• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 24, 2024

شرۆڤەیەکی کتیبی  الصارم المسلول ی ئیبن تەیمیە

نەوزاد جەمال

 

مرۆڤ خوایەک دەپەرستێ کە لەگەڵ ئەو وێنەی لە ناخیدایە هەماهەنگ بێت ؛ مرۆڤی دڵڕەق خوایەکی بە زەبروزەنگ و بێبەزەیی دەپەرستێت، باوەڕەکەشی وەک پاساوێک بۆ دڵڕەقی خۆی بەکاردێنێ. تەنیا مرۆڤی بەسۆز باوەڕی بەخوایەکی میهرەبانە و لە هەموو حاڵەتێکیشدا بە دلۆڤانی دەمێنێتەوە  بێرتراند ڕاسڵ[1]

 

پوختە

لەگەڵ ئەوەی  کوشتن  جێی گومانکردن نییە (چونکە یاسا مرۆییەکان و تەنانەت ئایینییەکانیش لەسەر ناڕەوایەتی ڕێککەوتوون)، بەڵام چۆنێتی بڕیاردانی کوشتن پرسیارەکەیە. یەکێک لەو کتێبە فیقهیانەی باس لە حوکمی کوشتن دەکات دەقی  الصارم المسلول ی  تەیمیە یە. بە وردبوونەوە لە پرۆسەی ئەنجامگیریکردن، توانستی کوشتن، پاساوی توندوتیژی دراوەتەوە. چۆن لە دەقەکەوە لە پاڵنەرەکانی گوتاری تەیمیە تێبگەین و ڕەهەندە نەوتراوەکانی بدۆزینەوە؟ ئەم پرسیارە هێڵی سەرەکی توێژینەوەکەیە، بە میتۆدی  شرۆڤەی گوتار  ناوەرۆک و پەیامی دەقەکە، ستراتیژی و ئایدۆلۆژی و پاڵنەرە سیاسی و خۆیی (زاتی) نووسەر تاوتوێ دکرێت. بە ئامانجی دەستنیشانکردنی ئەو ڕاستییەی لە ناواخنی دەقە شەرعییەکانەوە، تەیمیە دەقێک بەرهەم بهێنێت کە لەگەڵ ڕوانگە و هەڵوێستی خۆیدا کۆک بێت.

پێشەکی

بەپێی هەواڵەکان پاڵنەری کوشتنی گەنجەکەی  چەمچەماڵ  بەدەستی هاوتەمەنێکی وەک فەیسبووکی تاوانبارەکە پێش کوشتنەکە بڵاوی کردووەتەوە  ناهێڵم سوکایەتی بەپێغەمبەر بکرێت [2]. ئەگەرچی تاوانەکە بە کاردانەوەیەکی دەمارگیرانە لێکبدرێتەوە، کارێکی ڕەمەکی نەبووە. ڕووداوی تیرۆکردنی  ڕووناکبیر و نووسەر لە میسر و ڵاتانی تری ئیسلامی تا ڕۆژنامەی  چارڵی ئیبدۆ  بەرمەبنەمای ڕاڤەیەکی تایبەتی هەندێک دەق بووە.

بە پاساوی داکۆکیکردن لە  پیرۆزییەکان  وەک ئەرکی باوەڕدار (فەرمانکردن بەچاکە و ڕێگری لە خراپە) دەکرێتە پاڵنەرێکی ڕەوا. لێرەوە دەقێکی ناسراوی  ئیبن تەیمیە  شرۆڤە دەکرێت و خاڵێکی لێکچوونی ئەو جۆرە ڕووداوانە لەگەڵیدا دەستنیشان دەکرێت. ‌هەڵبەت، مەرج نییە تیرۆریستەکان خوێندەوارییان لە ئاستی کتێبێکی وادا بێت و پاساوی کردەوەکانیانی پێ بدەنەوە. ئاستی خوێندەواری تیرۆریستە ئاساییەکان ئەوانەی نووسەری وەک نەجیب مەحفوز، فەرەج فودە و سەلمان ڕوشدی  بە ئامانج گرتبوو، لە کاتێکدا هیچی ئەوانیان نەخوێندبووەوە. بۆیە لەلایەن خوێندەوارە پەڕگیرەکانەوە ئاڕاستە کرابوون.

لە هەرێمی کوردستان، فیگەری توندڕەو بەناوی بانگەواز و فێرکردنی زانستییەوە، کاریگەری ئاشکرایان لە تۆڕەکان و مزگەوتەکاندا هەیە. نەوەیەکی تازە پێگەیشتوو بە ئاسانی ئاڕاستە دەکەن. ئەوان بانگەشەی گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکان و بەڵگەی سەلمێنەر گەنجان بەو گوتارە بارگاوی دەکەن.

پرسیارەکانی توێژینەوەکە

لێرەدا پرسیارەکە ئەوە نییە؛ ئایا ئیبن تەیمیە لە ڕووی ئایینییەوە ڕاستە، یان هەڵە، بەڵکو بە میتۆدی  شرۆڤەی گوتار  شێوازی بەکارهێنانی زمان، دووبارەبوونەوەی وشەکان و گرێدانەوەیان بەستێنێکی مێژوویی، ئەو گوتارە بەرهەم دەهێنرێت. ئەو ڕاستییەش ڕوون دەکرێتەوە؛ چۆن نووسەر دەقێکی لەناو دەقێکدا بەرهەمهێنانەوە کە بەرەنجامی هەڵبژاردنی کۆمەڵێک ڕووداو و کەسایەتییە، کە بوونەتە کەرەستەی بانگەشەی توندوتیژی پەڕگیرانە.

کەسێتی ناجێگیریی تەیمیە

مەرج نییە بۆ تێگەیشتن لە دەقێک، ژیانی نووسەرەکەی بکرێتە شایەتحاڵی پاڵنەرەکانی نووسینەکەی. بەڵام لە حاڵەتی تەیمیەدا ئاسان نییە لە هەڵویستە جیاواز و دژیەکەکانی لە کۆی بەرهەمەکانیدا، بێ کاراکتەری خۆی تێبگەین. تەیمیە حەرانی (1263 -1328) کەسێتییەکی بزێو و سەرکێش و نائۆقرەی هەبووە. پێنج جار لە ژیانیدا بەند کراوە. یەکەمجار لەسەرئەوەی گوایا کابرایەکی  کریستیان  جوێنی بە پێغەمبەر داوە و ئەمیش خەڵکی لێهانداوە و بە هۆیەوە پشێوی دروستبووە، بەند کراوە[3]. بەڵام دواتر ئەم کتێبەی بەو هۆیەوە نووسیوە!

لەبەرئەوەی زیرەک و زرنگ بووە، هەر لە نۆزدە ساڵییەوە فەتوای داوە و کتێبی داناوە و جێی باوکی لە مزگەوتی گەورەی دیمەشق وەک مامۆستایەتی گرتووەتەوە. یەکێک لە خەسڵەتەکانی نووسین و بیرکردنەوەی دژیەکییە و بەوە ناسراوە کە  خاوەنی گوتارێکی دووسەرەی دژیەکە، کە وادەکات لەبەردەم دوو کەسێتی جیاوازدا بین، کە لە قۆناغی جیاجیادا دەقی لە یەکتر جیاوازی نووسیوە. زمانێکی دوو دانەیی لە نووسیندا هەبووە [4].

هەر خۆی جیی پرسیارە چۆن کتێبی  الصارم المسلول  لەگەڵ  درء التعارض العقال والنقل ەکەیدا دێتەوە؟ ڕاستە، یەکەمیانی لە تافی لاوێتیدا نووسیوە و کەم ئەزموون بووە. بەڵام بەدرێژایی تەمەنی هەڵبەز و دابەز لە هەڵوێست و کاردانەوەکانیدا بەپێی بارودۆخەکان دەبینرێت.

دوای  11ی سێپتەمبەر ، ناوی تەیمیە لە وڵاتە خۆرئاوایی و ئەورپییەکان جێی مشتومڕ بوو. وەک باوکێکی فیقهی جیهادی سەیر دەکرا. لەو سەروبەندەدا بە هۆڵەندی کتێبێک بەناوی  فەلسەفەی ئیسلامی  لەلایەن کوردناس  میخایل لەیزنبێرخ  کە پڕفرۆشترین کتێبەکانی ساڵەکەیە دەرچوو[5]. پارادۆکسی بەرهەمەکە لە هەڵبژاردنی چەند فیگەری وەک غەزالی و تەیمیە، مەودودی و سەید قوتب-دا بوو، کە خرابوونە لیستی فەیلەسوفە مسوڵـمانە کاریگەرەکان!

بەڕای  ئەجهەر  لەگەڵ ئەو بۆچوونە باوەی لەسەر کەسێتی تەیمیە هەیە، چونکە پتر  فەقیهە  نەک کەلامی-تیۆلۆجیست (لاهوت)ی، یان فەیلەسوف، تەنانەت کاتێک بیروبۆچوونەکانی لەسەر بنەمایەکی کەلامی، یان فەلسەفیی تاوتوێ دەکرێت، پتر وەک نەیارێکی ناکۆک بە بیری عەقڵانی لە ئیسلامدا دەبینرێت[6]. ئەم دەستنیشانکردنە بۆ گوتار و کەسێتی تەیمییە ڕاستە، بەڵام نیوەی ڕاستییەکە، بەڵکو چارەکیکێشێتی[7]. چونکە گوتاری فەلسەفیی جارێکی تر لە تەیمیەوە بە ئاڕاستەیکی جیاوازتر لە پێش خۆی سەرهەڵدەداتەوە[8].

