• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 3, 2021

بونیادنانی دەوڵەت: حوکمڕانی و سیستمى جیهانی لە سەدەی بیست و یەکەمیندا

د.عابد خالد

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (8)ی ته‌مووزی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

ئەم کتێبە لە نووسینى بیرمەندى بەناوبانگى ئەمەریکى “فرانسیس فوکویاما” (Francis Fukuyama)یە، کە ساڵى ٢٠٠٤ بە ناونیشانى “State-Building: Governance and World Order in the 21st Century” نووسیویەتى، لەلایەن دەزگاى “Cornell University Press” لە نیویۆرک لەچاپ دراوە. دواتر، ساڵى ٢٠٠٧ لەلایەن “مجاب الإمام” بە ناونیشانى “بناء الدولة: النظام العالمي ومشكلة الحكم والإدارة في القرن الحادى والعشرين” وەرگێڕدراوە بۆ عەرەبى و لە دووتوێى (٢٢٢) لاپەڕەدا لەلایەن دەزگاى “العبیکان” لە سعودیە بڵاو کراوەتەوە.

بیرۆکەی کتێبەکە لەسەر گریمانەیەک بونیاد نراوە کە “فوکویاما” لە دەروازەى کتێبەکەیدا خستوویەتیە ڕوو، گریمانەکەش ئەوەیە کە مەسەلەی بونیادنانی دەوڵەت -لە وڵاتانی تازەگەشەکردوودا- یەکێکە لە گرنگترین ئەو ئاڵنگارییانەی کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی سیستمی نێودەوڵەتی دەبێتەوە، چونکە لەو وڵاتانەدا حکومەتە لاوازەکان یان شکستخواردووەکان بەردەوام سەرچاوەی زۆرێک لە کێشە هەرە مەترسیدارەکانی جیهانن، بەتایبەت کێشەکانى وەک (هەژاری و تیرۆر و بڵاوبوونەوەى چەکى ناوەکى و کۆکوژى و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان…).

دوای ئەم دەروازەیە، فوکویاما کۆى ئارگۆمێنت و بەڵگەکانی بۆ سەلماندنى ئەو گریمانەیەی سەرەوە و ڕەهەندەکانى پراکتیزەکردنى لە ئێستا و ئایندەدا، بە چوار بەشى سەرەکى دەخاتە ڕوو: بەشی یەکەم بە ناونیشانی “ڕەهەندەکانی دەوڵەتی ونبوو”ە، بەشى دووەم بە ناونیشانى “دەوڵەتە لاوازەکان و کەلێنى ڕەشى کارگێڕیی گشتى”ە، بەشی سێیەم بە ناونیشانى “دەوڵەتە لاوازەکان و شەرعیەتی نێودەوڵەتی”ە، بەشى چوارەم و کۆتاییش بە ناونیشانی “بچووکتر بەڵام بەهێزتر”ه.

سەرەتا فوکویاما وەک دیدگایەکى میتۆدى بۆ کتێبەکەى لە ڕێی هەردوو چەمکی (مەودا – Scope – مدى) و (توانا – Strength – قدرة)ەوە شیکاری بۆ دۆخی دەوڵەتى مۆدێرن (دوڵەت-نەتەوە) دەکات. ڕاى وایە کە دەوڵەتان لە جیهاندا لە ڕووى “مەودا” و “توانا”ەوە لێک جیاوازن. “مەودای دەوڵەت” ئاماژەیە بۆ ژمارەی ئەرکەکان دەکات کە دەوڵەت هەوڵ دەدات بەئەنجامیان بگەیەنێت، بەڵام “توانای دەوڵەت” ئاماژەیە بۆ ڕادەى کارایى دامەزراوەکانى دەوڵەت. ڕەهەندە سەرەکییەکانى ئەم کاراییە کە پێشی دەوترێت “توانای دامەزراوەیی”، بریتین لە: توانای دانانی یاسا و سەپاندنی، بەڕێوەبردنی حکومەت بە شەفافی و بەبێ گەندەڵی، بەدواداچوون و لێپرسینەوە و ئاماژەکانی ترى حوکمڕانیى باش.

