• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 25, 2023

گاریگەرییە فرە ڕەهەندەکانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لەسەر کوردستان

د. سەردار عەزیز

تورکیا یان ئەردۆگان، یەکێک لە سەختترین و ئاڵۆزترین هەڵبژاردنەکانی بیست ساڵی ڕابوردوی ئەنجامدا. ئەم هەڵبژاردنانە کە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتيی کۆماری لە خۆی دەگرت، لە هەموو دونیادا جێگەی بایەخ بوو. لەم نووسینەدا قسە لە سەر کاریگەرییە زۆرەکانی ئەو هەڵبژاردنە لە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین.
وەک لە ناونیشانەکەدا دیارە هەڵبژاردنەکانی تورکیا و دەرئەنجامەکانی کاریگەريی زۆری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە سەر پانتایی سیاسی باشوری کوردستان هەیە. دەستنیشانکردنی ئەم کاریگەرییانە و ڕاڤەکردنیان بەشێکی زۆری نووسینەکەی بۆ تەرخانکراوە.
کاتێک دەڵێین کاریگەريی زۆر، مەبەستمان لەوەیە کە سیستەمی سیاسی و ئابووری و کولتووری و ئەمنی تورکیا کاریگەريی ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە. ئەم کاریگەرییانە لە سەر هێزەکانی ناو کایەی سیاسی هەرێمی کوردستان لە لایەک و هەروەها لە پانتاییە جوگرافییە جیاوازەکانی کوردستان لە لایەکی تر، بە شێوازی جیاواز دەردەکەوێت. لە هەمانکاتدا تورکیا وەک ناوەندێک کاریگەريی لەسەر زۆر بواری تر هەیە وەک بازاڕ، سیستەمی خۆێندن، ژیانی ڕۆژانە و زۆر بواری تر.
کورد وەک پەراوێزێک بۆ ناوەنديی تورکی بەردەوام دەخرێت و دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە، بە بوونی توانایەکی سنوردار بۆ بەرگریی.
هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەمجارە بەراورد بە جارەکانی تر کاریگەريی زیاتری هەبووە. ئەم کاریگەرییانە تەنها بە دۆخی هەڵبژاردنەکانی ناو تورکیا پەیوەست نییە، بەڵکو بە دۆخی ناوەوەی کوردستانیش پەیوەستە. بەمپێیە کەواتە هەردوو پانتاییەکە لە پەیوەندییەکی سیمبیوتیکدان symbiotic .
پێش ئەوەی بڕۆینە سەر کارگەرییەکان چەند خەسڵەتێکی حکومەتی نوێ و بانگەشەی هەڵبژاردن دەخوێنینەوە, کە بۆ دەستنیشانکردنی کاریگەرییەکان و ڕاڤەکردنیان هاوکارمان دەبێت.

