• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 2, 2021

لە کاغەزەوە تا ڕۆبۆت کوردستان لەبەردەم شۆڕشی پیشەسازیی چوارەمدا

ئامادەكردن: عەدنان ئەحمەد

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (8)ی ته‌مووزی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زیاتری ئامێرە تەکنەلۆجییەکان، پەیوەندییەکانیش خێراتر و ڕوونتر دەبن. لەگەڵ ئەوەی مەترسییەکانیش زیاتر و هەڕەشە ئەلکترۆنییەکان گەورەتر دەبن، بەڵام هەلەکان بۆ هەمووان زیاتر دەڕەخسێن، دادپەروەری ڕەخساوتر دەبێت و مامەڵەکانیش بەپەلەتر و ئاسانتریش دەبن، ئەمەش دیارترین تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی پیشەسازیی چوارەمن، ئەو شۆڕشەی كە لە وڵاتە پێگەیشتووەکاندا جیهانێکی نوێی دروست کردووە و بە کەمترین کات بودجە و کادر، زۆرترین کار و مامەڵە ئەنجام دەدرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام باسی لە بەئەلکترۆنیکردنی سیستمی ئیداری و دارایی کردووە، لە هەندێک وەزارەت و دامەزراوەدا چەند جۆرە سیستمێک ئەزموون کراوە و هەندێکیان تاکوو ئێستاش بەردەوامیی هەیە، بەڵام یەک سیستمی یەکگرتوو پەیڕەو نەکراوە و بەرەوپێشچوونەکانیش کەم و خاوترن لەوەی چاوەڕوان دەکرا و ڕووبەڕووی چەندین کێشەش بوونەتەوە. لە کاتێکدا وڵاتانی دیکە چەند ساڵێکە سیستمی ئەلکترۆنییان ئەزموون کردووە و لە قۆناغی زیرەککردنی دامەزراوەکان و سیستمی ئیداری، دارایی و بانکیدان، هێشتا لە زۆرینەی ڕەهای دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمدا مامەڵەکان کلاسیکی و بە کاغەزی ڕەق دەکرێن.

عەبدولسەلام مەدەنی؛ شارەزا لە به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی و به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆگرامه‌كان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ئایندەناسی، باس لە پڕۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی سیستمی ئیداری لە هەرێمی کوردستان و زیرەککردنی سیستمەکە و چەند پرسێکی دیکە دەکات، لەوانەش کۆسپ و تەگەرەکان، هەلەکان، کادری ڕاهێنراو، مامەڵەی هاوڵاتی لەگەڵ پڕۆسەکەدا، بوونی بودجە، پەیوەندییەکانی نێوان هاوڵاتی و حکومەت، کاریگەریی لەسەر کادرە ئاساییەکان و کەمکردنەوەی گەندەڵی و زیادکردنی شەفافیەت و دۆخی ئێستای حکومەتی هەرێم لەم کاتەدا و بەراوردکردنی بە وڵاتانی دراوسێ.

کۆسپ و تەگەرەکان

عەبدولسەلام مەدەنی لە بارەی زیرەککردن و بەئەلکترۆنیکردنی سیستمی ئیداری لە هەرێم، ئاماژە بەوە دەکات بەئەلکترۆنیکردن و زیرەککردنی سیستمی ئیداری لە هەرێمی کوردستان چەند کۆسپ و کێشەیەکی لە بەردەمدایە و سەرەتاش باس لە هەردوو قۆناغی بەئەلکترۆنیکردن و خێراکردن دەکات: یەكەم: بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بۆ خۆی و ئەوەی خزمەتگوزارییەکان ببن بە ئەلکترۆنی و دووەم: بابەتی زیرەککردن و زیرەکیی دەستکرد کە بابەتێکی ئاڵۆزتر و پێشکەوتووترە. لە قۆناغی یەکەمدا بۆ نموونە حکومەت دەیەوێت كاغەزی هارد کۆپی (بەرجەستە) نەهێڵێت و بیکات بە ئەلکترۆنی و پەیوەندیی هاوڵاتی بە حکومەتەوە گرێدراو نەبێت بە سەردانێکی بەرجەستە (فیزیکی)ی هاوڵاتی بۆ دامەزراوەکە، بەڵکوو بە ڕێگای ئەلکترۆنی ئەنجام بدرێت، واتە ئینتەرنێت و ئەپڵیکەیشنەکان. بۆ ئەم لایەنەیان کە بەئەلکترۆنیکردنی حکومەتە، مەبەستەکە گرنگە، ئەوەی ئایا بودجە چەند لەبەردەستە بۆ ئەم پڕۆسەیە؟ چونکە  لە ئێستادا حکومەت توانای پێدانی مووچەی تەواوی نییە و ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە بودجەیەکی تایبەتە.

