• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 8, 2023

ئێران و ساڵێکی نوێی جیاواز

بارام مەجیدخان

ساڵی ٢٠٢٢ بە وتەی بەرپرسانی ئێران قورسترین ساڵی مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. هیچ کات، کیان و بوونی ئەو کۆمارە و شۆڕشەکەی وەک ئێستا نەکەوتووەتە بەر هەڕەشەی بەرەو هەڵدێر چوون. ئێران لە سەرەتادا بێ کاردانەوە بوو بەرامبەر سەرهەڵدانی جەماوەری ناڕازی، بەڵام پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سەد ڕۆژ لە بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان، ئەو کاردانەوانەی ئێران بەرامبەر بە دەستگیرکراوان چوارچێوەی مەترسییەکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. سەرەڕای باری ئابووری خراپ و داڕمانی نرخی دراوی ئەو وڵاتە، ئاسۆیەک بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی کێشەکانی خەڵک لە ئارادا نییە. تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی خەڵک و پێکدادانی بەها کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک و حکومەت لە ژێر دروشمی “ژن-ژیان-ئازادی” وەک هەوێنی ناڕەزاییەتەکان، توانییان بەردەوامی بە خۆپیشاندانەکان بدەن.

ڕۆیتەرز لەمەڕ هەلومەرجی ئێران لە ساڵی ٢٠٣٣ نوسیویەتی : “کۆماری ئیسلامیی ئێران بە وتەی شرۆڤەکارانی سیاسی توشی شتێک دەبێت کە پێی دەڵێن: “پرۆسەی شۆڕشگێرانە” وای دەخوێنمەوە، کە زیاتر مەبەستی ئاگر خۆشکردنە بۆ ساڵی نوێ و خوازیاری پەرەسەندنی زیاتری ناڕەزاییەکانی خەڵک بێت. پرۆسەی شۆڕشگێرانە وشەیەکی ئاڵۆز و پڕ پێچ و پەنایە کە بە بێ شیکردنەوەی بابەتەکە بەکاری هێناوە. بەڵام ئەوەی کە بەڕێوەیە ئەوەیە کە هێشتا دەنگی ناڕازی خەڵک بەردەوامی هەیە. بەشێکی خەڵکی ئێران لە گەڵ جێبەجێکردنی سزای قورسی لە سێدارەدان و زیندانی کردنی درێژ خایەن هێشتا لە گۆشە و کەنارەکانی ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بە شێوازی جیاواز بەردەوامییان هەیە. کارلێکی نێودەوڵەتیش وەک فاکتەری دەرەکی، کە دەسەڵاتدارانی ئێران بە دەستی دەرەکی ناوی دەبەن، کاریگەری بە سەر کێشە ناوخۆییەکانی ئێرانەوە بە ڕونی دیارە. کێشە ناوخۆییەکان لە ڕەهەندی جیاوازەوە دەکرێت شرۆڤە بکرێن و سیما و ڕووخساری ئێرانی ٢٠٣٣مان زێدەتر بۆ بەدیار بخات، کە بریتین لە:

  • سیاسەتی یەکێتی ئەورووپا بەرامبەر بە ئێران لە سەر دو ئاست باش نییە. ئاستی یەکەم: فرۆشتنی درۆنی شەڕکەر بە ڕووسیا لە لایەن ئێرانەوە لە شەڕی ئۆکرانیا. ئەمە یارییەکی مەترسیداری ئێرانە لە ئەورووپا. ڕووسەکان کە یەکێک لە گەورەترین زلهێزەکانی جیهانە، ناچێتە عەقڵەوە پێویستی بە چەکی ئێران هەبێت. بەڵکو ئامانجی شاراوەی ڕووسیا پەلکێشکردنی ئێرانە بۆ جەنگی ئۆکرانیا و دژایەتی یەکێتی ئەورووپا. ئەمەش پەیوەندی ئێران و یەکێتی ئەورووپای بەرەو لێڵی و تاریکی دەبات. ئاستی دووەم دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانە کە یەکێتی ئەورووپا خوازیارە ڕۆڵی هەبێت. هەرچەندە ڕۆڵی یەکێتی ئەورووپا هاوشانە لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا لەو دۆسیەیەدا. خۆپیشاندانەکانی ئێران هەر زۆ کاردانەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپای وەک نەریتێکی پارێزگارانە بە دوای خۆیدا هێنا. بە تایبەت فەرەنسا و ئەڵمانیا هاوسۆزن لەگەڵ خۆپیشاندەران. ئەمەش مایەی نیگەرانی ئێرانە. ئاسۆی پەیوەندی ئێران و یەکێتی ئەورووپا پەیوەستە بە ڕادەی پابەندییەکانی ئێران بە مافی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان. پێناچێت ئێران شلگیر بێت لە باشترکردنی ئەو پەیوەندییانە لە کاتی ئێستادا. لەبەرئەوەی ئاڕاستیەک لە ناو حوکمڕانی ئێران پێێان وایە ئەورووپا بۆ ئێمە گرنگ نییە!
  • دۆسیەی ئەتۆمی ئێران لە ژێر بەستەڵکی وڵاتانی ٥+١ هەروا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە. ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی هێشتا گومانی قورسی هەیە لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران. ڕاپۆرتەکانی ئاژانس بۆ ئێران دڵخۆشکەر نین. دڵ ساردی ئێران لە سیاسەتە ناوچەییەکانی ئەو وڵاتە گۆشەگیری زیاتری ئێرانی لە کێشە نێودەوڵەتییەکان بە دوادا دێت. پیتاندنی یۆرانیۆمی ٦٠٪ لە لایەن ئێرانەوە هەمیشە وەک کارتی گوشار بە کارهاتووە. بەڵام کاردانەوەی ئەمریکا بەو کردارەی ئێران ئەوە بوو کە” پیتاندنی یۆرانیۆمی ٦٠٪ هیچ خزمەتێک بە دۆسیەی ئەتۆمی ناکات و ئەمریکا ئامادە نییە هیچ ئیمتیازێکی نوێ بدات بە ئێران” ئەمە هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکایە. ساڵی ٢٠٢٣ پێدەچیت ساڵێکی یەکلاکەرەوە بێت بەرامبەر دۆسیەی ئەتۆمی. بە تایبەت کە ئێستا هەلومەرجی ڕووسیا لە سیستەمی جیهانی باش نییە و ڕووسیا تاکە پشتیوانی ئێرانە لەو دۆسیەیەدا، ئەویش بە وەرگرتنی ئیمتیاز لە ئێران.
  • سەرکەوتنی بنیامین نەتنیاهو حیزبی لیکود، بە هاوکاری هێزە ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیل و چوونە سەر ڕێچکەی پێکهێنانی پەڕگیرترین حکومەتی مێژووی ئیسرائیل زەنگێکی مەترسییە بۆ سەر ئێران. بەشێک لە پسپۆڕانی ئەو وڵاتە، وەک زەیدئابادی کە خۆی شارەزای ئیسرائیلە، ئەو مەترسییە ناشارێتەوە و زەنگی ئاگادارکردنەوەی بۆ حکومەتی ئێران لێداوە. گوشارە ناوچەییەکان و هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکە و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆش ئەگەر بە ڕێژەیەکی کەمیش بێت لە ئارادایە. ئێران پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو باش نییە. لە دو بەرەوە کەنداو دژی هەژموونی ئێران و چالاکییە ئەتۆمییەکانیەتی. لە بەرەی ڕێککەوتن لەگەڵ چین و بەرەی ئیسرائیل- ئەمریکا.
  • چین هاوبەشێکی ئابووری و سیاسی گرنگە بۆ ئێران. دوا سەردانی سەرۆکی چین بۆ ناوچەی کەنداو ئێرانی ڕووبەڕووی شۆکێکی گەورە کردەوە. پشتیوانی چین لە داوای وڵاتانی کەنداو لە دژی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و بابەتی دورگەکانی جێی ناکۆکی ئێران و کەنداو وەزارەتی دەروەی ئێران کاردانەویەکی توندی هەبوو بەبێ ناوهێنانی چین. ئەمەش ناڕەزایەتی ئیلیتی سیاسی ئێرانی بە دوای خۆیدا هێنا.
  • کێشە ناوخۆییەکانی ئێران لە ژێر کاریگەری سێ گوتاری گرنگ تا ئێستا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە. دیسکۆرسی ئازادییە مەدەنییەکان و بابەتی باڵاپۆشی بە چارەسەر نەکراوی ماونەتەوە. پێ ناچێت حکومەت ئیرادەیەکی بۆ چارەسەری ئەم بابەتە هەبێت. لۆجیکێکی باڵادەست پێیوایە هەر چەشنە پاشەکشەیەک لەم بابەتە دەرگا واڵا بۆ خواستی زیاتر و لە بەریەک هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ئەخلاقی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات. ئەم گوتارە لە تاران و شارە گەورەکانی ئێران زۆر بەهێزە. گوتاری ئیتنیکی، بە تایبەت گەلی کوردی ڕۆژهەڵات وەک بزوێنەری ئەم گوتارە هاوسۆزە لەگەڵ ئیتنیکی و مەزهەبییەکانی سیستان و بەلوچستان. گوتاری ئایدۆلۆجی کە خۆی لە بیروڕای سیاسی نوخبە و سیاسییەکانی ناخۆ و دەرەوەی وڵات کە پێداگرن لەسەر مافی دیموکراتی و ئازادییە سیاسییەکان. دورنمای ئێران لە ساڵی نوێدا چ لە ڕووی کێشە ناوخۆییەکانی کە ئاسۆیەک بۆ چارەسەریان نییە و هەم کێشە نێودەوڵتییەکانی کە لە بازنەیەکی داخراودا ماونەتەوە. ئێرانناسی لەم وەرزەی خۆیدا چاوی خستووەتە سەر بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و بە چەندین لێکۆڵێنەوەی ورد هەوڵی ناساندنی ئەو کێشانە دەدات.

 

 

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٦)، ساڵی دووەم، كانونی دووەمی 2023

Send this to a friend