• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 28, 2022

جەنگی ڕووسيا و ئۆکرانیا؛ هۆکار و لێکەوتەکانی

ڕەنج نەوزاد تۆفيق، خوێندکاری دکتۆرا لە زانستە سياسیيەکان لە زانکۆی وارسۆ – پۆڵەندا

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (12)ی ئازاری 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەرایی

پێش ڕێکەوتی ٢٤/٢/٢٠٢٢، پرسيار و لێکدانەوەکان لە بارەی ئەوەوە بوون ئایا ڕووسيا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر ئۆکرانیا یاخود نا؟ ئەگەر هێرش بکات، شێواز و سنووری هێرشەکە چۆن دەبێت؟ ئایا هێرشەکە تەنيا بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا (بەتايبەت ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا) دەگرێتەوە، یاخود هێرشێکی سەرتاسەری دەبێت؟ هێرشەکە زیاتر پشت بە هێزی وشکانی دەبەستێت، یان ئاسمانی و دەريایی؟ دوای بڕياردانی پوتين بە دەستپێکردنی هێرشی سەربازی لە ٢٤/٢، زۆربەی ئەو پرسيارانە کۆتاییان هات و پرسيار و لێکدانەوەی نوێ درووست بوون. ڕووسيا هێرشێکی سەرتاسەریی سەربازی (وشکانی، ئاسمانی، دەریایی) بۆ کۆی خاکی ئۆکرانیا دەست پێ کردووە. بە هۆی ڕووبەری جوگرافی، ئەم جەنگە کە لە سنووری نێوان ناتۆ و ڕووسيایە، هەروەها لەبەر هەردوو بەرەی جەنگەکە؛ ڕووسيا وەک نەياری سەرەکیی ناتۆ و ئۆکرانیا، سەرەڕای ئەوەی ئەندام نييە لە ناتۆ، بەڵام وەک نوێنەرێکی ناتۆ دژ بە ڕووسيا دەجەنگێت، لێرەوە ئەم ڕووداوە پەيوەندیی بە کۆی سيستمی جيهانيیەوە هەیە و دەکرێت گۆڕانکاری بەسەر کۆی سيستمی جيهانيدا بێنێت. لەبەر ئەوە، دەکرێت کاريگەی و لێکەوتەکانی ئەم جەنگە جيهانی بن نەک تەنيا ناوچەیی. بۆیە لێکۆڵينەوە لەو جەنگە و چاودێريکردنی پێويستە و گرنگیيەکی گەورەی هەیە. لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت، بەکوردتی، وەڵامی سێ پرسيار بدرێتەوە: هۆکارەکانی هێرشی سەربازیی ڕووسيا چين؟ سيناريۆکان و ئامانجەکانی ئەم جەنگە چين؟ ئایا لێکەوتەکانی ئەم جەنگە چۆن دەبن؟

١. هۆکارەکانی جەنگەکە

هۆکاری جيۆپۆلەتيکی و مێژوویی: دەستەواژەی دەرەوەی نزيک (Near Abroad) ئەو دەستەواژەیەیە کە بەکار دەهێنرێت بۆ وەسفی تێڕوانينی ڕووسيا بۆ ئۆکرانیا و بۆ ئەو دەوڵەتانەی تر کە لە یەکێتیی سۆڤيەت جيا بوونەوە و دراوسێی ڕووسيان لە ئێستادا[1]. واتە ئەو دەوڵەتانە لەگەڵ ئەوەی سەربەخۆن و لە دەرەوەی نەخشەی ڕووسيان، بەڵام لە ڕووی ئەمنی و سياسی و بەرژەوەندی و مێژوویی… هەر نزيکن لە ڕووسيا و هەر گۆڕانکارييەک لە “دەرەوە” ڕوو بدات؛ کاريگەرييەکانی نزيک و ڕاستەوخۆ دەبن بۆ سەر ڕووسيا. بۆیە ڕووسيا دەبێت ڕاستەخۆ دەستتێوەردان بکات لەو “دەرەوەیە” و نابێت وەک دەرەوە تەماشای بکات، بەڵکوو لە ڕووی ئەمنی و بەرژەوەندييەوە دەبێت وەک ناوەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