بە بڕواى  فۆکۆیاما، لە سەرەتاى هەشتاکانى سەدەى بیستەمەوە تەوژمێکى سیاسى جیهانی بەهێز بە ئاڕاستەى لاوازکردنى چەمکی دەوڵەت سەری هەڵداوە. لەپشت ئەم تەوژمەوە، چەندین هۆکاری نۆرماتیڤی و ئابووری هەیە. زۆرێک لە دەوڵەتان لە سەدەی بیستەمدا زۆر بەهێز بوون، کە لەناوخۆدا بەرامبەر گەلەکانیان ستەمکار بوون، لە دەرەوەشدا پەلامارى وڵاتانى دراوسێیان دەدا، تەنانەت دەوڵەتە زلهێزەکانیش، ئەوانەیان کە دیکتاتۆری و ستەمکار نەبوون، بە شێوەی جۆراوجۆر گەشەی ئابووریی وڵاتانى خۆیان پەک خستبوو، بۆیە بە تێپەڕبوونى ڕۆژگار کەلێن و گرفتەکان زیادیان کرد، لە ئەنجامی فراوانبوونی لەڕادەبەدەری “مەواداکانى” دەوڵەت؛ “تواناکانى” دەوڵەتیش کەمیان کرد. بۆیە تەوژمى باوى “لاوازکردنى دەوڵەت” هەوڵى بۆ کەمکردنەوەى ژمارە و قەبارەى کەرتە حکومییەکان دەدا، تاکوو دووبارە ئەو ئەرکانەى کە دەوڵەت بەناهەق دەستى بەسەردا گرتبوون؛ بگەڕێنرێنەوە بۆ دەستى بازاڕی ئابووری و کۆمەڵگای مەدەنی. هاوکات زیادبوونى گەشەی ئابووریی جیهانی و ئەو بازدانە گەورەیەش کە لە بوارى گواستنەوە و گەیاندنى زانیارییەکان و جموجۆڵى سەرمایەداری و دەستى کاردا ڕوویان دا، بوونە هۆى داخورانى زیاترى سەروەریی دەوڵەتی نەتەوەیی.

هەموو ئەم گۆڕانکارییانەش بەو ئامانجە بوون کە گوایە کەمکردنەوەى “مەوداى دەوڵەت”، حوکمڕانیى باشتر بەرهەم دەهێنێت. هەتا ئێستاش کارنامەی کەمکردنەوەى مەداى دەوڵەت-نەتەوە لە زۆر شوێنى بەرچاوى جیهاندا بەرکارە: ئەو پاشەکشە ئابوورییەی ژاپۆن لە دەیەی کۆتایى سەدەى (٢٠)ەوە دووچاری بووە، لەگەڵ ئەو قەیرانەی دەستەبەرى کۆمەڵایەتی کە زۆرێک لە وڵاتانی خۆشگوزەرانی ئەورووپا لە سەدەی (21)دا یەخەگیری بوون، هەردووکیان بەرئەنجامى زیادەڕوویکردنە لە کەمکردنەوەى مەوداى دەوڵەت و سنووردارکردنى دەستتێوەردانیەتی لە ئابووریدا. بۆیە بە ڕاى فۆکۆیاما، مەسەلەی ناوەندی لە سیاسەتی جیهانیدا، بەتایبەت لەدوای 11ى سێپتەمبەرەوە، ئەوە نییە کە چۆن مەوداى دەوڵەت کەم بکرێت، بەڵکوو ئەوەیە کە چۆن دەوڵەت بونیاد بنرێت. بونیادنانى دەوڵەتیش بە زیادکردنى “تواناى دامەزراوەیى” دەبێت. بۆیە پووکاندنەوەى دەوڵەت بۆ تاک بە تاکى وڵاتان و بۆ کۆى کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش، نەک گریمانەیەکى یوتۆپییە، بەڵکوو ئەگەرێکى کارەساتئامێزیشە. لەم دۆخەشدا یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی کە ڕووبەڕووی وڵاتانی هەژار و تازەگەشکردوو دەبێتەوە و ڕێگرى لە توانای گەشەپێدانی ئابوورییان دەکات، بریتییە لە لاوازیى ئاستى تواناى دامەزراوەییان. ئەم وڵاتانە پێویستیان بە دەوڵەتی فراوان و گشتگیر نییە، بەڵکوو پێویستیان بە دەوڵەتی بەهێز و کارا هەیە، لە چوارچێوەى مەودایەکی سنوورداری ئەرکە پێویستەکانى دەوڵەتدا لە بەرمەبناى “بچووکتر، بەڵام بەهێزتر”.

