• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 6, 2024

چۆن گەیشتینە ئێستا

؛ شەش داهێنان كە جیهانی مۆدێرنیان دروست كرد

ئامادەكردن: ئایندەناسی

كتێبی “چۆن گەیشتینە ئێستا” لە نووسینی ستێڤن جۆنسۆن (Steven Johnson)ی نووسەری ئەمەریكییە كە لە ساڵی 2014دا بڵاو بووەتەوە. جۆنسۆن نووسەری 12 كتێبی پڕفرۆشە: دوژمنی هەموو مرۆڤایەتی، دووربین، وڵاتی شتە سەیروسەمەرەكان، چۆن گەیشتینە ئێستا، بیرۆکە باشەكان لە کوێوە دێن، داهێنانی هەوا، نەخشەی تارمایی و هەموو شتێکی خراپ، بۆ تۆ باشە.

جۆنسۆن لە كتێبەكەیدا باس لە شەش بابەتی سەرەكی دەكات كە داهێنانی گەورە و وەرچەرخێنەر هاتووەتە كایەوە و گۆڕانكاریی گەورەیان دروست كردووە. ئەم داهێنانانە كاریگەریی گەورەیان لە ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤدا دروست كردووە و لە پێشكەوتنی بەردەوامدان. شەش بابەتە سەرەكییەكە بریتییە شووشە (Glass)، سارد (Cold)، دەنگ (Sound)، خاوێنی(Clean) ، كات (Time) ، ڕووناكی (Light). جانسۆن وەک زانای ماددەكان، مارک میودۆنیک، پێی وایە “شووشە” زیاتر لە هەموو شتێک بوونی مرۆڤی گۆڕیوە. جانسۆن باس لە كۆمەڵێک دەرئەنجامی لە: داهێنانی ئامێری چاپ دەكات كە بووە هۆی قبووڵكردنی چاویلكەی خوێندنەوە لە لایەن زۆرینەی خەڵک، هەروەها بووە هۆی داهێنانی مایكرۆسكۆپ و تەلیسكۆپ كە بەدوای خۆیدا ناسینی ئەستێرەی لێ كەوەتەوە.

جۆنسۆن باس لە چەند داهێنانێكی گرنگی تر دەكات كە ژیانی نێو شاری بەرەو گۆڕانكاریی ئەرێنی بردووەتە پێشەوە. بۆ نموونە؛ لە دەیەكانی 50 و 60ی سەدەی 19، بینا ناوەندییەكانی شاری شیكاگۆ لە ڕێگەی جەكەوە بەرز دەكرانەوە بۆ ئەوەی سیستمێكی ئاوەڕۆ لە ژێر بیناكانەوە دروست بكرێت. ئەم ڕێگەچارەیە بۆ شارێكی تەختی وەكوو شیكاگۆ، زۆر پێویست بوو. هیچ لێژاییەک بۆ ڕاكێشانی ئاوەڕۆ بوونی نەبوو، ناوەندی گۆشتفرۆشی لە ڕۆژئاوای شارەكە بۆ ئەوەی لە زبڵ و پیسایی ڕزگاری بێت، پێویستییەكی ڕەهای بەم چارەسەرە هەبوو.

چەندین چیرۆکی داهێنەران هەن کە درکیان بە مەودای ڕاست و دروستی داهێنراوەكەیان نەكردووە و بە شاردراوەیی هێشتوویانەتەوە، لە نموونەی  “ئێدوارد لیۆن سکۆت دی مارتینڤیل” کە لە ساڵانی ١٨٥٠دا  ئامێرێکی بۆ تۆمارکردنی شوێنەوار و شەپۆلە دەنگییەكان داهێناوە، لە كاتێكدا شێوازێكی ئەوتۆی بۆ پەخشکردنی تۆكارە دەنگەییەكە و كارپێكردنی ئامێرەكە نەخستە ڕوو، بەڵام دڵنیا بوو لەوەی كە ڕۆژێک دێت كاریگەریی شوێنەواری ئەو تۆمارە دەنگییە دەخوێنرێتەوە و تەنانەت شی دەكرێتەوە، وەک چۆن تۆماری كلیكەكانی مۆسیقا لەمڕۆدا بە شێوەی نووسین دەخوێنرێنەوە (ئاشكرایە لەم دواییانەدا ئەندازیارانی دەنگ توانیویانە “تۆمارەکانی شوێنەواری دەنگ” لێک بدەنەوە). هاوكات دەرئەنجامە پێشبینینەکراوەکانی ئەو داهێنانە لە هەموو شوێنێکی دونیادا دەبینرێن، هەروەک چۆن دواتر ئامێری سکانکردنی سۆنەر وەک سیستمێکی دیاریکردنی ورد دوای ڕوودانی کارەساتی تایتانیک پەرەی پێ درا و ساڵانێک دواتر ئەم تەکنەلۆژیایە بووە كایەیەكی پیلانگێڕی لەگەڵ پەیڕەویكردن لە سیاسەتی لەدایكبوونی یەك منداڵ لە وڵاتێكی وەک چین، ئەویش بۆ بەرهەمهێنانی ناهاوسەنگییەکی چڕی جێندەری لە بەرژەوەندیی زیادبوونی ڕەگەزی نێر لەو وڵاتەدا.

