• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 29, 2022

ڕەوشی مافەکانی كرێكاران لەنێوان یاسا و جێبەجێکردندا لە هەرێمی کوردستان

توێژه‌ران

عەبدولسەمیع محەمەد، مامۆستا له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین و توێژه‌ر له‌ ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی.

سه‌نگه‌ر یوسف، مامۆستا له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین و توێژه‌ر له‌ ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی.

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (12)ی ئازاری 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەرایی

چینی کرێکاران ئەمڕۆ زۆر ئاڵۆزتر و هەمەجۆرترن لەو پێناسەیەی کە لە سەدەی ١٩دا بۆیان دەکرا و وەکوو ئێخەشینەکان وێنا دەکران. سەرهەڵدانی ئەم چینە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەست بوو بە بەرپابوونی شۆڕشی پیشەسازی لە کۆتایی سەدەی ١٨، کرێکاران ئەو کەسانە بوون لە کەرتی پیشەسازی و ناو کارگەکان کاریان دەکرد، ناوهێنانی ئەم چینە لە خۆیدا ئاماژەی نێگەتیڤی وەکوو چەوساندنەوە و خراپ مامەڵەکردن و کاری زۆر و دەستکەوتی کەمی لە خۆیدا هەڵگرتبوو، بەگشتی لەو سەردەمە کرێکاران لەژێر جەور و ستەمێکی زۆری خاوەنکارەکان دەژیان و بارودۆخی ژیانیان زۆر دژوار بوو. لە ئێستاماندا توێژەرانی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان بە سێ پێوەر چینەکانی کۆمەڵگا دیاری دەکەن کە بریتین لە پیشە و داهات و خوێندن، کۆدەنگییەک نییە بەوەی کە ئەمە ڕێگای دروست بێت بۆ ئەم جۆره‌ له‌ دەستنیشانکردنی چینەکان لە کۆمەڵگادا. میشیل زیوگ چینی کرێکاران بەوە دەستنیشان دەکات کە ئەو كەسانەن کاتێک کار دەکەن یان کاتێک وەکوو هاوڵاتی کردار دەنوێنن، هێز و دەسەڵاتێکی کەمیان هەیە و لەژێر چاودێرییەکی توند کارەکانیان جێبەجێ دەکەن، هەروەها کۆنترۆڵی کەمیان بەسەر هەنگاو و ناوەرۆکی کارەکانیان هەیە و بەڕێوەبەری کەس نین. بە پێی خەمڵاندنی زیوگ، ئەگەر لەسەر بنەمای پیشە چینی کرێکاران جیا بکەینەوە، زیاتر لە ٦٠٪ی هێزی کار دەکەونە ناو ئەم چینەوە. لە سەردەمی ئێستادا بە هۆی گۆڕان لە سیستمی بازاڕ و کارکردن و بەرهەمێنان، کرێکاران کەمتر لە ناو سێکتەری پیشەسازیدان، بەڵکوو زیاتر لە کەرتی خزمەتگوزاری و چاودێری کار دەکەن[1]

لە کۆمەڵگای کوردیدا هەر چەندە چینی کرێکاران وەکوو پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لەناو هەڕەمی چینایەتیدا بوونیان هەبووە و هەیە، بەڵام نەبوون بە دەستە و گرووپی ڕێکخراو یان لە فۆرمی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی خۆیان ڕێک نەخستووە، بۆیە لە ڕووی گرنگیدانەوە لەسەر ئاستی کۆمەڵگا و دامەزراوە فەرمییەکان لە پەراوێزدا ماونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا واقعێکی یاسایی هەیە کە پاڵپشتیی ئەم چینە دەکات لە هەرێمی کوردستان. لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە، پاش ڕاپەرینی ١٩٩١، یەكێتیی گشتیی سەنیکاکانی کرێکارانی کوردستان دامەزرا لەسەر بنەمای یاسای ژمارە (٥٢)ی ساڵی ١٩٨٧ کە تایبەتە بە ڕێکخستنی کاری سەندیکاکانی کرێکاران. ئەم یەكێتییە لە (٨) سەندیکا پێک دێت. پێکهاتەی ئەم یەکێتییە بە شێوەیەکی بەرەیی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی ئەوکات دابەش کراوە و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەم سەندیکایە نوێنەرایەتیی چینی کرێکاران دەکات لە هەموو ئاستەکان و بە شێوەیەکی یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. لە دەرەوەی ئەم یەکێتییە، کرێکاران بۆیان نییە هیچ یەکێتی یان سەندیکایەکی تر دابمەزرێنن، چونکە یاساکە ڕێگە نادات. هەر چی پەیوەستە بە وردەکاریی مافەکانی کرێکارانەوە وەکوو گرێبەستی کار و کرێ و کاتی کارکردن و پەیوەندیی نیوان کرێکار و خاوەنکار و سەلامەتی و شوێنی کار و مافی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لە چوارچێوەی هەردوو یاسای کاری ژمارە (٧١)ی ساڵی ١٩٨٧ و یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٢ دیاری کراوە. لە ڕووی یاساییەوە هەموو ئەو کەسانەی کە لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، ئەم یاسایانە دەیانگرێتەوە. واتە لێرەدا کرێکار کەسێک نییە کە تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی و پیشەیی دیاریکراوی هەبێت، تەنها پێوەر ئەوەیە کە لە کەرتی تایبەت کار دەکات. بەڵام لە تێگەیشتنی گشتیدا زیاتر کرێکار بەو کەسانە دەوترێت کە کاری زەحمەت و جەستەیی قورس دەکەن.

ئەگەر دۆخی کار و ژیانی کرێکارانی کوردستان بەراورد بکەین بە زۆرێک لە وڵاتانی تر، دەبینین کرێکاران سەرەڕای ئەوەی بەدەست بێکاریی فراوان و کەمیی کرێ و لێبڕین لە کرێکانیان و نەبوونی ئازادیی ڕێکخراوبوون و دەیان موسیبەتی ترەوە دەناڵێنن، هاوکات لە کوردستان میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای کار و یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەئارادا نییە کە پەیوەندییەکانی نێوان خاوەنکار و کرێکاران لە چوارچێوەیەکی یاساییدا بەفەرمی بناسێنێت، بەتایبەتییش کە لەم ساڵانەی دواییدا کەرتی تایبەت باڵادەستیی پەیدا کردووە، مەسەلەی دۆخی ژیان و کاری کرێکارانی کوردستان سپێردراوە بە ڕکابەرایەتیی بازاڕی کۆمپانیاکان و بڕیاری یەکلایەنەی خاوەنکارەکانەوە[ii].

