• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 14, 2024

مەنزیل، گرووپێکى ئایینی، سیاسى و ئابوورى

نووسینی: حەمزە محەممەد ساڵح

پێشەکی

دەوڵەتی تورکیا بە یەکێک لە دەوڵەتە سیکۆلارەکان دادەنرێت. واتە بنەماکانی دەستووری دەوڵەتەکە لەسەر دیموکراسی و سیکۆلار دامەزراوە، نەک ئایین. بەڵام کاتێک لە ڕوانگەی زانستی کۆمەڵناسییەوە لێکۆڵینەوە لە بوونیادی ئایینی تورکیا دەکەیت، زیاتر کۆمەڵگەیەی دینداری ئیسلامی دەبینرێت. چونکە چەندین گرووپی ئایینی دەبینرێت بە شێوەیەکی بەربڵاو چالاکییەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن. چالاکیی گرووپە ئایینییەکان تەنها خۆیی لە چالاکییە ئایینییەکاندا نابینێتەوە، بەڵکوو چەندین چالاکی ڕێکخراوەیی، ئابووری، سیاسی، …. هتد ئەنجام دەدەن. هەر بۆیە زۆر کات لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە بۆ مەرامە سیاسییەکانی خۆیان بە کار دەهێنرێن. یەکێکە لەو گرووپە ئایینییانەی ژمارەیەکی زۆر شوێنەکەوتە و موریدی هەیە بریتییە لە گرووپی مەنزیل. گرووپی مەنزیل یەکێک لەو گرووپە ئایینییانەی تورکیا کە کاریگەرییەکی گەورەیان لە بواری سیاسەتدا هەیە. لەم دواییەدا بەهۆی چالاکییە ئایینی، سیاسی و ئابوورییەکانی گرووپی مەنزیلەوە، یەکێکە لەو گرووپە ئایینییانەی زۆرترین قسە و باسی لەسەر کراوە. هەر بۆیە لەم توێژینەوەدا دەمانەوێت تیشک بخەینە سەر ناساندنێکی گشتی گرووپی مەنزیل و چالاکییە ئایینی، ئابووری، سیاسییەکانی.

مێژووی دەرکەوتنی گرووپی مەنزیل

گرووپی مەنزیل بە یەکێک لە باڵەکانی تەریقەتی خالیدییەی نەقشبەندی لە تورکیا دادەنرێت (Oğur, 2019, p. 50). ئەم گرووپە لەلایەن عەبدولحەکیم حسێن ئێڕۆڵ (١٩٠٢-١٩٧٢)ەوە دامەزراوە. باوکی عەبدولحەکیم کە ناوی سەید محەممەدە، بە یەکێک لە خەلیفەکانی شێخ محەممەد زیائەدین دادەنرێت. باس لەوەش دەکرێت ئەم بنەماڵەیە لە نەوەی سەیدن (Uludağ, 2023; Karataş, 2019, p. 51). کە بەپێی شەجەرەیەک، عەبدولحەکیم ئێڕۆڵ وەکو سەید قبووڵ دەکرێت. واتە شەجەرەی ئەم بنەماڵەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئیمامی حسێنی کوڕی ئیمامی عەلی[1] (Karataş, 2019, p. 53) (Sporx, 2023).

عەبدولحەکیم ئێڕۆڵ ١٩٠٢ لە گوندی کەرەمەترەی، یان کەرماتی قەزای بایکانی سەر بە پارێزگای بەدلیس هاتووەتە دونیاوە، دوو جار هاوسەرگیری کردووە، جاری یەکەم لەگەڵ خزمێکی خۆی بەناوی فاتمە، کە پانزە ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو، سێ کوڕ و دوو کچی بە ناوەکانی محەممەد، محەممەد ڕەشید، زەینەلعابدین، خەدیجە و حەلیمە لێ بووە. بە پێشنیاری هاوسەری یەکەمی هاوسەرگیری دووە لەگەڵ خزمێکی دیکەی خۆی بە ناوی سدقییە خاتوون ئەنجام دەدات. لە هاوسەری دووەمیشی پێنج کوڕ و چوار کچی بووە. کوڕەکانی بریتی بوون لە عەبدولباقی، ئەحمەد، عەبدولحەلیم، محێدین و ئەنوەر (Yıldırım, 2009, p. 36). عەبدولحەکیم سەرەتا لە شاری سیرت ژیاوە، بەڵام بەپێی یەکێک لە گێڕانەوەکان بەهۆی تۆمەتبارکردنی عەبدولحەکیم و ئەندامانی خێزانەکەی بە بەرزکردنەوەی ڕۆحی کوردایەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئانادۆڵدا، بۆیە ناچار بوو ناوچەی سیرت جێ بهێڵێت و ساڵی ١٩٧١ ڕوو بکاتە قەزای کاهتا لە پارێزگای ئادیامان و لەوێ گوندێک بکڕێت و لێی نیشتەجێ ببێت. سەرەتا ناوی گوندەکە دوارک بووە، بەڵام دواتر گۆڕاوە بۆ مەنزیل (Çaklı, 2023). گوندەکە لە لایەک وەک عیبادەت، لەلایەکی دیکە وەکو بازرگانی و گەشتیاری بەکار دەهێنرێت (Oğur, 2019, p. 50; Karataş, 2019, p. 51). ناوی گرووپی مەنزیلیش لەم گوندەوە هاتووە.

دوای مردنی عەبدولحەکیم ئێڕۆڵ ساڵی ١٩٧٢، محەممەد ڕەشید ئێڕۆڵ (١٩٣٠-١٩٩٣)ی کوڕی چووە شوێنی باوکی (Özcan, 2016, p. 768). شوێنکەوتوانی ئەم گرووپە نازناوی “غەوز”یان بۆ عەبدولحەکیم بەکار دەهێنن. کە لە زمانی عەرەبیدا مانای هاوکاری و بەدەمەوە هاتن دەگەیەنێت. وشەی غەوز بۆ بەرزترین پلەی شێخایەتی بە کار دەهێنرێت، کە هەر داوایەکت لێی هەبێت بەدەم داواکەتەوە دێت و دوای مردنیش ئەم هێز و توانایەی هەر بەردەوام دەبێت. محەممەد ڕەشید ئێڕۆڵیش دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر گرووپی مەنزیلی لە ژێر دەستیدا بوو، تاوەکو لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ کۆچی دوایی کرد. ناوی مەنزیل لە سەردەمی ئەمدا زیاتر بڵاوبووەوە. گۆڕی محەممەد ڕەشید ئێڕۆڵ و باوکی لە گوندی مەنزیل لە ناو مەرقەدێکدان (Erozan, 1995, p. 305; Karataş, 2019, p. 52; Çaklı, 2023; Sporx, 2023).