بانگەشەی هەڵبژاردنەکان
بانگەشەی هەڵبژاردن بەگشتی ساتەوەختێکی تایبەتە لە پەیوەندیکردن و نمایش و زەقبونەوەی پرسەکان و دەرکەوتنی یاریکەرەکان و زۆر ڕەهەندی تر(1).
لەم ڕوانگەیەوە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی تورکیا ساتەوەختێکی باشە بۆ تێگەیشتن لە دۆخی سیاسی ناوەوەی تورکیا و نوخبە سیاسییەکەیی و پرسە سەرەکییەکانی وڵات. تورکیا وڵاتێکی تایبەتە و لە دۆخێکی سیاسی تایبەتدا دەژی. بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان تورکیا لە ئێستادا وڵاتێکی ئازاد نییە(2).
وەک جۆری سیستەمی سیاسی تورکیا مۆدێلی دەسەڵاتخوازیی کێبڕکێییە، بەو مانایە هەرچەندە کێبڕکێ هەیە، بەڵام ئازاديی نیيە، لە هەمانکاتدا سیستەمی وڵات دەسەڵاتخوازیی یان ئۆسۆرۆتۆریانە(3).
بانگەشەی ئەم جارە دەرخەری کۆمەڵێک خەسڵەتی تورکیاى ئەمڕۆ بوو. یەکەم خەسڵەت جەمسەرگیرییە(4).
بەمپێیە کۆمەڵگا لەنێوان دوو جەمسەر یان زیاتردا دابەشبووە، کە لەگەڵ یەکتردا لە نەیارێتییەکی درێژخایەندان. جەمسەرگیریی کاتێک ترسناکە لایەک دەتوانێت کەمینەیەکی کەم بەدەستبهێنێت بە بەشەیتانکردنی لایەکەی تر، وەک ئەو دۆخەی ئێستا لە تورکیا هەیە. ئەم جەمسەرگیرییە، وەها دەکات دژایەتی و بە شەیتانکردن ببێتە پێداویستەییەکی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی هەر لایەک. هەرچەندە جەمسەرگیریی کوردی تورکی، ئیسلامی عەلمانی، شاری گەورە بەرامبەر شاری بچوک، یان مۆدێرن بەرامبەر تەقلید بونیان هەیە، بەڵام ئەم جەمسەرگیرییانە بەو جۆرە ئاسان نیيە شوناسیان پێبدەیت، بۆ نموونە هەموو جەمسەرەکان دەستکەوت و سزای ئابووریی هەیە. ئەمەش هۆکارێک بوو کە هەرچەندە هاوپەیمانی میللەت بە سەرکردایەتيی کەمال کلیچدارئۆغلۆ وەهای دەبینی کە ئابوری کۆکەرەوەی هەمووانە، بەڵام دەرکەوت ئابووریيش لە هەناوی ئەم پرۆسەی جەمسەرگیرییەدا بەڕێوەدەچێت. خەڵکی دەنگدەری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بڕوایان نیيە بەوەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، کە پارتێکی عەلمانی ئەتاتورکییە، دەتوانێت باشکەری ئابووری بێت، یان ئەگەر باشکەریشی بێت ئەوان لێی سودمەند نابن.
بە هەر لۆجیکێک بوایە دەبوو پرسی ئابووری و داڕمانی نرخی دراوی وڵات و سەختی ژیان بڕیاردەری سەرەکی بوایە، چونکە کاریگەريی لە سەر زۆرینەی زۆری هاوڵاتیانی تورکیا هەیە. چاودێرێکی سیاسی کە لە ئیستەنبول دەژی ئاماژەی بەوەداوە ئەگەر داهاتت بە لیرەی تورکی بێت لە هەموو سەردانێکی بازاڕدا هەست بە جیاوازی نرخەکان دەکەیت. ئەم دۆخە وەهای لە جەهەپە کرد ئاڕاستەی ئابووری و ژیانی خەڵکی هەڵبژێرێت. ئەمەش لە سیمبولی پیاز (سۆغان)ەکەی دەستی کەمال کلیچدارئۆغڵودا بەرجەستە بوو.(5).
کەمال کلیچدارئۆغلۆ کە بە پیشە ژمێریارە, باش لە نرخی کەلوپەل و کاریگەرییانى دەزانی، بەڵام ئەوەی نەیدەزانی کاریگەريی یادەوەریی و جۆری تێگەیشتن (پریسێپشن) و هەروەها مێژووی حکومەتی هاوپەیمانيیە لە تورکیا. لە بەرامبەردا ئەردۆگان جەختی لە سەر دەستکەوتی گەورەی وەک بنکەی ئەتۆمی و دۆزینەوەی نەوت و غاز و دروستکردنی چەک و تەقەمەنی سەربازیی و ئۆتۆمبیل دەکردەوە. بانگەشەی ئەو زیاتر جەختکردنەوە بوو لە گەورەیی و پێگەی تورکیا لە دونیادا، کە بە سەدەی تورکی دایدەنێن(6). بانگەشەی هەردوولا بە سیمبول سیخناخ بوو. دەکرێت بوترێت زمانی سیمبول لە سیاسەتی تورکیدا زمانی باڵایە. سیمبول هەوڵێکە بۆ گەیاندنی پەیامێکی نیمچە ناڕوون بۆ ئەوانیتر. بۆ نموونە بەندکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش لە ئەدرنە، سیمبولی دوورخستنەوەیەتی لە ناوچە کوردستانییەکان, یان بە مزگەوتکردنی ئایاسۆفیا کردەیەکی سیمبولییە.
هەردوو گوتاری بانگەشەکە دەرخەری دوو جۆر لە سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی تورکیا بوون. سیاسەتی بەرەی میللەت یان کلیچدارئۆغلۆ زیاتر جەختکردنەوە بوو لەسەر ناوخۆ، ئابوری، ژیانی ڕۆژانە. ئەمەش لە ئەنجامدا دەبووە مایەی جۆرێکی زۆر جیاواز لە سیاسەتی دەرەوەی تورکی. بە کورتی دەتوانین بڵێین گەڕانەوەی تورکیا بۆ سیاسەتی تەقلیدی تورکی، کە بەگشتی یانی بوونی تورکیا وەک وڵاتێکی ناو سیستەمی ڕۆژئاوایی. نەک بینینی تورکیا وەک وڵاتێکی چالاکی هەرێمی کە بەرەی ئەردۆگان بانگەشەیان بۆ دەکرد. کلیچدارئۆغلۆ بە دوای پارە و هاوکاریی و نزیکبونەوە لە ڕۆژئاوا دەگەڕا. بە پێچەوانەوە ئەردۆگان خۆی لە ڕۆژئاوا بە دوور دەگرێت و پارە لە شوێنی تر دەبێت، لە سەرووی هەموویانەوە وڵاتانی کەنداو. وەک ڕووداوەکانی پاش هەڵبژاردن دەریانخست پەیوەندی تورکیا و کەنداو لە هەمووان خێراتر بەرەو پێشەوە دەڕوات.

