• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 25, 2023

هەڵبژاردن لە تورکیا

ڕابەر سیوەیلی

دەروازە: هەڵبژاردن لە یاسا و بەندەکانی دەستووری تورکیادا
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا، دەتوانین ئاماژە بە ساڵانی کۆتایی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی، بەتایبەت ڕێنماییەکانی ٦ی تشرینی دووەمی ١٨٧٦ بکەین، کە کاروباری هەڵبژاردنەکان لەڕێگەی ئەنجومەنی تاقیکردنەوە و کۆمیسیۆنەکانی هەڵبژاردنەوە ئەنجام دراوە. بەگوێرەی ڕێنمایی ناوبراو، بۆ یەکەم جار لەنێو دەوڵەتی عوسمانیدا بڕیاردرا ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکان لەلایەن لیژنەیەك لە کەسایەتییە دیارەکانی پارێزگاکان و زانایانی ئایینیەوە پێکبهێنرێت کە لە ١٥ کەس زیاتر نەبێت، هەروەها دەبێت ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لە پێشترداو بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێن. ئەگەرچی بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، ئەم ڕێنماییانە لە سنووری قەڵەمڕەوی دەوڵەتی عوسمانیدا پیادە دەکران، بەڵام هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبوڵ تاڕادەیەك لەناوچەکانی دیکە جیاوازبوون, چونکە هەڵبژاردنەکانی ئەم شارە بەدوو قۆناغ بەڕێوەچووەو تەنانەت لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا لە شاری ئەستەنبوڵ بیست دەزگای هەڵبژاردن هەبووە، کە ئەندامانی هەریەك لەو دەزگایانەش بەشێوەی هەڵبژاردن دیاریکراون‌و بەپێی ئەو بەڵگەنامانەش کە لە ئەنجومەنی دەوڵەتدا ساخ کراونەتەوە، ئەوانەی زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە، هەڵبژێردراون و ئەرک و مافیان بۆ دیاریکراوە(١).
لەکۆتاییەکانی فەرمانڕەوایی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا، یاساو ڕێنمایی هەڵبژاردنەکان هەندێك گۆڕانکاری نوێی بەسەرداهات و بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە ساڵی ١٩٠٨ لە قۆناغی دووەمی مەشڕوتیەتدا پەسەندکراوە، دەڵێت: لیژنەکان لەژێر ناوی (هەیئەتی تەفتەشییە)و (هەیئەتی- ئینتیخابیە) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن کاردەکەن. بەمپێیە لیژنەکە لە چوار بۆ دە ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی شارەوانی و کارگێڕيی پێکدێت، بە سەرپەرشتی سەرۆکی شارەوانی، بەپێی سنووری جوگرافی و ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکە. هاوکات لیژنەی ئینتیخابیە ئەرکەکانی پەیوەست بە دەنگدان و ئەنجامی دەنگدەران جێبەجێدەکات(٢).
جێگەی باسە، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، تا بڵاوبوونەوەی یاسای ژمارە ٤٣٢٠ی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان، کە لە ڕێکەوتی ١٤ی کانونی یەکەمی ١٩٤٢ پەسەندکرا، یاسایەکی کارپێکراو بوو, بەڵام دواتر یاسای ژمارە ٤٣٢٠، کاروباری هەڵبژاردنەکانی بەو لیژنانە سپارد کە لەژێر ناوی (لیژنەی پشکنین) لە پارێزگا و قەزاکان دامەزرابوون‌, هەر لیژنەیەکیش لە چوار بۆ دە ئەندام پێکدەهات و لەلایەن سەرۆکی شارەوانيی ناوچەکەوە سەرپەرشتی دەکرا. لە مادەی یەکەمی یاسای ژمارە ٤٣٢٠دا هاتووە, کە هەر پارێزگایەک بە فەرمانگەی هەڵبژاردن ئەژمار دەکرێت ‌و هەر قەزایەکیش بە لقی هەڵبژاردن ئەژمار دەکرێت. ئەگەر لقی هەڵبژاردنیش سەربەخۆبێت، ئەوکاتە لیژنەی هەڵبژاردن لەلایەن موختاری گوندەکان یان سەرۆک شارەوانیيەوە پێکدەهێنرێت(٣).
لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی، چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا پێینایە قۆناغێکی نوێ‌و بەگوێرەی یاسای ژمارە ٤٩١٨ لە ڕێکەوتی ٥ی حوزەیرانی ١٩٤٦ (بۆردی هەڵبژاردن) بۆ هەر پارێزگایەک ‌و قەزاکانی سەر بەو پارێزگایە دامەزرا, تاوەکو لەلایەك سەرپەرشتی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان بکات، لەلایەکی دیکەشەوە دڵنیابێت هەموو دەنگدەران لە یەک ڕۆژدا و لە ناوەندەکانی هەڵبژاردن دەنگی خۆیان دەدەن. جێگەی باسە ئەم بۆردە نوێیە لە پێنج کەس پێکدەهات ‌و سەرۆکی شارەوانيی ئەرکی سەرۆکایەتيی بۆردەکەی لە ئەستۆ دەگرت, ئەندامەکانیش لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانییەکانەوە دیاری دەکران. جگە لەوەش، نوێنەری پارتە سیاسییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن و کاندیدە سەربەخۆکان یان نوێنەرەکانیان دەسەڵاتیان پێدەدرا, تاوەکو لە کاتی دەنگدان و پڕۆسەی پۆلێنکردندا لە دەستەی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنەکاندا ئامادەبن(٤).
لە قۆناغی دواترداو بەپێی یاسای ژمارە ٥٥٤٥ی ڕێکەوتی ١٦ی شوباتی ١٩٥٠ کاروباری هەڵبژاردن لەلایەن (دەستەی هەڵبژاردن)ەوە ئەنجام دەدرا, کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە ئەنقەرەو دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگا لە هەر پارێزگایەك‌و دەستەی هەڵبژاردنی قەزا لە هەر قەزایەک‌و لیژنەی سندوقی دەنگدان لە ناوچەکانی هەڵبژاردندا دادەمەزرا. هەروەها ڕێسایەک هەیە باس لەوە دەکات دەستەی هەڵبژاردنی قەزا لە ناوەنديی شارەکاندا دەبێت, کە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە ڕاستەوخۆ پێوەی پەیوەستن‌و ئەم بۆردانەش لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی دادوەرەکاندا کاردەکەن. هەر بەگوێرەی ئەم یاسایە، دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە سەرۆکێک‌و دە ئەندام پێکدێت، بەبێ جێگر. هاوکات دەستەی هەڵبژاردنی قەزاکان لە سەرۆکێک‌و شەش ئەندام پێکدێت، هاوکات لیژنەکانی سندوقی دەنگدانیش لە سەرۆکێک و چوار ئەندام پێکدێن(٥).
دوای کودەتا سەربازییەکەی ٢٧ی ئایاری ١٩٦٠، ڕێکخستنێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پیادەکرا. بەپێی یاسای ژمارە ١٥٨ی ڕێکەوتی ١٣ی کانونی یەکەمی ١٩٦٠ (دەستەی هەڵبژاردنی نوێنەری پارێزگاکان) بە سەرۆکایەتيی باڵاترین دەسەڵاتی دادوەری پارێزگاکان‌و (دەستەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی قەزاکان) بە سەرۆکایەتيی دادوەری باڵای قەزاکان, بۆ دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ڕاسپێردران. بەمپێیە ئەنجومەنی پارێزگاو ئەنجومەنی قەزاکان نوێنەری خۆیان دیاری دەکرد. هەروەها لەنێو ئەندامانی ئەو لیژنانەی نوێنەرەکان دیاری دەکەن، لیژنەکانی پۆلێنکردن دادەمەزران, کە بەرپرس بوون لە دەنگدان و پۆلێنکردن و ڕەوانەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ کۆمسیۆن.

لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا پێینایە قۆناغێکی نوێوە، (بۆردی هەڵبژاردن) بۆ هەر پارێزگایەک ‌و قەزاکانی سەر بەو پارێزگایە دامەزرا.

تەوەرەی یەکەم: کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، یەکێك لە گرنگترین و بەرچاوترین دامەزراوەی سیاسییە لەو وڵاتەدا, کە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا هەنووکە دەسەڵات ‌و هەیمەنەی تایبەتيی خۆی بەسەر پرۆسەی سەرپەرشتیکردن ‌و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا هەیە. ئەم کۆمسیۆنە بەگوێرەی یاسای یەکەمی هەڵبژاردنی نوێنەران، ژمارە ٥٥٤٥ لە ڕێکەوتی ١٦ی شوباتی ١٩٥٠ دامەزراوەو لە ٢١ی شوباتی هەمان ساڵیشدا دەستی بەکارەکانی کردووە. بەگوێرەی مادەی ٥٧ی یاسای ژمارە ٥٥٤٥، دەسەڵاتی تەواوەتی بە کۆمسیۆن دراوە, کە سەرجەم کاروبارەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردن ئەنجام بدات. هەروەها بەپێی مادەی ٥٩ی هەمان یاسای پێشوو، بۆ یەکەمجار پرەنسیپی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەژێر چاودێری‌و کۆنترۆڵی دادوەراندا پەسەندکراو, جگە لە دەستەی باڵای هەڵبژاردن سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکانی تایبەت بەو پرۆسەیە، کە لە دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگاو قەزاکان‌و لیژنەکانی سندوقی دەنگدان پێکهاتوون، خرانە ژێر چاودێری دادوەرەکانەوە. هەروەکو لە مادەی ٧٥ی دەستووری ساڵی ١٩٦١دا هاتووە: “هەڵبژاردنەکان لەژێر چاودێری گشتی ئۆرگانەکانی دادوەریدا بەڕێوەدەچن”. بۆ جەختکردنەوەی زیاتریش لەسەر ئەم خاڵە، لە (بەشی یاسادانان)ی دەستووردا دەڵێت: کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تەنها دەستەیەک نیيە بۆ بەڕێوەبردن و چاودێريی گشتيی هەڵبژاردنەکان، بەڵکو دەسەڵاتێکی باڵای دادوەريی هەیەو لە کۆمەڵێك ئەندام پێکدێت, کە لەلایەن دادگای باڵاو ئەنجومەنی دەوڵەتەوەو لەلایەن ئەندامانی خۆیەوە هەڵدەبژێردرێن‌و پێداچوونەوە بە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن(٦).
سەبارەت بە ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەم کۆمسیۆنە، دەتوانین بڕوانینە مادەی ١٢٣ی یاسای ژمارە ٥٥٤٥، چونکە بەگوێرەی ئەم مادەیە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لەسەر ئەو تانەو ناڕەزایەتییانەی بەرامبەر بڕیارەکانی دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان‌و لیستی کاندیدەکان کە لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگاکانەوە ڕاگەیەندراون بڕیاری کۆتایی بدات، تەنانەت ئەگەر لە ڕۆژی پێش دەنگدانیشدا بێت. جگە لەوەش کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دەسەڵاتی ڕادەستکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی هەیە بە ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا (پەرلەمان) سەبارەت بەو ناڕەزاییانەی لە دژی ڕێکارو بڕیارەکانی دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان تۆمارکراون(٧).

