• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 19, 2023

ئایا پەیماننامەی لۆزان پیرۆزیی ماوە؟

نووسینی: سینان تاڤوکچوو، پەیمانگای بیری ستراتیجی
وەرگێڕانی: حەمزە محەمەد ساڵح

سینان تاڤوکچو (Sinan Tavukçu)
سەرۆکی دەزگای لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوەی ستراتیژییە. لە ساڵی ١٩٦١ لە شاری سیواس لە تورکیا لەدایکبووە. دوای تەواوکردنی بەشی ئابووری لە زانکۆی گازی، لە ساڵی ١٩٨٦ لە وەزارەتی دارایی دامەزراوە. لە ساڵی ١٩٩٧ وازی لە فەرمانبەری هێنا و وەک ڕاوێژکاری دارایی سوێندخورادوو دەستی بە کاری سەربەخۆ کرد. یەکێکە لە دامەزرێنەرانی دەزگای لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوەی ستراتیژی. لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٠ بە دواوە لەلایەن ئەنجومەنی گشتیی دەزگاکەوە وەکو سەرۆکی دەزگاکە دیاریکرا. سینان تاڤوکچو چەندین لێکۆڵینەوە و نوسینی لە بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا هەیە.
پەیمانگەی بیری ستراتیژی (Stratejik Düşünce Enstitüsü (SDE
ئەم پەیمانگەیە وەک بەشێک لە دەزگای لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوەی ستراتیژی لە ٣ی ئازاری ٢٠٠٩ دامەزرا. پەیمانگەی بیرکردنەوەی ستراتیژی؛ ناوەندی هزری تورکیای نوێیە، کە لە سەر چوارچێوەی بەهای مرۆیی هاوبەش بە ئامانجی سەربەخۆیی، ئازادی، دادپەروەری، ئاشتی، گەشەپێدان و یەکسانی کاردەکات.

٢٤ی ته‌مموزی ئەمساڵ (٢٠٢٣)، یادی تێپەڕبوونی سەد ساڵ بە سەر پەیماننامەی لۆزان بوو. وەک نەریتێکی ساڵانە ئەمساڵیش چەندین نوسین و قسەی لە سەر کرا. لە زووە باس لەوە دەکرێت کە لۆزان تاپۆی کۆماری نوێی تورکیایە و ناگۆڕێت و هەتا هەتایە بەردەوامدەبێت. پشتیوانان و پیرۆزکەرانی په‌یماننامه‌ی لۆزان، ڕەخنەگرانی پەیماننامەکە كه ده‌ڵێن ئەم په‌یماننامه‌یە بۆ ماوەیەکی کاتییە و نوێبوونەوە و گۆڕانكاریی تێدا دەکرێت، بە نەزان و قسەی پڕوپوچ تاوانباردەکەن.
بێگومان ئەو مێژوونوسانەی پشتگیریی بەردەوامبوون و هه‌تاهه‌تایی بوونی پەیماننامەی لۆزان دەکەن، نەزان نین بەوەی بە درێژایی مێژوو هیچ جۆرە پەیماننامەیەک ئەم تایبەتمەندییەی نەبووە. بە هه‌ر هۆکارێک كاتێك باس لە لۆزان دەکرێت، چه‌قبه‌ستووییه‌كی کوێرانە دێتەپێشه‌وه نەک زانست. ئەو نوخبەیەی پەیماننامەکەیان پیرۆزکردووه‌، بە ناوی بەردەوامبوونی سەپاندنەکەوە، لایەنگری ئەو کەسانەن کە وایان له‌ دەوڵەتەکەمان(١) كرد لە کاتە سەختەکاندا واژووی لە سەر بکات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کارە لە ژێر ناوی نەتەوەخواز و میللییەتچیەتیدا دەکەن.
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم و ده‌ستپێكردنی دانوستانەکانی ئاشتی، ئەو سنوورانەی لە بەڵگەنامە جۆراوجۆرەکاندا ئاشکراکراون، ویست و هەوڵی دوژمنان بۆ داگیرکردنی وڵات(٢) و لەناوبردنی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و ویست و هەوڵی ئەوانەی کە هەوڵیاندا نیشتیمان لە دژی ئەمانه‌ بپارێزن، نیشاندەدات، هه‌ر بۆیه‌ ئەو بەڵگانەی كه‌ لە خوارەوە باسیاندەکەم و دەیانخەمەڕوو، بریتین لەو به‌ڵگانه‌ی پێشکەش بە کۆنفرانسی پاریس کران، كه‌ ئەوانیش یاداشتێکی عوسمانی بوو لە ٢٣ی حوزەیران؛ یاداشتی په‌یمانی نەتەوەیی، پەیماننامەی سیڤەر و پەیماننامەی لۆزان. ئەگەر هەردوو پەیماننامەی لۆزان و سیڤەر لە ژێر ناوی پەیماننامەی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتە ناکۆکەکان و بە ئامانجی دابەشکردنی وڵاتمان بووبێت، ئەوا یاداشتێکی عوسمانی لە بەرواری ٢٣ی حوزەیران و یاداشتی په‌یمانی نەتەوەیی بریتی بوون لەو سنوورانەی دەوڵەت دیارییکردن بەرانبەر بە دوژمنان، چونكه‌ پێوانەکردنی ڕێژەی سەرکەوتن بریتی دەبێت لە ئاستی پارێزگاری لەو سنوورانەی لە پەیماننامەکەدا دیاریکراوە، نەک لەبەر ئەو بەڵگەنامە و پەیماننامانەی لەلایەن دوژمنەوە ئامادەکراون و پێیان ئیمزاکردووین. لەم نوسینەدا تیشکخراوەتەسەر هەوڵەکانی دابەشکردنی نیشتیمان و لە بەرانبەردا هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پیلانانە لە کۆنفرانسی پاریسەوە تاوەکو پەیماننامەی لۆزان.

