• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 14, 2024

ئێزدییەكان دیرۆك و ئایین و دابونەریتیان

د. عەدنان نیلوفەڕی

پێشەكی

ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست لانکی شارستانییەکان و ئایینە جیاوازەکانە و لەم نێوەندەدا جوگرافیای کوردستان یارمەتیدەرە بۆ شرۆڤەکردنی فرەچەشنەی ئایینەکان و بەتایبەتی ئایینی (ئێزدی) کە ئایینێکی دێرین و ڕەسەنی کوردییە، ئێزدییەکان خاوەنی دیرۆکێکی فراوان و جەنجاڵن، لەم بەرکوڵەدا پوختەیەک لە دیرۆک و ئایین و دابونەریتیان دەخەینە پێشچاو.

 

باسی یەکەم: ئایین لە کوردستان

کوردستانی گەورە خاوەنی دەیان ئایین و ئایینزای جۆراوجۆرە، هەر لە زەردەشتی و مانی و جولەکە و کریستیان و سابیئە و دەیانی تر بە ناونیشانە جۆراوجۆرەکانیانەوە، هەروەها موسڵمانی سوننی و شیعی و سۆفی و …… کە هەموویان بەیەکەوە بە درێژایی ڕۆژگار لە سەر ئەم خاکە ژیاون، کوردەکان بە نەوەی (مادەکان) دادەنرێن، ئەو خێڵە ئاریاییانە بوون کە لە هەزارەی دووەمی پێش زاییندا نیشتەجێی باکووری ڕۆژئاوای خاکی ئێران بوون و میرنشینە جیاوازەکانی ماد کە لەگەڵ ئاشوورییەکاندا لە شەڕی بەردەوامدا بوون، لە کۆتایی سەدەی حەوتەمی پێش زایین، مادەکان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر وڵاتی فارسدا سەپاند و لە ساڵی (612) پێش زایین بە هاوکاری بابلییەکان نەبوخزنەسر بە تەواوی کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاشوورییەکان هێنا و لە ساڵی 550 پێش زایین سەرۆکی هۆزێکی فارس بە ناوی (کیرۆس ئەخامینش – کیرۆسی مەزن) دەستی بە سەر میدیادا گرتەوە و کردی بە بەشێک لە ئیمپراتۆری فارس، دواییش بوو بە بەهێزترین دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.(1)

زەردەشتی ئایینی فەرمی ئەخمینی بوو، وا پێدەچێت بە سەر مادەکانیشدا سەپێنرا بیت، بەڵام مادەکان پەرەیان بە ئایینی تایبەتی خۆیان دابوو، کە بیروباوەڕی فریشتەکان بوو، ئەسکەندەری گەورە لە ساڵی (330) پێش زایین، میدیای داگیر کرد و میدیا ئیتر وەک بەشێک لە ئیمپراتۆری یۆنانی کەوتە ژێر کاریگەری قووڵی هێلینیەوە و بیروڕا ئایینییەکانی یۆنان بە سەر دانیشتوانە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچەی وازیان لە بڕوا کۆنەکانی خۆیان نەهێنابوو، سەپێنرا، دواتر ئایینێک بەناوی میتراییزم بە شێوەیەکی خێرا لە ئێران سەری هەڵدا، میترا خودای ڕۆژ بوو، ئەم میتراییزمە لە کوردستاندا سەرکەوتنێکی خێرای بەدەست هێنا، سەرکەوتنێک کە تەنانەت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ پاش هاتنەوەی ئایینی جولەکە و کریستیان جێی خۆی هێشتەوە و کاریگەرییەکەی پاراست.(2)

لە ماوەی ئیمپراتۆری نوێی ئاشووریدا ڕەوەندێکی گەورەی جولەکەکان ئاوارەی کوردستان بوون و لەدواییدا مەسیحیەت دەرکەوت و لە سەدەی پێنجەمدا بزووتنەوەی مەزدەکی سەری هەڵدا و دژ بە بنەماکانی توندی ئایینی زەردەشتی ئیمپراتۆری ساسانی فارسی یاخی بوو، کاتێکیش ئیسلام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو بووەوە، ئیدی زۆرینەی گەلی کورد ئایینی ئیسلامی پەسەند کرد و لە سەدەی 16دا زۆربەی هەرە زۆری کورد بوونە موسڵمان، بەڵام تا ئێستاش زۆر لە دابونەریت و بیروباوەڕەکانی خۆیان پاراستووە و ئەمڕۆ نزیکەی (70%)ی خەڵکی کورد موسڵمانن و (4%)ی ئێزدی و (4%)ی مەسیحین، باسی ئێمە لێرەدا و لەناو ئەم ژمارە زۆرەی ئایینە جیاوازەکانی کوردستاندا توێژینەوەیەکی پوختی ئایینی ئێزدییە.(3)

 

باسی دووەم: ئێزدی یان یەزیدی چییە؟

لەو کتێبانەی کە لە سەدەی شەشەم بەدواوە بڵاوکراونەتەوە زیاتر وشەی (ئێزدیان) بەکارهێناوە، بەڵام لەوەو پێش پێیان وتراوە: (داسنی)، ئەمەش لەوەوە هاتووە کە زەردەشتییەکان بە پەیڕەوکارانی سروشتیان دەوت (دئیوەیسنا) یان (دیوبندە)، کە ئەم ناوەش لە کتێبی (زند ئاڤێستا)دا، هاتووە و لەلای ئێرانییەکان بە مانای (دێو) دێت، بەزمانی ئارامی و سامی بە مانای (شەیدا) هاتووە و واتای (شیدادات) لە (زند ئاڤێستا)دا بە ئەهریمەن دەوترێت، یان پێیان دەوترێت (شەیدا)، چونکە لە کتێبی ئاڤێستادا (شەیدا) (ان)ی چووەتە سەر و بە درێژایی ڕۆژگار لە نێو خەڵکدا بووە بە (شەیدا بندگان)، یان شەیداپەرستان، کە بە پەیڕەوکارانی هێزە سروشتییەکان دەوترا.(4)