 ئەم تێڕوانينەی ڕووسيا سەبارەت بە ئۆکرانیا، بە بەراورد بە دەوڵەتە دراوسێکانی تر، فراوانتر و قووڵترە، چونکە ڕووسەکان وەک نيشتمانی لەدەستچوو [2](The Lost Homeland) تەماشای ئۆکرانیا دەکەن، ئەو نيشتمانەی کە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکەی. ڕووسەکان لە خەياڵ و تێڕوانينياندا وەک بەشێک لە نيشتمانی خۆیان سەيری ئۆکرانيا دەکەن کە لەدەستيان داوە. لە جيۆپۆلەتيکی هاوچەرخدا، دەستەواژەی (Geopolitical Imagination)  بۆ ئەم دۆخە بەکار دەهێنرێت[3]. ئەو نەتەوە و دەوڵەتەی کە بەشێک لە نيشتمانی خۆی لەدەست دەدات، چاوەڕێی هەوڵێک دەکات کە بەهێز بێتەوە و ئەو نيشتمانە لەدەستچووە بگەڕێنێتەوە. زۆرێک لە ڕووسەکان پێيان وایە کە شاری کێيەڤی پايتەختی ئێستای ئۆکرانیا، یەکەم نيشتمانی نەتەوەکەیانە[4]. دەوڵەتی کێيەڤ ڕووس (Kievan Rus) کە لە کێيەڤی پايتەختی ئۆکرانيا لە (٨٦٢-١٢٤٢) دامەزرا، سەرچاوەی هەر یەک لە ڕووسيا و ئۆکرانیای ئێستایە[5]. جگە لەوەی لە مێژووی نوێدا لە سەردەمی سۆڤيەتدا هەریەک لە ڕووسيا و ئۆکرانیا بەشێک بوون لە یەکێتیی سۆڤيەت. کەواتە هەر یەک لە ڕووسەکان و ئۆکرانيیەکان زۆر کات یەک وڵات و یەک نيشتمانيان هەبووە. ئەم یەکبوونە بەردەوام دەبێت تا ڕووخاندنی سۆڤيەت و لە ساڵی ١٩٩١ ئۆکرانیا دەبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. هەر بۆیە پوتين دەڵێت: ڕووسيا و ئۆکرانیا بران، لە بەرامبەردا سەرۆکی ئۆکرانيا وەڵامی دایەوە و وتی: برايەتيمان وەک برایەتیی قابيل و هابيلە[6].

بەدەستهێنانەوەی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسياوە، بە دوو ڕێگا ئەنجام دەدرێت؛ یا حکومەتێکی پرۆڕووسيا لە ئۆکرانیا حوکم بکات، ئەگەرنا ڕووسيا ئامادەیە بە هێزی سەربازی ئۆکرانیا بهێنێتەوە ژێر هەژموونی خۆی، بەتايبەت ئەگەر مەترسیی ئەوە هەبێت ئەو نيشتمانە لەدەستچووە ئەمەريکا کۆنترۆڵی بکات و لە دژی ڕووسيا بەکاری بهێنێت. ئەم تێڕوانينەی ڕووسيا بۆ بيلاڕووسياش هەر گونجاوە. ئەمەی ئاماژەی پێ درا، دەتوانرێت بە هۆکارێکی جيۆپۆلەتيکی و مێژوویی دابنرێت، کە هۆکارێکی گشتییە و هەميشە لە فکری سياسیی دەسەڵاتدارانی ڕووسيا ئامادەیە.

هۆکارێکی تری ئەم جەنگە، ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤. کاتێک لە ڕێگەی خۆپیشاندان و پەرلەمانی ئەوکاتی ئۆکرانیاوە سەرۆکی ئەوکات (فيكتور يانوكوفيتچ)ی نزيک لە ڕووسيا لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە و هەڵدێت بۆ ڕووسيا، ئەو خۆپێشاندانە بووە هۆکاری ئەوەی کە ئۆکرانیا لە هاوپەيمانیی ڕووسياوە بگۆڕدرێت بۆ ئەنتیڕووسيا و نزيک لە ڕۆژئاوا[7]. ڕووسيا ئەو ڕووداوەی وەک کودەتایەک وەسف کرد کە لەلایەن ئەمەريکا و ئەورووپاوە ڕێک خراوە، هەر بۆیە هێرشی سەربازیی کرد و نيمچەدوورگەی کریميای داگير کرد و هاوکاریی جوداخوازەکانی ناوچەی دۆنباسی (دۆنيتسك و لوگانسك) کرد دژ بە سوپای ئۆکرانیا، ئەوەش بووە هۆکاری شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکە و نەمانی دەسەڵاتی حکومەتی ئۆکرانیا لەو دوو هەرێمە. ئەم دۆخە تا ئەمڕۆش بەردەوامە[8]. ئەم ڕووداوە ڕێگەی خۆش کرد بۆ زیادکردنی چالاكی و نزيکبوونەوەی زیاتری ناتۆ لە ڕووسيا لە بەرەی ئۆکرانیاوە. هەر لەدوای ئەو ڕووداوەوە، ئۆکرانیا بەفەرمی داوای کرد ببێتە ئەندام لە ناتۆ، ئەمەش هۆکارێکی ڕاستەوخۆی هەڵگيرساندنی جەنگەکە بوو. کەواتە ئەم جەنگەی ئێستا، هەر درێژکراوە و دەرئەنجامی ڕووداوەکانی (٢٠١٤)یە.