پڕۆسەی کۆنفرانسی پاریس
وەکو دەزانرێت، دەوڵەتی عوسمانییش وەک یەکێک لە دەوڵەتانی هاوپه‌یمانی بەشدار لە جەنگی جیھانیی یەکەم توشی شکست بوو. جەنگیش لە ساڵی ١٩١٨ بە ئیمزاکردنی ئاگربەست و ڕێککەوتننامەی دانانی چەک لە نێوان دەوڵەتانی سەرکەوتوو لەگەڵ شکستخواردوودا کۆتایی هات. لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨ لەگەڵ ئێمەشدا (تورکیا) ئاگربەستی مۆندۆرۆس ڕاگەیەنرا. هەر ئاگربەستێکیش وەک بنەمایەک بە پەیماننامەیەکی ئاشتی دەبەسترایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە ١٨ی کانوونی دووەمی ١٩١٩ کۆنفرانسی پاریس دەستیپێکرد. ئەم کۆنفرانسە بوو بە مەیدانێک بۆ بەستنی پەیماننامە لە نێوان دەوڵەتە سەرکەوتووەکان و شکستخواردووەکانی جەنگ. لەم کۆنفرانسەدا ٣٢ دەوڵەتی بەشدارییانكرد که بەرانبەر بە دەوڵەتە هاوپەیمانەکان شەڕیانکردووە، یان شەڕیان ڕاگەیاندووە. لە کۆتایی دانوستانه‌كانی ناو کۆنفرانس لە چوارچێوەی بنەماکانی ویڵسندا، دەوڵەتە هاوپەیمانەکان پەیماننامەی ئاشتییان لەگەڵ ئەڵمانیادا لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩١٩ لە ڤێرسای، لەگەڵ نەمسا لە ئەیلوولی ١٩١٩ لە ساینت جێ ماین، لەگەڵ بولگاریا لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩١٩ له‌ نیولی و لەگەڵ هەنگاریا لە ٤ی حوزەیرانی ١٩٢٠ لە تریانۆن ئیمزاکرد. لەگەڵ ئەوەی چەندین جار دەوڵەتی عوسمانی هەوڵی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاشتیی پاریس دەدا، بەڵام بانگهێشتنەکرا و هەوڵی دوورخستنەوەی درا.

یاداشتێکی عوسمانی لە ٢٣ی حوزەیران
دوای داگیرکردنی ئیزمیر(٣) لەلایەن یۆنانییەکانەوە لە ٣٠ی نیسانی ١٩١٩، دەوڵەتی عوسمانی بانگهێشتی کۆنفرانسی پاریس کرا. شاندێكی دیبلۆماسی بە سەرۆکایەتیی فەرید پاشا کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران (مەجلیسی وقەلا)وە دەستنیشانکرابوو، یاداشتێکی فەرمییان بە ناوی بەرگرینامە (مودافەعانامە)وە لە ٢٣ی حوزەیرانی ١٩١٩ پێشکەش بە کۆنفرانسەکە کرد. ئەم یاداشتە بریتی بوو لە ڕوانگەی ڕەسمیی دەوڵەتی عوسمانی سەبارەت بە ئاشتیی تورک. ئەم یاداشتە لە بنەڕەتدا لەلایەن لیژنەیەک لە دەوڵەتەوە ئامادەکرابوو. گرنگترین شتێك ئەوە بوو کە ئەم یاداشتە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکرابوو.
پوختەی ئەو یاداشتەی پێشکەش بە سەرۆکایەتیی کۆنفرانسی پاریس کرا، بریتی بوو لە:
•ئێدرنە و تراکیای ڕۆژئاوا(٤) کە زۆرینەی لە تورکەکان پێکهاتووە و لەگەڵ ئەو سنوورەی کە بە پێی پەیماننامەی بەرلین دیاریکراوە، بۆ تورکەکان دەمێنێتەوە.
•سنووری تورک لە ئەنادۆڵدا وەک پێش جەنگی ڕۆژھەڵات دەمێنێتەوە و موسڵ، دیاربەکر و بەشێک لە حەلەب دەکەونەناو سنووری تورکەوە.
•دوورگەکانی نزیک کەنارەکان کە بە پێی مێژوو بەشێک بووە لە دەوڵەتی عوسمانی، خودموختارییەکی فراوانتریان پێ دەدرێت و بۆ دەوڵەتی عوسمانی دەبێت.
•ئەگەر لە ئێریڤان(٥) کۆمارێکی ئەرمەنی دابمەزرێت، بۆ دیاریکردنی هێڵی سنوورەکەی کردنی ڕیفراندۆم پەسەندکرا. مافە کولتووری و ئابوورییەکان بەو ئەرمانیانە دەدرێت کە لە خاکی دەوڵەتی عوسمانیدا دەمێننەوە.
•عەرەبستان، سوریا، حیجاز، یەمەن، عێراق و ئەو ناوچانەی بەشێکن لە دەوڵەتی عوسمانی، پەیوەست دەبن بە سوڵتانەوە و لەلایەن ئیدارەیەکی خۆبەڕێوەبەرییەوە بەڕێوەدەبرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەیەکی دیاریکراو لە نوێنەرانی سوڵتانی عوسمانی لە مەککە، مەدینە و قودس دەبن.
•بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ میسر و قوبرس، گفتوگۆ و ڕاوێژ لەگەڵ به‌ریتانیادا دەکرێت. هەر کاتێک پەیماننامەکە ئیمزاکرا، سەربازانی داگیرکەر لە خاکی دەوڵەتی عوسمانی دەکشێنەوە.
ئه‌م یاداشتە سنوورەکانی پێش جەنگی یەکەمی جیهانی بە بنەما وەردەگرێت و ڕازینابێت به‌ دابڕینی ئەو زەوییانەی نیشتیمان کە توشی داگیرکاری بوون. یاداشتەکە دەوڵەتانی هاوپەیمانی توڕەکرد. لە بەرانبەر ئەمەدا لە ٢٥ی تەمموزی ١٩١٩ بە بڵاوکردنەوەی یاداشتێک باس له‌وه ‌کرا دیاریکردنی چارەنوسی دەوڵەتی عوسمانی تایبەتە بە دەوڵەتانی هاوپەیمان و سوکایەتییان بە تورکەکان کرد، هەر بۆیە یاداشتەکەی ٢٣ی حوزەیران لە کۆنفرانسی پاریس پەسەندنەکرا، بەڵام ئەمە بوو بە بەڵگەیەکی مێژوویی سەبارەت بە سنوورەکانی دەوڵەت.

بەیاننامەی پەیمانی نەتەوەیی (میساقی میللی)
یاداشتی ٢٣ی حوزەیرانی ١٩١٩ بووە سەرچاوەیەک بۆ بەیاننامەی پەیمانی نەتەوەیی (میساقی میللی)، کە لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٩٢٠ لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پەسەندکرا.
لە بەیاننامەی پەیمانی نەتەوەییدا سنوورەکانی دەوڵەت بەم شێوەیە دیاریکراوە:
١. بەو پێیەی چارەنوسی ئەو بەشانەی دەوڵەتی عوسمانی کە تەنها زۆرینەی عەرەبی تێدا دەژیا و لە کاتی واژووکردنی ئاگربەستی مۆندۆرۆس لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨ لەلایەن سوپای دوژمنەوە داگیرکرابوو، لە سەر بنەمای دەنگدانی ئازاد و سەربەستیی هاوڵاتیانی ناوچەکە چارەنوسی دیاریدەکرێت، خەڵکی ناوەوە و دەرەوەی هێڵی ئاگربەست بەبێ جیاوازیی ئایین و ڕەگەز و نەتەوە یەکدەگرن و لەگەڵ یەکتردا دەبن. هەموو ئەو خاکانەی کە زۆرینەی عوسمانی ئیسلامیی تێدا نیشتەجێن، بەوپەڕی خۆشەویستی و گیانفیدایی و قوربانیدانەوە بۆ یەکتر پێکەوە دەژین و جیابوونەوە بە هیچ جۆرێک قبوڵناکرێت، هەروەها سەرجەم مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانیان پێ دەبەخشرێت.