هەڵبژاردنەکانی تورکیا و دەرئەنجامەکانی کاریگەريی زۆری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە سەر پانتایی سیاسی باشوری کوردستان هەیە.

تورکیا و کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی لە زۆر بواری جیاوازدا گرێبەستێکی پەنجا بلیون دۆلارییان واژۆکردووە(7).
لە هەمانکاتدا پەیوەنديی نیوان تورکیا و ئیمارات بە هەمان شێوە بە خێرایی پەرەدەسێنێت(8).
خواستی بینینی ڕۆڵێکی هەرێمی لەلایەن تورکیاوە زادەی تێگەیشتنێکی جیاوازە بۆ پێگەی تورکیا لە ناوچەکە و دونیادا. تورکیا وەها دەبینێت کە ڕۆژئاوا لە لاوازبوندایە، بۆیە دەیەوێت تەنيا بە ڕۆژئاواوە وابەستە نەبێت. لە هەمانکاتدا وەک بەشێک لە سیاسەتی ناوەوەی بەرەی ئەردۆگان دەیانەوێت دژە ڕۆژئاوایی بە تایبەت لە بواری کولتووردا بکەنە یەکێک لە بنەماکانی فەرمانڕەواییان، چونکە لە ناوەوە لەگەڵ بەرەی نەیاریاندا، سودی لێدەبینن, هەروەها لە دژایەتیکردنی گوتاری ڕۆژئاوایی لە بواری دیموکراسی و مافی مرۆڤ و بوارەکانی تریش سەرمایەگوزاری لە سەر دەکەن. بەمپێیە لەم ڕێگایەوە شەڕی رۆژئاوایی دۆستەکان لە ناوەوە و ڕۆژئاواییەکان لە دەرەوە دەکات.
لە میانەی پەیوەنديی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەمانای هەوڵی کاریگەریی و ڕۆڵ و دەستوەردانی زیاتر دێت.
دروشم و ڕووداوەکانی کاتی بانگەشە و پاشان دەرچوونی ئەردۆگان وەک سەرۆک کۆمار، دەرخەری ئەوەن کە ئەردۆگان بەردەوام دەبێت لە سەر سیاسەتی هەرێمی تورکیا, بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ئابوریی و دارایی.
ئەردۆگان سیاسەت و ئابوری تێکەڵ دەکات. هەروەها بانگەشەی هەڵبژاردنەکان پێیگوتین کە بەرەی ئۆپۆزسیون وەک نزیک لە ڕۆژئاوا دەبینرێن, ئەمەش حکومەت وەها لێدەکات زیاتر پێداگری لە دژایەتی ڕۆژئاوا بکات بەتایبەتی لە ئاستی گوتاردا.