(شەیداپەرستان) بڕوایان بە دوو هێز بوو، (هێزی چاکە) و (هێزی شەڕ)، لەبەر ئەوەی کە هێزی شەڕیان زیاتر بەلاوە گرنگ بوو لە جیاتی ئەوەی دژی بوەستن قوربانیان بۆ دەکرد، بۆ ئەم کارەشیان سێ مەبەستیان هەبوو:

  • دوورکەوتنەوە لە خراپەکاری هێزی شەڕ.

2- وەرگرتنی یارمەتی لە کاتی شەڕدا.

  • بێباکانە بەڕووی خەڵکدا هەڵدەشاخان، چونکە ئەوان پەیڕەوکاری هێزی سروشتی بوون و ئەم کارەشیان بە شیاو زانیوە و بەردەوام خۆیان بەهێز دەکرد، لە هەمان کاتدا ئەوان بڕواشیان بە خودای چاکە هەیە و پێی دەڵێن (دیاوس پدر)، ئێستا ئێزدییەکان (داسنی) پێیدەڵێن (مەلەک تاوس). یان (اب تاوس) و (عب طوس)یشی پێ دەڵێن.(5)

سەبارەت بە وشەی (ئێزدی) لەوانەیە لە سەرەتا لە (یزد)، یان (یزدان) وەرگیرابێت، کە لە (یز)ەوە هاتووە، لە سەرچاوە کۆنەکانیشدا بە مانای ستایش و خوداپەرستی دێت، لە زمانی سانسکریتیشدا بە (یچ = یژ) هاتووە، لەویشەوە وشەی (Yazatz) دروست بووە، کە لە ئاڤێستادا بە هەمان خالق، یان پەرستراو دێت، لە زمانی پەهلەوی کۆندا ناوی (یزتە) لە سەرەتادا بە (یزتyazat ) هاتووە، بەڵام دواتر وشەی (دان)ی چووەتە سەر و بووەتە (yazdan) کە دەبێتە (یزتان – یەزدان)، لەبەر ئەوەی کە عەرەبەکان مانای یەزدان نازانن لای ئەوان بووە بە (یەزید)، لەگەڵ ئەوەشدا داسنییەکان دەیبەنەوە سەر (یەزیدی کوڕی معاویە) و بە (یەزیدی) ناویان دەبەن، هەروەک چۆن لە ئێران گروپی (عەلی ئیلاهی) دەبەنەوە سەر ئەهلی حەقە.(6)

 

باسی سێیەم: شوێنی نیشتەجێبوونی ئێزدییەکان

شوێنی سەرەکی نیشتەجێ بوونیان ئێزدییەکان شارەکانی (شێخان، دهۆک، شنگال)ە، سەر بە پارێزگای مووسڵ – نەینەوا لە باشووری کوردستان- عێراق، لە باکووری کوردستان – تورکیاش ڕێژەیەکی زۆری ئێزدی هەن، هەروەها لە ڕۆژئاوای کوردستان– سووریاش ڕێژەیەک ئێزدی تێدایە، هەروەها دێهاتەکانی شاری (عەفرین) هەڵکەوتوو لە ڕۆژئاوای (حەڵەب) زۆربەی دانیشتوانی ئێزدین و لە ناوچە کوردنشینەکانی ڕووسیاش ئێزدی تێدا دەژین، کە پەرش و بڵاوبوونەتەوە بەسەر ناوچەکانی قەوقاز و تەفلیسدا، (جاکسۆن) لە گەشتنامەکەی ساڵی (1903ز)دا، کە بۆ ئاسیای ناوەڕاست ئەنجامی داوە ژمارەی ئێزدییەکانی (داسنی) بە دوانزە هەزار مەزەندە کردووە و ئێستاش ئێزدییەکان بە زۆربەی وڵاتاندا، بەتایبەتی ئەمریکا و ئەوروپادا بڵاوبوونەتەوە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا نزیکەی ملیۆنێک تا ملیۆن و نیوێک ئێزدی هەن، کە زۆربەیان لە باشووری کوردستان و لە ناوچەکانی شنگال و دهۆک و شێخان و مووسڵ دەژین، هەروەها لە ئەرمەنستان و گورجستان ژمارەیەکی بەرچاو هەن، هەندێکیان لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا دەژین، هەندێکیشیان لە دەوروبەری جزیرە و ماردینی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەم ئایینە ئایینێکی تایبەتە بە کوردان، ئەمڕۆکە هەموو ئێزدییەکان کوردن و هەموو کاتێک بە هەست و بیری مێژوویی زیندووی کوردەکان دەژمێردرێن، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە ناڕەوا تۆمەتی لە پەیڕەوانی ئەم ئایینە دەدا بە بیانووی نەبوونی پەرتووکی ئاسمانی و بە ناموسڵمان هەژماری دەکردن و بەم ناوەوە ستەمی لێ دەکردن و دواجاریش لە ساڵی (2014) لەلایەن دەسەڵاتی تیرۆریستی داعشەوە گەورەترین ستەمیان لێ کرا و جینۆساید کران و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە درێژایی چەندین سەدە کوشت و بڕی یەکجار بێ بەزەییانەی لێ کردوون، چونکە تورکەکان وایان بیر دەکردەوە کە هەبوونی کوردانی موسڵمان ئاسانترە بۆ تواندنەوە و بە تورککردن، بەڵام کوردانی ئێزدی ئایینیان وەک بەربەستێک دەبینی بۆ بە تورکبوون، چونکە دەقەکانی ئەو ئایینە هەموو بە کوردی کرمانجی بوون و ئەم ئایینە بە بڕبڕەی پشتی زاراوەی کرمانجی هەژمار دەکرێت، چونکە کۆنترین دەقەکانی زاراوەی کرمانجی لەلایەن ئێزدییەکانەوە نووسراون، کە هەر دوو کتێبی مەسحەف ڕەش و جەلوە بەو زاراوەیە نووسراون.(7)