دوای کۆچی دوایی محەممەد ڕەشید، عەبدولباقی برای شوێنی گرتەوە. عەبدولباقی ئێڕۆڵ لە ساڵی ١٩٤٩ لە قەزای بایکانی پارێزگای سیرت لەدایکبووە (Sporx, 2023). عەبدولباقی تاوەکو ٢٠٠٠ سەرپەرشتی گرووپی مەنزیلی دەکرد. بەڵام لەم ساڵە بە دواوە گرووپی مەنزیل بوون بە دوو بەشەوە. بەشێکیان لە لایەن کوڕەکانی محەممەد ڕەشیدەوە و بە تایبەت فەوزەتتینەوە لە ژێر ناوی بوخارا و بەشێکی دیکەیان لەلایەن عەبدولباقی ئێڕۆڵەوە لە ژێر ناوی مەنزیلەوە بەڕێوە دەبرا. ناوەندی گرووپی کوڕەکانی محەممەد ڕەشید ئێڕۆڵ بریتی بوو لە گوندی بوخارای قەزای سیڤری خیسار لە پارێزگای ئێسکیشەهیر (Uludağ, 2023)  لە ڕووی ژمارە و چالاکییە ئایینی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکانی گرووپی مەنزیل بەراورد بە گرووپی بوخارا زۆر زیاتر بوو. هەر بۆیە گرووپی مەنزیل زیاتر باس و خواس و قسەی لەسەر کراوە (Karataş, 2019, p. 53; Hamsici, 2023). عەبدولباقی ئێڕۆڵیش لە ١٢ تەممووزی ٢٠٢٣ و لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی عەبدولباقیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە موریدانی بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمەکە لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیاوە هاتبوون بۆ گوندی مەنزیل. کە ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێل لەم گوندەدا بەرچاو دەکەوت (Hamsici, 2023; Çaklı, 2023; Haber7com, 2023). لەلایەن موریدەکانیەوە چەندین ناوی وەکو (غەوز، غەوزی سانی، حەزرەتی سەیدا)ی بۆ عەبدولباقی ئێڕۆڵ دانراوە (Karataş, 2019, p. 53). تەنانەت ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیاش نامەی سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەکەی کرد و بە “غەوزی سانی” ناوی برد (Çaklı, 2023).

ئێستا لە شوێنی عەبدولباقی ئێڕۆڵ، محەممەد ساکی ئێڕۆڵی کوڕی دادەنیشێت. ئەمەش دوای دروستبوونی گرفت لە سەر شوێنگرتنەوەی باوکیان لە نێوان سێ کوڕی عەبدولباقی ئێڕۆڵدا، محەممەد ساکی ئێڕۆڵ توانی سەرکەوتوو بێت و ببێت بە شێخی گرووپی مەنزیل (Gezeteguncel, 2023). محەممەد ساکی ئێڕۆڵ چەند مانگێک پێش وەفاتی باوکی، ڕێکخراوێکی بەناوی سەرهەندییەوە دامەزراند. محەممەد ساکی هەم نووسەرە هەم شاعیر، نزیکەی ١٢ کتێبی چاپکراوی هەیە. لە گرنگترین کتێبەکانی (ئادابەکانی ڕێگەی عاریفان، خۆشبەختی خێزان، خەتمی هاجەخان، …. (Sporx, 2023). بەڵام بەهۆی دەرکەوتنی محەممەد ساکی ئێڕۆڵ بە ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهاوە، تووشی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە (Duvar). محەممەد ساکی ئێڕۆڵ لە یەکێک لە وتەکانیدا دەڵێت مەنزیل گرووپێکی ئایینی موحافیزکار و نەریتییە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییە و لەگەڵ هیچ وەزارەتێکیشدا مامەڵەی نییە (Sporx, 2023).

 

بیروباوەڕ و ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی گرووپی مەنزیل

لە ١٩٧٠ بە دواوە هەندێک وەکو مورید و هەندێک بە ئامانجی تەوبەکردن ڕوویان لە گوندی مەنزیل کردووە. شوێنەکەوتوانی گرووپی مەنزیل تەنها لە چوارچێوەی ئەم گوندەدا نین، بەڵکوو لە چەندین شوێنی جیاوازی تورکیاوە موریدی هەیە. پێی ئەو ڕاپۆرتەکەى وەزارەتی ئەوقافی تورکیا گرووپی مەنزیل لە چەندین ناوچەی ئەورووپا تەکییەی هەیە و خەریکی چەلاکییە. لەگەڵ ئەوەشدا لەم ڕاپۆرتەدا جگە لەوەی ڕوانگەی ئایینی گرووپى ڕوونکراوەتەوە، باس لەوەش کراوە ئەم گرووپە بزووتنەوەیەکی سوفیگەریی تەریقەتی نەقشبەندییە (Başkanlığı، 2019). لەم ڕوانگەوە موریدەکانی گرووپی مەنزیل لە ناو خۆیاندا یەکتر بە “قوربان” یان  “سۆفی” بانگ دەکەن. وشەی قوربان زیاتر بە مانای خۆ فیدا کردن لەم ڕێگەیەدا دێت. وشەی سۆفیش واتە تۆ موریدی ئەم گرووپەیت. واتە هەر کاتێک بە یەکێک وترا سۆفی، واتە تۆ موریدی ئەم گرووپەیت بۆیە شایەنی ئەوەیت بە سۆفى بانگ بکرێیت (Karataş, 2019, p. 53).

بەپێی توێژینەوەیەکی مەیدانی کە لەگەڵ ئەندامانی گرووپی مەنزیل کراوە، یەکێک لە بەشداربووان دەڵێت ئەو کەسەی دەیەوێت ببێت بە مورید یان ئەندامی گرووپی مەنزیل دەبێت بچێتە لای شێخ یان وەکیلی شێخ ، تەوبە بکات و بە هەشت مەرج پابەند بێت. بەشێوەیەکی گشتی دوو جۆر تەوبەکردن هەیە. جۆری یەکەم تەوبەکردنی گەورە لەبەردەم شێخدا ئەنجام دەدرێت. جۆری دووەم پێی دەوترێت تەوبەکردنی بچووک، کە لەلایەن وەکیلی شێخەوە ئەنجام دەدرێت. لە کاتی تۆبەکردنەکەدا کەسی تەوبەکار دەڵێت ” خوایە پەشیمانم لە هەموو ئەو گوناهانەی کردوومە، خۆزگە ئەنجامم نەدایە، ان شاءاللە جارێکی دیکە ئەنجامیان نادەم. من قبووڵم کرد، حەزرەتی شێخم وەکو شێخی خۆم قبووڵ کرد”. ئەو هەشت مەرجەش کە پێویستە تۆبەکار پێوەی پابەند بێت بریتییە لە( دەستنوێژ گرتن بە نییەتی تەوبە، خۆشۆردن یان غوسلکردن بە نییەتی تەوبە، ئەنجامدانی دوو ڕکات نوێژی تەوبە، تەوبە کردن، بیست و پێنج جار داوی لێخۆشبوون (استغفراللە) کردن، هەشت جار خوێندنی فاتیحا و کردنی بە خێر، ئەنجامدانی پەیوەندی مەرگى، ئەنجامدانی پەیوەندی مورشیدی (Oğur, 2019, pp. 59-60).

وەکو هەموو گرووپە ئاینییەکانی دیکە لە ناو ئەم گرووپەشدا بابەتەکانی تەوبەکردن، زیکر، ویرد، خەتم، ڕابتە، وەسیلە، تەوەسول، شەفاعەت و خزمەت لە بەردەم شێخدا دەخرێتە ڕوو. گرنگی زۆریش بە بابەتەکانی خەوون، کەرامەت و چیرۆک دەدرێت (Hamsici, 2023) . لە ناو گرووپی مەنزیلیدا هەر موریدێک لە ئاداب و ئەرکانەکاتی تەریقەتی مەنزیل لابدات، ئەوە بێ ئادابی کردووە (Oğur, 2019, p. 64). دەمانەوێت لێرەدا بە کورتى هەندێک لەو بابەتانە باس بکەین کە لە چوارچێوەى بیروباوەڕەکانى ئەم گرووپەدا خۆى دەبینێتەوە، لەوانەش:

زیکر یان وێرد:

سەبارەت بە بابەتی زیکر، گرووپی مەنزیل لە جێی وشەی زیکر زیاتر ویرد بەکار دەهێنن. زیکر یان ویرد لاى مەنزیلییەکان ئاسانترین و کورتترین ڕێگەیە بۆ گەشتن بە خوداى گەورە. لەگەڵ ئەوەشدا گرووپی مەنزیل وەکو باڵێک لە تەریقەتی نەقشبەندی زیکرەکان بەشێوەی تاکەکەسی و نهێنی ئەنجام دەدرێت (Yıldırım, 2009, p. 58). بەشێوەیەکی گشتی سێ جۆر زیکرکردن هەیە. زیکری دڵ یان زیکرى بچووک، زیکرى لەتایف و زیکرى نەفیو ئیسبات یاخود لەفزى جەلال. زیکری دڵ و لەتایف بە ناوی اللە دەست پێدەکات. زیکری نەفیو ئیسبات بە لا الە الا اللە دەست پێدەکات. ژمارەی زیکری دڵ لە نێوان پێنج هەزار بۆ بیست و یەک هەزار و زیکری لەتایف لە نێوان بیست و سێ بۆ سەد و یەک  هەزاردایە و لەلایەن وەکیلی شێخەوە داوای ئەنجامدانی دەکرێت. زیکری نەفیو ئیسبات سەد و یەک هەزاردایە (Oğur, 2019, p. 66).

