• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 15, 2021

كەوتنی كابول و شكستی نەتەوەسازیی ئەمریكایی

هەورامان فەریق

شرۆڤەی جۆراوجۆر بۆ هاتنەوەسەردەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەكرێت. لە رووی كۆمەڵناسیی سیاسییەوە ئەگەر بڕوانینە دۆخی ئەو وڵاتە و رووداوەكانی ئەم چەن رۆژە، دەبێت بە ناچاری لە گۆشەنیگای پرۆژەی نەتەوەسازیی ئەمریكاییەوە لێی بڕوانین، چونكە هیچنا یەكێك لەو هۆكارانەی كە رێگەیان بۆ كەوتنی كابول خۆشكرد، كشانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتە و دواجار شكستی پرۆژەكەی بوو كە ناوی نابوو دەوڵەت ـ نەتەوەسازیی ئەمریكایی. پرۆژەی نەتەوەسازی (Nation-Building) پێناسە و تایبەتمەندی جۆراوجۆری هەیە. گشتگیرترینیان بریتییە لەوەی كە نەتەوەسازی پرۆژەیەكە كە دەسەڵاتێك یان دەستەبژێرێك لەناو حكومەت، دەوڵەت یان لە چوارچێوەی وڵاتێكدا بڕیار دەدەن جێبەجێی بكەن بە ئامانجی دروستكردنی گونجان و یەكڕیزی نەتەوەیی و نەهێشتنی پەرتبوون و لەتبوونی كۆمەڵگە. بۆ ئەمەش گروپ و كۆمەڵ و ئیتنیكەكان لە دەوری یەك كۆبكەنەوە و شوناسێكی نەتەوەیی هاوبەش دروست بكەن. ئەم پرۆسەیە مەرج تەنیا لە وڵاتێكدا پیادە بكرێت كە خاوەنی دەوڵەت بێت، بە پێچەوانەوە هەندێك جار نەتەوەسازی پێش دەوڵەت دەكەوێت. بەڵام بۆ هەر كۆمەڵگەیەكی خاوەن دەوڵەتی مۆدێرن، مەرجە كە پرۆسە و پرۆژەی نەتەوسازی تێدا جێبەجێ بكرێت. پرۆژەی نەتەوەسازی ئەگەر بە دستوەردانی راستەوخۆی زلهێزەكانیش نەكرێت، بەڵام دەكرێت لە لایەن زلهێزەكانەوە پشتیوانی بكرێت. لە پرۆژەی نەتەوەسازیی ئەمریكاییدا هەر سیستم و دەوڵەت  و حكومەتێك لە رووی مۆدێلی حكومەتیی، ئایدیۆلۆجیای حكومەتداری و میكانیزمە مێژووییەكانی ئەو وڵاتەوە هاوتەریب نەبێت لەتەك ئەو بەها مەزنانەی كە ئەمریكا باوەڕی پێی هەیە، یان ناتەبا بێت لەتەك بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەمریكادا، دەبێ ئەو سیستمە لەناوبچێت و پاشان هەنگاوەكانیتر جێبەجێ بكرێن. چونكە ئەم وڵاتانە دواجار بۆ خەڵكی خۆیان و بۆ ئاسایشی دنیا دەبنە مەترسی. بۆ ئەمەش ئەمریكا زۆرجار بە هێزی سەربازی دەستبەكار دەبێت و دواتر پرۆژەكەی خۆی جێبەجێ دەكات.

هاوكات لە رووی چەمكسازییەوە ئەگەر سەرنجی نەتەوەسازی بدەین، لەبەر ئەو تایبەتمەندیانەی كە هەر دیاردەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەیەتی، كۆنتێكست و مۆدێلەكانی ئەو دیاردەیەش بە گوێرەی دۆخ، سەردەم، جیهانبینی و سیستمی سیاسی وڵاتەكان ـ ئەو وڵاتانەی كە پرۆژەكەیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت ـ گۆڕانكاری بەسەردادێت. هەر لەبەرئەمەیە كە مۆدێلەكانی پرۆژەی نەتەوەسازی  (Nation-Building) فرەچەشن دێنە پێش چاو. هاوكات لەتەك جۆراوجۆریی مۆدێلەكانی نەتەوەسازیدا، لە زۆر رووەوە ئەم مۆدێلانە خاڵی هاوبەشیشیان هەیە. یەكێك لە مۆدێلەكانی پرۆژەی نەتەوەسازی، نەتەوەسازیی ئەمریكاییە، كە بە دیاریكرداوی لە ئەفغانستان و عێراقدا جێبەجێكرا كە جیاوازە لە مۆدێلە ئەوروپییەكەی كە جەخت لەسەر نەتەوەسازی دەكاتەوە ئەگەر دەوڵەتسازیشی لەتەك نەبێت.