شێخ ئادی یان شێخ عودەی کوڕی مسافر هەکاری

ئەم کەسایەتییە لە سەدەی شەشەمی کۆچی و لە ساڵی (557ک) کۆچی دوایی کردووە، پیاوێکی زاهید و سۆفیگەر و لە خودا ترس بووە لە شامەوە هاتووە بۆ (شێخان) و دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی ڕێبازی (عەدویە) و توانی ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، ئێزدییەکان ئەم شێخەیان وەکو پیر و مورشیدی خۆیان هەڵبژارد تا وای لێهات کە دوور بکەونەوە لە بەشێک لە بیروباوەڕی کۆنی خۆیان، شێخ ئادی لەدوای مردنی لە پەرستگای (لالش) کە دەکەوێتە نزیک شاری شێخان بە خاک دەسپێردرێت، لەدوای خۆی برازاکەی دەبێتە جێگرەوەی کە ناوی (ئەبولبەرکات)ی کوڕی سەخر بووە و دوای ئەویش عەدی کوڕی ئەبولبەرکات بووەتە ڕابەری ئێزدییەکان، لەدوای ئەویش کوڕەکەی دێت کە ناوی (شێخ حەسەن) بووە و نازناوی (تاج العارفین) بووە، دەڵێن لە سەردەمی شێخ حەسەندا ئێزدییەکان دەسەڵاتی ناوچەیەکی زۆر دەکەن لە کوردستان و بە تایبەت لە هەکاری .(8)

باسی چوارەم: ئەندێشەی ئێزدیایەتی

ئێزدییەکان باوەڕیان بە گوێزرانەوەی گیان لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەیەکی تر هەیە، کە پێی دەڵێن (تەناسوخ: کراس گۆڕینەوە)، ئێزدییەکان بە سەر دوو چینی جیادا دابەش دەبن، چینی موریدەکان و چینی پیاوانی ئایینی، چینی ئایینی بریتین لە شێخ و پیرەکان، پیرەکان کۆنترن لە شێخەکان، لە کۆندا پیرەکان دەسەڵاتی ڕەهای ئایینیان بە دەستەوە بوو، پیرەکانی ئایینی ئێزدی هەمان سیفەتی پیرەکانی ئایینی عەلەوی و زەردەشتی و یارسانییان هەبوو، بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکە ئایینییەکانیان، بەڵام دوای هاتنی ئایینە ئیبراهیمییەکان، چینی شێخەکان لە لایەن شێخ ئادی-یەوە دروست دەکرێت و دەسەڵات ئایینی دەگرنە دەست، هەرچەندە تا ئێستاش پیرەکان ماون، بەڵام دەسەڵاتیان وەک شێخەکان بەهێز نییە و ئێزدییەکان بێجگە لە سەردەمی کۆن، لە سەردەمی نوێشدا چەندین کەسایەتی بەناوبانگیان هەبوون کە لە بزاڤی ڕۆشنبیریی کوردیدا خەباتیان کردووە، وەک ئەوەی کە یەکەمینجار ڕۆمانی کوردی لەلایەن ئێزدییەکانی یەکێتی سۆڤێتەوە دەنووسرێت و (عەرەبێ شەمۆ) و (قەناتێ کورد) و (جاسمێ جەلیل) و(حاجیێ جندی) لە نووسەرە ناودارەکانی کوردانی ئێزدیین.(9)