ڕابتە (پەیوەندى، گرێ، یان پەیوەستى):

گرووپی مەنزیل وەکو لقێک لە تەریقەتی نەقشبەندی بڕوایان بە ڕابتەی نێوان مورید و شێخ هەیە. واتە ئەم پەیوەندییە بریتییە لە پەیوەندییەکى تاکەکەسى، کە هەندێک جاریش بەشێوەى گرووپ ئەنجام دەدرێت (Yıldırım, 2009, p. 68). لەم بابەتەشدا پشت بە چەند ئایەتێک لە قورئان دەبەستن. کە بەوشێوە لێکدانەوەی بۆ ئایەتەکان دەکەن کە مەبەست لێیان پەیوەندی یان ڕابتەیە. یەکێک لەو ئایەتانەی کە دەیکەنە بەڵگە بوونى ڕابتە بریتییە لە ئایەتی ١١٩ی سورەتی تەوبە، خودا دەفەرمووێت (يايها الذين ءامنوا اتقوا الله وكونوا مع الصادقين) واتە: ئەی ئەوانەی ئیمانتان هێناوە لە خودا بترسن و لەگەڵ ڕاستگۆیاندا بن. یاخود ئایەتی ٣٥ی سورەتی مائیدە بە بەڵگە دێننەوە، کە خودا دەفەرمووێت (يايها الذين ءامنوا اتقوا الله وبتغوا إله الوسيلة وجهدوا في سبيله لعلكم تفلحون) واتە: ئەی ئەوانەی ئیمانتان هێناوە لە خودا بترسن و بگەڕێن بە دوای وەسیلەیەکدا و هەوڵبدەن لە ڕێگەی ئەوەوە بچن، بۆ ئەوەی بە کامەرانی بگەن. ئەم گرووپە بروایان وایە مەبەست لە ڕاستگۆیان، مورشیدە کامڵەکانە. کە ئەمانەش واستەیەکن بۆ نیشاندانی ڕێگەی درووستی و خودا و ترسان لێی (Oğur, 2019, p. 69) .

گرووپی مەنزیل ئەم ڕابتەیە بە چەند شێوەیەک جێبەجێ دەکەن. ڕابتەی وانەکانی ڕۆژانە، ڕابتەی مردن و ڕابتەیەک لە حزووری مورید یان غیابی. ڕابتەی ڕۆژانە یەکێکە لە گرنگترین ڕابتەکان لەناو گرووپی مەنزیلدا، چونکە هەموو ڕۆژێک دووبارە دەبێتەوە (Yıldırım, 2009, p. 58). مورید هەموو ڕۆژێک دوای نوێژی شێوان چاوەکانی دادەخات و بە ‌وتنی بیست و پێنج زیکری استغفراللە دەست بە ڕابتەی ڕۆژانە دەکات. ئەم ڕابتە لانى کەم پێنج خولەک بەردەوام دەبێت. دواتر مورید بە وتنی بیست و پێنج زیکری استغفراللە کۆتایی بە ڕابتەکە دێنێت و چاوەکانی دەکاتەوە. لە ماوەی ئەنجامدانی ئەم ڕابتەدا مورید وا هەست دەکات لە شێخەکەیەوە نوری وەرگرتووە و لە سایەی ئەم نورەوە مورید لە گوناهەکانی دڵ و جەستەی پاک دەبێتەوە (Oğur, 2019, p. 72; Yıldırım, 2009, p. 69). ئەم ڕابتانەش بۆ ڕزگارکردنى موریدە لە دۆخی غەفڵەت و تازەکردنەوەی پابەندبوونی بە گرووپەکەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕابتەیە لە گرووپی مەنزیلدا بە مانایی بوونی پەیوەندی، خۆشویستی و متمانە بە شێخ و ڕەنگدانەوەی ئەم خۆشەویستییە لە ژیانیدا دێت. لەگەڵ ئەوەشدا لە سایەی ئەم ڕابتەوە مورید نزیک دەبێتەوە لە خودا و بە ئاسانی دەتوانێت بگات بە خودای خۆی. بە واتایەکی دیکە لە ڕێگەی ڕابتە بە شێخەوە، بە خێرایی و ئاسانی دەگەیت بە خودا. ئەم ڕابتەش بریتی نیە لە ڕابتەیەکی ماددی و نزیک بەڵکو زیاتر مەعنەوییە و دەکرێت دووریش بێت (Oğur, 2019, p. 70).

خەتمی هاجەخان:

خەتمی هاجاخان یاخود خەتم، بریتییە لە زیکرێکی بە کۆمەڵى بێدەنگ، کە بەشێوەیەکی گشتی لە تەریقەتی نەقشبەندیی و بە تایبەت لە ناو گرووپی مەنزیلدا ئەنجام دەدرێت. خەتمی هاجەخان لە ڕوانگەی گرووپی مەنزیلەوە بریتییە لە چالاکییەکی کۆمەڵەیی، کە کاریگەری یەکگرتن و پێکەوەبوونی هەیە. ئەم جۆرە لە زیکر لەلایەن عبدالخالق غوجدەوانى[2] لە ناو تەریقەتی نەقشبەندیدا دامەزراوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامی هەیە (Yıldırım, 2009, s. 62).

هاجەخان بەمانای مامۆستایانی گەورە و کەسایەتییە زۆر گەورەکان دێت. ئەم جۆرە لە زیکر دوای نوێژی عەسر یان خەوتنان ئەنجام دەدرێت. هەموو موریدێک لە رۆژێکدا تەنها یەک جار دەتوانێت بەشداری خەتمەکە بێت. بەڵام ئەوانەی لە گرووپی مەنزیل نەبن و ئادابەکانی خەتم پەیڕەو نەکەن ناتوانن بەشدار بن لە خەتمەکەدا. لەم جۆرە زیکرەشدا وەکو سەرجەم زیکرەکانی دیکەی ناو گرووپی مەنزیل ژن و پیاو ناتوانن پێکەوە بەشدار بن. ئەم جۆرە لە زیکر لە شوێن و تەلار و خانووەکانی گرووپی مەنزیلدا ئەنجام دەدرێت. ئەوەی دەیەوێت لە زیکرەکە بەشدار بێت، پێویستە دەستنوێژی هەبێت  (Oğur, 2019, p. 72; Okay, 1996, p. 63). لە ناو  گرووپی مەنزیلدا خەتمی هاجەخان بە هۆکارێکى بە دەستهێنانی ئارامی دەروونی و دوورکەوتنەوە لە خەم و پەژارە و کارە دونییاییەکان و پاکبوونەوەی لە گوناهەکانی ڕۆژانە زانراوە  (Oğur, 2019, p. 75).