جەیمز دۆبینز كە یەكێكە لە تیۆریستەكانی بواری نەتەوەسازی ئاوا پێناسەی پرۆژەی نەتەوەسازی دەكات كە بریتییە لە دەستوەردانی سەربازیی كە ئامانجی گۆڕینی كۆمەڵگەی دەستلەملانێی جەنگە بەرەو كۆمەڵگەی ئاشتیئامێز. هەر ئەو پرۆژەیەی كە حەفتا ساڵ لەمەوبەر ئەمریكا لە ئەڵمانیا، ژاپۆن و كۆریای باشوردا جێبەجێی كرد و دەستەبژێرەكانی ئەو وڵاتانە هەستان بە وەرگرتنی ئەو پرۆژەیە و خۆماڵیكردنی وەك پرۆسەیەك كە خۆیان بەڕێوەی ببەن و لەم پێناوەشدا سەركەوتنیان بەدەستهێنا.

پرۆژەی نەتەوەسازی لە زۆربەی دۆخەكاندا چەند رەگەزێكی سەرەكی هەیە. كە ئەگەر لە هەر وڵاتێك، كۆمەڵگە و نەتەوەیەكدا بەرجەستە نەكران، ئەوە پرۆژەی نەتەوەسازیش لەو شوێنە جێبەجێ ناكرێت و شكست دەهێنێت. كە شكستی هێنا هەر ساتێك ـ وەك لە ئەفغانستان بینیمان و لە عێراقیش ئەگەری روودانی هەیە ـ مەترسی هەڵوەشانی ئەو كۆمەڵگەیە لە ئارادا دەبێت. نەتەوە و نەتەوەسازی دوو دیاردەی مۆدێرنن، بۆیە رەگەزەكانی پرۆسەی نەتەوەسازیش، كۆڵەكەی دروستكردنی دەوڵەتی مۆدێرنن كە خۆیان لە دەوری یەكڕیزی نیشتیمانی و هەستی وابەستەبوون بە خاك، هاوڵاتیبوون، شوناسی هاوبەش، دەرفەتی یەكسان بۆ هەمووان، ئاسایش و زمانی یەكگرتووی نەتەوەییدا دەبیننەوە. دەوڵەت و حكومەتی نوێی ئەفغانستان كە دەستیشانكراوی ئەمریكا بوون، نەیانتوانی هیچكام لەم رەگەزانەی نەتەوەسازی بهێننەدی. گەلێك هۆكاریش ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیش لەم نێوەندەدا رۆڵی نەرێنیان گێڕا. هەر لە دەستوەردانی ئێران و پاكستان و روسیاوە تا ترسی هەنووكەیی ئەمریكا لە بەهێزتربوونی چین لە كاتی ئێستادا.

