• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 4, 2023

عەلی شەریعەتی

ئامادەكردن: وەرزنامەی ئێرانناسی

ژیان و بەسەرهات

عەلی شەریعەتی مەزینانی، كەسایەتی و رۆشنبیرێكی ئاییینیی هاوچەرخ، وتاربێژێكی كارامە، خەباتكار و تیۆریستێكی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بوو. ئەو ساڵی (1933ز) لە گوندی مەزینان لە نزیك (سەبزوار) لە خێزانێكی ئایینیی چاوی بە ژیان هەڵهێناوە، باوكی “موحەممەد تەقی شەریعەتی” مامۆستای زانكۆی “مەشهەد” بووە. خاوەنی چوارمنداڵە بەناوەكانی (ئیحسان، سەوسەن، سارا، مونا). شەریعەتی پاش ئەوەی دەچێتە زانكۆی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەكانی زانكۆی “مەشهەد” لە بەشی ئەدەبیاتی فارسی درێژە بەخوێندن دەدات. هەر لەوكاتەوە دەست بە خوێندنەوە و پێگەیاندنی خۆی و نووسین و وەرگێڕانی هەندێ لە بەرهەمەكانی دەكات. هەر لە هەمان قۆناغدا لەگەڵ یەكێك لە هاوپۆلەكانیدا بەناوی “پوران شەریعەت رەزەوی” هاوسەرگیری دەكات. شەریعەتی بە درێژایی قۆناغی خوێندنی زانكۆیی كاری لەسەر بەرهەمگەلی وەك وەرگێڕانی “ئەبوزەری غەففاری”، وەرگێڕانی “نزا”، بەرهەمی “ئەلیكسس كارل” كرد و كۆمەڵێك وتار و لێكۆڵینەوەی تری نووسی. لەبەر ئەوەی یەكەمی سەر ئاستی بەشەكەی خۆی بوو لە نێوان ساڵانی 1959 تا 1964 لە لایەن حكومەتەوە بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندنی باڵا ڕەوانەی فەڕەنسا كرا. لە زانكۆی سۆربۆن دەستی كرد بە خوێندنەوەی زیاتری زانستەكانی وەك كۆمەڵناسی، بنەماكانی زانستی مێژوو و مێژوو و فەرهەنگی ئیسلامی و لەگەڵ بیرمەندانی وەكو (ماسینون، گورڤیچ و سارتەر و …) ئاشنا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا چەند وتار و نووسینێكی “سارتەر” و نوسەرانی تری وەرگێڕان و بڵاو كردنەوە. ئەو تەنیا خەریكی خوێندن و خوێندنەوە نەبوو، بەڵكو وەك چالاكێكی سیاسی و مەدەنی بەردەوام لە جموجوڵدا بوو. لە ڕێگەی ناسینی بەنی سەدر، قوتبزادە و موستەفا چەمرانەوە دەستی بە چالاكی كرد و بزاڤی ئازادی ئێران، بەرەی نەتەوەیی ئێران، سەرنووسەریی رۆژنامەی ئێرانی ئازاد و ئەندامبوون لە رێكخراوی ئازادیی جەزائیر، لە گرنگترین چالاكییەكانی ئەو بوون.

شەریعەتی دوای خوێندنی گەڕایەوە بۆ ئێران و لەگەڵ گەیشتنی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیر كرا و ڕەوانەی بەندیخانە كرا. ئەو دوای تێپەڕاندنی ماوەی بەندكرانەكەی ئازاد كرا و گەڕایەوە بۆ شاری مەشهەد. لەوێ بوو بە مامۆستای زانكۆی “مەشهەد” و لە ساڵی (1969)دا بانگهێشت كرا بۆ “حوسەینییەی ئیرشاد” و بەرپرسیارییەتی كاروباری كولتووریی ئەم حوسەینییە لە ئەستۆی گرت و دەستی بە وتنەوەی بابەتگەلێك لە ڕوانگەی كۆمەڵناسیی ئایینی، مێژووی شیعە و زانستە ئیسلامییەكان كرد. حوسەینییەی ئیرشاد بە یەكێك لە قۆناغە هەستیارەكانی ژیانی شەریعەتی و كامڵبوونی هزریی ئەو هەژمار دەكرێت.

