• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 6, 2024

پژانی هێز

 ئامادەكردن: زانا كەریم

هێز چەمکێکی سەرەکی و تەوەرەیی کایەی زانستە ڕامیارییەکانە و دەستاوێژێکی گرنگە بۆ ئەو کەسانەی کە بایەخ بە شرۆڤەکردنی سیاسەت و پەیوەندیی نێوان بکەرە سیاسییەکان دەدەن، چ لە سەر ئاستی ناوخۆی وڵاتان، یان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی.

لە لایەکی ترەوە هێز، وەک هەر چەمکێکی تری کایەی زانستە ڕامیارییەکان و سیاسەتی نێودەوڵەتی، چەمکێکی تەمومژاوی و مشتومڕهەڵگرە و بۆچوون و پێناسەی جۆراوجۆر لە بارەیەوە هەیە و ئاڕاستەی جیاواز بۆ دیاریکردنی واتا و چییەتییەکەی هەیە، ئەمە سەرەڕای تێکەڵاوی و ئاوێتەبوونی لەگەڵ چەندین چەمک و زاراوەی تردا کە لە واتادا نزیکن لەتەکیدا، وەک دەسەڵات (Authority)، زەبر یان زۆر (Force)، نفوز یان کاریگەری (Influence)… هتد.

لەگەڵ ئەو ڕاجیاییانەشدا و بە ڕەچاوکردنی ئەو ڕاستییانەی سەرەوە، دەکرێت بڵێین: هێز بریتییە لە کاریگەریدانانی “‌‌ئەلیف” لە سەر “با” بۆ کردنی شتێک کە “با” ئەو شتە ناکات ئەگەر ئەو کاریگەرییەی “ئەلیف” نەبێت. هەروەها بە گوێرەی پێناسەیەکی تر، “هێز توانایە بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێکی دڵخواز”. بەڵام ئەوەی مەبەستی ئێمەیە و دەمانەوێت لێرەدا لە سەری بوەستین؛ ناساندنی چەمکی هێز نییە، بەڵکوو ئەو گۆڕان و وەرچەرخانەیە کە لەم سەردەمەدا بەسەر هێزدا هاتووە.

لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دوو جۆر وەرچەرخانی هێز هەیە، ئەوانیش: گواسترانەوەی هێز (Power Transition) و پژانی هێزن (Power Diffusion). گواسترانەوەی هێز دیاردەیەکی باو و ئاسایی ناو مێژووی سیاسەتی نێودەوڵەتییە و بریتییە لە وەرچەرخانی هێز لە دەوڵەتێکی زاڵ و باڵادەستەوە بۆ دەوڵەتێکی تری تازەهەڵکشاو. ئەم جۆرە وەرچەرخانەی هێز بەدەرە لە باسی ئێستامان، بۆیە لێرە بەدوا سێرە لە سەر چەمکی پژانی هێز دەگرین و دەیناسێنین، کە دیاردەیەکی تازە و هەوچەرخی ناو سیاسەتی جیهانییە، بەڵام بەر لەوە پێویستە سەرنجێکی زمانەوانی لە بارەی چەمکەکە و وەرگێڕانە کوردییەکەوە دەربڕین.

چەمکەکە لە زمانی ئینگلیزیدا «Power Diffusion»ە و لە زمانی عەرەبییشدا بە «إنتشار القوة» وەرگێڕدراوە، ئێمەش بە «پژانی هێز» وەرمانگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی. بە گوێرەی فەرهەنگی “هەنبانەبۆرینە” و “فەرهەنگی خاڵ” و “فەرهەنگی کوردستان”، پژان واتای “پرژان” و “وەرین و بڵاوبوونەوە” و “پەخش و بڵاوبوونەوە”ش دەگەیەنێت، کەواتە بەکارهێنانی لە هەمبەر وشەی «Diffusion»ی ئینگلیزی و «انتشار»ی عەرەبی لە جێگەی خۆیدایە.

پژانی هێز

چەمکی پژانی هێز لە ڕواڵەتدا ساکار دەردەکەوێت و لە بەستێنی جیاوازدا، جا چ لە بەستێنی قسەکردندا بێت لە سەر قەبارەی ئەو هێزە سیاسییە یان ئەو دەسەڵاتەی (Authority) کە دەوڵەت هەیەتی لە بەرانبەر هاوڵاتییاندا، یان لە بەستێنی قسەکردندا بێت لە سەر بڕی ئەو هێزەی (Power) کە دەوڵەت هەیەتی لە بەرانبەر دەوڵەتانی تردا؛ بەکارهێنانی دووبارە دەبێتەوە. لەگەڵ ئەم ڕاستییەشدا، هەوڵەکان بۆ تیۆریزەکردن و ڕیشەدۆزیی چەمکەکە لەڕادەبەدەر سنووردارن.

