• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 9, 2023

دەروازەیەک بۆ شیکردنەوەی پرسی حیجاب لە ئێران لە ڕوانگەی ئایینی و سیاسییەوە

توێژەر: تەحسین وسو عەبدوڵڵا

ماستەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

١- بەرایی

مشتومڕ و گفتوگۆ دەربارەی پرسی حیجاب لە ئێران ناکرێت وەک پرسێکی نوێ و تازە لێی بڕوانرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەر لە شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩ ئەم پرسە جێگەی تێڕامان و گفتوگۆ ئامێزبووە، بە دیاریکراویش لە سەرەتای سەدەی بیستەم بەتایبەت دوای دروستبوونی دەوڵەتی پەهلەوییەکان، بووە بابەتێکی گرنگی ڕۆژەڤی نێو کۆمەڵگەی ئێرانیی، بە جۆرێک ڕوانگەکانی دابەشی دوو بەرەی پێچەوانەوە و دژ بەیەک کردبوو، بەرەیەک بە تەواوی دژی پۆشین و لەبەرکردنی حیجاب بوون، ئەم بەرەیە خۆی لە دەسەڵاتی سیاسی و بەشێکی بەرفروان لە چینی ڕۆشنبیرانی کاریگەر بە کولتوور و ستایلی ژیانی ڕۆژئاوادا دەبینیەوە، ئاڕاستەکەی تر بریتیبوو لە نوخبەیەکی بارگاوی کراو بە کولتووری ئایینی کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێت حیجاب وەک ڕەمزێک بمێنێتەوە، ئەگەرچی ئەم بەرەیە بە بەراورد لەگەڵ بەرەی یەکەم زۆر لاواز و بێ کاریگەر بوون تاوەکو ڕووخانی ڕژێمی شا لە ساڵی ١٩٧٩و سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییی ئێران.  ئەم پرسە لە دوای ساڵی ١٩٧٩ گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە لە دەرئەنجامی کۆمەڵێک هۆکارەوە، کە گرنگترینیان سیاسەتی حکومەت و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییەکانی دوای شۆڕشی ئیسلامییی بووە. حیجاب بەدەر لە ڕەهەندە ئایینیەکەی بۆتە سیمبۆلێکی گرنگی سیستەمی سیاسی دوای شۆڕش، بە جۆرێک بە یاسا ئەم پرسە خراوەتە نێو سیاسەت، کە لە ڕاستیدا فەزای ئایینی و عەقیدەی خۆی تێپەڕاندووە. لە ئێستادا ئەم پرسە بۆتە جێگەی مشتومڕی زۆر لە ئێران، کە ڕەنگە مەسەلەی حیجاب وەرچەرخانی گەورە بەدوای خۆیدا بێنێت و  تێپەڕێت بۆ پرسەکانی تر. بە واتایەکی تر دوور نییە پرسی پۆشینی حیجاب هۆکارێکی سەرەکی بێت لە هەڵتەکاندنی ئەو سیستەمە ئایینییەی پەرەدە پۆشکراوە بە مەزهەب بەتایبەت لە دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە زیهنیەتی خەڵک هاتۆتە کایەوە لەم چەند ساڵی دوایدا.

پرسی حیجابی ناچاری، چ بە زۆر لەبەرنەکردنی بێت کە لە قۆناغی پێش شۆڕشی ئیسلامیی پەیڕەو کراو، یان بە زۆر لەبەرکردن بێت، کە لەدوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩ وەک پرەنسیپێکی سەرەکی و سیمبوڵی سیستەمی سیاسی شۆڕشی ئیسلامیی هەژمارکراوە، بە جۆرێک کە زۆرترین فۆکەسی دەسەڵاتی لەسەر بووە و بۆتە سیمبولی ناسینەوەی سیستەمی سیاسی وڵات.

دیدگای سەرەکی بە بەرگری لە سیاسەتی دەوڵەت دەکات بۆ پۆشینی حیجاب لە ڕوانگەی ڕەهەندێکی ئایینی پابەندکەر سەیری پرسەکە دەکەن لە ڕووی “فەرمانکردن بە چاکە و قەدەغەکردن یان دوور کەوتنەوە لە خراپە”، بۆیە لە دوای شۆڕشی ئیسلامییش ئەم پرسە بەپێی یاسا کراوەتە ئیجباری. بەڵام ئاڕاستەیەکی تر بەدی دەکرێت کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە  کە پرسی پۆشینی حیجاب لەبەرئەوەی بابەتێکی کەسییە و پێویست ناکات دەوڵەت یان دەسەڵاتی سیاسی دەستوەردان بکات و خەڵک ناچار بکات بە پۆشینی حیجابی زۆرملێ، بۆیە بە توندی ڕەخنەی لە ڕێوشوێنەکانی حکومەت دەگرێت دەربارەی پرسەکە، پێیوایە ناکرێت دەسەڵاتی سیاسی بەو جۆرە توند بێت، چونکە بە شێوەیەکی گشتی ئەم پرسە زیانێکی زۆری داوە لە پێگەی کولتووری و ئایینی  کۆمەڵگەی ئێران.

خاڵی سەرنجڕاکێشی لێکۆڵینەوە لەبارەی پرسی حیجاب خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە چیتر ته‌نها بابه‌تێكی عه‌قیده‌یی نییه‌، به‌ڵكو بۆته‌ ته‌وه‌رێكی سەرەکی  له‌ ململانێی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی ئه‌م وڵاته‌دا، لێرەوە گەڕانەوەی مشتومڕ لەسەر حیجاب لە چوارچێوەیەکی گرژ و ئاڵۆزیدایە چ لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا بێت یاخود ناوخۆدا بێت، بەڵام لە ئێستادا هۆشیاری و ئاگایی خەڵک بە گشتی دەربارەی پرسەکە نیشانەیەکی بەرچاوە لە پەرەسەندنە کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئاستی جەماوەریدا، کە جێگەی سەرنج و شایەنی بەدواداچوون و توێژینەوەی زانستی وردە.

هەرچەندە مشتومڕی حیجاب لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 150 ساڵی ڕابردوو کە  بەشێك بوو لە سیمبوڵ و دەربڕینی ناسنامەی ڕژێمە دەسەڵاتدارەكان، ڕەوتە سیاسییەکان و پەرەسەندنی دیدگا كۆمەڵایەتییەكان، بەڵام گەڕانەوە بۆ ئەم مشتومڕە لەم ئاڵۆزییەدا کە قۆناغێکی چارەنووسسازە لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ئاماژەیە بۆ پێشکەوتنی بەرچاو لە پێکهاتەی سروشتی ئایینی ئیسلامی و تێڕوانینی گشتی بۆ پرسی ئایین.

2- حیجاب لە ئێران؛ بابەتی مشتومڕی سەدە و نیوێک

نووسەر و مێژوونووسی ئێران ڕەسول جەعفەریان لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا کە  بە ناونیشانی “پەیامەکانی حیجاب”ە، ئامانجی سەرەکی خستنەڕووی پەیامی عەقیدەیی و بەشداری کۆمەڵایەتییە بۆ بەرگریکردن لە حیجاب. ناوبراو ئەو مشتومڕە سەبارەت بە حیجاب لە ئێراندا دەخاتە ڕوو، کە چۆن بووەتە بابەتێک لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فیقهییەوە. ئەو بیرۆکانەی لە میانەی پەرتووکەکەدا پێشکەشکراون ئاماژە بەوە دەکەن کە پرسی حیجاب لە چوارچێوەی مشتومڕی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان هاتۆتە ئاراوە، کە وڵاتانی ئەوروپا شاهیدی بوون و ڕوویان لە جیهانی ئیسلامی کردووە. سەبارەت بە ئێران، ئەم بابەتە بۆ چوار دەیەی بەر لە شۆڕشی دەستووری (١٩٠٥) دەگەڕێتەوە، پاشان لە سەردەمی ڕەزاشای پەهلەویدا فراوانتر بووە و ڕەهەندێکی سیاسی ڕوونتری وەرگرتووە[1].

