• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 17, 2023

ئایەتوڵڵا مەحمود هاشمی شاهرودی؛ عێراقییەكی ئێرانی لە خەونی ڕێبەریدا

ئەژی ئازاد ئەبوبەکر

ئایەتوڵڵا سەید مەحمود هاشمی شاهرودی، ساڵی ١٩٤٨ لە شاری نەجەف و لە بنەماڵەیەکی ئایینی لەدایكبووە؛ باوكی بە ناوی ئایەتوڵڵا سەید عەلی حوسێنی شاهرودی لەدایكبووی شارۆچكەی شاهرود سەر بە پارێزگای سمنان، یەکێک لە مامۆستا ناسراوەکانی حەوزەی عیلمییەی نەجەف بووە و دایکی خەڵکی لادێی سیدان لە پارێزگاى خۆراسانی باشوور و کچی سەید عەلی مەدەد موسەوی هاشمی شاهرودی، پیاوێکی ئایینی ناوچەکە بووە.

حەوزەی قوم؛ زەمینەی دەركەوتن

هاشمی شاهرودی پاش تەواوكردنی قۆناغی سەرەتایی، بۆ خوێندنی ئایینی ڕوو دەكاتە حەوزەی نەجەف و بەشداریی وانەكانی ئایەتوڵڵا محەمەد باقر سەدر، ئایەتوڵڵا ڕوحەڵا خومەینی و هەوروەها ئایەتوڵڵا خویی دەكات. بەو پێیەی کە باوکی، نووسەری تایبەتی بابەتە فیقهی و ئوسوڵییەکانى ئایەتوڵڵا خویی بووە، ئەمە دەبێتە زەمینەیەك كە هاشمی شاهرودی پێگەیەکی باش لە لای مەرجەعەکانى نەجەف وەکو خویی و سەدر دەستەبەر بكات.

لە ئەنجامی ئەو خۆپێشاندانانەی كە پاش شۆڕشی ئێران ١٩٧٩ لە چەند شارێکی عێراق و بەتایبەتی لە نەجەف بەڕێوەچوو، هاشمی شاهرودی بە تۆمەتی هاندانی خەڵک، لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەردەچێت. بۆیە لەسەر پێشنیاری ئایەتوڵڵا سەدر، عێراق بەجێدەهێڵیت و سەرەتا بەرەو کوەیت و دواتر بۆ ئێران دەچێت. لە ئێران بریکاری گشتیی ئایەتوڵڵا سەدر و نوێنەرایەتی ئەو لە لای ئایەتوڵڵا خومەینی وەردەگرێت و دەبێتە ڕێکخەری پەیوەندییەکانیان بۆ گەیاندنی پەیام و ڕاسپاردەکانیان بۆ یەکتر.

هاشمی شاهرودی لە ساڵی ١٩٧٩ و لە تەمەنی ٣١ ساڵیدا بە نووسراوی تایبەتی ئایەتوڵڵا سەدر، مۆڵەتی ئیجتیهاد وەردەگرێت. ئەو یەکێک بوو لە باشترین خوێندکارەکانی سەدر كە خۆشەویستییەکی تایبەتی لە لای ئەم مەرجەعە گەورەیەی شیعەکانی عێراق پەیدا كردبوو، تا ئەو ڕادەیەی کە پەیوەندییەکی “باوک و کوڕ”ی لە نێوانیاندا هەبووە.

ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی؛ پەلکێشان بۆ ناو سیاسەت

پاش چوونی هاشمی شاهرودی بۆ ئێران، چالاكییە سیاسییەكانی زیاتر لە جاران پەرە دەسێنێت؛ ئەو یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی (مجلس الأعلى للثورة الإسلامية) كە ڕێکخڕاوێکی ئیسلامی-سیاسیی بەرهەڵستكاری ڕژێمی بەعس و چەتری كۆكەرەوەی حیزبە ئیسلامییەكانی عێراق (حزب الدعوة، منظمة العمل الإسلامي، حركة الجماهير المسلمة، جماعة العلماء المجاهدين، حركة المثقفين الرساليين و حركة المجاهدين) بوو. لە یەكەمین كۆنگرەی ئەنجومەن لە شاری تاران و ڕێككەوتی 17/11/1982، ئایەتوڵڵا هاشمی شاهرودی وەک سەرۆکی حیزب و ئایەتوڵڵا محەمەد باقر حەکیم وەک وتەبێژی ئەنجومەن دیاریکران.