جیا لە مەترسییەكانی هاتنەسەردەسەڵاتی تاڵیبان لەو وڵاتە، لە كەوتنەژێرپرسیاری زیاتری بەرپرسیارییەتی ئەخلاقیی ئەمریكا وەك جەمسەری دیموكراسی و لیبرالیزم، دەستەوەستانیی وڵاتانی ئەوروپی و رێكخراوە جیهانییەكان و كۆمپانیا فرەنەتەوەییەكان كە هەردەم باسی بەها جیهانی و گەردوونییەكان دەكەن، ئەوەی جێی نیگەرانی یان مەترسییە، خاڵە هاوبەشەكانی دۆخ و وڵاتی ئەفغانستانە لەتەك عێراق و هەرێمی كوردستانیش وەك بەشێك لەو وڵاتە. توێژینەوەگەلی جۆراوجۆر وەك (نەتەوەسازیی ئەمریكایی، بەراوردی نێوان عێراق و ئەفغانستاندا) ئاماژە بە زۆرێك خاڵی لێكچوونی نێوان عێراق و ئەفغانستان دەكەن. بۆ نمونە لە رووی جوگرافیای سیاسی، جوگرافیای كۆمەڵایەتی، جوگرافیای كولتوری و هەروەها جیوپۆلەتیكەوە عێراق و ئەفغانستان زۆر لێك نزیكن. هەروەها لە روانگەی مێژووی ململانێ نێوخۆییەكان، شەڕەكان و جینۆسیدەكانەوە و تەنانەت هەندێك توێژەری ئەفغانی وەك میروەیس بەڵخی باس لە نزیكی و هاوشێوەبوونی تاك و كۆمەڵگەی عێراقی و ئەففانی دەكەن لەرووی روخسار، رەفتار و زمانیشەوە. بە بەڵگەی ئەوەیكە یەكێك لە خەسڵەتە سەرەكییەكانی كۆمەڵگەی ئەفغانستان، فرەكولتوری و فرەزمانی و ململانێی ئیتنیكی و ئاینییە كە هیچ وڵاتێكی دیكە هێندەی عێراق لەو وڵاتە ناچێت. لە رووی پرۆژەی نەتەوەسازیشەوە، روخاندنی دوو رژێم لە ماوەیەكی نزیك لە یەكتر 2001 و 2003، یەك جۆر سیاسەت بۆ روخاندنیان و لێكچوونی هەنگاوەكانی پرۆژەكە لە هەردوو وڵاتدا.  هەروەها ئەنجامە پێچەوانەكەی پرۆژەكە لە هەر دوو وڵات.

گومان لەوە ناكرێت كە لە عێراقدا ململانێی ئیتنیكی و ئاینیی لە لوتكەدایە. كورد و عەرەب و توركمەن، عەرەبی سونە و عەرەبی شیعە. لە ئەفغانستانیش بە هەمانشێوە، ململانێی ئیتنیكی و ئاینیی تاجیك، پەشتوو، هەزار و ئۆزبەكییەكان، كە هەریەكەیان ـ وەك عێراقییەكان ـ بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەفغانستان هی ئەوانە. ئەمە جگە لە نزیكی تاڵیبان لەوێ و حەشدی شەعبی لێرە لە ئێرانەوە كە خۆی بۆ خۆی یەكێكە لە خاڵە هاوبەشەكانیتر. بۆیە ئەم خاڵە لێكچووانەی هەر دوو وڵاتم كردە دەستكەلا بۆ ئەوەی ئاماژە بەوە بكەم كە ئەگەر ئامانجی نەتەوەسازی بریتی بێت لە كاڵكردنەوە و سڕینەوەی كەلێن و جیاوازییەكان لە پێناو شوناسی نەتەوەیی هاوبەش، نەزۆككردنی دوبەرەكی و وشككردنی حەكایەتە بچوكەكان لە پێناو حەكایەتێكی گەورەتردا كە نەتەوەی هاوبەشە، چەسپاندنی دیموكراسی و بەشداری هەمەلایەنە لە دەسەڵات، چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایش و سوپای نیشتیمانی، دروستكردنی زمانی یەكگرتوو، بەرجەستەكردنی هاوڵاتیبوون، ئەوا لە عێراقیشدا نەتەوەسازیی ئەمریكایی كە بە پێكهێنانی ئەنجومەنی حوكم و نووسینەوەی دەستوری عێراق و دانانی حاكمی مەدەنی دەستی پێكرد، بەڵام ساڵ دوو ساڵێك زیاتر بڕی نەكرد و جیاوازییە مەزهەبی و ئیتنیكی و خێڵەكییەكان بەسەر مەوطنیدا سەركەوتن و پەلامارەكان بۆ سەر كوردستان ئەم پەرتبوونەی تۆختر كردەوە، شكستی خۆی راگەیاندووە. لێرەوە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و كوردستان و دنەدانی هێزی دەرەكی راستەوخۆ دەتوانێت ببێتە دەستپێكی دۆخی نەخوازراوی دیكە كە ئەوكات نەك نەتەوەسازی، شتێك بەناوی عێراق وەك دەوڵەتیش بوونی نەمێنێت.

Send this to a friend