ڕەزاشای پەهلەوی پێیوابوو کە ئەو حیجابەی کە لە زمانی فارسیدا پێیدەوترێت “چادۆر”، هۆکاری دواکەوتوویی ژنانی ئێرانە، زۆرێک لە مێژوونووسان بیرۆکەکانی بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە کاریگەری کەمال ئەتاتورک بووە دوای ئەوەی شا لە ساڵی ١٩٣٤ سەردانی تورکیای کردووە و سەرسام بووە بەو جۆرە کرانەوەیەی کۆمەڵگەی تورکی لەسەر دەستی ئەتاتورک دەستی پێکردبوو لە ژێر کاریگەری کولتووری ڕۆژائاوایی. لە بیرەوەرییەکانیدا “سەدری ئەشرەف”دا دەڵێت: “ڕەزا شا دوای سەفەرکردنی بۆ تورکیا قسەی زۆری کرد و هانی ژنانی دا کە حیجاب فڕی بدەن، لە پێناو کرانەوەی کۆمەڵگەی ئێرانی شانبەشانی دەوڵەتانی پێشکەوتوو لەڕووی کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە، وەک  ئاماژەدان بە پێشکەوتنە خێراکانی تورکیا”، کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانرا بوو کرانەوەیەکی بەرفراوان لە ستایلی ژیانی گشتیدا بهێنرێتە ئاراوە. ئەگەرچی ئاماژەی زۆر هەن  کە پێشتر هەڵوێستێکی دوژمنکارانە بەرامبەر بەو  پرسە بوونی هەبووە، بەڵام ڕەزا پەهلەوی  ئەو ڕێکەوتەی کردە ڕۆژێک کە ناوی لێنا “ڕۆژی ئازادی ژنان لە ئێران[2] “.

سەرەڕایی ئەوەی بەر لە هاتنی ڕەزا شای پەهلەوی، لە ئێران ژمارەیەک ژن هەبوون کە حیجابیان لابرد بوو، کە بەشێکیان شاعیر و ڕۆژنامەنووس بوون، وەک دەوڵەت ئابادی هاوڕێی ڕەزا شا کە لە بنەماڵەیەکەوە هاتبوو کە پشتیوانی شۆڕشی دەستووریان دەکرد، لە زانکۆی سۆربۆنی فەرەنسی خوێندنی تەواو کردبوو، بەبێ حیجاب دەچووە دەرەوە بۆ شەقامەکان و ئەوەی ڕاگەیاندبوو؛ “هەر ژنێک کە بە حیجابەوە سەردانی گۆڕەکەی بکات ئەوا لێیان خۆش نابن”. ئەمەش نموونەیەکی بەرچاوە لە ڕوانگەی ویستی کرانەوەی کۆمەڵگەی ئێرانی[3] .

هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا لە بواری فیقهی و فیکریدا شاهیدی شەپۆلێک کتێب و نامە بوو کە لە مەدرەسەی قوم و نەجەفدا باسیان لە بابەتی حیجاب کردووە و یەکێکە لە پرسە هەرە ئاڵۆزەکان بووە بەهۆی فرە ڕەهەندەکانییەوە: کە خۆی دەبینێتەوە لە ڕوانگەی شەریعەت، دابو نەریت و دیدگا نوێیەکانی (ڕۆژئاوایی)، کە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی حیجاب لە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ببەڕیتەوە بۆ دیاردەیەکی سیاسی.

پرسی نەبەستنی حیجاب لە چەند دەروازەیەکەوە هاتە ناو ئێرانەوە کە گرنگترینیان ئەمانەن:

 یەکەم: کرانەوە و بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی ڕۆژئاوایە لە ڕێگەی کردنەوەی قوتابخانەکانی ڕۆژئاوا بۆ کچان لە ئێران.

دووەم: دەروازەی جیهانی عەرەبییە، بە تایبەت گەڵاڵە میسرییەکان، کە لە ئێراندا بە خێرایی بڵاودەبوونەوە.

 سێیەم: دەروازەی  تورکیا، بەتایبەت دوای سەردانەکەی ڕەزاشا بۆ تورکیا لە ساڵێ ١٩٣٢ لە ڕێگەی پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆنی کۆمەڵگەی تورکی و کاریگەرییەکانی لەسەر ئێران.

 چوارەم: ئەو بیرۆکە نوێیانەی کە لە ڕێگەی هیندستانەوە دەگەیشتنە ئێران[4].

3- شۆڕش و حیجاب

لەگەڵ پەرەسەندنی شۆڕش و ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی پەهلەوییەکان، حیجاب سیمبوڵی ناڕەزایەتی بوو، ژنانیش دەستیان کرد بە پۆشینی حیجاب وەک هێمای شۆڕش لە دژی دەسەڵاتی شا[5]. بە جۆرێک ژنان لە سەرجەم ئاستەکان (نەخوێندوار، خوێندەوار، خوێندەواری باڵا) بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداریان لە شۆڕشی ئیسلامییدا کرد و چاودێرانیان سەرسام کرد. لە شەقامەکاندا خۆپیشاندانیان دەکرد و دروشمی دژە شا و لایەنگری ڕوحوڵڵا خومەینییان بەرز دەکردەوە. لێرەدا کۆمەڵێک پرسیار هاتنە پێشەوە لەوانە؛ ئەم ژنانە کێن؟ بۆچی پشتگیری ئەم سیستەمە دەکەن؟ دەیانەوێت چی بەدەست بهێنن؟ بڵاوبوونەوەی حیجاب لە نێو هەموو ژنانی ئێراندا یەکێک بوو لە دیارترین دەرکەوتەکانی دوو ساڵی پێش شۆڕش. لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشدا، “حیجابی ناچاری” بە خێرایی چوونە ناو چەقی ململانێی ناوخۆییەوە، لە نێوان لایەنگران و نەیاران[6].

 خومەینی لە ساڵی 1979 لە دیدارێكدا لەگەڵ قوتابیانی قوم وتی: “ژنانی موسڵمان دەبێ بە پەردەی ئیسلامییەوە بچنە دەرەوە، ژنان لە دۆخی پێشوودا هێشتا لە فەرمانگەكان كار دەكەن و دەبێ ستایلی خۆیان بگۆڕن. هەروەها ئاگاداركراومەتەوە كە ژنان لە دامەزراوەکان حیجاب ناپۆشن، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە،  ژنان دەتوانن بەشداری لە کاری کۆمەڵایەتیدا بکەن، بەڵام بە حیجابەوە[7]“.

مانگێک دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران خومەینی لە پرۆسەی دانانی دەستوور ڕەخنەی توندی لە جل و بەرگی ژنان لە ئیدارەکانی حکومەت گرتبوو[8] ،  کەچی چەند مانگێک پێش شۆڕش لە پاریس باسی لە پرسی ژن و حیجاب بەم شێوەیە کردبوو: “بە هیچ شێوەیەک جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا نییە بەڵام ژن لە ئیسلامدا ناچارە حیجاب بپۆشن، لەگەڵ ئەوەی مەرج نییە چادۆر بێت، بەڵکو دەکرێت هەر جلێک لەبەر بکات کە مەرجەکانی ئیسلام بگونجێت. ئێمە ناتوانین و ئیسلام نایەوێت بوکەڵە بێت و بەڵکو دەیەوێت کەسایەتی ژن بپارێزرێت و ببێە مرۆڤێکی جدی و بەرهەمدار” .  دوای شۆڕش بانگەوازی سەپاندنی حیجاب بە ناڕەزایەتی لێکەوتەوە بە سەرکردایەتی کۆمەڵێک ژن لە باکوور و ناوەند و ڕۆژئاوای تاران بۆ ڕەتکردنەوەی حیجابی بەزۆر[9].