لێرەدا گرنگە لە ڕوانگەی ئەوەی ئەم چینە بەشێکی گرنگی کۆمەڵگا پێک دەهێنێت، هەر هەوڵێک بە ئاڕاستەی تێگەیشتن لە  کێشەکانیان و باشترکردنی ڕەوشی ژیانیان بە سوودی کۆی کۆمەڵگا دەکەوێتەوە، بکرێنە بابەتی توێژینەوە و بایەخپێدان لەلایەن ناوەندەکانی توێژینەوەوە. بە هۆی ئەوەی ئەو پرسانەی کە پەیوەستن بە کرێکارانەوە کەمتر بوونەتە جێگای مشتومڕی ئەکادیمی، بۆیە دەکرێت لە ڕەهەندی جیاوازەوە و له‌ ڕێگای توێژینەوەوه‌ هەوڵی ورووژاندنی ئەم پرسە بدرێت. تەرکیزی ئەم توێژینەوەی ئێستا لەسەر ڕەوشی ژیانی کرێکارانە، لە ڕوانگەی ئەو مافە بنچینەییانەی کە لە یاساکاندا دەستنیشان کراوە. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە تیشکخستنە سەر ئەو پێشێلکارییانەی کە ڕووبەڕووی کرێکاران دەبێتەوە لە هەرێمی کوردستان.

بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی کرێکاران

بزووتنەوەی کرێکاری بە “کەمپەینێک بۆ باشترکردنی ماف و هەلومەرجی خەڵکی کرێکار” پێناسە دەکرێت، بە درێژایی مێژوو ڕۆڵێکی سەرەکییان بینیوە لە پەرەپێدانی مافە سەرەتاییەکانی کرێکاراندا. لە سەرەتادا ئەم بزووتنەوانە دەبەسترانەوە بە ئایدۆلۆژیای چەپ و مارکسی، تا کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم لە زۆربەی وڵاتان نزیکییەکی تەواو هەبوو لەنێوان پارتە سیاسییە چەپەکان و سەندیکا کرێکارییەکان، بە جۆرێک زۆربەی سەندیکا کرێکارییەکان لەژێر باڵی حیزبە سۆسیالیستەکان دروست دەبوون و زۆربەی ئەندامەکانیان هاوبەش بوون. لە هەندێک حاڵەتدا کە سەندیکا کرێکارییەکان دەبوونە خاوەن ژمارەیەکی زۆر ئەندام و هەژموونیان پەیدا دەکرد، تا ڕادەیەک وەکوو ڕێکخستنێکی سەربەخۆ بەڕێوە دەبران، بەڵام پەیوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ حیزبە سۆسیالیستەکان دەپاراست[iii]. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی سەدەی بیستەم، بزووتنەوە کرێکارییەکان لەگەڵ ئایدۆلۆژیا و دامەزراوەکانی سیستمی پەرلەمانی دیموکراسی ئاوێتە بوون، ئەویش لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتییەوە کە دەستکەوتی ماددی و دامەزراوەیی گرەنتی کرد بۆ کرێکاران لەبەرامبەر قبووڵکردنی شەرعیەتی پەیوەندیی موڵکداری و سەرمایەداری لە ئاستەکانی شوێنی کار و کۆمەڵگا و دەوڵەتدا[iv].

زۆرێک لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر پرسەكانی کار و کێشەکانی پەیوەست بە مافەکانی کرێکاران. لە کاتێکدا هەندێک لەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە وا دەردەکەون کە وەک نیمچەیەکێتییە کرێکارییەکان هەڵسوکەوت دەکەن، بەڵام لە حاڵەتەکانی تردا کار دەکەن بۆ پێشخستنی چوارچێوەیەکی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و ناسنامەیی جیاواز بۆ کرێکاران. لەم ڕووەوە فۆرمێکی نوێ لە ڕێکخستنی کاری سەندیکایی و تۆڕەکانی کرێکاران سەری هەڵداوە کە دووانەی پێکەوە گرێدراوی چالاکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە لەسەر ئاستی ناوخۆ لەگەڵ گرووپ و تۆڕەکانی کرێکاران، کە لە بواری جێبەجێکردندا سنووری نێوان بواری دامەزراندن و کار لە لایەک و کۆمەڵگا لە لایەکی ترەوە دەسڕدرێتەوە. لە ڕاستیدا ئەمەش هاوپەیمانی و هاوبەشی لەنێوان سەندیکاکانی کرێکاران و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان زیاد دەکات کە سەرچاوەکان و کولتووری سیاسی تێکەڵ دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی جووڵانەوەی مافەکانی کرێکاران، دەرهاویشتی ئەم شێوە نوێیانەش دروستکردنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییە کە کەمتر دەوڵەتمه‌دارە. لەم دۆخەدا دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانیش لەسەر مافەکانی کرێکاران و هەلومەرجی کارکردن و مۆدێلی ئابووری خۆیان دەردەخەن. ئەمەش لە فۆرمە نەریتییەکانی بزووتنەوە سیاسییەکان و دەرگیربوونی سەندیکاکانی کرێکارانەوە دەست پێ دەکات، تا دەگات بەو میکانیزمانەی کە دەکرێت بە نوێخواز و ناناوەندی دابنرێن لەچاو فۆرمی کۆنی سەندیکاکانی کرێکاران. ئەم پێشکەوتنە داهێنەرانە لە شێوەی ستراتیژی ململانێی گشتی و میدیایی زیاد بوون. نموونەی ئەمەش دەکرێت بەدی بکرێت لە زیادبوونی بزووتنەوە و تێکوشانە سەربەخۆکان و ڕێکخراوە کرێکارییەكان كە لە ڕێگای پلاتفۆرمی دیجیتاڵی و ڕێکخستنی کرێکاران لە سێکتەری نوێی ئابووری کە پێویستی بە ڕێکخستنی یاسایی کەمتر هەیە، بە واتایەکی تر ئەم ڕێکخستنە کرێکاریانە پێویستیان بە پاڵپشتی یاسایی نییە وەکو سەندیکاکان. لەم ڕێكخراوە كرێكارییانە دەكرێت ئاماژە بە نموونەی ڕێکخراوە نەرمەکان (Soft organization) بدەین کە بۆ دۆخی کارکردنی كرێكاران لەو کەرتانەی كە زۆر فێمینیستین، دامەزران وەک پیشەسازیی میوانداری یان کاری ناوخۆیی ماڵان دەگونجێن. ئەم شێوازانە لە بزاوت لە شوێنی کاردا بە  “بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی سەندیکایی” (Social movement unionism) ناو دەبرێت. ئەم دەستپێشخەرییە نوێیانەش وەکوو وەڵامدانەوەیە بۆ واقعی نوێی کارکردن و دەرکەوتنی فۆرمی نوێی کارکردن لە گەشەکردنی چالاکیی کارکردن و هەروەها گۆڕانی پەیوەندیی ناڕاستەوخۆی نێوان کۆمپانیاکان و کرێکارەکانیان[v].