بەشێوەیەکی گشتی دوو جۆر خەتمی هاجەخان هەیە گەورە و بچووک. خەتمی گەورە بریتییە لەو خەتمەی کە ژمارەی بەشداربووان ١٥ کەس بێت و خەتمی بچووکیش ژمارەی بەشداربووان لە ١٥ کەس کەمتر بێت یان دەکرێت بە تەنھا کەسێکیش ئەنجام بدرێت. ئەم خەتمانە بەشێوەی بازنەی دەبێت و چەندین دۆعا و ئایەتى قورئان بە بێدەنگی دەخوێنرێت (Oğur, 2019, pp. 73-74; Yıldırım, 2009, p. 63) . لە ناو گرووپی مەنزیلدا جەزبەگرتن شوێنێکی تایبەت و گرنگی هەیە. هەربۆیە زۆر جار لەکاتی ئەنجامدانی خەتمی هاجەخاندا هەندێک لە موریدەکان توشی جەزبەگرتن دەبن. لەم کاتەدا جەزبەگرتوو بە وتنی (غەوز، بابە، سەیدام و اللە) هاوار دەکات. هەندێکیشیان لە کاتی جەزبەگرتنەکەدا دەگرین (Oğur, 2019, p. 75).

سەردانی مورشید یان شێخ:

لە ناو گرووپی مەنزیلدا بەردەوام تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە پێویستە مورید پەیوەست بێت بە شێخەکەی خۆیەوە و تەسلیمی بێت (Yıldırım, 2009, p. 48). هەربۆیە سەردانیکردنی مورشید یان شێخ یەکێکە لە ڕەمزەکانی پەیوەستی و خۆشەویستی مورید بۆ شێخەکەی . مورید ئەم سەردانیکردنە بە هۆکارێک بۆ سوود وەرگرتنی خۆی دەزانێت. لەم ڕوانگەوە لەم سەردانانەدا مورشید بەردەوام بە پێدانی نموونەکانی ڕابردووى ناو گرووپەکە، باس لە گرنگی، بەرەکەتی و پێویستی ئەم سەردانانەی شێخ دەکات (Oğur, 2019, p. 78).

 بەشێوەیەکی گشتی موریدەکانی گرووپی مەنزیل بۆ سەردانیکردنی شێخەکەیان سەردانی گوندی مەنزیل دەکەن لە ئادیامان. کە ساڵانە بە هەزاران کەس لە ناوە و دەرەوەی وڵات سەردانی گوندی مەنزیل و بە تایبەت شێخی گرووپی مەنزیل دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی دوورن و لە شارەکانی ئەنقەرە و ئیستەنبوڵن سەردانی تەکییەکانی گرووپی مەنزیل لەو شارانە دەکەن. لێرەدا شتێکی زۆر گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە ئەوانەی دەیانەوێت لە شوێنە دوورەکانەون سەردانی گوندی مەنزیل بکەن وەکو ئەدەب و ڕێزێک پێویستە مۆڵەت لە تەکییەکان وەربگرن (Oğur, 2019, p. 78; Uludağ, 2023).

کۆبوونەوە دینییەکان:

بەهادینی بوخاری کە لە دامەزرێنەرانی تەریقەتی نەقشبەندییە، دەڵێت ” بنەمای ڕێگەو رێبازی ئێمە لەسەر کۆبوونەوە دینییەکان دامەزراوە”. لەم ڕوانگەوە لە گرووپی مەنزیلدا گرنگییەکی زۆر بە وانە دینییەکان دراوە و وەکو پیشەی سەحابەکان و هۆکارێک بۆ کارلێکی موریدەکان پێناسە کراوە. بەگشتى وانە دینییەکان هەموو هەفتەیەک و لە ڕۆژانى شەممە لە دوای نوێژی نوێژی مەغریب یان خەوتنان ئەنجام دەدرێت. ئەم کۆبوونەوانە ڕێگەیەکن بۆ ئامۆژگاری کردنی موریدان. لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام باس لە گرنگی بەشداریکردنی کۆبوونەوە دینییەکان دەکرێت (Oğur, 2019, p. 79)

سایگی ئۆزتورک لە چاوپێکەوتنێکیدا لە ڕادیۆیی سپوتنک (Sputnik) باسی لە لایەنە شاراواکانی گرووپی مەنزیلی کرد و وتی: کاتێک دەچیتە گوندی مەنزیل شتی سەیرت بەرچاو دەکەوێت. بەیانی و نیوەڕۆ شۆربای ساوەر لەگەڵ سەموندا پێشکەش بە موریدەکان دەکرێت. دەشڵێت سەبارەت بە ئەو هەموو کۆمپانیای و کاری بازرگانییە پرسیارم لە شێخ کرد، شێخیش وتی: بۆ من وەکو هاونیشتیمانییەک مافی ئەوەم نیە کاری بازرگانی بکەم؟. سایگی ئۆزتورک دووبارە دەڵێت چەندین کۆمپانیای بازرگانی شیرەمەنی هەیە لەو ناوچە. نرخی شتەکان لە نزیک ماڵی شێخ گرانترە وەک لە شوێنەکانی دیکە (Güner, 2023)

 

هەڵوێست و ڕوانگەی گرووپی مەنزیل

لێرەدا باس لە ڕاوانگە و هەڵوێستی گرووپی مەنزیل و ئەندامانی گرووپی مەنزیل سەبارەت بە بابەتەکانی ئابووری، میدیا، سیاسەت، پەروەردە و پۆشاک دەکەین. چونکە گرووپی مەنزیل لەم بابەتانەدا، یەکێکە لە گرووپە ئاینییە کاریگەرەکانی تورکیا.

 

پۆشاک و ڕوخسار

بەشێوەیەکی گشتی گرووپی مەنزیل لە ناو کۆمەڵگەدا هیچ جۆرە پۆشاکێکی تایبەت بە خۆیان نیە. ئەمەش بۆ ئەوەی نەبێت بە نیشانەی خۆدەرخستن و خۆبەگەورەزانین پشت بە بنەمای(لەگەڵ حەق بوون لەناو خەڵکدا) دەبەستن. بەهەمان شێوە لەناو شوێنەکانی تایبەت بە خۆیان و ڕێوڕەسمە ئاینییەکاندا هیچ جۆرە پۆشاکێکی تایبەت بە خۆیان نیە. بەڵکوو هەم ژنان و هەم پیاوانیش بەپێی پێوەرە ئایینیەی کە فەرز کراوە پۆشاک لەبەر دەکەن. سەبارەت بە لەسەر کردنی مێزەر و لەبەرکردنی بەرگی مەلایی، مەنزیلییەکان پۆشینى ئەم جۆرە جلە بە سوننەتی دەزانن. هەر بۆیە هەندێک لە موریدەکان یان سۆفییەکان بۆ ئەوەی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ سوننەتدا، لە کاتی ئەنجامدانی نوێژ و خەتمەکاندا مێزەر لەسەر دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەى موریدانى گرووپى مەنزیل شەرواڵ دەپۆشن. هەندێک لە سۆفییەکان ڕیش بەردەدەنەوە، چونکە بە سوننەتی دەزانن. هەندێکی دیکەیان سیواک و مستیلەی زیو وەکو سوننەتێک بەکار دەهێنن (Oğur, 2019, p. 82)

 