بەپێی لێكۆڵینەوەیەك کە لەلایەن محەممەد ئەلسەید ئەلسەیاد و ڕوبەی بەلەوی ئەنجامدراوە، دژایەتیەکی فراوان دەستی پیکرد و پیاوانی ئایینی تووشی سەرسوڕمان كرد، بۆیە بۆ ماوەیەكی كاتی بڕیارەكەیان كشاندەوە، بۆ فەرمانگە و باڵەخانە حكومییەكان، ڕیكلام لە فەرمانگە جیاوازەكانی حكومەت دانرا، خزمەتگوزاری و فرۆشگاکان کە چوونە ژوورەوەی ژنان قەدەغە دەکەن، دواتر بەسەر خوێندکاری کچدا سەپێندرا. لە کۆتاییدا، بە تایبەتی لە ساڵی 1983دا، حیجاب بەسەر هەموو ژناندا سەپێندرا  جا موسڵمان  بێ یان غەیرە موسڵمان لە سەرووی 9 ساڵییەوە، بۆیە دەسەڵات یاسایەکی دەرکرد کە داوا دەکات حیجاب لەسەر هەموو ژنان ببەسترێت، پاشان ئەم پرسە بە یاسایی کرا، سزاش بۆ ئەو کەسانەی دیاریکرا کە حیجاب ناپۆشن[10].

لە مانگی ئازاری ساڵی 1979 ڕۆژنامەی كەیهان چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ “حجت الاسلام اشراقی” زاوای خومەینی ئەنجامدا و تیایدا دەڵێت: “دەبێت ڕەچاوی حیجاب بكرێت و بەكارهێنانی بەپێی شەریعەتی ئیسلامی، هەروەها هەموو ئەندامەکانی ئافرەت دەبێت داپۆشراو بێت”. “بەپێی وتەی خومەینی، پێویستە حیجابی ئیسلامیی لەلایەن ژنانەوە لە هەموو وڵاتدا جێبەجێ بکرێت. سەبارەت بە کەمینە ئایینییەکان، خومەینی هەمیشە پێیوابووە کە پێویستە لە هەموو ڕوویەکەوە ڕێز لەم کەمینانە بگیرێت و هیچ شتێک باشتر نییە ئەگەر ژنان لە کەمینە ئایینییەکان حیجابی ئیسلامیی لەبەر بکەن” . هه‌روه‌ها ئایه‌توڵڵا تاڵه‌قانی لە دیمانەیەکدا باسی فه‌زیله‌ته‌كانی حیجاب‌ و پێویستییه‌كه‌ی بۆ كۆمه‌ڵگە كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و ڕه‌تیكرده‌وه‌ ئیجباری بێت.  پاشان پرسەکە بەرەو گۆشەنیگاکانی تر ڕۆیشت کاتێک لە شەقام و بازاڕەکان دەستکرا بە هێرشکردنە سەر ژنانی بێ حیجاب[11].

دوای چەندین جار ئاگاداری لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگەکانی دەوڵەت، سەرەتا کرێکارانی ژن بوون کە پابەندبوونیان بە حیجاب ڕاگەیاند کە هێشتا بە یاسا ڕێکنەخرابوو، تا ساڵی 1981 کە یاسای دامەزراندن لە فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەکان دەرکرا و ئەوە جێگیرکرا کە دەبێت ژنان پابەندی پۆشینی حیجاب بن. حەسەن ڕوحانی لە بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانیدا باس لە مشتومڕەکانی حیجاب لە هێزە چەکدارەکاندا دەکات و، دەڵێت کە ئەو یەکێک بووە لە پەرەپێدەرانی پرسی حیجابی ناچاری . ئەنجوومەنی شورا تا ساڵی 1983 هیچ یاسایەکی تایبەت دەربارەی حیجاب دەرنەکرابوو، لەو کاتەدا یەکەم یاسای تایبەت بە جلوبەرگی ژنانی لە ئێران پەسەند کرد، ماددەی (102) لە یاسای پەسەندکراودا هاتووە: ئەو ژنانەی لە شوێنە گشتییەکان و شەقامەکان بەبێ حیجاب دەسوڕێنەوە سزای یاسای دەدرێن.  لەسەر بنەمای ئەم یاسایە، ژنان لە کۆماری ئیسلامییدا جا  ئێرانی یان نائێرانی، مسوڵمان یان غەیرە موسڵمان بێت لە شوێنی گشتی و شەقامەکاندا حیجابی ئیسلامییان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و هەر شوێنێکیش پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت، ئەوا ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە. یاسای سزادانی ئیسلامی کە لە ساڵی 1996 پەسەند کرا، گرنگترین یاسا بوو کە نەپۆشینی حیجابی وەک تاوانێک سەیر دەکرد و لە مادەی (638)دا دەڵێت؛ هەر کەسێک پابەندی ئەم یاسایە نەبێت بە زیندانیکردن لە 10 ڕۆژەوە تا دوو مانگ سزا دەدرێت، یان 74 شەق. ڕوونکردنەوەی ئەم مادەیە لە دەقی مادەی (١٠٢)ی یاسای سزادان کە لە ساڵی ١٩٨٣ پەسەند کراوە، هاتووە کە دەڵێت“ ئەو ژنانەی کە بەبێ پەردەی یاسایی لەبەردەم خەڵکدا دەردەکەون، سزای زیندانیکردنیان لە ١٠ ڕۆژەوە تا دوو مانگ، یان غەرامەکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت لە 50 بۆ 500 هەزار ڕیال[12].

  1. تەحەددیاتی بەردەم پرسی حیجاب لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی

ئێران له‌گه‌ڵ ده‌یه‌ی دووه‌می ژیانی كۆماری ئیسلامییدا شاهیدی ئاڵەنگارییه‌كان بوو كه‌ دوای ڕێككه‌وتنی ڕاگرتنی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عێراق هاتبوونه‌ ئاراوه‌. لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی ئاوەدانکردنەوەدا، ڕوون بوو کە دروشمە شۆڕشگێڕەکان دەستیان کرد بە دوورکەوتنەوە و  تەحەدای نوێ دەستیان کرد بە سەرهەڵدان، گرنگترینیان بریتیبوون لە ئایین . ئەم تەحەدایە پەیوەندی بە فەزای ئایین لە ژیانی تایبەتی تاکەکاندا هەیە و ڕۆڵی لە کایەی گشتی و بەڕێوەبردنی سیستەمی کۆمەڵایەتیدا . ئەو بۆچوونەی کە لەسەر بنەمای پێدانی فەزای فراوانی ئایین دامەزراوە، دەڵێت مرۆڤ لە هەموو بوارەکانی ژیانی شەخسی و کۆمەڵایەتی خۆیدا، لە خۆراک، جل و بەرگ، خەوتن و جووڵە، تا دەگاتە تەلارسازی، سیاسەت، پێکهێنانی حکومەت، دانانی کارمەند، و ئیدارەی دەوڵەت…هتد، دەبێت پابەند بێت بە فێرکارییە ئایینییەکان و ملکەچی بڕگەکانی بڕیارەکان بێت کە پەیوەست بەم پرسە، لە کاتێکدا دەبینیت ڕوانگەی پێچەوانە ئەوەیە کە ژیانی مرۆڤ بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێت؛ جیهان و قیامەت،  مرۆڤ پەنا بۆ ئایین دەبات سەبارەت بە بابەتی قیامەت، بەڵام ئەو بەشەی دیکە کەپەیوەستە بە کاروباری دونیا ئەوا خۆی بەو شێوەیە بەڕێوەدەبات کە بە گونجاو دەزانێت[13].

