• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 23, 2024

فه‌توا و فه‌توادان له‌ ئیسلامدا

د. ئومید مه‌لا عوسمان كوردی

بابەتی فەتوا و فەتوادان لە ئیسلامدا بابەتێکی زۆر هەستیار و مەترسیدارە، ئەگەر بە عاقڵانە و بابەتییانە و واقیعییانە مامەڵەی لە تەکدا نەکرێت، وابەستەی مەبەست و بنەما سەرەکییەکانی شەریعەت نەبێت، ئەنجام و کاردانەوەکانی لەبەرچاو نەگیرێت، مەرجە سەرەکییەکانی نەهاتبێتە دی، دوور نییە ماڵوێرانی و کارەساتی گەورەی لێ بکەوێتەوە.

دەگێڕنەوە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک تۆمەتباری سەرەکی تیرۆرکردنی (فەرەج فۆدە) لەبەردەم دادوەردا پرسیاری لێ کرا، کە بۆ کوشتت؟ تۆمەتبار وتی: ئەو کافر بووە، دادوەر وتی: لە کام لە کتێبەکانیدا بەڵگەی کافربوونی ئەوت بینیوە؟ تۆمەتبار وتی: من نەدەخوێنمەوە، نەدەنووسم، تەنیا گوێبیستی فەتوای کافرکردنی ئەو بووم لە هەندێک لە مینبەرەکانەوە، کافریش حوکمی کوشتنە.

دوور نەڕۆین هەر لەم ناوچەی خۆماندا ئەوەی تیرۆریستانی داعش کردیان لە گرتن و کوشتن و ڕاوەدوونان و بەتاڵانبردنی سەروماڵی ئێزدییەکانی شنگال و دەوروبەری، سەرچاوەکەی تەنیا فەتوایەک بوو، کە ئەوانە شەیتانپەرست و کافرن، سەر و ماڵیان حەڵاڵە.

یاخود دەبینین بەردەوام لە کەناڵە ئاسمانییەکانەوە، لە مینبەری مزگەوتەکانەوە، لە پێگە ئەلیکترۆنییەکانەوە، چەندین فەتوای هەڵە و دژ یەک دەردەچێت، وای لێهاتووە هەر کەسێک مێزەرێک، یان کڵاوێکی سپی لە سەر نا، یان چوار کتێبی شەرعی خوێندەوە، یان وتارێکی هەینی دا، یان لە کەناڵێکی ئاسمانییەوە دوو جار چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کرا، یان بڕوانامەیەکی زانکۆیی لە بوارێکی شەریعەتدا بە دەست هێنا، یان چەند جارێک ئامادەی دەرس و وتاری فڵان مامۆستا بوو… ئیتر ئەمانە هەریەکە و لای خۆیەوە دەبێتە موفتی و بەناوی خوا و پێغەمبەرەوە فەتوا دەدات.

لەلایەکی ترەوە سیاسییەکان چۆن ئاڕاستەی بیرکردنەوەی میللەتیان لە پێشکەوتن و داهێنان و قسەکردن لە مەسەلە چارەنوسساز و هەستیارەکانەوە گۆڕیوە بۆ سەرقاڵبوونیان بە شتە زۆر بچووک و بێمانا و داواکاری مافە زۆر سەرەتاییەکانەوە، بە هەمان شێوە بەشێک لە مەلا و بانگخواز و موفتی و وتاربێژەکانیش فیکر و عەقڵ و ڕۆحیان مراندووە، مەبەستە سەرەکییەکانی شەریعەتیان وەلا ناوە، یەکڕیزیی و برایەتی موسڵمانانیان شێواندووە، لە ڕێگەی فەتوا دژیەکەکانەوە موسڵمانانیان سەرقاڵ کردووە بە کۆمەڵێک مەسەلە و بابەتی بچووک و لاوەکییەوە، ڕەمەزان دێت، گەورەترین گرفتی خەڵک لە ماڵ و مزگەوت و بازاڕدا لەوەدایە سەرفیترەکەی بە پارە بدات، یان بە گەنم و جۆ و کەشک و برنج…، مانگی ڕەبیعی یەکەم دێت، مەولوود بیدعەیە! نەخێر واجبە! نا کارێکی باشە! نەخێر مەکروهە…، وەرزی سەرما دێت، دروستە جەمع بکەیت لەنێوان دوو نوێژدا؟ نەخێر! بەڵێ! سەری ساڵی زایینی دێت، نابێت خۆشی دەربڕیت، لاساییکردنەوەی کافرانە! کەسێک دەمرێت هێشتا بەباشی نەخراوەتە ناو گۆڕەوە، شەڕە لەسەر ئەوەی ئایا فاتیحەی بۆ دەچێت، یان نا؟ بانگ دەدات دەتەوێت لە مزگەوتێکدا نوێژ بکەیت، نەخێر دروست نییە لەو مزگەوتەدا، چونکە گۆڕی تێدایە، نا زیانی نییە گۆڕەکان لە دوای نوێژخوێنانەوەن، ئەو مزگەوتەی تریشیان مەلاکەی گۆڕپەرستە، ڕیش دەتاشێت، شەرواڵەکەی درێژە، نوێژی لە دواوە دروست نییە ….. تاد، ئەمانە و چەندین بابەتی تری لاوەکی و سادە، ڕۆژانە دەوروژێنرێن، عەقڵ و بیری خەڵک سەرقاڵ و ماندوو دەکەن، تواناکان دەکوژن، کاتێکی زۆر دەبەن، یەکڕیزی و برایەتی تێکدەدەن، سەرچاوەکەشیان تەنها وتار و فەتوای ئەم مەلا و ئەو مەلایە.

ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوانەی بە ناوی خوا و پێغەمبەرەوە، قسە دەکەن، حوکم دەدەن، ئەم و ئەو تەکفیر و تەبدیع و تەفسیق دەکەن، خەڵک دەنێرن بۆ بەهەشت، بۆ جەهەننەم، ڕێپێدراوەکان، حەرام دەکەن، زۆربەیان کەسانی هەڵەشە و نەشارەزا و ناکامڵن، شیاوی ئەو پایەی فەتوادانە نین، ئەگەر تاقیکردنەوەیەکی گشتیی بکرێن لە زمانی عەرەبی و سەرەتاکانی زانستە شەرعییەکاندا لەوانەیە ژمارەیەکی بەرچاویان دەرنەچن.

فەتوادان لە ئیسلامدا پایە و پێگەیەکی هەستیار و مەترسیداری هەیە، چونکە خودی فەتوادان قسەکردن و واژۆکردن و حوکمدانە بە ناوی خواوە، لەم بارەوە گەورە زانای مالیکی، قەرافی (لە 684ک مردووە) بە دەستەواژەی (وەرگێڕ لە خواوە) موفتی ناو بردووە.(1)

یان ئیبنولقەیم (لە751ک مردووە) وتویەتی “ئەگەر پێگەی حوکمدان و واژۆکردن بەناوی پاشایانەوە بەو گەورەیی و هەستیارییە بێت، کە تێبینی دەکرێت، ئەی باشە دەبێت پێگەی حوکمدان و واژۆکردن بە ناوی خوای زەوی و ئاسمانەوە چۆن بێت”.(2)

یان ئەبو ئیسحاقی شاتیبی (لە 790ک مردووە) دەڵێت “موفتی جێنشین و میراتگری پێغەمبەرە لە گەیاندن و ڕوونکردنەوەی حوکمی شەرعیدا”.(3)

بەپێچەوانەی ئەوەی ئەمڕۆ بەدی دەکرێت لە هەڵەشەیی و خێرا فەتوادان و دەمدان لە هەموو شتێک، هاوەڵانی پێغەمبەر و زانایانی پێشین زۆر بە ئاگایی و ترس و خۆپارێزییەوە لە فەتوا و فەتوادانیان ڕوانیوە، هەتا پێغەمبەر(د. خ.) کە گەیەنەری شەریعەت بووە لە خواوە، چەندین جار پرسیاری لێکراوە، وەڵامی نەداوەتەوە چاوەڕوانی هاتنە خوارەوەی وەحی کردووە، هەر بۆیە کەم نین ئەو ئایەتە قورئانییانەی دەربڕینی (یسألونک، یستفتونک)یان لەخۆگرتووە.

یان دەبینین لە ئەدەبیاتی پێشەوایانی پێشینی وەک ڕەبیعەی ڕەئی (لە 136ک مردووە)، ئیمام مالیک (لە 179ک مردووە)، شافیعی (لە204ک مردووە)، ئەحمەد (لە 241ک مردووە) و ئەوانی تردا دەستەواژەی نازانم (لا أدری) زۆر بەکار هاتووە، کە لەوانەیە لە ئەمڕۆدا زۆر لە موفتی و مامۆستایانی ئایینی بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە بە لایانەوە نەنگیی بێت.

ئیبنو ئەبی لەیلا (لە 148ک مردووە) دەڵێت “گەیشتووم بە چەندین هاوەڵی پێغەمبەر (د. خ.)، کاتێک پرسیارێکی شەرعی لە یەکێکیان دەکرا، دەینارد بۆ لای یەکێکی تر، ئەویش بۆ لای کەسێکی تر، تا لە کۆتاییدا دەگەڕاوە بۆ لای کەسی یەکەم”.(4)

هەر لە هەمان باسدا ئیبنو عەبدولبەر (لە 463ک مردووە) دەیگێڕێتەوە “جارێکیان پیاوێک هاتە لای پێشەوا قاسمی کوڕی محەممەدی کوڕی ئەبی بەکر، پرسیارێکی لێ کرد. ئەویش وتی: نایزانم، پیاوەکە وتی: من نێردراوم بۆ لای تۆ، کەسی تر ناناسم. قاسم وتی: مەڕوانە بۆ درێژیی ڕیشم و زۆری خەڵک لە دەورم، سوێند بە خوا نایزانم”.(5)

بە هەمان شێوە ڕەبیعەی ڕەئی، مامۆستای ئیمام مالیک، وتویەتی: “هەندێک لەوانەی لەم دەوروبەرەدا فەتوا دەدەن، لە دزەکان زیاتر شایانی بەندکردنن”.(6)

یاخود ئیمام مالیک وتویەتی “فەتوام نەدا هەتا حەفتا کەسی زانا شایەتیان دا کە من شیاوی فەتوادانم”.(7)

زانایانی ئوسووڵی فیقهـ لە باسەکانی تایبەت بە فەتوا و ئیجتیهاددا زۆر بە وردی و زانستییانە هێڵە گشتی و بنەما سەرەکییەکانی فەتوا و فەتوادانیان دەستنیشان کردووە، چەندین فلتەری ورد و زانستییانەیان دیاری کردووە کە دەبێت کەسی موفتی و پرۆسەی فەتوادانی پێدا تێپەڕێت، چەندین مەرج لەبەرچاو بگیرێت، ئەگەر نا، پرۆسەکە ڕێڕەوی ڕاست و دروستی خۆی لە دەست دەدات و کارەسات و ڕووداوی نەخوازراو و گرفتی لێ دەبێتەوە.