یەکەم: ڕەوتی گەشەسەندن و پێکهاتەی کۆمسیۆن
أ‌-قۆناغی سەرەتا
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە دامەزراندنیەوە تا گەیشتووەتە ئەم قۆناغەی ئێستای، کۆمەڵێك قۆناغی جیاوازی تێپەڕاندووە. دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە مێژووی گەشەسەندن و گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی کۆمسیۆن بکەین:
بەپێی مادەی ١٢٠ لەیاسای ژمارە ٥٥٤٥ کە لە ١٦ی شوباتی ١٩٥٠ پەسەندکراوە، دەستەی کارگێڕیی لە سەرۆکێک‌و شەش ئەندامی فەرمی‌و چوار ئەندامی یەدەک پێکهاتووە. شەش کەس لە ئەندامانی ئەم دەستەیە لەلایەن دادگای باڵای تێهەڵچوونەوەو پێنج کەسیشیان لەلایەن ئەنجومەنی گشتیی دەوڵەتەوە هەڵدەبژێردران، پاشان سەرجەم ئەندامەکان لەنێو خۆیاندا سەرۆک‌و جێگری سەرۆکیان هەڵدەبژارد، هەروەها دوو ئەندامی دیکەش کە هەریەکەیان لە دادگای باڵاو ئەنجومەنی دەوڵەت هەڵبژێردرابوون وەک ئەندامی جێگرەوە بە تیروپشک دەستنیشان دەکران. لە قۆناغێكی دواترداو بەگوێرەی یاسای ژمارە ٦٢٧٢ لە ڕێکەوتی ١٧ی شوباتی ١٩٥٤، مادەی ١٢٠ی یاسای ژمارە ٥٥٤٥ هەموارکرایەوەو دەستەکە لە سەرۆک‌و دە ئەندام پێکدەهات. بەپێی ئەم گۆڕانکارییه سەرۆکی یەکەمی دادگا، دەبێتە سەرۆکی کۆمسیۆن‌و ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنیش بەگوێرەی تیروپشک هەڵدەبژێردرێن(٨).
جێی ئاماژە پێکردنە، لەگەڵ پەسەندکردنی دەستووری ساڵی ١٩٦١، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بووە دامەزراوەیەکی دەستووری ‌و بەگوێرەی مادەی ٧٥ی دەستووری ساڵی ١٩٦١، کۆمسیۆن لە حەوت ئەندامی ئاسایی‌و چوار ئەندامی جێگرەوە پێکهات. شەش ئەندامی کۆمسیۆن لەلایەن دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە‌و پێنج ئەندامیشیان لەلایەن ئەنجومەنی گشتیی دەوڵەتەوە هەڵدەبژێردرێن، ئەم ئەندامە هەڵبژێردراوانەش لەنێوان خۆیاندا سەرۆك‌و جێگرێک هەڵدەبژێرن. ئەم شێوازە نوێیە تاوەکو ساڵی ١٩٨٢ بەردەوام بوو، بەڵام ساڵی ١٩٨٢ بەگوێرەی مادەی ٧٩ی دەستووری، دیسانەوە ژمارەی ئەندامانی کۆمسیۆن گۆڕانکاری بەسەرداهات‌و لە حەوت ئەندامی هەمیشەیی‌و چوار ئەندامی جێگرەوە پێکهات، کە شەش ئەندامیان لەلایەن دادگای باڵای تێهەڵچوونەوەو پێنج ئەندامیشیان لەلایەن ئەنجومەنی گشتیی دەوڵەتەوە هەڵدەبژێردران.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، یەکێك لە گرنگترین و بەرچاوترین دامەزراوەی سیاسییە لەو وڵاتەدا, کە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا هەنووکە دەسەڵات ‌و هەیمەنەی تایبەتيی خۆی بەسەر پرۆسەی سەرپەرشتیکردن ‌و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا هەیە.

