بەدەستهاتووەکان لە کۆنگرەی هەدەپە-دا گۆڕانکاریی ڕیشەیی ڕوودەدات، بەجۆرێک وەک ئەوەی پارتێکی نوێ دامەزرابێت. ناوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) Halkların Demokratik Partisi (HDP) بۆ پارتی یەکسانی گەلان (هێپ) Halkların Eşitlik Partisi (HEP) دەگۆڕدرێت.
لە ئێستادا باس لە چوار کەس دەکرێت کە ڕەنگە لە کۆنگرەی نائاسایی هەدەپە-دا وەک هاوسەرۆکی ئەو پارتە هەڵبژێردرێن، لەلایەک باس لە کاموران یوکسەک Kamüran Yüksek و ئایشە ئاجار باشاران Ayşe Acar Başaran دەکرێت بۆ هاوسەرۆکانی داهاتووی هەدەپە، لەلایەکی دیکەوە هەریەک لە ئیدریس باڵوکەن و باشاک دەمیرتاش دوو کاندیدی بەهێزن لەناو هەدەپە-دا کە لە کۆنگرەدا وەک هاوسەرۆک هەڵبژێردرێن(24).
لەلایەکی دیکەوە هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن هەریەک لە جەنگیز چیچەک پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵ و مێرال دانش پەرلەمانتاری ئەرزڕۆمی ئەو پارتە کاندیدی بەهێزن بۆ هاوسەرۆکی هەدەپە، بەڵام بەهۆی بوونی ئەگەری دانانی قەدەغەی کارای سیاسی لەسەر مێرال دانش، دوودڵیەک لە کاندیدکردنی ناوبراو بۆ هاوسەرۆکی هەدەپە هەیە(25).
لەگەڵ ئەوەی باشاک دەمیرتاش خێزانی سەلاحەدین دەمیرتاشە، ئەو سێ کەسایەتیییەی دیکەیش لەگەڵ باشاک خان وەک باڵی دەمیرتاش دەژمێردرێن، بەمپێیە گۆڕانکارییە ڕیشەییەکانی کۆنگرەی هەدەپە بەجۆرێکە, کە سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی ئەدیرنەوە ڕینمایی دەردەکات و سێبەرەکانی ناوبراو لە هەدەپە-دا ئەو ڕێنماییانە بەسەر سیاسەتی هەدەپە-دا جێبەجێدەکەن.

لە کۆنگرەی نائاسایی هەدەپە-دا پێشبینی گۆڕانکاریی ڕیشەیی و گۆڕینی ناوی پارتەکە بۆ پارتی یەکسانی گەلان دەکرێت.

سەرەڕای زیندانیکردنی بۆ ماوەی زیاد لە ٧ ساڵ، بەڵام مانەوە و زیادبوونی کاریگەری و کاریزمایی سەلاحەدین دەمیرتاش بەسەر کوردەکانی باکوور و هەدەپە-وە, دەرەنجامی خۆڕاگری و چۆکدانەدانی ناوبراوە بەرامبەر هەر جۆرە فشار و ستەمێک کە ڕووبەڕووی خۆی و خێزانەکەی بووەتەوە, هەم لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و هەم لەلایەن هەدەپە-وە.
هەڵبەت کاریگەریی دەمیرتاش بەسەر دەنگدەری هەدەپە-وە لەچەندین ڕووداو و هەڵوێستدا ڕەنگیداوەتەوە. بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩دا دەمیرتاش لەڕێگەی تویتێکەوە زۆرینەی دەنگدەرانی هەدەپە-ی بردە سەر سندوقەکانی دەنگدان و کاندیدانی جەهەپە و ئۆپۆزسیۆنی بۆ سەرۆکی شارەوانییەکانی ئیستەنبوڵ و ئەنقەرەی دەرچواندا. ئەم ڕاستییە تەنانەت بەرپرسانی جەهەپە-یش دانیان پێداناوە. هەروەها کاتێک هەدەپە ناچاربوو لەژێر ناوی یەسەپە-دا بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات، پێش هاوسەرۆکان و وتەبێژی هەدەپە یەکەم کەس دەمیرتاش بوو لەڕێگەی تویتێکەوە لە ١٤ی ئازار ناڕاستەوخۆ بڕیارەکەی ڕاگەیاند(26).