ڕێبازی فریشتەکان: ئایینی ئێزدی پەیوەندییەکی دووری بە ڕێبازی فریشتەکانەوە هەیە و ئایینێکی تایبەتە بە کوردان، ئەم ئایینە تا ئێستاش بە تەواوی نەناسراوە، ماوەیەکی زۆر نییە ئێزدییەکان دەرگای نهێنییەکانی خۆیان بە ڕووی دونیای دەرەوە کردووەتەوە، خەڵکی دەرەکی دەتوانن چاویان بە دەقە پیرۆزەکانیان بکەوێت و گوێ لە نزا و پەرستشە تایبەتەکانیان بگرن و سەردانی پەرستگاکانی ئەم ئایینە بکەن، بەڵام هێشتا زۆر شتی ئەم ئایینە بە نهێنی ماونەتەوە، ئایینی ئێزدی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بە شێوەیەک لە سۆفیگەری ناسرا بوو، ڕێوڕەسمی تایبەتی سەردانی مەزاری شێخ ئادی (1073 – 1162 )کە هەموو ساڵێک لە هەفتەی دووەمی مانگی تشرینی یەکەم لە لالش ئەنجام دەدرێت لەگەڵ سەفەری حەج و تەوافی مەککە بەراورد کراوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئایینی ئێزدی پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە! و ئێزدییەکان باوەڕیان بەوە هەیە کە خودا (ئەو زاتە پیرۆزەی ئافرێنەری خۆیەتی) و دەسەڵاتی گەردوونی بە دەستەوەیە مەرجانی سپی دروست کردووە و لە سەر پشتی باڵدارێک بە ناوی ئەنقەر دایناوە کە ئەم باڵدارەش دەستکردی خۆیەتی، بەڵام کاتێ باڵدارەکە دەستی بە فڕین کردووە مەرجانەکە لە پشتی باڵدارەکەوە کەوتۆتە سەر زەوی و شکاوە لە یەکشەممەدا کە یەکەم ڕۆژی ئەفراندن بووە، خودێ لە سەردەمی یەکەمدا فریشتەی عیزرائیلی هێناوەتە سەر دونیا، ئەم حەوت فریشتەیە بەرپرسیارێتی ئاوەدانکردنەوەی جیهانی ماددی لە پاشماوەی مەرجانە شکاوەکەیان لەسەر شان بووە، بەم هۆیەوە ڕێبازی فریشتەکان کراوەتە ناونیشانێکی تر بۆیان، ئێزدییەکان ئاگر، خاک، ئاو و هەوایان لە لا پیرۆزە، باوەڕیان بە یەکگرتنێکی پتەو و هەماهەنگ لەگەڵ سروشت هەیە.(10)

پەرستشی ئێزدییەکان:

بەلای ئێزدییەکانەوە مەلەکە تاوس سەرۆکی هەموو فریشتەکانە، ئێزدییەکان بڕوایان بە (تەناسوخ) هەیە و بە بڕوای ئەوان ڕۆح لە دوو بەش پێکهاتووە:

یەکەم: ڕۆحە خراپەکان: کە لە ئاژەڵە دڕندە و زیانبەخشەکانەوە هاتوون و هەمیشە لە ئازار و ناخۆشیدان.

دووەم: ڕۆحە پاکەکان: کە لە ئاسماندا دەفڕن و نهێنی و غەیب لەگەڵ خۆیان دەهێنین تا مرۆڤە زیندووەکان نهێنی و غەیبیات بزانن و ئەم ڕۆحانە بە بەردەوامی لەگەڵ جیهانی غەیب و نەزانراودا لە پەیوەندی نەبڕاوەدان.(11)

 

ئەندێشەی ئێزدییەکان بۆ چاکە و خراپە

ئێزدییەکان بڕوایان بە بوونی خراپە نییە و پێیان وایە چاکە و خراپە لە ژێر دەسەڵاتی خودادان و مرۆڤ بەرپرسی کردارەکانیەتی و خودا دەسەڵاتی بیرکردنەوە و بڕیاردانی پێداوە، لەبەر ئەوەی باوەڕیان بە گوێزرانەوەی گیان لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەیەکی تر هەیە، واتە: تەناسوخ، کە لەو ڕێگەیەوە دەگاتە ئاستێکی نوێ، بۆیە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت بڕوا بە ئایینەکەیان بهێنێت و پێویستە مرۆڤ بە ئێزدی لە دایک بێت!(12)

 

کتێبە پیرۆزەکانی ئێزدی

ئەوان دوو کتێبیان هەیە، یەکێکیان بە ناوی (جەلوە) و ئەوی تریان بە ناوی (موسحەفا ڕەش)، ئەم کتێبانەش بە زمانی کوردی نووسراوان و لە ساڵی (1895ز) بەدواوە نزیکەی سیانزە جار بە واتا و ناوەڕۆکەوە وەرگێڕدراونەتە سەر چەندین زمانی جیاواز، و دەستنووسی کتێبی (موسحەفا ڕەش) لەم ساڵانەی کۆتاییدا لەلایەن (میر تەحسین بەگ)ی، میری ئێزدییانەوە لە یەکێک لە مۆزەخانەکانی ئەوروپای ڕۆژئاواوە پارێزراوە، ناوەڕۆکی (موسحەفا ڕەش) بریتییە لە هەبوونی خودا و فریشتەکان و چۆنیەتیی ئافراندنی بوونەوەر و ئەرکان و فەرزەکانی ئایینی ئێزدی، هەروەها ئێزدییەکان بە (قەرە فورقان)یش، ناوی دەهێنن، ئێزدییەکان بڕوایان وایە کە ئەم پەڕتوکە ئاسمانییە و بەسروش هاتووەتە خوارەوە بۆ سەر مەلەک فەخرەدین و هەروەها پەڕتووکی (جەلوە) لە دانانی شێخ حەسەنە، کە شەش ساڵ خەڵوەتی کردووە و لەو ماوەیەدا ئەو پەڕتووکەی داناوە، تێیدا باسی چۆنێتی دانانی مەلەک تاوس وەک سەرۆکی فریشتەکان و بابەتەکانی تری ئایینی ئێزدی کراوە و باسەکانی بەشێوەی تێکستی ئەدەبین کە لە شیعر دەچێت و هۆنینەوەی بۆ کردووە، کە پێی دەڵێن: (قەول) و (بەیت) و (قەسیدە) و (دۆعا)، ئەم پەڕتووکە لە سەرەتادا بە زارەکی لەسەر زمانی قەول بێژەکانی وەک: (شێخ فەخر) و (پسێ جەم) و (پیرڕەشی حەیران) و چەندی تر هاتووەتە پاراستن وتەنانەت زۆر لەبابەتەکانی تری ناوی تائێستایش هەر زارەکین و نەنوسراونەتەوە.(13)