٢. ئەگەر پێویستبکات بۆ خەڵکی ناوچەکانی “قارس، ئاردەهان، باتوم” وەک چۆن بۆ یەکەمین جار ئازادبوون و بە دەنگی خەڵکی گەڕانەوە نیشتیمانی خۆیان، دووباره‌ به‌شداریكردنی ده‌نگی ئازادانه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ پەسەنددەکەین.
٣. دیاریکردنی پێگەی یاسایی تراکیای ڕۆژئاواش کە پابەندە بە ئاشتیی تورکیاوە، پێویستە لە سەر بنەمای دەنگی خەڵکی نیشتەجێی ئەو وڵاتەی کە ئازادانە ڕایانگەیاندووە، بکرێت.
٤. پێویستە ئاسایشی شاری ئەستەنبوڵ کە ناوەندی خەلافەتی ئیسلامی و سەڵتەنەت و حکومەتی عوسمانییە، لەگەڵ ئاسایشی دەریای مەڕمەڕە لە هەموو جۆرە مەترسییەک بپارێزرێت. بە مەرجی مانەوەی ئەم بنەمایە، ئێمە لەگەڵ هەموو دەوڵەتانی دیکەدا هاوڕاین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە گەرووی دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەش بە کراوەیی بۆ بازرگانی و گواستنەوەی جیهانی بمێنێتەوە.
٥. لە چوارچێوەی بڕگەکانی پەیماننامەی ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتە هاوپەیمان و دوژمنەکانیان و بەشێک لە هاوبەشەکانیان، لەلایەن ئێمەوە مافی کەمینەکان ده‌درێت و دەستەبەردەکرێت، بەو مەرجەی مسوڵمانانی وڵاتانی دراوسێش بە هەمان شێوە مافەکانیان پارێزراو بێت.
٦. لە پێناو جێبەجێکردنی پێشکەوتنە نەتەوەیی و ئابوورییەکانمان و ئیدارەیەکی مۆدێرنه‌تر، وەکو هەموو دەوڵەتانی تر بنەمای سەربەخۆیی و ئازادی بۆ گەشەکردن و مانەوەمان فەراهەمبکرێت، هەر لەبەرئەوە دژی هەر مەرجێکین کە سیاسەت و دادوەری و داراییمان کۆتوبەندبکات. هەروەها ئەو مەرجانەی بۆ دانەوەی ئەو قەرزانەی لە سەرمان دروستبووە، نابێت دژی ئەم بنەمایانە بێت.
لە کاتێکدا سنوورەکانمان لە یاداشتی عوسمانیدا بریتی بووبێت لە سنووری پێش جەنگی جیهانیی یەکەم، ئەوا هیڵی سنوورەکانمان لە پەیمانی نەتەوەییدا بریتین لەو سنوورانەی کە لە ئاگربەستی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨ ئیمزاکرا. لە نەخشەی پەیمانی نەتەوەییدا، سوریا، لوبنان، فەڵەستین و عێراقی ئەمڕۆ، تا هێڵی ئەسکەندەریە-بەندەری سەعید، هەروەها دوورگەکان، قوبرس و باتومی لە سنووری دەوڵەتدا بوون. دەوڵەتانی هاوپەیمان لە ١٦ی ئازاری ١٩٢٠ بە ڕەسمی ئەستەنبوڵیان داگیرکرد، دایان بە سەر پەرلەماندا، ئەندامانی پەرلەمان و ڕۆشنبیرانیان دەستگیرکرد و دووریانخستنەوە بۆ ماڵتا. لە ٢٣ی نیسانی ١٩١٩ ئەو ئەندامانەی پەرلەمان کە هاتبوون بۆ ئەنقەرە، پەرلەمانێکی نیشتیمانیی نوێیان دامەزراند. حکومەتی ئەنقەرەش لە حوزەیرانی ١٩٢٠ بە هەموو دونیای ڕاگەیاند لە سیاسەتی دەرەوەدا پەیوەستە بە پەیمانی نەتەوەییەوە.

ئەو نوخبەیەی پەیماننامەکەیان پیرۆزکردووه‌، بە ناوی بەردەوامبوونی سەپاندنەکە، لایەنگری ئەو کەسانەن کە وایان له‌ دەوڵەتەکەمان كرد لە کاتە سەختەکاندا واژووی لە سەر بکات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کارە لە ژێر ناوی نەتەوەخواز و میللییەتچیەتیدا دەکەن.

