• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 16, 2023

ڕاپۆرتی ڕاپرسی سەبارەت بە «تێڕوانینی ئێرانییەکان بۆ ئایین»

وەرگێڕان: كەیوان قادری

 

بەرایی

ئەم ڕاپۆرتە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای ڕاپرسییەك لەمەڕ ڕوانینی ئێرانییەكان سەبارەت بە ئایین ئەنجام دراوە. گرووپی توێژینەوەی بیرپێوەری ئێرانییەکان (گەمان كە ڕێکخراوێکی لێکۆڵینەوەی ناحکومی، سەربەخۆ و تۆمارکراو لە وڵاتی هۆڵەندایە.) لە ڕێگەی عەمار مەلیکی، پرۆفیسۆری یاریدەدەری زانستی سیاسی، زانکۆی تیلبێرگی هۆڵەندا و پوویان تەمیمی عەرەب، پرۆفیسۆری یاریدەدەری مرۆڤناسی ئایین، زانکۆی ئۆترێختی هۆڵەندا لە گەلاوێژی 2020 ڕاپرسییەكەی ئەنجامداوە و لە شێوەی توێژینەوەدا بڵاوی كردووەتەوە. ڕاپۆرتەكە هەموو ڕەهەندەكانی ئایین و خواپەرستی لە نوێژكردن، تێگەیشتنیان بۆ چەمكە ئایینییەكان، پێگەی خودا و ئایین لە ژینگەی خێزانی، دیدگای كۆمەڵگە سەبارەت بە پەیوەندی حكومەت و ئایین، هەروەها ڕوانینی خەڵك بۆ بانگەشەی ئایینی، ڕوانینیان سەبارەت بە باڵاپۆشی و خواردنەوە سەرخۆشكەرەكان بەوردی دەخاتەڕوو.

 

پوختەی ئەنجامی ڕاپرسی «تێڕوانینی ئێرانییەکان بۆ ئایین»