لە بارەی کۆسپ و تەگەرەکانیشەوە، باس لەوە دەکات لە ئێستادا هەرێمی کوردستان چەند تەگەرە و ئاڵنگارییەکی لە بەردەمدایە، لەوانەش ئایا یاسا و ڕێنمایی تایبەت بەم پڕۆسەیە ئامادە كراوە؟ چەند کادری ڕاهێنراو هەیە لەم بوارەدا؟ هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان وەزارەتە جیاوازەکان چۆنە؟ لە خودی پڕۆسەکەدا ڕۆتین هەیە لە بیرکردنەوەی کارمەند و سیستمی حکومیدا و بۆ ئەمەش یاسا مامەڵە (تەحەکوم) دەکات، ئەوەی پێی دەڵێن ئیکۆسیستم، ژینگەی بەکارهێنانی ئەلکترۆنی کە گرێ دراوە بە بوونی کارەبا، ئینتەرنێتێکی باش لای هەمووان، بوونی ئامێری زیرەک لەبەر دەستی هەموو هاوڵاتیان، خودی خەڵکەکەش گرنگە کە چەند دەتوانن لەم پڕۆسەیەدا مامەڵە بکەن و ئەم سیستمە بەکار بهێنن، چونکە ئەم سیستمە پێویستی بە ئاستێکی ڕۆشنبیریی دیجیتاڵی هەیە تاکوو خەڵک بتوانن بەکاری بهێنن. ئەمانە بەربەستن، بەڵام سەرپێخستنی سیستمەکە ئەستەم نییە و ئەو وڵاتانەشی دەستیان پێ کردووە؛ ئەو کێشە و تەگەرانەیان هەبووە.

نەبوونی کادری ڕاهێنراو

نەبوونی کادری ڕاهێنراو و توانای ئەلکترۆنی، یەکێکە لەو گرفتە گەورانەی لەبەردەم پڕۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی سیستمی ئیداریی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان. لە بارەی ئەم گرفتەوە، عەبدولسەلام مەدەنی باس لەوە دەکات پێویستە باسی توانای ئەلکترۆنی بکەین، چونکە سیستمی زیرەک ئاستەکەی لە ئەلکترۆنی پێشکەوتووترە، بۆ نموونە ئەگەر باسی ڕۆبۆت بکەین بۆ بەڕێوەبردنی مامەڵە و ئەلگۆریتمەکان. بۆ بەکارهێنانی ئامێری ئەلکترۆنی و ئینتەرنێت بۆ پەیوەندیکردن و ئاسانکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بۆ هاوڵاتی و پەیوەندیکردنی هاوڵاتی بە حکومەت، پێویستمان بە کادر و کارمەندی ڕاهێنراو هەیە و نەبوونی لە ئێستادا کۆسپ و تەگەرەیە و پێویستی بە چارەسەر هەیە، ئەمە بەشێکی گرنگی بابەتەکەیە. لێرەدا دەتوانین بڵێین ئەم سیستمە ئەگەر سێ کۆڵەکەی سەرەکیی هەبێت، یەکێکیان کادری ڕاهێنراوە، دووەمیان خودی خەڵک و هاوڵاتیانە و سێیەمیشیان بوونی بودجەیە.