هەربۆیە هەوڵدەدەین لە چەند خاڵێکدا ئاماژە بدەین بە گرنگترین ئەو بنەما و مەرج و تیۆرە سەرەکییانەی کە دەبێت پرۆسەی فەتوادانی لەسەر بوونیاد بنرێت، ئەو کات خوێنەر خۆی حوکم بدات، کە ئایا لەسەدا چەندی ئەوانەی فەتوا دەدەن شیاوی ئەو پایەی فەتوادانەن؟ وتەکانیان لێ وەردەگیرێت؟لەوانەیە لەسەدا سفر، یان یەک، دوو…نازانم.

  1. دەبێت کەسی فەتوادەر کەسێکی لە خوا ترس، ڕاستگۆ، متمانە پێکراو، هەقبێژ و دەروون تەندروست بێت، جیاوازی لە ڕەفتار و گوفتاریدا نەبێت، بە دوور بێت لە هەر شێوازێکی فێڵبازی و ساختەچێتی و بەرژەوەندیخوازی و لە هەرهەڵسوکەوتێکی نەشیاو و ناشایستە و لەکەدارکەری کەسایەتی.

بەداخەوە ئەوانەی ئەمڕۆ فەتوا دەدەن و لایەنی دروستی و نادروستی ڕەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگە دیاری دەکەن، زۆریان کەسانی ناڕاست و فێڵباز و دەروون نەخۆش و بەرژەوەندیخوازن.

کەم نین ئەو مەلا و موفتییانەی سەرقاڵی گەوجاندنی خەڵکن، خۆیان شاهانە ژیان دەگوزەرێنن، خاوەنی دوو سێ خێزانن، چەندین باخ و ڤێلا و خانوویان هەیە، ئۆتۆمبێلی گرانبەها و مۆدێل بەرز لێ دەخوڕن، سەرقاڵی گەڕان و گەشتی وڵاتانن.. لەم لاشەوە لە ڕێگەی وتار و فەتوا و ئامۆژگارییەکانیانەوە بانگەشەی هیچێتی دونیا دەکەن، داوای ئارامگرتن دەکەن لەسەر هەژاری و ڕازیبوون بە ژیانی کولەمەرگی، هاوکات بێدەنگ بوون لە بەرامبەر هەر گەندەڵی و زوڵم و ستەمێکی دەسەڵات بە بەشێک لە ئایین و ئایینداری پەسند دەکەن.

  1. لە مەرجەکانی فەتوادان کە زۆربەی زانایان لە سەرەتای قسەکردنیان لەسەر ئیجتیهاد و فەتواداندا ئاماژەیان پێداوە، شارەزابوون و بە ئاگایی کەسی فەتوادەرە لە یاسا و ڕێساکانی زمانی عەرەبیدا.(8)
  2. یەکێکی تر لە مەرجە زۆر گرنگ و سەرەکییەکانی فەتوادان، شارەزابوونی تەواوی کەسی فەتوادەرە لە یاسا و بنەماکانی زانستی ئوسووڵی فیقهـ ، ئەم زانستە زانستێکی مەنهەجی و تیۆرییە بۆ تێگەیشتنی دروست لە دەقە شەرعییەکانی قورئان و سوننەت و هەڵگۆزینی حوکمە شەرعییەکان لێیان و ڕێکخستن و پۆلێنکردنی بەڵگە شەرعییەکان و دەستنیشانکردنی کات و شوێن و چۆنێتی کارپێکردنیان، هاوکات ڕوونکردنەوەی پەیوەندی و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دەلالەتی دەقەکاندا.(9)

لەوانەیە لە ئەمڕۆدا زۆر بن ئەو فەتوادەرانەی شارەزان لە زمانی عەرەبیدا، هەموو قورئان و هەزاران فەرموودەی پێغەمبەریشیان (د. خ.) لەبەرە، بەڵام بەهۆی ئاشنا نەبوونیان بە زانستی ئوسووڵی فیقهـ ، دەکەونە چەندین هەڵەوە لە فەتواداندا.