بواری پەروەردە

گرووپی مەنزیل گرنگییەکی زۆر بە بواری زانست و پەروەردە دەدات. لەناو گرووپی مەنزیلدا و لە هەموو ئاستەکاندا چەندین قوتابخانەی تایبەت، باخچە و دایەنگە هەیە کە پەروەردە پێشکەش دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین شوێنى مانەوە بۆ قوتابیان دابینکراوە. گرووپی مەنزیل چەندین ساڵە هەوڵی کردنەوەی زانکۆیەکی تایبەت بە خۆیان دەدەن. کە بەپێی هەندێک سەرچاوە مۆڵەت بۆ زانکۆکە وەرگیراوە و تەنانەت ناوەکەش دانراوە بە ناوی (زانکۆی مەدەنییەت و زانستی سەمەرقەند). بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە. لە بواری پەروەردەی ئایینیدا، گرووپی مەنزیل لە ڕێگەی مەدرەسە ئایینییەکانەوە لە هەوڵی پەروەردەکردن و پێگەیاندنی مەلای ئاینییدان. لەگەڵ ئەوەشدا بە کردنەوەى خولەکانی قورئان، گرنگی بە بواری پەروەردەی ئایینی دەدرێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا  بۆ خوێندن چەندین قوتابی نێردراوە دەرەوە. هەم دیسان لە بواری پەروەردەدا گرنگییەکی زۆر بە فێربوونی زمانەکان و بە تایبەت زمانی عەرەبی دەدرێت (Oğur, 2019, p. 83)

 

بوارى ئابووری

گرووپی مەنزیل بە یەکێک لەو گرووپە ئاینییانەى تورکیا دادەنرێت کە لە بوارى ئابووریدا زۆر چالاکن. خاوەنى چەندین سەرچاوەى بەرهەمهێنانن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم گرووپە لە چالاکییە ئابوورییەکانیدا لە سوو و بانکە سووگەراکان خۆیان بە دوور دەگرت. بەڵکوو زیاتر کار لەگەڵ بانکە بێ سوووەکاندا دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا گرووپی مەنزیل تیشک دەخاتە سەر ئەوەی پێویستە مسوڵمانان لە بابەتەکانی بازرگانی، پیشەسازی و وەبەرھێناندا چالاک بن (Oğur, 2019, p. 82). هەر لەم ڕوانگەوە لەم ساڵانەی دوایشدا چالاکییەکانی لە بواری ئابووریدا زۆر زیادی کردووە. ئەمەش کارەکانی لە دامەزراوەیەکی بازرگانی وەکو کۆمەڵەی پیشەسازی و بازرگانانی سەربەخۆی تورکیا (TÜMSAİD) دەردەکەوێت. ئەم کۆمەڵە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ گرووپی مەنزیل هەیە. ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە و زۆرێک لە ئەندامەکانی لە کۆمەڵەی بازرگانی بچووک و مامناوەندەکان (KOBİ) پێکهاتووە. دوای دامەزراندنی کۆمەڵەى تومساید، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا وەک یەکێک لە دامەزراوە کاریگەرەکان ناوی بڵاوبوویەوە (Kirci, 2023). لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسەکانی تومساید ئەندامن لە دەستەی بەرێوەبەرانی دامەزراوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەرەوە(DEİK). تومساید دەڵێت بە چالاکییەکانمان لە بواری ئابووریدا پشتگیری سیستەمی بەرهەمهێنان، وەبەرھێنان و ئابووری بێ سوود دەکەین. ئەم کۆمەڵەیە بەردەوام بە درووشمی (لە بەها خۆماڵییەکانەوە بۆ سەرکردایەتی جیهانی) کار دەکات. هەر بۆیە بەپێی ڕاپۆرتێکی تومساید لە ساڵی ٢٠١٨ دا تونراوە لە بواری بەرهەمهێناندا ٦٥٠ هەزار کەس سوودمەند بن و زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار وەبەهێنان کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەردوەوام لە پەڕەی فەرمی تومساید دا چەندین هەلی کار ڕادەگەیەنرێت (Hamsici, 2023)

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦ هەوڵە ئینقلابییەکەى گولەنییەکان توشی شکست هات، ئیتر پەیوەندی نێوان ئاک پارتی و گرووپی مەنزیل لە هەموو لایەنێکەوە ڕووی لە زیاد بوون کرد (Kirci, 2023) هەر بۆیە باس لەوە دەکرێت دەسەڵات و بە تایبەت پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) هاوکار و پشتیوانی گەشەسەندنی ئابووری گرووپی مەنزیل بوون.  ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری تورکیاش لە دەستەی بەرێوەبەرانی کۆمەڵەی تومساید دا قسەی کردووە. کۆمەڵەى تومساید لە نامەی سەرەخۆشی سەبارەت بە مردنى عەبدولباقی ئێڕۆڵدا بەم «غەوزی سانی جەنابی شێخ عەبدولباقی» ناوى هێناوە  (Hamsici, 2023) . بەشێوەیەکی گشتی گرووپی مەنزیل خاوەنی ١٧ کۆمپانیایە (Sporx, 2023). کە یەکێک لە گرنگترین دامەزراوە تەندروستییەکانی گرووپی مەنزیل لە ناوچەی پەندیکە لە ئیستەنبوڵ بە ناوی ئەمسەی هۆسپیتاڵ(Esmey Hospital). لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیاییەکى گەشتووگوزاریان هەیە بە ناوى هاشەمى(Haşemi) (Uludağ, 2023; Sporx, 2023).

 

بوارى میدیا

گرووپی مەنزیل لە بواری میدیا و ڕاگەیاندا زۆر چالاکن. هەربۆیە ئەندامانی گرووپی مەنزیل ڕوانگەیان سەبارت بە کار و چالاکی لە بواری میدیا، کولتوور و هونەر ڕوانگەیەکی ئەرێنیییە. چونکە بڕوایان وایە میدیا ڕێگەیەکی زۆر باشە بۆ بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕ و چەلاکییەکانی گرووپی مەنزیل و وەکو  پێویستییەک سەیر میدیا دەکەن. چالاکییەکانی گرووپی مەنزیل لە بواری ڕاگەیاندن و میدیادا خۆی لە کۆمەڵەی چاپ و بڵاوکراوەی سەمەرقەنددا دەبینێتەوە (Uludağ, 2023; Sporx, 2023). ئەم کۆمەڵەیە چەندین کەناڵی پەخش و بڵاوکراوەی وەکو (تەلەفزیۆنی سەمەرقەند، ڕادیۆی سەمەرقەند، خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی سەمەرقەند، پاچەمەنی هاجەخان، گۆڤاری سەمەرقەند، گۆڤاری منداڵانی سەمەرقەند، گۆڤاری خێزانی سەمەرقەند، گۆڤاری خوێنەر و گۆڤاری منداڵانی مۆستار) هەیە (Uludağ, 2023; Çaklı, 2023). بەشێوەیەکی گشتی لە تەلەفزیۆنی سەمەرقەند دا بابەتە ئایینییەکان زیاتر پەخش دەکرێت. گۆڤاری سەمەرقەندیش، گۆڤارێکی مانگانەی تەسەوفییە، کە بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەکرێتەوە. ئەو پەرتووکانەی لە خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی سەمەرقەند دا چاپ دەکرێت، زیاتر پەرتووکە تەسەووفییەکانن. لە ناو ئەو کتێب و گۆڤارانەی بڵاو دەکرێتەوە، گرنگیدان بە منداڵان و بابەتەکانی پەیوەست بە منداڵانەوە دەبینرێت. هەر لەم بارەوە کەناڵی یوتیوبی تایبەت بە منداڵانیان هەیە. لە ڕێگەی ئەم کەناڵەوە چەندین فیلم کارتۆنی ئەنیمەیشن بڵاو دەکرێتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا هەوڵەکان بەردەوام بۆ بڵاوکردنەوەی ئەنیمەیشن سەبارەت بە تەسەوف و مێژووی تەسەوف (Oğur, 2019, p. 84; Hamsici, 2023).