ب‌-قۆناغی نوێ
بێگومان پرۆسەی هەڵبژاردن‌و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان‌و یاساو ڕێنماییەکانی تایبەت بەو پرسە لە سەردەمی هاوچەرخی تورکیادا، بەراورد بەو قۆناغە مێژووییەی ئاماژەمان پێداوە، جیاوازییان هەیەو دەکرێت لێرەدا ئەو جیاوازییانە بخەینەڕوو:
لە دەستووری ساڵی ١٩٨٢دا بنەماکانی تایبەت بە هەڵبژاردن‌و دەستەی باڵای هەڵبژاردن لەمادەی ٧٩ بە ناونیشانی (بەڕێوەبردنی گشتی‌و کۆنترۆڵکردنی هەڵبژاردن) ڕێکخراوە. هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە هەڵبژاردن لەژێر ئاڕاستەی گشتی‌و کۆنترۆڵی ئۆرگانەکانی دادوەریدا بەڕێوەدەچێت. لەم قۆناغە نوێیەدا، هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی ھەڵبژاردنەکان، جێبەجێکردنی ھەموو ڕێکارەکانی پەیوەست بە ڕاستگۆیی ھەڵبژاردن، پشکنین‌و یەکلاییکردنەوەی ھەموو گلەیی‌و ناڕەزایەتییەکان لەکاتی ھەڵبژاردن‌و دوای ھەڵبژاردن، هەروەها چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیاو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەرکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەو ناتوانرێت تانە لە هیچ دەسەڵات‌و بڕیارێکی کۆمسیۆن بدرێت، چونکە ئەرک‌و دەسەڵاتەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن‌و دەستەکانی دیکەی هەڵبژاردن بە یاسا ڕێکخراون(٩).
بەگوێرەی یاسا نوێیەکانی هەڵبژاردن لە تورکیا، بەڕێوەبردنی گشتى و سەرپەرشتیى پرۆسەى پێشکەشکردنى یاساکانى تایبەت بە هەموارکردنەوەى دەستوور بۆ ڕیفراندۆم‌و هەڵبژاردنى سەرۆکى کۆمار لەلایەن خەڵکەوە، بەگوێرەى ئەو بڕگانە دەبێت کە لە هەڵبژاردنى پەرلەماندا جێبەجێدەکرێن. هەروەها بەپێی بڕگە بنەڕەتییەکانی یاسای ژمارە 298ی هەڵبژاردن، کە یاسای بنەڕەتییەو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار، جێگر، ئەندامێتی ئەنجومەنی پارێزگا، سەرۆکی شارەوانی، ئەندامێتی ئەنجومەنی شارەوانی، موختار، پێشکەشکردنی یاساکانی تایبەت بە هەموارکردنەوەی دەستوور بۆ ڕیفراندۆم جێبەجێدەکرێت، پێکهاتەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەمشێوەیەیە:
•کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە ئەنقەرە.
•دەستەیەکی هەڵبژاردنی پارێزگا لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، لەگەڵ دەستەیەکی هەڵبژاردنی قەزا لە ناوەندیی پارێزگاکان.
•دەستەیەکی هەڵبژاردنی پارێزگا لە هەر پارێزگایەکدا.
•یەک لیژنەی سندوقی دەنگدان بۆ هەر سندوقێک لە ناوچەکانی هەڵبژاردن دابنرێت.
•دەستەی هەڵبژاردنی بازنەی دەرەوەی وڵات سەر بە دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگای ئەنقەرەیە، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی کاروباری هەڵبژاردنەکانی پەیوەست بە دەنگدانی هاوڵاتیان لە دەرەوەی وڵات.

دووەم: بەشەکانی کۆمسیۆن
هەروەکو ئاماژەمان پێدا، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە حەوت ئەندامی ئاسایی و چوار ئەندامی جێگرەوە پێکدێت. شەش لەو ئەندامانە لەلایەن دادگای باڵای تێهەڵچوونەوەو پێنج کەسیشیان لەلایەن ئەنجومەنی گشتیی دەوڵەتەوە بە دەنگدانی نهێنی‌و بە زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامان بۆ ماوەی شەش ساڵ هەڵدەبژێردرێن. سەرۆک‌و جێگری سەرۆکیش لەنێو ئەندامانی کۆمسیۆن بە دەنگدانی نهێنی‌و زۆرینەی ڕەهای ئەندامان هەڵدەبژێردرێن. جگە لەوەش، لەنێو سەرجەمی ئەو پارتە سیاسیانەی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە، ئەو چوار پارتە سیاسییەی لە دوایین هەڵبژاردنی گشتيی پەرلەمانیدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، ڕەنگە یەک نوێنەری جێگرەوەی سەرەکییان لە کۆمسیۆن هەبێت، بە مەرجێک بەنووسراو لەلایەن سەرکردەی پارتە سیاسییەکانیانەوە مۆڵەتیان پێبدرێت، چونکە ئەم نوێنەرانە بەشداری سەرجەم کارو گفتوگۆکانی دەستەی کارگێڕيی دەکەن، بەڵام ناتوانن دەنگ بدەن(١٠).