لە دوو سێ دەیەی ڕابردوودا ئاستی بەشداریی کرێکاران لە سەندیکاکانی کرێکاران بە ڕادەیەکی بەرچاو ڕووی لە کەمی کردووە، تەنانەت لەسەر ئاستی ئەورووپا و ئەمەریکاش ئەمە بەدی دەکرێت. یەكێک لەو ئاماژانەی کە سەندیکا کرێکارییەکان وەکوو ئاماژەی دەسەڵات و هێزی خۆیان بەکاری دەهێنن، بریتییە لە چڕیی ئەندامێتی لە چوارچێوەی سەندیکاکاندا، بە جۆرێک تا ئەندامێتیی کرێکاران لە سەندیکاکان زیاتر بێت، هێز و کاریگەری زیاتر بەدەست دێت و بەپێچەوانەشەوە تا ئەندامێتی کەم بێت، هێز و کاریگەری دێتە خوارەوە. ئەو باوەڕەی کە چڕیی ئەندامێتیی سەندیکاکانی کرێکاران سەرچاوەی هێزی بزووتنەوەی کرێکارییە، بووەتە بەردی بناغەی دانایی زۆر نەریتی تر لە بواری مافەکانی کرێکاران و زۆر بەفراوانی قبووڵ کراوە. تەنیا سەندیکای کرێکارانە لەنێوان جووڵانەوەکاندا کە پشت دەبەسترێت بە چڕی ئەندامێتی بۆ هەڵسەنگاندنی هێزەکەی. بۆ ئەوەی ئەمە هاوتا بکەینەوە لەگەڵ بزووتنەوەکانی تر، دەبێت هەڵسەنگاندنمان بۆ هێزی بزووتنەوەی ژنان بە نموونە لەسەر بنەمای ڕێژەی ئامادەبوونی ژنان بێت لەناو بزووتنەوەکانی ژنان. بێگومان کەس لەناو ئەم بزووتنەوانە گرنگی نادات بە چڕیی ئەندامێتی، بەڵکوو ئەوان زۆر زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە کە هێزی بزووتنەوەکانیان پێوانە بکەن بە شتگەلێک وەک ئاستی پابەندبوونی ئەندامەکانیان، پشتگیریی جەماوەری بۆ هۆکارەکەیان، توانای تێکدەری ڕێکخراوەکەیان، یان توانایان بۆ کۆکردنەوەی هاوسۆزەکان. ئەگەر کرێکار خۆی وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سەیر بکەین، دەبێت کەمتر نیگەران بین لە کەمبوونەوەی چڕیی ئەندامێتی و زیاتر پەرۆش بین لە چۆنێتیی جووڵاندنی ئەو ئەندامانەی کە هەیەتی. کێشەیەکی تر لە پشتبەستن بە چڕیی ئەندامێتی لە سەندیکاکان، ئەوەیە کە مەرج نییە ڕێگایەکی باش بێت بۆ پێوانەکردنی کاریگەریی جووڵەی کرێکاران، بۆ نموونە: لە فەڕەنسا چڕی ئەندامێتی تەنها دەگاتە ٨٪، لەگەڵ ئەوەشدا بزووتنەوە کرێکارییەکەی توانای ئەوەی هەیە کە هێزی بەرچاو بەکار بێنێت و بە شێوەی دراماتیکی کاریگەری دروست بکات[vi]. توێژەران پێیان وایە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان خاوەنی دەسەڵاتێکی زیاتر لەوەن کە لە چڕیی ئەندامێتییەوە سەرچاوە دەگرێت، وەکوو ڕێگەچارە و جێگرەوە بۆ ستراتیژی زیادبوونی ئەندامێتی، پێیان وایە ‌هێزی بزووتنەوە کرێکارییەکان لە کوالێتیی ئەندامەکانیانەوە دێت نەک چڕیی ئەندامێتی.

ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان و پرسی كرێكاران

ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان له‌ زۆر باردا به‌شێكن له‌ بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ داكۆكیكردن له‌ چینوتوێژێكی دیاریكراوی كۆمه‌ڵگا، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌م جۆره‌ ڕێكخراوانه‌ نابنه‌ جێگره‌وه‌ی سه‌ندیكاكانی كرێكاران، به‌ڵكوو زیاتر ڕۆڵی پاڵپشتیكردن ده‌بینن له‌ پرسی كرێكاران. دامه‌زراندن و ده‌ركه‌وتنی ڕێكخراوی تایبه‌ت به‌ بواری كرێكاران هێشتاش تا ڕاده‌یه‌ك په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌بوونی سه‌ندیكاكانی كرێكاران و ڕاده‌ی كاراییان بۆ داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی كرێكاران. به‌ مانایه‌كی تر: له‌ غیابی سه‌ندیكاكانی كرێكاران، چالاكوانان بیر له‌ دامه‌زراندنی ڕێكخراوی ناحكومی ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ داكۆكیكردن و پاراستنی مافی چینی كرێكار. له‌و شوێنانه‌ی كه‌ حكومه‌ته‌كان هه‌بوونی سه‌ندیكاكان‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بینن بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی وڵاته‌كه‌، ڕێگری له‌ دامه‌زراندنیان ده‌كه‌ن، یاخود كێشه‌ و به‌ربه‌ست بۆ كاره‌كانیان دروست ده‌كه‌ن[vii].

جیاوازیی نێوان سه‌ندیكاكانی كرێكاران و ڕێكخراوی ناحكومیی بواری كرێكاران په‌یوه‌سته‌ بە بابه‌تی نوێنه‌رایه‌تیكردن و ڕاده‌ی كاریگه‌ریی سه‌ندیكاكانه‌وه‌. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌و پێگه‌ فه‌رمییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌ندیكاكان هه‌یانه‌ بۆ داكۆكیكردن له‌ چینی كرێكاران و ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان نییانه‌، نموونه‌ی ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ ئه‌و پاڵپشتییه‌ یاساییانه‌ بێت كه‌ له‌ زۆر شوێن ڕێگا به‌ سه‌ندیكاكان ده‌درێت وه‌ك نوێنه‌ری فه‌رمیی كرێكاران له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌ردان و چاودێریی شوێنی ‌‌كار بكه‌ن بۆ ئاگاداربوون له‌ بارودۆخی كرێكاران، به‌ڵام ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ڕێگاپێنه‌دراون بۆ وه‌ها كارێك. ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان له‌ هه‌ندێك شوێن ڕێگه‌پێنه‌دراون كه‌ ببنه‌ ئه‌ندام له‌و لیژنه‌ فه‌رمییانه‌ی كه‌ حكومه‌ته‌كان دروستی ده‌كه‌ن بۆ كاركردن له‌سه‌ر كه‌یسی كرێكاران، به‌ڵام سه‌ندیكاكان ده‌توانن ئه‌و ئه‌ندامێتییه‌یان هه‌بێت. مۆدێلی كاری ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پرسی كرێكاران، په‌یوه‌سته به‌ دوو فاكته‌ره‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌: 1. تا چه‌ند پرسی كرێكاران و مافه‌كانیان له‌ كۆمه‌ڵگادا بووه‌ته‌ پرسێكی سه‌ره‌كی (Priority)، لێره‌شدا ناكرێت ڕۆڵی ڕێكخراوه‌كان‌ نادیده‌ بگیرێت، 2. تا چه‌ند خاوه‌ن كار و كۆمپانیاكان ملكه‌چی هێز و فشاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن بۆ مسۆگه‌ركردنی مافه‌كانی كرێكاران، هه‌ر چه‌نده‌ ناكرێت دونیابینیی به‌شێك له‌ خاوه‌نكاره‌كان فه‌رامۆش بكرێت له‌و ڕووه‌وه‌ی كه‌ پێیان وایه‌ دابینكردنی مافه‌كانی كرێكاران و ڕه‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی كاری گونجاو ڕاده‌ی به‌رهه‌مهێنان زیاد ده‌كات و به ‌قازانجی كرێكار و خاوه‌نكار كۆتایی دێت[viii].