ئەم تەحەدایە پەیوەست بوو بە تەحەدایەکی دیکەوە، بە ڕوونی و بەپەلە، کە لە پەیوەندی نێوان ئیسلام و دیموکراسیدا نوێنەرایەتی دەکرا، کە ڕووبەرێکی بەرفراوانی مشتومڕی فیکری ئێرانی داگیرکردبوو . لەژێر ناونیشانی نوێبوونەوەی ئاییندا، ژمارەیەک تیۆریست هەوڵیاندا پەیوەندیی ئیسلام بە دیموکراسییەوە ڕوون بکەنەوە و ڕوون بوو کە پێشنیارەکانیان پێچەوانەی خوێندنەوەی فیقهی تەقلیدییە بۆ ئەو پرسە. دەیەی دووهەمی کۆماری ئیسلامیی شاهیدی زۆر گەڵاڵەی تایبەت بە ئایین و ئازادی، ئایین و دیموکراسی بوو، ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانیش لەسەر ئەو پرسانە بەردەوام مشتومڕیان بڵاودەکردەوە. باسەکە تەنها لە سەردێڕە فراوانەکانی ئەو پرسەدا قەتیس نەبوو، بەڵکو چەندین سەردێڕی لاوەکیش لەخۆ گرتبوو کە پەیوەندییان بە مافی تاک، مافی ژنان، مافی هاووڵاتیبوون و یەکسانییەوە هەبوو، لە ساڵی ١٩٩٦ەوە بزوتنەوە هزرییەکان دەستیان کرد بە تاوتوێکردنی ئەو پرسانە. هەندێک لە لایەنگرانی دیموکراسی هەوڵیاندا لەگەڵ ئیسلامدا تێکەڵی بکەن، بەڵام بە سەرکەوتنی ڕیفۆرمخوازان، ئەو دروشمانەی کە پەیوەندییان بە هاووڵاتیبوون و کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی ژنانەوە هەبووە کە لەلایەن محەممەد خاتەمیەوە دەستیپێکردبوو ناوبانگێکی بەربڵاویان بەدەستهێنا و سنووری گۆشەنیگای فیکرییان تێپەڕاند بۆ بڵاوبوونەوە لە کۆمەڵگەدا، ئێران شاهیدی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵگەی مەدەنی نائایدۆلۆژی بوو، کە ئاڵەنگارییەکان قووڵتر دەکەنەوە[14].

پێشهاتەکانی پێشوو دۆخێکی پرسیاریان لەبارەی هەموو ڕوانگە ئایینییەکانەوە وروژاند کە دژایەتی مافەکانی تاک دەکەن، دەنگەکان بەرزبوونەوە و داوای دووبارە پێداچوونەوەی ڕیشەیی لە بنەما ئایینییەکانیان دەکرد کە پەیوەندییان بە لادان، بەردبارانکردن، بڕگەکانی میرات، پارەی خوێن، پەردەپۆشکردن، پابەندبوون و ململانێی لەگەڵ مافدا هەبوو بۆ هەڵبژاردنی ئازاد، کایەی گشتی و تایبەت، سەپاندنی پەردەپۆش و شێوازی ژیان[15].

  1. ڕوانگەی سینەمای ئێرانی بۆ پرسی حیجاب

پرسی ژن و حیجاب لە ئێران تەنیا پرسێکی مەدەنی یان مەزهەبی نییە، بەڵکو بەردی بناغەی یەکێک لە تووندترین ململانێ کۆمەڵایەتییەکانە، بەو پێیەی کاریگەرییەکی چارەنووسساز لە مێژووی کۆماری ئیسلامییدا بەجێهێشتووە و ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر چەندین بواردا،  سینەماش یەکێک بوو لەو گرنگترین بوارانە. پێش شۆڕش، “چاکسازییە نوێیەکان” بە سەرۆکایەتی شا محەممەد ڕەزا پەهلەوی، کاریگەریی خۆیان بە سەر پرسەکانی سینەمای ئێران و وێنەی ژنانی تیایدا سەپاند و دابەشبوونێکی چینایەتی ڕوونی بە حیجاب بەخشی و فیلمەکانیش ژنانی ئەرستۆکراسی (باکور)یان نیشاندەدا بەبێ حیجاب. لە بەشی باشووری وڵاتیش دۆخەکە جیاواز بوو. تەنانەت ئەگەر پێچەوانەکەی ڕووبدات و ژنێک لە باشووری وڵاتەوە بچێتە باکوور، ئەوا چادۆرەکەی دادەنێت و بە جلی جیاوازەوە دەردەکەوێت [16]. سینەمای ئێرانی دابەشکراوە بۆ پێنج قۆناغ بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لە نێوان ١٩٣٠ بۆ قۆناغی دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئەنجامدراوە:

قۆناغی یەکەم (١٩٣٠-١٩٣٨): بەکارهێنانی ژنان بۆ ناساندنی حیجاب لە فیلمەکاندا.

قۆناغی دووەم (١٩٤٨-١٩٦٠): ڕۆڵی ژنان زیاتر گۆرانی ووتن بوون لە کافێ و یانە شەوانەکاندا (گۆرانیبێژ، پاککەرەوە، خزمەتکار و سەماکار).

قۆناغی سێیەم (١٩٦١-١٩٧٠): ڕۆڵی ژنان لە نێو فیلمەکان لەشفرۆش و ژنانی شەوانە و کچانی سەر شەقام و کۆمەڵگەی دز و قاچاخچی و گوندنشین بوون .

قۆناغی چوارەم (١٩٧١-١٩٧٩): شەپۆلێکی نوێ لە سینەمادا دەرکەوت کە تێیدا ژنان دامەزران و وەک بیانوویەک بۆ شەڕی پاڵەوانی فیلمەکە لەگەڵ کەسی دوژمنکار بەکاردەهێنران. ئەم فیلمانە ژنانی ئێرانی ستەملێکراو و بێ دەسەڵات نیشان دەدەن.

قۆناغی پێنجەم (١٩٨٠-١٩٩٧): کەمبوونەوەی بەرچاو لە ژمارەی ئەو کارمەندە ژنانەی کە لە فیلمەکاندا وێنا کراون، هەروەها تێبینی ئەوە دەکرێت کە ژنانی بێبەشی کۆمەڵایەتی (سەماکار، گۆرانیبێژ) لە بەشداریکردن لە فیلمەکاندا بێبەشن.

تێزەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگ و دەستپێکردنی سینەمای نیمچە واقیعی نوێ لە ئێراندا، سینەما لە واقیعدا ڕەنگدانەوەی ڕۆڵی ژنان بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵەکانیان لە فیلمەکاندا بە بەراورد بە ڕۆڵی پیاوان بە پەراوێزیی مایەوە.  و سەپاندنی حیجابی ئیجباری  کاریگەری لەسەر بوونی ژنان لە سینەما هەبوو بۆ ئەو ڕۆڵانەی کە دەیگێڕن . پرسی پۆشینی حیجاب تا ئێستاش یەکێکە لەو پرسە کێشەدارانەی کە ڕووبەڕووی سینەمای ئێران دەبێتەوە و زۆرێک پێیان وایە کە لە زۆر حاڵەتدا وا دەکات کە ناڕاستەقینە بێت، بۆ نموونە وێناکردنی ژن بە حیجابەوە لە کاتی ناو ماڵەکەیدا، یان لە جێگاکەیدا[17].

