• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 4, 2023

گێڕانەوەی قەیرانی ئەتۆمی ئێران؛ نهێنییەکانی دیبلۆماتکارێک

نووسینی: دکتۆر سەید حوسەینی موسەوییان

ئامادەکردنی: ئێرانناسی

دۆسیەی ئەتۆمی و پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوو ڕەهەندی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانن، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران لە دووتوێی کتێبێکی سەید حوسەینی موسەوییاندا، لە ژێر ناونیشانی “ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا” دەخەینەڕوو.

گێڕانەوەی دیبلۆماتکارێکی ئێران لەسەر ئەم دۆسیەیە

مەلەفی ئەتۆمی ئێران لە ساڵانی (٢٠٠٢-٢٠١٥) بۆ ماوەی سیانزە ساڵ لەسەر مێزی گفتگۆی وڵاتانی زلهێزی جیهانیی بوو، لە ئێران هەر سێ باڵی  ڕیفۆرمخوازی سەید محەمەدی خاتەمی و توندڕەوی مەحموودی ئەحمەدی نەژاد و باڵی میانڕەوی دکتۆر حەسەن ڕۆحانی لەسەر ئەم دۆسیەیە کاریان کردووە. ئەزموونی هەر سێ باڵی حوکمڕانی ئێران بە سەر ئەم دۆسیەوە دیارە. لە بەرامبەریشدا هەر دوو پارتی سەرەکی لە ئەمریکا، کۆمارییەکان بە سەرۆکایەتی جۆرج بۆش و دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتی باراک ئۆباما لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران دەست و پەنجەیان نەرم کردووە. گێڕانەوەی موسەوییان بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران جیاوازە لەو نووسینانەی کە نووسراون. بە هۆکاری ئەوەی ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و لە لایەن “ڕەحمان قەهرەمانپوور” وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی. شێوازی نووسینی ئەم کتێبە ئەکادیمییە و بۆ خوێنەری ئەمریکی نووسراوە. ناوەندی کارینگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی لە ئەمریکا بە چاپی گەیاندووە. “جۆرج پر کۆویج” جێگری ئەم ناوەندە پێشەکییەکی لەسەر ئەم کتێبە نووسیوە و دەڵێت: ئەم کتێبە بە شێوەیەکی بەرچاو مێژووی هاوچەرخمان بۆ دەگێڕێتەوە.

سیانزە ساڵ کاری چڕ و پڕ لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران لە دە بەش و ئەنجام و ناوەڕۆکی ئەم کتێبە پێکدەهێنن. چوارچێوەی ئەم لێکۆڵینەوەیە (٢٠٠٢-٢٠١٥) و سەرەتای ڕێککەوتنی کۆتای بەرجام ((Joint Comprehensive Plan of Action پێکدەهێنێت.

ئەوەی گرنگە لەم لێکۆڵینەوەیەدا ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەی ئێرانە لە لایەن وڵاتانی جیهانیی بەرامبەر بە ئێران، کە دەرگامان بۆ ئاوەڵا دەکات لە تێگەیشتن لە جەمسەرەکانی پەیوەندی ئێران و وڵاتانی پەیوەندیدار بەم دۆسیەوە. کە لە چەند خاڵێکی گرنگدا خۆی دەبینێتەوە. خاوەن بڕیارەکان و لێکۆڵیارە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمی ئێران پێشنیارەکانیان دەخەنەڕوو:

  1. هێرشی پێشگیرانە بۆ سەر ئێران و ناچارکردنی ئێران بەوەی چیدی دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات. ئەم دیدگایە لە لایەن ناوەندە پەڕگیرەکان و دەوڵەتی ئیسرائیل دەخرێتە ڕوو.
  2. کاریگەری خستنەسەر هەڵسوکەوتەکانی ئێران لە ڕێگەی گەمارۆ ئابوورییەکان و بەدواداچوونی سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردنی ئێران. هەرچەندە ئەم سیاسەتە پاشان جێبەجێ کرا و ئەحمەدی نەژاد وەک چەند پارچە کاغەزێکی بێنرخ ناوزەدی کردن، بەڵام پاشان دەرکەوت کە کاریگەری ڕووخێنەری بە سەر ئابووری ئێرانەوە بە جێهێشت.
  3. سیخوڕی کردن و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و دروستکردنی لاسەنگی لەو دامەزراوانە. ئەم سیاسەتە لە لایەن ئیسرائیلیەکان و هەندێ جار ئەمریکییەکان جێبەجێ کراوە، وەک ئەو هێرشە سایبریانەی کە کرایە سەر وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر لە لایەن ئەمریکاوە و هێرش کردنە سەر چەندین ناوەندی تری ئێران و کوشتنی چەندین کەسایەتی و زانای ئەتۆمی ئێران.
  4. هەڵکردن لە تەک چەکی ئەتۆمی ئێران و گرتنەبەری سیاسەتی کۆنتڕۆڵی ئێران لە سیاسەتی هەرێمایەتییەکانی و لەق کردن و بەربەست دانان بۆ هەژموونی ئێران بەسەر ناوچەکە و سیاسەتی جیهانیی. ئەم سیاسەتە تا ڕادەیەکی زۆر ڕایەکی تیۆری و ئەکادیمییە، سیاسەتمەدارانی جیهانیی ئەم ڕێکارە بە پەسەند نازانن و نەیاری زۆری هەیە. سیاسەتی نێودەوڵەتی بەو ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێت کە ئێران نابێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
  5. ڕێگە چارەی دیبلۆماسی، تا ئێستا ئەم ڕێگە چارەیە ڕاستترین و گونجاوترین بژاردەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمی ئێران.

موسەوییان بە شێوازێکی بابەتییانە هەردوو ڕوانگەی جیهانیی ئێرانیی دەخاتەڕوو، لەبەر ئەم هۆکارەیە خوێندنەوەی کتێبەکە دەتوانێت وێنەیەکی دورست و تا ڕادەیەکی باش لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بنەخشێنێت. هەم لەسەر ئاستی جیهانیی و هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئێران بابەت و لێکۆڵینەوەی زۆر لەسەر ئەم بابەتە نووسراوە. بە تایبەت دوو نووسینی دکتۆر حەسەن ڕۆحانی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و کتێبی پێنج بەرگی کە بە سەرپەرشتی دکتۆر جەواد زەریف نووسراوە. بەڵام گێڕانەوەی موسەوییان سوودبەخش دەبێت بۆ ناوەندەکانی ئەکادیمی و ئەوانەی خوازیاری بەکارهێنانی سەرچاوەی باوەڕپێکراون لەم دۆسیەدا. جیاواز لەوەی لە موسەوییان خۆی ئەندامی دەستەی گفتوگۆکان بووە، گێڕانەوەکەی یادەوەری نووسین و ڕاپۆرت نییە، بەڵکو لێکۆڵینەوەیەکی وردی ئەکادیمییە. مێژووی گفتوگۆکانی ئێران و وڵاتانی جیهان بە دوو جەمسەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و وڵاتانی زلهێزی جیهانی لە لایەک و یەکێتی ئەورووپا لە لایەکی دیکەن و ئەو ڕاستییەمان لا ئاشکرا دەکات، کە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بارێکی زۆر قوورسە بەسەر شانی دەوڵەتی ئێران و دەزگای دیبلۆماسی ئێرانییەوە.