له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ پێنج هه‌زار ڕێكخراوی مه‌ده‌نی له‌ فه‌رمانگه‌ی ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان تۆمار كراوه‌[ix]، به‌ڵام دیار نییه‌ كه‌ چه‌ند له‌م ڕێكخراوانه‌ له‌ بواری كرێكاران كار ده‌كه‌ن. ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی یه‌كێكه‌ له‌و ڕێكخراوانەی كه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كات له‌ بواری كرێكاران و پاڵپشتیكردنی سه‌ندیكاكانی كرێكان. ڕاپۆرته‌كانی ڕێكخراوی ناوبراو ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ ژینگه‌ی كار و بارودۆخی ژیانی كرێكاران له‌ هه‌رێمی كوردستان بە جۆرێكه‌ كه‌ نه‌ك ته‌نها پێویستی به كاراكردنی سه‌ندیكاكانی كرێكاران هه‌یه‌، به‌ڵكوو پێویست ده‌كات چه‌ندین ڕێكخراوی بواری كرێكاران هه‌بن بۆ داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی كرێكاران[x]، ئه‌مه‌ش له‌و ڕاستییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ ڕێكخراوه‌كانی بواری كرێكاران ده‌توانن چه‌ندین ڕۆڵی جیاواز بگێڕن.

ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی بواری كرێكاران ده‌توانن ڕۆڵی گرنگ بگێڕن له‌ باشكردنی چوارچێوه‌ی یاسایی بۆ كاری سه‌ندیكاكان و مسۆگه‌ركردنی مافه‌كانی كرێكاران له‌ ڕێگای به‌شداریكردن له‌ داڕشتنی پڕۆژه‌یاسای گونجاو و هه‌ڵمه‌ته‌كانی پاڵپشتیكردن بۆ جێگیركردنی مافی كرێكاران و ئازادیی كاری سه‌ندیكاكانیان. ڕێكخراوه‌كان ده‌توانن چاودێرێكی گرنگ بن بۆ به‌دواداچوونی ڕه‌وشی پێشێلكارییه‌ یاساییه‌كان دژ به‌ كرێكاران و ئازادیی كاری سه‌ندیكاكانی كرێكاران. هه‌روه‌ها ڕێكخراوه‌كان ڕۆڵی گرنگ ده‌گێڕن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری ده‌رباره‌ی مافه‌كانی كرێكاران و كاری سه‌ندیكاكانی كرێكاران له ‌ڕێگای كۆڕ و كۆنفڕانس و وۆركشۆپ و به‌كارهێنانی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی بواری كرێكاران ده‌توانن له ‌ڕێگای ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت و وه‌ره‌قه‌ی سیاسی (Policy paper)یه‌وه‌ ده‌ست بخه‌نه‌ سه‌ر كێشه‌ و گرفته‌كانی بواری كرێكاران و پێشنیار و ڕاسپارده‌كانیان بخه‌نه‌ ڕوو. دیارترین نموونه‌ی ئه‌مه‌ش‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، ڕه‌نگه‌ میكانیزمی چاودێریكردن و ئامادەكردنی ڕاپۆرتی ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ بێت له‌ هه‌ر وڵاتێك كه‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان دایناوه‌ و به‌ ڕاپۆرتی خولی گشتگیر (Universal Periodical Report)[xi] ناو ده‌برێت. ئه‌م میكانیزمه‌‌ به‌ جۆرێكه‌ كه‌ ڕێگا به‌ حكومه‌ته‌كان و ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ده‌دات كه‌ به‌جیا ڕاپۆرتی خۆیان پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ بكه‌ن و دواتر ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ چه‌ندین ڕاسپارده‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م وڵاتان بۆ باشكردنی ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ، له‌ ناویشیاندا ڕه‌وشی مافی كرێكاران و ئازادیی كاری سه‌ندیكایی و كاره‌ ده‌سته‌جه‌معییه‌كان. سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌، ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ده‌توانن ڕۆڵی ئه‌رێنییان هه‌بێت‌ له‌ بونیادنانی توانای سه‌ندیكاكانی كرێكاران و ئه‌ندامه‌كانیان، تا چالاكانه‌ داكۆكی له‌ مافی كرێكاران بكه‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ده‌توانن له‌ ڕێگای تۆڕبه‌ندی و هاوپه‌یمانێتییه‌وه‌ پردی په‌یوه‌ندی بن له‌نێوان ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه‌ گرنگی به‌ بواری كرێكاران و ئازادیی كاری سه‌ندیكاكانی كرێكاران ده‌ده‌ن.

میتۆدۆلۆجی

ئەو زانیارییانەی لەم توێژینەوەیەدا بەکار هاتوون، بریتین لەو داتایانە‌ی کە تیمەکانی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی لە ساڵی ٢٠٢١ کۆیان کردووەتەوە. ئەم تیمە چاودێریی هەموو ئەو پێشێلکارییانەیان کردووە کە ڕوویان داوە و تۆماریان کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش پشتیان بە سەرچاوەی جیاواز به‌ستووه‌. بەشێک لە زانیارییەکان لە ڕێگای چاوپێکەوتنەوە لەگەڵ خودی کرێکاران کۆ کراونەتەوە، بەشێکی تریشیان لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بەتایبەتی لەو کەیسانەی کە پێشێلکاری دیار و بەرچاون، هەروەها لەناو زانیارییەکانیشدا بەشێکیان لە ڕێگای دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەت و سەندیکاکانی کرێکاران وەرگیراون. کۆی گشتیی ئەم زانیارییانە بەکار هاتوون بۆ وەسفکردنی ڕەوشی ژیانی کرێکاران. ئەم زانیارییانە بەگشتی ئەو چوارچێوەمان بۆ دیاری دەکات کە پشێلکارییەکانی بەرامبەر بە کرێکاران تێدا ڕوو دەدات.