ئەم ئەنجومەنە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە ڕاستەوخۆ لە ئایەتوڵڵا خومەینییەوە ئاڕاستەی سیاسەتەکانى وەردەگرت و لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ڕاهێنانی سەربازییان بە ئەندامەکانی دەکرد. هاشمی شاهرودی تا ئەو کاتەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی بوو، بەو پێیەی کە لە نەجەف لەدایکببوو جەختی لەسەر عەرەببوونی خۆی دەکردەوە، بە “محمود الهاشمی” ناسراو بوو، بەڵام لە دوای کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا خومەینی، ئێرانی بوونەکەی بەرجەستە بوو و پاشگری شاهرودی کە لە باوکی بۆی مابووەوە به ناوەکەی لکێنراو بوو بە “هاشمی شاهرودی” و چەند ساڵێکی خایاند تاوەکو توانی بە فارسییەکی ڕەوان قسە بکات.

لەگەڵ ئەمەشدا پاش چوار خوول لە سەرۆكایەتی، پێگەی هاشمی شاهرودی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی لاواز دەبێت، بۆیە بڕیاریدا لە ئێران بمێنێتەوە و ئاواتەکانی لەوێ بهێنێتەدی، بەپێچەوانەی محەمەد باقر حەکیم کە بۆ عێراق گەڕایەوە.

مانەوە لە ئێران؛ متمانەپێكراوی ڕێبەر

هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییەوە، هاشمی شاهرودی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامەنەیی دروستکرد و هەر ئەمەش وایکرد بە هۆی فەرمانەکانی ڕێبەری ئێران، شاهرودی لە سەرجەم ئەنجومەنە باڵاکانی ئێران بەشداری هەبێت و تەنانەت سەرۆکایەتی بکات. هاشمی شاهرودی یەکێک بوو لەوانەی کە پشتگیریی تەواوی لە “مەرجەعییەت” و “ڕێبەرایەتى” ئایەتوڵڵا خامەنەیی کرد، ئەمەش زیاتر شاهرودی وەک کەسێکی متمانەپێکراو لە ڕیبەری ئێران نزیک کردەوە کە دەرئەنجامەکەی بەرزبوونەوەی ڕکێفی سیاسی لە دواڕۆژدا بوو.

هاشمی شاهرودی لە ساڵی ١٩٩٤ بە فەرمانی ئایەتوڵڵا خامەنەیی وەک ئەندامی ئەنجومەنی پاسەوانی دەستوور (شورای نگهبان) دەستبەکار بوو. دوای پێنج ساڵ و لە ١٩٩٩ بە بڕیارێکی تری ڕێبەری ئێران، شاهرودی یەکێک لە هەستیارترین پۆستەکانی کۆماری ئیسلامیی وەرگرت و بە سەرۆکی “دەزگای دادوەری” دەستنیشانکرا و دوو خوول و بۆ ماوەی دە ساڵ لەم پۆستە مایەوە. دوای کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی لە دەزگای دادوەری، شاهرودی بووە ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم (شورای تشخیص مصلحت نظام)، هەروەها ئەنجومەنی پاسەوانی دەستور (شورای نگهبان).