لەنێوان داهات و توانا بەفیڕۆدان و بەدەستهێنانەوەیدا

یەکێک لە سوودە دیار و گەورەکانی زیرەککردنی سیستم ئەوەیە کە ڕێگر دەبێت لە بەفیڕۆدانی داهات و توانای مرۆیی و هاوکار دەبێت لە گەڕانەوەی داهات و تواناکە بۆ حکومەت. عەبدولسەلام مەدەنی ئەم پرسە بەم جۆرە ڕوون دەکاتەوە: لە ڕاستیدا بوونی سیستمی ئەلکترۆنی بەسوودە بۆ خێراکردنی کارەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتینی زۆر لە مامەڵە و خزمەتگوزارییەکانی حکومەت و پەیوەندییەکانی نێوان هاوڵاتی و حکومەت، بوونی ئەم سیستمە توانای مرۆیی بەرز دەکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە ئەو کارمەندە تەقلیدییانەی لەناو دامەزراوە حکومییەکاندان و شارەزایی پێویستیان نییە و توانای وەرگرتنی و ڕاهاتنیان لەگەڵ سیستەمی نوێدا نییە، کارەکانیان لەدەست بدەن کە زۆر لەم کارە نازانن، بۆیە دەبێت بیر لەم دەرئەنجامەش بکرێتەوە، چونکە ئەمە پۆستەکان لە بەشێک لە کارمەندە ئاساییەکان وەردەگرێتەوە. سیستم چەند زیاتر ئەلکترۆنی بێت و ڕۆبۆت زیاتر بەكار بهێنرێت، ئەو شوێن و هەلانەی مرۆڤ تیایدا بەشدارە و بە دەست دەیانکات؛ کەمتر دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە هەلی دیکە بەدەست بخات و بڕەخسێنێت، بەڵام بەگشتی هەلی کار بۆ کارمەندە تەقلیدییەکان کەم دەبنەوە.

لەدەستنەدانی هەلەکان

دەستپێکردنی پڕۆسەی بەئەلکترۆنیکردن و زیرەککردن لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و بەجیهانیبوونی، وای کردووە وڵاتانی دواکەوتووش ناچار بن دەست بەم پڕۆسەیە بکەن و تەنانەت عەبدولسەلام مەدەنی وەک بابەتێکی ئەرێنی تەماشای ئەم ناچاربوونە دەکات و وەک هەلێکی گرنگ باسی دەکات: لە ڕاستیدا هەلەکان زۆرن و شتێکیش نین کە ئێمە تێیدا سەربەست بین، واتە بتوانین ئەنجامی بدەین یان ئەنجامی نەدەین، چونکە سەردەمەكە و جیهان بەگشتی دەچێتە ناو ئەم پڕۆسەیەوە و ئەو سیستمە تەقلیدییەی کە بە کاغەز کار دەکات و مامەڵە بە کاغەز تەواو دەبێت و کۆتایی پێ دێت، ئەو وڵاتانەی کە زۆر نزیکن لە ئێمەوە وەک ئیمارات و سعودیە و تورکیا، چوونەتە ناو ئەم پڕۆسەیەوە، واتە هەموو جیهان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەچێت. بۆیە من بە شێوەیەکی ئەرێنی دەڵێم ئێمە ناچارین دەست بەم پڕۆسەیە بکەین و ئەم ناچاربوونەوەش بۆخۆی هەلە و فشارێکی نێودەوڵەتییش لەم بوارەوە هەیە، وەک گوتمان هەموو جیهان بەرەو ئەو پڕۆسەیە دەچێت. ئێستا خەڵکی وڵاتان لەسەر ئامێرە زیرەکەکانیان پەیوەندی بە هەموو جیهانەوە دەکەن و بابەتی گەیاندن و بازاڕکردن هەمووی بووە بە ئۆنلاین، پرسیارەکە ئەوەیە لە کاتێکدا هەموو کارەکانی ڕۆژانەمان ئۆنلاین بێت، بۆچی پەیوەندییەکانی حکومەت و هاوڵاتی ئۆنلاین نەبێت؟ ئەگەر ئەم سیستمە بەردەست بێت، سکاڵای هاوڵاتیان، کێشەی خزمەتگوزارییەکان و گرفتەکانیان بە زووترین کات بە حکومەت دەگات، بۆیە ئەگەر حکومەت بیەوێت چاکسازییەکی تەواو لەم بوارەدا بکات، ئەوا ئەمەی دروست بووە هەلێکی باشە.