بێکاری و دەرکردنی کرێکار لە کار

بێکاری گرفتی گەورەی لەبەردەم بەرەوپێشچوونی مافەکانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە. ناهاوسەنگی لەنێوان هێزی کاری ئامادە بۆ کارکردن و دەرفەتی کاری ڕەخسێنراو، وای کردووە لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، پاشەکشێی گەورە لە مافەکانی کرێکاران ڕوو بدات. ساڵانە تەنها لە زانکۆ حکومییەکان نزیکەی ٢٥ بۆ ٢٨ هەزار قوتابی خوێندن تەواو دەکەن و دێنە ناو بازاڕی کارەوە، لە بەرامبەردا دەرفەتی کار زۆر کەمترە لەم ژمارەیە، ئەمەش واقعێکی دروست کردووە کە ئەوانەی کار دەکەن دەست بە کارەکانیانەوە بگرن و لە ترسی بێکاری بێدەنگی لە پێشێلکارییەکان بکەن و چاوپۆشی لەو پێشێلکارییانە بکات کە بەرامبەری ئەنجام دەدرێت. داخستنی شوێنی کار و کۆتاییپێهێنانی گرێبەستی کرێکار یان دەرکردنی کرێکار لە کار، پێویستی بە ڕێوشوێنی یاسایی هەیە کە لە مادەی ٣٧-ی یاسای کاری ژمارە ٧١-ی ساڵی ١٩٨٧ دیاریی کردووە لە دەسەڵاتی وەزیری کارە ئەم بڕیارە بدات.

 لە ساڵی 2021 بە هۆکاری جیاواز ژمارەیەک کرێکار کارەکانیان لەدەست داوە. تەنها لە سێ کەیسدا کە تۆمار کراوە، نزیکەی ٥٠٠ کرێکار کاریان لەدەست داوە کە ئەمە تەنها چەند نموونەیەکن، بەدڵنیاییەوە ژمارەیەکی زۆر زیاتر کرێکار کارەکانیان لەدەست داوە بەبێ ئەوەی تۆمار بکرێن یان سەرنجی ڕاگەیاندن کەوتبێتە سەریان. هەروەها لە ماوەی چاودێریکردنی تیمی چاودێرانی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی، چەندین کەیسیان تێبینی کردووە کە دەچنە ناو چوارچێوەی دەرکردنی کرێکاران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت یان بەبێ بوونی هۆکارێکی یاسایی. بەتایبەتی ئەوەی لە کوردستان زیاتر لە هەر حاڵەتێکی تر زیانی بە مافەکانی کرێکاران گەیاندووە، بریتییە لە هێنانی ژمارەیەکی زۆری کرێکاری بیانی بە شێوەیەکی نایاسایی و کارکردنیان بە کرێیەکی کەمتر، یاخود ئەو کەسانەی کە لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن دیسانەوە بە کرێیەکی کەمتر کار دەکەن. بۆیە هەندێک جار خاوەنکارەکان لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان کرێکارەکانی خۆیان دەردەکەن لەبریی ئەوان کرێکاری بیانی یان کرێکاری ناوەڕاست و باشووری عێراق کار پێ دەکەن.

پێنەدانی کرێی کار  و دواکەوتنی مووچە

یەكێکی تر لە پێشێلکارییە دیارەکان کە لە ماوەی ئەمساڵدا زۆرترین جار ڕووی داوە، بریتییە لە پێنەدانی مووچە لە کاتی خۆیدا، بەتایبەتییش مووچەی ئەو کەسانەی کە بە ژینگەپارێز ناو دەبرێن، کاریان پاککردنەوەی شەقام و کۆڵانەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانە. لە هەشت کەیس کە بەدواداچوونی بۆ کراوە، کۆی گشتیی ئەو کرێکارانەی کە ئەم پێشێلکارییەیان ڕووبەڕوو بووەتەوە؛ ٨٥٥ کرێکارە. جگە لە نەدانی مووچە لە کاتی خۆیدا، هەندێکیان باسی مامەڵەی خراپی کۆمپانیاکانیش دەکەن لەگەڵیاندا. بێگومان ئاستی پێشێلکاری لەم بوارەدا تەنها لەم کەیس و ژمارانەدا سنووردار نییە، بەڵکوو زۆر زیاتر لەم کەیسانە پێشێلکاری بەرامبەر کرێکاران ڕوو دەدات. لە بەدواداچوونی تیمی چاودێریی مافەکانی کرێکاران لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوە دەردەکەوێت کە ئەم جۆرە پێشێلکارییە بە شێوەیەکی بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، بێگومان ئەمەش بە هۆی پابەندنەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مافە یاساییەکانی کرێکاران و نەبوونی چاودێری و بەدواداچوونی حکومەت بۆ شوێنەکانی کار. هۆکارێکی تری ئەم پێشێلکارییە و جۆرەکانی تریش، بریتییە لەوەی بەشێکی خاوەنکارەکان یان کەسی حیزبی و سیاسین، یان لەلایەن ئەوانەوە پشتگیری دەکرێن، بۆیە بە پاڵپشتیی پێگەی حیزبی و سیاسییان دەرباز دەبن لە جێبەجێکردن و سەپاندنی یاساکان بەسەریاندا، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ناتوانن ڕێکارەکانیان بەسەردا جیبەجێ بکەن. یەكێک لە ئەندامانی لیژنەکانی پشکنینی شوێنی کار لە سەندیکاکانی کرێکاران، ئاماژەی پێ داوە لە میانەی چاوپێکەوتنەکانمان هەندێک کات هەر ڕێگەمان پێ نادەن بچینە شوێنی کارەکان بە هۆی ئەوەی کەسی دەستڕۆیشتوون و باکیان بە یاسا و ڕێنماییەکان نییە.

زۆریی کاتژمێرەکانی کارکردن و کەمکردنەوەی مووچە

یەكێکی تر لەو پێشێلکارییانەی کە لە هەرێمی کوردستان ڕووی داوە، بریتییە لە زۆریی کاتژمێرەکانی کارکردن و کەمیی مووچە، یان لە هەندێک حاڵەتدا کەمکردنەوەی مووچە بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی. کاتژمێرەکانی کار بە پێی مادەی ٥٥ لە یاسای کار، ٨ کاتژمێرە بۆ کاری ڕۆژ، لە کارکردنی شەوانە ٧ کاتژمیرە بە پێی مادەی ٥٩، لە کاتی کاری زیاتر، بە کاتژمێری زیادە هەژمار دەکرێت. لەو نموونانەی کە ئێمە وەرمانگرتووە، لە چوار شوێنی کار، کرێکاران زیاتر لەو کاتژمێرانە کار دەکەن کە لە یاسای کاردا دیاری کراوە، بەبێ ئەوەی وەکوو کاتژمێری زیادە بۆیان هەژمار بکرێت. سەرەڕای زیادەکارکردن، کرێکاران ناتوانن وەکوو پێویست سوود لە پشووەکانیش وەربگرن. بە پێی مادەی ٦٠، پێویستە کرێکار لە هەفتەیەکدا ڕۆژێک پشووی بۆ دیاری بکرێت، هەروەها لە پشووە فەرمییەکانیش کاری پێ نەکرێت بە مووچەی تەواو، بەڵام ئەمە لە واقیعدا جێبەجێ ناکرێت، خاوەنکار بە پێی پێویستیی خۆی نەك بەرژەوەندیی کرێکاران، کاتی کارکردن و پشوو دیاری دەکات. ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونە دژ بە کرێکاران ڕوو دەدات. کرێکار لە کاتی ئەنجامدانی کاری زیاتر لەوەی لە یاسای کار بۆی دیاری کراوە، پێویستە بە کاتژمێری زیادە بۆی هەژمار بکرێت و لە ڕووی ماددییەوە پاداشتی بکات. بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێت، ژمارەیەکی زۆری کرێکار بەبێ هیچ قەرەبووکردنەوەیەک کاری زیادەیان پێ دەکرێت، وەکوو لە هەندێک لە چاوپێکەوتنەکانماندا کرێکاران ئاماژەیان پێ داوە، دەڵێن ناچارین کە بەو جۆرە کار بکەین، ئەگەرنا خاوەنکارەکانمان دەرماندەکات. ئەمە جگە لەوەی هەتا لە کاتی کارکردنیش وەکوو پێویست سوود لە کاتەکانی پشوو وەرناگرن، وەکوو پشووی نانخواردن و پشووی هەفتانە، تێبینی ئەوە دەكرێت ئەم کێشەیە هەتا لە کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکانیش بەدی دەکرێت کە وەکوو پێویست کارمەندان و کرێکاران سوود لە پشووەکان وەرناگرن. ئەمە کێشەیەکی گەورەی کرێکارانە لە هەرێمی کوردستان کە بێدەنگی دەکەن لە هەر پێشێلکارییەک کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، لە ترسی دەرکردن و لەدەستدانی کارەکانیان، چونکە میکانیزمە یاساییەکان بەو شێوەیە کارا نین کە کرێکار بەبێ ترس بتوانێت ڕوو لە دادگاکانی کار بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.