  • ڕاپرسی «تێڕوانینی ئێرانییەکان بۆ ئایین» لە بەرواری ١٧ی جۆزەردان هەتا یەکی پوشپەڕی ٢٠٢٠ بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ، ئەنجامدراوە. لەم ڕاپرسییەدا زیاتر لە ٥٠ هەزار وەڵامدەر بەشداربوون و نزیکەی ٩٠٪ی بەشداربووان دانیشتووی ئێران بوون. ئەنجامەکانی ئەم ڕاپۆرتە، تێڕوانینی کەسانی سەروو ١٩ ساڵی دانیشتووی ئێران (٨٥٪ی گەورەساڵان لە ئێران) دیاری دەکات و بە ئاستی دڵنیایی ٩٥٪ و پەراوێزی هەڵەی ٥٪، دەتوانرێ بۆ تەواوی کۆمەڵگە گشتگیر بکرێت. ئەم ڕاپرسییە هەوڵدەدات هەتا تێڕوانینی ئێرانییەکان بۆ ئایین و بابەتە پەیوەندیدارەکان، کەوا لە دۆخی ئێستادا بە هۆی بەربەستەکانەوە ناتوانرێ بە شێوەیەکی ئاشکرا پرسیار بکرێت، بە ڕ‌ێگایەکی میتۆدی، هەڵسەنگێنێت و تۆماری بکات.
  • بە پێی ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە. ٧٨٪ ئێرانییەکان باوەڕیان بە خوا هەیە. هەروەها ٣٧٪ بە چەمکی ژیان لە داوی مردن، ٣٠٪ بە بەهەشت و دۆزەخ، ٢٦٪ بە جنۆکە و ٢٦٪ بە دەرکەوتنی ڕزگارکەر، باوەڕیان هەیە. نزیکەی ٢٠٪ لە کۆمەڵگە باوەڕیان بە هیچ یەک لەم خاڵانە نییە.
  • ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە دەریدەخات لە کاتێکدا ٣٢٪ی کۆمەڵگە خۆی وەک مسوڵمانی شیعە بەناو دەکات، ٩٪ خۆیان بێ باوەڕ (ئاتیئیست)، ٨٪ مەعنەویەتخواز، ٧،٥٪ زەردەشتی، ٧٪ نەزانخواز، ٤،٥٪ خۆیان بە مسوڵمانی سوننە دادەنێن. هەروەها ویستی عیرفانخوازی، مرۆڤخوازی (هیومانیست)، کریستیانی و بەهایی لای ئاڕاستەکانی تر لە کۆمەڵگەی ئێران، بوونیان هەیە. نزیکەی ٢٢٪ لە کۆمەڵگەش خۆی نزیک هیچ یەکە لەم ئاڕاستانە نازانێت.
  • نزیکەی نیوەی کۆمەڵگە ڕایان وایە کە لە دینداریەوە گەیشتوون بە بێدینی. لە لایەکی ترەوە بیروڕوای ٤١٪ی خەڵکی کۆمەڵگە سەبارەت بە دین یان بێدینی لە درێژایی ژیانیاندا گۆڕانکاریەکی وەهای بەسەردا نەهاتووە. هەروەها ویست و حەزی نزیکەی ٦٪ی کۆمەڵگە لە ئاڕاستەیەکی دینییەوە بەرەو ئاڕاستەیەکی دینی دیکە گۆڕدراوە.
  • بە پێی ئەنجامەکانی ڕاپرسی، نزیکەی ٦٠٪ی کۆمەڵگە ڕایانگەیاندووە کە نوێژ ناخوێنن. لەبەرامبەردا نزیکەی ٤٠٪ی کۆمەڵگە وتوویانە کە بەردەوام نوێژ دەخوێنن و لەم ڕێژەیە، زیاتر لە ٢٧٪ کۆمەڵگە وتوویانە پێنج جار لە ڕۆژدا نوێژ دەخوێنن.
  • ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە نیشان دەدات کە نزیکەی ٦١٪ی خەڵکی کۆمەڵگە لە بنەماڵەی «دیندار و ئایینی» و ٣٢٪ کۆمەڵگە لە بنەماڵەی «باوەڕدار، بەڵام بێ دین» گەورە بوون. کەمتر لە ٣٪ی کۆمەڵگە لە بنەماڵەی «بێ باوەڕ بە خوا» یان «دژە ئایین» گەورە بوون.
  • بە پێی ئەنجامی ئەم ڕاپرسییە، ٦٨٪ی کۆمەڵگە لەو بڕوایەدان کە حکومە ئایینییەکان نابێ ببنە پێوەری یاسادانان تەنانەت ئەگەر دینداران زۆرینەی کورسییەکانی پەڕلەمانیان بەدەستەوە بێت. لە بەرامبەردا نزیکەی ١٥٪ی کۆمەڵگە لەو بڕوایەدان کە یاساکان دەبێت لەهەر مەرجێکدا بەپێی حکومە دینییەکان بێت.
  • بە پێی ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە ٧١٪ی کۆمەڵگە لەو بڕوایەدان کە دامەزراوە ئایینییەکان دەبێ خۆیان تێچووەکانیان دابین بکەن. لە لایەکیترەوە ١٠٪ لەو بڕوایەدان کە دامەزراوە دینییەکانی هەموو ئایینەکان دەبێت یارمەتی حکومی وەربگرن و ٣،٥٪ی کۆمەڵگە بڕوایان وایە کە تەنیا دامەزراوە ئیسلامییەکان دەبێت لە یارمەتی حکومی سوود وەربگرن.
  • سەبارەت بە پڕۆپاگەندەی دینی، ٤١٪ی کۆمەڵگە لەو بڕوایەدان کە هەموو دینەکان دەبێ بتوانن دینەکەیان بۆ ڕای گشتی پێناسە بکەن لە کاتێکدا نزیکەی ٥٪ی کۆمەڵگە، ئەم مافە تەنیا بۆ مسوڵمانان دەبینن. لە بەرامبەردا، ٤٢٪ی کۆمەڵگە پێیان باشە کە ناساندن و پڕوپاگەندەی هەموو ئایینەکان لە گۆڕەپانی گشتیدا ڕێگەپێنەدراو بێت.
  • بە پێی ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە، ٥٧٪ی کۆمەڵگە لەگەڵ پەروەردەی منداڵان بۆ فێرکاری و ئەرکی ئایینی لەناو مەکتەبەکاندا دژایەتی دەکەن. هەر چۆنێک بێ، نزیکەی ٥٤٪ هاوڕان لەگەڵ ئەوەی کە منداڵەکانیان لە مەکتەبەکاندا، باوەڕە ئایینییە جیاوازەکان بناسن.
  • ئەنجامەکانی ڕاپرسی نیشانی دەدات زیاتر لە ٧٣٪ی کۆمەڵگە دژی حیجابی ئیجبارین. لە بەرامبەردا، نزیکەی ١٢٪ی کۆمەڵگە جەخت لەسەر پابەندبوون بە حیجاب (پۆشاندنی قژ) لە شوێنە گشتیەکان دەکەن. لە لایەکی دیکەوە ٥٨٪ی کۆمەڵگە لە ئەساسدا باوەڕیان بە حیجاب نییە.
  • نزیکەی ٣٧٪ی ئێرانییەکان، وێڕای بەربەستەکان، بە بەردەوامی یان جاربەجار خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە. لە لایەکی دیکەوە ٥٥٪ی کۆمەڵگە وتوویانە کە خواردنەوە کحولییەکان ناخۆنەوە. نزیکەی ٨٪ی کۆمەڵگەش بە بۆنەی نەبوونی دەرفەتی کڕین (بەردەست نەبوون یان تێچوو) خواردنەوە کحولییەکان بەکار ناهێنن.