هاشمی شاهرودی لە ساڵی ٢٠١١ پۆستێکی جیاوازی وەرگرت و سەرۆكایەتی لیژنەی باڵای چارەسەری کێشەکان و ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان سێ دەسەڵاتەکەی ئێرانی (هیئت عالی حل اختلاف و تنظیم ڕوابط قوای سه‌گانه) پێ سپێردرا. دوایین پۆستی هاشمی شاهرودی، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم بوو (٢٠١٧). ئەمە جیا لەوەی كە بۆ ماوەی سێ خوول، لە ساڵی ١٩٩٨-ەوە تاوەکو کۆچی دوایی، وەک نوێنەری پارێزگای خۆراسان، ئەندام و ماوەیەک جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری (شورای خبرگان ڕهبری) بووە.

جیا لەمانە هاشمی شاهرودی لە چەندین ئەنجومەن و کۆمەڵەی تردا بەشداربووە وەک: کۆمەڵەی مامۆستایانی حەوزەی عیلمییەی قوم، ئەنجونی باڵای سیاسەتڕێژی حەوزە، کۆمەڵەی جیهانیی ئالوبەیت، کۆمەڵەی تەقریب مەزاهیبی ئیسلامی و ئینسکلۆپیدیای فیقهی ئیسلامی.

فەقیهێكی بەتوانا لە سێبەری سیاسەت

لە سەرجەم ئەم بابەتانەی کە لەسەر ژیانی نووسراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە هاشمی شاهرودی لە ڕووی زانستی فیقهى و ئوسوڵەوە کەسایەتی شارەزا و نموونەیی بوارەکەی خۆی بووە، بەردەوام هاندان و ستایشى مامۆستا و خوێندکار و زانایانی ئایینی تری بەدوای خوێدا هێناوە و وانەکانی ئەو بەردەوام جێگەی سەرنج و گرنگیدانی خوێندکارەکانی حەوزە بوو. جیا لە ستایشەکانی مەرجەعەکانی نەجەف و لە پێش هەموویانەوە ئایەتوڵڵا سەدر، ئایەتوڵڵا خومەینیش یەکێک بووە لە ستایشکەرانی و داوای لێکردووە سەرباری ئەرکەکانی تری، لەسەر وانەوتنەوە لە حەوزەی قوم بەردەوام بێت.

 سەرەڕای ئەم پێگە بەرزەی هاشمی شاهرودی وەک فەقیهێکی نموونەیی، بەڵام پێدەچوو تەماح و خەونەكانی شاهرودی لە دەرەوەی فیقه و حەوزە بووبێت، هەر بۆیە دواجار سیما سیاسییەکەی شاهرودی زاڵتر بوو لە سیما ئایینی و حەوزەوییەکەی. موحسین کەدیوەر، زانای ئایینی نیشتەجێی دەرەوەی ئێران کە بۆ ماوەی ساڵێک ١٩٨٨-١٩٨٩ لە وانە دەرەکییەکای شاهرودی بەشداری کردبوو، پێیوایە ئەگەر شاهرودی نەهاتایەتە ناو گۆڕەپانی سیاسەتەوە، دەیتوانی لە بواری فیقھ و ئوسوڵدا گەشەی زیاتر و خزمەتی باشتری بکردایە، بەڵام دیاربوو کە زۆربەی کاتەکانی لە حەوزەدا بەسەر نەدەبرد. مێهردادی خەدیر، نووسەر و ڕۆژنامەنووس پێیوایە کە ئایەتوڵڵا شاهرودی زیاتر “کەسێکى فەقیھ بوو نەک سیاسی” كە سیاسەت لایەنە فیقهییەکەی خستبووە ژێر سێبەری خۆی و نەیهێشت وەکو پێویست مەجالی دەرکەوتنی لەم بوارەدا هەبێت. ئایەتوڵڵا سەید مستەفا موحەقێق داماد لە نامەیەكی ڕەخنەگرانە بۆ هاشمی شاهرودی سەبارەت بە شێوازی مامەڵەی دەزگای دادوەری لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ٢٠٠٩، بە حەسرەتەوە پێی دەڵێت: “خۆزگە لە حەوزەی عیلمییە دەمایتەوە و لە وانەوتنەوە و توێژینەوە بەردەوام دەبوویت و هیچ کاتێک نەدەهاتیتە ناو ئەم گێژاوە هەستیارەوە”.