پەیماننامەی سیڤەر
لە ١٨-٢٦ی نیسانی ١٩٢٠ دەوڵەتانی هاوپەیمان لە کۆنفرانسی سان ڕیمۆدا بۆ دابەشکردنی خاکەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە نێوان خۆیاندا کۆبوونەوە و ڕەشنوسی پەیماننامەی سیڤەریان ئامادەکرد، کە بڕیار بوو لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا ببه‌سترێت.
لە ٢٢ی نیساندا حکومەتی عوسمانی بانگهێشتی کۆنفرانسی ئاشتی لە کەناری سیڤەری پاریس کرا، سوڵتان وەحدەدینیش لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد تۆفیق پاشای وەزیری پێشوو نارد. ڕۆژی دواتر و لە ٣٠ی نیساندا لە ئەنقەرە ئەنجومەنی نیشتیمانیی گەورە کۆبوونەوە و نوسراوێکیان نارد بۆ وەزارەتەکانی دەرەوەی دەوڵەتە هاوپەیمانەکان و تێیدا دروستکردنی حکومەتێکی جیایان لە ئەستەنبوڵ ڕاگەیاند. ئەحمەد تۆفیق پاشا کاتێک مەرجە قورسەکانی پەیماننامەی سیڤەری بینی، لە گفتوگۆکان کشایەوە. حکومەتی ئەستەنبوڵ تاوەکو ماوەیەکی درێژ ڕەتیکردەوە واژووی پەیماننامەی سیڤەر بکات، بەڵام دەوڵەتانی هاوپەیمان بۆ ئەوەی لایەنی تورکی بخەنەژێر فشارەوە، هێزەکانی یۆنانیان کە لە ئیزمیردا بوو، هێنایانه‌ناو ئەنادۆڵەوە و بە تایبەت بۆ ناوچەکانی “باڵک کەسیر، بوڕسا، ئوشاک”، تراکیاش لە ماوەیەکی کەمدا لەلایەن سوپای یۆنانەوە داگیرکرا. هەر کە دوژمن پێشڕەوییکرد بەرەو ئیستەنبوڵ، لە ٢٢ی تەمموزی ١٩٢٠ لە ناو شورای سەڵتەنەتی عوسمانیدا واژووكردن له ‌سه‌ر په‌یماننامه‌كه‌ پەسەندکرا. ئه‌وه‌ بوو لە ڕۆژی سێشەممەی ١٠ی ئابی ١٩٢٠ لەلایەن نوێنەرانی دەوڵەتی عوسمانی و هاوپەیمانانەوە پەیماننامەکە واژووکرا.
بە پێی پەیمانی سیڤەر کە لە ٤٣٣ مادە پێکهاتووە، تەنیا خاکێکی بچووک لە ئەنادۆڵی ناوەڕاست وەک خاکی عوسمانی بەجێهێڵرا (بە مەرجێک ئەستەنبوڵ بۆ تورکەکان بەجێبهێڵرێت). بە پێی مادەکانی پەیماننامەکە بڕیار بوو دوو دەوڵەت بە ناوەکانی “کوردستان و ئەرمینیا” لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ دابمەزرێنن. لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاردرا جگە لە ئیستەنبوڵ، تراکیای ڕۆژهەڵات بدرێت بە یۆنان، ئیزمیر بۆ تورکیا بەجێدەهێڵرێت، بەڵام مافە سەروەرییەکان لەلایەن پارێزگارێکەوە بەڕێوەدەبرێن، کە لەلایەن یۆنانەوە بۆ ماوەی ٥ ساڵ دیاریکرابێت. لە کۆتایی ئەم ماوەیەدا بڕیاردرا ڕاپرسیبکرێت. عەرەبستانی سعودیە و عێراق کە خاکی عوسمانی بوون، بدرێتە بەریتانیا. ئورفا، غازی عەنتاب، ماردین و سوریا بدرێت بە فەڕەنسییەکان و ئەو زەوییانەی لە باشوورەوە هێڵەکەی درێژدەبێتەوە، لە ئەدەنەوە تاوەکو شاری قەیسەری لە ژێر دەستی ئیتاڵییەکاندا بمێنێتەوە. بڕیاردرا دەوڵەتێکی ئەرمەنی له‌ ناوچه‌كانی وان و ئەرزڕۆم و بیتلیس و ترابزۆن دابمەزرێت و به‌ مه‌رجێك دیاریکردنی سنوورەکانی بۆ ناوبژیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەجێهێڵرا. بڕیاریشدرا دوانزدە دوورگە بۆ ئیتاڵییەکان و دوورگەکانی تری دەریای ناوەڕاست بۆ یۆنانییەکان چۆڵبکرێت.
هەروەها بڕیاری دامەزراندنی کۆمسیۆنێک بۆ بەڕێوەبردنی گەرووەکان درا. بەردەوامبوونی تەسلیمبوون و چه‌كدانان لە ناو بڕگەکاندا بوون، بەڵام ئەو پەیماننامەیەی کە واژووی لە سەر کرا، بە هۆی ئەوەی پەرلەمان لە پشوودا بوو، پەسەندنەکرا و نەیتوانی ڕوانگەی یاسایی خۆی بەدەستبهێنێت.
لە ٢٠ی ئابی ١٩٢٠ پەرلەمان لە ئەنقەرە کۆبووەوە و پەیماننامەی سیڤەری پەسەندنەکرد، ئەو پەرلەمانتارانەیش کە پشتیوانییان لە پەسەندکردنی پەیماننامەکە دەکرد، وەک خیانەتکاری نیشتیمانی ناسێنران، بەم شێوەیە پەیماننامەکە وەکو زیندوویەکی مردووی لێهات. لە لایەکی دیکەوە لە ٧ی تشرینی دووەمی ١٩٢٠ ئەو ئەرمەنییانەی بەرانبەر بە سوپای تورکیا شکستیانھێنا، داوای ئاشتییان کرد. سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا کە بە پێی پەیماننامەی سیڤەر وەک ناوبژیوان دیاریکرابوو، سنووری ئەرمەنییه‌كانی کێشا. لەگەڵ ئەمانەشدا بە پێی پەیماننامەی گومرو کە لە ٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٢٠ ئەرمەنییەکان واژوویانکردبوو، باتوو، سارقمیش، قارس، ئاگری، ئەرزڕۆم، ئاڕتڤین و دەوروبەری ئۆڵتو بۆ تورکیای بەجێھێشت.

بۆ بەدیهێنانی پەیمانی نیشتیمانی لە کۆبوونەوەی ئاشتیدا، موسڵ، کەرکوک، سلێمانی، حەلەب، هاتای، تراکیای ڕۆژئاوا و دوازدە دوورگە کرانەدەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیا.

دوای ئەوەی ڤێنیزێلۆس لە هەڵبژاردنەکانی یۆنان شکستیهێنا و پاشا کۆنستنتین سەرکەوت، ئیتاڵیا و فەڕەنسا لە ٢١ی شوباتی ١٩٢١ لە کۆنفرانسی لەندەن داوای پێداچوونەوەیان بە پەیماننامەی سیڤەر و کشانەوەی یۆنان لە ئیزمیر و ڕۆژھەڵاتی تراکیا کرد و بەرانبەر بە یۆنان پشتگیریی تورکەکانیان کرد. لە کاتێکدا به‌ریتانیا لەم گۆڕانکارییە لەناکاوەدا هەوڵیدا بێلایەن‌ دەربکەوێت، هەر بۆیە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا؛ لۆرد کورزۆن، دەیویست بەریتانیا سیاسەتێک پەیڕەوبکات کە شکستی یۆنان مسۆگەربکات، بەبێ ئەوەی هیچ بەرپرسیاریەتییەک لەئەستۆبگرێت. بەو شێوە دەردەکەوێت دۆخەکە لە بەرژەوەندیی تورکیا گۆڕا.