 

بەشی یەکەم: شێوازی نموونەگرتن و تایبەتمەندییە ئامارییەکانی نموونە

١-١ تایبەتمەندییەکانی ڕاپرسی و نموونەی ئاماری نەپوختە

  • ڕاپرسی «تێڕوانینی ئێرانییەکان بۆ ئایین» لە لایەن «گرووپی توێژینەوەی بیرپێوەری ئێرانییەکان (گەمان)» لە بەرواری ١٧ی جۆزەردان هەتا یەکی پوشپەڕی ٢٠٢٠ بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ، ئەنجامدراوە. ئەم ڕاپرسییە بە شێوەی ئۆنلاین و بە کەڵک وەرگرتن لە پلاتفۆرمێکی پارێزراو و تایبەت ئەنجامدراوە.
  • ڕاپرسییەکە بە ڕێگای نموونەگرتنی تۆپەڵەبەفر (virtual snowball sampling) بە شێوازی دروستکردنی چەندین زنجیرەی جیاوازی نموونەگرتن (multiple chain referral sampling)، بە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (تێلگرام، واتس ئەپ، توویتەر و فەیسبووک) ئەنجامدراوە و زیاتر لە ٥٠ هەزار بەشداربوو لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لەم ڕاپرسییەدا بەشداربوون (زانیاری زیاتر لە هاوپێچدایە).
  • بەپێی ئاماری فەرمی حکومەت لە جۆزەردانی ٢٠٢٠، لە ئێران زیاتر لە ٧٨ میلیۆن بەکارهێنەری ئینتەرنێت بوونیان هەیە (واتا ٩٤٪ی دانیشتووان) کە نزیکەی ٦٩ میلیۆن لە ڕێگای مۆبایلەوە ئینتەرنێت بەکار دەهێنن. لە لایەکی دیکەوە ڕاپرسی ناوەندی بیرپێوەری خوێندکارانی ئێران (ئیسپا) لە ڕەشەمێی ٢٠١٩ نیشان دەدات کە نزیکەی ٧٠٪ی خەڵکی ئێران لانیکەم یەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنن. ئەم دەرفەتانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بتوانرێت لە ڕێگای ئینتەرێتەوە لەگەڵ بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران پەیوەندی دروست بکرێت و بیروڕای ئەوان بزانرێت.
  • لەم ڕاپرسییەدا، ١١ پرسیاری سەرەکی و ٨ پرسیار سەبارەت بە زانیاری گشتی و کۆمەڵناسی وەڵامدەرەکان (ڕەگەز، تەمەن، ئاستی خوێندەواری، پارێزگای شوێنی ژیان، ناوچەی شار یان گوند، ڕەوشی ئیش، داهات و هەڵسوکەوتی هەڵبژاردن) پرس کراوە.
  • چونکە وەڵامدەرەوەکان بە شێوازی نەناسراو و بەبێ تۆمارکردنی زانیاری کەسێتییەکانیان لە ڕاپرسییەکەدا بەشداربوون، تەخمین دەکرێ کە بۆ ڕادەربڕینی ڕاستەقینەی خۆیان زیاتر هەستیان بە پارێزراوی کردووە و بە ئاسوودەیی بەشداربوون.
  • نزیکەی ٩٠٪ی بەشداربووان وتوویانە کە لە ناوخۆی ئێراندا دەژین. ڕێبازەکانی پشتڕاستکردنەوە نیشان دەدەن کە نزیکەی ١٪ی بەشداربووان ڕەنگە شوێنی ژیانی خۆیان (ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات) بە مەبەست یان بە بێ مەبەست، هەڵە نووسیبێت.
  • ئێرانییەکانی ناوخۆی وڵات لە هەموو ٣١ پارێزگا و شار و گوندەکان لەم ڕاپرسییەدا بەشداربوون. زانیاری نموونەکان لە بەشی هاوپێچدا ڕاپۆڕت کراوە.

 