ڕێبازی سیاسی؛ ئوسوڵگەرایەكی میانەڕەو

هاشمی شاهرودی لە دابەشکارییە سیاسیەکەی ئێراندا دەچووە خانەی ئوسوڵگەراکانەوە؛ هەرچەندە وەک ئەندامێکی دیاری کۆمەڵەی مامۆستایانی حەوزەی قوم، پشتیوانی مەحمود ئەحمەدی نەژاد بوو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمار و دواتر لە ماوەی سەرۆکایەتی لە دەزگای دادوەریدا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ کەسانی نزیک بە ئەحمەدی نەژاد دروستکردبوو، بەڵام بەڕای کەسانێک وەک عەلی ئەكبەر ناتیق نوری: “ئایەتوڵڵا سەید مەحمود هاشمی شاهرودی نە بەشێک بووە لە باڵی ڕاست و نە چەپ و نە سەر بە هیچ فراکسیۆنێک بووە”. بە بڕوای عەلی ئەفشاری، ڕاڤەکاری سیاسی، شاهرودی لە چوارچێوەی ئوسوڵگەراکاندا، سەربەخۆییەکی ڕێژەیی هەبووە و بە هۆی پێگە و پلەی باڵای فیقهییەوە، توانیبووی تا ڕادەیەک لە نفوزی ناوەندەکانی دەسەڵات بەدوور بێت. هەر ئەمەش وایکردبوو کە بەشێک لە ڕیفۆرمخوازەکان هاشمی شاهرودی بە “ئوسوڵگەراییەکی میانەڕەو” ناو ببەن و وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەنییەکانی نیزام لە دوای نەمانی ئایەتوڵڵا هاشمی ڕەفسەنجانی بە هەنگاوێکی ئەرێنی بزانن.

لەگەڵ ئەمەشدا پەیوەندی هاشمی شاهرودی لەگەڵ ڕیفۆرمخوازەکان لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بۆ دەزگای دادوەری لە ئاستێکی باشدا نەبوو و ناکۆکییەکانی لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەتی ڕیفۆرمخوازەکان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرەی دەسەند. بەڵام بە کۆتایی هاتنی سەرۆككۆماریی ئەحمەدی نەژاد، هاتووچۆی لەگەڵ لایەنە ڕ‌‌یفۆرمخواز و میانەڕەوەکان تا ڕادەیەک ئاساییی بوویەوە. بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندی بەتینی هاشمی شاهرودی لەگەڵ ڕێبەری ئێران و کەسایەتییە دیارەکانی ئوسوڵگەراكان لە لایەک و لە هەمانکاتدا پەیوەندیی باشی لەگەڵ کەسانی وەک هاشمی ڕەفسەنجانی و سەید حەسەن خومەینی لە لایەکی ترەوە، پێگەیەکی تایبەتی بە شاهرودی بەخشیبوو، كە ئەگەرچی هاوشێوەی ئایەتوڵڵا ڕەفسەنجانی ناوی بە میانەڕەو دەرکردبوو، بەڵام وەک ئەو نەکەوتە بەر تانە و تەشەری لایەنێکی دیاریکراو تا ئەو ڕادەیەی کە پێگەی سیاسی لاواز ببێت.

خەونی ڕێبەری؛ سەودای نەهاتەدی

هەڵکشانە بەردەوامەکانی پلەوپایەی سیاسی شاهرودی لە ناوەندە گرنگە ئایینی و سیاسییەکان، هاوتەریبیی بیروبۆچوونەکان لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامەنەیی، هاوسەنگی پەیوندییەکان لەگەڵ دوو بەرە سەرەکییەکەی ئێران و هەروەها ئەندامێتی لە ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری کە ئەرکێکی سەرەکی دیاریکردنی ڕێبەری داهاتووی ئێران بوو، وای کردبوو کە لە دوای دەرکەوتنی نەخۆشی ئایەتوڵڵا خامەنەیی لە ساڵی ٢٠١٤ و هاتنەگۆڕی بابەتی جێنشینی و ڕێبەری داهاتووی ڕژێم، ناوی هاشمى شاهرودی وەک کاندیدێکی بەهێز بۆ ڕێبەرایەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران بێتە بەر باسەکان.