نەبوونی گرێبەست و دەستەبەری کۆمەڵایەتی

بە پێی هەردوو یاسای کار و یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی، نابێت هیچ کەسێک کە لە کەرتی تایبەت کار دەکات، نابێت گرێبەستیان نەبێت یان سوودمەند نەبن لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بەڵام لە واقیعدا ژمارەیەکی زۆر کەمی کرێکاران ئەم مافەیان پێ دراوە. بە پێی بەدواداچوون و چاودێریی تیمەکانمان بۆ ئەم بابەتە، لە باشترین حاڵەتدا ڕێژەی ئەو کرێکارانەی کە گرێبەستی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەیە، ناگاتە ٢٠٪.

کرێکاران یان کارمەندانی کەرتی تایبەت لە کوردستان دابەش بوون بەسەر چەند جۆرێکی جیاوازی کارکردن یان چەند شوێنکارێک، کە بارودۆخی جیاوازیان هەیە. بەشێک لەوانەی لە کۆمپانیاکان کار دەکەن بارودۆخیان باشترە، بە هۆی پابەندی یاسایی و دارایی بەرامبەر حکومەت و ناوبانگی خۆیان بە بەراورد بە شێونەکانی تر زیاتر بایەخ بە بوونی گرێبەست و دەستبەری کۆمەڵایەتی دەدەن. بەڵام ئەمانەش لە بابەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێی کاری حەقیقی بە بەڕێوبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی نادەن، واتە ئەو لیستی مووچەیەی دەدرێت بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی تا بڕی پارەی دەستەبەری پێ دیاری بکرێت، زۆر جیاوازە لەو لیستەی کە مانگانە کرێکارەکان مووچەی پێ وەردەگرن. لە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کرێکارێکی یەكێک لە کارگەکانی ناوچەی بازیان، باسی ئەوەی کرد کە لە زۆربەی کارگەکان بەم جۆرەیە و ئاماژەی بەوەش دا کە پێش ئەوەی نرخی دۆلار بەرز بێتەوە بەرامبەر دیناری عێراقی، بە دۆلار مووچەمان وەردەگرت، بەڵام کە دۆلار بەرز بوویەوە، مووچەکەیان کرا بە دینار و بە هەمان نرخی پێشوو. ئەم بابەتە بووە بە شتێکی زۆر دیار کە زۆربەی کارگە و کۆمپانیاکان دوو لیستی مووچەیان هەیە، یەکێكیان بۆ حکومەت و یەكێکیان بۆ خۆیان کە مووچەی پێ دەدەن، ئەمەش پێشێلکارییەکی گەورەیە بەرامبەر بە مافەکانی کرێکاران، چونکە تەنها کار لە ئێستایان ناکات، بەڵکوو کار لە داهاتووشیان دەکات.

بارودۆخەکە بۆ کرێکاران خراپترە لەو شوێنانەی کە شوێنی فەرمی نین، وەکوو کۆمپانیا و کارگەکان، لەو شوێنانە زۆر بەدەگمەن گرێبەست و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بوونی هەیە. بەتایبەتی ئەوانەی کە کرێکاری ڕۆژانەن، یان خاوەنکاریان نییە، بەتەواوی لەم مافە بێبەشن، چونکە هیچ پاڵپشتییەکی یاساییان نییە. بڕیار بوو لەدوای هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە کەرتی تایبەت لە ٢٠١٢، بە ڕێنمایی ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت، بەڵام تا ئێستا وەکوو خۆی ماوەتەوە، ئەو کەسانەی کە کاری ڕۆژانە دەکەن یان خاوەنکار نین، ناتوانن لە سندووقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەشدار بن، لە کاتێکدا ئەم کەسانە ژمارەیەکی زۆری چینی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان پێک دەهێنن.

خاڵێکی ئەرێنی كە دەشێت لێرەدا ئاماژەی پێ بدرێت، بریتییە لەوەی ساڵی ٢٠٢١ لە ڕووی دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە بەرەوپێشچوونێک ڕووی داوە. لە ساڵانی ڕابردوودا بە پێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لەنێوان ٨٠ بۆ ٨٥ هەزار کرێکار دەستەبەریان بۆ کراوە و سوودمەند بوون لە مافەکانی بەشداریی ئەم سندووقە، لەسەرووی هەموویانەوە مووچەی خانەنشینیی دوای تەمەنی کارکردن و بوونی ساڵەکانی پێویست بۆ دەستەبەری، بەڵام ئەم ئامارە لە ساڵی ٢٠٢١-دا بەرز بووەتەوە بۆ نزیکەی ١٢٦ هەزار كرێكار.

نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتیی پیشەیی

نەبوونی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی بۆ کرێکاران لە هەرێمی کوردستان، یەكێکە لە پێشێلکارییە هەرە بەرچاو و مەترسیدارەکان بۆ سەر گیانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان. کێشەکە لەوێوە سەر هەڵدەدات کە چاودێریکردنی شوێنەکانی کار لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتییەوە وەکوو پێویست نییە، بە هۆی کەمیی پێداویستیی مرۆیی و لۆجیستییەوە لیژنە پەیوەندیدارەکان توانای ڕووماڵکردنی هەموو شوێنەکانی کارکردنیان نییە بە شێوەیەکی دەوری کە بەدواداچوون بۆ ئاستی دابینکردنی مەرجەکانی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی بکەن لە شوێنی کارەکان.