١-٢ قۆناغەکانی پاڵاوتن و ئامادەکردنی نموونەی کۆتایی

  • لەم ڕاپرسییەدا پرسیارێک بۆ ناسینی وەڵامە بەڕێکەوت یان ئەو وەڵامانەی وا بە ڕێگەی ڕۆبۆتەوەن، دابین کراوە. وەڵامە هەڵەکان بەم پرسیارە، هەەروەها خاڵە ناکۆکەکان (وەکو ئەو کەسانەی وتوویانە لە ساڵی ٢٠١٧ هێشتا تەمەنیان نەگەیشتووە بە تەمەنی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام تەمەنی خۆیان زیاتر لە ٣٠ ساڵ دیار کردووە، یان ئەو کەسانەی لە پرسیارێکدا خۆیان بە دانیشتووی ئێران و لە پرسێکی دیکەدا خۆیان دانیشتووی دەرەوەی وڵات پێناسە کردووە) لە ئامارەکاندا سڕاونەتەوە.
  • بە لەبەرچاوگرتنی گرووپە تمەنییە ستانداردەکانی ناو زانیارییەکانی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦، نموونەی کۆتایی کە لەم شیکارییەدا بەکارهێنراوە تەنیا وەڵامدەرانی سەروو ١٩ ساڵی دانیشتووی ئێران لەخۆ دەگرێت.
  • دوای ئەنجامدانی پاڵاوتنەکان، قەبارەی نموونەی ئاماری کۆتایی لە ناوخۆی ئێراندا ٣٠،٩٨١ وەڵامدەر بووە. هەموو دەرئەنجامەکانی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای نموونەئاماری کۆتایی دەرهێنراون.
  • ئامانجی کۆمەڵەی ئاماری ئەم ڕاپرسییە، کەسانی سەروو ١٩ ساڵ و خوێندەواری دانیشتووی ئێرانن (کەسانێک وا توانیویانە ئینتەرنێت بەکار بهێنن و پرسیارەکانی ڕاپرسییەکە بخوێننەوە). بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦، هەژماری خەڵکانی خوێندەواری سەروو ١٩ ساڵ لە ئێران نزیکەی ٤٧ میلیۆن کەس بەروارد کراوە. ئەم ڕەقەمە نزیکەی ٨٥٪ی دانیشتووانی گەورەساڵی ئێرانە.
  • لەم ڕاپۆرتەدا لە هەر شوێنێکدا دەستەواژەی «نموونەی ئاماری» بەکار دەهێنرێت، مەبەست نموونەی پاڵاوتراە و نە «نموونەی خاوی سەرەتایی» ڕاپرسییەکە. هەروەها، لە هەر شوێنێکدا لە دەستەواژەی «کۆمەڵگە» کەڵک وەرگیراوە مەبەست «کۆمەڵگەی ئامارییە» (یاخود هەمان کۆمەڵەی ئاماریی) ئامانجە نەک گشت دانیشتووانی کۆمەڵگەی ئێران.

نموونەی ئاماری ڕاپرسییە ئۆنلاینەکان زۆربەی جار لەگەڵ زانیاری کۆمەڵەی ئاماری ئامانج تەواو یەک ناگرنەوە، لە ئەنجامدا بۆ ئەوەی نموونەیەکی ئاماری پێناسەکەر (representative sample) هەبێت، لە شێوازی کێشکردنەوە (weighting) کەڵک وەرگیراوە هەتاکو بتوانرێت نموونە ئاماریەکە هاوسەنگ بکرێت و لەگەڵ زانیاری سەرەکی کۆمەڵەی ئامانج یەکسان بکرێت. هەروەها ئەنجامەکان بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازی هەڵبژاردنی نموونەی هەڕەمەکی لە کۆی نموونە ئامارییەکان (matching)، پشتڕاستکرایەوە. لە بەشی هاوپێچدا، شێوازەکانی هاوسەنگکردنی نموونەی ئاماری، شێوازی کێشکردن، زانیاری کۆمەڵناسی نموونە ئاماری و زانیاری کۆمەڵەی ئامانج باسی لەسەر کراوە.

بەشی دووەم: دەرئەنجامە سەرەکییەکانی ڕاپرسی

لەم ڕاپۆرتەدا هەموو ئەنجامەکان و خشتەکان لەسەر بنەمای «نموونەی ئاماری کێشکراو» لە ناوخۆی وڵات حیساب کراوە. دەرئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە دەتوانرێت بە ئاستی دڵنیایی ٩٥٪ و پەراوێزی هەڵەی ٥٪، بۆ دانیشتووانی خوێندەواری تەمەن سەروو ١٩ ساڵ (واتە نزیکەی ٨٥٪ی دانیشتووانی گەورە ساڵ) گشتگیر بکرێت.

 

٢-١ ئاستی باوەڕی ئێرانییەکان بە چەمکە ئایینییەکان      

لەم ڕاپرسییەدا وەڵامدەران سەبارەت بە باوەڕی ئەوان بە «خوا»، «بەهەشت و دۆزەخ»، «دین و مەزهەب»، «هاتنی ڕزگارکەری مرۆڤایەتی»، «ژیان دوای مەرگ»، «جنۆکە» پرسیار کراوە.

ئەنجامەکانی ڕاپرسی نیشان دەدەن کە ٧٨٪ی ئێرانییەکان بە خوا، ٣٧٪ بە ژیانی دوای مەرگ، ٣٠٪ بە بەهەشت و دۆزەخ، ٢٨٪ بە دین و مەزهەب، ٢٦٪ بە جن و ٢٦٪ بە هاتنی ڕزگارکەری مرۆڤایەتی باوەڕیان هەیە و نزیکەی  ٢٠٪ی کۆمەڵگەش بڕوایان بە هیچ یەک لەم خاڵانە نییە.

دایاگرامی ١

٢-٢ هەمەچەشنی مەیلی ئایینی ئێرانییەکان

لە پرسیارێکی دیکەدا لە وەڵامدەران سەبارەت بە نموونەکانی بیروبڕوا کەسێتییەکانی ئەوان پرسیار کرا.

دایاگرامی ٢ نیشان دەدات لە کاتێکدا کە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆمەڵگە خۆیان وەک «مسوڵمانی شیعە» پێناسە دەکەن، بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگە خۆیان بێ باوەڕ، زەردەشتی، مەعنەویەتخواز، نەزانخواز، مسوڵمانی سوننە، عیرفانخواز، مرۆڤخواز، کریستیانی، بەهایی و … پێناسە دەکەن. هەروەها نزیکەی ٢٢٪ی کۆمەڵگە خۆیان سەر بە هیچ یەک لەم ڕەوتانە نازانن.