دەكرێت تیشک بخەینە سەر “ستیڤن جۆنسۆن” كە كار دەكات بۆ گەڕان لە نێو مێژووی داهێنان بە شێوەیەكی ورد بە درێژایی سەدەکانی ڕابردوو، بە تایبەت دەربارەی لایەنەکانی ژیانی هاوچەرخ لە نموونەی (بەفرگر، کاتژمێر، هاوێنە، چاویلکە و…)، ئەویش بایەخدان و وردبوونەوە لە چۆنێتیی داهێنان و دروستکردنیان لە لایەن کەسانێک كە خولیاو ویستی كەسی یاخود ئامانج و حەزی مانیفاكتۆر و خاوەن كارەكان كە ویستوویانە لە پێناو كەڵەكەكردنی سەرمایەی زیاتر؛ داهێنانی وردی لەو چەشنە بكەن و بازاڕی كاری خۆیانی پێ گەرم بكەن، كە دواجار دەرئەنجامی ئەو داهێنانە كاریگەرییەكی مێژوویی چاوەڕواننەكراویان لە دوای خۆیان جێ هێشتووە و ئەمڕۆ بە شێوەیەكی بەرچاو بەكار دێن و ئەو كاریگەرییانە دەبینرێن. هەر بۆیە دەرئەنجامی داهێنراوەكانی ئەمڕۆ پڕن لە چیرۆكی سەرسوڕهێنەر كە بەشێكی زۆریان بە ڕێکەوت یاخود هەڵەگەلێكی لەو چەشنە كە دواجار بوونەتە خاڵی پرشنگدار و درەوشانەوە، یەک لەو نموونانە ئەو بڵاوکەرەوە فەڕەنسییەیە كە پێش ئەدیسۆن توانیی فۆنۆگرافی دابهێنێت، بەڵام لەبیری کردبوو چۆنێتیی پەخشکردنی دابهێنێت و بیخاتە خزمەتی مرۆڤایەتی. هەروەها نموونەیەكی زیندووتریش داهێنانێكی ئەستێرەی سینەمایی هۆڵیوودە کە یارمەتیی داهێنانی تەکنەلۆژیای پشت وای فای و بلوتووسی دا. ئەمانە ئەو چەشنە داهێنراوانەن كە پرسیارگەلێكی وەها بەدوای خۆیاندا دێنن كە ئاخۆ چۆن ئەو ڕەوتە لە داهێنان و ئاڵنگاری لە مێژوودا هاتوون و گەیشتوونەتە ئێستا، ئەویش تاكوو ئەو ڕادەیەی كە مرۆڤایەتی لەمڕۆدا لێكۆڵینەوەی لە سەر دەكات و  مێژووی نهێنیی پشت گرنگترین پێداویستییەكانی ژیانی ڕۆژانەیە لەم سەردەمە هاوچەرخەدا ڕوونی دەكاتەوە.

جانسۆن جەخت لەوە دەكاتەوە كە زۆرینەی داهێنانەكان بەرهەمی پڕۆسەیەكی دوورودرێژی كامڵبوونە كە تۆڕیكی بەرینی داهێنەران و خاوەنكارەكان لەخۆ دەگرێت. هەندێک لەم داهێنانانە لە كات و ساتێكی چارەنووسسازدا دەركەوتن. بۆ نموونە؛ یارییە دیجیتاڵییەكان بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1943دا لە ڕێگەی تەكنەلۆژیای «SIGSALY»، لە ڕێگەی تاقیگەی ئالێن تورینگ و بێلەوە فراوان كرا، بۆیە تورینگ بە مانای وشە داهێنەر بوو و هەوڵێكی نوێخوازانەی لە بەرنامەنووسینی كۆمپیوتەری دا.

لە كۆتاییدا ئەم كتێبە بچووكە، بەڵام مەیلی لێكۆڵینەوە لە خوێنەردا دەورووژێنێت. “چۆن گەیشتینە ئێستا گەیشتین”؛ چێژبەخش، سەرنجڕاكیش و لە هەمان كاتدا ئاڵنگارییەكە بۆ هەر جۆرە هەستێكی ماندووكەرانە كە بۆ داهێنانە بەردەوامەكانی ژیانی ئێمە بوونیان هەیە.

سەرچاوەكان

– The Guardian (3 10 2014), “How We Got to Now by Steven Johnson – review”, https://www.theguardian.com/books/2014/oct/03/how-we-got-to-now-by-steven-johnson-six-innovations-made-modern-world.

–  Jon Gertner (26 12 2014), “‘How We Got to Now,’ by Steven Johnson”, https://www.nytimes.com/2014/12/28/books/review/how-we-got-to-now-by-steven-johnson.html.

Send this to a friend