هۆکارێکی تری ئەم جەنگە دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی سيستمی جيهانی لەم سەردەمەدا. ساڵانێکە وا دەبينرێت کە سيستمی سياسی لە قۆناغێکی ڕاگوزەردایە. دەکرێت لە تاک جەمسەری ئەمەريکییەوە بەرەو دووجەمسەری یاخود فرەجەمسەری بڕوات. دەوڵەتان بەگشتی هەوڵ دەدەن لە سيستمی نوێی جيهانيدا پێگەی بەهێزتر و گەورەتريان هەبێت. دوو سەرەکيترين کانديد بۆ بوون بە جەمسەر لە سيستمی جيهانی داهاتوودا، بريتين لە چين و ڕووسيا. هەر بۆیە ڕووسيا دەيەوێت پێگەی خۆی بەهێزتر و کاريگەرتر بکات لە سيستمە نوێیەکەدا. هەنگاوی سەرەتا بۆ ئەوە بريتييە لەوەی ڕووسيا هەژموونی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ سەر دەوڵەتانی درواسێ و ناوچەکەی خۆی، چونکە ئەستەمە ڕووسيا بتوانێت ببێتە جەمسەر، ئەگەر ئۆکرانیا لە بەرەی ناتۆ بێت و لە دەرەوەی هەژموونی ڕووسيا بێت.

ڕۆڵی ئەمەريکا هۆکارێکی سەرەکیی ترە بۆ ئەو جەنگە. هەروەک چۆن ڕووسيا دەيەوێت لە ڕێگەی داگيرکردن و هێنانەوەی ئۆکرانیا بۆ ژێر هەژموونی خۆی؛ پێگەی خۆی بەهێزتر بکات لە سيستمی جيهانیدا، وا دەردەکەوێت کە ئەمەريکاش بە هەمان شێوە دەيەوێت لە ڕێگەی ئۆکرانیاوە ئەو ئامانج و خەونانەی ڕووسيا لەناو بەرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە سيستمی جيهانيدا. ئاشکرایە ئەمەريکا دەيەوێت بەرگری لە سيستمی جيهانیی تاک جەمسەری بکات، ڕووسيا دەيەوێت گۆڕانکاری لەو سيستمەدا بکات، چونکە ئەمەريکا ڕازييە لە پێگەی خۆی لە جيهاندا، بەڵام ڕووسيا بەپێچەوانەوە. بۆیە دەکرێت لە ڕێگەی هاندانی ئەمەريکا بۆ نزيکبوونەوەی ئۆکرانیا لە ناتۆ و دژایەتيکردنی ڕووسيا، پاڵ بە ڕووسياوە بنێت بۆ بەرپاکردنی شەڕ دژ بە ئۆکرانيا و تێوەگلانی بە جەنگێکی ئاڵۆز و ماوەدرێژ کە لە ڕووی سەربازی و ئابووریيەوە ماندووی بکات، وەک چۆن ئەمەريکا هەمان سيناريۆی بەکار هێنا دژ بە سۆڤيەت لە ئەفغانستان.

وا ديارە ڕووسيا دوای ماوەیەکی زۆر لە بيرکردنەوە، گەيشتە ئەو بڕيارەی کە جەنگ باشترين و تاکە بژاردەیە. ڕووسيا دڵنيایە لەوەی ئەگەر بە هەموو توانا و هێزی خۆیەوە ڕێگری دروست نەکات بۆ ئۆکرانیا، ئەوا هەروەک چۆن دەسەڵاتی سياسی لە ئۆکرانیا لە دۆستی ڕووسياوە گۆڕا بۆ دژی ڕووسيا، ئاواش ئەمەريکا؛ ئۆکرانیا دەکاتە ئەندام لە ناتۆ و بنکەی سەبازی و مووشەکەکانی خۆی دەباتە ئۆکرانیا، ئەوکات ڕووسيا زیاتر گەمارۆ دەدرێت بە بنکە سەربازييەکانی ناتۆ. لە ئێستادا ڕووسیا لە ڕۆژئاوای سنوورەكانی تا ڕادەیەکی زۆر گەمارۆ دراوە بە ناتۆ. هەروەها ئەگەر ئۆکرانيا ببێتە ئەندام لە ناتۆ، ئەوا دووبارە پرسی ئەندامبوونی جۆرجيا جددی دەبێتەوە، ئەوکات دەبێت ڕووسيا چاوەڕوانی ئەوەش بکات کە دەسەڵاتی سياسیی بيلاڕووسيا، هاوشێوەی ئۆکرانیا، لە ڕێگەی خۆپێشاندانەوە بگۆڕدرێت بۆ دەسەڵاتێکی نزيک لە ئەمەريکا، بەوەش ڕووسيا بەتەواوی سنوورەکانی بە ئەورووپاوە گەمارۆ دەدرێت بە ناتۆ و هاوپەيمانانی ئەمەريکا.