 

کاری ڕێکخراوەیی

چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی پەیوەندیان لەگەڵ گرووپی مەنزیلدا هەیە. لە گرنگترین ئەو ڕێکخراوانەش بریتین لە وەقفی سەمەرقەند و کۆمەڵەی بەشیر. ئەم ڕێکخراوانە زیاتر ڕێکخراوی هاوکاری و خێرخوازین و خزمەت بە هەژار و کەمدەستان دەکەن. کۆمەڵەی بەشیری خێرخوازی لە ساڵی ٢٠١١دا دەستی بە چالاکیى کردووە. بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا و لە ساڵی ٢٠١٣ بە بڕیاری دەستەی وەزارەتەکانی تورکیا بە یەکێک لەو کۆمەڵانە دانرا، کە سوودی گشتییان هەیە. هەر بە پێی ئەم بڕیارە ئەم کۆمەڵەیە بوو بە یەکێک لەو کۆمەڵە خێرخوازییانەی بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت دەتوانێت پارە و هاوکاری کۆبکاتەوە. هەربۆیە ڕۆڵی ئەم ڕێکخراوانەی گرووپی مەنزیل لە ڕووداو و کارەساتە گەورەکاندا دەبینرێت. بە تایبەت لە ڕووداوی زەمین لەرزەکەی ئەم دوایەی تورکیا. کۆمەڵەی بەشیر بانگەوازی «تەوبەکردن پێش مردن» ڕاگەیاند. بەهۆی کارە خۆبەخشاییەکانیان لە ماوەی زەمین لەرزەکەدا، ئەردۆگان مەدالیای فیداکارێتی دەوڵەتی بە کۆمەڵەی بەشیر بەخشی. هەر دوای چالاکییەکانیان لە کارامانمارش، داوایان لە لایەنگرانیان کرد پشتگیری پارتی داد و گەشەپێدان و بە تایبەت ئەردۆگان بکەن (Uludağ, 2023; Kirci, 2023). کارو چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوانە و بە تایبەت کۆمەڵەی بەشیر تەنها لە سنووری تورکیدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو لە چەندین وڵاتی دیکەی وەکو(ئەندەنووسیا، ئەلبانیا، سۆماڵ،سووریا، ئەفغانستان، باشووری ئەفریقیا، کازاخستان، بەنگلادیش، مەکەدۆنیای باکوور، ئازەربایجان) چالاکی دەکەن یاخود هاوکارییەکانیان بۆ دەنێرن. باس لەوەش دەکرێت گرووپی مەنزیل چەند تەکیییەکیان لە ئەورووپا هەیە. گرووپى مەنزیل بە تایبەت لە ئەفریقاش کار و چالاکییان دەکات. بە پێى ئامارێکى نافەڕمى تاوەکو ئێستا گرووپی مەنزیل هەوکاری مادییان گەیاندووەتە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن کەس (Çaklı, 2023).

لە بواری گەنجاندا فیدراسیۆنی په روه رده و ڕۆشنبیری لاوان (GENÇKON) چەندین چالاکی و خزمەت پێشکەش دەکرێت. لەگەڵ ئەمانەشدا لە رێگەی ئەم ڕێکخراوانەوە و لە ژێر ناوی (ناسین و تێگەشتن لە سوڵتان عەبدولحەمید) چەندین پرۆژەی وەکو (فەتح و کۆبوونەوەی گەنجان، ئیفتاری نەریتی منداڵان، تۆش خوێندکارێک بخە بەر خوێندن،…. )یان هەیە. گرووپی مەنزیل لە بواری پەروەردەی تایبەت و تەندروستیشدا چالاکییان هەیە. گرووپی مەنزیل تەنها لەم بوارانەدا چالاک نین، بەڵکوو لە ڕێگەى کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عەمرە گەشتەکانى حەج و عەمرە ڕێکدەخەن. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا باس لەوە دەکرێت ئەم گرووپە لە ڕووی کاری ڕێکخراوەییەوە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی تورکیادا هەیە (Hamsici, 2023; Çaklı, 2023; Uludağ, 2023; Sporx, 2023).

 

بوارى سیاسەت

لە سەرەتای درووستبوونی گرووپی مەنزیلەوە تاوەکو ئێستا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پارتە ڕاستڕەوەکانی تورکیادا هەبوو. هەر بۆیە لەو کاتەوەی گرووپی مەنزیل وەکو گرووپێکی ئایینی دەرکەوتووە، دەوڵەت هەر ڕوانگەیەکی سیاسیی هەبووبێت، ئەم گرووپە هەوڵی داوە بەرامبەری نەوەستێتەوە و خۆی بگونجێنێت لەگەڵیدا. گرووپی مەنزیل بەردەوام جەختی لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی تورکیا و پاراستنی هێمن و ئاسایشی وڵات کردۆتەوە، دژی هەموو هەوڵێک وەستاوەتەوە کە ویستوویەتی هێمن و ئاسایشی وڵات تێک بدات. بە پێی توێژینەوەیەکی مەیدانی کە لە ساڵی ١٩٩٠ بە ناوی (نەقشێتی مەنزیل) بڵاوبووەتەوە دەڵێت: موریدە بەتەمەنەکانی ئەم گرووپە، زیاتر مەیلیان بۆ پارتی ڕەفا و گەنجەکانیش مەیلیان بۆ پارتە ناسیۆنالیزمەکان هەیە. بە پێی هەمان سەرچاوە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٥ی تورکیا، هەندێک لە شوێنکەوتووانی گرووپی مەنزیل وتیان دەنگ بە مەهەپە، هەندێکی دیکەیان بە پارتی ڕەفا و هەندێکی دیکەیان بە پارتی ئانا وەتەن دەنگیان دا (Oğur, 2019, p. 85; Hamsici, 2023; Çaklı, 2023)

بەپێی کتێبەکەی سایگی ئۆزتورک (نوێنەری ڕۆژنامەی سۆزجو لە ئەنقەرە) لە ژێر ناوی (مەنزیل: تەریقەتێک و دوو ڕوو) باس لەوە دەکات محەممەد ڕەشید ئێڕۆڵی باوکی فەوزەتتین ئێڕۆڵ پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سیاسەتمەدارانی سەردەمی خۆی هەبووە. لەناو ئەو سیاسەتمەدارانەدا سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیرانی وەک سولەیمان دەمیڕاڵ و تورگوت ئۆزاڵ هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا گرووپی مەنزیل بۆ ماوەیەکی درێژ پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ موحسین یازجیۆغڵۆی دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆکی پارتی یەکێتیی گەورەدا هەبووە. لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ساکی ئێڕۆڵ کە یەکێکە لە ناوە دیارەکانی گرووپی مەنزیل باسی لەوە دەکات و دەڵێت «ئێمە پشتگیری عەدنان مەندەرێس، سولەیمان دەمیڕاڵ، تورگوت ئۆزاڵ، مەسعوود یڵماس و ڕەجەب تەیب ئەردۆگانمان کرد و ئێستاش هەر پشتگیری دەکەین». (Oğur, 2019, p. 85; Hamsici, 2023; Uludağ, 2023).