  1. شارەزایی تەواوی کەسی فەتوادەر لە ئایەتەکانی قورئان و فەرموودە ڕاست و دروستەکانی تایبەت بە حوکمە شەرعییە کردەییەکان، هاوکات بە ئاگابوونی لە هۆکارەکانی دابەزین و هاتنی دەقەکان، چونکە زۆرجار لە ڕێگەی زانینی هۆکارەکانی دابەزین و هاتنی دەقەکانەوە دەردەکەوێت، کە واتا و حوکمی دەقەکە گشتگیرە، یاخود تایبەتە بە حاڵەت و زروف و بارودۆخ و هۆکارێک، یان کەسایەتییەک.(10)

لەبەر ئەوە بە ئاگا نەبوون لەم مەرجە، یان لەبەرچاونەگرتنی، هەندێجار زانا گەورەکانیشی خستووەتە هەڵەوە، بۆ نموونە پێغەمبەر (د. خ.) فەرموویەتی: “کارێکی باش نییە ڕۆژوو گرتن لە سەفەردا).(11)

ئەم فەرموودەیە ئەگەر بە پێی واتا دەرەکییەکەی ڕاڤە بکرێت، دژایەتی لەگەڵ چەندین فەرموودەی تردا هەیە، کە ئاماژە بە دروستی ڕۆژوو دەدەن لە سەفەردا، بەڵام بە زانینی هۆکاری هاتنی دەقەکە، واتای دروستی دەقەکەمان بۆ دەردەکەوێت، دەڵێن پێغەمبەر (د. خ.) لە سەفەرێکدا قەرەباڵغییەکی بینی پرسیاری کرد ئەوە چییە؟ وتیان کەسێکە ڕۆژوو زۆر ماندووی کردووە، لەم کاتەدا فەرمووی: “کارێکی باش نییە ڕۆژوو گرتن لە سەفەردا”(12)، واتا ڕۆژوو گرتن لە سەفەردا کارێکی باش نییە بۆ ئەو جۆرە کەسانە کە بەرگەی ناگرن، بەڵام ئەگەر کەسێک بەهێز بێت، دەتوانێت بەرۆژوو بێت، هەربۆیە لێرەدا ئیبن حەزم کەوتووەتە هەڵەوە کە دەڵێت: ڕۆژوو گرتن لە سەفەردا وەکو بەرۆژوو نەبوونە لە نشینگەدا.(13)

  1. یەکێکی تر لە مەرجە جەوهەرییەکانی ئیجتیهاد و فەتوادان بریتییە لە شارەزایی لە مەبەستە سەرەکییەکانی شەریعەت و بەتوانایی لە جێبەجێکردنی یاساو ڕێسا ئوسووڵییەکان بەپێی مەبەستەکان، کە ئەم خاڵە چەندین لقی لێ دەبێتەوە:

أ- کارکردن بە بنەمای لە پێشینەیی (مبدأ الأولویة) لە کاتی فەتوا و دەرکردنی حوکمدا(14)، وەک: لە پێشینەیی واجب لە بەرامبەر سوننەتدا، مافی کەسەکان لەبەرامبەر مافی خوادا، مەبەستە زەروورییەکان لەبەرامبەر مەبەستە نازەروورییەکاندا… بەداخەوە زۆر لە مەلا و موفتییەکان ئەوەی ئاگایان لێی نەبێت ئەم خاڵە گرنگەیە، دەیان واجب پێشێل دەکەن لە پێناوی سوننەتێکدا، خۆزگە شەرعزان و موفتییەکان لەبری سەرقاڵییان بە هەندێک بابەتی لاوەکی و بچووکەوە، بهاتنایە لەبەر ڕۆشنایی ئەم خاڵەدا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ئابوورییە نالەبار و دژوارەی ئەمڕۆ، فەتوایان بدایە کە دەستگرۆیی هەژاران، هەتیوان، بێوەژنان و بێلانەکان لەم زروفەدا لە پێشترە لە چوون بۆ عومرە و حەجی دووبارە و دروستکردنی مزگەوتی زیادە.

ب- کارکردن بە بنەمای هۆکارێتی، گومانی تێدا نییە کە جێبەجێکردنی زۆرێک لە حوکمە شەرعییەکان پەیوەستن بە هاتنەدی هۆکارەکانیان، واتە ئەگەر هۆکار نەما، یان گۆڕانی بەسەردا هات، حوکمەکەش بە هەمان شێوە نامێنێت، یان گۆڕانی بەسەردا دێت.(15)

لەوانەیە هەڵە نەبین ئەگەر بڵێین زۆربەی ئەو فەرموودانەی نادروستی هەندێک هەڵسوکەوت و شتی سادە دەدەن بەدەستەوە، وەک نادروستیی هەرکام لە درێژی جلوبەرگ، خواردن و خواردنەوە بە پێوە، یان بە پاڵکەوتنەوە، بەکارهێنانی ئاڵتوون و ئاوریشم و جلوبەرگی ڕەنگکراو بە سوور بۆ پیاوان و هاوشێوەیان، ئەمانە وەکو خۆیان نادروست نین، بەڵکو نادروستن ئەگەر مەبەست لێیان فیزلێدان و لەخۆباییبوون و جیاکاری و منیەتی (الأنانیة) بێت.

لەم بارەوە گەورە فەقیهی توونسی ئیبن عاشور (لە 1973ز مردووە) پێیوایە ئەو فەرموودانەی سەبارەت بە نادروستیی جوانکاریی دەموچاوی ئافرەت هاتوون لە برۆ هەڵگرتن و موو لابردن و هاوشێوەیان، هۆکاری نادروستییەکە بۆ خودی کارەکان ناگەڕێتەوە، بەڵکو ئەو کارانە ئەو کات لە تایبەتمەندی و سیمای ئافرەتی داوێنپیس و خراپ بوون، پێغەمبەریش (د. خ.) بۆیە ڕێگری لەو کارانە کرد، تا ئافرەتی موسڵمان و بەڕەوشت تێکەڵ ئەو جۆرە ئافرەتانەی تر نەبن لە سیما و ڕووکەشیاندا.(16)

شایانی باسە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە لە کاتی نەمانی هۆکاری نادروستیاندا، دەبنەوە بە هەڵسوکەوتی سادە و سروشتی.