٢. سيناريۆکانی جەنگەکە

لێرەدا بە چەند خاڵێک هەندێ لە سيناريۆکانی ئەم جەنگە دەخرێتە ڕوو:

١. ڕووسيا مەبەستی نييە کۆی ئۆکرانیا داگير بکات، تەنيا هێز و ژێرخانی سەربازیی ئۆکرانیا بەتەواوی لاواز دەکات و ئۆکرانیا گەمارۆ دەدات تا ناچاری سازشکردن دەبێت. هەردوو کۆمارەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە سەربەخۆیی دەمێننەوە، یاخود ڕووبەری کۆمارەکان فراوانتر دەکات، یاخود هەندێ ناوچەی تر لە ئۆکرانیا جيا دەکاتەوە هاوشێوەی ئەو دوو کۆمارە، بۆ دابەشکردن و لاوازکردنی ئۆکرانیا، پاشان دەکشێتەوە. تا ئێستا حکومەتی ئۆکرانیا سازش ناکات، ئەگەر وا بەردەوام بێت، ئەوا ئەم سيناريۆیە نایەتە دی. ئەم سيناريۆیە وەک بردنەوە بۆ ڕووسيا هەژمار دەکرێت، چونکە زیانە سەربازی و ئابوورييەکانی کەم دەبن، دەگات بە هەندێ ئامانجی سەرەکیی خۆی و دەکرێت دوای ماوەیەک سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەری لا ببرێن. لە ساڵی ٢٠٠٨دا ڕووسيا تا ڕادەیەک هەمان پلانی بەکار هێنا دژ بە جۆرجيا کاتێک دەيويست ببێتە ئەندام لە ناتۆ.

٢. ڕووسيا ئامانجی ئەوەیە ئۆکرانیا داگير بکات و بچێتە ناو کێيەڤ و حکومەتی ئێستای ئۆكراينا لا ببات و حکومەتێکی نوێ نزيک لە خۆی دابنێت، ئەمەیان لێکەوتەکانی ئاڵۆز و ناڕوون دەبێت، ئەوکات چاوەڕوان دەکرێت جەنگەکە لە جەنگێکی کلاسيکیيەوە بگۆڕدرێت بۆ شەڕی ناو شار و کۆڵان بە کۆڵان. بە پێی ئەو بەرخودانەی ئۆکرانیا دەيکات لە ئێستادا، وا دەردەکەوێت شەڕی ناو شارەکان توندتر و فراوانتر بێت بەتايبەت ئەگەر هاوکارييەکانی ناتۆ و ئەورووپا بەردەوام بێت بۆ گرووپە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، ئەمەش ڕووسيا دەخاتە ناو دۆخێکی ناديار، ماوەی جەنگەکە ناديار دەبێت، هاوکات سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕووسيا زیاتر دەبن، دەشێت لە ئەنجامدا ببێتە هۆکاری زیانی زۆر گەورە بە سەرباز و ئابووری و پێگەی ڕووسيا. هەڵوێستی ئەمەريکا لەپێش جەنگەکە و لە کاتی جەنگەکەش وا دەردەکەوێت کە خوازياری ئەم سيناريۆیە بێت.

٣. داگيرکردنی کێيەڤ و دانانی حکومەتێکی نزيک لە ڕووسيا، پاشان کشانەوەی ڕووسيا لە ماوەیەکی کورت. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوە ئەگەری دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لە ئۆکرانیا زۆر دەبێت. ئەوکات ئۆکرانیا وەک وڵاتێکی نائارام و کراوە بۆ دەستتێوەردانی ناتۆ هەر مەترسی دەبێت بۆ ڕووسيا. بۆیە ڕووسيا دەبێت بەردەوام هاوکاریی ئەو حکومەتە نوێيە بکات کە خۆی دايناوە و ڕێ نەدات ئۆکرانيیەکان بيڕووخێنن هاوشێوەی ٢٠١٤. ئەمەش بەبێ دەستتێوەردانی سەربازی و هەواڵگری و هاوکاریی ئابووری ئەستەمە بکرێت. ئەمەش ديسانەوە زیانەکانی بۆ ڕووسيا زیاتر دەبێت.

٤. ڕووسيا ئۆکرانیا داگير و کۆنترۆڵ بکات و حکومەتێکی نوێ بسەپێنێت، پاشان کۆتاییهاتن بە جەنگەکە. ئەمەیان لە ئێستادا ئەستەمە، چونکە داگيرکردنی ئۆکرانیا جياوازە لە کۆنترۆڵکردنی. ڕووسيا دەتوانێت ئۆکرانیا داگير بکات، بەڵام ئەوەی كە کۆنترۆڵی بکات و ئاڕاستەی بکات بە ويستی خۆی، سيناريۆیەکی قورسە، لانی کەم بە پێی پێدراوەکانی ئێستا. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوە سەرکەوتنێکی مێژوویی دەبێت بۆ ڕووسيا.