لە کاتێکدا  غەزالی  و  تەیمیە  بە فەتوای دژەفەلسەفە و کەلام و لۆژیک ناسراون، غەزالی دژ بە فەلسەفە  داڕووخانی فەیلەسوفەکان[9]  و  تەیمیە ش کتێبی  رد علی المنطقین  نووسیوە؛ چۆن بخرێنە ئەو لیستەوە؟ لەوەش گرنگترە پرسیارێکە: ئایا ڕێی تێدەچێ بە فەتوایەک دژ بە فەیلەسوفەکان لە جیهانی ئیسلامییدا زەبریان لە کۆشکی فەلسەفە دابێت؟ چۆن سەردەمی پرشنگداری سەدەگەلێک لە وەرگێڕان و نووسینی فەلسەفی و کەلامی، فەلسەفە بە تەواوەتی شوێنبزر و بەرەو ئاوابوون بچێت؟

بەپێچەوانەوە  ئەجهەر  پێیوایە کە  تەیمیە  فەلسەفەیەکی سەر ڕێ خست کە لەلایەک ڕێسای  هۆیەکی-هۆکارەکی(السببیة)- ناچارەکی  بە بنەمایەکی گشتگیر لە ڕاڤەکردنی گەردووندا دابمەزرێنێت. هەروەها  بنەمای ویست  (مبدأ الإرادة) کە کارایی خوای لەلایەکی ترەوە دەگرتەوە، خستەڕوو[10].

ئاشکرایە کە بنەمای هۆیەکی لەلایەن ئەشعەرییەکانەوە زەبرێکی گەورەی بەرکەوت و کاریگەری نەرێنی لەسەر زانست و بەدواچوون لە سروشت دانا. کاتێک بنەمای هۆیەکی پەکدەخرێت و هەموو هۆکارەکان بۆ دەرەوەی سروشت/مرۆڤ دەگێڕدرێتەوە، ئیتر مرۆڤ جگە لە قبوڵکردن هیچی تری لەبەردەمدا نامێنێتەوە. بەڵام  تەیمیە  بنەمای هۆیەکی نەک هەر دەسەلمێنێت، بەڵکو نکۆڵیکردنیش لێی، بە سەرلێشێوان و لادان لە ئایین دادەنێت[11]! بەڕای  جۆرج تامەر  تەیمیە فەیلەسوفێکی گرنگە و ڕاکانی دژی فەیلەسوفەکانە، نەک فەلسەفە خۆی. لە کاتێکدا فەیلەسوفەکانی پێش خۆی نەیانتوانیوە ڕەخنە لە تێزی فەیلەسوفە یۆنانیەکان بگرن، تەیمیە سیستمی مێافیزیکی خۆی دامەزراندووە[12].

  • لێکدانەوەی وشەکان و ناوەرۆکی کتێبەکە

لە(693) کتێبەکە لە دیمەشق دانراوە، پاش مشتومڕی جنێودانەکەش بڵاوبووەتەوە[13]. ناونیشانی کتێبەکە شایەتە کە بە ئەنقەست بیرلێکراوەتەوە. وشەی  الصارم [14]– توند، بەهێز، بەخاوەن بڕیارێک دەوترێت کە بە توندی و توڕەییەوە قسە بکات. هەروەها  المسلول [15]– ڕاوەشانی شمێرێکی هەڵکێشراو بە ئاسماندا دەگرێتەوە. هەڵسوڕاندن، ڕاوەشاندنی بۆ یاریکردن نییە. بەڵکو هەڕەشە و گوڕەشەیەکە ترس و دڵەراوکێ بخاتە دڵەوە.

جنێودان[16] یش لە پێناسەی  تەیمیە دا: وتەیەکە بە مەبەستی لێ کەم کردنەوە، سوکایەتی، یان وەک ئەوەی لای خەڵکی هەیە، نەفرەتکردن، ناشیرینکردن، بریندارکردن و لەو جۆرەیە[17]. ئیتر هەر کەسێک جنێو بە پێغەمبەر و ژنەکانی بدات کوفرە، یان بە هاوەڵەکانی و شوێنەکەوتەکانی پێغەمبەر بدات سزای لێدان و تەمێکردنە[18].

ئاشکرایە واتای فەرهەنگی زاراوەکان لە  فەرهەنگەکان دا بە جۆرێکی بێلایەنن، بەڵام کە ڕوو دەنێرینە دەقێکەوە، بە جۆرێک دادەڕێژرێتەوە کە بچێتە ژێرباری ستراتیژ و تاکتیکی نووسینەوە. ئامانجەکەش کارتێکردن و دەسەڵات دانانە لەسەر خوێنەر.

ناوەرۆکی کتێبەکە لە پێشەکییەک پێکدێت کە لە مانیفێستی گوتارێک دەچێت. بڕگەکانیشی بەسەر ئەم پرسانەدا دابەشبوون:

  • مەسەلەی یەکەم؛ هەرکەسێکی مسوڵمان، یان کافر جنێو بە پێغەمبەر بدات، دەبێت بکوژرێت.
  • دەبێت بکوژرێت و نابێت بە کوێلە بکرێت، یان فدیە و سزای مادی لێ وەرگیرێت.
  • دەکوژرێت و تۆبەی پێناکرێت، جا مسوڵمان، یان کافریش بێت.
  • روونکردنەوەی جنێو و جیاکردنەوەی لە کوفری ڕووت.

تەیمیە بە مەبەست تاقە بژاردەیەک لەبەردەم ئەوانەی وەک خۆی بیرناکەنەوە لە شمشێردا چڕکردووەتەوە. تەنانەت وتەی زانایەکی وەک  عەسقەلانی  دەهێنێتەوە کە  ملپەڕاندنی کەسێک تاوانبار بێت بە جنێودان هیچ بەڵگەی سەلمێنەر لە قورئان، یان سووننەدا نییە ، بەڵام هەر لەسەر قايلبوونەکەی مکوڕە! پێدەچێ توڕەبوونی تەیمیە لە پاش گیران بە تاوانی گێرەشێوێنی و هاندانی خەڵک، لە دەقەکەدا ڕەنگ بداتەوە.

لەوانەشە بە قەناعەتی خۆی، یان هاوبیرەکانی بڵێن، لە سۆنگەی سووربوونیەتی لەسەر فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکاری، بەڵام وەک  ئیبن جەوزی  لە  تلبیس إبلیس دا دەڵێت  دەکرێت مرۆڤ لەپاڵ فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگری لە خراپە، بکەوێتە داوی ئیبلیسەوە و قورسایی توڕەبوونی خۆی بخاتە سەر بابەتەکە (کارەکە)[19].

فەرمان بە چاکە و ڕێگریکردن لە خراپە دووڕێی لە بەردەمدایە: -فریودانی کەسەکەیە بە ڕازاندنەوەی پرۆسەکە لەپێناو خۆدەرخستن و پۆز لێدان. -توڕەبوونێکە لە پێناو خۆیدا. بابەتەکە دەبێتە شەخسی. هەر بۆیە لە  عومەری عەبدولعەيز ەوە دەگێڕنەوە کە بە کابرایەکی وتووە، ئەگەر توڕە نەبوومایە سزام دەدایت. توڕەت کردم، ترسام توڕەبوونی من لەگەڵ هی خوا تێکەڵ بێت[20]. لێرەوە تەیمیەش توڕەبوونی خۆی و پەرۆشی لە ڕادەبەری بە سەر فەتواکەیدا زاڵبووە. چونکە  میزاجێکی توڕەی پێوەدیارە[21].

  • چۆن لە دەقەکە تێبگەین تا بزانین لە پشتییەوە چی دەگوزەرێت؟

دەق لەڕووی سێمانتیک-واتاسازی- پراگماتیک-بەکارهێنان- و سیمۆلۆژی- ئاماژەناسییەوە، ڕاڤە دەکرێت. هەموو ڕاڤەیەکی دیاردە، یان دەقێکی ئایینی، ئەو گریمانە دەدات بەدەستەوە کە لەپێناو شیکردنەوە و شرۆڤەکردنە[22]. بەڵام  ئەو ئەنگیزەیەی بۆ ڕاڤەکردن هەیە، دەکرێت دەق بە جۆرێک بخاتە دۆخێکەوە شتێک بڵێت کە لە بنەڕەتدا نەیوتووە[23]. ڕاڤەی دەقی ئایینی (قورئان/حەدیس) لە گرنگترین ئامڕازەکانی گوتاری ئایینین… ڕاڤەی ڕاست ئەوەیە کە دەلالەت لە ڕێی شرۆڤەی ئاستەکانی  بەستێنە وە بێت. بەڵام گوتاری ئایینی لە گەرمەی گەڕان بە دوای دەلالەتێک، کە پێشوەختە دیاری کردووە خۆی لەم ئاستانە نەبان دەکات[24].

ئیتر چۆن لە دەقەکەی تەیمیە تێبگەین؟ هەڵبەت بۆ تێگەیشتن لە دەق، دەبێت سەیری ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ جیهاندا هەیەتی بکەیت. بۆ لێکدانەوەی ئەو پەیوەندییەش چەمکی  پێکەوەگرێدان [25]-نووسان- لە نێوان بەشەکانی دەق لەلایەک و لە نێوان بەشەکانی دەقەکە و جیهان لەلاکەی ترەوە هاوکاریمان دەکات. چونکە ئەم ڕایەڵە (پێکەوە گرێدان) شتێکە کە ئێمە وەک ڕاڤەکاری دەق دروستی دەکەین، نەک ئەوەی دەق خۆی دروستی بکات[26].