ج- لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی فەتوا و حوکمدانەکان، کە ئایا سەر دەکێشێت بۆ خراپتر، یان باشتر. بۆ نموونە: جارێک پیاوێک دێتە لای ئیبن عەباس لێی دەپرسێت کە ئایا کەسێک بە ئەنقەست کەسێکی تر بکوژێت، تۆبەی لێ وەردەگیرێت؟ ئیبن عەباس دەڵێت: نەخێر شوێنی ئاگرە، لەپاش ڕۆیشتنی کەسەکە، بە ئیبن عەباس دەڵێن: تۆ پێشتر بەو شێوە فەتوات بۆ ئێمە نەداوە، هەمیشە وتوتە بکوژ تۆبەی لێ وەردەگیرێت، ئەویش دەڵێت: هەستم کرد ئەو کەسێکی هەڵەشە و تووڕە بوو، دەیویست کەسێک بکوژێت، گێڕەرەوەی ئەم باسە دەڵێت: بەشوێن پیاوەکەدا چوون، بۆیان دەرکەوت قسەکەی ئیبن عەباس ڕاست بوو.(17)

یان لە ئیبن تەیمیەوە گێڕدراوەتەوە وتویەتی: لە سەردەمی دەسەڵاتی تەتەرەکاندا لەگەڵ هەندێک لە هاوەڵانمدا بەلای کۆمەڵێکدا ڕۆیشتین سەرقاڵی مەیخواردنەوە بوون و سەرخۆش بوون، هاوەڵەکانم ویستیان لەسەر بنەمای فەرمان بە چاکە و ڕێگری لە خراپە بچن ئاگاداریان بکەنەوە، منیش نەمهێشت ‌و وتم: خوا مەی حەرام کردووە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ بێئاگا دەکات لە نوێژ و یادی خوا، بەڵام ئەوانە مەیخواردنەوە و سەرخۆشبوونیان لانی کەم لەو کاتەدا دەیانگێڕێتەوە لە کوشتن و تاڵانکردنی سەر و ماڵی خەڵک، وازیان لێ بهێنن با سەرخۆش بن(18)

د- کارکردن بە بنەمای ئاسانکاری و دوورخستنەوەی ناڕەحەتی و قورسی، هەروەک لە قورئاندا هاتووە (یُرِیدُ اللَّەُ بِکُمُ الْیُسْرَ وڵا یُرِیدُ بِکُمُ الْعُسْر} (البقرة: ١٨٥)، (لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا)(البقرة: ٢٨٦)، ( وَمَا جَعَلَ عَلَیْکُمْ فِی الدِّینِ مِنْ حَرَجٍ )(الحج: ٧٨)، (فَاتَّقۆا اللّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ ۆاسْمَعوا وأَطِیعوا ) (التغابن: ١٦).

یاخود پێغەمبەر (د. خ.) فەرموویەتی: “هەرکەس پێشنوێژیی کرد با درێژەی پێ نەدات و بە سووکی بیکات، چونکە کەسی نەخۆش و لاواز و خاوەنکار لە جەمەعاتەکەدا هەن”.(19)

بە هەمان شێوە دایکی ئیمانداران عائیشە وتویەتی: “ئەگەر پێغەمبەر (د. خ.) سەرپشک بکرایە لە نێوان دوو شتدا، هەمیشە ئاسانەکەیانی هەڵدەبژارد بە مەرجێک تاوان نەبوایە”.(20)

ە- تێگەیشتنی هەمەلایەنەی ئەو واقیعەی فەتواکەی تێدا دەدرێت، یاخود حوکمی دەقێکی تێدا جێبەجێ دەکرێت، لەم بارەوە ئیمامی شافیعی وتویەتی: “دروست نییە فەقیهێک قسە لە نرخی درهەمێکدا بکات و ئاگاداری بازاڕ نەبێت”.(21)

یان ئیبنولقەیم وتویەتی: “هەرکام لە موفتی و دادوەر ناتوانن حوکم و فەتوای دروست بدەن، لەڕێگەی دوو جۆر تێگەیشتنەوە نەبێت، یەکەم: تێگەیشتنی ورد و چڕوپڕی واقیعی خەڵک، دووەم: زانینی حوکمی خوا و پێغەمبەر (د. خ.)… زانا ئەو کەسەیە لە ڕێگەی تێگەیشتنی وردی بۆ واقیع دەگات بە زانینی حوکمی خوا و پێغەمبەر (د. خ.) لە مەسەلەکاندا.(22)

و- جیاوازی کردن لەنێوان ئەو گوفتار و ڕەفتارانەی پێغەمبەر (د. خ.) کە لەسەر بنەمای بەهرە و تاقیکردنەوە و تەجروبەن، یاخود زادەی سروشتی مرۆڤن، لەگەڵ ئەوانەی هەڵقوڵاوی سیفەتی پەیامبەریین.