٥. گەيشتنی هەردوو لا (ئۆکرانیا و ڕووسيا) بە ڕێککەوتنێک بەوەی حکومەتی ئۆکرانیا بمێنێتەوە، ڕووسيا بکشێتەوە، ئۆکرانیا بەڵێن بدات کە بێلایەن دەبێت و نابێت بە ئەندام لە ناتۆ. ئەم سيناريۆیە هەر چەند لۆژيکیيە، بەڵام بە هۆی دەستتێوەردانی ئەمەريکا و ئەورووپا لە دۆخەکە، لەبەر کەسایەتیی پوتين، کە ئەگەر ئەم سيناريۆیە ڕوو بدات، تا ڕادەیەک سەرکەوتنە بۆ ئۆکرانیا و شکستە بۆ پوتين، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەم جەنگە زیاتر ڕووسيای بێزراو کردووە لای بەشێکی زۆری ئۆکرانيیەکان…؛ هەموو ئەمانە دەبنە بەربەست لەبەردەم ئەم سيناريۆیە.

٦. سەرکەوتنی ئۆکرانیا و شکستهێنانی ڕووسيا و کشانەوەی لە ئۆکرانیا. ئەم سيناريۆیە ئەگەر ڕووش بدات، ئەوا دوای ماوەیەکی زۆر دەبێت، لەوانەیە بگاتە دوای ساڵێک یا زیاتر، چونکە کشانەوەی ڕووسيا بەبێ بەدەستهێنانی هيچ ئامانجێک، شکستێکی گەورە و مێژوویی دەبێت بۆ ڕووسيا و دەکرێت کۆتایی ژیانی سياسیی پوتين بێت. بۆیە ڕووسيا هەموو هێزێکی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی ئەم سيناريۆیە ڕوو نەدات.

٧. بەگشتی لە ئەگەری ڕوودانی هەر یەک لەو سيناريۆیانە -جگە لە شەشەم-، نيمچەدوورگەی کرێميا و هەردوو کۆمارە نوێيەکە وەک بەشێک لە خاک و ناوچەی هەژموونی ڕووسيا دەمێننەوە.

لەو سيناريۆیانە ئاماژە بە ترسناکترين سيناريۆ نەکراوە کە ئەگەری پەلاماردانی ڕووسيایە بۆ سەر هەندێ لە دەوڵەتە دراوسێکانی خۆی کە ئەندامن لە ناتۆ، بە هۆی هاوکاريکردنی بەردەواميان بۆ ئۆکرانیا، ئەمە دەبێتە سەرەتای جەنگی سێهەمی جيهانی و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کە تا ئێستا نيمچەمەحاڵە ئەوە ڕوو بدات.

پێويستە ئاماژە بەوە بکرێت هەموو ئەو سيناريۆیانە تەنيا گريمانە و ئەگەری کاتين و پشت بە پێدراوەکانی ئێستا دەبەستن، دەکرێت ڕاست یا هەڵە دەربچن، یاخود بەڕێژەیی ڕاست و هەڵە بن. بۆ گەڕانەوە بۆ مێژووی جەنگەکان، پێشبينیکردنی ڕووداوەکانی ناو جەنگ و ئەنجامەکانی زۆر ئەستەمە، چونکە کۆمەڵێک فاکتەری زۆر کارلێک دەکەن، فاکتەری نوێ دروست دەبێت، یەک لایەن بڕيار نادات، کۆمەڵێک بڕيار و پلان و تێگەيشتنی جياواز و دژ بە یەکترە کە ڕووداوەکانی ناو جەنگ و ئەنجامەکەی دروست دەکەن. دەکرێت ئەنجامی ئەم جەنگە بە شێوەیەک بێت نە پوتين و زيلينسكی، نە سەرکردەکانی ئەورووپا و ئەمەريکا؛ وێنەیان نەکردبێت پێش جەنگەکە.