پژانی هێز لە لایەن چەندین بیریاری کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە بەکار براوە، بەڵام جۆزێف نای (Joseph S. Nye, Jr.) بە یەکێک لەو بیریارانە دادەنرێت کە ئەم چەمکەی زۆر بەکار هێناوە، بە جۆرێک چەمکەکە پەیوەست بووە بە بەرهەمەکانی «نای»ەوە. بە لای جۆزێف نایەوە پژانی هێز دیاردەیەکی زۆر نوێ و ناباوە و ئاڵەنگاریی نوێ لە سەر شانۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی قوت دەکاتەوە.

“نای” پژانی هێز بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە: زیادبوونی بەردەوامی ئەو بوارانەیە (کەرتانەیە) کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتانن. پژانی هێز واتە زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی بکەرە نادەوڵەتەکان (Non-state Actors). ئەم زیادبوونەی ژمارەی بکەرە نادەوڵەتەکانیش بە نۆرەی خۆی کێشە و ناکۆکیی نوێ چێ دەکات و چەندین پرسی نێودەوڵەتی، وەک سەقامگیریی دارایی و گۆڕانی کەشوهەوا و تیرۆر و پەتا دەخاتە ناو کارنامە نێودەوڵەتییەکانەوە، لە هەمان کاتدا سەر دەکێشێت بۆ لاوازبوونی توانای بەدەنگەوەهاتنی حکومەتەکان. کێشەی سەرجەم دەوڵەتان لە سەدەی بیست و یەکەمدا ئەوەیە کە وا زۆر شت هەن لە دەرەوەی کۆنترۆڵی تەنانەت بەهێزترینی دەوڵەتانیش ڕوو دەدەن، ئەمەش بە هۆی پژانی هێزەوەیە، واتە وەرچەرخانی هێز لە دەوڵەتانەوە بۆ نادەوڵەتەکان. بە پێچەوانەی گواسترانەوەی هێز کە دیاردەیەکی کۆن و ئاشنایە لە سیاسەتی جیهانیدا، پژانی هێز پڕۆسەیەکی زۆر تازەیە و پەیوەستە بە گەورەبوونی ئامادەگیی بکەرە نادەوڵەتەکانەوە، ئەمەش بە هۆی شۆڕشی زانیارییەوەیە کە سروشتی هێز و سەرچاوەکانی هێز دەگۆڕێت و کارلێکە نێودەوڵەتییەکان ئاڵۆزتر دەکات. ئەم پڕۆسەیە (شۆڕشی زانیاری) پژانی هێز زیاتر دەکات و دواتریش وا دەکات ئەو توانایانەی کە لە قۆناغێکدا سنووردار بوون بۆ هەمووان بەردەست بن، هەروەک لە ڕێگەی میکانیزمەکانی جیهانگیری و شۆڕشی زانیارییەوە توخمە نوێیەکانی هێز دەخاتە بەردەستی بکەرە نادەوڵەتەکان.

کەواتە ڕەهەندی سەرەکی و کرۆکی پژانی هێز پەیوەستە بە پاشەکشێی ڕۆڵی دەوڵەت و کۆتاییهاتنی مۆنۆپۆڵی هێز لە لایەن دەوڵەتەوە لە بەرژەوەندیی بکەرە نادەوڵەتەکان.

 

بزوێنەرەکانی پژانی هێز

جۆزێف نای پێی وایە بە شێوەیەکی گشتی دوو بزوێنەری سەرەکی لە پشت پژانی هێزەوەن، ئەوانیش:

یەک: بزوێنەری یەکەم پەیوەستە بە دەرکەوتنی پرسە سنووربڕە نوێیەکانەوە، ئەو پرسانەی کە زەحمەتە دەوڵەتان بە تەنها بتوانن ڕووبەڕوویان ببنەوە، وەک پرسەکانی تیرۆری نێودەوڵەتی، تۆڕەکانی تاوانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، ژینگە، قەتیسبوونی جیهانییانەی گەرما، پەتا، قەیرانی دارایی جیهانی و… هتد.