لەگەڵ پەسەندکردنی دەستووری ساڵی ١٩٦١، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بووە دامەزراوەیەکی دەستووری.

أ‌-دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان
دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە سەرۆکێک، دوو ئەندامی هەمیشەیی و دوو ئەندامی جێگرەوە پێکدێت. ئەم سەرۆک‌و ئەندامانەش لەنێو ئەو دادوەرانە هەڵدەبژێردرێن, کە خاوەن ڕابردوویەکی پوختن و سەرزەنشت یان سزای توندیان وەرنەگرتووەو بەهۆی کەمتەرخەمییەوە کارو بڕوانامەکانیان لەدەستنەداوە. میکانیزمی هەڵبژاردنەکەش بەجۆرێکە بەپێی تیروپشکی ناوەکان، یەکەم دادوەر دەبێتە سەرۆک‌و دوو دادوەری دیکە وەک ئەندامی ئاسایی و دوو دادوەری کۆتاییش وەک ئەندامی جێگرەوە دیاری دەکرێن. ئەم دەستەیەش کە بەمشێوەیە دامەزراوە بۆ ماوەی دوو ساڵ خزمەت دەکات.

ب‌-دەستەی هەڵبژاردنی قەزاکان
دەستەی هەڵبژاردنی قەزاکان هەر دوو ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێت‌و لە سەرۆک‌و شەش بەڕێوەبەری قوتابخانەو شەش ئەندامی جێگرەوە پێکدێت‌و بۆ ماوەی دوو ساڵ خزمەت دەکات. سەرۆکی دەستەکە ئەو دادوەرەیە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی دادگاوە دیاری دەکرێت، بەتایبەت لەنێو ئەو دادوەرانەی کە لانیکەم بۆ پلە یەک پەسەندکراون‌و هیچ کەمتەرخەمی‌و گیروگرفتێکیان نیيەو لە قەزاکاندا کاردەکەن. هاوکات لەکاتی نەبوونی دادوەرێکیش بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەکەدا، باڵاترین دادوەری ناوچەکە دەبێتە سەرۆکی دەستەی کارگێڕی. دوابەدوای سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردن، چوار ئەندامی سەرەکی‌و چوار ئەندامی جێگرەوەی دەستەی هەڵبژاردنی قەزاکە لەو چوار لایەنە سیاسییەن کە لە قەزاکەدا خاوەن ڕێکخستنی حیزبی و نفوزی جەماوەین‌و لە دوایین هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانیدا زۆرترین دەنگیان لەو قەزایە بەدەستهێناوە(١١).

ت‌-بۆردەکانی دەنگدان
لیژنەی سندوقی دەنگدان لە سەرۆک‌و شەش ئەندامی ئاسایی‌و شەش ئەندامی جێگرەوە پێکدێت. لەلایەکی دیکەوە بە مەبەستی دیاریکردنی ئەندامانی لایەنە سیاسییەکان, کە بەشداری لیژنەکانی سندوقی دەنگدان دەکەن، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنی قەزاکە ناوی یەک ئەندامی ئاسایی‌و یەک ئەندامی جێگرەوە بۆ هەر سندوقێکی دەنگدان دەداتە ئەو پێنج لایەنە سیاسییەی کە بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردووە. لەیادیشمان نەچێت میکانیزمی هەڵبژاردنی لیژنەی سندوقی دەنگدانیش بە شێوازی تیروپشکی ناوەکانەو بە ئامادەبوونی لیژنەی هەڵبژاردنی قەزا ئەنجام دەدرێت. ئەگەر نەتوانرا بەمشێوەیە ئەندامێتی پڕبکرێتەوە، ئەوا کەموکوڕییەکان لەلایەن سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنی قەزاکانەوە پڕدەکرێتەوە، بە تایبەت لەنێو ئەو کەسانەی کە لەو ناوچەیەن‌و هیچ گرفتێکیان نیيە کە بخرێنە لیژنەی سندوقەکانی دەنگدان.
سێیەم: (دروشم)ی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان
بەگوێرەی بۆچوونی چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی تورکیا، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە سیستەمێکی بێلایەن و ئاشکراو متمانەپێکراوی هەڵبژاردنی هەیە.