شەریعەتی تەنیا لەلایەن دەوڵەتەوە و دامەزراوە ئەمنییەكانی ئێرانەوە لەژیر فشاردا نەبوو، بەڵكو لەبەر ڕەخنە توندەكانی لە پیاوانی ئایینی و ڕەتكردنەوەی هەبوونی دامەزراوەی ڕۆحانییەت لە لایەن پیاوانی ئایینیشەوە لەژێر هەڕەشەدا بوو. بۆیە ئەو وانە، وتار و نووسینە هزری و ئایینییانەی كە لە حوسەینییەی ئیرشاد پێشكەشی دەكردن، زۆرجار بەناوی خوازراوەوە بڵاودەكرانەوە. دواتر بە شێوەیەكی نهێنی درێژەی بە ژیان و كارەكانیدا. بەڵام ساواك هەر لێیدەنەگەڕا و هەموو جۆرە ڕێگەیەكی خەباتی لێداخستبوو. بۆیە حوسەینییەی داخست و باوكی و ژنبراكەی دەستگیر كرد و بردیانن بۆ بەندیخانە، تاكو شەریعەتی خۆی بەدەستەوە بدات. دواجار لە ساڵی  1973 خۆی بەدەستەوە دا و (18) مانگ لە زیندانی تاكەكەسیدا بەسەر برد. شەریعەتی پاش ئازادبوونی و فشاری بەردەوامی رژێمی شای ئێران ناچار بە ژیانی نهێنی كرا و ئەگەر بابەتێك یان وتارێكی بڵاو كرابایەوە بە ناوی خوازراوەوە بوو. بۆیە بەناچاری و بەجدی بیری لە كۆچكردن و جێهێشتنی وڵات كردەوە و ساڵی (1977)زایینی بە بەكارهێنانی پاسپۆرت بە ناسناوی مەزینانی بەرەو “بەریتانیا” كۆچی كرد و هەر ئەو شەوەی گەیشتە “لەندەن”، بۆ بەیانی لە تەمەنی (43) ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

بەرهەمەكانی شەریعەتی

شەریعەتی بە یەكێك لە كاریگەرترین كەسایەتی و رۆشنبیرە هاوچەرخەكانی ئێران هەژمار دەكرێت.  هەرچەندە لەبەر كەمی تەمەنی و تێكەڵی و دابڕان لە وتار و نووسینەكانیدا زۆرێك لە كتێبەكانی كە چاپ كراون، كەموكورتیان تێدایە و لە زۆر شوێن بە بۆشاییی بەجێهێڵراوە، بەڵام كۆی بەرهەمەكانی زیاتر لە 36 كتێبن، ئەمە جگە لەوەیكە كە دەیان و بگرە سەدان كتێب و توێژینەوە لەبارەی شەریعەتییەوە نووسراون و بڵاو كراونەتەوە.

دەكرێت نووسینەكانی لەم سێ‌ بوارەدا كورت بكەینەوە ئەوانیش:

1- توێژینەوە ئیسلامییەكان كە بابەتە ئایینییەكانی وەك،كتێبەكانی ئیسلامناسی، حەج، نزا و … لە خۆدەگرن.

2- بابەتە كۆمەڵایەتییەكان كە بابەتە ئەكادیمی و زانستییەكان لە خۆ دەگرن و نموونەشیان بابەتەكانی كۆمەڵناسی و فەلسەفەی مێژوو و تەشەیوع و…هتد.

3- بابەتە عیرفانی و ئەدەبیەكان. نموونەی ئەمانەش گفتوگۆكانی تەنیایی، نیشتنەوە لە بیابان، و … هتد.