دەکرێت لە ڕێی  شرۆڤەی دەق ەوە بکرێت، کە ئەویش بەشێکە لە  شرۆڤەی گوتار . توخمەکانی گوتار بریتین لە  دەق و کارلێک و بەستێنی کۆمەڵایەتی . لەبەرئەوە شرۆڤەی گوتار بە سێ قۆناغدا دەڕوات: وەسفی دەق، لێکدانەوە و ڕاڤەی نێوان دەق و کارلێکەکانی، شرۆڤەکردن کارلێکی لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتیشدا[27]. ئەرکی  شرۆڤەی گوتار  جەختکردنە لە پەیکەرسازی، یان پرۆسەی درکاندن و پێکەوە گرێدان لە داڕشتن و سازکردنی دەقدا. هەمیشە دەقەکان لەڕێی دەقێکی ترەوە بوونیاد دەنرێن کە بە جۆرێک دەدرکێنرێن کە بە شێوازێکی دیاریکراو پشتبەستوو بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی پێکەوە گرێدراون. دواجار بە گۆڕانی بارودۆخ ئەویش دەگۆڕێت[28].

لەم سۆنگەوە،  تەیمیە  بە پێکەوە گرێدانەوەی دەقەکان (حەدیس/قورئان) لەگەڵ دەقەکەی خۆیدا گوتارێکی بەرهەمهێناوە.  گوتار  بە واتای شێوازی بەکارهێنانی زمان و ئاخاوتن، یان ئەدای زارەکی دێت[29]. گوتاریش لە سێ ڕەهەندەوە شوێنەوار دادەنێت:- ناسنامەی کۆمەڵایەتی و ئەو جۆرە خۆ-خودە- کۆمەڵایەتی و دەروونییە. – دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە نێوان خەڵکیدا. – لە سازکردنی سیستمی مەعریفی و عەقایدی-باوەڕدا. ئەمەش لە  سارم مەسلول دا ڕەنگی داوەتەوە. چونکە ئەم شوێنەوارانەی گوتار لەگەڵ ئەرکی زمان و ڕەهەندە سیاسییەکانی واتادا ڕێکدێتەوە و لە هەموو گوتارێکدا کارلێک دەکەن[30].

بۆیە گوتار پیادەکردنی دەسەڵاتە بە سەر وەرگر/خوێنەردا. کتێبەکەی تەیمیە گوتارێکە بە ئامانجی پیادەکردنی هێز-کاریگەری- بە سەر خوێنەردا نووسراوە. بە ڕای  فان دایک  لە گوتاردا (سیاسی) هەمیشە  سێکوچکەی  گوتار  و  تێگەیشتن  و  کۆمەڵگە  بە ڕوونی پێکەوە گرێدراون. لەم حاڵەتەشدا جگەلە گەمە/ یاریکردن بە مێشکی وەرگر هیچی تر نییە[31]. دواجار داڕشتن و ڕیزکردنی وشە و زاراوە و ڕووداو و بەڵگەکان لە گەمەیەکی زمانی پوختەوە، بۆ ئامڕازی داگیرکردنی مێشکی وەرگر دەگۆڕێن[32]. کەواتە دەبێت شرۆڤەی گوتار/ پرۆسەی یاریکردنە لەسێ لاییدا بخاتەڕوو: – زۆربەی یاریکردن لە دەق و ئاخاوتندا ڕوودەدات. – ئەوانەی یاریان پێدەکرێت مێشکی مرۆڤەکانە – لەبەرئەوەی یاریکردن جۆرێکە لە جۆرەکانی کارلێکی ئاخاوتن[33].

بەردەوام لە دەقەکەی تەیمیەدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونەکانی، باسی ئیجماع، قورئان، سووننە کراوە. لە پشت ئەو پەرێزەوە، ئامانجێک هەیە: سەرخستنی ڕاوبۆچوونی خۆی لە ڕەوایەتیدان بە کوشتن وەک باشترین ڕێچارە. لە کاتێکدا ئەو نایەوێ ڕاستەوخۆ بڵێت، وتراوەکان بۆچوونی خۆیین. بەرمەبنەمای ڕاڤەی ڕووداێکی بەراورد کراوە بە وتراوگەلێک لە ڕابووردوودا. بەمەش خواستی خۆی لە پشت دەقەکانەوە حەشار داوە تا گومانی نەخرێتەسەر.

بە ستنەوەی ڕووداوێک بە حوکمێکی هاوشێوە لە دەقێکی سەردەمی پێشوو و جیاوازدا، دەستچنێکی نووسەرە. لە مێشکی خۆیدا بەراورد و لێکچوونی کردووە تا دەرئەنجامێکی پێشوەختە بڕیار لەسەر دراو بگەیەنێت. هەموو ئەمانەی بە پاساوی هەبوون  دەقی ڕاشکاو[34]  کردووە. ئەوە دەشارێتەوە کە خۆی لە سەردم و ڕووداوێکی جیاوازتردا، پرسەکە بە حوکمێک دەبەستێتەوە کە لە زەمینەیەکی تردا بووە. ئەم ئاڵوگۆڕکردن و تێکەڵکردنی کارتەکە، وەک ئەوەیە ڕووداوێکی ئێستا بخەیتە چوارچێوەی دەقێکی سەردەمێکی تەواو جیاوازەوە. نەک هەر هەرئەوەش، بڕیارێکی قورس و هەستیاریشی لێ هەڵبهێنجێت.

ئەمەش گەمەیەکی ئاشکرایە. گەمەکردنیش  بریتییە لە سازکردنی کارلێکێکی پەیوەندئاسا کە تێیدا گەمەکار توانای زاڵبوونی بەسەر گەمەپێکراودا بێت. گەمەکردن لە دەرەوەی ویستی خەڵکە. بۆیە یاریکردن بە مێشک هەر دەسەڵات ناگرێتەوە، بەڵکو خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات- دەق- یش دەگرێتەوە[35]. دەقەکەی تەیمیەش تەونێکی پڕ گەمەیە. کارلێکی دەق/ وەرگر لە بەستێنێکدا ڕوودەدات. دوو ئاستی بەستێنیش هەیە: بەستێنێکی بچووک کە کارلێکی ڕاستەوخۆی ڕووبەڕووە (دەقەکەی تەیمیە و خوێنەرە). بەستێنی گەورەش بارودۆخێکی تری ژینگەیی کارتێکەری (باوردۆخی سیاسی و کۆمەلایەتی) هەیە[36].

تەیمیە لە دەقەکەیدا دەیەوێت بیسەلمێنێت کە  لۆژیکی دروست و ساغ  یەک ئەنجامی لێ دەکەوێتەوە: دەبێت جنێودەر بکوژرێت. بەمەش کردارێک بەسەر خوێنەردا ساغ دەکاتەوە کە چارەسەری لۆژیکی ڕاست و دروستی کێشەکەی هەر ئەوەیە. بەڵام لۆژیکی ڕاست و دروست جگە لە ئایدۆلۆژیا هیچی تر نییە[37]. چونکە فاکت و ڕاستییەکی خۆبەخۆ و بێلایەن و بابەتیی و زانستییانە نییە، بەڵکو بژاردەیەکی ئایدۆلۆژییە. تەیمیە ڕەوانبێژانە -ریتۆریک- کۆمەڵە گریمانە و لێکدانەوەیەک وەک ڕاستی حاشاهەڵنەگر دەخاتە بەرچاو. جەختکردنەوەش لەوەی شکۆی پیرۆزییەکان وەک لۆژیکی دروستی ژیان بپارێزرێت. پێچەوانەکەشی بە نەخۆشی و لادانێک دەزانێت کە جگە لە ملپەڕاندن چارەسەری تری نییە!

لەم پێشەکییانەوە، ئەنجامگیرییەک دەکات. لە کاتیکدا پێشەکییەکان وەک  راستیگەلی بەڵگەنەویست  جگە لە دەستەواژەی ڕەوانبێژانە هیچی تر نین. ئەو گریمانەیەشی کە پشتی پێدەبەستێت، دەیکاتە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر؛ یەک  پیرۆزی  و یەک جۆر لە ڕێزگرتن هەیە کە ملکەچیکردنە. بەمەش پیرۆزی دەکەوێتە سەرووی بەهای خوێنی مرۆڤیشەوە. ڕاگرتنی شکۆی پیرۆزیش جگە لە پەرژینێک بە دەوری عەقڵ و زمان و بیرکردنەوەدا هیچی تر نییە.

بە ڕای  کریستیڤا  ئەگەر ڕاست بێت دەق بە پیرۆز ناوبرێت، ئەوا قسە لەسەر چەند حاڵەتێک دەکات کە تا ئەوپەڕییان زاتین (بە تایبەت بۆ ئەو مەبەستە هەڵاوێردراون)[38]. ئەو حاڵەتە دینامیکیەتی ناوخۆ- ژێرەوەی- دەقەکە دەردەخات. لە کاتێکدا ڕاڤەکردنی دەق پشت بە پانتاییەکی نوێ دەبەستێت، کە حاڵەتە تایبەتەکانی  ئاخێوەر -گێڕەرەوە، نووسەرە[39].

کتێب، دەقێکە کە  ئاخاوتنەکانی بە بزربوونی من تێیدا  نقومم دەکات. بۆ ئەوەی بتوانم بەرەو ڕووی ببمەوە، دەبێت ئاخاوتن لەگەڵدا بکەم [40]. بەهای دەقێکی بە پیرۆز دانراو لەمەدایە: پێدانی واتایەک لە ڕێیەوە بە قەیرانە ناخەکییەکانم[41]. لێرەوە تەیمیە وەک  فەتوادەر  نا بەڵکو وەک باوکێکی ڕۆحی ڕێنمایی و ڕێگریمان لێدەکات. لەپشت دەقەکەیەوە، خۆی خاوەن قسەی یەکلاکەرەوە و بڕیاردەری ڕەهایە. هیچ بواری چەندوچوون و ڕەتدانەوەش ناهێڵێتەوە. هەر بۆیە بە ڕای فرۆید  هەمیشە شرۆڤەکردن توڕەیی و ڕکی خەڵکی هەڵدەستێنێت. چونکە دەیانخاتە نێو دژیەکی و پرسیار و گومانەوە[42].