هەدەپە/هێپ دوای کۆنگرە
بەگشتی ڕەخنەکانی سەر هەدەپە بریتییە لە خۆبچووککردنەوەی پارتەکە، بەجۆرێک ئێستا وا لە هەدەپە دەڕوانرێت بەبێ هاوپەیمانيی لەگەڵ پارتەکانی دیکەدا ناتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. لەلایەکی دیکەوە هەڵبژاردنی ئەنقەرە وەک ناوەند بۆ بڕیارە ستراتیژییەکانی هەدەپە لەبری ئامەد, تەواوکاری ڕەخنەکانی خۆبچووککردنەوەی هەدەپە-یە.
بەمپێیە هەدەپە بەخۆداچوونەوەیەکی بنەڕەتی دەکات و لە کۆنگرەی نائاسایی پارتەکەدا ناو، هاوسەرۆکان، بنەما و سیاسەتی پارتەکە گۆڕانکاريی ڕیشەیی تێدا دەکرێت. ئیدی ناوەنديی بڕیارەکان بۆ ئامەد دەگەڕێتەوە، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢٤ هەدەپە بەتەنها کاندید دیاریدەکات و لەگەڵ هیچ پارتێکدا هاوپەیمانی نابەستێت.
بۆیە چاوەڕوان دەکرێت هەدەپە گۆڕانی گەورەی بەسەردا بێت، بەجۆرێک ئەو پارتە نوێیەی لە کۆنگرەدا دادەمەزرێت, نابێت بە درێژکراوەی هەدەپە و پاش ماوەیەکی کەم پارتە نوێیەکە بەتەواوی جێگەی هەدەپە دەگرێتەوە.

(1)- https://www.hurriyet.com.tr/gundem/hdpde-es-baskanlardan-aday-olmama-karari-42278984
(2)- https://secim2023.hurriyet.com.tr/14-mayis-2023-secimleri/milletvekili-genel-secim-sonuclari/
(3)-https://www.mepanews.com/secim-yenilgisinin-ardindan-hdpde-buldan-ve-sancar-donemi-sona-eriyor-60520h.htm
(4)-https://www.birgun.net/haber/hdp-ve-yesil-sol-partiden-secim-sonuclarina-iliskin-aciklama-437312?utm_source=webpush
(5)- https://youtu.be/eY7tGfaPKjY
(6)-https://www.dunya.com/gundem/ysk-14-mayis-secim-istatistiklerini-paylasti-katilim-orani-en-yuksek-ve-en-dusuk-iller-haberi-694736
(7)- http://mezopotamyaajansi35.com/GUNCEL/content/view/207105?page=2
(8)-https://www.ntv.com.tr/2023-secim/sanliurfada-sandikta-toplu-oy-kullanimi-kavgasi-2-yarali,RuTJHkK0W0qXs717IGOI4Q
(9)- https://www.bbc.com/turkce/articles/cv2v2k0zkz4o
(10)-https://www.hurriyet.com.tr/gundem/9-nisan-saat-17-00-icin-nefesler-tutuldu-ittifaklarin-listelerle-imtihani-42245315
(11)- https://haber.sol.org.tr/haber/hdp-secime-girmeyecek-yesil-sol-parti-formulu-hayata-geciyor-368769
(12)- https://www.kent04.com/haber/12970996/hdpnin-cumhurbaskani-adayi-kadin-olacak
(13)- https://tr.al-ain.com/article/demirtas-hdp-cumhurbaskanligi
(14)- https://www.evrensel.net/yazi/88584/ucuncu-yol-ucuncu-cizgi-ucuncu-ittifak-ucuncu-secenek
(15)- https://www.youtube.com/watch?v=f6M1L_LeEvM
(16)- https://www.bbc.com/turkce/articles/cyd64vpd86go
(17)-https://www.star.com.tr/politika/hdpli-sancardan-kilicdarogluna-yesil-isik-ziyaretini-bekliyoruz-haber-1771782/
(18)- https://www.youtube.com/watch?v=hGV3Pz0E4nU
(19)- https://artigercek.com/politika/basak-demirtastan-idam-tepkisi-tek-bir-siyasetci-aramadi-252843h
(20)-https://www.middleeasteye.net/news/turkey-jailed-hdp-leader-yuksekdag-backing-kilicdaroglu-wrong#:~:text=Turkey%3A%20Jailed%20HDP%20leader%20says%20backing%20Kilicdaroglu%20was%20’wrong’,-
(21)- https://twitter.com/hdpdemirtas/
(22)-https://tr.euronews.com/2023/06/01/demirtas-hdp-yonetimini-elestirdi-adaylik-talebim-kabul-edilmedi-dedi
(23) – https://www.youtube.com/watch?v=FY6aCqc9Nj8
(24)- https://www.youtube.com/watch?v=FY6aCqc9Nj8
(25)-https://www.birgun.net/haber/hdp-de-es-genel-baskanlik-icin-one-cikan-iki-isim-443824?utm_source=webpush
(26)- https://twitter.com/hdpdemirtasstatus/1635666535627857920?s=20
status/1663876921338351617?s=20

Send this to a friend