• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 4, 2021

سیناریۆ و بەرنامەدانان بەپێی سیناریۆ

کامەران حەسەن

دکتۆرای پیشەی کارگێڕی و کار

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (8)ی ته‌مووزی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

کاتێک کە ناتان ئیزرایلی[1] شێوازێکی لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتیی ئایندەیی بە جیهان ناساند، هێشتا جیهان بۆ وەرگرتنی ئامادەیی نەبوو. بەڵام سەرەتای ئایندەناسی، پێشتر لە هەڵمەتی نیشتمانیی وڵاتان لە جەنگی یەکەمی جیهانی دەستی پێ کردبوو. ئەم دەستپێکە هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی ئیزرایلی و هاوکات بوو لەگەڵ هەڵمەتەکانی نیشتمانی بۆ سەرکەوتن لەسەر قەیرانە ئابوورییەکان وەک داکشان[2] و هەوڵەکانی دامەزراندنی وڵاتی کۆمۆنیستی و پیشەسازی لە سۆڤیەت، هەروەها هەوڵەکانی دروستبوونی دەوڵەتێک بەپێی پیشەسازیی ناوەندی لە ئیتاڵیای فاشیستی و هاوتەریب لەگەڵ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی خۆبەش لە ئەڵمانیای نازی. ئەم هەوڵانە پێویستی بە داڕشتنی بەرنامە، ئامادەسازی، پۆلێنکردنی سیاسەتەکان و داڕشتنی نەخشەکان بۆ ئایندە بوو.

پێناسەی ئایندەناسی

ئایندە وەک ئەوەی زۆربەی خەڵک لێی تێگەیشتوون، نەناسراو و شاراوە نییە. ئایندە خاوەن کۆمەڵێک ناوەرۆکی شیاوی وێناکردنە، کە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیە. مەبەست لە ناسینی ئایندە؛ پێشبینیکردنی نییە، بەڵکوو هەوڵێکی سیستماتیکە بۆ تێگەیشن لە هۆکارە کاریگەرەکان لە بنیاتنانەوەی ئایندە. بەم شێوەیە دەتوانین پێناسەی ئایندەناسی بکەین کە: ئایندەناسی بریتییە لە خوێندنەوەی ئایندەکانی ڕێتێچوو و هەوڵ بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی پەسەند.

مرۆڤ بەبەردەوامی بیری لە ئایندە و بەرنامەدانان بۆ ئایندەی کردووە. بەرنامەدانانی دروست و ئامانجدار، لە ئەنجامی تێگەیشتنی دروستی ئێمە لە بارەی ئایندەیە. پرسیار ئەمەیە کە لە ئایندەیەکی پڕ لە نادڵنیایی و گۆڕانکاری، چۆن بتوانین بڕیارێکی دروست و بەرنامەیەکی کاریگەرمان هەبێت؟

بێتوانایی مرۆڤ لە پێشبینیکردنی ئایندە و پێویستی بە ڕوانگەکان، کەرەستەکان و شێوازەکانی نوێ بۆ درکی ئایندە؛ هۆکاری سەرهەڵدانی ئایندەناسی بوو. ئایندەناسی بەبێ ڕەتکردنەوەی پێشبینی و پۆزیتیڤیسم، هەوڵی دا لەسەر بنەمای داهێنان، هاوبەشی و شارەزایی؛ کۆمەڵێک شێواز بۆ تێگەیشتن لە ئایندە بخوڵقێنێت. یەکێک لەم شێوازانە بەرنامەدانانە بەپێی سیناریۆ، شێوازێکی ئایندەناسی کە بە سوودوەرگرتن لە بابەتەکانی چەندایەتی و چۆنایەتی هەوڵ بۆ وێناکردنی ئایندەکانی ئەلتێرناتیڤ دەدات. ئایندەناسی نکۆڵی لەوە ناکات کە ئایندە پێشبینی ناکرێت، بۆیە بەرنامەدانان بەپێی سیناریۆ ڕوانگەیەکی ژیرانەیە بۆ تێپەڕبوون لەم ناتواناییەی مرۆڤی ئەم سەردەمە.