هەر بۆیە ئەو دروشمەی بۆ ئەم کۆمسیۆنە ئامادەکراوە، بەشێوەیەک داڕێژراوە کە دامەزراندن‌و پێکهاتەو ئەرکی گشتيی دامەزراوەکە بەسادەترین‌و پێشکەوتووترین شێوە نیشان بدات. ڕەنگی بریقەداری زێڕین جەخت لەسەر (پاکی، بەنرخی، زیندوویی‌و وزە) دەکاتەوە. سوری ئاڵا کە ڕەنگی سەرەکی لۆگۆکەیە، چەمکەکانی (ئیرادە، کۆڵنەدان، بەرگەگرتن، ئارەزوو و بوێری) بیردەخاتەوە. ناوی دامەزراوەکە بەڕوونی‌و بەپیتی گەورە لەناو پشتێنە سوورەکەدا نووسراوەو بەشریتێکی زێڕین سنووردار کراوە. لقی لۆرێل کە هێمای نەمری‌و هەمیشەییە, بەوپێیەی لە هاوین‌و زستاندا بە سەوزی دەمێنێتەوە، وەک هێمای سەرکەوتن‌و شەرەف لە زۆرێک لە کولتوورەکاندا بەکاردێت.
(دادپەروەری و هاوسەنگی) بە هێمای تەرازوو نوێنەرایەتی دەکرێت, بەمشێوەیە لەژێر سندوقی دەنگدان‌و ژمارەکانی دەنگدا داڕێژراوەو لەگەڵیدا تێکەڵ کراوە, بۆ ئەوەی نیشان بدرێت کە هەموو دەنگەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانەو بێلایەنانە هەڵدەسەنگێندرێن. ژمارەی دەنگەکان بەزێڕ کێشراوە تاوەکو نیشان بدات کە هەر یارییەک بەنرخە، بەڵام ناوەوەی بێ ڕەنگ هێڵدراوەتەوە بۆئەوەی جەخت لەسەر بێلایەنی بکرێتەوە. هەوروەها سەربەخۆیی و ناسنامەی نەتەوەیی دامەزراوەکە بە (مانگ و ئەستێرە) دیاریکراوە، کە بە یازدە ئەستێرە دەورە دراوە, بۆئەوەی هاوسەنگی لە پێکهاتەی نێوان تەرازوەکاندا مسۆگەر بکات. ئەو ئەستێره هەشت نوکەیه هەر لەسەردەمی سەلجوقییەکانەوە هێمانی دادپەروەرییە، بۆ هێمای یازده ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەکارهێنراوە، کە شەش کەسیان له دادگای باڵاو پێنج کەسی دیکەشیان ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەتن. لە کۆتاییشدا پێکهاتەکە بەنووسینی ساڵی ١٩٥٠ کە ڕێکەوتی دامەزراندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە کۆتایی پێدێت.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە ١١ ئەندام پێکدێت. شەش ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە و پێنج کەسیشیان لەلایەن ئەنجومەنی گشتیی دەوڵەتەوە بۆ ماوەی شەش ساڵ هەڵدەبژێردرێن.

تەوەرەی دووەم: یاسا بنەڕەتییەکانی هەڵبژاردن و مافی دەنگدەر لە تورکیا
مادەی یەکەم: (هەموارکراوی: ٢٨/٣/١٩٨٦- مادەی ٣٢٧٠/٢١).
بڕگەکانی ئەم یاسایە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پەرلەمان، ئەندامێتی ئەنجومەنی پارێزگا، سەرۆکی شارەوانی، ئەندامێتی ئەنجومەنی شارەوانی، جێبەجێدەکرێن, لەگەڵ پێشکەشکردنی یاساکانی تایبەت بە هەموارکردنی دەستوور بۆ دەنگی گشتی(١٢).
مادەی دووەم: گرنگترین بڕگەکانی ئەم مادەیە بریتین لە:
•هەڵبژاردن لەسەر بنەمای مافی دەنگدانی ئازاد، یەکسان، تاکە پلە بەڕێوەدەچێت.
•دەنگدەر خۆی دەنگەکە بەکاردەهێنێت.
•دەنگدان بە نهێنی ئەنجام دەدرێت.
•ژماردن و لیستکردن و تۆمارکردنی دەنگەکان بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێت.
مادەی سێیەم: بەبێ ئەوەی دابڕان لە یاسا تایبەتەکانیدا هەبێت، هەر پارێزگایەک لە هەڵبژاردنەکاندا بازنەیەکی هەڵبژاردنە.
مادەی چوارەم: لە هەڵبژاردنەکاندا هەر قەزایەك بازنەی هەڵبژاردنە.
مادەی پێنجەم: (هەموارکراوی: ١٧/٥/١٩٧٩- مادەی ٢٢٣٤/١)
لە هەڵبژاردنەکاندا هەر بازنەیەک بەپێی پێویستی بەسەر چەندین بنکەی دەنگداندا دابەش دەکرێت(١٣).
مادەی شەشەم: (هەموارکراوی: ٢٧/١٠/١٩٩٥- مادەی ٤٢٥/١)
هەموو هاوڵاتییەکی خاوەن ڕەگەزنامەی تورکیا کە تەمەنی لە هەژدە ساڵ زیاتر بێت مافی دەنگدان و بەشداری ڕیفراندۆمی هەیە.
مادەی حەوتەم: ئەوانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێکراوە ناتوانن دەنگ بدەن:
•هێزی ئەمنی و ڕاهێنراو.
•خوێندکارانی کەرتی سەربازی.
•ئەوانەی فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە.
مادەی هەشتەم: ئەم کەسانەی خوارەوە بە دەنگدەر ئەژمار ناکرێن.
1. سنووردار.
2. ئەوانەی لە خزمەتی گشتی قەدەغە کراون.
مادەی نۆیەم: (هەموارکراوی: ١٧/٥/١٩٧٩- مادەی ٢٢٣٤/١)
کارەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنەوە ئەنجام دەدرێت. قائیمقامی قەزا و شارەوانی ‌و موختار و سەرجەم بەرپرسانی گشتيی, پابەندن بە ناردنی ئەو زانیاری ‌و بەڵگەنامانەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن داوای دەکەن لەکاتی خۆیدا و بەشێوەیەکی دروست و بەبێ دواکەوتن.
مادەی دەیەم: (هەموارکراوی: ١٧/٥/١٩٧٩- مادەی ٢٢٣٤/١)
بەگوێرەی ئەم مادەیە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە ئەنقەرە و دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگا لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن‌ و دەستەی هەڵبژاردنی قەزا لە هەر قەزایەک‌ و لیژنەی سندوقی دەنگدان لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن دادەنرێت. هەروەها هەڵبژاردنی بازنەی دەرەوەی وڵات کە سەر بەدەستەی هەڵبژاردنی پارێزگای ئەنقەرەیە، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن پەیوەندییان بە هاوڵاتیانی دەرەوەی وڵاتەوە هەیە. تەنانەت لە ئەگەری پێویستدا دەتوانرێت زیاتر لە یەک دەستەی هەڵبژاردن لە دەرەوەی وڵات دابمەزرێت(١٤).
هەر بەگوێرەی ئەم مادەیە و بەپێی دوایین سەرژمێریی لەو قەزایانەی کە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەسە، بە پشتبەستن بە سنووری گوند و گەڕەکەکان ‌و بە لەبەرچاوگرتنی یەکسانی لە ژمارەی دانیشتوان تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت، زیاتر لە یەک دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگا پێکدەهێنرێت, جگە لە شارەوانی پارێزگاکان و شارەوانی قەزاکان، شارەوانییە بچووکەکانیش بەبێ دابەشبوون، بە یەکێک لە دەستەکانی هەڵبژاردنی قەزاکان پەیوەستن(١٥).