کابینە نوێی حکومەت
دەستنیشانکردنی کابینەکە لە لایەن ئەردۆگانەوە، دیسانەوە بووە مایەی سەرنج(9).
ئەردۆگان جگە لە وەزیری تەندروستی و وەزیری کولتوور و گەشتوگوزار سەرجەم وەزیرەکانی گۆڕی. دەکرێت بەگشتی گۆڕین و دانانی وەزیرەکان بە سەر دوو بەرەدا دابەش بکەین، یەکەم ئابوری، دووەم، سیاسی. لە ناو بەرەی سیاسیدا گۆڕینی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری کە بە میت ناسراوە، لە هەموان جێگای سەرنجتربوو. هاکان فیدان، لە دە ساڵی ڕابردوودا لە هەموو دانیشتنە دەرەکیيەکانی دەوڵەتی تورکیادا بوونی هەبووە، بەڵام بەبێ قسەکردن. بەو مانایە بێئاگا نیيە لە بوارەکە. ئەمەش وای کردووە کە بە وەزیری دەرەوەی سێبەر ناوببرێت(10).
بەڵام هێنانی بەرپرسی دەزگای هەواڵگری بۆ دیپلۆماسی, ئاماژەیە بۆ تێکەڵبوون و تێکهەڵکێشی ئەم دوو بوارە. هەروەها هاکان ئەزموونی سەربازیشی هەیە. بۆیە سیخوڕی لەگەڵ سەربازی و دیپلۆماسی سێکوچکەی پیرۆزی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا پێکدەهێنێت, بەتایبەتی بەرامبەر وڵاتانی دەوروبەری تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕوسیا. شایانی باسە هاکان وەک لە نامەی ماستەرەکەیدا ئاماژەی پێدەدات، پەیوەندییەکی قووڵ لەنێوان دەزگای هەواڵگری و دیپلۆماسیدا دەبینێتەوە(11).
بایەخدانی ئەردۆگان بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر ڕوونە، چونکە ئەو پارەی بێ مەرجی دەوێت، بە تایبەت مەرجی سیاسی و دیموکراسی. هەردوو سعودیە و ئیمارات زۆر لێی نزیکدەبنەوە، قەتەر لە ئاستێکی قووڵدا لەگەڵ تورکیادا هاوئاهەنگە.
بەڵام بە دیدی من ئەردۆگان لە دەستنیشانکردنی کابینەکەیدا زیاتر نزیکێتی و باوەڕپێکردنی بەلاوە گرنگ بووە. ئەمەش لە جێگرەوەکەی هاکاندا دەیبینین. دانانی ئیبراهیم کاڵن بە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری درێژەپێدانی ئەو دیاردەیەیە کە ئەردۆگان پاش هەوڵی کودەتاکە دەستیپێکرد, کە چۆن دەزگای هەواڵگری لە لایەن کەسێکی نزیک لە خۆی بەڕێوەبچێت(12).
دیارە مانەوە و سەلامەتی سەرۆک لە سەرووی هەموو ئەجینداکانەوەیە. پاشان لە پەیوەست بە دیپلۆماسیەت و سیخوری و سەربازی چەند ئاماژەیەکی تر دەبینین. گۆڕینی وەزیری بەرگریی بە کەسێکی هاوشێوەی خلوسی ئاکار بەڵام بێ کاریزما، بە ناوی یەشار گویلەر(13)، دەرخەری دوو خەسڵەتە، یەکەم، لاوازکردن و کۆنترۆڵکردنی دەزگای سەربازیی، کە مێژوویەکی تایبەتی لە مێژوی سیاسی تورکیادا هەیە، دووەم جەختکردنەوەیە لە سەر کەسێک کە ڕاستەوخۆ بەشێک بووە لە هێرشەکانی سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان.
لێرەدا دەتوانین قسە لە سەر سێ کەسایەتی و سێ خەسڵەتی سیاسەتی هەرێمی و سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بکەین، ئەوانیش سیخوڕی، دیپلۆماسی و سەربازییە. هەریەک لەم سێ دەزگا گرنگە لە دەستی کەسانی وەفاداردابن بۆ ئەردۆگان. کەواتە ئەردۆگان نەک ئامانجی دڵنیایی بوون، بەڵکو گوێڕایەڵبوونی مسۆگەرکردووە. دوورخستنەوەی کەسانی وەک سولەیمان سۆیلۆ و خلوسی ئاکار بۆ پەرلەمان، دەرخەری ئەوەیە کە خەڵکی توند و سەربەگۆبەندی لە خۆی دوور خستەوە. هەروەها زەمینەسازییە بۆ قۆناغی گواستنەوە کە دەبێت قۆناغێکی بێکێشە بێت.
سەرباری کەرتی ئاسایشی، بوارێک بۆ بازاڕ و بەتایبەتی بۆ ڕۆژئاوا گرنگە ئابوریی بوو. هێنانەوەی محەمەد شیمشەک لەگەڵ دانانی حەفیزە ئەرکان بە سەرۆکی بانکی ناوەنديی بۆ ناردنی پەیامی عەقڵانی بوونی ئابوورییە, بەڵام شارەزایان گومانیان لە هەنگاوێکی وەها هەیە، وەک بیرمەندی گەورەی ئەرمەنی دارون ئاچەمئۆغلۆ لەم زنجیرە تویتەدا ئاماژەی پێداوە(14).
ئەم ڕەهەندە کەمتر بە هەرێمەوە پەیوەستە, بەڵام لەوەدا بە بایەخە کە ئەردۆگان دوانەی ئاسایش و ئابووری، کۆڵەکەی سەرەکی حکومەتەکەین. ئەم دوانەیە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا پیادە دەکات, بەڵام پێکەوە گرێدانی ئەم دووانە، وەها دەکات کە هەردوو کەرتی ئابووری و ئاسایشیش مسۆگەرکردنیان ئەستەم بێت.