  • کتێبێکی سیاسی

مەرج نییە هەموو تیرۆریستێک ڕاستەوخۆ ئیلهامی لە  تەیمیە وە وەرگرتبێت. بەپێی ڕاپۆرتی دامەزاوەی ڕەند (RAND):  پرۆسەی دروستبوونی پەڕگیری لە ئەوروپا بەتایبەت لای مسوڵمانانی ئەوروپی، بەشێوەیەکی تاکەکەسی ڕوودەدات. واعیزە ڕادیکاڵ و ئەو جەنگاوەرانەی لە شەڕەکانەوە گەڕاونەتەوە، ئەوانەی سەرپەرشتیاری سایتە ڕادیکاڵەکانن، هۆکاری دروستبوونی پەڕگیرین. بۆیە میکانیزمێکی تۆکمەی پێبەستکردنی (تەجنید) تیرۆریست چ لەناو ئیسلامی، یان ڕاستڕەوەکاندا نییە. تاک تەوەری سەرەکی پرۆسەی بەرهەمهێنانی پەڕگیرییە. جگە لەوەش بە پاڵپشتی تەکنەلۆژیا نوێ و خوێندنەوەی سەرپێیی دەقەکان، کوشتوبڕی بە کۆمەڵ پاساو دەدرێتەوە [43].

لە گێڕانەوە مێژووییەکانی گرووپی  هەڵگەڕاوەکان (الردة)،  خەوارج  ڕوونە کە پاڵنەری سیاسی و ناکۆکی دەسەڵاتخوازی هۆکارێکی ئاشکرای سەرهەڵدانیانە. تەنانەت لە مێژوودا ناوبردنیشیان بە جۆرێکە هەر کەس و گرووپێک دژ بە دەسەڵاتی ئایینی  وەستابێتەوە، بە  لە ئایین دەرچوو  پێناسە کراوە. لێرەوە  تەکفیر  نەک هەر ڕەهەندێکی سیاسی، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی ململانێی سیاسی تێدایە، کە پاساوی ئایینی بۆ دراوەتەوە. چیرۆکی هەڵگەڕاوەکان لە سەردەمی  ئەبوبەکر دا بە نەدانی زەکات ناسێنراوە، کە لە ڕاستیدا ڕەتکردنەوەی خیلافەتەکەی بووە، بۆیە زەکاتیان نەداوە. خەوارج لە دیدی  عەلی کوڕی تالیب دا دوو ڕەهەندی هەیە: بە خەڵکی نەهرەوان و دەستوپێوەندەکانی معاویه وتراوە. چونکە هەر دوولایان دژی عەلی وەستانەوە[44].

لێرەوە ڕوونە بەکارهینانی وشەکە خەوارج وەک ستراتیژێک لای هەر گرووپێک بەپێی ئەجێندای بەرژەوەندی سیاسی خۆی بەکارهێنراوە[45]. دواتر واتای وشەی  خارج  نزیکە لە  مارق  (لە دین دەرچوو)، بۆیە لەلایەن ئومەوییەکانەوە وەک زەمکردن و ناوزڕاندنیان بەکارهێنراوە[46]. حوکمدان، ناونان و تەکفیرکردن لە بنەڕەتدا بڕیارێکی سەد لەسەد فیقهی نییە بە ئەندازەی ئەوەی بارودۆخی ناکۆکی سیاسی و بەرژەوەندی دەسەڵات ئاڕاستەی دەکەن. لەگەڵ ئەوەی مەرج نییە ئەوانەی تیرۆریست و پەڕگیرن، ئەهلی تێوری و خوێندنەوەی قووڵ بن و کتێبەکەی تەیمیەیان لەبەردەمدا بێت، بەڵام ئەو جۆرە نووسینە لە ناوەرۆکدا ئامانجی سیاسی تێدایە، دەبێتە مۆدێلێک بۆ بیرکردنەوە، یان ڕەفتارکردن.

  • تەوبە ئەستۆپاکی نابەخشێت لای تەیمیە

تەیمیە تا ئەو ڕاددەیە پێداگیرە لە بڕیارەکانی کە هەر کەسێک قسەیەک بە پێغەمبەر، یاران و شوێنکەوتوانیشی بڵێت، وەک ئەوەی مافی کەسێکی بردبێت، دەبێت بیگێڕێتەوە. مافی خەڵک (حق الناس) تۆبە نایگرێتەوە و تەنیا قەرەبووکردنەوە هەیە، ئینجا تەوبەکردن. لەبەرئەوەی تەوبەکردن هی خوایە (لە نێوان خوا و مرۆڤدایە) قەرەبووکردنەوەش هی مرۆڤە[47].

بۆیە، ئەو جیاکارییەک لەنێوان جنێودان/ سوکایەتی بە خوا لەلایەک و پێغەمبەر لەلایەکی ترەوە کردووە. سوکایەتیکردن بە خوا، مافێکی پوختی خوا خۆیەتی و لەسەر خۆیەتی وەریبگرێتەوە. وەک کەسێکی داوینپیس بە تەوبەکردن مافەکەی لەسەر لادەچێت. بەڵام جنێودان بە پیغەمبەر دوو مافی تێدایە: هی خوا و هی بەندە. مافی مرۆڤ بە تەوبە ناکەوێت-لاناچێت[48]. جگە لەوەی سوکایەتی بە پێغەمبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤێکە کە لە ژیاندا نییە و نازانرێت ئاخۆ لە مافی خۆی خۆش دەبێت[49]. هەر کەس لە بەردەم دەرباری سوڵتان و دادگادا بە بەڵگە جنێودانەکەی بەسەردا ساغ بووەوە، پاشان تەوبەی پێکرا، حەدی کوشتنی لەسەر لاناچێت[50]. لەبەرئەوەی جنێودان جیاوازە لە کوفری پوخت[51].

سەیر لەوەدایە پاش (٣٩٠) لاپەڕە، ئینجا ئەو دێتە سەر حوکمی جنێودان بە خوا. لە (٤١٥) پەڕەدا (٣٩٠-٤٠٠) بە (١٠) لاپەڕە حوکمی جنێودان بە خوا دەبڕێنێتەوە! پاساوی نەبەخشینی کەسێک پاش تەوبەکردن  لەجنێو ئەوەیە مافی مرۆڤێک کە پێغەمبەرە پێشێل کراوە، بەڵام یەکێک جنێو بە خوا بدات، تۆڵەکەی لەسەر خوایە. ئەگەر تۆبەی کرد ناکوژرێت[52]. بەو پێیەش، کەسێکی وەک  سەلوان مۆمیکا  سووتاندنی قورئان، حەقەکەی لەسەر خوایە و ئەگەر تۆبەی کرد ناکوژرێت. بەڵام ئەگەر جنێوی بە پێغەمبەر بدایە، پاش تۆبەکردنیشی هەر دەکوژرێت!

لێرەوە، گوتارێک بەناوی بێ ڕێزیکردن، ڕێخۆشکەری پێشێلکردنی گیانی مرۆڤە. بیانوی کوشتن لەو گوتارەدا پەرچەکرداری بەوەی کە بێ ڕێزی و سوکایەتیکردن دانراوە. چ ڕێزێک لە کوشتن و تۆڵەکردنەوەدایە؟ ئەگەر ڕێزگرتن بنەمایەکی گەردوونی هەمەکییە، دەبێ بۆ هەموو باوەڕ و ئایین و بیرکردنەوەیەک یەکسان بێت. ئەگەر ئەو بنەمایە بووە پێوەرێکی گشتی گەردوونی، ئەوەیە لەبەرئەوە بێت ڕێزگرتن لە خۆیدا بنەمایەکی هاوبەشە، نەک ئامڕازێکە بۆ باوەڕێک بەرامبەر ئەوی تر بەکاربهێرنێت. ڕێزگرتن لە بنەماکە ئامانجە، نەک ترسان لێی. هێزی ڕێزگرتن لە بەرز ڕاگرتنی بنەمایەکی شارستانی هاوبەشە، نەک پاکتاوکردنی جەستەیی. کە دەوترێت، ڕێز بگرە، دەبێت لە لۆژیکی هێزی تۆقاندن و سەپاند خاڵی بێت. دەبێت لۆژیکی ڕێزگرتن، خاوەن هێز و بڕیار بێت.

  • ستراتیژی ڕەوایەتیدان بە توندوتیژیی

تەیمیە هەنگاو بە هەنگاو لە هەر پێدراو-پێشەکییەوە- بڕیارێکەوە، ئەنجامگیریی دەکات و بەرەو ئەو جێگەیەی خۆی دەیەوێت، بگات. یەکەمجار دەڵێت: ڕێ پێ نەدراوە، ئازاردانە، حەرامە، کوفرە و دواجار سزاکەی کوشتنە. لە پێکەوە گرێدانی پێشەکییەکەدا، دۆخەکەی وا وێناکردووە وەک ئەوەی لە هاوکێشەیەکی ماتماتیکیدا بێت. هەر کە چوویتە هەنگاوی یەکەم، ئیتر ڕاستەوخۆ بەرەو کوشتن دەخزێت. ئەم ستراتیژە مەترسیدارە بڕیار و قەناعەتی پێشوەختەی وەک مرۆڤ و موفتیەکە.

کتێبەکە تەنیا فەتوایەک نییە بە دیاریکراو لەسەر بنەمای حوکمی شەرعی، بەڵکو ڕەنگڕشتنی ئایدۆلۆژیایەکی گشتگیرە، کە پێچەوانەی ئامانج و پەیامی ئایین خۆیەتی. فەتوا دەبێتە پیشەسازییەک لە بواری ئاییندا و ئەو ستراتیژەی لەسەری بەندە، ئامانج بەپێی قایبلوونی هێزێكی بناژۆخواز و ئەو ڕاستییە دەشارێتەوە کە هەوڵ و کۆششی-ئیجتیهادێکی مرۆییە و خۆی دەخاتە سەروو ڕەخنە و ڕەتکردنەوە[53].