زۆرێک لە زانایانی ئوسووڵ جەختیان لەوە کردووەتەوە کە گوتار و ڕەفتارەکانی پێغەمبەر (د. خ.) کاتێک بەڵگەن، کە لە کاروباری شەرعدا هاتبن، بەپێچەوانەی ئەو گوتار و ڕەفتارانەی لە بەرژەوەندی و کاروبارە دونیاییەکانی وەکو ئامادەکردنی سوپا و ڕێکخستنی شەڕەکان و ئاوەدانکردنەوە و کشتوکاڵ و چارەسەری مادی نەخۆشیدا هاتوون، کە ناکرێت موفتی لە ڕوانگەیانەوە فەتوا بدات.(23)

  1. ئاگاداربوون لە گۆڕانی بارودۆخ و زروف و داب و نەریتە جیاوازەکان یەکێکی ترە لە مەرجە سەرەکییەکانی ئیجتیهاد و فەتوادان، گەورە زانای مالیکی (قەرافی) دەڵێت: “هەرچەندە گۆڕان لە دابونەریتەکاندا ڕوویدا لەبەرچاوی بگرە، نەکەیت بە درێژایی تەمەنت چەقبەستوو بیت لەناو دێڕی کتێبدا، ئەگەر کەسێکی نامۆ هاتە لات داوای فەتوای کرد، یان پرسیاری هەبوو، نەکەیت بەپێی دابونەریتی ناوچەکەی خۆت وەڵامی بدەیتەوە، یان بەپێی ئەوەی لە کتێبەکەی بەردەستتدایە، بەڵکو بەپێی دابونەریتی وڵات و ناوچەی خۆی وەڵامی بدەرەوە”.(24)

هەروەها دەگێڕنەوە گەورە شەرعزانی مالیکی ئیبنو ئەبی زەیدی قەیرەوانی (لە386ک مردووە) دیواری حەوشەکەی ڕووخابوو، لە ترسی هەندێک پیاوخراپ سەگێکی ڕاگرتبوو بۆ پاسەوانی، پێیان وت: چۆن سەگ ڕادەگریت لە کاتێکدا ئیمام مالیک بەکارێکی نەشیاوی داناوە، لە وەڵامدا وتی: “ئەگەر ئیمام مالیک لەم سەردەمەدا بوایە، نەک سەگ، بەڵکو شێرێکی دڕی ڕادەگرت”.(25)

بە هەمان شێوە ئیبن عابدین زانای دیاری دوایینی حەنەفییەکان (لە1252ک مردووە) کتێبێکی هەیە بەناوی (نشر العرف فی بناء بعض الأحکام علی العرف) تێیدا هاتووە: “زۆرێک لە حوکمەکان دەگۆڕێن بە جیاوازی کات، یان بەهۆی گۆڕانی دابونەریتەوە، یان بەهۆی هاتنەکایەی پێویستییەکەوە، یان بەهۆی خراپبوونی ڕەفتاری خەڵکەوە، بە جۆرێک ئەگەر حوکمەکە وەک خۆی بهێڵیتەوە، سەر دەکێشێت بۆ هێنانی ئازار و ناڕەحەتی و بارگرانی، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و بنەماکانی شەریعەتە، کە لەسەر ئاسانکاری و بارسووکی و دوورخستنەوەی ئازار و ناڕەحەتی بوونیاد نراوە… هەربۆیە دەبینین گەورە زانایانی مەزهەب لە زۆر مەسەلە و بابەتدا بەپێچەوانەی ئیمام ئەبی حەنیفەوە فەتوایان داوە، چونکە لەو باوەڕەدا بوون ئەگەر ئیمامیش لە سەردەمی ئەواندا بوایە بە هەمان شێوەی ئەوان فەتوای دەدا”.(26)

  1. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشکەوتن و گەشەسەندن و گۆڕانکارییانەی لە زۆربەی بوارەکاندا هاتووەتە کایەوە لەم سەردەمەدا، زۆر زەروورە ناوەندێکی گەورەی ئەنجومەنی فەتوادان هەبێت، بەم مەرجانەی خوارەوە:

أ- ژمارەیەکی بەرچاو لە شەرعزانان و کەسانی ئەکادیمی و پسپۆڕ لە بوار و لایەنە جیاوازەکانی شەریعەت لە خۆ بگرێت، چونکە ئەم سەردەمە سەردەمی پسپۆڕی وردە، نەک مەوسوعی بوون، زۆر پێویستە ئیجتیهاد و فەتوادان بەرهەمی کۆمەڵێک عەقڵ و بیرکردنەوە بێت، نەک بیرکردنەوەی تاکە کەسێک.

ب- پێویستە ناوەندی فەتوادانەکە کۆمەڵێک ڕاوێژکاری ئەکادیمی و پسپۆڕی هەبێت لە بوارەکانی یاسا، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، پزیشکیی، ئەندازیاری، ئابووری، هونەر، وەرزش، مافی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی لەم سەردەمی پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆژیادا، چەندین مەسەلە و کێشە و پرسیار پێویستی بە وەڵام و تێڕوانینی ئایینی هەیە، کە مەلا و شەرعزان لە ماهیەت و چۆنێتی زۆربەیان تێناگات.

یاخود بە سەدان کێشەی خێزانی ڕوو دەکاتە مەلا و موفتی و شەرعزانەکان، ئەگەر ناوەندێکی لەو جۆرە هەبێت و کەسانی پسپۆڕی دەروونناسی و کۆمەڵناسی و یاساییش لە خۆ بگرێت، لەوانەیە کێشەکان زۆر تۆکمەتر و وردتر چارەسەر بن، وەک لەوەی مەلایەک بە تەنیا گرنگی بە لایەنێکی کێشەکە بدات، کە لایەنە شەرعییەکەیەتی.