ئەردۆگان وەک سیمبول
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، جۆرێکە لە ئەڤاتار. بەو مانایە لای هەوادارانی وەک کەسێکی بان-مرۆیی و سەروو ئاساییە. زۆر لە کاریزما زیاترە. پاشخانی ئەوە لەوێوە دێت کە کۆمەڵگای تورکی بە دەرکەوتە جیاوازەکانیەوە لەژێر فشارێکی زۆری مۆدێرنەدایە، چ لە ئاستی باوەڕ، پەیوەندی، خێزان، ئابووری، بەشاربوون و بەهاکان. وەک زۆر کۆمەڵگای تر، کۆمەڵگای تورکی بەسەر ئەوانەی باوەشیان بۆ مۆدێرنە کردوەتەوە پەرتە, ئەوانەی کە دەیانەوێت خۆیانی لێبپارێزن یان هێندە بە خێرایی ژیانیان نەگۆڕن, بەڵام سەرباری ئەمە، ڕێژەی تەڵاق و جۆری خێزان و پەیوەنديی تاکەکان و خواستی مافەکان گۆڕانکاریی زۆریان بەسەردا هاتووە، کە لە دەرئەنجامدا ترسێکی زۆری لای بەرەی پارێزەری لە هەناو کۆمەڵگای تورکیدا دروستکردووە.
ئەردۆگان وەها دەبینرێت کە بەرجەرستەکەری ئەو کەسایەتییەیە کە گەندەڵ نەبووە. لێرەدا گەندەڵ بە مانای دارایی نیيە بە تەنيا, بەڵکو بەمانای بەها و ڕەفتاریش دێت، وەک پرۆفیسۆر حەمید بۆز ئەرسەلان جەختی لێدەکردەوە, لای ئەم جەماوەرە ئەردۆگان کەسێکە لەگەڵیان ماوەتەوە، بەرگرییان لێدەکات. لەم ڕوانگەیەوەیە، ئەردۆگان دەیەوێت دەستووری وڵات بگۆڕێت و زیاتر پارێزەری بکات.
ئەم ڕوانگەیە زەمینەی بۆ ئەردۆگان سازاندووە, هەتا بتوانێت هەردوو ناسیونالیزم و ئایين تێکەڵ بکات، کە بە دڵی جەماوەری نیشتەجێبووی ئەناتۆلیایە.
ئەم دۆخەی ئەردۆگان وەک کەسایەتیەکی سەرو-ئاسایی لە هەرێمی کوردستان کاریگەريی زۆری لەسەر ئیسلامی سیاسی هەیە. وەک ئەبوبەکر عەلی کەسایەتی دیاری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی ئاماژەی پێداوە، بوونی ئەردۆگان وەک پشتیوانییەکی مەعنەوی گەورەیە بۆ پرۆژەی ئیسلامی سیاسی لە هەرێم. ئەم دۆخی وابەستیەییە کە مایەی جەمسەرگیرییە لەناو کایەی سیاسی کوردستاندا.

سیستەمی سیاسی و ئابووری و کولتووری و ئەمنی تورکیا کاریگەريی ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە. ئەم کاریگەرییانە لە سەر هێزەکانی ناو کایەی سیاسی هەرێمی کوردستان لە لایەک و هەروەها لە پانتاییە جوگرافییە جیاوازەکانی کوردستان لە لایەکی تر، بە شێوازی جیاواز دەردەکەوێت.

کاریگەریی ئاسایشی
چەمکی ئاسایشاندن، یان securitization لە ئاستی پیادەکردن و ئاستی ڕاڤەکردنی سیاسەتی هەرێمی تورکیا چەمکێکی سەرەکیيە, بەتایبەتی بەرامبەر کورد و هەرێمی کوردستان. بەگشتی ئاسایشاندن چەند کاراکتەرێک لە خۆی دەگرێت:
یەکەم: کاراکتەری ئاسایشاندن، دەکرێت حکومەت بێت، یان نوخبەی سیاسی یان سەربازی یان کۆمەڵگای مەدەنی. بەمپێیە کەسێک یان لایەنێک یان گروپێک هەیە بڕیاردەدات کە پرسێک، گروپێک یان خەڵکێک بخاتە دۆخی ئاسایشاندنەوە، کە بەگشتی دەربڕینێکی زمانەوانییە(15).
دووەم: خەسڵەت ئاسایشاندراوە، بە هەمان شێوە دەکرێت خەڵکێک گروپێک یان دەوڵەت بێت، کە وەها دەبینرێت لە دۆخی مەترسی ئاسایشی یان مان و نەماندان.
لەم دۆخەدا زەمینە بۆ پەنابردنە بەر ڕێگا و شێواز و ئامرازی توند یان ئەوپەڕی توند دەسازێنێت، بەبێ ڕێگەدان بە هیچ گومانێک یان ڕەخنەیەک لە کردارەکە(16). ئەم میتۆدی ئاسایشاندنە، ساڵانێکی زۆرە میتۆدی سەرەکی مامەڵەی تورکیایە لەگەڵ کورددا(17)، بەڵام ئەگەری هەیە بە شێوازێکی چڕتر بەردەوام بێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی سلێمانی و شەنگال. ئێستا دەتوانین بڵێین سلێمانی و شەنگال ناوچەی عورفی-فرە-ئەکتەری ئەمنین. بەو مانایە ڕێگا بۆ ئەکتەرە ئەمنییە خاوەن ئەجیندا جیاوازەکان هەیە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەریەک بکەون. تورکیا یەکێکە لەو ئەکتەرانە و ئامرازی کۆن و نوێی زۆرە. تورکیا بەهۆی گەشەی تەکنەلۆجییەوە، توانای چاودێری، بەدەستهێنانی زانیاری، درۆن و بە ئامانجگرتنی کەسەکان، هەبوونی تۆڕی ئەنجامدانی کرداری ئەمنی، کە دەزگای میتی تورکی بە تۆڕی تری لۆکاڵی و نێودەوڵەتی سپاردوە(18).
وەک مامۆستای زانکۆ و شارەزای کاروباری عێراق سەرحەت ئێرکمان پێیگوتم، ئەم سیاسەتی سودبینین لە دۆخەکە و هەوڵدان بۆ درێژەپێدانی لەلایەن حکومەتی نوێی تورکیيەوە بەردەوام دەبێت. سەرحەت لە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)وە نزیکە.
هەڵکشانی بەرەی فاشیستی تورکی دەرخەریی کۆمەڵێک گۆڕانکارییە، کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە کورد و کوردستانەوە هەیە. یەکێک لە هۆکارەکانی توندتربوونی فاشیزم دەرکەوتنی کوردە، بەجۆرێک لەنێوان فاشیزمی تورکی و کورددا هاوکێشەیەکی سفری هەیە. ئەمەش پاشخانی ئەو دەربڕینەی جەیسم جێفرییە(19) کە دەڵێت ئەگەری ڕودانی هەمان جۆرە ڕووداوی ١٩٩٣ ڕواندا لە تورکیا هەیە.
چ بۆ ڕازیکردنیان وەک جەماوەرێکی بەرفراوان، یان لە ئەنجامی فشاریاندا، چاوەڕوان دەکرێت ئەردۆگان لە بەرامبەر کورددا، لە هەر سێ پارچەی کوردستان توندبێت. هەرچەندە بارین کایۆئۆغلۆ، مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، وەهای دەبینێت ئەردۆگان ناچێتە ژێر فشاری کەسایەتییە تورکە توندڕەوەکانەوە.