گەورەترین کێشە بۆ سینەماکاران وێناکردنی ژنان بوو لە ماڵەوە بە حیجاب، گۆڤارێکی وەرزیی تایبەتمەند لەبواری سینەما لەگەڵ ژمارەیەک زانای ئایینی باسی لێوە کردووە، وەک: موحسین كەدیوەر، محەمەد تەقی فادل میبدی، ئایەتوڵڵا یوسف سنەیی، کە دەڵێت کە دروستە “ئافرەتی ئێران بەبێ پەردە دەربکەوێت لە سینەمادا” . هەندێک لە دەرهێنەرانی بواری سینەما لە ئێران هەوڵیاندا لە ڕێگەی بەکارهێنانی ماکیاژ و کڵاو کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام ئەو ڕێکارانە کاریان نەکرد و وەزارەتی ئیرشادی ڕازی نەبوو لەسەر بابەتی ڕێگەپێدان و نمایشکردنی فیلمی سینەمایی بەو جۆرەی کە نەگونجێت لەگەڵ بنەماکانی یاسا بەرکارەکان. لە شیکارییەکدا بۆ ناوەڕۆکی ئەو فیلمانەی کە لەلایەن دەرهێنەرانی ژنی ئێرانی لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 2008 پێشکەش کراون ، لێکۆڵینەوەکە پێنج لە گرنگترین دەرهێنەرانی ئێرانی لەخۆ گرتبوو، ئەوانیش: بۆران دێرەخشەندە، ڕەخشان بەنی ئێتەمەد، تەهمینە میلانی، مونیجە حکمەت و مانیای ئەکبەری. ئەنجامەکان لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە کە 64%ی کارەکتەرە ژنەکانی فیلمەکان مانتۆ-جلێکی شێوە چاکەتیان لەبەرکردووە، 19%یان “چادۆر”یان لەبەرکردووە، لەکاتێکدا 11%یان “مانتۆ” و “چادۆر”یان پێکەوە لەبەرکردووە، 5%یان حیجابیان لەسەر نەبووە. دەرهێنەر بەنی ئێتەمەد، هەوڵیدا جۆرێک لە یەکسانی لە جل و بەرگی ئەو کارەکتەرانەدا دروست بکات کە وێنایان دەکات، ناوبراو پێیوابوو کە ژنانی ئایینی و هەروەها عەلمانی بەشێکی سرووشتی کۆمەڵگەی ئێرانن و دەبێت بە شێوەیەکی ئەرێنی تیشک بخرێتە سەریان. زۆربەی کات پاڵەوانی فیلمەکان جلی مۆدێرن لەبەر دەکەن و بەشێک لە قژیان ئاشکرا دەکەن کە بە شاڵێکی ڕەنگاوڕەنگ داپۆشراون، بەڵام لە بۆنە ئایینییەکاندا بە چادۆرێکەوە دەردەکەون، ڕەخنەگر حەمید ڕەزا سەدر پێیوایە دەرهێنەرە ژنەکانی ئێران پێیان باشتر نییە وێناکردنی ژنێکی گەنج بە پۆشینی “چادۆر” و پێشکەشکردنی ئەو ژنە گەنجەی ئێرانی بە شێوەیەکی مۆدێرنتر. سینەما هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم شێوازە لە جل و بەرگ یان ئەم جۆرە حیجابە بوو، بەڵام لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر ئەو گۆڕانکارییە بوو کە کۆمەڵگە بە تایبەت لە نێو گروپی گەنجاندا[18].

  1. حیجاب لە نێوان زۆرداری لەڕادەبەدەر و پەرەسەندنی ڕەتکردنەوە

دوو خولی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نژاد (٢٠٠٥-٢٠١٣) بۆ تاوتوێکردنی زۆر بابەتی گرنگی پەیوەست بە ژنانی ئێران گونجاوە، وەک پرسی حیجاب، لەشفرۆشی، ئازادییە کەسییەکان، بەشداریی سیاسی و چەندین بابەتی دیکە. ئه‌گه‌رچی ئه‌م پرسانه‌ لە ساڵی ١٩٧٩له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌،  ته‌نانه‌ت پێش كۆماری ئیسلامییش بەدیکراوە، به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی نەژاددا به‌شێكی زۆری مشتومڕی لەخۆگرت و وایكرد وه‌ك كێشه‌ و پرسیاری سه‌خت و ئاڵەنگاری دەربکەون. لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەحمەدی نەژاد بۆ خولی نۆیەمی سەرۆکایەتی لە ساڵی ٢٠٠٥، لە سەرەتای سەرۆکایەتییەکەیدا، بەڵێنی دا کە ڕێز لە ژیانی تایبەتی خەڵک بگرێت و ڕێگە نەدات ئاسایش  بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە جل و بەرگی گەنجانی ژن و پیاودا بکات، بەڵکو هەوڵیدا گۆڕانکارییەک بهێنێتە ئاراوە لە ڕێگەدان بە ژنان بۆ چوونە ناو یاریگاکان، و بۆ چالاککردنی وەرزشی ژنان، کە بە هێرشێکی توندی بوویەوە لەلایەن پیاوانی ئایینی، بە سەرۆکایەتی ئیمامی هەینی مەشهەد، ئایەتوڵڵا عەلەمولهودا و ژمارەیەک دیکە لە پیاوانی ئایینی . ڕۆژنامەکان لە زاری ڕەزا ئەکرەمی ئەندامی ئەنجومەنی شورای کۆمەڵەی ئایینیەوە ڕایانگەیاندووە: “من لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە نادەم ژنان بچنە ناو یاریگاکانەوە، تەنانەت ئەگەر تۆپی پێی ئێرانیش لەسەر ئاستی جیهانی بایکۆتی بکرێت”. ئەکرەمی بۆ بەرگریکردن لە ڕوانگەی خۆی نموونەیەکی هێنایەوە کە تیایدا وتی: کاتێک ڕۆژئاوا مۆڵەتی هاوسەرگیری بە ڕاهیبەکان دەدات، ئێمە مۆڵەت بە ژنانی خۆمان دەدەین بچنە ناو یاریگاکانەوە، وەک چۆن ئیسلام قەدەغە دەکات پیاوان سەیری ژنان بکەن لەکاتێکدا بەشە تایبەتەکانیان هەیە ئاشکرا کراوە. . ئەحمەدی نەژاد لەسەرەتای سەرۆکایەتییەکەیدا بڕیارێکی دەرکرد بۆ دروستکردنی شوێنی تایبەت لە یاریگاکان بۆ ئەوەی ژنان بتوانن ئامادەبن، بەڵام لەژێر فشارە ئایینییەکان بڕیارەکەی کشاندەوە. ئاماژە بەوەش کرا کە پێشێلکاریی هەندێک لە ئاماژەکان زیاد دەکات  لەگەڵ فراوانبوونی بوونی ژنانی ئێران لە بواری وەرزشی نێودەوڵەتیدا[19].

دوای دوو ساڵ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی، ئەحمەدی نەژاد خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێدا لەگەڵ ژنان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا جێگیر دەکرد، کاتێک پۆلیس دەستی کرد بە جێبەجێکردنی “کەمپەینێک بۆ چارەسەرکردنی پەردەی خراپ”، بەیانێکی بلاوکردەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ژن  و کچانەی پێشێلی پێوەر و بنەما ئایینییەکانی حیجابیان کردبوو. ئەم هەڵمەتە مشتومڕی بەرفراوانی لێکەوتەوە و بیروڕای دووبەرەکی لە نێوان لایەنگران و نەیاراندا دروستکرد، چونکە وتاربێژانی هەینی لە ژمارەیەک مزگەوتی پایتەختدا لایەنگری ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بوون، هاوکات ڕیفۆرمخوازان دژایەتیی ڕاشکاوانەیان بۆ وەڵامدانەوەی هێزەکانی پۆلیس دەربڕی لە بەرامبەر ئەم پرسە. ژنانی ئێران خۆڕاگرییان بەرامبەر بە پۆلیسی ژن نیشان دەدا کاتێک یەک بە یەک لە شەقامەکان ڕووبەڕوویان دەبوونەوە،   زۆرجار ژنانی پۆلیس هەستیان بە بچووکترین شەرمەزاری نەدەکرد لەم ڕووبەڕووبوونەوەیە و دەیانگوت: “ئێمە دەسەڵاتەکانمان بەکاردەهێنین کە لەلایەن یاسای تۆڵەسەندنەوەی ئیسلامییەوە پێمان دراوە”. مادەی (٦٣٨) بەڕوونی بەرپرسیارێتی پۆلیسی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پێشێلکاریانەدا خستبووە ڕوو .  لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڵمەتەکە، ژنان نائومێدی خۆیان لە سەرۆک ئەحمەدی نەژاد دەربڕی، کە هەوڵیدا دژایەتییەک بۆ پلانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تۆمار بکات، کە بریتییە لە “ڕووبەڕووبوونەوەی حیجابی خراپ، بەڵام بەرپرسانی ئاسایش ڕایگەیاند کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک کۆمار ئەرکەکاینان بەجێدەهێنن[20].

