• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 9, 2020

پاش شکستی دوو کاندید؛ سەرۆک کۆماری عێراق کاندیدی سێیەمی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپارد

دوای ئەوەی ھەریەک لە محەمەد تۆفیق عەلاوی و عەدنان زورفی شکستیان ھێنا لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، مستەفا کازمی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ ئەو ئەرکە راسپێردرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، مستەفا کازمی سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانیی عێراقی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت راسپارد.

راسپاردنی مستەفا کازمی دوای ئەوە ھات، ئەمڕۆ عەدنان زورفی بە فەرمیی دەستەبەرداربوونی خۆی لە ئەرکی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت راگەیاند.

دوێنێش پێش راسپاردنی بە فەرمیی، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە راسپاردنی مستەفا کازمی کرد بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.

گرنگترین پۆست کازمی وەریگرتبێت ئەوە بوو، ساڵی 2016 کرا بە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق.

کازمی یەکێک بووە لە بەرهەڵستکارانی رژێمەکەی سەدام حسێن لە تاراوگە.

ماوەیەک بەڕێوەبەری نووسینی بەشی عێراق بووە لە پێگەی ئەلمۆنیتەری نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاریش بووە لە دەزگای یادەوەری عێراقیی.

کازمی لە ساڵی 1967 لە شاری بەغدا لەدایکبووە و تەنھا رەگەزنامەی عێراقیی هەیە، هاوسەرگیری کردووە و دوو منداڵی ھەیە.

Send this to a friend