بە ڕای نووسەر، پشەسازی توندوتییژی لەو کتێبەدا بە جۆریکە تەنیا گواستنەوە و هێنانەوە بەڵگەی وەرگیراو نییە، بەڵکو لەو میکانیزمەوە دەقێک، گوتارێکی تر بەهەم دەهێنێت کە تێگەشتن و کاریگەری سەردەم و دۆخی دەروونی نوووسەرەکەی پێوە دیارە. ئەگەرچی ناوەرۆکی وەرگرتنی دەق و هێنانەوە شاهیدی میژوو و نموونەن، بەڵام ئەو لە هۆنینەوەی بەڵگە و پاساودانی ڕاکانیدا، ئەنجامگیرییەکەی کردووە، کە لەگەڵ میزاج و خواستی ناخی خۆیدا دێتەوە[54].

بۆ نموونە، ئەگەر  ئازاردانی پێغەمبەر، ئازاری خوا دەدات ، پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا خوا وەک مرۆڤ و بەو جۆرەی مرۆڤ ئازاری پێدەگات[55]؟ لەم دەربڕینەدا بە جۆرێک یەکسانکردنی خوا و پێگەی پیغەمبەر هەیە. خوا چۆن ئازار دەدرێت، ئەگەر لەو ڕاڤە ناڕاستەوخۆدا لێکچواندنی خوا نییە بە مرۆڤ؟ واتای ئەوەشی کە مرۆڤ بە وشەیەک دەتوانێت ئازار بە خوا بگەیەنێت. ئەم دەربڕینە چەندە نیازێکی ئایینی لە پشتەوە بێت، سادەکردنەوەیەکی پێناسەی  خوا  و  پێغەمبەر ە.

ئەگەر ترساندن لە خراپە و هاندانی چاکە تاکە ئامڕازێک بن لە سەردەمێکی وەک ئەمڕۆدا، ئاخۆ مرۆڤ ڕۆبۆتە هەر بە هاندان و دەمچەورکردن، یان بە تۆقان و ترساندن بخرێتە سەر ڕێڕەوی گونجاو؟ ئەی کوا خۆشەویستی، تێگەیشتن و لێکدانەوە بۆ بەهایەکی ئایینی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسی لای مرۆڤەکان گرنگن. ناتوانی منداڵەکەت بە تۆقاندن فێری ڕێزگرتن و بە قسەت بکات. لەبەر چاوتدا بەو جۆرەیە کە تۆ دەتەوێت، بەڵام لە شوێنی تر کەسێکی ترە کە تۆ ناتەوێت و دوو ڕوویی دەخاتەوە.

تەنانەت دڵرەقی حوکمدان کاتێک دەگاتە چڵەپۆپە: کە پەشیمانبوونەوە، تۆبەی تاوانکارەکە (ئازاردەری پێغەمبەر) وەرناگیرێت[56]؟ ئایا ئەم ئەنجامگیریکردنەوە پێچەوانەی دەقێکی تر نییە کە دەڵێت  وما أرسلناک الا رحمة للعالمین ؟ ئەو گوتارە بێبەزەییە، چەندان پرسیار دەخاتەوە: کافر کە سزای ئەو دونیا چاوەڕێیەتی، ئیتر بۆ دەبێت لە ژیاندا بکوژرێت؟ ئەگەریش لەم دونیایە سزا درا، بۆ لەو دونیاش هەمان سزا دووبارە بکرێتەوە؟ یان ئەوە گوتاری تۆڵەیە کە یەکەمجار لەم جیهانەدا لە ژیان بێ بەش دەکرێت و لە جیهانێکی تریش دەخرێتە دۆزەخەوە؟ کوا دیالۆگ و هاندانی ڕێزگرتنی هاوبەش و نزیکبوونەوە؟

دیدی یەکلایەنەی نووسەر ڕوونە. مادام ئەوانەی پەیمان لێوەرگیراون (ئەهلی زیمە) لەژێر قەڵەمڕەوەی خیلافەتدان، نابێت سنوور ببەزێنن. ئایا بە هەمان شێوەی مسوڵمانان مافی ئەوەیان دراوەتێ بێ ڕێزیکردن بە ئایین و ڕابەرەکانیان نەکرێت[57]. تەیمیە تەنیا لایەکی جەمسەری هاوکێشەی پەیمانەکە جەخت لێ دەکاتەوە. دەسەڵاتی مافی مسوڵمانانە و ئەوانی تر ژیانیان بەو مەرجە پارێزراوە لە سایەی خیلافەتدا. بەڵام گەرەنتی لەکەدارنەکردنی شکۆی ئایینەکانیان نا!

سزای جنێودان، کوشتنە، بە کۆیلەش وەرناگیرێت، نە کەفارەت دەکرێت، نە فدیەشی لێ وەردەگیرێت[58]. ئەم لێکدانەوەیە بەرهەمی ئایدۆلۆژیایەکە کە دانەر و نەخشەکێشی تەیمیە خۆیەتی کە لە چەندان جێگادا دووبارەی دەکاتەوە[59]. کۆی ئەم بڕیارانە بە ناوی خوا و دەقەوە دەدرێن. تەنانەت نووسەر دەڵێت؛ هەندێک ڕا هەیە تەوبەی پێ دەکرێت، بەڵام هەر دەبێت بکوژرێت، چونکە تەوبە کوشتنی لە کۆڵ ناکاتەوە[60]! بە درێژایی (٤٠٠) پەڕە پتر لە (٥-٤٢١) ئەو مکوڕە لە ملپەڕاندن. ئەم دریژەپێدان و وردەکارییە بە هێنانەوەی ئایەت و فەرموودە و پێکەوە گرێدانەوەی ڕووداوێک بە دەقەوە، بڕیار لێدراوێکە کە پاساوی تۆقاندنی بۆ هێناوەتەوە.

  • دڵێک بە بێ خوێنڕشتن ئاو ناخواتەوە: شمشێر وەشاندن بنەمای مامەڵەکردنە

لەوێوە، توڵەکردنەوە بە کوشتن دەبێتە بنەمایەک و هاوکات ڕێگەیەک کە مسوڵمان دڵی ئاو بخواتەوە[61]! بۆ ئەوەی ڕق و کینە و توڕەیی مسوڵمانان بڕەوێتەوە:

  • یان تەمێکردن؛ تەنیا ئەگەر جنێو بە مسوڵمانێک بدرێت. بەڵام ئەگەر بە پێغەمبەر بدرێت و تەمێکردنی وەک ئەوەی جنێوی بە کەسێکی ئاسایی دابێت، بەتاڵە.
  • جنێودان مەزنترە. کەواتە باشترە ئەگەر بە کوشتن دڵی ئاو بخواتەوە و توڕەیی دامبرکێتەوە.
  • کوشتن و جەنگان هۆکاری شیفا و دڵنەوایی مسوڵمانانە!

نووسەر چەندان ئایەت دەهێنێتەوە کە بە ڕاستەوخۆیی و ڕاشکاوی باسی کوشتنی نەکردووە. بەڵام وا ڕاڤەیان دەکات کە ئامانجەکەی بپێکێت. ڕاستە ئایەتی نەفرەتکردن و توڕەیی خوا خستنە دۆزەخ هەن، بەڵام ڕاستەوخۆ حوکمی کوشتنیان تێدا نییە[62]. بە ڕوونی دیارە ئەو دەستکاری واتای دەقەکان دەکات. چونکە هێزی شمشێری کردووە بە لۆژیکی دەسەڵات. کۆمەڵگا بریتییە لەو سنوورەی شمشیر هێڵی پەیوەندییەکانی کێشاوە، نەک پێکەوەژیان، پێکەوەهەڵکردن. هێڵێکی جیاکەرەوەی دۆست/دوژمن باشترین بژاردەیەتی.

گرفتەکە لەوەدا نییە ئەو کتێبە هەڵگری فەتوایەکی ئایینییە، بەڵکو دەبێتە ژیرخانی ئایدۆلۆژیایەکی توندوتیژانە لە بەرامبەر ئەوی تری جیاوازدا[63]. هەڵبژاردنی  دۆخی جەنگ  بە سەر ئاشتیدا تاکە دەروازەیەکە لە یەکلاکردنەوەی کێشە و مشتومڕەکان. هیچ دەنگێک لە سەروو شمشێرەوە نییە. دواجار شمشێرێک تەنیا گەردنی بێباوەڕ و نەسرانی ناپەڕێنێت، بەڵکو تەنانەت گەردنی ئەو مسوڵمانانەی کە لێکدانەوەی جیاوازی سیفەتەکانی خوا و ڕۆڵی پێغەمبەر و هاوەڵانیشی دەکەن دەگرێتەوە. ئەو گرووپە مسوڵمانانەشی بە پاساوی لادان لە چوارچێوە تەسکەکەی تەیمیە گومڕان، پارێزراو نابن.

پارادۆکسێکی دەقەکە لەوەدایە چەندە لەسەر پێگەی پێغەمبەر هاتووەتە دەنگ بە هۆی کەسێک جنێوی پێداوە، سەردانیکردنی گۆڕەکەی بە حەرام دادەنێت! وێناکردنی ئایین-شەرع- وەک قەسابخانەیەکی گەورە، کورتکردنەوەی ئوممەت لەو ئەرکەدا دۆخێکی دەمارگیرانەیە. دەقەکەی تەیمیە تەنیا تۆماکردنی فەرموودەکان و ئایەت نییە، بەڵکو دۆزینەوەی بەهانەی بەکارهێنانیەتی. چونکە لە ڕیکخستن و کۆکردنەوە و داڕشتنەوەیاندا و بیانووی هەڵوێستەکانی داناوە. دۆزینەوەی بەستێنی بۆ بەکارهێنانی کۆنتێکست- دەقەکان، دەنگ و هەست و هەڵوێستی توندئاژۆی خۆی بە قورئان و فەرموودە پاساو دەداتەوە.

