• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 23, 2024

فەتوا و پشێوی فەزای ئایینی

ئیدریس سیوەیلی

فەزای ئایینی لە هەر قۆناغێكدا لەژێر كۆمەڵێك كارتێكەردایە، كە زۆرجار ڕەنگڕێژی ئاڕاستەی ئایینداری گشتیی دەكەن، یەكێك لەو كارتێكەرانە فەتوایە، كە وەك بەشێك لە ئەركی ئایینی و وەڵامدەرەوەی پێشهاتە نوێیەكان هەژمار دەكرێت.

فەتوا لە هەناوی خۆیدا وابەستەیە بە دیدگا و جۆری تێگەیشتنی فەتوادەر بۆ ئایین و ئایینداری، لەلایەكی تریشەوە پێگەی زانستی و ئایینی كەسی فەتوادەر كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ئایینداران، ئەمەش جێكەوتەی فەتواكەی لە فەزای ئایینی دیاری دەكات، كەم نین ئەو وێستگە مێژووییانەی كە بەهۆی فەتوایەكی ئایینی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی و جەوهەری بەخۆیەوە بینیوە، لە مێژووی هاوچەرخدا نموونەمان لەو بارەوە زۆرە، فەتوای ڕەوایەتیدان بە كاری خۆكوژی جێكەوتەی لەسەر كاری ژمارەیەك لە گرووپە ئیسلامییەكان جێهێشت و لەسەر ئەو بنەمایە دەیان كاری خۆكوژییان ئەنجام دا، بەجۆرێك كەسانی مەدەنیش بوونە قوربانی، هەروەك فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق بە جیهادی كەفائی دژی داعش دروستبوونی حەشدی شەعبی لێكەوتەوە، كە ئەو هێزە لە ئێستای عێراق و ناوچەكە كاریگەرییەكی زۆریان هەیە و بەشێكی سەرەكی جومگەكانی حوكمڕانی عێراقیان لە بندەستە.

فەزای ئایینی هەرێمی كوردستانیش بێبەش نییە لەو دۆخەی بەهۆی فەتواوە دروستبووە، فەتوای هاوردە و ڕاستەوخۆی تیڤی و سۆشیال میدیا بوونەتە دیاردە و لە حاڵەت تێپەڕیوە، جۆرێك لە پشێوی لە ڕەوشی ئایینداری دروست كردووە، جێكەوتەی لەسەر دۆخی كۆمەڵایەتیش هەبووە، ئەمەش دەخوازێت لەسەر ئەو دیاردەیە بوەستین، تا چی تر فەزای ئایینی بەو پاشاگەردانییەی فەتوادان سواخ نەدرێت، بێگومان لێرەدا دەرفەت نییە باس لە هۆكارەكانی بكرێت، بەڵام دەكرێت بۆ بەرگرتن لە پەرەگرتنی ئەو دیاردەیە سێ پێشنیار بە هەند وەربگیرێت:

یەكەم: دروستكردنی دەزگایەكی فەتوای كارا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە كەسانی پسپۆڕ و دیدگا جیاوازەكان، بە جۆرێك كە بەدوور بێت لە قۆرخكاری و پشكپشكێنەی حزبی و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ئاییندارانی موسڵمانی كوردستان بكات، لەمەشدا دەبێت وەزارەتی ئەوقاف، یەكێتیی زانایانی ئایینی، كۆلێجەكانی شەریعەت، قوتابخانە ئایینییەكان، ئاڕاستە ئیسلامییەكە و تەریقەتەكان ڕۆڵ ببینن و پێكهاتەی دەزگاكە بەجۆرێك بێت كە هەموان بە نوێنەر و مەرجەعی خۆیانی بزانن.

دووەم: دروستكرنی دەستەی ڕاوێژكاری و هەماهەنگی لە نێوان دەزگای فەتوا و ناوەندەكانی دیكەی تایبەت بە بوارەكانی یاسا، مافی مرۆڤ، كۆمەڵناسی، پەروەردە، تەندروستی، ژنان و … تاد، لەپێناو ئەوەی فەتواكان لەسەر بنەمایەكی دروست و بە ڕەچاوكردنی جێكەوتەكانی لەسەر كۆمەڵگە دەربكرێن.

سێیەم: ڕێگریكردن لە فەتوای تاكەكەسی، بەرنامەی ڕاستەوخۆ و سۆشیال میدیا، هەروەك هۆشیاری ئەوەش لەناو بانگخوازان و زانایانی ئایینی بڵاو بكرێتەوە كە ئەركی ئەوان بانگەوازە، نەك فەتوادان، ئەمەش دوو كاری تەواو لێكجودایە.

ئەوەی پێشنیار كرا بە ئەگەری زۆر بەشێك لەو پشێوییەی فەزای ئایینی لە هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە، كە فەتوادانی جیاواز و بێ ڕەچاوكردنی دۆخ و تایبەتمەندی هەرێم. یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی.

Send this to a friend