مێژووی بەرنامەدانان بەپێی سیناریۆ

بەرنامەدانان بەپێی سیناریۆ لە سەرەتاوە لە بواری بازرگانی لە چوارچێوەی کۆمپانیایەک سەری هەڵدا، هەتا لە ڕەهەندەکانی نوێی تەکنەلۆجیای چەکسازی لە دامەزراوەی ڕەند[3] بکۆڵێتەوە. هێرمان کان[4] (١٩٦٧) لە دامەزراوەی ڕەند[5]، یەکەمین کەس بوو کە تەکنیکێکی داهێنا بە ناوی “بیرکردنەوەی ئایندەی ئێستا[6]“. کاتێک هۆڵیوود گەیشتە ئەم ئەنجامە کە دەستەواژەی شانۆنامە[7] باوی نەماوە، بۆیە ناوی سیناریۆیان بۆ هەڵبژارد. هێرمان کانیش ئەم ناوەی بۆ تەکنیکەکەی هەڵبژارد.

پێناسە و قوتابخانەکانی بەرنامەدانان بەپێی سیناریۆ

لە بارەی پێناسەی بەرنامەدانان بەپێی سیناریۆ، کۆمەڵێک لە بیرمەندانی ئەم بوارە پێناسیەکی تایبەتیان بۆ ئەم بابەتە هەیە. شوارتز[8] بەم شێوەیە پێناسەی بەرنامەدانان بەپێی سیناریۆ دەکات: “کەرەستەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی تێگەیشتنی زەینی خۆمان لە بارەی ژینگە ئایندەییە ئەلتێرناتیڤەکان کە تێدا بڕیارەکان دەکرێت جێبەجێ بکرێن”، هەروەها “گۆدە” بەم جۆرە پێناسەی کردووە: “سیناریۆ کەرەستەیەکە بۆ نمایشی ڕاستییەکی ئایندە هەتا بە بەرچاوگرتنی ئایندەکانی ڕێتێچوو و پەسەند، چرای ڕێگەی کردارەکانی ئێستامان بێت”.

تێڕوانینی جیاواز لە بارەی بەرنامەدانان بەپێی سیناریۆ، بووە هۆکاری دروستبوونی کۆمەڵێک قوتابخانەی هزریی وەک نموونە:

  • ڕۆیاڵ داچ شێل و تۆڕی جیهانیی بزنس[9]
  • قوتابخانەی فەڕەنسی[10]
  • گرووپی ئایندە[11]
  • لیندگرێن و باندهۆلد[12]

لە پێناسەکان و دیدگاکانی بیرمەندان، بۆمان دەردەکەوێت کە سیناریۆ دەبێت خاوەن پێنج تایبەتمەندی بێت:

١. پەسەندکراو و شیانی ڕوودان بن.

٢. بۆ بڕیاردان لە ئێستادا کاریگەرییان هەبێت.

٣. ئاڵنگارییەکانی ئایندەی بوارەکان تێیدا وێناکراو بێت.

٤. بەشەکانی لەگەڵ یەکتر سازانیان هەبێت.

٥. وەسفی هۆکار و بەر هۆکارەکانی دیار بێت.

بێگومان لە سیناریۆیەک ناکرێت چاوەڕوانی وردەکارییەکان و باردۆخەکانی ئایندە بین، بەڵکوو چاوەڕوانی وەسفێک لە ڕووداوگەلێکین کە ئەگەری ڕوودانیان هەیە و باوەڕپێکراون.

پڕۆسەی ئامادەکردنی سیناریۆ

بە مەبەستی ئامادەکردنی سیناریۆ، پێویستە تیمێکی پسپۆڕیمان پێک بهێنین و بەرنامەی کاری ئامادەکردنی سیناریۆ دابڕێژین. بە شێوەیەکی گشتی، پڕۆسەی ئامادەکردنی سیناریۆ بەم شێوەیەیە:

  • دیاریکردنی بابەتی سیناریۆ.
  • دیاریکردنی هۆکارە سەرەکییەکان[13].
  • دیاریکردنی هێزە بزوێنەرەکان[14].
  • دیاریکردنی ڕێژەی نادڵنیایی هۆکارە سەرەکییەکان.
  • دۆزینەوەی لۆژیکی سیناریۆ.
  • چیرۆک گێڕانەوە
  • بەدواداچوون و ئەولەویەتدانانی سیناریۆکان.
  • کاریگەریی سیناریۆکان لەسەر بەڕێوەبردنی ستراتیژیکی دامەزراوە.