پەیماننامەی لۆزان
دیاریکردنی ئەوەی ئایا واژووکردنی پەیماننامەی لۆزان لەلایەن نوێنەرانی دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتانی هاوپەیمانەوە سەرکەوتنێک بوو بەرانبەر بە دوژمنان، یاخود کارێکی ناچاری بوو، ئەمە چۆن بۆ ئەو کاتە گرنگ بووە، بۆ ئێستاش زۆر گرنگە. ڕوونکردنەوەی ئەوەی لێرەدا بەدەستمانهێناوە و باسکردنی وەک بابەتی ڕۆژ، پەیماننامەیەکی مردووی وەکو سیڤەر نییە، بەڵکو وەڵامدانەوەی بریتییە لە زانینی بەهای ئەوەی كه‌ ئیستا لە بن دەستماندایه‌. لە کاتێکدا مستەفا کەمال ئەتاتورک لە دانیشتنی نهێنیی مەجلیسی نیشتیمانیی گەورەی تورکیا لە ڕێکەوتی ٢١ی ئازاری ١٩٢١ وتی: “حکومەتی ئەنجومەنی نیشتیمانیی گەورەی تورکیا بە پێی مەرجەکانی ئەمڕۆ، ناتوانێت ڕێککەوتنێک پێچەوانەی پەیمانی نەتەوەیی واژووبکات و گرفت لەمەدا هەیە، چونکە نوێنەرانی ئێمە بۆ مەسەلەیەکی بەو شێوە بچووکە نەچوونەتە لەندەن، بەڵکو بۆ دەستەبەرکردن و بەرگریکردن لە سەربەخۆییمان بەو پەیمانە نیشتیمانییەی کە لە دەستیان بوو، چوونه‌ له‌نده‌ن. وەک گوتمان، ئێمە ناتوانین ئەمە پشتگوێبخەین، ئەوانیش لە بەرانبەر هەموو جیهانەوە بەرگری لەمە دەکەن.” کەمال ئەتاتورک لە کاتی دانوستانەکانی ئاشتیدا بەم وتارەی ڕایگەیاند کە نەخشەڕێگەکەمان بریتییه‌ له‌ پەیمانی نەتەوەیی (میساقی میللی).
ئەگەر دووبارە بگەڕێینەوە بۆ سەر بابەتەکەی خۆمان، کە هێشتا وتووێژەکان سەبارەت بە لۆزان دەستیپێنەکردبوو، بە پێی پەیماننامەی مۆسکۆ کە لە ١٦ی ئازاری ١٩٢١ واژووکراوە، باتوم بۆ گورجستان و بە پێی ڕێکەوتننامەی ئەنقەرە کە لە ٢٠ی تشرینی یەکەم واژووکراوە، سوریا و لوبنان بۆ فەڕەنسا بەجێهێڵرا. لەگەڵ ئەوەی ئەم پەیماننامانە بە پەلە و پێچەوانەی پەیمانی نەتەوەییەوە بەسترا، بەڵام ئامانجی سەرەکی بریتی بوو لە ناساندنی حکومەتی نوێی ئەنقەرە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لە شەڕی سەربەخۆیی دژی داگیرکارییه‌كانی یۆنان لە بەرەی ڕۆژئاوا، فەرماندەی گشتی دوای شکستی یەکلاییکەرەوەی سوپا له‌ شه‌ڕی مەیدان لە ٣٠ی ئابدا، لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ ئاگربەستی مودانیا لە نێوان تورکیا و ٣ دەوڵەتی هاوپەیمانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیادا واژووکرا. دوای واژووکردنی ئاگربەست، حکومەتی ئەنقەرە لەگەڵ حکومەتی ئەستەنبوڵ بانگهێشتکران بۆ کۆنفرانسی ئاشتی کە بڕیار بوو لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢ لە شاری لۆزان لە سویسرا بەڕێوەبچێت. لە ١ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢ پەرلەمانی ئەنقەرە لە دانیشتنی خۆیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سوڵتانیەتی دا. بەم شێوەیە حکومەتی ئەنقەرە بوو بە تاکە دەسەڵات بۆ نوێنەرایەتیکردنی تورکیا و شاندێک بە سەرۆکایەتیی ئیسمەت ئینۆنۆ بەشداریی لە دانوستانەکانی لۆزاندا کرد.
ئامانجی ئەو شاندەی لەلایەن حکومەتی ئەنقەرەوە نێردرابوون، بریتی بوو لە بەدیهێنان و خستنەکاری پەیمانی نەتەوەیی (میساقی میللی). عیسمەت ئینۆنۆ وەک سەرۆکی شاندەکە، زانیاری و توانایەکی وەهای نەبوو کە دانوستانێکی دیبلۆماسیی نێودەوڵەتی بەو قەبارەیە بکات. هۆکاری هەڵبژاردنیشی وەک سەرۆکی شاندەکە، بە وتەی خۆی دڵسۆزییەکەی بووە بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورک. جگە لەوەش، بە هۆی ئەوەی تەلەگرافە ڕاوێژکارییەکانی شاندەکە کە لەگەڵ ئەنقەرە دەیکرد، لەلایەن هەواڵگریی بەریتانیاوە دەستیانبەسەرداگیرا، تەلەگرافەکە هەمیشە دژی ئەوان کاریدەکرد.
لە میانەی سەرەتای دانوستانەکان لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢، لە پەرلەمان بەرەی ئۆپۆزسیۆن دژی نوێنەرانی تورکیا لە گفتوگۆکانی پەیماننامەی لۆزان دروستبوو. بۆ ڕێگری لەم بەرەیە لەگەڵ دەرکردنی یاسای خیانەتی نیشتیمانی (Hıyaneti VataniyeKanunu) پاشکۆیەکیش بۆ یاساکە زیادکرا و بەم جۆرە لە ڕێگەی یاساوە ڕێگری لە هەر کەس و پەرلەمانتارێک کرا کە ڕەخنە لە حکومەت و پەرلەمان بگرێت و وەک خیانەتی نیشتیمانی هەژمارکرا. کوشتنی عەلی شوکر و پەرلەمانتاری شاری ترابزۆن لە ئازاری ١٩٢٣ هەر بۆ هەمان مەبەست بووە و بەم جۆرە بەرەی ئۆپۆزسیۆن ترسێنرا و بێدەنگکران. لە ئەنجامدا و دوای ٨ مانگ لە دانوستان، لەلایەن لایەنەکانەوە پەیمانی لۆزان لە ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣ واژووکرا. بە هۆی ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی واژووکردنی بە عیسمەت ئینۆنۆ نەدا، مستەفا کەمال خۆی وەک سەرۆکی پەرلەمان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان واژووی لە سەر پەیماننامەکە کرد.
بۆ بەدیهێنانی پەیمانی نیشتیمانی لە کۆبوونەوەی ئاشتیدا، موسڵ، کەرکوک، سلێمانی، حەلەب، هاتای، تراکیای ڕۆژئاوا و دوازدە دوورگە کرانەدەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیا. تورکیا دەستیکرد بە سەرۆکایەتیکردنی ئەو شاندە نێودەوڵەتییەی کۆنترۆڵی گەرووەکان دەکات، بەڵام دووبارە بۆ ئه‌وه‌ی دەسەڵاتی سەربازیی هەبێت لە سەر گەرووەکان، نەیتوانی مافی ئەوە بەدەستبهێنێت. تورکیا بە پێی مادەی ١٦ی پەیمانی لۆزان دەستبەرداری هەموو ئەو ماف و گرنتییانە بوو كه‌ لە سەر ئەو زەوییانەی لە دەرەوەی سنوورەکانی هەیبوو، کە لەو پەیماننامەیەدا دیاریکرابوون، کە ڕەنگە تاکە سەرکەوتنی شاندەکە ده‌ستهەڵگرتن بووبێت له ‌سه‌ر ناوچە تەسلیمبووەکان.
ڕوون و ئاشکرا بوو کە پەرلەمانی یەکەم پەیمانی لۆزانی پەسەندنەدەکرد. پەرلەمان هەڵوەشایەوە و لە ١ی نیسانی ساڵی ١٩٢٣ بڕیاری هەڵبژاردن درا. ئەو پەرلەمانەی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٢٣ پێکهێنرا و زۆرینەی ئۆپۆزسیۆنەکانی لێ دوورخرایەوە، لە ٢٣ی ئابی ١٩٢٣ پەیمانی لۆزانی پەسەندکرد. دوای پەسەندکردنی پەیماننامەکە، ئینگلیزەکان سەربازەکانیان لە ئەستەنبوڵ کشاندەوە. دوابەدوای ئەمەش لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ ئەنقەرە کرا بە پایتەختی تورکیا و لە ٢٩ی هەمان مانگدا کۆماری نوێی تورکیا ڕاگەیەنرا. هەموو جۆرە قسەوباس و نوسینێک کە لە دژی لۆزان بێت، قەدەغەکرا. لە ٣ی ئازاری ١٩٢٤ خەلافەت هەڵوەشێنرایەوە و هەموو ئەندامانی شانشینی عوسمانی بۆ دەرەوەی وڵات دەرکران.
ئینگلیزەکان دوا وڵات بوون کە پەیماننامەکەیان پەسەندکرد، چونکە ئینگلیزەکان چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بوون تاوەکو پرسی موسڵ ڕەوانەی کۆمەڵەی گەلان کرا و لە هەمان ڕۆژدا، واتە ٦ی ئابی ١٩٢٤ پەیماننامەکەی پەسەندکرد. لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتە شکستخواردووەکانی دیکەدا کرا، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە چاوەڕوانیدا هێڵرایەوە. بێگومان دەبوو هۆکارێک هەبێت بۆ ئەم چاوەڕوانییە.