هزری شەریعەتی

هزر و جیهانبینی شەریعەتی زۆر بەرفراوانە، بەڵام دەتوانین بڵێین كە جیهانبینی ئەو بەدەوری چەند تەوەرێكی سەرەكیدا دەسوڕێنەوە كە گرنگترینیان بریتین لەمانە: (ڕەخنە لە دامەزراوەی پیاوانی ئایینیی شیعە، ڕەخنە لە ئمپریالیزم، یەكتاپەرەستی و ستەمكردن و حكومەتی ئایینی). لە نێو ئەمانەشدا دوو تەوەریان زیاتر جێگەی سەرنجی ئەو بوون كە یەكەمیان بابەتی ئایینزای شیعە و پیاوانی ئایینییە و دووەمیان كێشەكانی پەیوەست بە مۆدێرنیتەیە.

شەریعەتی ڕوانینێكی رەخنەگرانەی لەمەڕ هەندێك لە باوەرە ئایینزاییەكان بەتایبەت شیعە هەبوو. ئەو باوەڕی بە حكومەتی ئایینیی نەبوو. پێی وابوو كە ئەم جۆرە لە حكومەتكردن كە پیاوانی ئایینی بیگرنە دەست دیكتاتۆرییەت بەرهەم دەهێنێت. بە شێوەیەكی تایبەت تەشەیوعی سەفەوی بە هێمای نەریت و ڕێبازی سڕاوە دەزانی و هاوشان لەگەڵ قەبولكەری داگیركاری، خورافە و تەقلید و جەبرگەرایی لێكی دەدایەوە. پێی وابوو كە شتێك یان توێژێك بە ناوی توێژی پیاوانی ئایینی بوونی نییە و ئەم مۆدێلە مەسیحییەتەوە وەرگیراوە. لە ئیسلامدا واسیتەیەك لەنێوان خودا و مرۆڤدا نییە. هەموو كەسێك دەتوانێت بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خودادا لە پەیوەندیدا بێت. هەروەها ڕەخنەی لە ڕوانینی ڕواڵەتیانە بۆ مۆدێرنە دەگرت و باوەری وابوو رێگەی پێشكەوتن و گەشەسەندنی نەتەوە رۆژهەڵاتییەكان، جیاوازە لەو رێگەیەی كە ڕۆژئاوا بڕیویەتی. ئەو هەڵبەت نكۆڵی لە پێشكەوتنی رۆژئاوا و پێویستیی چاولێكردنی رۆژئاوا نەدەكرد.

شەریعەتی مۆدێرنیتەی لە چاوی ئیمپریالیزمەوە سەیر دەكرد. پێی وابوو كە گەڕانەوە بۆ ڕابردووی ڕەسەن و دێرینی ئایینیان بە شێوەیەك كە بتوانێت یارمەتیان بدات بۆ ئەوەی ناسنامەی كولتوریی خۆیان بدۆزنەوە دەكرێت یارمەتیدەر بێت یان تاكە ڕێگا بێت بۆ ئەوەی بتوانن لەبەرامبەر ئیمپریالیزمدا خۆیان بگرن. ئەو موسوڵمانبوونی تەنیا لە لە باوەڕبوون بە خودا و پەیامبەر نەدەبینی بەڵكو پێی وابوو كە موسولمانی ڕاستەقینەبوون لەسەر گرتنەبەری كرداری دروست لەپێناوی باوەڕ ڕاوەستاوە. تا هەنووكەش زۆر كەس و گروپ لە ئێراندا هەن كە لایەنگری شەریعەتین و وەك خاوەنی ڕێبازێك سەیری دەكەن و بۆ ئایدیاكانی دەگەڕێنەوە. كتێبەكانی ئەو هەڵبەت بۆ چەندین زمانی زیندوو لەوانەش زمانی كوردی وەرگێڕان كراون.

 سەرچاوەكان:

 

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (7)، ساڵی دووەم، نیسانی 2023

Send this to a friend