باسی پێنجەم: چینەکانی ئێزدی

ئێزدییەکان بە سەر سێ چینی جیادا دابەش دەبن، (پیر) و (شێخ) و (چینی موریدەکان) و هەر چینێک ئیشی تایبەتی خۆیی بە دیاریکراوی هەیە، چینەکان لە ئایینی ئێزدیدا زیاتر پێناسەی کارکردە ئایینییەکان دەکەن و پەیوەندی نێوان چینەکان ئامڕازێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی ئایینەکە و ئەمە پوختەی باسی ئەو سێ چینەیە:

(پیر): ڕێبەری ئایینییە، ئەرکی فێرکردن و بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی ئێزدییایەتییە لەناو کۆمەڵدا، هەر پیرێک کۆمەڵێک موریدی تایبەتیی خۆیی هەیە و ساڵی جارێک بەناویاندا دەگەڕێت بۆ فێرکردن و چارەسەری کێشەوگرفتەکانیان و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان، چینی پیر لە چەند بنەماڵەیەکی سەرەکی پێکهاتوون کەژمارەیان نزیکەی چل بنەماڵە دەبن، وەک بنەماڵەکانی: (پیرهەسن مەمان – پیری شالیار – پیر ڕەشی حەیران – پیری هاجیال – پیرمەهمەدی ڕەشان).

(شێخ): ئەمانیش ڕێبەری ئایینین و لە سێ بنەماڵەی سەرەکی پێکهاتوون کەئەمانەن: (ئادانی – شەمسانی – قاتانی) و هەریەکەیان تایبەتمەندی خۆی هەیە لەڕووی پلەوپایەوە، شیاوی باسە ژن‌وژنخوازی لەنێوان ئەم سێ بنەماڵەیەدا تاوانە، نموونەی بنەماڵەکانی شێخی ئێزدییەکانیش وەک: (شێخادی – شێخ حەسەن – شێشمس – شێخ فەخر – شێخ بەکر – شێخ براهیمی خورستانی).

(مورید(: ئەمانە خەڵکی گشتی و ئاییندارانی سادەی ناو ئێزدییەکانن.(14)

پلە ئایینییەکانی ناو ئێزدییەکان

یەکەم: میر، کەسێکی پارێزراو و بێ لێپرسینەوەیە ونوێنەری شێخ ئادی یە، میری ماوەیەک پێش ئێستایان (میر تەحسین بەگ) بوو، کە لەدوای مردنی باوکی لە کۆتایی مانگی تەممووزی ساڵی (1944ز) بووەتە جێنشین، و دوای مردنی لەساڵی (2018)دا، میر حازمی کوڕی جێگای گرتەوە.

دووەم: بابا شێخ، مەقامی بابا شێخ دەگەڕێتەوە بۆ شێخ فەخرەدین، کاری سەرەکی بریتییە لە قەزاوەتی ئایینی و چاودێریکردن لە پەرستگای لالش و پاراستنی شوێنی نوێژکردن و دیاریکردنی ڕۆژەکانی ڕۆژووگرتن و ژمارەی نوێژەکان و ڕێژەی زەکاتدان و کاری تریشی هەیە، وەکو ڕەخنەگرتن لە شێوازی پەرستشکردنی ئەوانی تر.

سێیەم: شێخی وەزیر، لە توێژی خوێندەوارەکانی ئێزدین و دەبێت لە بنەماڵەی شێخەکانی شەمسانی بێت، واتە: لە بنەماڵەی شێخ شەمسە، شێخی وەزیر پلەوپایەیەکی بڵند و تایبەتی هەیە لە ئایینی ئێزدیدا و یەکێکە لە ئەندامانی جڤاتی ڕۆحانی.

چوارەم: پێشیمامێ مەرگەهێ، ئەمیش لەشێخەکانی شەمسانییە، و لە بنەماڵەی شێخ شەرەفەدینە، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕۆحانییە و هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی بابە شێخیشە.(15)

پێنجەم: فەقیر، ئەمانە لە چینی زاهیدانی ئێزدین، فەقیرەکان پارچەیەک خوری ڕەش دەپۆشن و تا بەتەواوەتی پارچە پارچە نەبێت و نەسوێت لاینابەن، دواییش لە شوێنێک هەڵیدەگرن و لە کاتی مردنیدا بۆ کفنی بەکاری دەهێنن، فەقیرەکان پەتێکی ڕستراوی ئەستوور وەکو ملوانکە لەمل دەکەن لەگەڵ کڵاوێک کە لەسەری دەکەن، هەریەکە لەمانەش مایەی ڕێزن و پیرۆزن.