ئەم ستراتیژە کە ڕەچاوی کردووە، تەنیا کارێکی تەکنیکی گواستنەوە و دانانەوەیان نییە، بەڵکو دانانەوەی دەقەکانە بەرامبەر ڕووداوێک کە خۆی هەر شایەتحاڵیشی نەبووە. چونکە، لە بکەرەوە (عيساف) جنێوەکەی نەبیستووە[64]. هەر بۆیە تەیمیە خۆی سزا دەدرێت، چونکە لە داگاییکردنی تۆمەتبارەکەدا دەردەکەوێت، ئەوانەی بوختانیان پێکردووە، لەبەرئەوەی کێشەی قەرز و دارایی لەنێوانیدا هەبووە!

هەر بۆیە، وتراوە تەیمیە  زانستی لە عەقڵی زیاتر بووە ! هەڵوێستەکانی لای هاوسەردەمەکانیە پەسەند نەبووە، چونکە پەڕگیر و سەرکێش بووە و بەردەوام بەئاژاوەنانەوە و گێرەشێوێن و حەزی خۆدەرخستن تاوانبار کراوە. ڕەنگە ئێرەییان پێ بردبێت، بەڵام نووسینی کتێبەکەی پاش ڕووداوەکە، خواستی دانەمرکاوی پێ دەمەزەرد بکاتەوە و ئەو ناونیشانە هەڵدەبژێرێت. کەواتە کارەکەی هەر کتێبێک نییە، بەڵکو گوتارێکی پاساودانی ئایدۆلۆژیای توندوتیژانەیە. چونکە لە گرێچن و هۆنینەوەی توخمەکانی پەیامەکەیدا لە پەنای (قورئان/فەرموودە)دا گوتارێکی بەرهەمهێناوە. واتە کتێبەکەی دەقێکە لەناو دەقی با بڵێن دایکدا (بەڵگە شەرعیەکان)ا.  دەقەکە لە دایک بووە، هەمان دەقی دایک نییە. نیاز و ئامانج و خواستی بەکارهێنانی تری هەیە. پێکەوە گرێدانی ڕووداوێک بە فەرموودە، قورئان تەنیا ڕەوایەتی دانە بە توندوتیژیی. هەرەوەها لە خوێندنەوەی کتێبەکەیدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە بەکارهێنانی توندوتیژی و زەبروزەنگ، نەک هەر ئاساییە، بەڵکو پەیامێکی داواکراوە.

  • گوتاری ئایینی جێگەی ئایینەکە دەگرێتەوە

وەک چۆن دیاردەی ئایین (دەق، مێژوو) لەنێو گرووپە توندوتیژەکاندا گۆڕاوێکن، بەڵام گوتاریی ئایینی جەوهەرییە. گوتاری بە  ئایین زاخاودراو  کتومت دەلالەت لە کڕۆکی ئایین ناکات، بە ئەندازەی ئەوەی خوێندنەوەیەکی هەڵاوێردراوە بە خواستنی کەرەستەی پێویست بۆ دامەزراندنی گوتارێکی سیاسی. ئەو گوتارەش بەپێی ڕۆژگار و  پێکهاتەی بیرکردنەوەی کەسانی توندویژی دەگۆڕێت. جگە لەوەش خواستی گۆڕینی واقیع بەپێی ئامانجی گوتارەکە، دەبێتە ستراتیژ.

توندوتیژی/ تیرۆر بریتییە لە زۆرکردن لە گۆڕینی واقیع، یان هێنانە ژێرباری خواستی ئایدۆلۆژیا و بۆچوونێک. گۆڕین و چاککردنی بارودۆخ، دیوێکی تری توندوتیژی و پەڕگیرییە. خواستی گۆڕین و چاکسازی لە خۆیدا ئەرێنییە. بەڵام ئەگەر بە ئاڕاستەی خواست و پێداویستییەکانی سەردەم نەبوو، جگە لە گێڕانەوەی بۆ چەندان سەدەی ڕابردوو بە زەبری هێز هیچی تر نییە. واقیعێک خراپە نەک لەبەرئەوەی وەڵامدەرەوەی خواستە گۆڕاوەکانی سەردەمەکە نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی لەگەڵ چوارچێوەی  نموونەیەکی باڵا  کە لە ڕابردوودایە، نایەتەوە. ئەمەش هەڵەیەکی لۆژیکییە لە بیری توندوتیژخوازەکاندا. قەناعەتی ڕەها بەوەی کە باشترین مۆدێلی ژیان و حوکمڕانی ئەوەیە کە سەدەگەلێک لەمەوبەر ئەزموون کراوە.

لێرەوە، دوو بژاردە دەکەوێتەوە: ١- یان لاساییکردنەوە و کۆپیکردنەوەی ئەزموونی ڕابردوو بە گواستنەوەی بۆ واقیعی ئێستایە، داسەپاندنی ئەمەش بەبێ هێز و زەبروزەنگ ئاسان نییە. وەک ئەوەی جلێکی جوان و نموونەیی کۆن بێ دەستکاریکردنی بکەیتە بەری کەسێکی ئیستا. لە جیاتی جلەکە بگونجێنرێت، جەستەکە-واقیع- دەشێوێنرێت! ٢- گێڕانەوەی  ئێستا  بۆ ڕابردووە لە ڕووی بیرکردنەوە، قایلبوون، تێگەیشتن و جیهانبینی دابڕانێکە لە سەردەمەکە. ئایدۆلۆژیستەکان (ئایینی/نائایینی) کاتێک بە ناوی شۆڕشەوە واقیع لەگەڵ دەق و ئایدۆلۆژیا یۆتۆپیاکانیان ڕێکدەکەنەوە، توندوتیژی دەخنەوە.

 

  • نووسەری دەق بیرمان بۆ دەکاتەوە

تێمای (پرسگر) سەرەکی تەیمیە کە دەبێتە پێشترین بابەتی نووسینەکەی، بریتییە لە سزای تاوانبار بە جنێودان. بەڵام داڕشتنەوەی بۆ حوکم و دیاردە و ڕووداو و تێماکە، هەر جارەی بەشێوازێکی جیاواز، لە خۆیدا بریتییە لە بەرهەمێنانی بوونیادێکی وتراو-لەفزی- نوێ[65]. چونکە لە گوتاری ئایینیدا نەک هەر دەق خۆی، بەڵکو گێڕانەوە و کەسێتییە نموونەییەکانی ناوی، جێی بیرکردنەوەی وەرگری ئیستایی دەگرنەوە. لەجیاتی فێربوونی وانەیەک لە گێڕانەوە، بۆچوونی ڕابەرێک بە پێودانگی باش و خراپەی دادەنێن. واقیع بە خواست و جیهانبینی ڕابەرێک لە مێژوودا دەگۆڕن.

ئەگەر بوترێت  ئیسلام  وەک ئایین لەبنەڕەتدا یەک گوتارە، بەڵام پرۆسەیەکی مێژووکردە کە (٢٣) ساڵی خایاندووە. لە قۆناغی مەکیدا (٨٢) سوورەتن گوتارێکی دیالۆگئامێزە، لە (٨) مەدینەدا لۆژیکی هێزی دەوڵەتداریی پێوە دیارە. پاشتریش لە کێشمەکێشی دەستنیشانکردنی جێگرەوە-خەلیفە-دا تا خەواریج و جەنگی سەفین هتد… ڕوونە هەر قۆناغێک گوتارێکی تایبەت بە خۆی هەبووە. ڕاڤە و لێکدانەوە و هەڵێنجانی حوکمی شەرعی لە دەقەکانەوە بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی دژیەک کراوە.

دواجار، گوتاری  عەلی  شیعەگەری و گوتاری  موعاویە  دەسەڵاتی ئومەوی لێدەکەوێتەوە، بەڵام گوتاری  خەواریج  پڕیشکی سەرهەڵدانی گرووپە ناڕازی و کەلامییەکان و هاوکات پەرچەکرداری ڕێچکەی حەدیسگەراش وەهابیزم و سەلەفیزمی لێدەکەوێتەوە. هەریەکەیان خۆی بە ئیسلامی ڕاست دادەنێت. ئیتر گوتار لەجێی دەقیی دایک/ ئایین دادەنیشێت. یەک ئیسلام وەک مێژوو و دەق هەیە، بەڵام وەک گوتار یەک ئیسلام ئەستەمە. بەپێی سەردەم و هەلومەرج و خواستی ڕابەرەکانی، پەیام و ڕاڤەی جیاواز هەبوون و دەبن.

لێرەو، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە تەیمیە سەرگەرمی  دەقئاوێزان [66] لە بەرهەمهێنانی گوتارەکەیدا. هەر دەقێکی دیاریکراو، لە خۆیدا وەڵامدانەوەی ئەوەیە کە پێشتر بە دیاریکراوی، یان نادیارکراوی نووسراوە [67]. بە دەربڕینێکی تر لە نێوان دەقێک و دەقێکی تردا پەیوەندیییەکی دەقئامێزانە وەک بنەمایەکی ڕاڤەکردن هەیە. بە ڕای  کریستیڤا  ئەو زاراوەیە یەکەمجار بە واتای:  ئاوێتەکردنی مێژوو (کۆمەڵگە) بە دەق و ئاوێتەکردنی ئەو دەقەش بەمێژوو [68]. هەمیشە دەق وەڵامدەرەوەی دەقەکانی پێش خۆیەتی و هەوڵدەدات لە ڕێی وێناکردنەوە جارێکی تر دایبڕێژێتەوە[69]. بەمەش  بەشداری لە داڕشتنەوەی مێژوو و لە پرۆسەی گۆرانکاری فراواندا دەکات. هاوکات پێشڕەوی لە دەقی پاشتر لەخۆی دەکات و هەوڵی فۆڕمەڵەکردنی دەدات [70].