ئەگەر لیژنەکان چالاک بکرێن و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت، بەدڵنیایەوە کاریگەریی دەبێت لەسەر باشکردنی هەلومەرجی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان. بۆ نموونە: یەكێک لە لیژنەکانی پەیوەست بەم بابەتە، لیژنەکانی پشکنینی سەر بە قائیمقامیەتی سلێمانییە. ئەم لیژنەیە لە ڕێکەوتی ١٠/٨/٢٠٢١، کارگەیەکی دروستکردنی کەوەنتەریان داخست بە هۆی پابەندنەبوونی بە مەرجەکانی سەلامەتیی پیشەیی. تەلار عەلی، سەرۆکی لیژنەی سەلامەتیی کرێکار لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ڕایگەیاند لە میانی سەردانەکانیان بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی کرێکاران لە کاتی کاردا، سەردانی کارگەیەکی باڵۆنپرێسیان کرد، بەڵام سەرپەرشتیاری کارگەکە ڕێگری كردووە لەوەی سەردانی ناو کارگەکە و شوێنی مانەوەی کرێکارەکان بکەین، دواتر بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی باڵا و بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی سەردانی کارگەکەیان کردەوە و بۆیان دەرکەوت شوێنی مانەوەی کرێکارەکان لە ڕووی سەلامەتی و تەندروستییەوە زۆر خراپە و هیچ مەرجێکی تەندروستیی تێدا نییە و بەشی زۆری ئەو خواردنانەی دەدرێت بە کرێکارەکان؛ ناتەندروست و خراپ بوون.

بە هۆی نەبوونی مەرجەکانی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١-دا، ٣٤ کرێکار گیانی لەدەست داوە و ٢٧-ی تریش بریندار بوون. هۆکاری زۆربەی ڕووداوەکان یان نەبوونی ئامرازەکانی پارێزگاریکردنە لە گیانی کرێکار لە کاتی کارکردندا، یان کەمیی هۆشیاریی کرێکارە لە گرتنەبەری ڕێگا و ئامرازەکانی خۆپارێزی کە دەبنە هۆی ڕوودانی گیانلەدەستدان و برینداربوون لە کاتی کارکردندا. کێشەیەکی تری ئەم ڕووداوانە ئەوەیە لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری کرێکاران سوودمەند نین لەو مافانەی کە لە یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆیان دیاری کراوە، بۆیە کاتێک تووشی ڕووداوەکانی کارکردن دەبنەوە، ناتوانرێت قەرەبووی خۆیان و خێزانەکانیان بکرێتەوە. لە خوارەوە وردەکارییەکانی کەیسەکانی گیانلەدەستدان و برینداربوون کە لە ساڵی ٢٠٢١ بە پێی مانگەکان تۆمار کراون، دەخرێنە روو:

ئاماری گیانلەدەستدان

ڕێکخراونەبوونی کرێکاران

بە پێی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنەکانی ڕەوشی مافەکانی کرێکاران (٢٠١٦) و ئازادیی کاری سەندیکایی (٢٠١٧)، ئەوە دەردەکەوێت کە ژمارەیەکی کەمی کرێکاران پەیوەندییان کردووە بە سەندیکاکانی کرێکاران، بە واتایەکی تر: ئەندامێتییان لەم سەندیکایانە لە ئاستێکی زۆر نزمدایە. تەنانەت لە دەرەوەی سەندیکاکان، کرێکاران خاوەنی کەمترین ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنین. بە پێی ئەو ڕاپۆرتانە، ئەندامێتی ناگاتە ١٠٪ لە کۆی گشتیی کرێکاران، لە کاتێکدا بە شێوەیەکی یاسایی ئەم سەندیکایە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی کرێکاران دەکات لە ئاستە جیاوازەکاندا. سەبارەت بەوەی کە بۆچی کرێکاران ناچنە ناو سەندیکاکانەوە و تەوژمێکی زیاتر نادەن بە کاری ڕێکخراوەیی سەندیکاکانی کرێکاران، وەڵامی کرێکاران ئەوە بووە کە سەندیکاکانی کرێکاران حیزبین و داکۆکی لە مافەکانی کرێکاران ناکەن، هەروەها سەندیکاکان ناچالاکن و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی کرێکاران ناکەن. هەندێکیان ئاماژەیان بەوە داوە کە تا ئێستا نوێنەری سەندیکای کرێکاران سەردانی شوێنی کارەکەیانی نەکردووە. لە ڕووی پراکتیکییەوە دەبێت سەندیکاکانی کرێکاران لە هێڵی پێشەوەی بەرگریکردن لە مافەکانی کرێکاران بن و زۆرترین دەنگی کرێکارانی تێدا ڕەنگ بداتەوە و هێزێکی فشاری ڕاستەقینە بن بۆ ملکەچکردنی لایەنە بەرپرسەکانی بۆ دابینکردنی مافەکانی کرێکاران. خاڵێکی تر کە وەکوو پێشێلکاری هەژمار دەکرێت، بریتییە لەوەی لە کوردستان بە پێی یاسای کار تەنها ڕێگا بە بوونی یەک سەندیکای کرێکاران دەدرێت، بەڵام عێراق لە ساڵی ٢٠١٧-ەوە ڕێککەوتنامەی ژمارە ٨٧-ی ساڵی ١٩٤٨-ی ڕێکخراوی کاری جیهانیی “ILO”ی مۆر کرد کە بە پێی ئەم ڕێککەوتننامەیە دەبێت بنەمای فرە سەندیکایی لە یاساکانی پەیوەست بە ئازادیی کاری سەندیکایی ڕەنگ بداتەوە.