شەشەم: قەوال، بەو کەسانە دەوترێ کە لە ڕۆژانی جەژن یان بۆنە ئایینییەکاندا سروود دەڵێن و زۆربەی (قەوالە)کان، شاعیرێکی میللی باشن، دەڵێن گوایە لە شێخ ئادی مافی نووسینی قەسیدە و پێداهەڵدانیان وەرگرتووە و بوونەتە نوێنەری ڕاستەقینەی شەریعەت و ڕووداوە مێژووییەکان، هەروەها شانازی هاودەمی مەلەک تاوسیان پێدراوە، قەوالەکان بەرپرسی کۆکردنەوەی نەزرکراوەکان و هەڵکەندنی گۆڕە پیرۆزەکان و هەڵگرتنی جلوبەرگە پیرۆزەکانن و ئەم کارەشیان بە پیرۆز دەزانن و منداڵەکانی خۆیان فێری سەمای ئایینی و لێدانی دەف وشەباب و نەی و قەسیدە و سروودی ئایینی دەکەن.(16)

حەوتەم: کۆچەکەکان، ئەمانە ژمارەیان زۆرە، جلوبەرگی سپی دەپۆشن و پشتێنی ڕەنگ سوری گرێدراو لە کەمەریان دەبەستن، کە لە خوری دروستکراوە و کاریان بریتییە لە کفن و دفن کردنی مردووەکان و چەند کارێکی تری گران، وەکو گواستنەوەی بەرد و بڕینی دار لە پەرستگای لالش، ئەو ئێزدییانەی کە دەگەنە پلەی (کۆچەک) هەوڵ دەدەن پێشبینی داهاتووی مرۆڤ بکەن و ڕۆحەکان بناسنەوە.

هەشتەم: بابی گاڤان: لە چینی شێخەکانە و لە بنەماڵەی (ئامادەین)ە، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕۆحانییە و هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی بابە شێخیشە، پێویستە ئەم کەسە بەباشی لە ئایینی ئێزدی شارەزا بێت.

نۆیەم:  بابێ چاویش: دەروێشێکی پەرستگەی لالشە، و هەموو ژیانی خۆیی تەرخان کردووە بۆ خزمەتی ئەو جێگایە و بەڕەبەنی دەژی و ژن ناهێنێت.

دەیەم: سەردەریێ پەرستگەی لالش، ئەمە بەنەمالەیەکن کە ئەرکی سەرەکییان بریتییە لەخزمەتکردنی پەرستگەی لالش وسەردانکەرانی.(17)

 

باسی شەشەم: قەدەغە و ڕێگە پێنەدراوەکان لە ئایینی ئێزدی

خواردنی کاهوو وەکو نەریتێک زیاتر قەدەغەیە و لەناو خواردنە گۆشتییەکانیشدا خواردنی گۆشتی بەراز حەرامە، لەلای شێخ و مریدەکانی (ئامادین) کەڵەشێریش حەرامە، بەڵام ڕێککردنی (بەرسمێڵکردن) بەڕێگەپێدراو دەزانن، بەڵام قەوالی و فەقیرەکان و پێشەواکانیان نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕیش بتاشن، و دەبێ خۆیان دوور بگرن لە ئاهەنگی مرۆیی و شادی ئامێزەکان، تا نەفسی خۆی بەدور بگرێت ، هەروەها سەیرکردنی ژنی غەیرە ئێزدی و ڕابواردن لەگەڵی حەرامە و بە باوەڕی ئێزدی لە مانگی نیساندا نابێت ژن گواستنەوە ئەنجام بدرێت چونکة بەپێی ئەوان ئەم مانگە خۆی بووکی ساڵە و پیرۆزیشە .(18)

نابێت ئێزدییەکان لە کاتی تووڕەبوون دا تف بکەنە سەر زەوی یان ئاگر، چونکە ئەمانە دوو ڕەگەزن لە هەرچوار ڕەگەزە پیرۆزەکانی خۆیان، ئێزدییەکان منداڵەکانیان خەتەنە دەکەن .(19)

باسی حەوتەم: جەژنەکانی ئایینی ئێزدی

(1) جەژنی سەری ساڵ: ئەم جەژنە کۆنترین و پیرۆزترین جەژنەکانی ئێزدییانە، سەرەتای ساڵی ئێزدی سەرەتای مانگی نیسانی ڕۆژهەلاتیە، کە ڕۆژی چوارشەممە جەژن دەست پێ دەکات, ئەگەر یەکی نیسان واڕێکەوت بکەوێتە پێنج شەممە، ئەوا جەژنەکەیان دوا دەخەن بۆ چوارشەممەی هەفتەی ئایندە، ساڵنامەی زایینی سێزدە ڕۆژ لەپێش ساڵنامەی ڕۆژهەڵاتیی ئێزدییەوەیە، لەناو ئێزدییەکاندا ژن‌وژنخوازی لەم مانگەدا گوناهە، چونکە دەڵێن مانگی نیسان بوکی ساڵە، وە هەر لەم جەژنەدا نانێکی تایبەت دروست دەکەن، کە پێی دەڵێن: (سەوک) و لەگەڵ شیرینیدا بەسەر هەژاراندا دابەشی دەکەن.(20)

(2) جەژنی چلەی هاوین: ئەم جەژنە ڕێوڕەسمەکەی لە پەرستگای لالش دەگێڕن، کاتەکەی دەکەوێتە ڕۆژی 30 تەممووزەوە، تا 2ی، ئاب دەخایەنێت.

(3) جەژنی چلەی زستان: ئەم جەژنە دەکەوێتە 2ی، مانگی شوباتەوە، سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە پەرستگای لالش دەیبەن بەڕێوە.