دایاگرامی ٢

٢-٣ ڕەوتی گۆڕانکاری دینداری لە کۆمەڵگەی ئێراندا

لەم ڕاپرسییەدا لە وەڵامدەران پرسیار کرا کە باوەڕی ئایینی ئەوان بە درێژایی ژیانیان چ گۆڕانکارییەکی بەسەردا هاتووە. هەروەکو دایاگرامی ٣ نیشان دەدات، ٤٧٪ ڕایانگەیاند لە باوەڕمەندییەوە بە بێ باوەڕی گەیشتوون.
٤١٪ی کۆمەڵگەش وتوویانە کە بڕوایان سەبارەت بە دین یان بێ دینی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نەبووە. هەروەها نزیکەی ٦٪ ڕایانگەیاندووە کە لە بێ باوەڕییەوە گەشیتوون بە باوەڕمەندی و بە هەمان ڕێژەش لە مەیلێکی ئایینی بۆ مەیلێکی ئایینی دیکە گۆڕاون.

ئەنجامەکان نیشان دەدەن کە مەیلی گۆڕین «لە دینداری بۆ بێ دینی» لەناو گەنجان، کەسانێکی کە خوێندنی زانکۆیان بووە و دانیشتووانی شارەکان زیاتر بووە.

هەروەها دەبینرێت کە مەیل بە گۆڕینی باوەڕە ئایینییەکان لە نێوان پیاوان زیاتر لە ژنان تۆمار کراوە.

ئەنجامەکانی ڕاپرسی نیشان دەدات کە زۆرینەی ئاتێئیستەکان (بێدین) و نەزانخوازەکان لە دینداری گەیشتوون بە بێ دینی. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەشێکی بەرچاوی باوەڕمەندانی کریستیانی، عیرفانی حەڵقە، عیرفانخوازەکان و بوداییەکان لە مەیلێکی دیکەی دینی ڕوویان لەم بڕوا ئایینییانە کردووە.

دیاگرامی ٣

 

٢-٤ مەیلی عیبادەتی تاکەکەسی

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە «چەند جار نوێژ ئەخوێنن؟»، نزیکەی ٦٠٪ی کۆمەڵگە وتوویانە کە نوێژ ناخوێنن. لەبەرامبەردا نزیکەی ٤٠٪ی کۆمەڵگە ڕایانگەیاندووە کە بەردەوام نوێژ دەخوێنن و لەم بڕە خەڵکە، زیاتر لە ٢٧٪ی کۆمەڵگە وتوویانە پێج جار لە ڕۆژدا نوێژ دەخوێنن.

دایاگرامی ٤

٢-٥ پێگەی خوا و ئایین لە کەشی بنەماڵەیی ئێرانییەکاندا

بە پێی ئەنجامی ڕاپرسی نزیکەی ٦١٪ی کەسەکان وتوویانە لە بنەماڵەی «باوەڕمەند بە خوا و ئایینی» گەورە بوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە ٣٢٪ی ڕایانگەیاندووە لە بنەماڵەی «باوەڕمەند بە خوا و نائایینی» گەورە بوون و کەمتر لە ٣٪یش ڕایانگەیاندووە لە بنەماڵەی «بێ باوەڕ بە خوا» یان «دژە ئایین» گەورە بوون.

دایاگرامی ٥

٢-٦ ڕوانگەی کۆمەڵگە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان دین و حکومەت

هەر وەکو لە دایاگرامی ٦دا هاتووە، ٦٨٪ی کۆمەڵگە لەسەر ئەو بڕوایەدابوون کە حکومە ئایینییەکان نابێ ببنە پێوانەی یاسادانان تەنانەت ئەگەر دیندارەکان زۆرینەی پەرلەمانیشیان بەدەست بێت.

لە بەرامبەردا ١٤٪ی کۆمەڵگە بڕوایان هەیە کە یاساکان دەبێت لە هەر حاڵێکدا لەسەر بنەمای حکومە ئایینییەکان بن. هەروەها نزیکەی ٤٪ی کۆمەڵگە زیاتر مەیلیان بەرەو ئەم بیروڕایەوەیە کە ئەگەر دیندارەکان لە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانەدا زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنن، مافی ئەوەیان هەیە کە یاساکان بە پێی حکومە ئایینییەکان دابنێن.
١٣٪یش وتوویانە کە بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارە زانیاری تەواویان نییە.

دایاگرامی ٦

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە پەیوەندی دین و حکومەت (دایاگرامی ٧)، ٧١٪ لەو باوەڕەدابوون کە دامەزراوە ئایینییەکان پێویستە خۆیان تێچووەکانیان دابین بکەن.

لە لایەکی دیکەوە ١٠٪ بڕوایان هەبووە کە دامەزراوە دینییەکانی هەموو ئایینەکان پێویستە بتوانن یارمەتی لە حکومەت وەربگرن و ٣٪یش ڕایان وابوو کە تەنیا دامەزراوە ئیسلامییەکان دەبێت بتوانن لە یارمەتی حکومەتی سوود وەربگرن.