لەو ڕوانگەوە دەق  دیالۆگێکە لە نێوان پێش و پاش خۆیدا. هەر وتراوێک لە ئاخاوتندا وەڵامدانەوەی ئەوی پێشخۆیەتی و دەستپێشخەری ئەوانەشی کە پاشتر دێن [71]. لەم سۆنگەوە، دەقەکەی تەیمیە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆی و دەسپێشخەریشە بۆ ئەوانەی دوای خۆی دێن.

  • پارادۆکسی پاراستنی شکۆ و لێدانیش

یەکێک لە ستراتیژ و ئامانجی تەیمیە لە پاراستنی شکۆی ڕابەری ئایین لە بەرامبەر جنێو و سوکایەتیدایە، بەڵام لە هەڵبژاردنی میکانیزم پاراستندا، کورت دەهێنێت. لەلایەک پێگەی پەیامبەر و شوێنکەوتوانی وەک مرۆڤن و حەقیان بەسەر هاومرۆڤەکانیانەوە هەیە، بەڵام تا پلەی ئیمتیاز بەرزیان دەکاتەوە. نەک هەر جنێو، بەڵکو نابێت ڕەخنەشیان لێبگیرێت. بەناوی داکۆکیکردن لێیان، کوشتن دەبێتە ڕێچارەکە. بەڵام بێ ئەوەی بزانێت کە کەسی یەکەم ئایینەکە، بۆ ئاستی مرۆڤێکی ئاسایی کۆمەڵگا کە لە پەرچەکرداری ڕق و کینە و توڕەیی و تۆڵەکردنەوەدا بێت. وەک خەڵکی ئاسایی، تینووی تۆڵەکردنەوەی جەستەیی بێت.

ئایا؛ ڕێز بە زەبری شمشێر تۆقاندنە و ناچارکردنی بە ڕواڵەت نییە؟ ئەی کوا ئەو بەها و پەیام و خەسڵەتە ڕەوشتییە باڵایەنەی لە خەڵکانی تر جیای دەکاتەوە؟ تەیمیە دەڵێت، ئەگەر کەسێک جنێو بدات و مسوڵمان بێت، بەڵام ناپرسێت چۆن مسوڵمان جنێو بەپێشەواکەی دەدات؟ یان لەبەرئەوەی بە ترس، یان بەرژەوەندی ڕێزگرتن سەپێنراوە؟

ئەگەر هەر کوشتن بنەمای تۆڵەکردنەوە بێت، ڕێسای شمشێر بەرامبەر شمشێر و وشە بەرامبەر وشە ڕەچاو بکرێت. ئیتر ئەو مکوڕە لەسەر حوکمی جنێودان، ڕاستەخۆ بڕیارەکە بەوە دەچەسپێنێت کە کۆدەنگی لەسەرە. هەروەها بۆچوونی  حەنیفە نوعمان  کە بە شیرکی گەورە ناوی بردووە ڕەتدەکاتەوە[72]. دەبێت حەد لەوەی جنێو بە هاوەڵ و شوێنکەوتوان بدرێت و تەنانەت ئەو مسوڵمانەی گومانی لەو فەرمانە بێت کافرە[73]. ئیتر نووسەر دەکەوێتە گێژاوی  تەقدیسکردن ی کەسێتییەکانەوە!

  • ئایا کتێبەکەی تەیمیە تەنیا هاندەری کوشتن و تیرۆرە؟

ئایا زاڵبوونی توندوتیژی بەسەر ڕایگشتی و گرووپەتیرۆریستەکان لە ئەستۆی تەیمیەیە؟ کەسێتی تەیمە جێی پرسیار و مشتومڕە. هاوکات ناوبانگی لای گرووپە توندئاژۆکان لە سەرانسەری جیهانی ئیسلامدا زەقە. ئەو کتێبەشی خوێنەر و شوێنکەوتووی هەیە، بەڵام ئایا دەکرێت تەنیا یەک کتێب ئەوەندە کاریگەر بێت لەسەر جیهانبینی هەموو باوەڕداران لە سەرتاسەری جیهاندا؟ بە ڕای  لوسیان جوم  پرسیارێک دەبێت بکرێت: دەکرێت کتێبێک بە تەنیا  هەموو جیهان بگۆڕێت؟ وەک باوە دەوترێت کۆمەڵێک کتێب وەک  مانیفێستی کۆمۆنیزم ،  پەیمانی کۆمەڵایەتی ڕۆسۆ ،  توێژینەوەیەکی ئەنیشتاین  ڕێڕەوی مێژوویان گۆڕیوە[74]؟ وەڵامی ئەو لە نموونەی ئەنیشتاین دایە کە ١٩٠٥ تێوری گوێرەیی (رێژەیی) دانا. ناوەرۆکەکەی لە ڕووی میتۆد و زانستییەوە شۆڕشێکی زانستی بوو. بەڵام بە هێواشی بڵاوبووەوە. تەنانەت پێش ئەوەی شۆڕشێک لە فیزیادا بەرپا بکات بەرەوڕووی چەند ئاستەنگێک بووەوە[75].

بۆ ئەوەی کتێبێک، تێورێکی فەلسەفی، زانستی شۆڕشێکی کاریگەر بێت، دەبێت دابڕانێک لەگەڵ پێش خۆیدا بخاتەوە. ٢- لە پشتیەوە هێزگەلێک کەخواستی دەسەڵات گرتنەدەستیان هەبێت. ٣- پێچەوانەی شەرعیەتی ئەوەی لە ئارادا بێت. ٤- سیستمێکی نوێ کە جێی پێش خۆی بگرێتەوە[76].

نکۆڵی لەوە ناکرێت کە  تەیمیە  ئیلهامبەخشی گەورە تیرۆریستەکانی جیهانە. بە ڕای  بەلقیز  لەگەڵ ئەوەی تەیمیە پتر وەک زانای ئایینی، نەک سیاسەتکار ناسراوە، بەڵام گرووپە پەڕگیرەکان سوورن لەسەر شوێنکەوتنی ڕیبازە زانستی و کردارەکانی. چونکە وەک پرۆگرامێکی سیاسی سەرکەوتوو دایدەنێن،[77].  ساڵح سریە  بە جۆرێک ستایشی تەیمیە دەکات، کە پێیوایە بیروباوەڕی ئەو و قوتابییەکان لەم سەردەمەدا باشترینی جیهانی ئیسلامییە و شانازیش دەکات بەوەی لەسەر ڕێبازی ئەو دەڕوات[78].
 محەممەد عەبدولسەلام فەرەج  لە (١٠) جێدا ئاماژەی بە تەیمیە کردووە و بە جۆرێک کە باس لە هەڵگەڕاوەکان لە ئایین دەکات بۆچوونەکەی کە لە کافر خراپترە دووبارە دەکاتەوە[79]. بۆیە لە هەموو حاڵەتێکدا دەکوژرێ و نە جزیەی لێ وەردەگیرێت، نە پەیمان و بەڵێن بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە بنەڕەتدا کافرە! هەروەها ئەبو مەسعەبی زەرقاوی لە  نامە و گوتارەکانیدا  (٣٢) جار دەگەڕێتەوە سەر ڕاکانی تەیمیە، چوار جار ئاماژە بە  سارم  دەکات[80]. هەڵبەت هەر ئەیمەن زەواهیری خۆی نزیکە (٢٩) جار گەڕاوەتەوە سەر فەتواکانی تەیمیە و سێ جاریش چۆتەوە سەر  سارم [81].

 

دەرئەنجامەکان

لەگەڵ ئەوەی تەیمیە زانایەکی ئایینی خوێندەوار و سەردەرچوو بووە لە بوارە جیاکاندا، کەسێتییەکی تایبەت و جیاوازی بەپێی قۆناغ و کتێبەکانی هەیە. لەلایەک وەک ڕابەری فیقهی تیرۆریستە جیهانییەکان بووە، لەلاکەی تریشەوە بەشێوازی لۆژیکی خەریکی هەڵێناجی فەتوا، یان هەڵویستە بەرامبەر پرسە کەلامی و لۆژیکییەکان.

جەختکردنەوەی تەیمیە لەسەر کێشەیەک کە جنێودان/بێ ڕێزیکردنە بە پیرۆزیی، تارماییەکی دروستکردووە و بێ پرسیار ماوەتەوە: بۆ بە گشتی جنێو دەدرێت و پاڵنەرەکەی چییە، بە تایبەت ئەگەر بکەرەکە مسوڵمان بێ؟ ئەو لەسەر ئەم پرسە ناوەستێت و بە کێشەی نازانێت. بۆمان ساغ ناکاتەوە ئاخۆ جنێودان ئەنجامێکە، یان خۆی هۆکارە؟ پێداگیری ئەو تەنیا لەسەر سزایە.

تەسککردنەوەی کێشەکە لە یەک ڕوانین، یەک ڕەهەندی چارەسەری خستووەتەوە. لەبارەی پەیوەندی مرۆڤ بە پیرۆزییەکانیش، پێگەی مرۆڤ تەسککراوەتەوە. مافی لێکدانەوەی جیاواز و تێگەیشتنی تری لێ سەندراوەتەوە. ستراتیژی نووسەر کۆنترۆڵکرنی هزر و بیری خەڵک و داشۆرینی مێشکە بە ڕەوانبێژییەکی ئاخنراو بە ئایدۆلۆژیا. خستنەڕووی کێشەکە لە دوو پێشەکی جێگیردا، هەر یەک ئەنجامی ناچارەکی لێبکەوێتەوە، ئەنجامی پێکەوەبەستنەوەی ڕووداو بە دەقەوە. بە ڕواڵەت ئەمە لۆژیکی ڕاست و دروستی عەقڵە، بەڵام لە ناوەرۆکدا ستراتیژی نووسینێکی ئایدۆلۆژیانەیە کە هەموو ڕاڤەکانی تر ڕەتدەکاتەوە.