لە پێناو واژووکردنی پەیماننامەی لۆزان لە تورکیا ڕێگە لە هەر جۆرە هەوڵێکی ڕەخنەگرتن لە وەفدی تورکیا گیراوە، هەر بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٢٢ لەگەڵ دەرکردنی یاسای خیانەتی نیشتیمانی (Hıyaneti Vataniye Kanunu) پاشکۆیەکیش تایبەت بە ڕێگری لە ڕەخنەگرتن لە حکومەت و پەرلەمان زیادکرا، بەم جۆرە لە ڕێگەی یاساوە ڕێگری لە هەر کەس و پەرلەمانتارێک کرا کە ڕەخنە لە حکومەت و پەرلەمان بگرێت و وەک خیانەتی نیشتیمانی هەژمارکرا.

نامەیەکی زۆر تایبەتی لۆرد کۆرزۆن بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورک لە ساڵی ١٩١٩
لەو نامە تایبەتەی لۆرد کۆرزۆنی وەزیری کاروباری دەرەوەی بەریتانیا بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورکی ناردبوو، وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەستدەکەوێت کە بۆچی بۆ بەستنی پەیماننامەیەکی ئاشتی لەگەڵ تورکیا ٦ ساڵ ئەو وڵاتە لە چاوەڕوانیدا هێڵرایەوە.
سەبارەت بە پابەندبوونی تورکیا بە مەرجەکانی ئاگربەستی مۆندۆرۆسەوە، موقەدەم ڕاولینسۆن کە لە سوپادا پلەی سەربازیی هەبوو، لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩١٩ پێش ئەوەی لەندەن بەجێبهێڵێت، لەلایەن لۆرد کورزۆنەوە ڕاسپێردرا بۆ ڕێکخستنی گفتوگۆی نافەرمی و ناحکومی لەگەڵ مستەفا کەمالدا.
ڕاولینسۆن پێش ئەوەی لەندەن بەجێبهێڵێت، لە چاوپێکەوتنەکەیدا لۆرد کورزۆن ڕێنماییدەکات کە بتوانێت جارێکی دیکە مستەفا کەمال ببینێتەوە، بۆئەوەی زانیاری بەدەستبھێنێت لە سەر ئەوەی بە کام مەرج ڕازیبوون بە ئاشتی و ئایا ئامادەن و ڕازین ئاشتی بە مەرجێکی تر قبوڵبکەن، جگە لەو مەرجانەی کە ئاماژەیان پێ کراوە لە جاڕنامەی کۆنگرەی ئەرزڕۆمدا. ڕاولینسۆن لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٩ و لە کاتی گەڕانەوە بۆ ئەرزرۆم چاویکەوت بە کازم کارابەکر و بە ناوی حکومەتی بەریتانیاوە پەیامی لۆرد کورزۆنی بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورک نارد. کازم کارابەکریش بە تەلەگرافێکی کۆدکراو نامه‌ی بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورک نارد و وتی: “تایبەت بە بەڕێزتان. ئەرزروم؛ ٢٩/١٢/١٩١٩، بۆ جەنابی مستەفا کەمال ئەتاتورک. داواتان لێ دەکەین زۆر بە نهێنی بیهێڵنەوە.”
دەتوانرێت گفتوگۆ درێژەکە بەم شێوەیە کورتبکرێتەوە؛ لۆرد کورزۆن لە پەیامەکەیدا وتی: هۆكاری ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا نەتوانراوە پەیماننامەیەکی ئاشتی ببەسترێت، هێشتا حکومەتێکی بەهێزیان لە تورکیا نه‌بینیوه‌ و حکومەتی ئێستای ئەستەنبوڵیش ئەوەندە بەهێز نییە، هەر بۆیە مستەفا کەمال ئەتاتورکیان وەک متمانپێكراوێكی میللەت بینیوە و پێویستە مستەفا کەمال بەشداریی کۆنفرانسی ئاشتی بکات. هەروەها کورزۆن لە پەیامەکەیدا وتی: پارتە زۆر بەهێزەکانی بەریتانیا بە توندی لەگەڵ پاراستنی بوونی تورکیا و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی تورکیادان، بڕوایان وایە ئارامیی کۆڵۆنییەکانی بەریتانیا لە ئاسیادا تەنها بە دەستەبەرکردنی ئەم سەربەخۆییە بۆ تورکیا دەبێت. حکومەتی بەریتانیاش ئەمە پەسەنددەکات و ڕێگە بە خواستی دەوڵەتانی تر بۆ دابەشکردنی تورکیا نادات، ڕایگشتیی به‌ریتانییه‌كان دژی یۆنانییەکانە و یۆنانییەکان لە ئیزمیر دەکرێنەدەرەوە. وتیشی: مەحاڵە ئەرمەنییەکان بتوانن لە خاکەکانی ئەنادۆڵدا حکومەتێک دروستبکەن و بەریتانیا بەڵێنی پاراستنی تورکیا دەدات و کار بۆ سەربەخۆیی و گەشەسەندنی ئابوورییەکەی دەکات، بەڵام لۆرد کورزۆن لە پەیامەکەیدا ئەوەی ڕاگەیاندووە دوای ئەوەی ئەوان بەرگەی قوربانیدانی زۆریان گرت، ترسی ئەوەیان هەبووە کە ڕۆژێک تورکیا لایەنگریی دوژمنانی بەریتانیا بکات. هەر بە هۆی ئەم ترسەوە بەریتانیا دەیویست ڕێککەوتنێک لەگەڵ کەسانێک لە تورکیا بکات کە بە ڕاستی دۆستی ڕاستەقینەی بەریتانیا بن، بێگومان پێویست بوو ئەم کەسانەش کاریگەرییان لە سەر نەتەوەی تورکیا هەبێت. هەروەها دەیانویست “بەڵێن” لە کەسانێک وەربگرن کە دڵسۆز بن بۆ قسەکانیان و دژە بەریتانیا نەبن، لە بەرانبەر ئەو چاکەیەی بە ناوی میللەتەوە دەیکەن.
لۆرد کورزۆن هیوا و بڕوای وا بوو لە ڕێگەی ڕاولینسۆنەوە دەگەنە ڕێککەوتن و حەزیدەکرد بۆچوونەکانی مستەفا کەمال ئەتاتورک سەبارەت بە جیاکردنەوەی خەلافەت و دەسەڵات و گۆڕانی بۆ کۆماری، هەروەها گواستنەوەی حکومەتی ناوەندی لە ئەستەنبوڵەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە بزانێت. بە بڕوای ئەو، بەو پێیەی تورکیا لە شاری ڕومێلیا کشابووەوە، ئێستا ئیتر توركیا حکومەتێکی ئاسیایە، ناتوانرێت لە ئەستەنبوڵەوە ئەنادۆڵ بەرێوەببرێت و پێشبخرێت، هەر بۆیە پێویستە پایتەخت لە ئەستەنبوڵەوە بگوازرێتەوە بۆ ئەنادۆڵ.

لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتە شکستخواردووەکانی دیکەدا کرا، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەی 6 ساڵ لە چاوەڕوانیدا هێڵرایەوە. بێگومان دەبوو هۆکارێک هەبێت بۆ ئەم چاوەڕوانییە.
لە ٨ی کانوونی دووەمی ١٩٢٠ مستەفا کەمال ئەتاتورک بە کۆدێک وەڵامی تەلەگرافەکەی کازم کارابەکری دایەوە، کە لە ڕێکەوتی ٢٩ی کانوونی دووەمی ١٩١٩ بۆی ناردبوو. لەم تەلەگرافەدا بەرپرسان بانگهێشتدەکرێن کە بێنە ئەنقەرە بۆ ئەوەی بە ناوی حکومەتی ڕاولینسۆنەوە گفتوگۆبکەن، بەڵام بەو پێیەی ڕاولینسۆن لەلایەن حکومەتەکەیەوە بۆ پەیوەندیی نافەرمی ڕاسپێردرابوو، دەسەڵاتی ئەوەی نەبوو بە ناوی بەریتانیاوە کۆببێتەوە، هەر بۆیە دیدارە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ مستەفا کەمال ئەتاتورکدا نەکرا. دواتر خواستی لۆرد کورزۆن لەو پەیامەی بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورکی ناردبوو، دەرکەوت. خەلافەت و سوڵتانیەت لە ١ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢ جیاکرانەوە، لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ پایتەخت لە ئەستەنبوڵەوە بۆ ئەنادۆڵ گواسترایەوە، لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ کۆماری نوێی تورکیا ڕاگەیەنرا و لە ٣ی ئازاری ١٩٢٤ خەلافەت هەڵوەشێنرایەوە.
دوای ئەوەی هەموو خواستەکانی بەریتانیا جێبەجێکرا، ئیدی لە ٦ی ئازاری ١٩٢٤ پەیماننامه‌ی لۆزانی پەسەندکرد، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کەسێکی دەسەڵاتدار بە نوێنەرایەتیی حکومەتی بەریتانیا دانراوە بۆ دانوستان و لە پشتەوە کاری دیبلۆماسیی کردووە.

ئایا پەیماننامەی لۆزان ماددەی نهێنیی تێدایە؟
لۆرد کورزۆن لە بەڕێوەبردنی بەشی یەکەمی دانوستانەکانی لۆزان لە نێوان ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢ و ٤ی شوباتی ١٩٢٣ خۆی نوێنەرایەتیی بەریتانیای دەکرد. عیسمەت ئینۆنۆی سەرۆکی شاندی تورکیاش بە دیبلۆماتکارێکی دڵسۆز بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورک و بە تایبەت لەلایەن ئەتاتورکەوە وەک نوێنەری تورکیا ڕێگەی پێ دراوە و ناسرابوو. تاوەکو ئەو کاتەی کورزۆن لە ساڵی ١٩١٩ داوای گفتوگۆی نهێنیی لەگەڵ مستەفا کەمال پاشادا کردبوو، بەڵێنیدابوو کە بەریتانیا کار بۆ پاراستن و مانەوەی تورکیا و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی و گەشەسەندنی ئابووریی ئەو وڵاتە بکات. دوای ٨ مانگ لە دانوستان، هاوپەیمانه‌كان ئەوەی ویستیان، بەدەستیانهێنا. ئێمە لێرەدا تەنها ئەو دڵنەواییەمان بۆ مایەوە کە ئەوانەی لە ژێر دەستمان بوون و تەسلیممانبوون، دەرهێنران.
بەو پێیەی داواکارییەکانی لۆرد کورزۆن لەو پەیامەی کە ناردبووی، یەکبەیەک جێبەجێکراون، جێگەی قسەلەسەرکردن نییە کە دڵنیایی پێ دراوە لەوەی دۆستی بەریتانیا بێت و دژی ئەوان مامەڵەنەکات. تەنانەت ئەمانەی کە باسدەکرێن، ئەوە دەردەخەن کە دانوستانەکانی لۆزان شەفاف نەبوون و جگە لە پەیماننامە واژووکراوەکە، بەڵێننامەی دیکەش هەبووە. لە قۆناغەکانی داھاتوودا ئەوە دەردەکەوێت کە ئایا هیچ بڕگەیەک لە پەیمانی لۆزان کە بە ساڵی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا ناودەبرێت، ھەیە تاوەکو ئێستا بۆ ڕایگشتی ئاشکرانەکرابێت یاخود نا.

لە سەر داواکاریی لۆرد کۆرزون؛ خەلافەت و سوڵتانیەت لە ١ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢ جیاکرانەوە، لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ پایتەخت لە ئەستەنبوڵەوە بۆ ئەنادۆڵ گواسترایەوە، لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ کۆماری نوێی تورکیا ڕاگەیەنرا و لە ٣ی ئازاری ١٩٢٤ خەلافەت هەڵوەشێنرایەوە.