لە سایەى ئەم دۆخەى سیستمی نێودەوڵەتیدا، چەمکی دەوڵەت، بە حوکمى واقع و هۆکاری جۆراوجۆر، دووچارى هێرشی بەردەوام بووەتەوە. لەگەڵ کۆتایی جەنگی ساردیشدا، پشتێنەیەک لە وڵاتانى لاواز و نائارام و شکستخواردوو لە جیهاندا سەری هەڵداوە، کە لە ئەورووپاوە بەرەو باشووری ئاسیا درێژ بووەتەوە. ئەم وڵاتانە هەڕەشە و مەترسیى جددییان لەسەر سیستمى نێودەوڵەتی دروست کردووە، چونکە سەرچاوەی ناکۆکییە ئیتنییەکان و پێشێلکارییە توندەکانی مافی مرۆڤن، هاوکات بوونەتە ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەرهەمهێنانی جۆرێکی نوێ لە تیرۆر کە دەتوانێت بگاتە دڵی دنیای پێشکەوتوو. پشتگیریکردن و بەهێزکردنی دەوڵەتە لاوازەکان لە ڕێى سەرجەم شێواز و کڵێشە جۆراوجۆرەکانی بونیادنانی دەوڵەتەوە، بووەتە ئەرکێکی زۆر گرنگ لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایشی جیهانی، بەڵام زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی پێشکەوتوو هێشتا لە ئەنجامدانى ئەم ئەرکەدا کەمتوانان، یان هێشتا لە سەرەتاى پەراوەکردندا بۆ ئەنجامدانى. بۆیە “فێربوونى بونیادنانی دەوڵەت” بە باشترین شێواز، کارێکى لەپێشینە و ناوەندییە بۆ ئایندەى مانەوە و سەقامگیریی سیستمى جیهانی، هەر چەندە هەوڵى هەناردەکردنى توانای دامەزراوەیی لە وڵاتانى پێشکەوتووەوە بۆ وڵاتانى لاواز کەمسوودە و زۆربەى جار دەبێت پەرەپێدانى ئەم توانایە هەڵقوڵاوى خواست و کولتوور و ژینگەى خودى بێت.