بە شێوەیەکی گشتی لە ئامادەکردنی سیناریۆ، تیمی ئامادەکار لەسەر بابەتی سەرەکیی سیناریۆ خاوەن ئاسۆیەکی ڕوون و دیاریکراو دەبن. تیمی پسپۆڕی لیستێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئامادە دەکات کە کاریگەرییان لەسەر سیناریۆکان هەیە، هەروەها پێویستە بۆ هەریەک لە هۆکارە سەرەکییەکان هێزە بزوێنەرەکان دیاری بکرێن. لەدوای ئەولەویەتدانان بۆ هۆکارە سەرەکییەکان، ڕێژەی نادڵنیایی هەریەک لە هۆکارەکان دیاری دەکرێت. لە هەنگاوێکی دیکە، پێویستە چۆنیەتی و ڕێژەی کاریگەریی هێزە بزوێنەرەکان لە ڕێگەی چەندین پرسیاری گۆنجاو دیاری بکرێن. تیمی پسپۆڕی لە ڕێگەی برەین ستۆرمینگەوە (مەبەست ئەو کۆبوونەوانەیە کە هەوڵ دەدرێت بە شێوەیەکی ئازادانە بیروڕاکان ئاڵوگۆڕ بکرێت)[15]، ناوەرۆکی سیناریۆکان و هێڵە گشتییەکان دەخەنە ڕوو. لە ئامادەبوونی چەندین سیناریۆ، پێویستە ئەولەویەتدانان بکرێت و ئەو سیناریۆیانەی کە ئەگەری ڕوودانیان زۆرترە؛ لە یەکەمی لیستەکە بن. دەرهاویشتەی سیناریۆکان دیدگایەک دەبێت و لە ڕێگەی ئەم دیدگایەوە دامەزراوەکان بە شێوەی ستراتیجی کاروباریان بەڕێوە دەبەن.

بەدڵنیاییەوە ئامادەبوون بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێك، حەسرەتەکان کەمتر دەکات. هەر دامەزراوەیەک چ حکومەت بێت یان دامەزراوەیەکی بازرگانی، پێویستیان بە ئامادەکاری هەیە بۆ ئەگەری هەر ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو و سیناریۆکان باشترین یارمەتیدەرن بۆ بەرچاوڕوونی لە ئایندە و ئەگەری ڕووداوەکان. تۆو و نەمامی بابەتەکانی ئایندە؛ ئێستا لە ژینگەی ئێمەدا هەن و بەئارامی گەشە دەکەن و دەبنە هۆکاری ڕووداوە گەورەکان. بۆ دۆزینەوە و دیاریکردنی ئەم تۆو و نەمامانە، پێویستیمان بە کۆمەڵە کەرەستەیەکە بۆ ناسینی ئایندە، یەکێک لەم کەرەستانە سیناریۆیە کە بە مەبەستی بڕیاردان بەرنامەکان بەپێی سیناریۆکان داڕشتنی بۆ دەکرێت.

بە مەبەستی تێگەیشتنی باشتر لە ئایندە، پێویستە دوو بابەتی سیگنالە (هێما) لاوازەکان کە پیشاندەری گۆڕانکارییە ئارام و بەردەوامەکانن و سیگنالە بەهێزەکان کە پیشاندەری گۆڕانکاریی نابەردەوامن (ئەوانەی کە نایانناسین و ئەزموونمان نەکردووە، زۆربەی جاران فەرامۆشیان دەکەین)، بەجددی وەریانبگرین و بە شێوەیەکی ورد خوێندنەوەی بۆ بکەین.

سەرچاوەکان

  1. خوش دهان، علی (1388)، آينده پژوهي با تكنيك سناريوسازي، مركز آموزش و تحقيقات صنعتي ايران.
  2. چرماك، تامس ج (1393)، برنامه ريزی برپايه سناريو، ترجمه سعيد خزايی و مريم وكيل زاده، ، علم آفرين، 1393.
  3. Kahan, H., & Weiner, A.J. (1967). The year 2000: A framework for speculation on the next Thirty-three years. New York: Macmillan.
  4. Schwartz, P. (1996). The art of the long view: Planning for the future in an uncertian.
  5. Lindgren, M,. & Bandhold, H. (2003). Scenario planning: The link between future and strategy. New York: Palgrave Macmillan.

[1] Nathan Israeli

[2] Great Depression

[3] Rand Corporation

[4] Herman Kahn

[5]  دامەزراوەی ڕەند (RAND Corporation): لە ساڵی ١٩٤٨ بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و شیکاری سیاسی بۆ هێزی سەربازیی ئەمەریکا دامەزراوە، دامەزراوەیەکی دانانی سیاسەتی جیهانیی ئەمەریکایە لە بواری لێکۆڵینەوە و پەرەپێدان.

[6] Future-now-thniking

[7] Screenplay

[8] Peter Schwartz

[9] Royal Duch/Shel and Global Business Network

[10] The French School

[11] The Future Group

[12] Lindgren and Bandhold

[13] Key factors

[14] Driving forces

[15] Brainstorming

گۆڤاری ئایندەناسی تەمووزی 2021

Send this to a friend