ئەم هەڵمەتە لە ماوەی دەیەمین هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی مانگی حوزەیرانی 2009 وەستا، بەڵام دەوریەی پۆلیس چەند مانگێک دوای هەڵبژاردنەکان دەستی بە جێبەجێکردن کرد و لە سەردەمی حەسەن ڕوحانیدا بە ڕێژەیەکی تر و شێوازی جیاواز بەردەوام بوو. هێزە ئەمنییەکان هەندێکجار وێنەی ئەو ژنانەیان دەگرت کە بە تەواوی حیجابیان لەسەر نەبووە، یان “حیجابی خراپ”یان لەبەردا بوو، بۆ ئەوەی بتوانن لە دادگادا دەستگیریان بکەن و سزایان بدەن. هەروەها پۆلیسە گەڕۆکەکان پرسیاریان لەو گەنج و ژنانە دەکرد کە لەسەر شەقام یان لەناو ئۆتۆمبێل پێکەوە بوون، ئایا هاوسەرگیریان کردووە، هەروەها پرسیاریان لە سرووشتی ئەو پەیوەندییە کردووە کە پاساو بۆ بوونیان بەیەکەوە دەهێنێتەوە. ئەمەش لەگەڵ توندکردنەوەی کۆنترۆڵی جلوبەرگ لە دەرگای زانکۆکاندا بوو، بەو پێیەی ڕەنگی ڕەش، قاوەیی یان خۆڵەمێشی سەپێندرا، هەروەها لە نێو گەنجان قەدەغە کرا کە کراسی قۆڵ کورت یان تەسک لەبەر بکەن.

لە ساڵی ٢٠٠٩دا دادگای باڵای دەوڵەت سکاڵایەکی ڕەتکردەوە کە لەلایەن ٤٠ پارێزەرەوە لە دژی هێزەکانی ئاسایشی گشتی تۆمارکرابوون بەهۆی ئەنجامدانی ئەو هەڵمەتە کە ئەوان بە نایاساییان زانیوە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە نابێت هێزە ئەمنییەکان لەو دەسەڵاتانە زیاتر بن کە پێیان دراوە. دەسەڵاتی دادوەری پشتگیری لەوە کرد، و پێیوابوو کە ئاسایش مافی یاسایی هەیە ئەو ژنانەی کە “حیجابی خراپ” لەبەر دەکەن، پێویستە بیریان بخاتەوە، بەڵام مافی دەستگیرکردنی نییە. مادەی (٦٣٨) لە ” یاسای سزای ئیسلامی” باس لەوە دەکات کە ژنێک پابەند نەبێت بە یاساکانی حیجاب لەبەردەم خەڵکدا، سزای زیندانیکردنە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ، یان غەرامەکردن لە نێوان ٥٠ بۆ ٥٠٠ دۆلار[21] .

کەمپینەکە ئەحمەدی نەژادی خستە بەردەم شەرمەزارییەکی زۆرەوە لەبەردەم ژنانی ئێراندا، وایکرد خۆی بە ناچاری دووپات بکاتەوە کە ڕەتکردنەوەی تووندی خۆی لە چاودێری و دەستگیرکردنی ژنان و ژنانی گەنجی بێ شوو بە بیانووی “هەڵە لەبەرکردنی پەردە”، بە نایاسایی هەژمارکرد. هەرچەندە ڕەخنەکانی بەرەو ڕووی شەپۆلێکی تووڕەیی پیاوانی ئایینی و پەرلەمانتاران بووەوە، کە بە پێشێلکردنی شەریعەت و دەستووری کۆماری ئیسلامییان لە قەڵەمدا، بەڵام لە هەمانکاتدا ڕەنگدانەوەی نیگەرانی ئەحمەدی نەژاد بوو سەبارەت بەو کاریگەرییە نەرێنیانەی کە ڕەنگە هەڵمەتەکە لەسەری هەبێت پێگەی سیاسی و پێگەی لەناو کۆمەڵگەی ئێراندا، ئەمەش تۆمەتی دووفاقیی لە گوتارەکەیدا بەرامبەر بە ژنان ڕەت نەکردەوە، جیاوازییەکەی ڕوونە لە نێوان ئەوەی کە دەیگوت و ئەوەی کە جێبەجێکرا[22].

٧- ناڕەزایی لە دژی پێشێلکردنی پیرۆزیی “نیقابی ڕەش”

لە مانگی ئابی 2011دا، ڕۆژنامەی “ئێران” پاشکۆیەکی تایبەتی بە ناوی “خاتوون 1” بڵاوکردەوە ، کە باس لە پرسی حیجاب بە ڕەهەندە جیاوازەکانی دەکرد، لە هەمانکاتدا هەوڵی بەرەوپێشبردنی شێوازێکی حیجابی بە ڕەنگ و دیزاینی جیاواز دەدا. بەڵام چاوپێکەوتنێکی مێهدی کەلهور، ڕاوێژکاری پێشووی ئەحمەدی نەژاد، ناڕەزایی  بەرفراوانی لە ئێران لێکەوتەوە، کە بووە هۆی کۆکردنەوەی ژمارەکانی پاشکۆکە لە بازاڕ و قەدەغەکردنی دابەشکردنی. کەلهوڕ “نیقابی ڕەش”ی بە نەریتێک بۆ جلوبەرگی ژنان لە “یانە شەوانەکانی ئەوروپی” دەزانی و لە سەردەمی نەسیرەدین شادا هێمای لووتبەرزی دەخرایە ناو جلی ژنانی ئێرانەوە، کە دوای خۆی ئەمەی هێنایە ئێران سەردانی ئەوروپا کرد، لەوێ ژنانی لە یانە شەوانەکاندا بینی کە ڕەشیان لەبەردا بوو، و وتی: “نیقابی ڕەش خراپترین جۆری حیجابە بۆ ژن”  . هەروەها لە پاشکۆکەدا ڕەخنەیەک لە شێوازی مامەڵەی پۆلیس لەگەڵ ژنان لە شەقامەکاندا گیراوە بەهۆی باڵاپۆشەوە. ئەم شەپۆلە توڕەییە لە شێوەی بەیاننامە و لێدوان و بەدواداچوونەکاندا هات کە لەلایەن پیاوانی ئایینی و بەرپرسان و پەڕلەمانتاران و ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکانەوە بڵاوکرایەوە، جگە لە دەزگای بەسیج و سوپای پاسداران، بەو پێیەی ئەم لێدوانانە بە سووکایەتییەکی بەرگە نەگیراو بە کۆمەڵگەی ئیسلامی دادەنرا. ڕۆژنامەی “ئێران” بە پەرەپێدانی بیرۆکەی لادان تۆمەتبار کرا و ١٩٢ نوێنەر داوای ئەوەیان کرد کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەم پاشکۆیە دەبێت  سزا بدرێت . داواکاری گشتی لە تاران ڕۆژانەمەکەی تۆمەتباری کرد بە پێشێلکردنی نیقاب و پلانی پاراستنی حیجاب، برەودان بە بێ ئەخلاقی و سوکایەتیکردن بە نەریت و ئەخلاقی گشتی[23].