(4) جەژنی جەمای: یەکێکە لە جەژنە دێرینەکانی ئێزدی، ماوەی 7 ڕۆژ دەخایەنێت و لە پەرستگای لالش دەیبەن بەڕێوە، کاتەکەی لە 6 تا 12ی، تشرینی یەکەمە، لە ئێوارەکانیدا مۆم و چرا دادەگیرسێنن و ڕێ‌وڕەسمی (سەما و قنتار) کەتایبەتە بە خۆیان دەبەن بەڕێوە.

(5) جەژنی ڕۆژوو: دەربارەی ڕۆژوو پێیان وایە سێ ڕۆژەو موسڵمانان بە هەڵە سی ڕۆژ بە ڕۆژوون، لەبەر ئەوەی کۆتا ڕۆژەکانی سێ شەممە و چوارشەممە و پێنچ شەممەی مانگی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک کە کورتترین و ساردترین ڕۆژەکانی ساڵە بەڕۆژوو دەبن و ڕۆژی هەینی دەکەنە جەژنی ڕۆژووگرتن، لەم جەژنەدا زۆر هاوکاری هەژاران دەکەن.(21)

(6) جەژنی بێلندە: ئەم جەژنە یەکێکی ترە لە جەژنە دێرینەکانی ئێزدی، بەبۆنەی تەواوبوونی وەرزی چاندنەوە جەژن دەگێڕن، ئەم جەژنە دەکەوێتە هەینیی یەکەم لە مانگی کانونی دووەم لە ڕۆژژمێری زایینی، نانی تایبەتی (کشام – شلک – خەولێرە) ئامادە دەکەن بۆ ئەم جەژنە، و لە ئێوارەی جەژندا ئاگر هەڵدەکەن کەپێی دەڵێن: (گورکا گای) و ئەم جەژنە بە جەژنی وەرینی گوناهەکانیان دادەنێن.

(7) جەژنی خدر ئیلیاس: ئەم جەژنە دەکەوێتە پێنج شەممەی سێیەم لە مانگی شوبات، جا ئەوانەی کەناویان خدر و ئیلیاسە سێ ڕۆژ لەپێشی ئەم جەژنەوە بەڕۆژوو دەبن، ئێزدی چەندین ڕێ‌وڕەسمی تایبەت بەم جەژنە ئەنجام دەدەن، وەک: (قەڵاتک) کە بریتییە لە برژاندنی هەندێک لە گەنم و جۆ و گارس و نۆک و ئەمانە، کە هەمووی پێکەوە دەهاڕن و پێی دەڵێن: (پێخون) و لەگەڵ خواردنێکی تر بەناوی (چەرخووس) دەیخۆن، لەم جەژنەدا ڕاو و نێچیر و سەربڕینی گیانەوەر گوناهە.(22)

(8) جەژنی قوربان: ئەم جەژنەش هەر لە پەرستگای لالش بەڕێوە دەچێت، هەرچەندە کاتەکەی جیایە لە کاتی جەژنی قوربانی موسڵمانەکان، بەڵام چیرۆکەکەی هەمان چیرۆکە و بەهۆی ڕزگاربوونی پەیامبەر ئیسماعیلە لە سەربڕین لەلایەن پەیامبەر ئیبراهیمی باوکییەوە و بەم بۆنەیەوە جەژنە دەگێڕن.(23)

 

دواباس: ئەو توندوتیژییانەی ڕووبەڕووی ئێزدییەکان بووەتەوە

1- کوشتنی شێخ حەسەن لە مووسڵ، ساڵی (644ک – 1247ز).

2- کوشت و بڕی زیاتر لە سەد کەسی ئێزدی و لەسێدارەدانی ئەمیرەکەیان و تێکدانی گۆڕی شێخ عەدی و سووتاندنی ئێسک و پروسکی لەلایەن بەرپرسانی ئەو کاتەی مووسڵ، لە ساڵی (652ک – 1255)، کە ئەو کاتە پێیان دەوتن (عەدویە).

3- پەلاماردان و کوشتنی ئێزدییەکان لە ساڵی (817ک – 1414ز) بەهۆی هاندانی جەلالەدین محەممەد کوڕی عیزەدین یوسف حیلوانی، لەلایەن بەرپرسی جەزیرەی ئیبن عومەر و ناوچەکانی دەوروبەری.

4- لە ساڵی (1127ک – 1715ز) لەلایەن مەلا حەیدەری کورد و مەلیک موزەفەر ناوێک هێرشیان کردە سەر ئێزدییەکان و ژن و منداڵەکانیان دەستگیرکردن و ماڵ و سامانیان تاڵان کردن، پیاوە شەڕکەر و ژنەکانیان فرۆشتن و کەنیزەک و کچەکانیان لای خۆیان هێشتەوە.

5- لە ساڵی (1247ک -1831ز) محەممەد پاشا ناسراو بە (پاشا کۆرەی ڕەواندز) هێرشی کردە سەر قەڵەمڕەوی ئێزدییەکان و زۆرینەیانی لەناو برد.(24)

6- لە ساڵی (1308ک – 1891ز) دەوڵەتی تورکی عوسمانی بۆ ناچارکردنی ئێزدییەکان بە خزمەتی سەربازی فەرمانیدا بە (ژەنەراڵ عومەر وەهبی) هێرشیان بکاتە سەر، بۆیە بەزۆر ژمارەیەک ئێزدی ناوچەی شێخانی موسڵمان کردوو، فەرمانیشی دەرکرد بۆ کوڕەکەی جێگری یەکەمی (عاسم بەگ) کە دەست بکات بە کوشتن و بڕینی ئێزدییەکان، ئەویش پەیکەرەکانی بردن و گومەزو گۆڕی پێشەواکانی ئێزدی تێکدا.