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦ هەوڵى گولەنییەکان بۆ ئینقلاب تووشی شکست هات، دەوڵەت سەرجەم سێکتەرەکانی خۆی لە ئەندامەکانی گرووپی عەبدوڵا گولەن پاک کردەوە. ئەمەش بووە فرسەتێک بۆ گرووپی مەنزیل (Kirci, 2023). چونکە بۆشاییەکی گەورە لە گۆڕەپانی سیاسیدا درووست بوو. گرووپی مەنزیل هەوڵی دا ئەم هەلە بقۆزێتەوە و ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە. لە ئەنجامیشدا توانی لە هەوڵەکانی سەرکەوتوو بێت. هەر بۆیە ئێستا تەنانەت چەندین ئەندامی گرووپی مەنزیل لە سێکتەرە گرنگەکانی وەکو وەزارەتی ناوخۆ و بازرگانیدا بوونیان هەیە (Çaklı, 2023; Uludağ, 2023) لەم ڕوانگەوە ڕۆژنامەنووس سایگی ئۆزتورک لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ساکی ئێڕۆڵ و شێخ فەیزەددیندا سەبارەت بە ڕۆڵی گرووپی مەنزیل لەناو وەزارەتی تەندروستیدا پرسیاری کرد، لە وەڵامدا وتیان (تانەر یڵدزی وەزیری پێشوو کارەبا و ڕەجەب ئاکداغی وەزیری پێشووی تەندروستی لە ماڵی ئێمەدا گەورە بوون. ئەوان لەو کەسانە بوون کە هەموو هەفتەیەک لەگەڵمان بوون. ئێستاش سەلامێکمان لێ ناکەن. ئێمە نا، بەڵکوو مەنزیلییەکان لە هەر کوێ بن بەهێزن (Çaklı, 2023; Uludağ, 2023)

لە ساڵی ٢٠١٩ و بە تایبەت دوای هەوڵی گولەنییەکان لە ڕاپۆرتێکى نهێنیدا لە ژێر ناونیشانی (دامەزراوە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان، دامەزراوە کلتووری و ئایینییە نەریتییکان و ئاڕاستە ئایینییە نوێیەکان)، کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت هینی وەزارەتی ئەوقافی تورکیا بێت و تاوەکو ئێستاش لە لایەن لایەنی ڕەسمییەوە بە درۆ نەخراوەتەوە، بەشێوەیەکی گشتی باس لە گرووپە ئاینییەکان و بیروباوەڕ و چالاکییەکانیان کراون. لە ڕاپۆرتەکەدا لە ژێر ناونیشانی (دامەزراوە کلتووری و ئایینییە نەریتییکان (تەریقتەکان)) باس لە گرووپی مەنزیل دەکات و ناوی (گرووپی مەنزیل/سەمەرقەند) بۆ بەکاردەھێنرێت و نوسراوە (گرووپی مەنزیل بەیەکێک لە گرووپە ئاینییەکانی وڵاتەکەمان دادەنرێت کە خاوەنی زۆرترین لایەنگر(شوێنکەووتە یان مورید) بێت). لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوە کراوە کە کاریگەری و پێگەی گرووپی مەنزیل لەم دوایانەدا  لەناو دامەزراوە بیرۆکراسی و گشتییەکاندا زۆر زیادی کردووە. کە وای لێ دەخوێنرێتەوە ببێتە سەرچاوەی کێشە لە داهاتوودا (Çaklı, 2023; Uludağ, 2023; Hamsici, 2023; Başkanlığı, 2019)  وەک دەبینرێت لەگەڵ ئەوەی گرووپی مەنزیل پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا هەیە، بەڵام وەکو گرفتێک دەبینرێت. کە ڕەنگە دواتر وەکو گرووپی گولەنییەکان هەوڵی ئینقلاب بدەن.

کۆمەڵە و دامەزراوەکانی سەر بە گرووپی مەنزیل، داوای دەنگى”بەڵێ”یان کرد لە ڕاپرسی هەموارکردنەوەی دەستوور لە ساڵی ٢٠١٧دا. بەهەمان شێوە ئەم دامەزراوانە لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ دەنگیان بە هاوپەیمانی گەل و بەتایبەت ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دا. دووبارە لە هەڵبژاردنەکەی ئەم دوایەی تورکیا لە ١٤ و ٢٨ی مایسی ٢٠٢٣ پشتیوانیان لە ئەردۆگان کرد (Hamsici, 2023). ڕەجەب تەیب ئەردۆگانیش لە میدیاوە پرسەی سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە و گرووپی مەنزیل کرد سەبارەت بە کۆچی دوایی عەبدولباقی ئێڕۆڵ سەرۆکی گرووپی مەنزیل. هەربۆیە لە ١٤ مایسی ٢٠٢٣ دا هەموو ئەو دامەزراوە و ڕێکخراوانەی سەر بە گرووپی مەنزیل بوون بڕیاریان دا پشتیوانی لە هاوپەیمانی کۆمار بکەن بە سەرۆکایەتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) (Hamsici, 2023) ئەم پشتیوانییەی گرووپی مەنزیل بە تایبەت دوای ئینقلابەکەی ١٥ تەموزی ٢٠١٦ زیاتر دەرکەوت. لەگەڵ ئەوەشدا گرووپى مەنزیل بەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە باکووری سووریا هاوڕایە (Uludağ, 2023).

 

دەرئەنجامەکان

 – بەشێوەیەکى گشتى سیستەمى ئایین و گرووپە ئاینییەکان یەکێکن لە پێکهێنەرە سەرەکییەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. بە تایبەت وڵاتى تورکیا کە ژمارەیەکى زۆر گرووپى ئاینى تێدایە.

– تورکیا لەگەڵ ئەوەى بەیەکێک لەو دەوڵەتانە دادەنرێت کە بنەماى سیستەمى دەوڵەت لەسەر بنەماکانى سیکۆلار دەمەزراوە، بەڵام چەندین گرووپى ئایینى بەرچاوو دەکەوێت. زۆرینەى ئەم گرووپە ئاینییانەش لەگەڵ زۆرینەى دامەزراوەکانى دەوڵەتدا پەیوەندییەکى باشیان هەیە. یەکێک لە گرووپە ئاینییە دیارەکانى تورکیا بریتییە لە گرووپى مەنزیل.

– گرووپى مەنزیل وەکو لقێک لە ژێر چەترى تەریقەتى خالیدى نەقشبەندى لەسەرەتاى سەدەى نۆزدە لەلایەن عبدولحەکیم ئیرۆڵەوە لە یەکێک لە ناووچە کوردییەکانى تورکیا دامەزراوە. عبدولحەکیم ئیرۆڵ بەپێى شەجەرەکەى خۆیان دەگەڕێنەوە سەر ئیمامى عەلى کوڕى ئەبو تالیب.

– بەپێى یەکیک لەسەرچاوەکان ئەم گرووپە بەهۆى چالاکییەکانیەوە لەسەرەتادا بە بەرزکردنەوى ڕۆحى کوردایەتى تۆمەتبار دەکرێت و ناچار لە گوندى مەنزیلى سەر بە پارێزگاى ئادیامان نیشتەجی دەبن.

– ئەوەى ئەم گرووپەى زیاتر ناساند ئەو بۆشاییە ئاینییە بوو کە گرووپى گولەنییەکان دواى هەوڵە ئینقلابییەکەیان چۆڵبوونى گۆڕەپانەکە بوو بۆ گرووپى مەنزیل. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو قەڕەباڵغییە و گرنگیى پێدانەى کاربەدەستانى دەوڵەت و بە تایبەت سەرۆککۆمارى تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بەهۆى مردنى شێخى گرووپى مەنزیل عەبدولباقى ئیڕۆڵەوە. کە ژمارەیەکى زۆر ئیجگار زۆر لە مورید بۆ ئامادەبوونى لە مەڕاسیمى بەخاکسپاردنیدا لە گوندى مەنزیل ئامادەبوون. دواى مردنى عەبدولباقى ئیڕۆڵ محەممەد ساکى ئیڕۆڵ شوێنى گرتەوە و بوو بە شێخى گرووپى مەنزیل.

– گرووپى مەنزیل خاوەنى کۆمەڵێک بیروباوەڕ و ڕێوڕەسمى ئاینى تایبەت بە خۆیانن. کە پێویستە لەسەر هەمووموریدێکى ئەم گرووپە پێوە پابەند بێت.