ئەزموونی ئەم دۆسیە و وتووێژەکانی پەیوەست بەم دۆسیە، لە ڕوانگەی حکومەتە جیاوازەکانی ئێران جێگای تێڕامانە. ئەزموونی ڕیفۆڕمخوازەکانی وەک هاشمی ڕەفسەنجانی و سەید محەمەدی خاتەمی، دەسپێکی کارکردنی ئێرانە لەگەڵ ئاژانسی وزە و وڵاتانی وەک فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا. هەوڵەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ پەلکێشکردنی ئەم دۆسیەیە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش لەم قۆناغەدا بێ ئەنجام بوو. سیاسەتی هاریکاری نێودەوڵەتی ئێران و پاشان سیاسەتی ڕەواندنەوەی کێشە ناوچەییەکان ئەو دەرفەتەی لەبەردەم ئێران ئاوەڵا کرد کە بگەڕێتەوە بۆ ئامێزی کۆمەڵەی گەلانی جیهان. دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانیش لە پەراوێزی ئەم دۆخەدا توانی تا ڕادەیەکی باش لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتی و ئاژانسی وزە بەرەوپێشچوونی زۆر بە خۆیەوە ببینێت. هەرچەندە ئەم سیاسەتانەی باڵی ڕیفۆرمخوازی ئێران پشتگیری جەماوەری زۆری بەدەستهێنا، بەڵام نەیارەکانیان لە ناوخۆی ئێران، بە شێوەیەکی بەربڵاو کەوتنە دژایەتی ئەم ڕەوتە، کە لە سەرەتادا لە ژێر ناونیشانی باڵی چەپ و پاشان باڵی ڕیفۆرمخواز خۆیان پێناسە کرد. جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ناوخۆیی ئێران وەک سوپا و دەزگای ڕاگەیاندن و دەزگا ئەمنییەکانی وڵات لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتدا وەک خۆیان لە ژێر هەژموونی باڵی پەڕگیری ئێراندا مانەوە. ئەم دۆخەش وایکرد کە سەید محەمەدی خاتەمی نائومێد لە پشتگیری ناوخۆیی دەسەڵاتەکانی تەسلیم بە حکومەتی ئەحمەدی نەژاد کرد کە پشتیوانی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ بوو.

مەحموودی ئەحمەدی نەژاد وەک کاراکتەرێکی سەرنجڕاکێش و جەنجاڵ هاتە سەر شانۆی سیاسەتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ئێران. سیاسەتی ئێران لەم قۆناغەدا سەخت و دژوار بوو. ئێران خوازیار نەبوو کە مل کەچی هەموو بڕیارەکان بێت. دۆسیەی ئەتۆمی ئێران گوازرایەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش. کۆمەڵێک بڕیاری قوورس دژی ئێران دەرکران. گەمارۆی سەنگین خرایە سەر کەسایەتی و ئابووری ئێران و ناوەندەکانی پەیوەست بەو دۆسیەوە. ئەحمەدی نەژاد ئەم بڕیارانەی بە هەند وەرنەگرت بەڵام پاشان کاریگەری بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بەسەر ئابووری ئێرانەوە دەرکەوتن. ئەمەش ئێرانی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە گۆشەگیر و لاواز کرد. حکومەتی هەشت ساڵەی ئەحمەدی نەژاد و درێژەکێشانی گفتوگۆکان بە چەند ڕێکەوتنێک کۆتایی پێهات، بەڵام نە خواستی ئێرانییەکانی تێر دەکرد و نە دڵنیایی تەواوی بە کۆمەڵگەی جیهانیی دەدا.

باڵی میانڕوی ئێران بە سەرۆکایەتی سەید حەسەن ڕۆحانی دەرفەتی بۆ گفتگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕەخساند کە ئومێدێکی نوێی بەخشییە ئاڕاستە و داهاتووی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و کرانەوەی دەرگاکان بە ڕووی ئێراندا. زەمینەسازی بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ وڵاتانی جیهانیی، دۆسیەی ئەتۆمی ئێران فرەڕەهەند و ئاڵۆزە. ڕەهەندی سیاسی و دیبلۆماسی و یاسایی و تەکنیکی زۆری هەیە. توێژەر و نووسەری ئەم کتێبە بە شێوازێکی نەرم و سادە هەموو کەسێکی ئاسایی کە زانیارییەکی سەرەتایی لەسەر ئەم دۆسیەیە هەبێت دەتوانێت سوودی زۆری لێ ببینێت. کە ئەم ڕەهەندانە جێدەهێڵین بۆ خوێنەری کتێبەکە. سوودی زۆر لە سەرچاوە بیانی و ناوخۆییەکان وەرگیراوە. وەک سەرچاوەیەکی جێگای باوەڕ لە چەمکە بنچینەییەکان و قۆناغەکانی ئەم دۆسیەیە دەتوانرێت سوودی لێوەربگرین.

 

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (7)، ساڵی دووەم، نیسانی 2023

Send this to a friend