دوو: بزوێنەری دووەم کاریگەریی شۆڕشی زانیاریی و گەیاندنە، ئەو شۆڕشەی کە زۆر جار بە شۆڕشی سێیەمی پیشەسازی ناو دەبرێت. شۆڕشی زانیاری؛ سروشتی هێز و سەرچاوەکانی هێز دەگۆڕێت و کارلێکە نێودەوڵەتییەکان ئاڵۆزتر دەکات. شۆڕشی زانیاری پژانی هێز زیاتر دەکات و دواتریش وا دەکات ئەو توانایانەی کە لە قۆناغێکدا سنووردار بوون بۆ دەوڵەتان و کۆمپانیا گەورەکان، لە ئێستادا بۆ هەمووان بەردەست بن، هەروەها توخمە نوێیەکانی هێز دەخاتە بەردەستی بکەرە نادەوڵەتەکان.

 

ئاستەکانی پژانی هێز

پەیوەست بە دەستنیشانکردنی ئاستەکانی پژانی هێز؛ جیاوازی لە نێوان توێژەراندا هەیە، هەندێک توێژەر قسە لە سەر دوو ئاستی پژانی هێز دەکەن، کە بریتین لە: ئاستی ناوخۆیی و ئاستی دەرەکی. لە سەر ئاستی ناوخۆ، پژانی هێز یاخود دەسەڵات بریتییە لە پاشەکشەکردنی دەسەڵاتی ناوەندیی دەوڵەت و دابەشبوونی دەسەڵات لە نێوان دەوڵەت و بکەرە خۆجێیەکانی تردا، واتە بەرفراوانبوونی ئاستی بەشداریکردن لە پێواژۆی سیاسی و دروستکردنی بڕیاردا. لە سەر ئاستی دەرەکییش، بریتییە لە بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی هێز لە نێوان دەوڵەت و بکەرە نادەوڵەتەکاندا.

هەندێک توێژەری تریش سێ ئاستی پژانی هێز دەستنیشان دەکەن، کە بریتین لە: ئاستی خوار دەوڵەتی (ئاستی ناوخۆیی)، ئاستی دەوڵەتی و ئاستی باندەوڵەتی (ئاستی دەرەکی).

هەڵسەنگاندن

ئەو تێڕوانینەی کە لە سەرەوە بۆ پژانی هێز خستمانە ڕوو، بە لای هەندێک لە توێژەرانەوە تێڕوانینێکە بە زۆری بۆ گوزارشتکردن لە پاشەکشەی ڕۆڵی دەوڵەت و کۆتاییهاتنی مۆنۆپۆڵی دەوڵەت بەسەر خاوەندارێتی و بەکارهێنانی جۆرە جیاوازەکانی هێزدا لە بەرژەوەندیی بکەرە نادەوڵەتەکان بەکار دەهێنرێت. ئەم توێژەرانە ڕەخنەی ئەم تێڕوانینە دەکەن و پێیان وایە دیدگای کلاسیکی بەسەریدا زاڵە و لە ژێر کاریگەریی دیدی “دەوڵەت-تەوەرەیی”دایە، بۆیە ئەمان پێناسەیەکی تریان بۆ چەمکەکە خستووەتە ڕوو کە بە ڕای خۆیان گشتگیر و سەراپاگیرترە. لە ناو ئەو پێناسانەدا دەکرێت ئاماژە بە پێناسەکەی عەلی جەلال موعەوەز بدەین کە چەمکی پژانی هێز بەم شێوەیە پێناسە دەکات: گواسترانەوەی هێزە، هێز بە واتا توانای کاریگەریدانان لە دۆخێکەوە کە لە تاکە بکەرێک، یان تاکە ناوچەیەک یان تاکە بوارێک یان تاکە شێوەیەکدا چڕ بووتەوە بۆ دۆخێک کە کەمتر چڕ بووەتەوە و کەمتر قۆرغ کراوە و زۆرتر لە نێوان چەندین بکەردا و بەسەر ناوچە و بوار و شێوەی جیاوازدا دابەش بووە (پژاوە).

سەرەڕای جیاوازیی پێناسەکان و سێرەگرتنی هەر توێژەرێک لە سەر لایەنێک لە لایەنە جیاوازەکانی چەمکەکە، بەڵام خاڵێک هەیە کە هەموو بۆچوون و دیدگاکان تێیدا یەکتر دەبڕن و کۆکن لە سەر ئەوەی کە وا پژانی هێز واتە پاشەکشەی ڕۆڵی دەوڵەت و کۆتاییهاتنی قۆرغکاریی دەوڵەت بەسەر کاروباری ناوخۆیی و دەرەکییەوە لە بەرانبەر ئامادەگیی بەرفراوان و هەڵکشانی زیاتری ڕۆڵی بکەرە نادەوڵەتەکاندا.

Send this to a friend