تورکیا و عێراق
وەک ڕوونە تورکیا و عێراق لە چەندین ئاستی جیاوازدا پەیوەندی و کێشەیان هەیە. وەک لە لێکۆڵینەوەیەدا لەسەر ئەم بوارە ئاماژەم پێداوە، پەیوەنديی نێوان تورکیا و عێراق، هەمیشە بە نیمچەیی دەمێنێتەوە(20) پەیوەنديی نێوان ئەم دوو وڵاتە، خەسڵەتی تایفیی، ئاسایشیی، هەرێمایەتی و قەیرانی ئاوی هەیە. ئەوەی لێرەدا جێگای بایەخە، ئایا پەیوەنديی تورکیا بە عێراقەوە چۆن کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت؟ بە پوختی ئاماژە بە دوو بوار دەدەم، کە ئەوانیش نەوت و ئاون.
لە ڕابوردودا تورکیا بەهۆی نەبوونی توانای دروستکردنی پەیوەنديی لەگەڵ حکومەتی شیعەی بەغداد، پەنای بۆ هەرێمی کوردستان هێنا. ئەم واقیعە، وەک پاشخانێک، دۆخێکی وەهای دروستکردوە هەمیشە ئەو پرسیارە بکرێت ئایا تورکیا ئەگەر پەیوەنديی لەگەڵ بەغداد باشبوو، ئەوا لەگەڵ هەرێمدا خراپ دەبێت؟! هەروەها بە پێچەوانەوە؟ دیارە وەک مێژوو پێمان دەڵێت، پێچەوانەکەی ڕاستە, بەڵام مەرج نیيە باشبوونی پەیوەنديی نێوان عێراق و تورکیا ببێتە هۆی خراپبوونی پەیوەنديی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان. سەرباری ئەمە نابێت عێراق وەک فاکتەرێک لە پەیوەندییەکەدا لە بەرچاو نەگرین, بەڵام ئاڵۆزییەکە لەوەدایە عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەریی نیيە، بەڵکو بە ناڕاستەوخۆ یان بگرە بە ڕاستەوخۆ لە لایەن ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت. ئێران و تورکیا، وەک دوو وڵاتی خاوەن کولتووری ئیمپراتۆریی، دەکرێت خۆیان لەنێوان خۆیاندا بێ کێشەبن، بەڵام لە جێگاکانی تر ململانێ و کێبڕکێ بکەن، وەک عێراق و سوریا بۆ نموونە، بەم میتۆدە دەڵێن، کۆمپارتمێنتەلایزەیشن.

هەرچەندە وەک جۆری سیستەمی سیاسی تورکیا مۆدێلی دەسەڵاتخوازیی کێبڕکێییە. بەڵام بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە ئێستادا وڵاتێکی ئازاد نییە.