  1. لەگەڵ ڕوحانی: ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لابردنی حیجاب

کێشەی حیجابی ناچاری بە کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نەژاد کۆتایی نەهات، بەڵکو پەیوەندییان بە حەسەن ڕوحانیەوە کرد و ئەو ناڕەزایەتییانەی ژنان بەرەوڕوو بوون کە نوێنەرایەتی لە ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا حیجابیان لابرد، وەک سەرپێچییەک لە بەرامبەر پۆلیس. بە پێی ئاماری ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی سەر بە سەرۆكایەتی كۆمار، دژایەتی جەماوەری بۆ حیجابی ناچاری و دەستێوەردانی حكومەت لەم بوارەدا لە هەڵكشاندایە. هەندێک لە ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەی دژایەتیکردنی حیجابی ناچاری لە ئێراندا تا ٨٠% بەرز بۆتەوە. لە شوباتی ٢٠١٨دا، ناوەندێکی لێکۆڵینەوە ڕاپۆرتێکی وردی سەبارەت بە سیمپۆزیۆمێکی تایبەتمەند کە لە ساڵی ٢٠١٤ بەڕێوەچوو، بڵاوکردەوە، کە تێیدا کێشەی سیاسەتەکانی جێبەجێکراو لە بواری حیجاب لە ئێراندا” خرایەڕوو. ئەم ڕاپۆرتە لە چوارچێوەی بیست لاپەڕەدا باس لەوە دەکات کە دیاردەی خراپی حیجاب و لێکەوتەکانی یەکێکە لە گەرمترین مشتومڕەکان دەربارەی پرسە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان کە ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامیی بووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا پوختەیەکی لە ڕاپرسییەک لەخۆ گرتبوو کە عەلی ئەسەدی لە ساڵی ١٩٧٥دا، واتە تەنیا چوار ساڵ پێش شۆڕشی ئیسلامیی (١٩٧٩) ئەنجامی دابوو. ئەنجامەکانی توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە سێ لەسەر چواری دانیشتووان (٧٥%) پێیان باشە هاوسەرەکانیان حیجاب بپۆشن، هەروەها ٧٪ هاوسەرەکانیان حیجاب نەپۆشن. بەڵام ئەنجامی ڕاپرسییەک کە لە ساڵی ٢٠١٤ ئەنجامدراوە دەریخستووە کە ٥٠٪ی بەشداربووان پێیانوایە کە حیجاب پرسێکی شەخسییە کە نابێت حکومەت دەستوەردانی تێدا بکات. هه‌روه‌ها ئەمەش ئاماژه‌یه‌ بۆ زیادبوونی ڕێژه‌ی ئه‌وانه‌ی نەیاری بە زۆرەملێکردنی حیجابن. بەپێی دوایین ئاماری فەرمی کە ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ئێران لە مانگی ئابی 2018دا بڵاوی کردووەتەوە، 60-70%ی ژنانی ئێران “حیجابی نەریتی” لەبەر دەکەن، لە کاتێکدا کە 10-15% ئەوانەی حیجابی  نەریتی لەبەر دەکەن بە “قبوڵنەکراو و خراپ” دادەنرێت، هەروەها بە سووکایەتیکردن بە دابونەریتی گشتی دادەنرێت، کە تێیدا ژنان بەشێکی زۆری قژیان ئاشکرا دەکەن، جلی تەسک یان ناشایستە لەبەر دەکەن، و جوانکاری سەرنجڕاکێش پەیڕەو دەکەن. ناوەندەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا دووپاتی دەکاتەوە کە 30-40%ی ژنانی ئێران پابەندن بە حیجابی شەریعەتەوە کە بە باشترین پلەی نیقاب لە نێو زانایانی شیعە لە ئێران دادەنرێت[24].

لەئێستادا ژنان لە ئێران بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لابردنی باڵاپۆش ڕووبەڕووی سزای زیندانی درێژخایەن دەبنەوە کە تەنانەت لەناو خودی بزووتنەوەی بناژۆخوازیشدا شەپۆلێکی ڕەخنەیی لێکەوتۆتەوە. لە دیبەیتێکی تەلەفزیۆنیدا، بەڕێوەبەری پێشووی ڕۆژنامەی کەیهان، مێهدی نەسیری، ڕەخنەی لە هەڵمەتی سەرکوتکردنی ژنان دەگرێت و پێیوایە ڕێوشوێنەکانی حکومەت حیجابی لاواز کردووە. نەسیری لە وتووێژەکەیدا ڕوونی کردەوە، بە پێی ئامارە بڵاونەکراوەکانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی، ٧٠٪ی کۆمەڵگەی ئێران دژایەتی ئەو حیجابی ئیجباری دەکەن، ڕەخنە لە بەکارنەهێنانی “دامەزراوەیەکی بێلایەن” دەگرێت بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسییەک. لە وتارەکەیدا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ئێران دوای ٤٠ ساڵ لە سەرکەوتنی شۆڕش، ڕووبەڕووی لاوازییەک لە حیجاب  و “مەیلی لەبەرنەکردنی” بووەتەوە[25].

لەدواین ناڕەزایەتییە بەرفروانە بێ وێنەکانی چەند مانگی ڕابردووی ئێران کە لە دەرئەنجامی کوشتنی کچێک بەناوی “ژینا ئەمینی” سەریهەڵدا، دوای ئەوەی ئەو لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تاران لەبەرامبەر شکاندنی پیرۆزی و نەپۆشینی تەواوی نیقاب تۆمەتبار کرابوو. ئەم ڕووداوە لە مێژووی چل دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا ڕووداوێکی بێ وێنەیە، چونکە هەموو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جۆراجۆرەکانی ڕابردوو دەربارەی پرسی حیجاب بە قەد ئێستا نەیتوانیوە بەردەوام بێت و کاریگەری دروست بکات. بەشێک لە لێکۆڵەر و چاودێران پێیانوایە ئەم ناڕەزایەتیانەی ئەمجارە دوور نییە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی شکست پێ بێنێت.

لەبەرئەوەی، ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، واتە لە دوای ساڵی ١٩٧٩، ناڕەزاییەکان بەم جۆرە توند و ڕادیکاڵانە بن، کە بەئاشکرا داوای لەبەریەک هەڵوەشانەوەی تەواوی سیستەمەكە بکرێت، ئەمە خۆی لە خۆیدا گەورەترین گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییە لە دەروون و زیهنیەت و بوێریی دەنگە ناڕازییەکان.

لە دەستپێكدا دروشمەکان و خواستەکان جیاواز و جۆراوجۆر بوون، بۆ نموونە، بەشێک لە دروشمەکان پەیوەندییان بە ناڕەزایی لە بەرامبەر حیجاب هەبوو، بەشێکی دیكە پەیوەست بە ناڕەزایی دەربڕین لە دژی پۆلیسی ئەخلاقی و بەشێکی دیكەیش پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان هەبوو بە خودی کۆماری ئیسلامیی، کە خۆی لە ناڕازیبوونی خەڵک دەبینییەوە، لە بەرامبەر ئەو سیاسەتانەی، کە دەسەڵات پەیڕەوی دەکات.

ئێستا و لەدوای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەست ڕۆژ بەسەر بارودۆخەکە، ئەوە بەدی دەکرێت، کە دروشمەکان یەک خراون و لە چوارچێوەی داواکاریدا داوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی دەکەن، هێشتا دەرنەكەوتووە ئەم دروشمە دەتوانێت کاریگەریی گەورە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دروست بکات یان نا.

ئەم یەکگرتنە ئۆرگانیکە نموونەی گۆڕانکارییەکی جۆرییە لە شەپۆلە ناڕەزاییەکانی چل ساڵی ڕابردوو لە ئێران، ئەمەش دەرەنجامی ئەو سیاسەتانەیە کە دەسەڵات خۆی پێوە گرتوون و دەستبەرداریان نابێت، چونکە ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی كێشەی تیایە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەسەڵات نەتوانێت پەیامی خۆی بگەیەنێتە خەڵک و متمانە دروست بکاتەوە، بۆ ئەوەی داواکاری و خواستەکان لە ڕێگەی میکانیزمی گفتوگۆ، ڕێگەچارەی بۆ بدۆزرێتەوە.[26]

ئەنجام

تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەچێتە پێنجەمین دەیەوە کەچی کۆمەڵێک  پرس و کێشەی سەپێنراوی هەیە لەو سیاسەت و ڕەوتانەی کە لە دەیەی یەکەمی ژیانیدا حوکمڕانی بەدیکراون و تا ئێستاش بەردەوام جێگەی ناکۆکین. لەسەرەتای سەرکەوتنی شۆڕش خواستێکی توند هەبوو بۆ بە ئیسلامیکردنی هەموو لایەنەکانی ژیان، لەوانەش جل و بەرگی ژنان، لەم چوارچێوەیەشدا پرسی پۆشینی حیجابی ئیجباریی هاتۆتە ئاراوە و بۆتە بەشێک یاخود سیمبوڵی دەسەڵات، خاڵی دیاری گوتاری سیاسی کۆماری ئیسلامیی، بەم جۆرەش لە بازنەی فیقه و کولتوورەوە گواستراوەتەوە بۆ بازنەی مشتومڕە سیاسی و ململانییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان. لەگەڵ گۆڕانکاری لە کۆمەڵە بەها و قەناعەتەکانی کۆمەڵگەی ئێراندا، گۆڕانکارییەکی گەورە کە لەلایەن زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکانەوە هاتە ئاراوە.