ج- کار بکرێت بۆ شەن و کەوکردنی زۆرێک لەو فەتوا و ئیجتیهادە مەزهەبییانەی پێشوو، بەتایبەت ئەو ڕا و بۆچوونانەی لەبەر ڕۆشنایی سەلمێنراوە زانستییەکانی ئەمڕۆدا یەکناگرنەوە.

د- ناوەندی فەتوادان دەبێت خۆی بە دوور بگرێت لە هەر دەمارگیرییەکی مەزهەبی و بەرتەسککردنەوەی حوکم و فەتوادان لە مەزهەب و ئاڕاستەیەکی دیاریکراودا… کەلەپووری فیقهی ئیسلامی دەوڵەمەندە بە چەندین قوتابخانە و ڕێبازو مەزهەب، لەوانەیە فەتوا و بۆچوونێک لە سەردەمێکدا لاواز بووبێت بە هۆی بارودۆخ و نەریتەوە، بەڵام لە سەردەمێکی تردا بووبێتە ڕایەکی بەهێز لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخ و نەریتەکەدا.

لەم بارەوە قەرزاوی دەڵێت: “ئەوەی لای هیچ کەسێک مایەی مشتومڕ نییە ئەوەیە سەردەمەکەمان گۆڕانی زۆر گەورە و فراوانی بە خۆوە دیوە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و ڕۆشنبیریدا، ئەمەش دەخوازێت شەرعزان، یان موفتی لە هەندێک لەو وتە و بۆچوونانەی پێشوو لا بدات، کە نەساز و ناتەبان لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆدا، لەبریان هەندێک بۆچوونی تر هەڵبژێرێت کە لەوانەیە لە کات و سەردەمی خۆیاندا بۆچوونی بێهێز، یان وەلانراو بووبن”.(27)

بۆ نموونە زانایانی مەزهەبی حەنەفی، مالیکی، شافیعی، حەنبەلی، زاهیری، شیعەی زەیدی و ئیمامی ڕێگەیان بە بەشوودانی کچ داوە ئەگەر تەمەنی لە خوار دە ساڵیشەوە بێت، هەتا هەندێکیان پێیانوایە ئەم مەسەلە کۆدەنگیی زانایانی لەسەرە و شایانی قسە لەسەر کردن نییە، یان هەندێکی تریان وتویانە کچ لە بێشکەشدا بێت مارە دەکرێت، بەڵام تا تەمەنی حەوت ساڵان ناگوازرێتەوە.(28)

لەبەرامبەر ئەم ڕایەدا هەندێک لە زانایانی پێشینی وەک: عوسمانی بەتی (لە 143ک مردووە)، ئیبنو شوبرومە (لە 144ک مردووە)، ئەبووبەکری ئەسەم (لە 279ک مردووە)، باڵغبوونی کچیان بە مەرجی سەرەکیی بەشوودانی داناوە.(29)

ئەم بۆچوونەی دوایی بە درێژایی سەدان ساڵی مێژووی ئیسلامی بۆچوونێکی لاواز و وەلانراو بووە، بەڵکو بە شکێنەری کۆدەنگیی لە قەڵەم دراوە، بەڵام لە ئەمڕۆدا بەهۆی گۆڕانی شێوازی ژیان و دابونەریت و ئاڵۆزیی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، دەکرێت هاوکێشەکە پێچەوانە بێتەوە و بۆچوونی دووەم گونجاو و بەهێزتر بێت لە بۆچوونی یەکەم.

هـ- ئەندامانی ناوەندی فەتوا دەبێت کەسانی ڕاستگۆو دادپەروەر و هەقبێژ بن، خۆ بە دوور بگرن لە هەر ئینتیمایەکی حزبی و سیاسی، ناوەندەکە بپارێزن لە دەستوەردان و ململانێ سیاسییەکان، تەنیا مەبەستیان ڕەزامەندی خوا و خێر و خۆشی کۆمەڵگە بێت.

بەڵام بە داخەوە لە ئەمڕۆدا زۆربەی مەلا و شەرعزانان بەکار دەهێنرێن و بوونەتە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان، هەر حزب و کۆمەڵێک مەلا و موفتی و زانای ئایینیی خۆی هەیە، هیچیشیان حیساب بۆ ئەوی تریان ناکات.

سه‌رچاوه‌و په‌راوێز

  1- بڕوانه‌: القرافي: الإحكام في تمييز الفتاوى عن الأحكام وتصرفات القاضي والإمام، تحقيق عبد الفتاح أبو غدة، مكتب المطبوعات الإسلامية، حلب، ط2، 1995، ص 43.

2- ابن قيم الجوزية: أعلام الموقعين عن رب العالمين، تقديم وتصحيح: محمد عز الدين خطاب، دار إحياء التراث العربي، بيروت، ط1، 2001، 1/27.

3- الشاطبي: الموافقات في أصول الشريعة،  المكتبة التوفيقية، القاهرة، د.ت، 4/201.

4- بڕوانه‌: النووي: آداب الفتوى والمفتي والمستفتي، تحقيق: بسام عبد الوهاب الجابي، دار الفكر، دمشق، ط1، 1988، ص 14.