دایاگرامی ٧

 

٢-٧ ڕوانگەی ئێرانییەکان سەبارەت بە پڕوپاگەندەی ئایینی لە ڕای گشتیدا

سەبارەت بە پڕوپاگەندەی ئایینی ٤١٪ی کۆمەڵگە باوەڕیان وایە کە هەموو دینەکان پێویستە بتوانن پرۆپاگەندەی ئایینی خۆیان بۆ ڕای گشتی بکەن، لە کاتێکدا نزیکەی ٤٪ی کۆمەڵگە ئەم مافە تەنیا بۆ مسوڵمانان ڕەوا دەبینن.
لە بەرامبەردا، نزیکەی ٤٣٪ بە باشی دەزانن کە پرۆپاگەندەی هەموو ئایینەکان بۆ ڕای گشتی ڕێگەپێنەدراو بێت.

 دایاگرامی ٨

هەروەها ٥٦٪ی کۆمەڵگە ڕایانگەیاندووە لەگەڵ پەروەردەی مناڵان بۆ فێرکاری و ئەرکی ئایینی لەناو مەکتەبەکاندا دژایەتی دەکەن. هەروەها، نزیکەی ٥٤٪ هاوڕان لەگەڵ ئەوەی کە مناڵەکانیان لە مەکتەبدا بیروبڕوا ئایینییە جیاوازەکان بناسن.

دایاگرامی ٩

٢-٨ ڕوانگەی ئێرانییەکان سەبارەت بە حیجاب

ئەم ڕاپرسییە نیشان دەدات کە زیاتر لە ٧٢٪ی کۆمەڵگە دژی ئیجباری بوونی باڵاپۆشی (داپۆشانی قژی سەر) لە شوێنە گشتیەکانن، لە کاتێکدا نزیکەی ١٢٪ی کۆمەڵگە لەسەر بوونی حیجابی ئیجباری جەخت دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە ٥٧٪ی کۆمەڵگە لە ئەساسدا بڕوایان بە حیجاب نییە. هەروەها ئەنجامەکانی ڕاپرسی نیشان دەدات کە تەنیا نیوەی ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە حیجاب هەیە جەخت لەسەر ئیجباری بوونەکەی دەکەن (دایاگرامی ١١).

دایاگرامی ١٠ و١١

٢-٩ بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان لە کۆمەڵگەی ئێراندا

لە وەڵامی پرسیار سەبارەت بە بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان لە ئێراندا، ٥٦٪ی وەڵامدەران وتوویانە کە خواردنەوە کحولییەکان ناخۆنەوە. لە بەرامبەردا زیاتر لە یەک لەسەر سێی کۆمەڵگە وتوویانە کە بەردەوام یان جاروبار خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە. نزیکەی ٩٪ی کۆمەڵگەش بە هۆی نەبوونی دەرفەتی کڕین (بەردەست نەبوون یان تێچوو) بەکارهێنەری خواردنەوە کحولییەکان نین. هەروەها ئەنجامەکان نیشان دەدەن کە بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان لە نێوان گەنجان و پیاوان زیاترە.

دایاگرامی ١٢

هاوپێچ: میتۆدۆلۆژیای توێژینەوە

میتۆدی نموونەگرتن

ئەم ڕاپرسییە بە کەڵک وەرگرتن لە میتۆدە داهێنەرانەکان هەوڵی داوە ئەو ڕوانگە و بیروڕایانەی وا بە ڕێبازە بیرپێوەریە ئاساییەکان لە کۆمەڵگەیەکی داخراودا ناتوانرێت بە شێوەیەکی ئاشکرا پرسیار و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بە ڕێگایەکی خاوەن میتۆد، بپێوێ و تۆماری بکات. هەر چۆنێک بێت، ئەم ڕاپرسی و شیکاریە ئاماریە پەیوەستەکانیش هەروەکو نموونە لەیەکچووەکانی لەگەڵ ئاستەنگیەکانی پەیوەست بە نموونەگرتنی ئۆنلاین ڕووبەڕوو بووەتەوە. یەکێک لەم کێشانە ئاستەنگی کاریگەری تۆڕە (network effect)، واتا ئەگەری نزیکبوونی بیرۆکەی بەشداربووان لەگەڵ ڕێکخەرانی ڕاپرسییەکە بووە.

بۆ کەمکردنەوەی ئەم کێشەیە هەوڵدراوە هەتاکو ڕاپرسییەکە لە ڕێگەی کەسان، کۆمەڵ، کەناڵ و پەیجەکانی وا خاوەن بیرۆکەی باوەڕی، سیاسی و کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر بوون، هاوبەش بکرێت.