لە کاتی ئێستادا لەلایەن زۆرێک لە پیاوانی ئایینی شیعە لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران پێشنیار دەکرێت بابەتی حیجابی زۆرەملێ پێداچوونەوەی تێدا بکرێت، بەوەی ئەم ستایلەی ئێستا هیچ سوودێکی نییە بۆ کۆمەڵگەی ئێرانی.  لە دیارترین ئەوانەی بانگەشەی ئەم دیدگایە دەکەن ئایەتوڵڵا محەممەد ئیسحاق فەیازە کە یەکێکە لە خوێندکارە دیارەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی.

لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەوتە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگە تا ئێستا حیجاب بە پرسێکی گرنگ دەزانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی زۆر ڕوون بەدیدەکرێت کە دژایەتی پرسی حیجابی ناچاری دەکەن. خەمی پێدانی سیمایەکی ئیسلامی بە کۆمەڵگەی ئێران لەوانەش لە ڕێگەی حیجابی ناچارییەوە کە  بەپێی یاسای سزادان ڕێکخراوە، ئێرانی خستۆتە نێو دووڕیانێکی قورس، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی دەنگی ناڕەزایی لەناو خودی پێکهاتەی دەسەڵاتدا بەرز بێتەوە لەگەڵ پێویستی گەڕان بەدوای چارەسەرێک بۆ ئەم چەقبەستووییە، کە ڕەنگە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی گشتیدا ئەم پرسە یەکلای بکرێتەوە، یانیش سەرەئەنجام ئەم پرسە ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە ستراکچەری دەسەڵاتی سیاسی.

[1] – رسول جعفريان، ” الرسائل الحجابية: ستون عاما من السعي العلمي في مواجهة بدعة كشف الحجاب”.

[2] – آیا کشف حجاب واقعا به خاطر تاثیر سفر ڕضا شاه به ترکیه بود؟” (هل كان كشف الحجاب حقا نتيجة تأثير سفر ڕضا شاه إلى تركيا؟)، موقع خبر انلاين، 17 دي 1398ش، (تاريخ الدخول: 10 تشرین الثاني 202٢): https://bit.ly/3nwcnCO.

[3] – فەرانەک ئەلماسی، “پیجاب و ژانان لە ئێران”، ئاژانسی کوردپا،  https://kurdpa.net/so/news (ڕۆژی سەردان ١٠/تشرینی دووەم ٢٠٢٢).

[4]– (4)       جعفريان، ڕسائل حجابيه، مرجع سابق.

[5] –           فهمي هويدي، إيران من الداخل، (القاهرة، مكتبة الشروق، 2014)، ص 246.

[6] –           اليز اناساریان، جنبش حقوق زنان در ایران (حركة حقوق المرأة في إيران)، ترجمة نوشین أحمدي خراساني، ط1 (تهران، نشر اختران، 1384ش)، ص 160.

[7] – “الحجاب الإجباري ورؤية الإمام الخميني”، پرسمان، 27/1/1397ش، (تاريخ الدخول: ١١ /تشرین الثاني 202٢)، .https://bit.ly/2LaBb6l

[8] – ڕوح الله خميني، صحیفه امام، (صحيفة الإمام) ، (تهران، مؤسسة تنظيم ونشر آثار الإمام الخميني، 1386ش) ، ج 6، ص 329.

[9] – كيف أصبح الحجاب إجباريا في بداية الثورة”، دویچه وله فارسی، 8 فبراير/شباط 2009، (تاريخ الدخول: 10 يناير/كانون الثاني 2021)، https://bit.ly/3blTsYV.

[10] – محمد السيد الصياد وربى البلوي، “الحجاب في إيران بين ثنائية الأيديولوجيا والسياسة”، ڕصانة، 22 أكتوبر/تشرين الأول 2020، (تاريخ الدخول: 10 يناير/كانون الثاني 2021)، https://bit.ly/3oubfRk.

 – [11] زاهیر محەمەدی، “هەموو شتێک لەبارەی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران”، وێبسایتی پەیسەر ٢٠٢١، (ڕۆژی سەردان ١٥/تشرینی دووەم ٢٠٢٢) https://www.peyserpress.com/detail/7256

[12]– فاطمة الصمادي، “جدل الحجاب في ايران بين الديني والسياسي”، مركز الجزيرة للدراسات 2021، (تاريخ الدخول: ١٥ /تشرین الثاني 202٢) https://studies.aljazeera.net/ar/article/4912

[13] – فاطمة الصمادي، التيارات السياسية في إيران، ط 2 (بيروت، المركز العربي للأبحاث ودراسة السياسات، 2019)، ص 67.

[14] – فاطمة الصمادي، “المضامين النسوية في سينما المرأة الايرانية”، فصلية الايران والعرب، المجلد 8، العدد 26 (31 ديسمبر/كانون الأول 2011)، ص ص. 37-50، 14ص.

[15] – عارف الزغول، ” المدارس الادبية في الايران”، فصلية إيران و العرب. مجلد 8، عدد 26 (كانون الأول 2011)، ص ص. 153-166، 14

[16] – الصمادي، مصدر سابق.

[17] – فاطمة الصمادي، “الحليقات في السينما.. تحايل لمواجهة المحرمات”، الجزيرة الوثائقية، 12 نوفمبر/تشرين الثاني 2009، (تاريخ الدخول: ١٥/تشرین الثاني ٢٠٢٢)، .https://bit.ly/38z1cVD

[18] – الصمادي، مصدر سابق.

[19] – فاطمة الصمادي، “جدل الحجاب في ايران بين الديني والسياسي”، مصدر سابق.

[20] – فاطمة الصمادي، “شرطة إيران تواصل مواجهة ‘الحجاب السيئ'”، الجزيرة نت، 25 أبريل/نيسان 2007، (تاريخ الدخول: 12 /تشرینن الثاني ٢٠٢٢)، https://bit.ly/3ozXnF6.

[21] – الصمادي، التيارات السياسية في إيران، مصدر سابق.

[22] – (رئيس الجمهورية ينتقد بعض المصادمات الأخيرة مع مرتدي “الحجاب السيئ)، وكالة ايسنا، Iranian Students News Agency ، (تاريخ الدخول: ١٨ /تشرین الثاني 2022)،  .https://bit.ly/38CfSDC

[23] – (“خاتون 1” موضوع جديد للخلاف بين الحكومة والأصوليين)، شرق، (العدد 1319، 23 مرداد 1390)، ص 2.

[24] – قصة الحجاب في إيران … من إرث الشاه إلى شرطة العمائم”، الجزيرة نت، 13 يناير/كانون الثاني 2019، (تاريخ الدخول: ١٨ /تشرین الثاني 202٢)، https://bit.ly/3q2F8sr.

[25] – فاطمة الصمادي، “جدل الحجاب في ايران بين الديني والسياسي”، مصدر سابق.

[26] – تەحسین وسو عەبدوڵڵا، “گریمانەکانی داهاتووی بارودۆخی ئێران”، دەزگای میدیایی باسنیوس ٢٠٢٢، (ڕۆژی سەردان: ١٨/١١/٢٠٢٢) https://www.basnews.com/so/babat/781815

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٦)، ساڵی دووەم، كانونی دووەمی 2023

Send this to a friend