– گرووپى مەنزیل بە یەکێک لە گرووپە خاوەن سەرماییەکانى تورکیا دادەنرێت. ئەمەش بەهۆى ئەو گرنگى پێدان و چالاکییانەى لە بوراى ئابووریدا ئەنجامیدەدەن. کە خاوەنى ژماریەکى زۆر کۆمپانیاى بازرگانییە. ئەمە جگە لەوەى گرنگییەکى زۆر بە بوراى ڕاگەیاندن و سوشیاڵ میدیا دەدەن. لەم ڕووەوە خاوەنى چەندین کەناڵى تەلەفزیۆنین. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لەو ساتەوەى درووست بووە تاوەکو ئەمڕۆ بە یەکێک لەو گرووپانە دادەنرێت کە لە بوراى سیاسەتدا زۆرترین چالاکى ئەنجامداوە و پەیوەندییەکى زۆر باشى لەگەڵ کاربەدەستانى دەوڵەتدا هەیە. هەر بۆیە زۆر جار لە کاتى هەڵبژاردنەکاندا پشتگیرى یەکێک لە پارەتەکان دەبەستن، بە تایبەت پارتى داد و گەشەپێدانى ئەردۆگان. ئەمەش بووەتە هۆى ئەوەى لە زۆر بواردا ئاسانکارییان بۆ بکرێت.

 

سەرچاوەکان

Başkanlığı, D. İ. (2019, 8 4). Rapor – Diyanet İşleri Başkanlığı’nın gizli Tarikat raporu-2: liderleri ve öne çıkan faaliyetleri.

Çaklı, O. (2023, 07 14). Menzil’in anatomisi: Siyaset, ticaret ve sağlık,. Artigerecek sitesi: https://artigercek.com/amp/guncel/menzilin-anatomisi-siyaset-ticaret-ve-saglik-257622h adresinden alınmıştır

Duvar. (tarih yok). Menzil Şeyhinin 12 milyon liralık aracı gündem oldu. Duvar sitesi: https://www.gazeteduvar.com.tr/amp/menzil-seyhinin-12-milyon-liralik-araci-gundem-oldu-haber-1635879 adresinden alınmıştır

Erozan, C. S. (1995). Muhammed Râşid Erol (Cilt s305). İstanbul: TDV İslam Ansiklopedisi.

Gezeteguncel. (2023, Temmuz 26 ). Menzil Tarikatı yeni bir tarikat doğurdu. https://www.google.com/amp/s/www.gazeteguncel.com/service/amp/menzil-tarikati-yeni-bir-tarikat-dogurdu-149076h.htm adresinden alınmıştır

Güner, A. (2023, Temmuz 13 ). Gezeteci Saygı Öztürk Radyo Sputnik’te Menzil Tarikatı ile ilgili açıklamalar bulundu. Sputniknews: https://www.google.com/amp/s/sputniknews.com.tr/amp/20230713/saygi-ozturk-menzil-tarikatinin-bilinmeyenlerini-anlatti-gucleri adresinden alınmıştır

Haber7com. (2023, 11 16). Gavs-ı Sânî Hazretleri kimdir? Menzil Şeyhi Seyyid Abdülbaki Elhüseyni neden vefat etti? Haber7com: https://www.google.com/amp/s/m.haber7.com/amphtml/biyografi/haber/3338863-gavs-i-sani-hazretleri-kimdir-menzil-seyhi-seyyid-abdulbaki-elhuseyn adresinden alınmıştır

Hamsici, M. (2023, Temmuz 13). Menzil cemaati: Kökeni, yapısı, siyasetle ilişkisi, ekonomik faaliyetleri. İstanbul BBC Türkçe: https://www.google.com/amp/s/www.bbc.com/turkce/articles/cqvyl2zpx6xo.amp adresinden alınmıştır

Karataş, A. (2019). Türkiye’de Bir Nakşibendi Grubunun Dönüşümü: Menzil Grubu Örneği, Yüksek Lisans Tezi. Sakarya: Sakarya Üniversitesi.

Kirci, F. (2023, 07 28). Cumhuriyet dosyasııyor: Menzil nasıl dev bir holdinge dönüştü? Cumhuriyet gazetesi: https://www.cumhuriyet.com.tr/yazi-dizileri/cumhuriyet-dosyayi-aciyor-menzil-cemaat-as-2103197 adresinden alınmıştır

Oğur, B. Y. (2019, Temmuz). Tarikatlar Üzerine Sosyolojik Bir Inceleme: Menzil Cemaati. Altı Aylık Hakemli Beşeri Bilimler Dergisi.

Okay, O. (1996). Ziya Gökalp (Türkçülük akımının nazariyatçisi, fikir adamı, sosyolog ve eğitimci). Istanbul: İslam ansiklopedisi.

Özcan, S. (2016, Kasım). Seyyid Muhammed Raşid Erol’un Hayatı ve Tasavvufi Etkisi . e-Şarkiyat İlmi Araştırmalar Dergisi, 8(2).

Sporx. (2023, 7 13). Menzil nedir? Menzil Şeyhi kimdir? Menzil Şeyhi kim olacak? Sporx sitesi: https://, Menzil nedir? Menzil Şeyhi kimdir? Menzil Şeyhi kim olacak?, 13.07.2023. https://m.sporx.com/menzil-nedir-menzil-seyhi-kimdir-menzil-seyki-kim-olacak-SXHBQ1027026SXQ adresinden alınmıştır

Uludağ, A. (2023, 3 17). Menzil Cemaati: Tarikat – siyaset – ticaret. DW.com: https://amp.dw.com/tr/menzil-cemaati-tarikat-siyaset-ticaret/a-65023373 adresinden alınmıştır

Yıldırım, S. (2009). Menzil Nakşiliği Kadın Cemaati Üzerine Sosyolojik Bir Araştırma: Adıyaman örneği (Cilt Üksek lisans tezi). Ellazığ: Fırat Üniversitesi.

[1] – شەجەرەکەش بەم شێوەیە (ئیمامى حوسەین، ئیمامى عەلى، سەید ئیمام عەلى، سەید شەرافەدین، سەید محمد الماعروف ئەبو فاریس، سەید ماجەدین، سەید ئەبو فاریس، سەید تاج الدین، سەید محمد، سەید فەلاح، سەید ئەبو فاریس، سەید تاج الدین،سەید على، سەید مەحموود، سەید حەسەن، سەید خەلیل، سەید سعید، ئەبوالخیر، سەید ئەبو تاهر، سەید کال، سەید تاهیر، سەید اعروف، سەید محمد، سەید عبدالحکیم الحسین) سەرچاوە: Salih Özcan Seyyid Muhammed Raşid Erol’un Hayatı ve Tasavvufi Etkisi , e-Şarkiyat İlmi Araştırmalar Dergisi, 2016, s766.

[2] – عبدالخالق غوجدەوانی: کە بە شێخ بەهادینى نەقشبەندىش ناسراوە، لە ساڵى ٥٧٥کۆچی بەرامبەر ١١٧٩ز لە گوندى غوجدەوانى سەر بە شارى بوخارا لە دایکبووە. غوجدەوانى ڕێسا، بنەما و ڕێساکانى تەریقەتى نەقشبەندى فۆڕمولە کردووە و شەجەرەیەکى بۆ تەریقەتى نەقشبەندى داناوە. کە بە پێى ئەم شەجەرەیە شێخانى تەریقەت دەگەنەوە سەر پێغەمبەرى خودا(ص). عبدول خالق غوجدەوانى لە ساڵى ٦١٧کۆچی بەرامبەر ١٢٢٠ز وەفات دەکات. سەرچاوە:Hamid Algar, Gucdüvânî, Abdülhâlik, TDV İsalm Ansiklopedisi, 14.cilt, İstanbul, 1996, https://islamansiklopedisi.org.tr/gucduvani-abdulhalik)

Send this to a friend