بە کەڵک وەرگرتن لە چەندین زنجیرەی جیاوازی نموونەگرتن (multiple chain referral sampling)، پرسیارنامەی ئۆنلاین بە شێوازێکی خاوەن ئامانج و بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکان لە نێوان کۆمەڵ و گرووپە جیاوازەکان و لە نێوان جەماوەری پەیجە بەناوبانگە گشتی، کۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی و دڵخۆشکەرەکان بڵاوبووەتەوە. هەروەها هاوکات لەگەڵ زۆربوونی بەرچاوی نموونەکان هەوڵدرا هەتا بتوانرێت لایەنگرییەکی (bias) وا بە هۆی کاریگەری تۆڕەوە دروستبووە، تا ئاستێکی وا دەکرێت کەم بکرێتەوە.

ئەنجامی یەکێک لە پرسیارەکانی ڕاپرسییەکە نیشان دەدات کەمتر لە ١٪ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە، پێشتریش لە ڕاپرسییەکانی دامەزراوەی گەمان بەشداربوون. ئەم ئەنجامە دەتوانێت نیشان بدات کە ڕێبازی نموونەگرتنی خاوەن ئامانج بۆ بڵاوکردنەوەی پرسیارنامە لە نێوان چینە جۆراوجۆرەکان، توانیویەتی ڕاپرسییەکە بگەیێنێتە گرووپە جیاوازەکانی دەرەوەی ئەو بڕە کەسەی وا دامەزراوەی گەمان دەناسن.

 

هاوسەنگکردنی نموونەی ئاماری و ڕێبازی کێشکردن

لەم ڕاپۆڕتەدا بۆ ئەوەی نموونەی ئاماری ڕاپرسییەکە ببێتە نموونەیەکی ئاماری پێناسەکەر (representative sample) لە تێکەڵەی دوو ڕێباری کێشکردن – raking & cell-weighting – کەڵک وەرگیراوە.

بە پێی لێکۆڵینی گشتگیری دامەزراوەی توێژینەوە-بیرپێوەری پیوو (Pew Research Center) ئەم دوو ڕێبازەی کێشکردن، بە لەبەرچاوگرتنی گوڕاوە دیمۆگرافییە گونجاوەکان، لە کاریگەرترین و متمانەپێکراوترین ڕێبازەکانی هاوسەنگکردنی نموونەکانی ڕاپرسی ئۆنلاین دێنە ئەژمار.

هەروەها بەپێی ئامۆژگاری ئەم لێکۆڵینەوەیە، بۆ کێشکردنی نموونەی ئاماری، لە گۆڕاوێک وا هەڵسوکەوتی سیاسی وەڵامدەران نیشان دەدات، کەڵک وەرگیراوە هەتاکو ئاستی بەلاڕێداچوونی نموونەی ئاماری کەم بێتەوە و ئەگەری گشتگیرکردنی نموونەی کۆتایی زیاتر بکرێت. هاوسەنگکردن و کێشکردنی نموونەی ئاماری بە هاوکاری کۆمپانیای هۆڵەندی Spinnaker Research و بە ئامرازی پێشکەوتووی ئەم کۆمپانیایە ئەنجام دراوە.

بۆ دروستکردنی نموونەیەکی ئاماری پێناسەکەر، نموونەی پاڵاوتراوی ڕاپرسی بۆ وەڵامدەرانی «ناوخۆی وڵات» لەسەر بنەمای دابەشکردنی ڕەگەز، تەمەنەکان، ئاستی خوێندەواری، دیمۆگرافیای پارێزگا، ناوچە شاری و گوندەکان، و هەروەها هەڵسوکەوتی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٧، کیشکردنی بۆ کراوە. بۆ دەرهێنانی کۆمەڵەی ئامانج، لە ئەنجامە فەرمییەکانی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦ و ئاماری هێزی کار لە بەهاری ٢٠٢٠ کەڵک وەرگیراوە.

لە دوای ئەنجامدانی حیساباتی کێشکردن بەپێی گۆڕاوە یەکگرتووەکان (interlocking variables)، ژمارەی بڕی نموونەی کاریگەر (effective sample size) ١٩١١ نموونە بووە کە بڕە نموونەیەکی زۆر گونجاو و متمانەپێکراوە بۆ پەراوێزی هەڵەی ٥٪ و ئاستی دڵنیای ٩٥٪.

ئەنجامەکانی کێشکردنی نموونەی ئاماری

دانیشتووانی ئامانجی ئەم ڕاپرسییە کەسانی خوێندەوار و سەروو ١٩ ساڵ (گرووپی تەمەن ٢٠ ساڵ و زیاتر) لە ئێراندان. بە پێی ئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی ساڵی ٢٠١٦، ئەم دانیشتووانە نزیکەی ٤٧ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێرانن واتە ٨٥٪ی دانیشتووانی گەورەساڵی ئێران پێکدەهێنن.

خشتەکانی ژێرەوە دابەشکردنی گۆڕاوە کۆمەڵناسییەکان لەناو نموونەی ئاماری ڕاپرسی و دانیشتووانی ئامانج نیشان دەدەن. دەبینرێت کە تایبەتمەندی کۆمەڵناسی نموونەی کێشکراوە لەگەڵ دانیشووانی ئامانج یەکدەگرنەوە.