[1] In   The Faith of a Rationalist,   broadcast by the BBC in 1953, Bertrand Russell – Freedom From Religion Foundation (ffrf.org). Annie Laurie Gaylor. پێشتریش بیرمەندی ئازادیخواز  تۆماس پەین  وتویەتی: باوەڕکردن بە خوایەکی بێبەزەیی، مرۆڤی دڵڕەق دروست دەکات.

[2] https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=13184

[3] http://www.sunna.info/wahabies/harrani.htm

[4] د. عبدالکریم أجهر: إبن تیمیة وإستئناف القول الفلسفي في الإسلام. المرکز الثقافي العربي. المغرب ٢٠٠٤. ل ٢٢-٣.

[5] نەوزد جەمال چاودێر ٢٠٠٧ ژمارە

[6] أجهر. ١٣.

[7]  ه.س.

[8]  ه.س. ١٣

[9]  تهافت الفلاسفة .

[10] ه.س. ل١٤

[11] ه.س. ٢٢٢

[12] Tamer, Georges.   The Curse of Philosophy: Ibn Taymiyya as a Philosopher in Contemporary Islamic Thought  . Islamic Theology, Philosophy and Law: Debating Ibn Taymiyya and Ibn Qayyim al-Jawziyya, edited by Birgit Krawietz and Georges Tamer, Berlin, Boston: De Gruyter, 2013, pp. 329-374. https://doi.org/10.1515/9783110285406.329

[13] https://www.aljazeera.net/encyclopedia/2022/9/23/%D8%AA%D9%82%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%8A%D9%86-%D8%A3%D8%AD%D9%85%D8%AF-%D8%A7%D8%A8%D9%86-%D8%AA%D9%8A%D9%85%D9%8A%D8%A9-%D8%B4%D9%8A%D8%AE%D8%A7%D9%84%D8%A5%D8%B3%D9%84%D8%A7%D9%85

[14] – اسم فاعل من صرَمَ وصرُمَ. 2 – متشدِّد، قوِيٌّ ماضٍ في أمرِه :-رجلٌ صارمٌ، – كلّمه بلهجة صارمةٍ. لە منجد  قاس شدید٨٣٣.

[15] [س ل ل]. (مفع مِنْ سَلَّ) يَلُوحُ بِسَيْفِهِ الْمَسْلُولِ فِي الْهَوَاءِ.

[16] شاتم

[17] إبن تیمیة  الصارم المسلول علی شاتم الرسول  دار الکتب العلمیة. بیروت لبنان ط٢  ٢٠٠٩. ل ٤٠١

[18] هە. س. ٤٠٥

[19]  ابن الجوزي: تلبیس إبلیس. دار الخیر- بیروت ط٢ ٢٠٠٠. ل ١٦٦

[20] ه.س.

[21] أجهر ل ٣٩

[22] جولیا کریستیفا: قراءة الکتاب المقدس. مؤ،نون بلاحدود. ٢١/١٢/٢٠١٢١.

[23] ه. س.

[24] نصر حامد أبوزید: النص، السلطة، الحقیقة. المرکز الثقافي العربي. دار البیضاء ١٩٩٥. ل ٩١

[25] Coherence

[26] نورمان فیرکلیف کتێبی : اللغة والسلطة. المرکز القومي للترجمة ٢٠١٦ . ل ١١٢

[27]ڤیرکلیف ٢٠١٦.  ١٥١

[28] نۆرمان فیرکلیف؛ الخطاب والتغیر الإجتماعي. المرکز القومي للترجمة. القاهرة ٢٠١٥ . ل٢٢

[29] ه. س. ٨٦

[30] ه. س. ٨٧

[31]  توین فان دایک: الخطاب والسلطة. المرکز القومي للترجمة. القاهرة ٢١٤. ل ٤٢٩

[32]  ه. س.

[33] ه. س. ٤٢٩

[34]  نص صریح

[35] ه.س ٤٣١

[36]  ه. س. ٤٨٨

[37] ه. س. ١١٩

[38] جولیا کریستیفا: قراءة الکتاب المقدس. مؤمنون بلاحدود. ٢١/١٢/٢٠١٢١.

[39] ‌ه.س.

[40] ‌ه.س.

[41] ‌ه.س.

[42] ‌ه.س.

[43] الارهاب و التطرف في أوروبا لعام2021 وشكل الارهاب 2022 – المركز الأوروبي لدراسات مكافحة الإرهاب والاستخبارات (europarabct.com)

[44] عطا عبدالرحمن محي الدین. حرکات الخوارج في بلاد الکورد و ما جاورها(٦٦١-٨٣٣م). مرکز الدراسات الکردیة –کوردولوجي- ٢٠٠٧. ل ١٣٩

[45]ه.س.  ١٤٢

[46] ه.س.

[47] تییمیة: الصارم ٣٥١

[48] ه.س. ٣٥٤

[49] ه.س. ٣٥٥، ٣٩٢

[50] ه.س. ٣٦٤

[51] ه.س. ٣٦٦

[52] ه.س. ٤٠٠

[53] أمعارش.

[54]  ه.س.

[55] ه.س. ٣٣

[56]  ه.س. ٣٨

[57]  ه.س. ١٥٢

[58] ه.س. ١٨١

[59]  ه.س. ٢١٦

[60] ه.س. ٢٥٥

[61]  ه.س ١٥

[62] ه.س. ٢٤

[63] محمد أمعارش، الذي أعد دراسة حوله بعنوان   تفكيك أصول خطاب العنف الدموي: قراءة نقدية لكتاب ابن تيمية   الصارم المسلول على شاتم الرسول  . مؤسسة مؤمنون بلاحدود للدراسات و الأبحاث. ٢٠١٥ www.mominoun.com.

[64] ه. س.

[65] نۆرمان ڤیرکلیف ٢٣٥

[66] Intertextuality. التناص.

[67] Intertextuality Definition & Meaning – Merriam-Webster.

[68] نۆرمان فیرکلیف؛ الخطاب والتغیر الإجتماعي. المرکز القومي للترجمة. القاهرة ٢٠١٥ . ل ١٣٠

[69]  ه. س.

[70]  ه. س.

[71]  ه. س. ١٣١

[72] تەیمیە ٧

[73]  ه. س.

[74] لوسیان جوم: هل یمکن لنص أی یغیر العالم؟ ت. عبدالله المتوکل. مؤسسة مؤمنون بلاحدود ٢٠١٥

[75] ه.س.

[76] ه.س.

[77] عبد الإله بلقزيز: السیاسة ل ١٠٠-٣

[78] صالح سریة:  رسالة الإیمان .5. ساڵح ئەردەنیەکی بە ڕەچەڵەک فەلەستینیە و لە شاری  حەیفا  لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتای تێدا تەواوکردووە. لە دوای کارەساتی (1948) بەیاوەری خێزانەکەی بەرەو ئێراق هاتووە و پاشان ناوەندی و کۆلیێجی شەریعەی لە بەغدا تەواوکردووە. دامەزرێنەری گروپی  بەرەی ڕزگاریخوازی فەلەستین ە  و لەسەروبەندی حوکمی  قاسم  کە نێوانی ئیخوانی ئیراق و حکومەت تێکچوو، پەنایانبردە بەرکاری نهێنیی و ساڵح بە کەسێ ناسراوە کە چەندان هێرش و پەلاماری بۆ سەر جووەکان ئەنجامداوە:  http ://www.elismaily.tv

[79] الفریضة الغائبة: محمد عبدالسلام فرج، مکتبة فلسطین المصورة. ١٤. بێ سال.

[80] کلمات ڕویت بالدماء والکتاب الجامع و خطابات ورسائل الشیخ المجاهد أبي مصعب الزرقاوي. ط ٢ مضیئة. أمیر تنظیم القاعدة في بلاد الرافدین. پاش کوشتنی بڵاوکراوتەوە. ئەوەی جێی پەشۆکانە، لە لاپەڕە ١٤١ دا ئەڵێ   ئەبو مەسعەب وا ئەمریکیەک بەنایو  ئارمسترۆنگ لە ١٠ ئۆکتۆبەر ٢٠٠٤ دا سەرئەبڕێت! لەو وتارەدا کردەوەکەی وەک تۆڵەسەندنەوە لە   سەلیبیەک   پاساودراوە و هەروەها جوێنی وەک سەگ و هتد… بەرامبەر بەکارهێنراوە. تۆماری دەنگ و ڕەنگی ئەو ڕێۆڕەسمە(سەربڕین) بە )نەحر(ناوبراوە. دیسان لە ڕێوڕەسمی سەربڕین نیکلاس بیرج لە١١ مەی ٢٠٠٤ دانراوە! گاڵتەجاڕییەکیش لە پێشەکی کتێبەکەدایە کە بەم ڕستیە دەستپێدەکات: الحمدللــه القــوى ّ المتــن، والصــلاة والســلام عــلى مَــن بُعِــث بالســيف ڕحمــة للعالمــن. واتە، سپاس بۆ خوای بەهێز و سڵاوات لەسەر ئەوەی بەشمشیر وەک بەزەیی بۆ جیهان نێردراوە.

[81] أیمن الظواهري: التبرئة ڕسالة في تبرئة أمة القلم والسيف من منقصة تهمة الخىر والضعف السحاب للانتاج الأعلامي. بێ ساڵ.

Send this to a friend