٣. لێکەوتەکانی ئەم جەنگە

بە هۆی پێگەی لایەنە بەشەڕهاتووەکان و جوگرافيای جەنگەکە، لێکەوتەکانی ئەم جەنگە فرەلایەن و فراوانە، وەک ئەوەی لە خوارەوە دەخرێتە ڕوو:

– لێکەوتەکانی بۆ سەر سيستمی سياسیی جيهانی

گۆڕانکاری لە پێگەی ڕووسيا، کار دەکاتە سەر هاوسەنگی و پێکهاتەکانی سيستمی جيهانی. بردنەوەی ڕووسيا لەم جەنگە و گەيشتن بە ئامانجەکانی، گەورەترين پاڵنەر دەبێت بۆ ڕوودانی گۆڕانکاریی ڕيشەیی لە سیستمی جيهانی، چونکە ئيتر ڕووسيا دەستکراوەتر دەبێت بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لە جيهاندا، بەتايبەت لە ساڵی (٢٠٠٨)ەوە ڕووسيا چەندين ئۆپەراسيۆنی گرنگی ئەنجام داوە لە جۆرجيا و سووريا و تەنانەت لە ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠١٤ و تياياندا سەرکەوتوو بووە. سەرکەوتنی لەم جەنگەدا، واتە لاوازبوونی سيستمی جيهانی بە سەرکردایەتیی ئەمەريکا و هاتنی سيستمێکی نوی کە تيایدا ڕووسيا جەمسەرە هاوشێوەی ئەمەريکا. بە هەمان شێوە شکستی ڕووسيا لەم جەنگە، واتە سەرلەنوێ بەهێزبوونەوەی سيستمی جيهانیی ئەمەريکی. کەواتە لێکەوتەکانی ئەم جەنگە ڕاستەوخۆ کار لە سروشتی سيستمی جيهانی دەکات.

– لێکەوتەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا

ئۆکرانیا لە هەردوو دۆخەکەدا –چ سەرکەوتوو بێت، چ شکست بێنێت-، ئەوا زیانی گەورەی بەر دەکەوێت لە ڕووی مرۆیی و وێرانبوونی ژێرخان و شارەکانی. بەڵام سەرکەوتنی ئۆکرانیا بۆ دوورمەودا، سوودی گەورەی دەبێت، بەتايبەت لە ڕووی سايکۆلۆژییەوە کەسایەتيیەکی نوێ و بەهێز و باوەڕبەخۆ بۆ مرۆڤی ئۆکرانی دروست دەکات. ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا و لەوانەیە لە ناتۆش. ئەمانەش لە ڕووی سەربازی و ئابووری و سياسيیەوە کاريگەریی پۆزەتيفيان دەبێت بۆ ئەو وڵاتە. شکستی ئۆکرانیا یان دەيکاتە وڵاتێکی ناسەقامگير و بۆ ماوەیەکی ناديار لە جەنگدا دەبێت، یاخود دەيکاتە پاشکۆیەکی ڕووسيا هاوشێوەی بيلاڕووسيا.

– لێکەوتەکانی بۆ سەر ڕووسيا

 وەک ئاماژەی پێ کرا، بردنەوە و شکستی ڕووسيا ڕاستەخۆ کار لە پێگەکەی دەکات لە سيستمی جيهانی. لە لایەنی ئابووری و بازرگانی، لە هەردوو دۆخەکەدا زیانی گەورەی بەر دەکەوێت. ئەگەر براوەش بێت، ئەوا دەکرێت تا ماوەیەکی درێژ لێکەوتەکانی ئەو سزا ئابووریيانە بەردەوام بن لەسەر ئابووریيەکەی. لە هەردوو دۆخەکەدا، زیانە مرۆییەکانی گەورە دەبن.

– لێکەوتەکانی بۆ سەر یەکێتیی ئەورووپا

لەدوای ڕووسيا و ئۆکرانیا، لێکەوتەکانی ئەم جەنگە بۆ سەر یەکێتیی ئەورووپایە. هەر لە ئێستاوە ئەورووپا جارێکی تر ڕووبەڕووی شەپۆلی پەنابەر بووەتەوە، کە دەکرێت لێکەوتەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خراپی هەبێت. بردنەوەی ڕووسيا، ئەورووپا تا ڕادەیەکی زۆر ملکەچی ڕووسيا دەکات و دەشێت ناچارانە دوور بکەوێتەوه لە ئەمەريکا و هەوڵی بێلایەنی بدات. لە ئەگەری وەستاندنی ناردنی وزەی ڕووسی بۆ ئەورووپا، ئەوا دەکرێت زیانی زۆر گەورەی هەبێت. بۆ نموونە؛ یەکێتیی ئەورووپا کە زۆر پشت بە گازی سروشتی دەبەستێت، ئەوا ٤١٪ی لە ڕووسياوە دابين دەکرێت[9].  هەر چەند ڕاگرتنی ناردنی وزەی ڕووسی بۆ ئەورووپا، زیانێکی گەورەی دەبێت بۆ ئابووریی ڕووسياش، چونکە ڕاگرتنی وزەی ڕووسيا بۆ ئەورووپا، واتە ڕاگرتنی ناردنی پارە لە ئەورووپاوە بۆ ڕووسيا.