تەوەرەی سێیەم: هەڵبژاردنی سەرۆکایەتيی کۆمار
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتيی کۆمار لە تورکیا، لەلایەك یەکێکە لە پرۆسە گرنگەکانی نێو چوارچێوەی کارکردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان, لەلایەکی دیکەشەوە لەسەر شانۆی سیاسی و ململانێی نێوان پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە پڕۆسەیەکی تەواو گرنگ ‌و چارەنووسسازە. بەپێی مادەکانی ١٠١ و ١٠٢ی دەستووری کۆماری تورکیا و مادەی ٣ی یاسای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتيی ژمارە ٦٢٧١، ماوەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا پێنج ساڵە و دەبێت هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە شەست ڕۆژ پێش تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتیی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدرێت. هەروەها بەپێی ئەو ڕێسایەی لە مادەی ٧٩ی دەستووری کۆماری تورکیادا هاتووە، ئەرکی ئەنجامدانی هەموو مامەڵەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی پڕۆسەکەو بەڕێوەبردنی بەشێوەیەکی گونجاو و بێ گیروگرفت، لەسەرەتاوە تاوەکو کۆتایی هەڵبژاردنەکان دەدرێتە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان(١٦).

یەکەم: هەڵبژاردنی سەرۆکایەتيی کۆمار چۆن ئەنجام دەدرێت؟
دوابەدوای ڕێکخستن و ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتيی کۆمار لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا، ئیدی پڕۆسەکە بە مافی دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت ‌و ئەو کاندیدەی کە زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، دەبێتە سەرۆک کۆماری وڵات. ئەگەر ئەم زۆرینەیە لە دەنگدانی یەکەمدا بەدەستنەهات، ئەوا چەند ڕۆژێك پاش هەڵبژاردنی یەکەم، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچێت ‌و ئەو دوو کاندیدەی لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە بەشداری گەڕی دووەم دەکەن‌, هەر کامیان زۆرینەی ڕەهای دەنگەکانی بەدەستهێنا، بە سەرۆک کۆماری وڵات هەڵدەبژێردرێت.
هەر بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتيی کۆمار، لە ئەگەری مردنی یەکێک لە کاندیدەکان کە بەو هۆیەوە مافی بەشداریکردن لە دەستدەدات و بەگوێرەی پلەبەندیی، کاندیدی سێیەم دەبێتە جێگرەوە و بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات. جێگەی باسە کە جگە لەم هۆکارە، بەهیچ هۆکارێکی دیکە ناتوانرێت جێگرەوە دیاریبکرێت. هەروەها لە ئەگەری هەبوونی تەنيا یەك کاندیدا، بەگوێرەی یاساکانی هەڵبژاردن، دەنگدان بە شێوەی ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت‌ و ئەگەر کاندیدەکە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، ئەوا دەبێتە سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵات، بەڵام ئەگەر کاندیدەکە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستنەهێنا، ئەوا جارێکی دیکە هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە(١٧).
ئەرکی ئەو سەرۆکەی کە ماوەی پۆستەکەی تەواو بووە تا ئەو کاتەی سەرۆکی تازە هەڵبژێردراو دەستبەکاردەبێت بەردەوامە.