بەشێک لەو كەسانەی کە بەختی هاشمی شاهرودیان بۆ ڕێبەڕێتی زیاتر لەوانی تر دەزانی، ئاماژەیان بەو خاڵانە دەدا کە هیچکام لە کاندیدەکانی تر متمانەی ڕێبەر، ناوبانگ، توانا و لێهاتوویی ئەویان لە بواری فیقھ و ئاییندا نەبووە، هەروەها پێشینەی سەرۆکایەتی دەزگایەكی گرنگی وەك دادوەری، ئەندامێتی لە ئەنجومەنی پاسەوانی دەستوور و تەنانەت تەمەنی گونجاوی ئەو بە بەراورد بە کاندیدەکانی تر، لەو تایبەتمەندیانە بوون کە هەلی ڕێبەریی هاشمی شاهرودیان بەرز کردبووەوە.

هاشمی شاهرودی لە ڕێككەوتی 25/12/2018 و لە تەمەنی ۷۰ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی كۆچی دوایی كرد و دوایین خەونی لە چوارچێوەی ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە گەیشتن بە ڕێبەرێتی بوو، نەهاتە دی. ئایەتوڵڵا خامەنەیی لە پەیامی سەرەخۆشیدا، ئایەتوڵا هاشمی شاهرودی بە “مامۆستایەكی گەورە” لە حەوزی عیلمییەی قوم و “كارگوزارێكی بەوەفا”ی ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران وەسف كرد.

سەرچاوەكان

  • پایگاه انتریتی آیت الله سید محمود هاشمی شاهرودی (2022)، “زندگینامه”؛ http://www.hashemishahroudi.org/fa/page/1.
  • گفت‌وگوی محمدرضا کائینی با آیت‌الله هاشمی‌شاهرودی، ماهنامه «شاهد یاران» شماره 18، اردیبهشت ١٣٨٦.
  • بی بی سی فارسی (3/9/1397)، “هاشمی شاهرودی؛ از شاگردی آیت الله خمینی تا ڕیاست مجمع تشخیص مصلحت نظام”؛ http://www.bbc.com/persian/iran-45075320
  • الف (3/10/1397)، “حکم‌های ڕهبر انقلاب برای آیت‌الله شاهرودی”، https://www.alef.ir/news/3971003223.html.
  • روزنامه ایران (4/10/1397)، “فقدان فقیه نوگرا”؛ شماره 6957.
  • مهرداد خدیر (4/10/1397)، “سیاست بر فقاهت هاشمی شاهرودی سایه انداخت”، https://www.isna.ir/news/97100402163/.
  • علی افشاری (4/10/1397)، “هاشمی شاهرودی، منتظر الولایت ناکام”؛ https://www.radiofarda.com/a/hashemi-shahroudi-dead-velayat/29675662.html.
  • خبرگزاری جمهوری اسلامی ایران (3/10/1397)، “مروری بر زندگی مرحوم آیت الله هاشمی شاهرودی”، http://www.irna.ir/fa/News/83146223
  • اثير الشرع (7/3/2018)، “المجلس الأعلى للثورة الإسلامية في العراق” من التأسيس إلى التصحيح”، at/iQV57.
  • أكرم الحكیم (7/7/2019)، “المجلـس الأعلى ,ظروف التأسيس , الواقع والطموح (1)”، http://burathanews.com/arabic/studies/353174.
  • محسن كدیور (4/10/1397)، “هاشمی شاهرودی، فقاهت در مذبح سیاست ناکام”، https://kadivar.com/16815/.

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٦)، ساڵی دووەم، كانونی دووەمی 2023

Send this to a friend