7- خزمەتی سەربازی، حکومەتی پاشایەتی عێراق تۆمەتی چونەپاڵ مەسیحی و هاوکاری کردنی فەڕەنسییە نیشتەجێبووەکانی سوریای دانەپاڵ و دەستی کرد بە سەرکوتکردنیان، لە ئەنجامدا سەد کەسیان لێکوژرا و ژمارەیەکیشیان زیندانیکران و دوورخرانەوە و ژمارەکیشیان لەسێدارەدران.(25)

8- ساڵی (2014) گروپی تیرۆریستی داعش هێرشی کردە سەر ئێزدییەکان و بەسەدان کەسی لێکوشتن و ژمارەیەکی زۆر لە ژن‌وکچەکانیانی کردە کەنیزەک و ماڵ و سامانی تاڵانکردن.(26)

دەرەنجام

1- ئێزدییەکان لە نەتەوە و ئایینە دێرینەکانی کوردستانن و جێگە پێی خۆیان لەدێرزەمانەوە لەم وڵاتەدا داکوتاوە و بڕوادارانی ئایینەکەش بەوپەڕی ئازادییەوە لەتەنیشت برا موسڵمانەکانیاندا ژیاون و پەرستشی تایبەت بە خۆیانیان ئەنجام داوە.

2- کوردستان وڵاتی پێکەوە ژیانە و خەڵکەکەی زۆر دڵفراوانانە ئایینەکانی تریش لەخۆدەگرن، بەڵام ئەوە سیاسەت بووە ئێزدییەکانی بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی کوشتن و بڕین و ماڵوێرانی کردۆتەوە،

3- لەڕاستیدا ئێزدییەکان خاوەنی چڕوپڕترین ئایینن کە سەدان سروت و ڕێ‌وڕەسمی جۆراوجۆری لەخۆگرتووە و ئێزدییەکانیش بەوپەڕی حەز و دڵ گەرمییەوە سروت و فەرمانەکانی ئایینەکەیان جێبەجێ دەکەن.

4-  بەتایبەتی جەژنی قوربان وەک ڕوونمان کردەوە، کتومت جەژنی قوربانەکەی موسڵمانانە بە چیرۆکەکەشیەوە!

5- لەلایەکی تریشەوە ئێزدییەکان سەرەڕای ئەو هەمووە هێرشە ناڕەوایانەی بە درێژایی مێژوو بەسەریاندا هاتووە توانیویانە زۆر سەرسەختانە دەست بە ئایینی خۆیانەوە بگرن و لەسەری بەردەوام بن.

 

پەراوێز و سەرچاوەكان:

(1). فیلیپ كرینبروك و كریستیەن ئالیون، كلتور و ناسنامەی كورد, و. وریا ڕەحمانی, چاپخانەی خانی, چاپی یەكەم , دهۆك – 2008، ل98

(2). ئایەتوڵڵا محەممەد مەردۆخی كوردستانی, مێژووی كورد و كوردستان، وەرگێڕانی: عەبدولكەریم محەممەد سەعید, چاپی 1991 (ناوی چاپخانەی لەسەر نییە)، ل411

(3). فؤاد حمەخورشید, العشائرالكوردیة، ط1: مطبعة الحوادث, بغداد – 1979، ص67

(4). ملا خليل الـمشختي، اليزيديون، ط1،(موصل: دارالحدباء، 1982)، ص35

(5). هەمان سەرچاوە، ل46

(6). كەریم زەند، ئایين و باوەڕ لە كوردستاندا, چاپخانەی كامەرانی, سلێمانی , 1971، ل73

(7). ملا خليل الـمشختي، اليزيديون، ص59

(8). هەمان سەرچاوە، ل63

(9). سمكۆ محەممەد، ئایين و كەمینەكان لە كوردستان, چاپخانەی هێڤی , هەولێر , چاپی یەكەم , 2011، ل233

(10). ملا خليل الـمشختي، اليزيديون، ص73

(11). هەمان سەرچاوە، ل76

(12). دیار غەریب، خوێندنەوەیەكی نوێ‌ بۆ مێژووی كوردستان، چاپی دووەم، چاپخانەی حەمدی، سلێمانی (2019)، ل301

(13). هەمان سەرچاوە، ل309

(14). فؤاد حمەخورشید, العشائرالكوردیة، ص88

(15). كەریم زەند، ئایين و باوەڕ لە كوردستاندا، ل79

(16). هەمان سەرچاوە، ل94

(17). ملا خليل الـمشختي، اليزيديون، ص123

(18). هەمان سەرچاوە، ل126

(19). دیار غەریب، خوێندنەوەیەكی نوێ‌ بۆ مێژووی كوردستان، ل313

(20). هەمان سەرچاوە، ل317

(21). كەریم زەند، ئایين و باوەڕ لە كوردستاندا، ل115

(22). ملا خليل الـمشختي، اليزيديون، ص135

(23). هەمان سەرچاوە، ل137

(24). دیار غەریب، خوێندنەوەیەكی نوێ‌ بۆ مێژووی كوردستان، ل303

(25). كەریم زەند، ئایين و باوەڕ لە كوردستاندا، ل178

(26). دیار غەریب، خوێندنەوەیەكی نوێ‌ بۆ مێژووی كوردستان، ل303

Send this to a friend