ڕاسپارده‌ و پێشنیار

  • له‌ پێناو پاڵپشتیكردنی زیاتری سه‌ندیكاكانی كرێكاران، یاسایه‌كی هاوچه‌رخ ده‌ربكرێت بۆ ئازادیی كاری سه‌ندیكاكان به‌ پێی ئه‌و‌ باپه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی كه‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان هه‌یانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌كانی ڕێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تی، به‌مه‌ش ده‌كرێت ئازادیی كاری سەندیكایی لە هەموو كەرتەكان (گشتی، تایبەت و تێكەڵاو) بە پێی یاسا مسۆگەر بكرێت.
  • ده‌ركردنی یاسایه‌كی هاوچه‌رخی كار كه‌ مافه‌كانی كرێكاران له‌ هه‌رێمی كوردستان مسۆگه‌ر بكات، ئه‌مه‌ش به ‌پێی ئه‌و پابه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا هه‌یه‌تی، جگه‌ له‌ مسۆگه‌ركردنی مافی یاسایی كرێكاران له‌ ڕووی كاتژمێره‌كانی كاركردن، مووچه‌، گرێبه‌ست… هتد، پێویسته‌ چاودێریی جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌نده‌ یاساییانه‌ بكرێت.
  • مسۆگه‌ركردنی مافی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ سه‌رجه‌م كرێكاران له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ له‌ ڕێگای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای خانه‌نشینی و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌. پێویسته‌ چارەسەری کێشەی كرێكارانی كەرتی ناڕێكخراو بكرێت له‌ كوردستان لە پرسی ده‌سته‌به‌ری كۆمەڵایەتی، چونكە زۆرترین ژمارەی كرێكار پێك دەهێنن.
  • له‌ پێناو دابینكردنی ژینگه‌یه‌كی كاری سه‌لامه‌ت بۆ كرێكاران، په‌له‌ بكرێت له‌ نووسینەوە و ڕاگەیاندنی سیاسەتی سەلامەتی و تەندروستیی پیشەیی لە هه‌رێمی كوردستان.
  • ڕێكخراوه‌كانی كرێكاران و خاوه‌نكار بەشدارییان پێ بكرێت له‌ لیژنه‌كانی سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستیی پیشه‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان.
  • لیژنەكانی پشكنین بە بەشداریی نوێنەرانی سەندیكاكان زیاتر بكرێن لە ڕووی ژمارە و قەبارەوە، هەروەها كاراتر بكرێن لە ڕێگەی پێدانی دەسەڵاتی زیاترەوە.
  • حكومەتی هه‌رێمی كوردستان سیاسەتی دامەزراندن لە كەرتی گشتی دابڕێژێت، بە شێوازێك بتوانێـت لە ئاستی توانای مرۆیی ئێستای كۆمەڵگای كوردستانی بێت.
  • پڕۆسه‌ی دامه‌زراندن له‌ كه‌رتی تایبه‌ت چاودێری بكرێت و به ‌پێی یاسا و ڕێكاری یاسایی ڕێك بخرێت.
  • ژمارەی چاودێرانی سەلامەتی و تەندروستیی پیشەیی لە هه‌رێمی كوردستان زیاد بكرێت.
  • ڕێز لەو دەستكەوتانە بگیرێت كە بەفەرمی دانی پێدا نراوە بۆ كرێكاران و كارمەندان، بە نموونە: یەكی ئایار وەك ڕۆژێكی پشووی فەرمیی كرێكاران و سزای ئەو كۆمپانیا و خاوەنكارانە بدرێـت كە پێشێلی ئەو مافە دەكەن.

ئەنجام

بەگشتی لە کوردستان مافەکانی کرێکاران لەبەردەم کۆمەڵێک ئاستەنگی جۆراوجۆری یاسایی و کۆمەڵایەتی و ڕێکخستن و جێبەجێکردندایە. بەر لە ھەموو شتێک، مافە بنچینەییەکان وەکوو پێویست دەستەبەر نەکراون کە ئەمانە لانی کەمی ئەو مافانەیە کە بۆ ژیانێکی شایستە پێویستن. ھەر چەندە ئەم مافانە  لە یاسا بەرکارەکان سەلمێنراون، بەڵام لە ڕووی جێبەجێکردنەوە لە خراپترین بارودۆخدایە، میکانیزمەکانی چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە زۆر لاواز و بێکاریگەرن، بە جۆرێک ژمارەیەکی زۆری کرێکاران لەوە بێئاگان کە چ مافێکی یاساییان ھەیە و چۆن بتوانن بە میکانیزمی یاسایی وەریبگرنەوە. پێشێلکارییەکانی وەکوو نەبوونی گرێبەست و دەستبەری کۆمەڵایەتی و زۆریی کاتژمێر و کەمیی کرێی کارکردن و  دەرکردنی کرێکار بەبێ پاساو و لەسەرووی ھەمووشیانەوە نەبوونی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ کارکردن، دیارترین ئەو پێشێلکارییانەن کە کرێکاران ڕۆژانە لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دەبنەوە. لە وێنە گشتییەکەدا چینی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت نادادگەرییەکی زۆریان بەرامبەر دەکرێت. لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە کرێکاران نە خاوەن سەندیکایەکی بەھێز و کاریگەرن کە بتوانن فشاری جددی دروست بکەن بۆ دابینکردنی مافە بنچینەییەکانی کرێکاران، نە خۆشیان لە دەرەوەی سەندیکاکان ئەوەندە ڕێک خراون کە بتوانن ببنە ڕێکخراوی بەدیل بۆ گەیاندنی دەنگی پەراوێزخراویان بە بڕیاربەدەستەکان.

سەرچاوەكان

[1] Tamara Draut (2018) Understanding the Working Class. Demos. https://www.demos.org/research/understanding-working-class#Defining-the-Working-Class

[ii]  کاوە کەریم، (٢٠٢١)، پڕۆژەیەک لە بارەی سەلامەتیی شوێنی کارەوە، ڕۆژنامەی ئاوێنە:

https://www.awene.com/article?no=17597&auther=2626

[iii]  Anton Pannekoek (2010) The Labor Movement and Socialism, International Socialist Review. https://www.marxists.org/archive/pannekoe/1908/labor-movement.htm

[iv] Mathers, A., Upchurch, M. and Taylor, G.(2018) ‘Social movement theory and trade union organising’ , in Grote, Jürgen R., and Claudius Wagemann. (ed)Social movements and organized labour: Passions and interests. Routledge, PP 22-42.

[v] Francisco Fernández-Trujillo, Gomer Betancor & Miguel Martínez Lucio (2022) Social Movements and Trade Unionism: Changing boundaries, new forms of interaction, and transformational identities across work and society. Emerald Publishing. https://www.emeraldgrouppublishing.com/calls-for-papers/social-movements-and-trade-unionism-changing-boundaries-new-forms-interaction-and

[vi] Richard Sullivan (2010) Why the Labor Movement Is Not a Movement. New Labor Forum 19(2): 53-58. file:///E:/labor%20rights/nlf.192.0000008.pdf

[vii] Chan, C. K. C. (2013). Community-based organizations for migrant workers’ rights: the emergence of labour NGOs in C hina. Community Development Journal, 48(1), 6-22.

[viii]  McCrudden, C., & Davies, A. (2000). A perspective on trade and labor rights. Journal of International Economic Law, 3(1), 43-62.

[ix] FHI360 . (2021) . “2020 Civil Society Organization Sustainability Index for the Middle East And North Africa”. 9th Edition. Available at https://www.fhi360.org/sites/default/files/media/documents/csosi-mena-2020-report.pdf

[x]  Peace and Freedom Organization. 2016. “The Condition of Workers’ Rights and Freedom of Trade In Kurdistan Region and Iraq” ؛

 ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی، ٢٠٢٠، گه‌ڕان به‌دوای ڕاسته‌كاندا: ڕه‌وشی كار و مافه‌كانی كرێكارانی پێكهاته‌كان له‌ كوردستان و عێراق. https://pfo-ku.org/index.php/raport/2017-05-19-16-00-33/412-2019-12-31-13-14-58 ؛

ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی، ٢٠٢٠، نان له‌ گه‌رووی كۆرۆنادا: هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌وشی كار و ژیانی كرێكاران له‌ سه‌رده‌می كۆرۆنا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان. https://pfo-ku.org/index.php/raport/2017-05-19-16-00-33/593-2020-06-29-12-06-34

[xi]  United Nations Human Right Council. 2022. Universal Periodic Report. https://www.ohchr.org/EN/HRBodies/UPR/Pages/UPRMain.aspx

Send this to a friend