 

جگە لە گۆڕاوە کۆمەڵناسییەکان، هەڵسوکەوتی هەڵبژاردنی وەڵامدەران لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ساڵی ٢٠١٧ بۆ کێشکردنی نموونەی ئاماری کەڵکی لێوەرگیراوە و حیساباتی کێشکردنی ئەم ڕاپرسییە، بە پێی گۆڕاوە یەکگرتووەکان (interlocking variables) ئەنجام دراوە.

ئەگەر چی کەسانێک وا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٧ دەنگیان بە ئیبراهیم ڕەئیسی دابوو کەمتر لەم ڕاپرسییەدا بەشدار بوون، بەوحاڵە، بڕی نموونە ئاماری دەنگدەرانی ئیبراهیم ڕەئیسی لەم ڕاپرسییەدا بەرچاو بووە و لەم ڕووەوە بە کێشکردن و هاوسەنگکردنی نموونەی ئاماری، ئەگەری گشتگیرکردنی ئەنجامەکان بۆ دانیشتووانی ئامانج وەدیهات.

خشتەی ٦: دابەشکردنی هەڵسوکەوتی سیاسی-هەڵبژاردن لە نموونەی ئاماری و ئەنجامە فەرمیەکانی هەڵبژاردنی ٢٠١٧

باوەڕپێوەری نموونەی کێشکراوە

یەکێک لە ڕێبازەکانی وا دەتوانرێ بە کەڵک وەرگرتن لەو، ئاستی متمانە بە نموونەی کێشکراوە و گشتگیربوونی هەڵسەنگێنرێت، ئاستی لەیەکچوونی ئەنجامەکانی نموونەی کێشکراوە لەگەڵ بەڵگە دەرەکییەکانە.

خشتەی ٧ بارودۆخی چالاکی ئابووری (ڕێژەی سەدی کەسانی دامەزراو) لە نموونەی کێشکراوەدا بە بەراوردی لەگەڵ دانیشتووانی ئامانج لەسەر دوو ئاستی شاری و گوندیدا نیشان دەدات. لە کاتێکدا وا نموونەی کێشکراوە کەسانی خوێندەواری سەروو ١٩ ساڵ لە خۆی دەگرێت، ئاماری هێزی کار، هەم کەسانی خوێندەوار و هەمیش نەخوێندەوار لەخۆی دەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاماری هیزی کار لە بەهاری ٢٠٢٠دا، ڕێژەی دامەزرانی کەسانی خوێندەوار لە ناوچە شارییەکان زیاتر لە کەسانی کەم خوێندەوار و نەخوێندەوار بووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵە، دەبینرێت کە بارودۆخی کار بۆ نموونەی کێشکراو لەگەڵ داینشتووانی ئامانج بە ئاستێکی پەسەندکراو یەکتر دەگرنەوە.

خشتەی ٧: دابەشکردنی ڕێژەی کار لە نموونەی کێشکراو و ئاماری هێزی کار بە پێی شاری و گوندی

لە لایەکی دیکەوە بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی متمانەی ئەنجامەکان لە نموونەی ئاماری کێشکراودا، بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێبازی نموونەگرتنی هاوتاییدا (matching method) حیساباتی دووبارە و ئەنجامەکان لەگەڵ دەستکەوتە پێشووەکان بەراورد کرا.

لەم ڕێبازەدا سەرەتا نموونەیەکی ئاماری هەڕەمەکی بە بڕی ٢٠٠٠ وەڵامدەر لە گشتی نموونەی ئاماری کۆتایی (واتا لە ٣٩٩٨١ نموونە) دەرهێندراوە. ئەم نموونە هەڕەمەکییە بە جۆرێک دەرهێنراوە کە لەگەڵ گۆڕاوە شەش دانەییەکانی دانیشتووانی ئامانج (رەگەز، گرووپی تەمەن، ئاستی خوێندەواری، ڕێژەی دانیشتووانی پارێزگا، ناوچە شاری و گوندییەکان، و هەڵسوکەوتی هەڵبژاردن) هاوسەنگ بن.

بە لێکۆڵینەوەی بەراوردکاری بینرا کە هەموو دەسکەوتەکانی ڕاپرسییەکە بە نموونەی هەڕەمەکی نوێ، لەگەڵ دەسکەوتەکانی نموونەی کێشکراو یەکگرتوو بوو و جیاوازی ئەنجامەکان کەمتر لە ١٪ بوو.

بە گشتی و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بەڵگانە، دەرکەوت کە نموونەی کێشکراو تا ڕادەیەکی قبووڵکراو، پێناسەکەری دانیشتووانی ئامانج (دانیشتووانی خوێندەواری سەروو ١٩ ساڵ)ە و دەتوانرێ ئەنجامەکانی ئەو بە ئاستی هەڵەی وتراو بە زۆرینەیەکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران (واتا نزیکەی ٨٥٪ لە دانیشتووانی گەورەساڵی وڵات) گشتگیر بکردرێت.

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٦)، ساڵی دووەم، كانونی دووەمی 2023

Send this to a friend