دەکرێت جياوازييەکی بنەڕەتی هەبێت لە هەڵوێست و تێڕوانينی نێوان ئەمەريکا و یەکێتیی ئەورووپا، ڕاستە هەردوو لا بەفەرمی دژی ڕووسيان و لەگەڵ ئۆکرانیان، بەڵام ئەورووپا خوازيار نەبوو ئەو جەنگە ڕوو بدات و لەگەڵ ئەوەیە بە زووترين کات کۆتایی پێ بێت، بەڵام دەشێت ئەمەريکا تەنيا لەسەر ئاستی گوتار هاوشێوەی ئەورووپا بێت، بەڵام ويستی ئەمەريکا لەگەڵ هەڵگيرساندنی ئەم جەنگە بوو بەو ئامانجەی ڕووسيا تێوە بگلێنێت بە دۆخێکی ئاڵۆز و قورس کە لە ئەنجامدا ڕووسيا ماندوو و لاواز بکات.

– لێکەوتەکانی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 تورکيا بە هۆی ئەندامبوونی لە ناتۆ و هەبوونی چەندين کێشە لەگەڵ ڕووسيا لە سووريا و ليبيا، دەکرێت بە جۆریک لە جۆرەکان تێوە بگلێت لەم جەنگە، ئەوەش دووبارە تورکيا دەگەڕێنێتەوە بۆ بەرەی ڕۆژئاوا. بەتايبەت ئەگەر ڕووسيا ناردنی نەوت و غاز بۆ تورکيا بوەستێنێت، ئەوکات تورکيا ناچار دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ژێر هەژموونی ئەمەريکا. ئێران وەک هاوپەيمانێکی ڕووسيا، دەکرێت چەند ئامانجێکی هەبێت، خۆی بکات بە یەکێک لە بەديلە سەرەکیيەکانی گازی ڕووسی بۆ ئەورووپا، بەو مەرجەی هەموو سزا ئابووريیەکانی لەسەر لا بدرێت، یاخود بچێتە بەرەی ڕووسيا و لەگەڵ ڕووسيا فشار لە تورکيا بکەن بەوەی هەردووکیان ناردنی وزە بوەستێنن بۆ تورکيا، بەمەش تورکيا وەک ئەندامێکی ناتۆ ڕووبەڕووی قەيرانی گەورە دەبێت.

– دۆزينەوەی جێگرەوە بۆ وزەی ڕووسيا

 بەدەر لە دەرئەنجامی جەنگەکە، ئەورووپا و ئەمەريکا جدديتر کار دەکەن بۆ دۆزينەوەی شوێنگرەوە بۆ وزەی ڕووسيا، چونکە دەرکەوت وزەی ڕووسيا کارتێکی بەهێزە و دەتوانێت وڵاتان داگير بکات و بەو کارتەش خۆی بپارێزێت لە سزای زۆر توند. لە لایەکی ترەوە تورکياش هەمان پلانی دەبێت بۆ خۆڕزگارکردن لە فشاری کارتی وزەی ڕووسی و ئێرانی. لێرەوەیە “هەرێمی کوردستان” وەک خاوەنی بڕێکی زۆر لە گازی سروشتی دەکرێت پەيوەندیيەکی گرنگی هەبێت بە لێکەوتەکانی ئەو جەنگە و جيهانی دوای ئەو جەنگە. بە هاوکاریی ئابووری و سياسیی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەريکا، دەکرێت کەرتی گازی کوردستان ببێت بە یەکێک لە شوێنگرەوەکانی گازی ڕووسی بۆ ئەورووپا، هەروەها کەمکردنەوەی پشتبەستنی تورکيا بە گازی ئێران و ڕووسی. بۆ ئەوەش، جگە لە ڕێگریی ژێرخان و ئابووری، ڕێگریی سياسی و یاسایی بۆ دروست دەکرێت لەلایەن ئێران و عێراق و ڕووسياوە، وەک بڕيارەکەی دادگای باڵای عێراق. دەکرێت گازی قەتەر یەکێک بێت لە شوێنگرەوە ديارەکان، کە ئەمەش پێگەی قەتەر بەهێزتر دەکات بەرامبەر بە سعوديە و ئيمارات. هەروەها وزەی ئەمەريکا دەکرێت لە ئايندەدا ببێت بە یەکێک لە شوێنگرەوەکانی وزەی ڕووسی.