5- بڕوانه‌: ابن عبد البر: جامع بيان العلم وفضله، تحقيق: أبو الأشبال الزهيري، دار ابن الجوزي، المملكة العربية السعودية، ط1، 1994، 2/837.

6- ابن عبد البر: سه‌رچاوه‌ی پێشوو2 /1225.

7 – بڕوانه‌: النووي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 18.

8- بڕوانه‌: الجويني: البرهان في أصول الفقه، تحقيق: د. عبد العظيم الديب، مطابع الدوحة الحديثة، قطر، ط1، 1980، 2/1330.

9- بڕوانه: ‌الجويني: سه‌رچاوه‌ی پێشوو 2/1332. النووي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 22.  الزركشي: البحر المحيط في أصول الفقه، تحقيق: محمد محمد تامر، دار الكتب العلمية، بيروت، ط2، 2007، 4/494.

10- بڕوانه‌: الشاطبي: الموافقات في أصول الشريعة، مع تعليقات الشيخ عبد الله دراز،  المكتبة التوفيقية، القاهرة، 2003، 3/299. الزحيلي، وهبة: الوجيز في أصول الفقه، دار الفكر، دمشق، إعادة الطبعة الأولى، 1999، ص 234.

11- أخرجه البخاري في صحيحه (1943) ومسلم في صحيحه (1121).

12-   هه‌مان سه‌رچاوه‌كانی پێشوو.

13- بڕوانه‌: ابن حزم: المحلى شرح المجلى، طبع على النسخة الأصلية بتحقيق: أحمد محمد شاكر، دار إحياء التراث العربي، بيروت، ط2، 2001،  6/172.

14-  القرضاوي: في فقه الأولويات، دراسة جديدة في ضوء القرآن والسنة، مكتبة وهبة، القاهرة،ط2، 1996، ص 81.

15- بڕوانه‌: ابن قيم الجوزية: سه‌رچاوه‌ی پێشوو 4/89.

16- بڕوانە: ابن عاشور: مقاصد الشريعة الإسلامية، تحقيق: محمد الطاهر الميساوي، دار النفائس، الأردن، ط1، 2002، 2/323.

17- أخرجه ابن أبي شيبة في المصنف (28204) وأورده القرطبي في تفسيره 7/41. والسيوطي في الدر المنثور 4/605.

18- بڕوانه‌: ابن قيم الجوزية: سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، 3/6.

19- أخرجه البخاري في صحيحه (90) ومسلم في صحيحه (466).

20- أخرجه البخاري في صحيحه (3560) ومسلم في صحيحه (2327).

21- الشافعي: الرسالة، تحقيق: أحمد محمد شاكر، بيروت، دار الكتب العلمية، د. ت، ص511.

22- ابن قيم الجوزية: سه‌رچاوه‌ی پێشوو 1/91.

23- بڕوانه‌: ابن السمعاني: قواطع الأدلة في أصول الفقه، تحقيق: د. عبد الله بن حافظ بن أحمد الحكمي، مكتبة، التوبة، الرياض، ط1،1998، 3/259. الدهلوي، ولي الله: حجة الله البالغة، راجعه وعلق عليه: محمود طعمه حلبي، دار المعرفة، بيروت، ط1، 1997، 1/294.  شلتوت، محمود:  الإسلام عقيدة وشريعة، دار الشروق، القاهرة، ، ط18،2001، ص 500.

24- القرافي: الفروق، ضبط وتصحيح: خليل المنصور، دار الكتب العلمية، بيروت، ط1، 1998، 1/322 .

25- بڕوانه‌: النفراوي،: الفواكه الدواني على رسالة ابن أبي زيد القيرواني، تحقيق: عبد الوارث محمد علي، دار الكتب العلمية، بيروت، ط1،1997، 2/556.

26- ابن عابدين: نشر العرف في بناء بعض الأحكام على العرف، مطبوع ضمن مجموعة رسائل ابن عابدين، شركت صحافية عثمانية، د. ط، 1321ﻫ، 2/125.

27-  القرضاوي: الاجتهاد في الشريعة الإسلامية،مع نظرات تحليلية في الاجتهاد المعاصر،دار القلم، الكويت، ط1،1996، ص 120.

28- بڕوانه‌: ابن جزي: القوانين الفقهية، الدار العربية للكتاب، ليبيا- تونس، 1982، ص203. الشربيني: مغني المحتاج إلى معرفة معاني ألفاظ المنهاج، اعتنى به: محمد خليل عيتاني، دارالمعرفة، بيروت، ط2،2004، 3/200.  ابن قدامة: المغني، تحقيق:د.محمد شرف الدين خطاب، د. السيد محمد السيد، دار الحديث، القاهرة،ط1، 2004، 9/169، ابن حزم : سه‌رچاوه‌ی پێشوو 11/20.

29- بڕوانه‌: ابن حزم: سه‌رچاوه‌ی پێشوو ،11/20، ابن الهمام: شرح فتح القديرعلى الهداية، علق عليه وخرج آياته وأحاديثه: عبد الرزاق غالب المهدي، دار الكتب العلمية، بيروت، ط1، 1995، 3/265.. الشوكاني:  نيل الأوطار شرح منتقى الأخبار من أحاديث سيد الأخيار، تحقيق: د.نصر فريد محمد واصل، المكتبة التوفيقية، القاهرة، د.ط، 6/169.

Send this to a friend