لە بێسیستمییەوە بۆ فرەسیستمی

بەشێک لە وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەستیان بە بەکارهێنانی چەند سیستمێک کرد بۆ پڕۆسەی بەئەلکترۆنیکردن و زیرەكکردنی کاروبار و مامەڵەکان، بەڵام سیستمەکان گرفت و کێشەیان هەیە و نەبوونی یەک سیستمی یەکگرتووش کێشەکانی ئاڵۆز و گەورەتر کردووە، بۆیە عەبدولسەلام مەدەنی باس لە گرنگی و پێویستیی بوونی یەک سیستمی ناوەندی دەکات و دەڵێت: ڕاستە ئێمە یەک سیستممان نییە و بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی بە کام مامەڵە دەست پێ بکەین؟ ئەو یەکەم جار بنووسێت یان من؟ یەکەم جار بچیتە لای کام فەرمانبەر؟ ئەم شێوازی مامەڵەیە وەک یاریی مار و پەیژەیە، ئەوەی تا قۆناغی ٩٩ دەچیت و لەناکاو مارێک قووتت دەدات بەبێ ئەوەی مامەڵەکە تەواو بکەیت، ئەوەی پێت دەڵێن بچۆ بەیانی وەرەوە، چونکە بەڕێوەبەر لێرە نییە. بۆیە پێویستە سیستمەکە یەکگرتوو بێت و بەئەلکترۆنی بکرێت و هەر کەسە و بە میزاجی خۆی کار بە سیستمەکە نەکات. سیستمی ئەلکترۆنیی حکومەت و بەڕێوەبردنەکە دەبێت یەکگرتوو بێت و بە هیچ جۆرێک نابێت پەرشوبڵاو بێت. پێشتر کە لە فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بووین لە ئەنجوومەنی وەزیران، لە وەزارەتی کارەبا سیستمێک هەبوو بۆ مامەڵەکانی هاوڵاتیان و چاودێریکردنی، زۆر زۆر سەرکەوتوو بوو، بیرۆکەکە ئەوە بوو کە ئەم پڕۆسەیە بگشتێنرێت بۆ هەموو وەزارەتەکانی دیکە، بەڵام بەداخەوە نەکرا، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت ئەمە تەنها دەستپێکێک بێت کە تراکینگ دۆکیۆمێنت (بەدواداچوون بۆ مامەڵەکان) و مامەڵەی هاوڵاتیانە تاکوو بزانێت مامەڵەکەی لە دامەزراوەکەدا لە کام قۆناغدایە و ئەگەر کێشەیەکی هەبێت دەبێت چی بکات. بۆیە دووپاتی دەکەمەوە دەبێت سیستمەکە یەکگرتوو بێت، پاشان  بچێتە ئاستێکی بەرزتر و خودی پەیوەندییەکە و تەنانەت واژۆش ببێتە ئەلکترۆنی، بەڵام وەک وتم بۆ ئەم پڕۆسەیە ئاڵنگاریمان هەن کە بەشێکیان یاسایین، بۆ نموونە ئەو واژۆیەی کراوە فەرمییە یان نا.

ڕەخساندنی دادپەوەری و کەمکردنەوەی گەندەڵی

یەکێک لەو هۆکارانەی پڕۆسەی بەئەلکترۆنیکردن و زیرەککردنی کردووە بە پێویستی و بەردەوام لەلایەن حکومەت و دامەزراوەکانەوە گەشەی پێ دەدرێت، ئەوەیە کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گەندەڵی و ڕەخساندنی داپەروەریی زیاتر و شەفافیەت. لە بارەی ڕۆڵی ئەم پڕۆسەیە لەم بوارانەدا، عەبدولسەلام مەدەنی دەڵێت: یەکێک لە سوودەکانی سیستمی ئەلکترۆنی ئەوەیە کاتێک هەمووی دەچێتە جیهانی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت، بواری فێڵکردن کەم دەبێتەوە و ناتوانرێت بوترێت مامەڵەکەم نەبینی، نەدۆزرایەوە و نازانم لە کام ڕێکەوتە هاتووە، ئەمانە نامێنن، چونکە ناردن و گەیشتنیش لە سیستمەکەدا ڕوونە، واتە هەموو شت دیارە و مامەڵەکان ڕوونن، تەنانەت دەتوانرێت وای لێ بکرێت پڕۆسەکە ئۆتۆماتیکی بێت، بۆ نموونە تەنها مامەڵەکە تەنها دوو ڕۆژی هەیە و دەبێت بچێتە ئاستێکی دیکە، بۆیە سیستمەکە ناچارە لە دوو ڕۆژدا کار لەسەر مامەڵەکە بکات و تەواوی بکات و بچێتە ئاستێکی دیکە.

بۆ بابەتی ڕوونییش (شەفافی) گرنگە، بەتایبەت ئەگەر مامەڵەکە دارایی بێت، تاکوو فرتوفێڵ و بەرتیل نەمێنێت، چونکە پارەکە ڕوونە لە کوێوە بۆ کوێ چووە و نێردراوە، ئەمەش بەشدارە لە ڕەخساندنی دادپەروەری و دروستکردنی سیستمێکی خێرا و ڕوون.