بەمپێیە تورکیا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ عێراقێکدا دەستبەرداری هەرێم نابێت، کە کاریگەریى دانان و پەیوەنديی لەگەڵیدا بۆ تورکیا ئێجگار سنوردارە. تورکیا لە بواری بازرگانی، کاری کۆمپانیاکانی، ئاسایش، کاریگەریى دانان لە سەر عێراق، سودبینین لە سەرچاوەی وزە و زۆر بواری تر سوود لە هەرێم وەردەگرێت, بەڵام عێراق نە دەیەوێت نە پێیدەکرێت هەموو ئەم سوودانە بە تورکیا بگەیەنێت. نەوت و لە داهاتوودا غاز بە سودی تورکیا بووە، هەرچەندە دۆڕانی تورکیا لە دادگای ناوبژیوانی پاریس وەها دەبینرا لەم بوارەدا کۆتایی ڕۆڵی تورکیا بێت، بەڵام تورکیا ئێستا هاوکێشەکەی پێچەوانە کردووەتەوە، بەوەی سەرباری دۆڕانی عێراق, ناچارە لە دەرگاکانی بدات, چونکە بواری تر بەتایبەتی ئاو، دەوڵەتی عێراق زۆر ئاسان بە چۆکدا دەهێنێت(21).
پرسی ئاو ئاڵۆزترە. لە شەستەکانەوە تورکیا دەستی بە کۆمەڵێک بەنداوی گەورە کرد بە ناوی گاپ, کە کورتکراوەی ناوی پرۆژەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیایە. ئەم پرۆژانە لەناو تورکیادا کۆمەڵێک ئامانجیان هەیە, کە ڕاستەوخۆ بە کوردەوە وابەستەیە، لەوانە پڕکردنی دۆڵ و نشێو بە ئاو بۆ دروستکردنی بەربەست بەرامبەر جووڵە، هەروەها نغرۆکردنی زۆر شوێن لە پێناوی سڕینەوەی یادەوەری, بۆ نموونە حەسەن کێف. ئەم ڕەهەندی سڕینەوەی یادەوەریی و کۆنترۆڵکردنەی چەکدارانی کورد, تەنانەت لە لایەن میدیاکانی حکومەتیشەوە دانی پێدا دەنرێت.
ڕەهەندێکی تری گلدانەوەی ئاو دروستکردنی پرۆژەکان گۆڕینی باکووری کوردستانە بۆ جێگایەک کە ببێت بە سەبەتەی خۆراکی تورکیا. بەمجۆرە تورکیا لەنێوان بەشی ڕۆژئاوای پیشەسازی و بەشی ڕۆژهەڵاتی کشتوکاڵیدا بەش دەبێت, کە ڕەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەبێت, بەڵام لە پەیوەست بە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، توانای تورکیا بۆ دروستکردنی بەنداوی گەورە و ژمارەی زۆر، تورکیا لە ئەنجامدا بوو بە وڵاتێک کە توانای کۆنترۆڵکردنی ڕوبارەکانی هەیە. ئەم توانای کۆنترۆڵکردنە نوێیە, لە ئەنجامدا تورکیا هەوڵدەدات وەک چەکێک لە پەیوەنديی هەرێمایەتی و جیوپۆلەتیکیدا بەکاریبهێنێت، بە تایبەت لەگەڵ سوریا و عێراقدا.
بەڵام ڕەهەندی ترسناکی ئاو، تەنيا بەکاربردنی وەک ئامرازێکی سیاسی یان جیوپۆلەتیکی نیيە, بەڵکو ڕەهەندە ژینگەیی و کۆمەڵایەتیيەکەیەتی. کۆمەڵگای عێراق لە باشور زۆر بە خێرایی زیاد دەکات و بە شاریی دەبێت، ئەم دوو فاکتەرە هۆکاری گەورە دەبن هەتا لە داهاتوودا عێراق پێویستی بە ئاوی زیاتر بێت.
لە هەمانکاتدا کێشەی دابەشکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاودا لە کولتوورێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئاو وەک بێنرخ یان ناکۆتا مامەڵە دەکات. تورکەکان هەمیشە دوو ڕەخنەیان هەیە، یەکەم: بۆ لە گرتنەوەی ئاودا کەس باسی ئێران ناکات؟ دووەم: مامەڵەی عێراقییەکان لەگەڵ ئاودا نەگونجاوە. لە میانەی چەند دیدارێکدا لەگەڵ لایەنی تورکی، کاتێک ئەندامبووم لە لیژنەیەکی هاوبەش کە لەلایەن ڕێکخراوی سی ئێم ئای فینلەندییەوە بەڕێوەدەبرا، گلەیی وگازندەکانی تورک زۆر ڕوون بوون، هەروەها وەک بیانوو بۆ پێنەدانی ئاوی زیاتر بە عێراق بەکاردەهات. وەها دیارە عێراقییەکان لە واقیعە نوێیەکە تێناگەن. کێشەی ئاو لە چەند ئاستێکدا کاریگەريی لەسەر عێراق دەبێت، وەک ژینگە، پرسی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئاسایشی خۆراک و زۆر بواری تر. هەموو ئەمانە کاریگەريی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لە سەر کوردستان دەبێت.

گۆڕینی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری کە بە میت ناسراوە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا سەرنجڕاکێشترین بڕیار بوو، هاکان فیدان لە سەردەمی سەرۆکایەتی میت-یشدا وەک وەزیری دەرەوەی سێبەر ناوبراوە.