دوای ماوەیەکی زۆر کەم لەو پەیماننامەیەی کە بە ناوی ساڵی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە ناونراوە و بەو شێوە پێشکەشکرا، کاتێک سەیری ئەو سیستەمە دەکرێت کە پشتبەستوو بە ڕۆژئاوا هێنرابوو، لە بوارەکانى گۆڕانکاریی بونیادی دەوڵەت، ئینقلابی ئەلفوبێ، هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، گۆڕینی سیستەمی یاسایی بە یاسای ڕۆژئاوایی و پۆشینی جلوبەرگ، ناکرێت لە ناوخۆدا گۆڕانکاری و هەڵگەڕانەوەیەکی بەو شێوە خێرایە بە ویستی خۆمان ئامادەکرابێت.
لە ڕاستیدا کازم کارابەکر بۆچوونی تایبەتی خۆی سەبارەت بە داواکارییەکانی لۆرد کورزۆن لە مادەی سێیەمی تەلەگرافنامەکه‌دا بەم شێوەیە خستووەتەڕوو: “خەلافەت و دەسەڵات لە یەکتر جیانابێتەوە، لە ناو ئێمەدا ئیدارەی کۆماری دروستنابێت و حکومەتی ناوەندی ناتوانرێت لە ئەستەنبوڵەوە بگوازرێتەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، پێچەوانەی ئەمانە پەسەندکراو نییە بۆ نەتەوەکەمان. لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت لە چاوپێکەوتنەکانی دیکەمدا بە ڕێزەوە، زۆر بە باشی بۆیان ڕووندەکەمەوە.” لەگەڵ ئەوەی تەنانەت کازم کارابەکر لە سەرکردایەتیی بزوتنەوەی نەتەوەیی بوو، ئەم گۆڕانکارییانەی بە مەحاڵ نەدەبینی.
هەمیشە پرسیارکراوە و ئەم پرسیارانەش بەردەوامدەبێت کە بۆچی لە کۆمەڵگەکەماندا گۆڕانکاریی ڕیشەیی پێویستی بە یاسای شۆڕشگێڕانە هەبوو؟ به‌ تەواوه‌تی له‌ناوبردنی دەوڵەتی عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ لە ئەنادۆڵ بە ژەهری ڕۆژئاوا، لە سەر چ بنەمایەک بووە؟
ئه‌م جۆره‌ پرسیارانه‌ به‌رده‌وامدەبێت تاوەکو ئەو کاتەی ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆمان یان ئەو گۆڕانکارییە مێژووییانەی دۆخەکانی داهاتوو دروستیده‌كه‌ن، ڕاستییەکان به‌ بەڵگە دەخرێنهڕوو.
لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە لێرەدا ئاماژە بۆ ئه‌وه‌ بكرێت کە ئایا لەناوبردنی هەموو بەهاکانی دەوڵەتی عوسمانی کە زیاد لە ٤٠٠ ساڵ تەمەنی هەبوو و دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێ لە سەر ئەم خاکە، بە پێی یاساکانی فەڕەنسا، بەریتانیا و ئیتاڵیا پلانی ئەو سەرکردە نوخبە پێشەنگانە بوو كه‌ لە جەنگی سەربەخۆییدا لە سەر حیسابی ژیانی خۆیان خەباتیانکرد بۆ پاراستنی ئەم خاکە، یاخود سەرکەوتنی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بوو کە بۆ ماوەی هەشت مانگ خۆیان ڕاگرت، تاوه‌كو به‌ خواسته‌كانیان بگه‌ن؟
کاتێک تەماشای بزوتنەوە سیاسییەکانی ئەمڕۆ دەکەین، بەو پێیەی تەنها لە دروستکردنی هاوپەیمانییەکی هەڵبژاردندا ماددەی نهێنی دەبێت، ئەی بۆچی بیر لەوە نەکەینەوە ڕەنگە بڕگە و ماددەی زۆر نهێنی هەبێت لە دروستکردنی دەوڵەتێکی بچووکی نوێ لە سەر پێوەرەکانی ڕۆژئاوا، ئەمەش بە ئامانجی لەناوبردن و لە ڕەگەوە هەڵوەشاندنەوەی ئیمپڕاتۆریەتێکی گەورەی وه‌ك عوسمانی.

ئەنجام
بە لەبەرچاوگرتنی قۆناغە مێژووییەکان دەتوانین ئەوە بڵێین کە زۆرێک لەو کەسانەی لۆزانیان پیرۆزکرد و بە پەیماننامەیەکی دەستلێنەدراو ناساندیان، ترسی هەڵوەشانەوە لە نیەتیاندا نەبوو. ئەوەی وا دەکات هەوڵی پاراستن و نەگۆڕانی لۆزان بدرێت، بریتییە لەو بەڵێنانەی لە کاتی دانوستانەکانی لۆزاندا بە بەریتانیا دراون. پاراستنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە بە پێی داواکاریی بەریتانییەکان کراون، بریتییە لەوەی گەلی تورکیا دژی بەریتانیا نەوەستێتەوە.

بە هۆی ئەوەی نزیکەی سەدەیەک دەبێت هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە لە ڕێگەی پیرۆزکردن و دووبارەکردنەوە و بە زۆر پێلەبەرکردن، مێژوویی نەتەوەی تورک بەستوویەتی، ئاسۆکانی بەرتەسککراونەتەوە، لە جوگرافیا و مێژوو و بەها باڵاکانی خۆی نامۆ و بێگانەکراوە، تەنانەت ئەو خەڵکانەی بەشێک بوون لە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، لە مێشکی تورکەکاندا وەک دوژمنیان لێ کراوە. ئیدی نزیکدەبینەوە لە سه‌رده‌می تێکشکاندنی لەبەرکردنی کوێرانە و خوێندنەوەی سەرلەنوێی مێژوو بە شێوەیەکی دروست.

١-مەبەست لە کۆماری نوێی تورکیایە.
٢-مەبەست لە خاکی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و دواتریش تورکیای ئێستایە.
٣-یەکێکە لە شارە گەورەکانى تورکیا لە باشووری خۆرئاوای وڵاتەکە و زۆر نزیکە لە یۆنانەوە.
٤-دوو شاری گەورەن لە خۆرئاوای تورکیا و دەکەونەسەر سنوورەکانی ڕۆمانیا.
٥-ئێستا پایته‌ختی ئه‌رمه‌نستانه‌.

___________________
لینكی بابەتەكە:
Sinan Tavukçu, Lozan Antlaşması’nın Kutsiyeti var mı? Stratejik Düşünce Enstitüsü, 28.07.2023.
https://www.sde.org.tr/sinan-tavukcu/genel/lozan-antlasmasinin-kutsiyeti-var-mi-kose-yazisi-34576.

 

Send this to a friend