دووەم: مێژووی ‌هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتيی کۆماری تورکیا

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتيی کۆمار لە تورکیا، لەلایەك یەکێکە لە پرۆسە گرنگەکانی نێو چوارچێوەی کارکردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان, لەلایەکی دیکەشەوە لەسەر شانۆی سیاسی و ململانێی نێوان پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە پڕۆسەیەکی تەواو گرنگ ‌و چارەنووسسازە.

کۆتایی
دەگونجێت شێوازی هەڵبژاردنەکان و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا جێگەی قسەو باسی هاوڵاتیان نەبێت، بەڵام قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکان و ئاسۆی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چاوەڕێ دەکرێت، هەمیشە جێگەی مشتومڕی هاوڵاتیان ‌و بگرە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەیشە. ئەوەش لە ترس یاخود ڕاڕایی شەقامەوە سەرچاوە دەگرێت, کە ئایا جارێکی دیکە تورکیا بەرەو قۆناغی پاشەکشە لە دیموکراسی هەنگاو دەنێت یاخود ڕەوتی بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنی تورکیا، ئامانج و ئەولەویەتی هێزە براوەکانی هەڵبژاردن دەبێت؟!
بەشێوەیەکی گشتی لە دید و تێڕوانینی هاوڵاتیانی تورکیاوە دەتوانین دەرك بەو ڕاستییە بکەین، کە دڵنیاییدان لەسەر پراکتیزەکردنی دیموکراسی و جێبەجێکردنی بنەماکانی، خواستی زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەیە و کارکردن لەژێر سایەی ئەو ڕەوتەدا زامنی سەرکەوتن بۆ ئەو پارتە سیاسییانە دەکات، کە دەتوانن پڕۆژەی چارەسەری قەیرانەکان پێشکەش بکەن ‌و کاریگەریی ڕاستەقینەیان لەسەر خواستی خەڵک هەبێت(١٩).
هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ئەم ساڵی تورکیا، ئەو واقیعەی نیشانی هێزە دژبەرەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە و تەنانەت هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش دا، کە ترسی لەدەستدانی دیموکراسی ‌و ئەزموونی بیست ساڵەی ڕابردوو، هۆکاری بنچینەیی بوون لە نەگەڕانەوەی زۆرینەی ڕەهای دەنگەدەرانی تورکیا بۆ هێزە بەتەمەنەکانی وڵات و ئەوانەی زیاتر لە سێ دەیە حوکمی ڕاستەوخۆی وڵاتیان بەدەستەوە بوو! دەشێت ڕوودانی گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە کار و دروشمی هێزە سیاسییەکاندا، یارمەتیدەرێکی بەهێز بێت بۆ ڕاکێشانی دەنگی هاوڵاتیان و زاڵبوون بەسەر ئەو شکستە یەک‌لەدواییەکانەی دووچاری هەندێك لە هێزەکان دەبێت، چونکە هەروەکو ئاماژەمان پێدا، دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە نیشانی هەمووانی داوە پابەندبوون بە بنەماکانی دیموکراسییەت و دوورکەوتنەوە لە ڕەگەزپەرستی و شەڕی نەتەوایەتی، زامنی بەدەستهێنانی زۆرینەی ڕەهای دەنگەکانە.

(1). https://www.ysk.gov.tr/tr/tarihce/1510
(2). İntihab-i Mebusan Kanunu 10.Madde.
(3). Mebus Seçimi Kanunu 1.Madde.
(4). Milletvekilleri Seçim Kanunu 1.Madde.
(5). Seçim Hazırlıkları 57.Madde
(6). https://www.ysk.gov.tr/tr/tarihce/1510
(7). https://www.ysk.gov.tr/tr/tarihce/1510
(8). https://www.ysk.gov.tr/tr/tarihce/1510
(9). https://www.ysk.gov.tr/tr/tarihce/1510
(10). https://www.ysk.gov.tr/tr/tarihce/1510
(11). https://www.ysk.gov.tr/tr/tarihce/1510
(12). https://www.mevzuat.gov.tr/mevzuat?MevzuatNo=298&MevzuatTur=1&MevzuatTertip=4
(13). https://www.mevzuat.gov.tr/mevzuat?MevzuatNo=298&MevzuatTur=1&MevzuatTertip=4
(14). https://www.mevzuat.gov.tr/mevzuat?MevzuatNo=298&MevzuatTur=1&MevzuatTertip=4
(15). https://www.mevzuat.gov.tr/mevzuat?MevzuatNo=298&MevzuatTur=1&MevzuatTertip=4
(16). https://www.ysk.gov.tr/tr/onikinci-cumhurbaskani-secimi/3456
(17). https://www.ysk.gov.tr/tr/onikinci-cumhurbaskani-secimi/3456
(18). http://www.cnnturk.com/cumhurbaskanligisecimi/
(19). https://www.gazeteduvar.com.tr/secimler-toplumsal-kutuplasma-ve-oy-verme-davranislari-makale-1615934

Send this to a friend