لە کاتێکدا کە مرۆڤایەتى ناخوازێت بگەڕێتەوە بۆ جیهان پێکدادانى زلهێزەکان، بەڵام ناشێت پێویستییان بۆ دەوڵەتى بەهێز فەرامۆش بکەن، لەبەر ئەوەى تەنها دەوڵەت دەتوانێت شەرعیەتی بەکارهێنانی هێز بۆ چەند ئامانجێکی دیاریکراو ڕکێڤ بکات، کە ئەم هێزەش هەم بۆ سەپاندنی یاسا لە ئاستى ناوخۆدا و هەم بۆ پاراستنى سیستمی جیهانییش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێویستە. لە ڕاستیدا پێویستە هەموو ئەوانەی کە مژدەی “ئاوابوونى سەروەریی دەوڵەت” بەگوێى دونیادا دەدەن، چ لە داکۆکیکارەکانی بازاڕی ئازاد بن لەمسەرى ڕاستى نەخشەی سیاسییەوە، یان لە بەرگریکارانى فرەیى و پابەندى بن لەوسەرى چەپیەوە، دەبێت بەدیلێک بۆ هێزى دەوڵەت و سەروەرییەکەی پێشکەش بە دونیای هاوچەرخ بکەن. ئەوەى تا ئێستا بە حوکمى ئەمرى واقع بۆشایى پاشەکشەى دەوڵەتى پڕ کردووەتەوە؛ هیچ نییە جگە لە تاقمێکى ناتەبا لە کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییە ناحکومییەکان و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و چەندین قەوارەى ترى هاوشێوەیان کە ڕەنگە خاوەنى بڕێک هێز یان هەندێک شەرعیەت بن، بەڵام بەدەگمەن لە یەک کاتدا هاوشێوەى دەوڵەت خاوەنى هەردووکیانن (هەم هێز و هەم شەرعیەت). بۆیە بە ڕاى فۆکۆیاما، لە غیابی وەڵامێکی ڕووندا هیچ ڕێگەیەکمان نییە جگە لە گەڕانەوە بۆ دەوڵەت–نەتەوە و دەسەڵات و سەروەری، لەگەڵ هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە کڵێشە و میکانیزمەکانى سەرلەنوێ بەهێزکردنەوەى دەوڵەت و کاراکردنەوەى.

دیارە کە تەنها بوونى هێزى سەربازیی تەقلیدی، کە مافێکى دانپیانراوە بۆ هەموو دەوڵەتێک، بەس نییە بۆ پڕکردنەوەى سەرجەم پێویستییەکانى دەوڵەت. ئەو ڕایەى ئەورووپییەکان ڕاستە کە دەڵێن فۆرم و کڵێشەی نەرمیش بۆ بەکارهێنانی هێز هەیە، وەک بیرۆکەى “بونیادنانی دەوڵەت”، کە دەبێت هەر دەوڵەتێک بتوانێت دامەزراوەی کارا و بەهێز دروست بکات، نەک لە ناوخۆى خۆیدا، بەڵکوو لە وڵاتانی دیکەشدا کە پڕ لە کێشە و نائارمن و بۆ ئاشتیى وڵاتانى ترى جیهان مەترسیدارن. بەرامبەر ئەم ڕایەى ئەورووپییەکان، لە ڕابردوودا دەوڵەت–نەتەوە زلهێزەکان بە داگیرکردنی ئەم یان ئەو وڵات، یان بە لکاندنیان بە ئیدارەی ئیمپڕاتۆریاکەى خۆیانەوە ئەم کارەیان ئەنجام دەدا، ئەمڕۆ هەندێک لە زلهێزەکان، وەک ئەمەریکا، بە ناوى پشتیوانیکردنى دیموکراسی و ئۆتۆنۆمی و مافی مرۆڤەوە ئەم کارە ئەنجام دەدات و بانگەشەى ئەوەش دەکات کە هەر هەوڵێک بۆ حوکمڕانیکردنی خەڵکی تر؛ تەنها پڕۆسەیەکی ڕاگوزەرە نەک تەماحی ئیمپریالیستى. بۆیە تەنیا ئایندە ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئایا لەم گۆشەنیگایانەدا ئەورووپییەکان لە ئەمەریکییەکان زاناترن یان بەپێچەوانەوە. بەڵام “هونەری بونیادنانی دەوڵەت” لە هەموو بارێکدا وەک ڕەگەزێکى سەرەکیی هێزى دەوڵەت دەمێنێتەوە و نرخ و بەهاکەشى هیچ کەمتر نییە لە توانای بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ پاراستنی سیستمی جیهانی.

 

گۆڤاری ئایندەناسی تەمووزی 2021

Send this to a friend