ئایندەیەکی ناڕوون

حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات ئامانجی ئەوەیە لە ئایندەدا سەرجەم دامەزراوەکان بەئەلکترۆنی بکات و زۆرترین ئاسانکاری بۆ مامەڵەی هاوڵاتیان بکات، بەڵام ئەوەی تاکوو ئێستا هەیە سیستمە ئیدارییەکە گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەردا نەهاتووە، ئەمەش مەترسییە لەسەر ئایندەی سیستمی ئیداری، چونکە جیهان و دەورووبەر دەستیان بە پڕۆسەکە کردووە و حکومەتی هەرێمیش دەست پێ نەکات و دوا بکەوێت؛ ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە. عەبدولسەلام مەدەنی بەم جۆرە باس لەم کێشەی دواکەوتن و دەرئەنجامەکانی دەکات و دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارە و دەبێت دەست بە ئەم پڕۆسەیە بکات، تاکوو دوا نەکەوین و شانبەشانی وڵاتانی دیکە هەنگاو بنێین، چونکە وڵاتانی دیکە دەستیان پێ کردووە، ئەگەرنا دوا دەکەوێت و دەبێت بە بەشێک لە مێژوو، وەک گوتمان تەنانەت وڵاتانی دراوسێشمان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەچن، وەک دەزانین دوایین مامەڵە کە لە سعودیە بە کاغەز کرا، لە مۆزەدا هەڵگیراوە. بۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەم هەنگاوە نەنێت، ناتوانێت بەرگەی ئەو گۆڕانکارییانە بگرێت کە لە ئاستی جیهاندا ڕوو دەدەن و ئیدی هاوڵاتییش توانای نییە بەرگەی ئەم پڕۆسە تەقلیدییە بگرێت.

 پڕۆفایل

عەبدولسه‌لام محەمەد ئیسلام

ساڵی  ١٩٦٨ لەدایک بووە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی موسڵ لە ساڵی ١٩٩٠.

بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکان و ڕاهێنەرە لەسەر ئاستی عێراق، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا و هەروەها ڕاهێنەرایەتی و ڕاوێژکاریی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی كردووە لە بواری بەڕێوەبردن و ڕێبەرێتیكردن. بەرپرسی سیاسەتی کۆمەڵایەتی بووە لە فەرمانگەی بەدواداچوون و هەماهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ و ڕاوێژکاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بووە بۆ کاروباری لاوان و کۆمەڵگای مەدەنی لەنێوان ساڵانی ٢٠١٢ تاکوو ٢٠١٥. لە ئێستادا بەڕێوەبەری جێبەجێکارە لە دەزگای ڕوانگە و لە ساڵی (2015)ەوە تاوەکوو ئێستا لە دەزگاکەدایە.

سەلام محەمەد خاوه‌نی كۆمەڵێك كتێبه‌ بە ناونیشانەکانی:

  • کێشەکانی گەنج
  • نوێخوازی (مۆدێرنتی)، بنچینە و سەرئەنجامەکانی
  • تیرۆریزم چییە؟
  • ١٠ ترپە، دیالۆگی نێوان بابل و هەولێر ئەمە دەربارەی پێکەوەژیانە
  • چۆن ڕاهێنانێکی کاریگەر؛ دیزاین و پێشکەش دەکەیت (نامیلکەی ڕاهێنانی ڕاهێنەران)
  • نامیلکەی ڕاهێنان دەربارەی ”سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن” بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان.
  • هه‌روه‌ها زیاتر له‌ ٧٠٠ نووسراوی هه‌یه له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاری ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی ده‌رباره‌ی به‌ره‌وپێشبردنی دیموكراسی و کۆمەڵگەی مه‌ده‌نی، به‌رەوپێشبردنی شاره‌زاییه‌كان و تواناكانی سه‌ركردایه‌تی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی وه‌كوو وانه‌بێژێك له‌ چه‌ندان زانكۆ له‌ عێراق كاری كردووه‌ و هه‌روه‌ها چه‌ندان به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی و ڕادیۆیی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بووه‌.

گۆڤاری ئایندەناسی تەمووزی 2021

Send this to a friend