کۆتایی
هەڵبژاردنەکان گەرچی لە ناوەوەی تورکیا گۆڕانکارییان لە کەس و نوخبەی فەرمانڕەوادا دروستنەکرد، بەڵام کاریگەريی زۆریان لە سەر هەرێمی کوردستان هەیە. تورکیا پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ کوردستانی عێراقدا هەیە, بەجۆرێک کوردستان یەکەیەکی تەواو دەرەکی نیيە بۆ تورکیا، لە هەمانکاتیشدا تەواو ناوەکی نیيە. ئەم دۆخە تایبەتە وەها دەکات هەرێمی کوردستان دۆخێکی تایبەتی بە تورکیاوە هەبێت. ئەم دۆخی ناوەکیبوون و دەرەکیبوونە لەم ساڵانەی سەردەمی پارتی داد و گەشەپێداندا زیاتر قوڵبووەتەوە، بەجۆرێک کە تێکەڵاوبوونی ئەم دوولایە چەندین ڕەهەند و لایەنی نوێی وەرگرتووە. تورکیا لە کوردستان ئەکتەرێکی ئاسایشی و سیاسییە. لەڕێگەی گەشەی تەکنەلۆجی سەربازییەوە توانای جوڵە و چاودێری و کاریگەريی زیاتر بووە. هەروەها پارتی داد و گەشەپێدان پەیوەنديی ئایدۆلۆژی و مۆدێل و حیزبایەتیشی زیاتر کردووە.
جگە لە ڕەهەندی پرسی کورد و ئایين، پەیوەنديی تورکیا بە هەرێمی کوردستانەوە ڕەهەندی عێراقی و هەرێمیشی هەیە، بەتایبەتی ئێران. ئەم دۆخە وەها دیارە زیاتر بە ڕامان لە کەسایەتیيەکانی کابینەی نوێ و گرێدانی هەر سێ ڕەهەندی هەواڵگری، دیپلۆماسی و سەربازی چڕ دەبێتەوە.
لە کاتێکدا تورکیا لە عێراقدا دەیەوێت کاریگەر و سوودمەندبێت, بەڵام ناتوانێت دەستبەرداری کۆمەڵێک ئەجیندابێت لەوانە: تایفیەت، پەکەکە، وزە، لەگەڵ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بازاڕەکانی وڵاتانی کەنداو. لە داهاتوودا ئابووری و ئاسایش فاکتەری سەرەکی دەبن لە پەیوەندییەکەدا، بەڵام ئەم دوو فاکتەرە ناتوانن لە دەرەوەی فاکتەرە هەرێمی و ناوخۆیی و کەسییەکان بن.

سەرچاوەکان
1.https://link.springer.com/cher/10.1007/978-3-658-36179-2_27
2.https://freedomhouse.org/country/turkey/freedom-world/2022
3.https://www.democratic-erosion.com/2022/12/31/competitive-authoritarianism-in-turkey
4.https://www.gmfus.org/news/importance-mitigating-polarization-turkey
5.https://www.duvarenglish.com/in-new-video-kilicdaroglu-criticizes-rising-cost-of-living-news-62178
6.https://www.lrb.co.uk/the-paper/v45/n11/tom-stevenson/one-more-term
7.https://www.al-monitor.com/originals/2023/06/saudi-aramcos-50-billion-deal-turkey-seeks-less-dependency-west
8.https://www.khaleejtimes.com/uae/sheikh-mohamed-erdogan-hail-progress-in-uae-turkey-relations
9.https://edition.cnn.com/2023/05/31/middleeast/turkey-erdogan-take-back-istanbul-mime-intl/index.html
10.https://www.hurriyet.com.tr/yazarlar/abdulkadir-selvi/kabine-degisikligini-nasil-okumali-278713
11.https://repository.bilkent.edu.tr/server/api/core/bitstreams/175b39d3-23a8-4668-829f-9ba6acfe15fb/content
12.https://www.intelligenceonline.com/government-intelligence/2023/06/12/erdogan-tightens-grip-on-mit-with-appointment-of-kalin,109992712-art
13.https://www.tccb.gov.tr/en/cabinet/minister-of-national-defense#:~:text=Yaşar%20Güler%20was%20born%20in,of%201975%20and%201984%2C%20Mr
14.https://twitter.com/DAcemogluMIT/status/1669711684771151872
15.https://onlinelibrary.wiley.com/doi/abs/10.1111/dome.12099
16.https://www.researchgate.net/publication/263657031_SECURITIZATION_OF_KURDISH QUESTION_IN_TURKEY
17.https://onlinelibrary.wiley.com/doi/abs/10.1111/dome.12099
18.https://www.awene.com/detail?article=8859
19.https://www.wilsoncenter.org/article/handling-turkey-west-relations-after-erdogans-election-victory-engage-understand-overcome?utm_campaign=mep&utm_source=update&utm_medium=email&emci=d72a45ea-4b09-ee11-907c-00224832eb73&emdi=90678bd0-e109-ee11-907c-00224832eb73&ceid=69201
20.https://epc.ae/en/details/featured/why-turkey-iraq-relations-are-destined-to-remain-limited
21.https://www.iraqoilreport.com/news/iraq-turkey-talks-begin-over-pipeline-but-no-signs-of-progress-45820/

Send this to a friend