– پەيوەندیی چين بە جەنگی ڕووسيا-ئۆکرانیا

چين وەک بەهێزترين کاندید بۆ بوون بە جەمسەر بەرامبەر بە ئەمەريکا لە سيستمی جیهانی لە ماوەی داهاتوودا، بە ناڕاستەوخۆ پەيوەندييەکی گرنگی هەیە بەم جەنگەوە. ئەوەی لەم چەند ڕۆژە ڕووی دا، دەرکەوت داگيرکردنی ئۆکرانیا کارێکی ئاسان نەبوو، جگە لە بەرخودانی ئۆکرانيیەکان، ئەمەريکا دووبارە سەرکەوتوو بوو لە دروستکردنی بەرەیەکی نێودەوڵەتیی بەهێز دژ بە ڕووسيا. هاوکات سەپاندنی سزای ئابووری و بازرگانیی قورس بەسەر ڕووسيادا. ئەمە وای کرد ئەگەر چين بيری لەوە کردبێتەوە هێرش بکاتە سەر تايوان، یاخود ئامرازی سەربازی بەکار بهێنێت لەپاڵ ئامرازی ئابووری بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە جيهاندا، ئەوا پێداچوونەوەیەکی ورد دەکاتەوە لەو بارەیەوە، چونکە دەرکەوت ئەمەريکا جارێ ئەو زلهێزەیە کە دەتوانێت بەرەی گەورە دروست بکات و سزای گەورە بسەپێنێت و زۆربەی دەوڵەتە بەهێز و پێشکەوتووەکانی وەک ئەورووپيیەکان و ژاپۆن و کەنەدا…، تا ئەمڕۆش لە کاتی هەستياردا لەگەڵ ئەمەريکا دەبن بە یەک دەنگ دژ بە نەيارانی ئەم سيستمە جيهانييە کە لەلایەن ئەمەريکاوە سەرکردایەتی دەکرێت. بۆیە دەکرێت چين بۆ ماوەیەکی ناديار ئامرازی سەربازی و هێرشبەری دوا بخات، چونکە سەپاندنی ئەم سزا ئابووری و دارایی و بازرگانیيانەی بەسەر ڕووسيادا سەپێنراوە لەم چەند ڕۆژەدا، ئەگەر بەسەر چيندا بسەپێنرێت، ئەوا کاريگەرييەکانی زیاتر دەبن، چونکە زلهێزبوونی ڕووسيا زیاتر پشت بە هێزی سەربازی دەبەستێت، بەڵام هیی چين بە ئابووری، بۆیە لێدان لە هێزی ئابووریی چين؛ کارەساتە بۆ ئەو وڵاتە و تەنانەت بۆ ئابووریی جيهانيش.

پوختە

ئەم جەنگە و دەرئەنجامەکانی دەکرێت بە گرنگترين ڕووداوی سەدەی ٢١ دابنرێت لە ڕووی جيۆپۆلەتيکی و سياسییەوە، چونکە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر سيستمی سياسیی جيهانی. لە ڕووی سياسی و هەواڵگری و هاوکاریی سەربازی…، زۆربەی دەوڵەتە بەهێزەکانی جيهان تيایدا بەشدارن، ڕووسيا وەک بەرەی شەڕ، ئەمەريکا و ئەورووپا جگە لە سوپا، لە هەموو ڕوویەکەوە بەشدارن لەم جەنگەدا. گەورەترين ڕێگری کە وا دەکات ئەم جەنگە نەبێتە جەنگی سێهەمی جيهانی، بريتييە لەوەی هەردوو بەرە (ڕووسيا و هاوکارەکانی ئۆکرانیا) خاوەن هێزێکی ئەتۆمی وێرانکەر و بەهێزن.

 

سەرچاوەكان

[1] Agnieszka Legucka, “New geopolitics: what is actually new?”, The Copernicus Journal of Political Studies 4, No. 2, 2013. P 16.

[2] Ibid.

[3] Güney, Aylin and Gökcan Fulya, “The Greater Middle East as a Modern Geopolitical Imagination in the American Foreign Policy”, Geopolitics, 15, no 1. 2010. P 23-28.

[4] Matthew Mpoke Bigg, “A timeline of the tensions between Russia and Ukraine”, The New York times. Feb. 18, 2022. https://www.nytimes.com/2022/02/18/world/europe/russia-ukraine-timeline.html (last accessed 27/2/2022).

[5] Joshua J. Mark, “Kievan Rus”, World history Encyclopedia, 2018. https://www.worldhistory.org/Kievan_Rus/ (last accessed 27/2/2022).

[6] اوكرانيا برس، زيلينسكي يرد علی بوتين: أخوتنا اشبە بقصة قابيل وهابيل، ٢٠٢١. https://ukrpress.net/node/16537

[7] Becky Sullivan, “Russia’s at war with Ukraine. Here’s how we got here”, NPR, 2022. https://www.npr.org/2022/02/12/1080205477/history-ukraine-russia?t=1645961309142 (last accessed 27/2/2022).

[8] Ibid.

[9] Catherine Clifford, ‘’Why Europe is so dependent on Russia for natural gas’’, CNBC, 2022. https://www.cnbc.com/2022/02/24/why-europe-depends-on-russia-for-natural-gas.html

(last accessed 27/2/2022).

ژمارە دوانزه‌ی (١٢)ی ئازاری ٢٠٢٢ی گۆڤاری ئایندەناسی

Send this to a friend